١. دوای دەستپێکردنی ئەو بزاڤەی لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردستاندا بە ”ڕاسان” ناوی دەرکرد، زۆر بۆچوونی جۆراوجۆر لەبارەی ئەم بزاڤەدا دەربڕدرا. 
هەندێک کەس و لایەن لەگەڵ جووڵەکە بوون و هەندێکیش دژی بوون. هاوڕاکان و دژبەرەکان هەندێک جار وەک تاک و هەندێک جاریش وەک لایەن، بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە. بۆچوونەکانیش ـ لە هەردوو لای کۆک و ناکۆکدا ـ جاری وا بووە باری شیکارانەیان هەبووە و جاری واش بووە لایەنی شیکارانەیان لەوپەڕی کزی دابووە و بەرەو ئاقاری بێڕێزیپەل بوونە.
٢. یەکێک لەو کەسانەی بۆ چەندەمین جار وەک دژبەرێکی ئەم جووڵەیەی حیزبی دێموکڕات، وەدەنگ هاتووە و بۆچوونەکانی بە ڕاشکاوی لە بەرنامەیەکی ڤیدیۆییدا دەربڕیوە کاک عەلی خزرییە. بەڕێز عەلی خزری لە دوایین ڤیدیۆی بڵاوکراوەی خۆیدا، سکرتێری گشتیی حیزب، بەڕیز کاک مستەفا هیجری بە بەردەنگ داناوە و بۆچوونەکانی خۆی لە چوارچێوەی هەندێک پرسیار و ڕەخنە و تانە و تەشەر و هەندێک بابەتی پێوەندیدار و بابەتی ناپێوەندیدار بە باسەکە هێناوەتە گۆڕێ و هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی چەندپاتە کردووەتەوە.
گومان لەوەدا نییە بزاڤێکی وەک ڕاسان لە بواری گشتیدا باسوخواسی زۆری لێ دەکەوێتەوە و کەس و لایەنی جۆراوجۆر بۆچوونی جیاواز دەردەبڕن. ئەگەر وا نەبووایە هەر لە بنەڕەتدا نەدەکرا ناوی بزاڤ لەسەر هەڵسووڕانەکە دابنرایە. کاک عەلیش وەک تاکێکی کورد حەقی خۆیەتی بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم بزاڤە دەرببڕێ و بەهۆی هەر میدیایەکی پێی خۆشە بڵاوی بکاتەوە. دیارە مافی هاوشێوەی ئەمە بۆ ئەو کەسانەی ڕەخنەیان لە بۆچوونەکانی ئەویش هەیە پارێزراوە.
گرفتی قووڵی قسەکانی کاک عەلی لە دوو لایەنی سەرەکیدا خۆی دەنوێنێ. یەکەم ڕاوێژی قسەکانیەتی و دووەم ناوەرۆکی بۆچوونەکانیەتی کە یەکێکیان نەشیاوە و یەکێکیشیان ناڕاستە و بەگشتی هەردووکیان نابەرپرسانەن.
٣.لەبارەی ڕاوێژی قسەکانی کاک عەلیدا دەکرێ بڵێین ئەوەی ڕاستی بێ قسەکانی بەرێزیان لە ڕەگەزی شیکارییەکی وردی سیاسی نییە بەڵکوو لە ڕەگەزی نسحەتی باپیرەیەک لەکاتی ڕینوێنی کردنی نەوەیەکی کاڵفامی یان لە ڕەگەزی مەوعیزەکانی مامۆستایەک لە کاتی وەعز دادانبۆ جەماعەتێکی گوناحکار و خەتابارە. لە دۆخێکی ئەوتۆدا کەسی نسحەتکەر یان وەعزدادەر پێشگریمانەکەی ئەوەیە هەر چی حەق و ڕاستییە لە پاوانی ئەو دایە و هەرچی کاڵفامی و کارلێنەهاتووییە یان هەرچی دەغەڵ و دەغەزە وەبەر بەردەنگەکەی کەتووە. من کارم بە ئاستی زانیاری سیاسی و ئاستی توانستی کاک عەلی بۆ شیکردنەوەی پرسی پڕ گرێ و گرفنچکی سیاسی نییە، (و دەشزانم لەم بارەیەدا خاوەنی کەمترین ئاگاداری و زانیارییە) ئەوەی دەمەوێ داکۆکی لەسەر بکەم ئەوەیە کە کاتێک کەسێک لە جێگەوپێگەی وەعز و نسحەت، بەردەنگەکەی بە خەتابی وەک ”کەسم”، ”ئازیزم” و بەگشتی بە خەتابی باوکانە دەنگ دەدا، ئەگەری زۆری هەیە لە گۆشەنیگای کەسی هەمووشتزان و بە ڕوانگەیەکی پاتریمونیالەوە چاو لە خەڵک و لە هەڵسوکەوتیان بکا و بەم شێوەیە لە هەڵوێستێکی پلۆڕالەوە هەڵخلیسکێتە هەڵوێستێکی موونیستی و پاوانخوازانەوە و قسەی کووچە بازاڕیی خۆی بە لێکدانەوەیەکی دانستە و ناوازە و نایاب بێتە بەرچاو. شێوە قسە کردنی ئاوا زیاتر لەوەی لە زاناییەوە سەرچاوە بگرێ، لە وەهمی زانینەوە سەرچاوە دەگرێ و زیاتر لەوەی بابتێکی هەڵقوڵاو لە زەینی بێژەرەکەیەوە بێ، شتێکی فێرکراو لە دەرەوە و لە کەس و سازیی لەخۆی زیرەکتر یان لە ئایدۆلۆییەکی باوی نابەرهەستەوەیە کە کابرای وەعزدادەر بەشێوەیەکی مێکانیکی دەیڵێتەوە.
