ماوەی چەند ڕۆژ پێش شانۆگەری بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ڕێژیمی ویلایەتی شیعە لە ئێران، لە چەند پەیجی کوردیی دا گرتە ڤیدیۆییەک بڵاو بوویەوە کە تێیدا کاک ناسر ڕەزازی هونەرمەند
و سترانبێژی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پەیامێکی کورت داوای بەشداری خەڵکی ورمێ دەکات لە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت هەڵبژاردنی شووڕای ئیسلامی لەم شارە بە زاراوەی کرمانجی و پەیجی ئورمیە ڕەنگین(Urmiya rengîn )یەکەم پەیج بوو کە ئەم پەیامەی کاک ناسر ڕەزازی بڵاو کردەوە.
دوابەدوای بڵاو بوونەوەی پەیامەکە، کاک ناسر تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە دوو ڕوونکردنەوەی لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاو کردووەتەوە، کە ئەگەریش حاشا لە هەبوونی هەر جۆرە پەیجێکی شەخسی بە ناوی خۆیەوە بکات کە ڕەنگە کەسانێک بە بێ ڕەزامەندی جەنابیان بەڕێوەی بەرن هیچ لە مەوزووع ناگۆڕێت، چونکە ڕوونکردنەوەکانیش هەر وەک پەیامەکەی ناوبراو بە دەنگ و ڕەنگی خودی بەڕێز ناسر ڕەزازی تۆمار کراون و ناتوانێت حاشا لەوانیش بکات.
کاک ناسر لە پەیامەکەیدا داوای بەشداربوونی کوردەکانی ورمێ دەکات لە هەڵبژاردن و هیچ ئیشارە و قسەیەک سەبارەت بە نەتەوەکانی دیکەی ورمێ ناکات وەک دواتر لە ڕوونکردنەوەکەدا باسی دەکات و تەنها بەشداریی کردنی هاوڵاتیانی کورد لە شاری ورمێ بە پاساوی گرینگ بوونی هەڵبژاردن و یەکێتی نێوانیان دەخاتە ڕوو.
لە ڕوونکردنەوەی یەکەمدا بەڕێز ناسر ڕەزازی دەڵێت: لە سەر داوای برادەرانی پ.ک.ک و چوار ساڵ پێشتر کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنیان نەکردبوو و شتی واش لە ئارادا نەبوو، ئەم پەیامەی تایبەت بۆ کوردەکانی ورمێ بڵاو کردووەتەوە.!
کەچی دوای تێپەڕبوونی یەک دوو ڕۆژی دیکە و لە ڕوونکردنەوەی دووهەمدا کە دەڵێت لەمەڕ ئەوە ئەم ڕوونکردنەوەیه بۆ جاری دووهەم بڵاو دەکاتەوە کە بە جوانی بەروارەکەی لە بیرنەبووە! و لە سەر داوای برادەرێک و ماوەی نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر ئەو پەیامەی لە ساڵۆنێکی وڵاتی سوئید بە مەبەستی یەکێتی کورد و ئەرمەنی و نەتەوەکانی دیکە لە بەرانبەر جەریانی پان تورکیسم دا بڵاو کردووەتەوە.!
جەنابیان باش دەزانێت بەری درۆ کورتە و ساڵێک پێشتر، هیچ هەڵبژاردنێک لە ئێراندا نەکراوە و هەروەها بە پێچەوانەوە ڕای جەنابیشتان کۆماری ئیسلامیش پشتیوانی لە پان تورکەکانی ورمێ ناکات، بەڵکوو ئەوانیش بە تەجزیە تەڵەب و جودایی خواز دەزانێت، بەڵام ڕێژیم پشتێوانی لە تەتریک کردنی ورمێ یان بە تورک بوونی دەکات لە ڕێگەی جۆراوجۆری دیکەوە و زۆرجاریش جاش و بەکرێگیراوی عەشاییری کورد بۆ گۆڤەند و هەڵپەڕکێ بە مەبەستی ئاژاوە درووستکردنی نێوان کورد و تورک زەق دەکاتەوە و لە ناو شار و مەیدانە سەرەکیەکانی ورمێ دا سەمایان پێ دەکات.
کاک ناسر ڕەزازی ئێوە لە کوێی پەیامەکەتاندا ئاماژە بە ”پان تورکیسم” دەکەن و بۆ ئاگاداری خوێنەران دەقی پەیامەکە و دوو ڕوونکردنەوەکەتان دادەنێم با خوێنەرانی ئازیز خۆیان قەزاوەت بکەن و بزانن پاساو هێنانەوەی ئێوە ئەوندەی دیکە ئاڵۆزی قسەکانتان دەردەخات.
کاک ناسر ڕەزازی، ڕاستە بەڕێزتان وەک هونەرمەندێکی شۆڕشگێڕ و ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراون و زۆر جاران لەمەڕ زیادبوونی سروودە شۆڕشگێڕانەکانی ئێوە و هەوڵ و هاندانی پێشمەرگە بۆ شەڕی پاسدار و داگیرکەر مێژوو شاهێدیتان بۆ دەدات، بەڵام بیرتانەچێت مێژوو لە سەرەتاوە تا کۆتایی بۆ هەرکەسێک دەنووسێتەوە و تەنیا دێڕێکیش جێ ناهێڵێت.
لە کاتی شەڕی پێشمەرگە لە بەرانبەر پاسدارانی داگیرکەردا ”سادق ئاهەنگەران” بە گوتنەوەی سروودی مەزهەبیی بۆ پاسدارەکان دەنگی دابووەوە و ئێمەی کوردیش ئێوەمانانم هەبوو و شانازیمان بە ئێوەوە دەکرد، کەچی ئەوان سەرەڕای ناڕەزایەتی شەخسی لە ڕەژیمەکەیان هەرگیز بادانەوەیان نەبوو و ئێمەش چاوەڕوانیمان لە ئێوە ئەوەبوو کە تەنیا وەک هونەرمەندێک خۆشەویست بمێنەوە و هیچی تر.
بەداخەوە چالاکی ئەم چەند ساڵەی دوایی ئێوە هێمای پرسیاری زۆری درووستکردووە بۆ هەموان، چ لە قسەوباسەکانتان دەگەڵ بی بی سی فارسی و چ هەڵوێستی سیاسی سەیر و سەمەر و دەیان جار سەنگەر گۆڕین و هەرجارەوە و بە باڵای حیزبێکدا هەڵگوتن.
بۆیە چونکە جەنابتان کەسێکی ئاسایی نین ڕەخنەتان لێ دەگیرێت. کەوابوو باشترە لە کاتی دەربڕین و پەیام ناردندا ڕچاوی لانیکەم مێژووی پاکی خۆتان بکەن، چونکە گومانی تێدا نیە مێژووی هونەریی و حەماسی ئێوە گرێدراوە بە مێژووی سیاسی و نەتەوەیی گەلەکەتانەوە بە تایبەت لە ڕژهەڵاتی کوردستان و هەر بۆیەش تکاتان لێدەکەین یان هونەرمەند بمێننەوە یان ئێوەش وەک کابرا ببنە ڕیفۆڕمخوار و ئیسلاح تەڵەبی دەرەوەی سنوور(اصلاح طلب برون مرزی).!