ئەمڕوژانە میلله‌تی کورد و ئازادیخوازانی ناوچەکە بە خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی زۆرەوە یادی کارەساتە دڵته‌زێنه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه ده‌که‌نه‌وه. هه‌ڵه‌بجه ئەو شارەی کوردستان کە لە ساڵی 1988.03.16دا که‌وتە بەر هێرشی کیمیایی رژیمی دیکتاتوری سەدام حسێن.
سەدام حسێن یەکێک لە دڕنده‌ترین ناسیوناڵ شۆڤێنیسته‌کانی عه‌ڕه‌ب بوو که پێیوابوو عه‌ره‌ب به گشتی و ئێراقییه‌کان به‌تایبه‌تیی سەروەری گشت میلله‌ته‌کانی ناوچه‌که‌ن. بیرۆکەی رەگەزپەرستیی حیزبی بەعس لە سەدام و ده‌ستوپێوه‌ند و لایه‌نگرە عەره‌بەکانی وەها ره‌گی داکوتا بوو کە دوای نەمانی خۆشی کارەساتی دیکەی بە دوای خۆیدا هێنا. دورەستبوونی داعش و هێرشی بۆ سەرخەڵکی شەنگال و کوردستان کارەساتێکی دیکە بوو کە بە هاوکاری و هاوفکریی هەمان ئایدیۆلۆژیی پاوانخوازانەدا بەسەر گەلی باشوری کوردستاندا سه‌پێندرا و کاره‌ساتی ئیزەدییه‌کانی شەنگالی لێکەوتەوە.
ئەگەر بە کورتی چاوێک بە مێژووی باشووری کوردستاندا بخشێنین، دەبینین که پاش لێکهه‌ڵوه‌شانه‌وه و دابه‌شبوونی ئیمپراتۆری عوسمانی و لکانێندرانی زۆره‌ملیانه‌ی ئەم بەشەی کوردستان بە ئێراقی ئێستا، ناڕەزایه‌تی خەڵکی کوردی لێکه‌وتەوە. کوردەکانی ژێڕ ده‌سه‌ڵاتی ئێراق دژی دابەشکرانی کوردستان له لایه‌ن ئینگلیزه‌وه، راپه‌ڕین که بە بێ گوێدان بە دەنگ و هەستی خەڵک و تەنیا لەسەر نه‌خشه، رۆژهەڵاتی ناڤینیان دابەش کرد. شێخ مەحمودی بەرزنجە کە لە ساڵەکانی ١٩١٩ تا ١٩٢٢ حکومه‌تێکی کوردیی پێکهێنابوو، دووجار که‌وتەبەر هێرشی دڕندانەی فڕۆکه و سوپای پڕچەکی ئینگلیزییه‌کان. بریتانیا زۆر بێبەزه‌ییانە سه‌رهه‌ڵدان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی شێخ مه‌حمودیان سەرکوت کرد و خه‌ڵک قه‌تڵوعام کرا. بریتانییه‌کان بێجگە لە به‌کارهێنانی تۆپ و ته‌یاره بۆ بۆردومان، گازی کیمیایشیان به‌کارهێنابوو. شۆڕشی مەلا مستەفای بارزانییش لە هەمان ساڵەکانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانییه‌وە دەستی پێ‌کرد. مەلا مەسته‌فا هاوبیر و هاوسەنگەری شێخ مەحمودی نەمر بوو بۆ دامەزراندنی کیانێکی کوردیی. رۆحی نەتەوه‌یی لە مەلا مستەفادا ئەوەندە به‌هێز بوو کە هەر بە کوردستانی باشوور نەوەستا و لە کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی قازی محه‌مەد رۆڵی کاریگەر و بەرچاوی گێڕا. کاتێک کە قازی محه‌مەد خۆی تەسلیمی حکومەتی تاران کرد، مەلا مستەفا بۆ بە بەدیهێنانی کیانێکی سەربەخۆی کوردیی درێژەی بە چالاکییه‌کانی دا. له سه‌ت ساڵ له‌وه پێشه‌وه