خزری لە جێگەوپێگەی ”ئەوانەی دوورتر دەڕوانن”، ”ئەوانەی گەل و نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێ” و ”ئەانەی نیگەرانی ئابڕوو و کەرامەتی حیزبن”، باوکانە و مەزنانە لەگەڵ ئەو کەسانە دەدوێ کە لە ڕوانگەی خۆیەوە خاوەنی ئەو تایبەتدمەنییانە نین یان خێروبێری ئەو تایبەتمەندییانەیان کەمتر بەرکەوتووە و نسحەتیان دەکا و بە بە گوتەی وەک ”مەیکەن” و ”لەو داوە مەکەون” و قسەی لەم چەشنە دەیاندوێنێ.
٤. لە ڕواێژی مەعیزەکەرانە و باکمەزنانەی خزرییەوە دێینە سەر ناوەرۆکی قسەکانی و هەڵسەنگاندنی ئاستی شیکارییەکەی و ڕادەی واقیعبوونی بۆچوونەکانی.
بەر لە هەر شتێک خزری ئاگاداری ئاستی خۆی گوتەنی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکڕات و وڵاتی عەرەبستان نییە و لە بەرایی قسەکانیدا پرسیار لە ئاستی ئەم پێوەندییە دەکا و دەڵێ: ”دەبێ پێوەندیی عەرەبستان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە چ ئاستێکدا بێ؟” لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا دڵنیا نییە پێوەندییەکە لە ئاستی پێوەندی دایە یان هەر ”مەیلی” حیزبی دێموكرات بۆ ئەم پێوەندییەیە.
گومانم لەوەدا نییە ئاگاداریی خزری لەم بارەیەدا وەک ئاگاداریی لایەنەکانی دیکە هەر لە ئاستی سۆزە و مەزەندەیەکی ڕاست یان ناڕاستدایە و بۆی ڕوون نییە داخوا باسەکە باسی پێوەندییەکی بەکردەوەیە یان هەر بەتەنیا باسی مەیلێک بۆ پێوەندییەکی هێشتا دانەمەزراوە و پێوەندییەکە ئەگەر بە کردەوەیە، وەک پێوەندی دوو لایەنی سەربەخۆ بە ئەجندای سەربەخۆ وایە یان وەک پێوەندیی لایەنێکی فەرمان بەدەست و لایەنێکی گوێلەمستە؟ خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئەم حوکمە بنەبڕانەی خزری، بە بێ زانینی هیچ کام لەو بابەتانەوە دەردەبڕدرێن! بەوپەڕی سەرسوڕمانەوە دەبینین کاک عەلی هەر لەسەر بنەمای ئەم مەزەندەیەوە بە چەندحوکمێک دەگا کە هەندێکیان ئەمانەن:
ــ حیزبی دێموکڕات لە کودستاندا شەڕی نیابەتی بۆ عەرەبستاندەکا!
ــ ڕاسانی نوێی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شتێکە وەک شەڕی ئەو ”ڕەش و ڕووت و برسییە ئەفغانی و پاکستانییانەی”بە پارەی ئێران لە سووریە بەشەڕ دێن یان ”شەڕی ئەو هەژار و برسییانەی بە پارەی عەڕەبستان دەنێردرێنە شەڕی یەمەن”!
ــ حیزبی دێموکڕات هاتووەتە ناو شەڕێکی ئایینی کە جەمسەرێکی بریتییە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و جەمسەرەکەی دیکەی بریتییە لە حکوومەتی عەرەبستان. جا چونکە بەشێکی زۆری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شیعەن، هاتنی حیزبی دێموکرات بۆ ناو ئەم شەڕە ئایینییە! سیاسەتێکی هەڵە و چەوت و ناڕەوایە.
