بەرەو کۆنگرەی شانزدەهەمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (وتاری ٣)
مەجید حەقی – فینلاند
کاتێک رێبەریی حیزب لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە هەڵبژێردرێت، رێبەری نوێنەرایەتی راستەوخۆی ئەندامان هەڵدەبژێردرێت و بەکردەوە لە بەرامبەر تەواوی ئەندامانی حیزب بەرپرس دەبێت. رێبەری حیزب لە وەها شێوازێکدا هاوکات وەک ئەندامی ئەنجوومەنی بەرێوەبەری ئەرکەکانی خۆی بەجێ دەگەیەنێت و رێبەری سیاسی حیزب بە کۆمەڵ بەرێوە ببات. سیستەمی سیاسی جۆری قەوارەی حیزبەکان دیاری شرۆڤە دەکەن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەبات دەکات لە پێناو ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدرال دا. کەوابوو بەو پێیە قەوارەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش دەبێ پێرەوێک بێت لە ناسنامەی سیاسی ئەو حیزبە. لەو بەشەدا زۆر بەکورتی باسی کێشە و کەموکورتیەکانی قەوارەی ئێستای حیزبی دێموکرات دەکرێت و دوایە قەوارەی پێشنیاری بۆ حیزب پێشکەش دەکرێت:
١. قەوارەی ئێستای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەربنەمای سانترالیزمی دێموکراتیک دامەزراوە. لە چەند کۆنگرەی رابردوودا ”زاراوی سانترالیزم” لە پێرەوی ناخۆی حیزب دا هەڵگیراوە و قەوارەی حیزبی بەو شێوەیە شی کراوەتەوە: ”هەموو ئۆرگانێکی حیزبی لە خوارەوە بۆ سەرێ هەڵدەبژێردرێت. ئۆرگانەکانی حیزب بە رێکوپێکی راپۆرتی تێکۆشانی خۆیان هەم بەو ئەندامانەی کە هەلیان بژاردوون و هەم بۆ ئۆرگانەکانی سەرەوەتر دەدەنەوە.” (ماددەی حەوتەمی پێرەوی ناوخۆی حیزب، پەسەندکراوی کۆنگرەی پانزدەهەم)
٢. کۆنگرەی حیزب بە بەشداری ئەندامانی ئەسڵی، و جێگیر و راوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندی، نوێنەرانی ئەندامانی دیکەی حیزب، پێک دێت. بەجۆرێک کە دوو لە سەر سێی ئەندامانی کۆنگرە لە ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بەشداری کۆنگرە ببن. کۆمیتەی ناوەندی بۆی هەیە ئەو پەڕەکەی بە ئەندازەی یەک لە سەر سێی ژمارەی ئەسڵی ئەندامانی خۆی لە ئەندامانی حیزب بە مافی دەنگدانەوە لە کۆنگرەدا بەشداری بکات (ماددەی هەشتەم)

بەرلەوەی کە باسی کەموکۆریەکانی دوو خاڵی سەرەوە بکرێت، پێویستە بە شێوەیەکی گشتی کەمۆکۆریەکانی قەوارەی ئیستای حیزب لە روانگەی هەلومەرجی ئەمرۆوە لێک بدرێتەوە:
١. قەوارەی حیزب لە سەردەمێکدا دارێژراوە کە دروشمی ستراتێژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران: ”دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” بوو. لەو سەردەمەدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پێرەوی لە سیستەمێکی ”ناوەندگەرا” (تمرکزگرا)یەک دەکرد کە خودموختاری بۆ کوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی دێموکراتیکدا قەبووڵ بکات. پێناسەی ئەوجۆرە سیستەمە کە بۆ ئەو سەردەمە ئامانجێکی پێشکەوتوون خوازانە بوو، دابەشکردنی بەشێک لە دەسەڵات لە کوردستان بوو بە بێ ئەوەی کە لە دستوور (یاسای بنەڕەتی) وڵاتدا خودموختاری کوردستان بگونجێندرێت. لە وەها سیستەمێکدا سروشتیە کە قەوارەی حیزب پێرەوی لە ناسنامەی سیاسی دەکات و هەرکام لە ئۆرگانەکانی حیزبیش بەو پێیە بەشێوەی خودموختار -ی زۆر سنووردار – ئەرکەکانی خۆیان بە پێێ پێرەوی ناوخۆ جێبەجێ دەکەن.
