کاتێک کە جینۆساید، قڕکردن و تواندنەوەی گەلی کورد وەک پرۆسەیەکی درێژخایەن و سیستماتیک لە لایەن ده‌سه‌ڵاتی داگیرکەری ناوه‌ندگه‌را، بووە بە ئەقڵییەتی زاڵ،
ئیتر به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی نه‌ته‌وه‌ی باڵادەست لە لایەن دەوڵەتەکەیەوە بووەتە ئامرازی جێبەجێکردنی هەموو سیاسەتێک و بۆ ئەم مەبەستەش ژینگەی یاساییان بۆ خۆیان ئامادە کردووە تاکوو ده‌ستوور و یاساكانیش ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییانەی دەسەڵاتی داگیرکەر زه‌مانه‌ت بکەن و بیپارێزن. لە وەها دۆخێک‌دا دەبینین دەوڵەت بە هەموو کەرەستە و تایبەتمەندییەکانیەوە دەکەوێتە خزمەتی جێبەجێکردنی ئەم ئەقڵییەتە و دوابه‌دوای ئەوە حكوومه‌ت، په‌رله‌مان، سیسته‌می دادوەری، سوپا و پۆلیس و داموده‌زگای په‌روه‌رده‌یی و ڕاگه‌یاندن و هتد…، ئه‌م سیاسهتانە جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و ئیتر ئه‌م سیاسەته داڕێژراو و ئاراسته‌کراوەی دەسەڵاتی داگیرکەر، هەموو جیاوازییه شوناسییەکانی نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکە بنپێ دەکات و لە هەمانکاتدا هه‌رچەشنە هه‌وڵ و خەباتی ئەوان لە پێناو شکاندنی نیری کۆیلەتی و ڕزگاربوون لە داگیرکاری دەسەڵاتی ناوەندی، به پاساوی پاراستنی یەكپارچه‌یی خاکی وڵات و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌ی باڵادەست، بە دڕەندەترین شێوە سەرکوت ده‌كات.
لە وەها دۆخێک‌دا، بۆ ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەر بتوانێ سیاسەتەکانی بۆ خوارەوەی کۆمەڵگە شۆڕ بکاتەوە، کولتووری باڵادەست دەکاتە باشترین بنەماو ژێدەر، تاکوو لەو ڕێگایەوە ئایدۆلۆژییەکی فەرمی بەرهەم بێنێت و بە رێگای ئەم ئایدۆلۆژیایەشەوە پاڵپشتی هەموو سیاسەتە ناڕەواکانی بکات.
لێرەدا ئەم ئایدیۆلۆژیا ڕه‌سمیە هەلومەرجێک دێنێتە کایەوە کە تێیدا شوناسه جیاوازه‌كان وەک دێوه‌زمەیەکی مەترسیدار پێناسە بکرێن و لەو رێگایەوە بۆ هەر چەشنە خەباتێکی رزگاریخوازی، سیمایەکی ترسناکی وەک دژە شۆرش و تیرۆر و جیاوازیخوازیان لێی ساز دەکات. ئەوجا دەبینین وێناکردنی مافی نه‌ته‌وه‌ی بندەست لە چوارچێوەی تیرۆردا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە، تەنها ناوخۆی ئەو وڵاتانە ناگرێتەوە، بەڵکوو هەوڵی فراوانکردنی ئەم مانایە بۆ ئاستی نێودەوڵەتیش دەدرێت تاکوو بیروڕای جیهانی لەگەڵ خۆیان یەک بخەن، تاکوو هیچ لایەنێک سیاسەتە تۆقێنەرەکانی ئەوان نەباتە ژێر پرسیارەوە و بەم شێوەیە بە جیهانیان بڵێن کە ئەوەی ئێمە دەیکەین، ڕووبەڕوو بوونەەی مافخوازی نییە، بەڵكوو بەرەنگاریی تیرۆرە.