٥ـ لەبارەی ئەم حوکمانە پێویستە چەند تێبینییەک بخەینە ڕوو:
یەکەم. دەربڕینی حوکمی لەم چەشنە نە تایبەتە بە کەسێکی وەک عەلی خزری و نە تایبەتە بەم بڕگەیەی خەباتی کورد. لە هەموو بڕگەکانی خەباتی کورددا ـ بەبێ هەڵاواردن ـ هەوڵ دراوە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی، بۆ دیاردەیەکی تری وەک دەسکیسی بۆ بێگانەکان و بەکرێگیران لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە داببەزێندرێ. لە هەموو مێژووی خەباتی گەلی کورددا تاقە بزاڤێکیش نابینییەوە هەوڵ نەدرابێ بەم شێوەیە داببەزێندرێ و بە شێوەیەک لە شێوەکان وەپاڵ هێزی بێگانەی دەرەکی یان هێزی خائینی ناوەکی نەدرابێ. یەکێک لە ناسراوترین شێوەی ئینکاری خەباتی کورد دابەزاندنی ئەم خەباتە بۆ شتێکی غەیری خۆیەتی.
دووەم. چونکە بەر لە کەسانێکی وەک عەلی خزری و پتر لە کەسانێکی وەک ئەو، حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنی شۆڤێنیست و ناوەندخوازی ئێرانی، ئەم قسانەیان کردووە و بێگومان لە داهاتووشدا بێنێوبڕ وەکوو سازێکی ناساز و وەکوو قەوانێکی کۆن لێی دەدەنەوە، پێویستە سەرکردایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بەشیوەیەکی ڕوون و ئاشکرا و بە شێوازێکی شیکارانە و بەڵگەدارانە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی مێکانیزمی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، بێپێچوپەنا و جارێک بۆ هەمیشە ڕابگەیێنێ.
ئەوەی ڕاستی بێ یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی خەباتی کورد بە گشتی ئەوە بووە کە یان خاوەنی دیپلۆماسییەکی زۆر شەرمنانە و ترسنۆکانە بووە، یان ئەگەر جارێک لە جاران ویستوویەتی سنوورێک بۆ ئەم شەرمن بوون و ترسنۆک بوونە دابنێ، بۆ ئەم لایە تلاساوە کە بۆ نموونە بەرژەوەندیی کوردی پارچەیەکی دیکە بکاتە قوربانی و بە بیانووی خەبات لە پێناو پارچەیەکی کوردستاندا خەیانەت بە خەباتی پارچەیەکی دیکە بکا.
نموونەکانی شەرمن بوونی دیپلۆماسیی خەبات، هەندێک جار لە خەباتی کوردی ڕۆژهەڵات و نموونەکانی سنوور تێپەڕاندن و قوربانی کردنی خەباتی پارچەی تری کوردستان جاری وایە لە خەباتی باکوور و باشووری کوردستاندا بە ئاشکرا دیتراوە.
سیاسەتی کوردی جگە لە چەند نموونەیەکی هەڵاواردە هەتا ئێستا زۆر کەم توانیویەتی لە نێوان دوو سنووری شەرمن بوون لە لایەک و هەرزانفرۆش کردنی خەباتی پارچەیەکی دیکە لەلایەکی ترەوە بە کەڵک وەرگرتن لە پرەنسیپەکانی ڕێئال پۆلێتیک واتە سیاسەت کردنی دامەزراو لەسەر واقیعبینی، شیوازی دیپلۆماسیی خۆی ڕێک بخا.
بە بڕوای ئێمە ڕێئاڵ پۆلێتیک بۆ ئێمەی کورد لە نێوان ئە دوو سنوورانەدا وێنا دەکرێ و هەڵسووڕان لە دەرەوەی ئەم دوو سنوورە ناکرێ وەکوو سیاسەت کردنی واقیعبینانە پێناسەی بۆ بکرێ.
گەرچی وا هەبووە حیزبی دێموکڕات لە هەندێک بڕگەدا لەم سیاسەتە تلاسابێ و بۆ ئاقاری ڕەچاو کردنی دیپلۆماسییەکی شەرمنانە پەل بووبێ بەڵام بەگشتی مێعماری ئەم دێپلۆماسییە واقیعبینانەیە حیزبی دێموکراتی کودستانی ئێران و بە شێوەیەکی دیارتر شەخسی دکتۆر قاسملوو بووە.
