Hoppa till innehåll
Hem » خۆتان بە مێژووی کۆماری کوردستانەوە هەڵمەواسن، عارف شێخ ئەحمەدی

خۆتان بە مێژووی کۆماری کوردستانەوە هەڵمەواسن، عارف شێخ ئەحمەدی

زۆر دەمێکە هەوڵ دەدەم خۆم لە نووسین سەبارەت بە مێژووی کۆماری کوردستان بپارێزم، بەڵام ناتوانم خۆم لە ئاست زنجیرەیەک ڕووداوی زەق و بەرچاو و هەڵوێستی سەیر و سەمەرaref-shexahmadi-0

و خۆهەڵکێشانی بەدەر لە حەقیقەت بێ دەنگ بکەم و کڕ و کپ بم.

ڕەنگە زۆربەمان مێژووی کۆماری کوردستان بزانین و پێشەوا قازی موحەممەد لە ڕێگەی گۆڤار، بەڵگەی مێژوویی،کتێب و میدیای سەردەمەوە بەو پێناسەیەی دەگوترێت و بە سەریدا هەڵدەڵێن بناسین، بەڵام خۆ ناکرێت هەموو شتێک بە پێوانەی کتێب و نووسراوە مێژووییەکان و ڕوانگەی خەڵکانێک هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و لایەنی زانستی و ئاکادیمی و شاهێدی خەڵکانێکی دیکە لە بەرانبەر دا لەمباریەوە لە بەرچاو نەگیرێت، چونکە ئەو کات قیاسێکی جیاواز سەبارەت بە بابەتەکە دەخولقێت و دەبێتە بەربەست و مایەی پووچکردنەوەی هەموو خانەکانی لێکۆلینەوە و ڕیسەکەمان دەبێتەوە خوری.

زۆر جاران بە پێی بەڵگەی فرە ڕهەندی مێژوو کە کای کردووەتە کوو(کێو) ڕووداوە مێژووییەکان بە دەست ئانقەست یان خود لە ڕووی نەزانیەوە شێوێندراوە و هیچ بایخێکی ئەوتۆ بە حەقیقەت و کاکڵی ئەو شتانەی کە بوونیان هەبووە یا بە پێچەوانەوە نەدراوە.

مێژووی کۆماری کوردستان و کەسایەتی قازی موحەممەد لەم بازنەی بەرتسک بینی و مێژوو گۆڕینە بەدەر نەبووە و نیە، لەمەڕ ئەوەی خوێنەر وانەزانێت ئێمە بێ ڕێزی بە پێشەوای کۆماری کوردستان دەکەین، هەوڵدەدەین لە ڕێگەی شوبهاندنی چەند ڕووداوی مێژووییەوە بابەتەکە ئاڵۆز نەبێت و سەر لە خوێنەرانیش نەشوێت.

کاتێک باس لە مێژووی ئایینی ئیسلام دەکرێت و گەورەیی پێغەمبەر د.خ لێبێت، بە پێی بەڵگە مێژووییەکان، حکومەتێکی لە مەدینە پێکهێناوە کە لە زەمانی خۆیدا و تا ئێستاش یار و نەیار ناتوانن حاشا لە دادپەروەریی و ڕەوشتی جوانی پێغەمبەری ئیسلام د.خ بکەن لەو دامەزراوەیەی کە بە حکومەتی ئیسلامی و (مدینة النبي) ناسراوە و نووسراوە.

بەڵام هەموان دەزانین سیستەمێک کە ئەوکات لە مەدینە دامەزرا بە هەموو شێوازێک دەگەڵ باروودۆخی ئەو سەردەمدا دەگونجا و ناکرێت مەدینەی نەبەویی لەمڕۆدا بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک لانیکەم لە ڕواڵەتیش دا بێت بۆ کۆمەڵگە ئیسلامیەکان لە هەموو وڵاتان بنیات بنرێت و هەموان بێ هیچ ئەملا و ئەولایەک قەناعەتی پێ بهێنن.