لە هەمانکاتدا کاتێک ده‌وڵه‌تی داگیرکەری باڵاده‌ست حاشا له‌م مافه بكات و له‌ژێر په‌رده‌ی ئایدیۆلۆژیای ڕه‌سمی خۆیدا درێژه‌به داگیركاری بدات و خواسته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی بندەست ڕەت بكاته‌وه، ئیتر کۆمەڵگەی مرۆیی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، کە مافی نەتەوە بندەستەکانیش دەگرێتەوە، وەک بەها و پره‌نسیپێکی نێونه‌ته‌وه‌یی لێهاتووە کە بۆتە پێوانە بۆ دیاریکردنی ڕاده و رێژەی ئازادی لە وڵاتە جیاوازەکان. لەم نێوەدا مافی چارەی خۆنەوسین یەکێکە لەو بنەما سەرەکییانە کە کۆمەڵگەی جیهانی باوەڕی پێیە و نەتەوەی سەرکوتکراو بۆی هەیە لە رێگەی پرەنسیپ و مکانیزمی دێموکراتیک و بگرە بەرگری ڕەواشەوە هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆی بدات.
وەک دەزانین سەرەرای ئەوە کە ئێران وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه و فره كولتووره، بەڵام سیستەم و مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوە وەک دیاردەیەکی مودێرن له ئێران‌دا له‌سه‌رده‌می ره‌زاشاوه‌و له سه‌روبه‌ندی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییەوە دەستی پێكردووه. لەو دەمەوە هه‌وڵه‌كانی یه‌كسان سازیی نه‌ته‌وه‌یی به گوێره‌ی شوناسی نەتەوەی فارس لە ئێران‌دا داڕێژراوە و به‌مجۆره شوناسی نەتەوەکانی وەک: ئازەری، كورد، عه‌ره‌ب، به‌لووچ و توركمان و گێله‌ك و هتد…، بنپێ خراون و ئایدیۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌ی باڵادەست و کولتوورەکەی كراوه‌ته شوناسی ئێران و ده‌ستووریش ئه‌م شوناس و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی بۆی زه‌مانه‌ت كردووه. له سه‌رده‌می په‌هله‌ویی دووه‌مدا، ئه‌م یه‌كپارچه سازییه گه‌یشته ئاستێكی ترسناك و دیارده‌ی له خۆ نامۆكردنی شوناسه جیاوازه‌كانی گه‌یانده لووتكه، بەڵام بە هاتنه ئارای شۆڕشی گەلانی ئێران هیوایەک ساز بوو کە ئیتر ئینکار کۆتایی دێت.
که‌چی دیتمان له سه‌رده‌می رێژیمی ئیسلامی‌دا، ئایدۆلۆژیای ویلایه‌تی فه‌قیه بوو به ژێرخانێکی سەرەکی تاکوو سیاسەتی ئینکار بەردەوام بێت.
بۆ ئەم مەبەستە دیتمان ویلایه‌تی فه‌قیهی کرایه شوناسی فه‌رمیی سیستەم و ئایین و تایبەتمەندییە کولتوورییە به‌جێماوەکانی پەهلەوییەکان بوون به شوناسی فەرمیی زاڵ لە کۆمەڵگە و سیستەمی حوکمڕانیدا و دەبینین ئەم رێژیمەش وێڕای سه‌رکوتكردنی ئیراده و شوناسی نەتەوەکانی دیکە و قۆرخكردنی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندییه‌وه، هیچ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له گه‌ڵ سیسته‌مه‌كانی پێش خۆیدا نییه.
بەم چەشنە گەر سەیری مێژوووی هاوچەرخی کوردی رۆژهەڵات بکەین، دەبینین چەندین دەیەیه کە نەتەوەی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان، نەوە دوای نەوە، لەپێناو سەروەریی نەتەوەیی و ڕزگاریی نیشتمانی خۆیدا خەباتی کردووه‌و وێڕای هەموو هەوراز و نشێوی و پیلانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و کارەسات و تراژیدیای گەورە، به‌ڵام سه‌ری بۆ سیاسه‌تی به کۆیله‌کردن و ژێر ده‌ستکردنی داگیرکەرانی کوردستان نه‌وی نه‌کردووە.