٦ـ دیپلۆماسی لە بۆشاییدا و لە کەشێکی ڕۆمانتیک یان ئایدیالیستیدا ناکرێ. تەنیا زەینێکی منداڵانە و ساویلکانەیە کە پێی وایە دەکرێ سیاسەتێکی خەباتگێڕانەی سەرکەوتوو و هەمەلایەن بەشێوەیەکی ڕۆمانتیکی و ئایدیالیستی و بە دوور لە پیوەندییە لواوەکانی دەرەکی بەڕێوە بچێ.
لەبارەی مێکانیزمی پێوەندیی حیزب لەگەڵ دەوڵەتەکانی دەرەوەدا دەکرێ بیر لەم بژاردانەی خوارەوە بکرێتەوە:
بژاردەی یەکەم. سیاسەتی حیزب هەر بەتەنیا پشتبەستن بە پشتیوانیی خەڵک بێ و خۆی لە ساز کردنی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتان بپارێزێ.
بژاردەی دووەم. حیزب بە بێ مەرج لەگەڵ هەر دەوڵەتێکی وا ئامادە بێ یارمەتی بدا، پیوەندیی دیپلۆماسی ساز بکا.
بژاردەی سێیەم. حیزب هەندێک پڕەنسیپی شەفاف و دیاریکراو دابنێ و بە پاراستنی ئەم پڕەنسیپانە لەگەڵ هەر وڵاتێکدا کە لەلایەن نەتەوە یەکگروتووەکانەوە بە ڕەسمی ناسرابێ و ئامادە بێ پێوەندی لەگەڵ حیزب هەبێ، پێوەندی ساز بکا.
بەر لەوەی ڕوونی بکەینەوە چۆن و بۆچی بژاردەی سێیەم بەهێزترین و واقیعبینانەترین بژاردەی دیپلۆماتیکە زۆر پێویستە چەند خاڵێک شی بکەینەوە:
لەباری دیپلۆماسیی و پێوەندیی نێونەتەوەییەوە (روابط بینالملل)، پیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان جیاوازییەکی گرینگی لەگەڵ پێوەندیی لەگەڵ سازیی سیاسی وەکوو حیزبەکان هەیە. جیاوازییەکە لێرەدایە کە ئەو دەوڵەتە سەقامگیر و یاساییانەی حکوومت بەسەر وڵاتێکی دیاریکراودا دەکەن، لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ڕەسمی ناسراون و پێشگریمانەی هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە کە پێوەندی لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە دەبێ پێوەندییەکی ئاسایی بێ، مەگەر بە کردەوە دیاردە یان دۆخێکی ئەوتۆ لەگۆڕێدا بێ کە پێویست بێ سیاسەتێکی پێچەوانەی ئەمە لەکار بکرێ. بەڵام پێوەندی لەگەڵ حیزب و یەکە سیاسییەکانی چکۆلەتر لە دەوڵەت، عادەتەن بەستراوەتەوە بە ڕادەی هاوئاراستە بوونی ئەو دوولایەنە لەباری چۆنیەتی ڕوانینان بۆ بابەتەکان و چۆنیەتی بەستراوە بوونیان بە نەریتە سیاسەکانی چەپ و ڕاست و سێکۆلار و ئایینی و …
بە دەربڕینێکی تر پێشگریمانەی ئێمە دەبێ ئەوە بێ کە ئێمە لەگەڵ هەموو دەوڵەتاندا پێوەندی دۆستانەمان هەیە، مەگەر بە هۆیەکی دیار و بەڵگەیەکی ڕوون، پێویست بێ بەپێچەوانەی ئەم پێشگریمانەیە پێوەندی دۆستانەمان لەگەڵ دەوڵەتەکان بپچڕێنین یان بە شێوەیەکی دیکە پێناسەی بکەینەوە. لەو لاوە پێشگریمانەمان ئەوەیە کە بۆ پێوەندی ساز کردن لەگەڵ حیزب و ڕەوتە سیاسییەکاندا دەبێ دوای دیتنەوەی بەڵگەی قایم بە سوودی دروست کردنی ئەم شێوە پێوەندییانە، پێوەندییەکە دابمەزرێنین. ئەم باسانە لە زانستی پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا لە ئاستی ئەلفوبێی باسەکاندان. هەر بەتەنیا دەوڵەتێکی هەڵاواردەی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران یان ڕەوتێکی دژەمرۆڤی وەک داعش یان لایەنێکی بەرچاوتەنگی وەک حیزبە چەپە ئۆرتۆدۆکسە دواکەوتووەکان، بەپێچەوانەی ئەم ڕێسا سەلمێندراوە، پێشگریمانەکەیان ئەوەیە کە دەڵەتەکان دوژمنیانن مەگەر پێچەوانەکەی بسەلمێندرێ.