هه‌تا به ئێستا، شۆڕشی کورد له باشوور قوربانی و کارەساتی زۆری دیکەی لێکه‌وتۆته‌وه. ساڵی 1983 سەدام و بەعس گەورەترین و دڕندانەترین تاوانیان دژی کورد و مرۆڤایەتیی ئەنجامدا. لەو رۆژەدا ھێزەکانی گاردی کۆماریی سەدام ھەشت ھەزار گەنج و پیر و مێرمنداڵی بارزانی‌یان لە کومەڵگا زۆرەملییه‌کانی دەوروبەری ھەولێر دەستگیرکرد و دواتریش لە بیابانەکانی ئێراق و لە گۆڕی بە کومەڵدا ژێرخاک کران. کاره‌ساتێکی دیکه که به سه‌ر گه‌لی کورد له باشووردا هات؛ کۆڕه‌وی به کۆمه‌ڵ و بەجێهێشتنی ماڵ و موڵکی زیاتر لە دو ملیۆن کەس لە ساڵی ١٩٩١دا بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا بوو. خەڵک هەموو شتێکی خۆی بەجێهێشت بۆ ئەوه‌ی گیانی خۆی لە چنگ دڕنده‌یه‌کی وەک سەدام حسێن بپارێزێت. زیندان و ئەشکەنجە و سووکایەتی و ژینۆساید بەشی گه‌لی کورد له باشوور بووە. حکومەت و دەسەڵاتدارنی بێگانە و زلهێزەکان کە باسی نەزمی جیهان دەکەن و ته‌نانه‌ت وڵاتانی دیموکراتیک و رێکخراوە مرۆڤدۆسته‌کانیش لە ئاست ئەو هەموو زوڵم و تاوانانه‌دا بیدەنگ بوون و خۆیان لێ گێل کردووه و نەیاتوانیوە ببنه به‌ربه‌ستێک له به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره‌ساتانه‌دا. کوژرانی ٥ هەزار هاوڵاتیی سڤیل لە کەمتر لە کاتژمیرێک‌دا و هەروەها هێرشی داعش و دەیان کارەساتی مروڤیی دیکە ئەوە دەردەخات کە تەنیا بە سەربەخۆیی کوردی باشور و بە ده‌وڵەتبوونی دەتوانێت پێش بە کارەساتی دیکە بگرێت. گه‌لی کورد لە باشوور بۆخۆیان دەتوانن به‌رگریی لە ژیان و ماڵ و کەرامەتیان بکەن، نەک خەڵکان و ئایدیۆلۆژییه‌کانی دیکە. ئەگەر گه‌لی کورد له باشور ببنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت ده‌توانن به هۆیه‌وه پێش به پیلانی ناحه‌زان بگرن. بۆخۆیان دەتوانن راسته‌وخۆ پیشتیوانی و هاودەنگیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووه‌کان، زلهێزەکان و وڵاتانی دیکە وەربگرن. هەروەها بە سەربەخۆیی ده‌توانن پلانی سیاسی و ئابوری و کومەلایتی بو باشتر بۆنی خەلک داڕێژن و بە بی تەرس لە دەستیوەردان و بەربەست دروست کردنی دەرەکی و حکومەتی ناوەندی جێبه‌جێی بکەن. سەربەخۆیی پێش به تەداخولی حومەمەتی ناوەندیی ئێراق ده‌گرێت کە هەستی پاوانخوازیی عەره‌بیان هەر تێدا ماوە. سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناڤین و ئاسایش و ئارامیی به‌دواوه ده‌بێت و هه‌روه‌ها دەرواسێکانی ناچار ده‌کات کە رێز له سه‌روه‌رییه‌کانی گه‌لی کورد بگرن و شارستانییانه هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن.
***
2017/03/19
فایق – ک