هەر بۆیە ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێ، هیچ یەک لە دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران کە سیاسه‌تی داپلۆسین و تواندنەوەی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردیان پەیڕەو کردووە، نەیان توانیوه چۆک بە نەتەوەی کورددا بده‌ن. دوا نموونەی بەرچاوی ئه‌م سیاسەتەی ئینکار، قڕکردن و خۆسەپاندنەش، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئەو رێژیمە دژە مرۆییە کە نزیکەی چوار دەیەیە، لە هەموو چه‌شنه‌ئامرازێکی سەرکوتکردن و تواندنەوە کەڵک وه‌رده‌گرێ تاکوو ببێته‌باڵادەستی موتڵەق لە کوردستان، بەڵام بەرگری و خۆڕاگریی خەڵک و تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام ئه‌وه‌ی پێ سه‌لماندووه کە سەرەڕای هەموو دڕەندەیی و کوشتارەکانی ئەم رێژیمە دیکتاتۆرە، ئەستەمە ئیرادەی ڕزگاریخوازیی خه‌ڵکی کوردستان تێک بشکێندرێت.
ئێستاش کە نزیک بە چوار دەیە بەسەر ده‌سه‌ڵاتداریی کۆماری ئیسلامی‌دا تێدەپەرێ، دەبینین پەتی سێدارە، ئەشکەنجە، زیندان، هەڵاواردن، سووکایەتی و بنپێکردنی مافی مرۆڤ و ملیتاریزەکردنی کوردستان و…، به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک بەردەوامه و ئەقڵییەتی ناوەند خوازی و شۆڤینیستیی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و رێژیمە جیا لە نەتەوە و کولتووری باڵادەست، هیچ جێگایەکی بۆ ناسنامەکانی دیکە نابینێتەوە، ئەم ئەقڵیەتەی رێژیم وەها سیاسەتێکی به‌رهه‌م هێناوە کە تێیدا نه‌ته‌وه‌ی کورد وەک که‌مینه‌یه‌کی کولتووری- قه‌ومی پێشان دراوه کە دواجار دەبێ سەر بۆ سەروەریی کو‌لتوور و شوێنیزمی دەسەڵاتی زاڵ نه‌وی بکات. لە هەمانکاتدا لە ڕێگەی به ده‌وڵه‌تیکردنی تیرۆریزم و دنەدان و پاڵپشتیکردنی رێژیم لە دەستە و تاقمی ترۆریستی – جیهادی، بۆ دژایەتیی خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان، هەروەها دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، به خه‌یاڵی خۆی وای به دونیای ده‌ره‌وه نیشان داوه که ئیتر ئیرادەیەک نییە له هه‌مبه‌ریدا ڕابوه‌ستێت.
هەر بۆیە خەڵک و تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناچار بوون سەر لە نوێ بە هەموو شێوازێکی خەباتی ڕەوا، له پێناو بەرپەرچدانەوەی ئەم تاوانکاری و سەرەڕۆییەی کە رێژیم دەرهەق بەوان دەیکات و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ وڵامدانه‌وه به‌ئەم پێویستییه مێژوویی، سیاسی و کۆمهڵایهتییەی کە جوولانەوەکەمان ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا دەرباز دەبێ، دەست بدەنە قۆناغێکی نوێ لە خەبات تاکوو هاوتەریب لەگەڵ ئاڵوگۆرە خێراکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کە کاریگەریی راستەوخۆیان لە هاوکێشە سیاسییەکانی پێوەندیدار بە وڵاتە دیکتاتۆرەکانی ناوچەوە هەیە، بتوانن مافە نەتەوەییەکانیان دەستەبەر بکەن.