لەم سێ بژاردەیەی باسمان لێوە کردن، هەڵبژاردنی بژاردەی یەکەم (خۆ بواردن لە ساز کردنی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتاندا) بەمانای تەریک کەوتنەوە و دوورکەوتنەوەی حیزب لە سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی و ئەوپەڕی لاواز بوونی خەباتی حیزب و پووچەڵ بوونەوەی بەکردەوەی خەباتەکەیەتی. هەڵبژاردنی بژاردەی دووەم (پێوەندی سازکردنی بێمەرج لەگەڵ هەر دەوڵەتێک کە ئامادە بێ یارمەتی حیزب بکا) ئەگەری کەوتنە مەترسی سەربەخۆیی حیزب و بەرژەوەندیی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دەهێنێتە گۆڕێ.
بژاردەی سێیەم، ڕێتێچووترین بژاردە و ژیرانەترین مێکانیزم بۆ ساز کردنی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتەکانە. دەوڵەتێک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕەسمی ناسراوە و نوێنەرەکانی لە هەموو وڵاتان وەردەگیرێ و نوێنەری هەموو وڵاتانی جیهان لە وڵاتەکەیدا حوزووریان هەیە، ماقووڵ نییە لە لایەن حیزبی ئێمەوە بەڕەسمی نەناسرێ. ئەوە ئاواتی کۆماری ئیسلامییە کە حیزبی دێموکڕات پێوەندییەکانی خۆی بەچەشنێک پێناسە بکا کە ئامادە بوونی ئەندامێکی سەرکردایەتی حیزب لە ڕێوڕەسمێکی بەڕێوەچوو لە کۆنسوولخانەی وڵاتێکدا، دەیان پرسیار و باسخواسی سەیر و دژبەیەکی لێ بکەوێتەوە. لە عورفی دیپلۆماتیکدا، پێوەندی لەم چەشنە ئاساییترین جۆری پیوەندین و حیزب بە هیچ شێوەیەک نابێ خۆی وەها مڕچ و مۆن و تووڕە و تەوسن و تەریک و تەنیا پێناسە بکا کە هەندێک لایەن ئاواتیانە.
لە ڕوانگەی ئێمەوە سێ پڕەنسیپ هەن کە بە ڕەچاو کردنیان حیزب دەتوانێ لەگەڵ هەر دەوڵەتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێوەندی دابمەزرێنێ. ئەم پڕەنسیپانە ئەمانەن:
یەکەم. پارێزرانی سەربەخۆییی سیاسیی حیزب
دووەم. پارێزرانی بەرژەوندی نەتەوەیی گهلی کورد
سێیەم. ئاوەڵا بوونی دەستی حیزب بۆ ڕەخنەگرتن لەو سیاسەتانەی لایەنی بەرانبەر کە حیزب بە دروستیان نازانێ. (لەڕاستیدا ئەم پڕەنسیپە دەکرێ هەر وەک بەشێک لە پڕەنسیپی یەکەم هەژمار بکرێ، بەڵام بەهۆی گرینگ بوونی، جارێکی دیکە بەم شێوەیە و بە جودا باسی لێ کراوەتەوە)
هەر لەسەر بنەمای ئەم سێ پڕەنسیپە بوو کە لە کاتی سکرتێریی شەهیدی سەرکردە دکتۆر عەبدوڵڕەحمانی قاسملوودا، حیزبی دێموکڕات لەگەڵ دەوڵەتی سەددام حوسێنپێوەندی سیاسی هەبوو.
ئەو ڕۆژەی حیزبی بەعس و حکوومەتی سەددام حوسێن هێرشی سەربازییان کردە سەر خاکی ئێران، سەرکرادیەتی حیزبی دێموكڕات ـ لە حاڵێکدا پێوەندی سیاسی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا هەبوو و بەشێک لە بارەگاکانی لەناو خاکی عێراقدا بوون ـ ڕایگەیاند ئەگەر ڕێژیمی ئێران ئامادە بێ مافە سەرەتاییەکانی گەلی کورد بە ڕەسمی بناسێ، لە بەرانبەردا حیزبیش ئامادەیە بە هێزەکانی خۆی شان بە شانی هێزە سەبازییەکانی ئێران بەرەوڕووی هێزی سەربازی عێراق بێتەوە. لە مێژووی پیوەندیی حیزبی دێموکڕات لەگەڵ حکوومەتی سەددامدا دەیان نموونەی ئەوتۆ دەبیندرێ. کەوابوو لەو سەردەمدا حیزبی دێموکرات شەڕی نیابەتی بۆ حکوومەتی بەعس لە کوردستاندا نەدەکرد. بەڵکوو خەباتێکی ڕەوای چەکداری بۆ وەدی هێنانی مافی نەتەوەیی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا دەکرد؛ بەڵام بە پێچەوانەی حەزی کۆماری ئیسلامی، بهشێوهیهکی زۆر دیپلۆماسییانە کەڵکی خۆیشی لە حکوومەتی عێراق وەردەگرت.