چونکە ئەو بناخە و زنجیرە گرینگانەی دەسەڵاتەکەی پێغەمبەر د.خ لێبێت لە سەری دامەزرابوو لە ڕووی جوگرافی و دێمۆگرافیەوە لەمڕۆدا لانیکەم لە سەدا پەنجا ئاڵووگۆڕی بە سەردا هاتووە و قۆناخی جۆراوجۆری مێژوویی و پێشکەوتنی مودێڕنیتەی بڕیوە و بەسەردا زاڵ بووە و کاریگەری شارستانیەتی ئەمڕۆیی بەشێوەی جۆراوجۆر ڕەنگ و ڕووی خانەکانی گۆڕیووە.

کەوابوو هەرکەس بڵێت دەتواندرێت لەمڕۆدا دەقاودەق کۆپی دەسەڵاتی ئیسلامی سەرەتای ئیسلام درووست بکرێتەوە بۆ موسڵمانان ئەوە خۆ گێل کردنە لە ڕاستییەکان و خۆشاردنەوە لە کەمایسی تاکی ئایینی و بێ توانایی کەس و گرووپ و حیزب و دەسەڵاتی ئایینی و …هتد.

ئەگەر ئەمڕۆ ئیسلامیەکان قەناعەتی تەواویان بە حاڵ و وەزعی خۆیان هەبوایە، ئیتر بۆچی دەبێ هەریکەوە بە تەفسیر و شێوازێکەوە خۆیان خەریک بکەن و هەریکەو خۆی لەوی دیکە پێ باشتر بێت؟!

لەمڕۆدا ئەوەی خۆی بە خاوەن بەرنامە و گەڵاڵەی ڕاست تر دەزانێت، هەوڵدەدات ڕێبازی خۆی بە قورئان وسوننەت و مێژووی سەرەتای دەوڵەتی ئیسلامیەوە گرێ بدا و لە ناخ و ڕواڵەتیشەوە خۆی وەک ئەو سەردەم دەربخات و بنوێنێت.!

کەوابوو مانای تەواوی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە و وڵامی کۆتایی ئەوەیە کە هیچ جۆرە بیرۆکە، ئەندێشە، دەسەڵات، ئایین، کەسایەتی کاریزما و گرووپ و حیزب ناتوانن وەک بەردی بناخە و سەرەتای دامەزراندنی خۆیان چین بە دوای چین بە بێ ئاڵووگۆڕ لە سەر یەک هەڵچنن و یەک پێناسەی تەواوکەر و هەمیشەیی بەدەستەوە بدەن.

کاتێک ڕەخنە لە هەڵسووکەوتی دەسەڵات و سیستەمی پاشایەتی لە ئێران دەگیرێت، یەکسە۹ر هەموو شۆڤێنیستە ئێرانیەکان باسی مێژووی جوان و ڕێک و پێکی ۲٥۰۰ ساڵەی پاشایەتی و کەسایەتی کوورشی هەخامەنشی دەکەن کە زۆر کەس باوەڕیانوایە کوورش بوونی نەبووە، کاتێک ڕەخنە لە حاڵی ئێستای ئیسلامییەکان دەگێرێت هەموویان خۆیان بە درێژەدەری بەرنامەی قورئان و سوننەت دەزانن و باشترینیان دەڵێن ئێمە باسی سەلەفی ساڵح دەکەین و گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەم، کاتێکیش ناسیۆنالیزمی خێڵەکی کورد دەکەوێتە بەر ڕەخنە و توانج، ئەوە ئەمجار هەموو حیزبە عەشاییریەکانی کورد ڕێک خۆیان بە مێژووی کۆماری کوردستان و کەسایەتی قازی موحەممەدـ ەوە گرێ دەدەن و دیواری ڕووخاو و ماڵی داڕماوی سیاسەتی خۆیان دەکێشن بە یازدە مانگ بوونی کۆماری کوردستان لە مهاباد دا.