لەم نێوەدا شۆڤێنیزمی باڵاده‌ست لە ئێران، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی: کورد، تورکی ئازه‌ری، عەره‌بی (احواز) و به‌لووچ و تورکمان و…..، به مێتۆدی گه‌ف و هه‌ڕه‌شه، سووکایه‌تیکردن، هه‌ڵاواردن، سڕینه‌وه‌ی فیزیکی و تواندنه‌وه هه‌ڵسوکه‌وتی کردووه‌و چه‌مکی داگیرکاری له به‌ستێنی کرده‌وه‌دا پیاده کردووه. شۆڤێنیزمی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی لە ئێران بە هۆی کەڵەکە بوونی زۆری زوڵم و تاوانکاری له هه‌ڵدێران نزیك بووه‌ته‌وه و بە دڵنیاییەوە ئەگه‌ر هه‌روا درێژه به‌و سیاسه‌تانه‌ی بدات و به‌ره‌و دیمۆکراتیزه کردنی وڵات و قبووڵکردنی شوناسی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران هه‌نگاو هه‌ڵنه‌گرێت، دوور نییه له داهاتوودا وه‌کو عێراق و سووریه و وڵاتانی هاوچەشن، بێزاری و ڕقی پەنگخواردووی خەڵک بە روویدا نەتەقێتەوە و به‌ره‌و هەڵدێری رووخان و پارچه‌بوون ببات. راستی ئه‌و بۆچوونه‌ش لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ که ده‌بینین نەتەوە بندەستەکان رۆژ لە دوای رۆژ پاڵ دەدەنە شوناس و ناسنامەی خۆیانەوە و رزگاری دەکەنە ئاوێنەی وێستەکانیان.
پێویستە لە سۆنگەی ئەم راستییەوە خۆمان لەبەردەم ئەم پرسیارەدا ببینین کە گه‌لۆ باشترین وه‌ڵام بۆ ئه‌و رێژیمه‌ی كه خەباتی ناسنامەخوازی و ویستی رەوای خەڵک و چالاکیی مه‌ده‌نییانەی ئەوان به چه‌ك و سەرکوت وه‌ڵام ده‌داته‌وه، چییه؟ وڵامی ئەم پرسیارەش لێرەدا خۆی دەبینێتەوە کە دەبینین ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەوەیەکی نوێی پەراوێز خراوی وه‌زاڵه هاتوو سه‌ری هه‌ڵداوه كه ئیتر دەیهەوێ بە میکانیزمی هێز به‌گژ داموده‌زگای دیکتاتۆری و داگیركاریدا بچێته‌وه. نەوەی نوێی گه‌لی كورد هەوڵەکانی خستۆتە گه‌ڕ تاکوو وێڕای هەموو رەهەندەکانی خەبات، بەرگریی ڕەواش بکاتە یەکێک لە ئامرازەکانی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی ئینکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئه‌م به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ش، ڕەوایی خۆی له بێ مافی و بندەستیی گەلی کورد وەردەگرێ کە بە رێگای ڕاسانی رۆژهەڵاتەوە وەک کاریگەرترین سەنگەری به‌رگری و پاراستنی ئەوان، بووەتە ئادەرسی خەباتی دژی داگیرکەری رێژیمی ئێران. له‌م ڕووه‌وه ڕاسانی رۆژهەڵات و پێشمەرگە قارەمانەکانی، پێ ده‌نێنە گۆڕه‌پانی به‌رگریی ڕەوا، تاکوو شانبەشانی نیشتمانپەروەرانی کوردستان بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی داگیرکاری و سەرکوتی رێژیم و بۆ هێنانەدیی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیان بەجێ بگەینن. بەم چەشنە ڕاسانی رۆژهەڵات، ناونیشانی نەوەی نوێی خه‌باته‌كه ده‌یه‌وێ گیانێكی تازه ببەخشێتە تەڤگەری رزگاریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان.