لە ڕوانگەی ئێمەوە سەرکردایەتی حیزبی دێموکرات دەبێ بە شێوەیەکی ئاشکرا و بێ هیچ پێچوپەنایەک، ڕوو لە هەموو لایەنە سیاسییەکان بە دەنگی بەرز و بێ هێچ سڵەمینەوەیەک ڕایبگەیێنێ: هەر وڵاتێک لە وڵاتەکانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر بیەوێ پێوەندی لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازانەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دابمەزرێنێ، بە مەرجێک سەروەری و سەربەخۆیی حیزب پێشێل نەکا و بەرژەوەندی نەتەوەی کورد نەخاتە مەترسی و حیزب مافی ڕەخنەگرتن لەو سیاسەتانەی هەبێ وا بە جێگای ڕەخنەیان دەزانێ، حیزب ئامادەیە پێوەندییەکی بەرانبەری لەگەڵ دابمەزرێنێ و لەم پێوندی ساز کردنە ناسڵەمێتەوە.
ئێمە شەڕی نیابەتی بۆ هیچ وڵاتێک ناکەین و هەر بەتەنیا شەڕی ماف و سەروەری گەلەکەمان دەکەین بەڵام لە خەباتمان بە دژی کۆماری ئیسلامیدا، یارمەتی هیچ وڵاتێک کە سەربەخۆیی ئێمە و بەرژەوەندی خەڵکەکەمان نەخاتە مەترسییەوە ڕەت ناکەینەوە؛ جا ئەم وڵاتە چ ئەمریکا و فەڕانسە بێ و چ عەرەبستان و قەتەر بێ. هەر ڕەخنەیەکیشمان لەو وڵاتانە هەبێ بێ دۆشدامان و بەبێ دڕدۆنگی ڕایدەگەیێنین. ئەمە شاردنەوە و شەرم کردن و سڵەمینەوەی پێ ناوێ. بەپێچەوانە زۆر بە ئاشکرا و بەشێوەی چەندپاتەکراو دەبێ ڕابگەیێندرێ.
بە داخێکی زۆر گرانەوە دیپلۆماسیی زیرەکانەی دوژمنان و کەمتەرخەمی خۆمان هەتا ئەم ساڵانە وای کردبوو نەک ههر هێزی پێشمەرگە لە کەمپەکانی باشووردا دوور بخرێنەوە بەڵکوو پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی حیزبیش هەر لە بازنەیەکی بەرتەسکدا قەتیس بمێننەوە. با بەئاشکرا ڕایبگەیەنین ڕاسان نەک هەر شکاندنی سنووری مانەوەی زۆرەملیی هێزی پێشمەرگە لە کەمپە، بەڵكوو شکاندنی سنووری تەریک مانەوەی دیپلۆماسیی حیزبیشە. هیچ کام لەم سیاسەتانە بە بێ ئەوی دی سەر ناگرێ و ئەم سیاسەتانە تەواوکەری یەکترن. ئەمە بەمانای فرەڕەهەند بوونی ڕاسانە. ”مەیل” و ئامانجی حێزبیش هەر بەتەنیا دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ وڵاتێکی تایبەت نییە بەڵكوو دامەزراندنی پێوەندی بەرانبەر و سەربەخۆ لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهانە.
ڕەنگە وەکوو ڕەخنە لەم بۆچوونە، باسی ئەوە بکرێ کە جگە لەسێ بژاردەی سەرەوە بۆ داڕشتنی مێکانیزمی پێوەندی حیزب لەگەڵ دەوڵەتاندا، دەکرێ بیر لە بژاردەیەکی چوارەمیش بکەینەوە، واتە بژاردەی: پێوەندی سەربەخۆی حیزب لەگەڵ وڵاتانی دێموكرات و پێشکەوتوو.
دیارە بژاردەی سێیەم، ئەم بژاردەیە ڕەت ناکاتەوە و ئەمیش لەخۆی دەگرێ. بەڵام بژاردەی چوارەم بژاردەی سێیەم بەرتەسکتر دەکاتەوە و وڵاتەکانی شیاوی پێوەندی هەر بەتەنیا بارتەقای وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکڕات بەرتەسک دەکاتەوە و وڵاتانی دواکەوتوو و نادێموکڕات لە لیستەی وڵاتانی شیاوی پێوەندی دەردەهاوێژێ. بەڕواڵەتیش ئەم بژاردەیە بژاردەیەکی ژیرانەیە و زیاتر لەگەڵ خەباتی دێموکراسیخوازانەی ئێمە یەک دەگرێتەوە.