٢. قەوارەی حیزب بەرهەمی هەلومەرجی سیاسی جیهانی دو ”بعدی” و کۆمەڵگای تاک رەهەندی و ئایدیۆلۆژی رێکخراوەیی لە سەر بنەمای ستالینیزم بوو. پێرەوی ناوخۆیی حیزب، کۆپیەک لە حیزبی توودە و حیزبە کمۆنیستەکانی وڵاتانی رۆژهەڵات بوو.
٣. ئەو قەوارەیە لەو رۆژەوە کە پرسی سۆسیالیزمی دیموکراتیک و فیدرالیزم کەوتۆتە رۆژەڤی سیاسی کوردستان و حیزبی دێموکرات قەیران خوڵقێن بووە کە ئەنجامەکەی ”لێکدابڕان”، ”در جا” لێدان، نەبوونی ئاڵوگۆری مێشکی (گردش مغز) و تواناکان لە ئاستی ریبەری حیزب دا بووە. رێبەرانی سەرەکی حیزب نزیک بە چواردەیەیە هەمیشە لە بازنەی سەرەکی بڕیاردانی حیزبیدان و ئەنجامەکەی دووپاتکردنەوەی ئەزموونێکە کە سەرکەوتنێکی بۆ حیزب وەدی نەهێناوە.
٤. حیزبی دێموکرات حیزبێکی ئایدیۆلۆژی نیە کە بتوانێ وەک حیزبەکانی چەپ تولیدی فکری و ئایدیۆلۆژی بکات و لەو رێگایەدا گەشە بە بەرەوپێش چوونی سیاسی و تەشكیلاتی بدات.
٥. بە پێی ماددەی حەوتەمی پێرەوی ناوخۆی ئێستای حیزب: لە قەوارەی ئێستادا کۆمیتەی ناوەندی بە کردەوە لە بەرامبەر هیچ ئۆرگانێکدا وەڵامدەرەوە نیە، کەس ناتوانێ چاوەدێری لە سەر کار و باری بکات و لێپرسینەوە بۆ بکات، چونکە بۆ نموونە راپۆرتی چالاکی کۆمیتەی ناوەندی بە کۆنگرە نادرێت، راپۆرتەکان تەنیا راپۆرتی سیاسیە. کۆمیتەی ناوەندی بە پێێ قەوارەی ئێستا: ىڕیاردەر (رێبەر)، جێبەجێ کار (بەرێوەبەر) و چاوەدێر و بەرپرسی دیسیپلینی حیزبیە واتە سێ دەسەڵاتی: بڕیاری سیاسی و یاسایی، جێبەجێ کردن و چاوەدێری لە یەک ناوەند کۆبووتەوە.
٦. قەوارەی ئێستا لە گەڵ دروشمی ستراتێژیکی حیزب نارێکە و ئەم نارێکیەش دەبێتە هۆی تەنگەژەی ناسنامەی سیاسی و تەشکیلاتی.
٧. ناوچەگەرایی یەکێک لە کێشە و بەربەستەکانی بەرەوپێش چوونی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێشڤەچوونی رێکخراوەیی و بەشداری هاوبەشی خەڵکی کوردستان لە رێکخراوەکانی حیزبی دایە. قەوارەی ئێستا ناوچەگەرایی زیادتر دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی رکەبەریەکی نەرێنی لەنێوان ناوچەکان بۆ بەدەستەوەگرتن و ”کۆکردنەوەی دەسەڵات” – تمرکز گرایی – لە ناوچەکاندا. ناوچەگەرایی ویستێکی سروشتی خەڵک و دیاردەیەکە کە کەس ناتوانێت لە ناو ببات. بەڵام دەکرێ ناوچەگەرایی بکرێتە پۆتانسیەلی بەرەوپێش چوون و بەشداری چالاکانە. مەرجی ئەمەش گۆرانی قەوارەی تەمەرکوزگەرا و تاک رەهەندی بە قەوارەیەکی تەشکیلاتی کە لەودا رێبەری بە شێوەی ناوچەیی نوێنەرایەتی بکرێت.
٨. لە سیستەمی ئەمرۆی حیزبدا بەرپرسایەتی سیاسی و پۆستی ئیداری بەشێوەیەک لێک ئالاون، کە جیاکردنەوەی ئەو دوانە مرۆڤ تووشی کێشە دەکات.
درێژە لە بەشی داهاتوو دا.