لێرەوەیە کە ئیرادەی گەلی کورد بۆ گێڕانەوەی سەروەریی خۆی دەبێتە خەمێکی رۆژانە و هێزی پێشمەرگەش وەک یەکێک لە ئامرازەکانی بەرگریی ڕەوا بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرک راسان، دێتە مەیدانەوە تاکوو بە کۆمەڵگەی کوردستان بڵێ ئەوان لە بەرەنگاریی داگیرکەردا تەنیا نین، هەروها بە داگیرکەریش ئەم پەیامە بگەیەنێ کە هێزی پێشمەرگە ئەو قەڵا لە گیران نەهاتووەیە کە بە هێز و توانای لاوان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبێتە هێزی پارێزەری ئەمنیەت و دێمۆکراسی و بەها مرۆییەکانی خەڵکی کوردستان و شانبەشانی ئەوان تا سەرکەوتنی یەکجارەکی لە خەبات ناوەستێت.
بەم شێوەیە دەبینین ”ڕاسانی رۆژهەڵات” وەک پێویستییەک، لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دژ بە رێژیمی ترۆریستی ئێران کەوتووەتە بواری جێبەجێبوون و وێڕای ئەوەی کە تا ئێستا چەندین پێشمەرگەی قارەمان و بگرە ئەندامی رێبەری حیزبەکەشمان لەپێناو لێک گرێدانی خەباتی شار و شاخدا گیانیان فیدا کردووە و تا ئێستا بە دەیان خەڵکی تێکۆشەریش لەلایەن رێژیمەوە دەستبەسەر و حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپاوە، کەچی دەبینین بیرۆکەی ڕاسان و خەباتی رەوای گەلەکەمان رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێ و وێڕای هاوسۆزی بەرینی خەڵک، دەبینین پۆل پۆل لاوانی بێزار لە ژیانی کۆیلەتی و ژێر دەستی، بۆ بەشداری لە ڕاسان و خه‌باتی به‌رگریی ره‌وا، روو دەکەنە رێزی پێشمەرگایەتی تاکوو بەشی شانازی خۆیان لەم خەباتە رزگاریخوازییەدا بەرکەوێ و پشتیوانی لە خەباتی ناڕەزایەتیی جەماوەریی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دژبە رێژیمی داگیرکەری ئێران بکەن.
ڕاسانێک کە لەمەوبەدوا وەک قەڵایەکی لەشکان نەهاتوو، بۆ بەرەنگار بوونه‌وه‌ی هێماکانی داگیرکاری و سەرکوت لە کوردستان، لە رەهەندی جۆراجۆرەوە بەردەوام خۆی تەیارتر دەکات و بە پشتیوانی و پاڵپشتیی تاک و کۆمەڵگەی کوردستان بۆ رزگاریی نیشتمان و بڕیاردان لە چارەنووسیان، بەگژداچوونەوەی داگیرکەر و دەست و پەیوەندییەکانی لە کوردستان، لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم ڕاسانە دەبێت.
لێرەوە پێویستە روو بکرێتە کوردستانیان (ژنان، لاوان، چین و توێژ و پێکهاته جیاوازەکان)، ئەوانەی کە باوەڕیان بە سەروەری، کەرامەتی ئینسانی و ده‌سه‌ڵاتی دێمۆکراتیک هه‌یه، ئەوانەی ده‌یانهه‌وێ به خۆڕاگری و بەرەنگاریی بەرانبەر بە داگیرکەر، ژیانێکی ئازاد و به‌خته‌وه‌ریان هه‌بێ، روو بکەنە ریزی ڕاسان، ڕاسانێک کە بە پاڵپشتیی کوردستانیان چۆک بە کۆماری ئیسلامی و کۆیلەکانی داده‌دات.