ئەم بژاردەیە ڕەنگە لە ڕووی تیۆرییەوە بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش بێ، بەڵام دەتوانین ئەوە بسەلمێنین کە ئەم بژاردەیە بە کردەوە و لەبواری جێبەجێ کردندا فەشەل دێنێ و دیسان هەر تووشی بژاردەی یەکەممان دەکاتەوە.
زۆر لەسەر ئەوە پێداناگرین کە ئەو وڵاتانەی لە ڕوانگەی کەسانێکەوە خاوەنی سیستمێکی پێشکەوتوو و دێموکڕاتن، ڕەنگە لە ڕوانگەیەکی ترەوە خاوەنی سیستمێکی دواکەوتوو و زۆردارانە بن. بۆ نموونە کەسانێک کە بڕوایان بە نێئۆلیبرالیسم ههیهڕەنگە ئامریکا بە پێشکەوتووترین وڵاتی جیهان بزانن بەڵام کەسانێک کە بڕوایان بە چەپی نوێیە، ئامریکا بە خاوەنی زۆردارانەترین سیستمی سیاسی جیهان دەزانن.
بەڵام با وای دابنێین مەبەست لە وڵاتانی دێموکرات و پێشکەوتوو وڵاتی وەک وڵاتانی رۆژئاوای ئورووپا و باکووری ئەمریکایە. ڕاستییەکەی ئەوەیە مێژووی پێوەندییە دیپلۆماسییەکان پێی سەلماندووین سیستمەکانی حاکم بەسەر ئەو وڵاتانەدا لە هەڵبژاردنێکی زۆر سادە لەنێوان حاکمییەتە سەقامگیر یان بەڕواڵەت سەقامگیرەکانی زاڵ بەسەر کوردستانلەلایەک و بزاڤە کوردییەکان لە لایەکی دیکەدا، هەرگیز پێوەندی لەگەڵ بزاڤە کوردییەکان هەڵنابژێرن. عادەتەن هەر چەشنە پێوەندییەکی ئەم وڵاتانەش لەگەڵ بزووتنەوەی کوردی بە هاوئاهەنگی و ڕاگرتنی دڵی هەمان ئەو سیستمەیە کە بزاڤە کوردییەکە بە دژی ڕاساوە. لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا پێوەندی لەگەڵ سیستمێکی زاڵ و جارێ سەقامگیر بۆ دەوڵەتەکان زۆر لە پێوەندی لەگەڵ بزاڤێکی ڕاساو و شۆڕشگێر بەنرخترە. ئەم دیاردەیە شتێکی سەیر و سەمەرە نییە و ئێمە نابێ بەم هۆیەوە دوژمنایەتی ئەو وڵاتانە بکەین. بەڵام ئەگەر ئەم وڵاتانە خۆیان ئامادە نەبن لەگەڵ بژاڤی کورد پێوەندییان هەبێ، و بۆ باقی وڵاتانیش بزاڤی کورد خۆی ئامادە نەبێ پێوەندی لەگەڵیاندا هەبێ، بە کردەوە دیسان هەر تووشی بژاردەی یەکەم دەبینەوە کە بژاردەی تەریک مانەوەیە. بە دەربڕینێکی دیکە، لەم پێودانەدا و بە هەڵبژاردنی ئەم بژاردەیە، وڵاتەکان بە کردوە بەسەر دوو دەستە وڵاتدا دابەش دەبن:
ــ دەستەی یەکەم: ئەو وڵاتانەی ئێمە ئامادەین پێوەندییان لەگەڵ دابمەزرێنین بەڵام ئەوان ئامادە نین ئەم پێوەندییە دابمەزرێنن.
ــ دەستەی دووەم: ئەو وڵاتانەی ئامادەن پێوەندییان لەگەڵ ئێمەدا هەبێ بەڵام ئێمە ئامادە نین پێوەندییان لەگەڵ دابمەزرێنین.