ئێستا ئیتر مێژووی کۆماری کوردستان ۷۱ ساڵە و لەو کەسانەی لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا کاربەدەست بوون، مەگەر بە دانە ئەگینا هیچیان لە ژیان دا نەماون، بەڵام زۆر و بۆرن ئەوانەی سەردەمی کۆمار منداڵ و مێر منداڵ بوون و ئەمڕۆش بەکگراوندی ژیانی سیاسی خۆیان وا باسدەکەن کە ئەنەهوو دەستە ڕاستی جەنابی پێشەوا بوون و وەزیر و گزیری حکومەتی کۆماری کوردستان.!

واباسی ئەو سەردەمی شاری مهاباد دەکەن کە زۆربەمان وادەزانین مهابادی ئەو کات سەد هێندەی ئیمپڕاتۆری میدی و میتانی بووە، وەک ڕێک چۆن زۆربەمان وادەزانین مەدینەی سەردەمی پیغەمبەر د.خ لێبێت بە میلێۆنان حەشیمەتی تێدا ژیاوە.!

تەنیا یەک هۆکار دەتوانێت ناسیۆنالیستە شکست خواردووەکانی کورد بە کۆماری کوردستانەوە گرێ بدات، ئەویش تەنیا ئیدیعا و درۆ و پڕووپاگەندەی هەڵبستراوە، ئەگینا مێژووی کۆماری کوردستان تەنیا لە یازدە مانگ دا، ناتوانێت نموونەی حکومەتێکی گشتگیری کوردستانی بێت کە زیاتر لە هەزاران ساڵە نەتەوەی کورد خەونی پێوە دەبینێت چ لە ڕووی سنوورەکانیەوە و چ لە ڕووی توانایی و هێزەوە.

کۆمارێک کە سنوورە جوگرافیکەی لە چەند شاری موکریان تێپەر نەدەبوو و دەسەڵاتەکەی لە لایەن چەند سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەوە خیانەتی لێکرابوو و توانایی پێشمەرگەکەی لە چەکی چەند سەد سوارێکی نان بە نرخی ڕۆژ خۆرەوە قەتیس کرابوو، هەرگیز ناتوانێت نوێنەری مێژووی ئێستای داخوازییەکانی نەتەوەی کورد بێت.

بە لێکدانەوەی باروودۆخی ئێستا باشووری کوردستان و دەسەڵاتە خێڵەکیەکی بارزانی و تاڵەبانی و ئیماڕەتی قەندیل و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا، لە هەموو ڕوویەکەوە ئەمان دەستیان بەربڵاوترە کەچی ناتوانن ناوی خۆیان بنێن دەوڵەت و سیستەمێک لە چەشنی کۆماری کوردستان بۆ خۆیان داتاشن، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەمڕۆ ئەوەی گرینگە بۆ نەتەوەی کورد واقعی ڕووداوەکانە نەوەک مێژووی هەڵبستراو و ئەو خەیاڵە کوردییەی کە هەوێنەکەی لە کەلێن و خەلێنی شەڕی زلهێزەکان دا تێکەڵ کرابوو.

ئێمەیان فێرکردووە کە خۆمان بە ڕابردووی بابردووەوە هەڵکێشین و خۆشیان سەروەت و سامانی ئێستا و داهاتوومان هەڵنۆشن، چونکە ئاکار و کرداریان یەک لە یەک ناشیرینتر و قێزەونترە، مەجبوورن ڕابردووی خەیاڵی و درۆینەمان بۆ باس بکەن، بەڵام قەت کەس نیە پرسیار بکات ئەگەر کۆمارەکەی قازی موحەممەدیش لە یازدە مانگەوە تەمەنی هەڵکشایە بۆ یازدە ساڵ چ دەقەوما، ئایا قازی دیسان خۆی بە دەستەوە دەدا بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی مهاباد یان خود شەڕی ناوخۆ ڕووی دەدا لە نێوان خێڵی دێموکری و خەڵکانی دیکەدا، یانیش سەرۆک خێڵەکان هەر خۆیان جەنابی قازییان دەفرۆشت بە شای ئێران وەک چۆن دواتر هەموویان بوونە پیاوی ساواک و خۆشیان و نەتەوەکەشیان فرۆشت.!!