گوتمان ئەستەمە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان حاکمییەتەکانی زاڵ بەسەر کوردستان بە بزاڤە کوردییەکان بگۆڕنەوە. ئەمە رێئاڵ پۆلێتیکێکە کە سیاسەتی ئەوان دەیخوازێ. بەڵام کاتێک نیگامان لەم وڵاتانەوە وەردەسووڕێنینەوە بۆلای وڵاتانی ناوچە، بەهۆی هەبوونی ڕکەبەریی بەربڵاوی سیاسی و ئابووری لە ناوچەدا، سیاسەتی وڵاتانی ناوچە ڕێئاڵ پۆلێتێکێکی تر دەخوازێ و ئەوان لە دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ بزاڤی کورد دەست ناگێڕنەوە. ئەمە رێئاڵپۆلێتیکی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و وڵاتانی ناوچەیە. بەڵام پرسیاری گرینگ لەم ناوەدا ئەمەیە لەم ناوەدا چ ڕێئال پٶلێتیکێک لەگەڵ دیپلۆماسی ئێمەی کورددا یەک دەگرێتەوە؟ گومان لەوەدا نییە ئەم سیاسەتە بریتییە لەوەی بەبێ ئەوەی بکەوینە دوژمنایەتی کردنی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، خۆمان لە پێوەندیی ”تەندروست”یش (لەسەر ئاوەڵناەوی تەندروست پێ دادەگرم) لەگەڵ وڵاتانی ناوچە نەبوێرین و لەگەڵ ئەوەی پێوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچە هەیە نەبین بە دارەدەستی ئەوان، بەڵكوو ئێمە خەباتی سەربەخۆی خۆمان بکەین و ئەوانیش سیاسەتی سەربەخۆی خۆیان بکەن و لەهەر جێگایەکدا خەباتی ئێمە و سیاسەتی ئەوان یەکی گرتەوە با پێوەندییەکە بمێنێتەوە و لەهەر جێگایەکیشدا ئەم خەبات و سیاسەتە یەکی نەگرتەوە با حیزبی دێموکڕات لەسەر دابی پێشووی مامەڵە لەسەر بایەخەکان و ئارمانەکانی نەکا و سیاسەتی سەربەخۆی خۆی بپارێزێ و ڕەخنەی ئاشکرای خۆی بگرێ.
کۆی ئەو بەڵگە هێنانەوانە بۆ کەسانێک بەسوودە کە دڵسۆزانە ڕەخنە لە سیاسەتی حیزب دەگرن (کە هیوادارین کاک عەلی خزری لەم کەسانە بێ) یان بەدوای دۆزینەوەی شیکارییەکی دروست بۆ مێکانیزمی پێوەندی حیزب لەگەڵ وڵاتاندا دەگەڕێن (کە هیوادارین کەسێکی وەک کاک هێمن سەیدی لەم کەسانە بێ).
بەڵام کەسانێک هەن نە دڵسۆزانە دەدوێن و نە بەشێوەیەکی زانستی بەدوای دۆزینەوەی شیکارییە وردەکان دان. ئەوانە ئەو دەورەی ئەنساری حیزبوڵڵا بۆ توندئاژۆکانی ڕێژیمی ئێرانی دەگێڕن، هەمان ئەو دەورە بۆ جەریان و جەماعەتی خۆیان دەگێڕن. یەکێک لەم کەسانە کە سەر بە جەماعەتی ئینشعابییە (تاهیر قاسمی) ماوەیەک لەمەوبەر (بەر لەوەی دوو پێشمەرگەی خۆیان لە ناوچەی سەردەشت بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بن) لە کامێنتێکی فەیسبووکیدا ـ هاودەنگ لەگەڵ هێزە ئیتللاعاتی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ــ نووسیبووی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو ڕۆڵە کوردانە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی عەرەبستان لە کوردستاندا بە کوشت دەدا. هەر ئەو ڕۆژەی ئەم دوو پێشمەرگەی جەماعەتی ئینشعاب لە سەردەشت شەهید بوون میدیا ڕەسمییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە ”چەند تێرۆریستی سەر بە عەڕەبستانیان لە سەردەشت کوشتووە”! ئەمە هیچ ناگەیەنێ جگە لە گێڕانی دەوری ”بڵیندگۆ” بۆ کۆماری ئیسلامی لەلایەن ”ئەنساری ئاژاوە”وە کە خەڵاتەکەشی هەر ئەم ناو و ناتۆرەیە کە ئەو لە خەڵکی دیکەی دەنێ و کۆماری ئیسلامی بە ئەویشی دەڵێتەوە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە ڕکەبەری و دژایەتیی ناوخۆش هەندێک پڕەنسیپ و ڕێوشوێنی هەیە کە زۆریەک لە چالاکانی سیاسی ئێمە نایزانن و زۆر ناشارەزایانە ئاو لە ئاشی نەیاران دەکەن و گۆڵ لە دەروازەی خۆمان دەدەن. مخابنە ئەو کەسانە هێز و ورە و قەڵەم و میدیای خۆیان نەهێننەوە خزمەت بزاڤی ئازادیخوازانەی خۆمان
[1] بڕوانە ئەم لینکە: