"an independent online kurdish website

مێژووی خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی و سەربەستی وەک هەموو گەلانی دنیا کە خەبات و خوێنیان داوە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان پڕه له سەرکەوتن و شکست؛

dr-mahmud-osman 

جا کە ئەو شکستە لە ڕووی هەڵەی سیاسی یا نیزامی بێت لە مێژوودا تومار کراوە و ئاسەوارەکانی لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی وەکوو کۆسپێک دەمێنێتەوە و قەرەبووی هەندێک لەو شکستانە تا ئیستاش گەورەترین کۆسپی بۆ ڕەوتی سیاسەتی وڵاتانی جیهان و خودی نەتەوەی دروست کردووە و لەو پێوەندییەش‌دا زیاتر لە هەموو لایەنێک خودی نەتەوەی کورد باجەکە چ لە ڕووی ماددی و چ لە رووی مرۆیی و ئیرادەوە داوە و ئێستاش دەدات.

جیا لەوەیکە نەتەوەی کورد هەمیشە بۆ ئازادی و مافی خۆی شەڕی کردووە و دژی داگیرکەران وەستاوەتەوە، بەڵام زور جاریش هەلی زێڕینی بۆ ئازادی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە میژوودا لە دەست داوە کاتێک کە بریتانیا لە بڕیارێکدا ویستی شێخ مەحموودی نەمر بکات بە ڕێبەری دەوڵەتی کوردستان زۆر بە ئاسانی بە هۆی هەڵەیەک جا چ پێوەندی بە دۆخی فیکری و سیاسەتی ئەو کات هەبێ یا هەر هۆیەکی دیکە، ڕەوڕەوی مێژووی خەباتی کوردی بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و سەربەخۆیی درێژ کردەوە؛ یا وەک شەهید دکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە کتێبی مێژووی کورد لە سەدەی شازدەهەمدا باس لەوە دەکەت کە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، دوای ئەوەیکە وڵاتانی جیهان بەو ئاکامە گەیشتن نەتەوەکانی جیهان بکەن بە دەوڵەت، نەتەوەی کورد بە هۆی کێشەی سیاسیی نێوخۆیی ئەو دەرفەتە زێڕینەی لە دەست دا و تا ئێستاش کە سەدەی ٢١ـیه گەلی کورد بە هەموو حیزب و لایەنەسیاسییە جۆراوجۆرەکانی هەوڵ دەدات نیشتمانێکی سەربەخۆ پێک بێنێت کە حەشیمەتەکی ٤٠ میلیۆن کەسه.

باسکردن لە مێژوو بۆ تاوتوێکردن و خەسارناسییەکانی کارێکی زۆر سەخت و دژاورە چونکه مێژوو کەمترین بەڵگەی بەردەست لە خۆی جێ دێڵێت یا ئەگەر لە بەر دەستیش دابێت لە لایەن داگیرکەر یا کەسانێک ناسراوە کە بە دڵخوازی خۆیان باسیان لە ڕووداوەکانی کردووە، بۆیە هەڵگرتنی مقەستێک و بڕین و دورینی بە دڵخوازی خۆ، گەورەترین تاوانە دژ بە هەموو ڕێبەرانی جووڵانەوەی کورد، بەڵام ئەوەیکە نەتەوەی کورد هەمیشە قوربانی بووە بۆ یەک هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە ئەویش بەردەوام کورد لە معادلاتی سیاسی و ناوچەیی‌دا “فاکت = عامل” نەبووە بەڵکوو “دیفاکتۆ = غیرعامل” بووە.

لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو نمایشنامە سیاسییەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ دەستێوەردانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نووسیبویان و پیادەیان دەکرد، هەرێمی کوردستانیش بە هۆی کێشەی سیاسی و ئابووری و بە تەنیا مانەوەی هەرێمی کوردستان لە شەڕ دژی تێرۆر بەرپرسانی سیاسیی هەرێمی کوردستان مەسەلەی سەربەخۆییان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق هێنایە پێش کە لەو کات و زەمەنەدا وڵاتانی ناوچەکەی هەژاند.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان یەکەم مانگی وەرزی پاییزی ئەمساڵ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدەن و ئەوەش وەک هەمیشە کاردانەوەی دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیەی لێکەوتەوە و بەتایبەتی ڕێژیمی ئێران بە توندی دژایەتی خۆی لەگەڵ ئەو پرسە دەربڕیوە.

لەم پێوەندییەدا “ڕۆژنامەی کوردستان” ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لەگەڵ دوکتور “مەحموود عوسمان” سیاستمەداری ناسراوی کورد وتووێژیکی لە سەر پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و هەڵویستی ئەو دوو وڵاتە پێک هێناوە.

کوردستان: ئێوە وەکو سیاسەتمەدارێکی ناسراوی کورد سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ڕاتان چییە؟

و: ڕام ئەوەیە یەکەم ئەوەیکە ئەو ڕێفراندۆمە لەگەڵ هەڵبژاردن ئەنجام داربایە باشتر بوو، کە تۆ دوو جار خەڵک بەریە سەر سندوقی دەنگ دان دوو جار پارە سەرف بکەی ناحیەی نییە؛ یانی ناحیەی عەمەلی نیه وەکو بڵێین مەسەلەن ناڵێن هەڵبژاردن ٦/١١یە ئەویش ئەو وەختە بوایە باشتر بوو وابزانم ئەوە موهیم نییە؛ بەڵام وەکو پێش قەناحەتم وایە دوو شت پێویستە لەو مەسەلەی ڕێفراندۆمە دیارە، یەکێکی یەکڕیزی کوردە، یەعنی ئەو حیزبانە ئەو کورد و هەموو لایەک لە سەری ڕێک بن یەعنی تەئیدی بکەن هەموویان دژی نەبن بەیەکەوە بیکەن بە یەکەوە کۆمیتە دروست بکەن بەیەکەوە سەر پەرەستی بکەن، ئەمە گرینگە زۆر. بەڵام هێشتا ئەوە تەواو نییە دەبێت هەوڵ بدەن جێبەجێی بکەن. دووهەمین جۆره تەفاهومێک جۆرە هاوکارییەک جۆرە ڕێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ئێراق هەبێت چونکە لایەنەکانی دەرەوە هەموویان وا نیشان دەدەن ئەڵێن ئەمە یەک پارچەی تێک دەدا، ئەمە خالی عێراق لێک جیا دەکات و هتد… گەر تۆ بتوانی نەوعە تەفاهومێک لێک تێگەیشتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبێت لەو بارەیەوە هەتا ئەگە ئیتفاقیش نەبێت لێکتێگەیشتن بێ ئەو وەختە هیچ لایەنێکی دەرەکی ناتوانیت دژی بێت ئەڵێی ئەمە بەپێی دەستوورە و ئەمە لەگەڵ حکومەتی عێراق دایە، ڕیفراندۆمەکەش هەرێم دەگرێتەوە نیوەی تریش دەگرێتەوە نیوەکەی تریش لەژێر دەستی حکومەتی عێراقدایە دەبیت تەفاهومێکی لەگەڵ بکەی ئەم خاڵانە گرینگن دەبێت لە لابیگەریی دەرەوە و هاوکاری و باس کردن و تەبعەن دەبێت حیسابی ئێران و تورکیه بکرێت ئێران و تورکیا دژن تەبعەن و ئێران زیاتریش دژە لە تورکیه وە ئەگەر دژ بن و ئەوەبن ئەتوانن کێشەت بۆ دروست بکەن یانی وابزانم لێکۆڵینەوەیەک بێتی ئەبێت لە هەموو لایەنەکانەوە بە ڕێکی لێی بکۆڵنەوە، فکری لێبکەنەوە هەوڵی لێبدەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بێت یانی کێشەی نەبیت.

کوردستان: ئێستا بە پێی ئەو باسەی کە بۆخۆتان کردتان، ئەو هەڵوێستەی وڵاتانێکی وەک و تورکیه و بە تایبەت ئێران، هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت خۆی لەو معادلات و قەیرانەی کە ئێستا لە ناوچەدا هەیە بگونجێنێت؟

و: ئەوە ئەبێت لە بەرپرسانی هەرێم بپرسی ئەوانەی کە مەسئولن من مەسئولیەتم نییە، بەڵام من قەناعەتم وایە ئەبێت ئەو شتانە هەمووی بەوردی لێک بدەنەوە وە یەعنی لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ و هەموو لایەنەکان لێکبدەنەوە بۆ ئەوەی کە بوو تووشی کێشە نەبن.

کوردستان: دوکتور یەک پرسیار لێرەدا هەیە ئەوەیش ئەوەیە، خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر لەسەر ئەوەی قسان دەکەن کە قەیرانەکانی وەکو دارایی چارەسەر نەکراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئایا زەرفیەتی ئەوەی هەیە کە بتوانێ دوای بە دەوڵەت بوون وەڵامدەری سیاسی خەڵکی خۆی بێت؟

و: ئەوە زروف دەزانێت ئێستا مەسەلەن سبەینێ یەبیت بە دەوڵەت قەیرانی دارای هەر دەمێنیت، تەبعەن دەبێت هەوڵی بۆ بدەی لەبەر ئەوە ئەوانەی کە حیزبەکان لەگەڵ بارزانی کە کۆبوونەوە و بڕیاریان دا کە ڕێفراندۆم بکرێ وە ڕۆژەکەیان دیاری کردووە؛ کۆمیتەکانیان داناوە یەکێ لە کۆمیتەکان کە ئەویش قەرارە دابنرێ ئێستا تەواو نەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆیە مەبەستیان دارایی و قەیران و مەعاش و تا دوایی… یانی ئەوە ئەگەر هەوڵ بدەن دەبێت هەموو لەیەک هەوڵی تێدا بدەن دەبێت پێش ڕێفراندۆمیش وردە وردە خەریک بن لە سەری بۆ ئەوەی هاووڵاتی کێشەی کەم بێت، کێشەی نەبێت وە بتوانێت بە باشی لەو پڕۆسەیەەدا بەشدار بێت.

کوردستان: زۆرێک لە چاوەدێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە پرسی سەربەخۆی کە لە لایەن بارزانییەوە دێتە ڕوو تەنیا کارتێکی فشارە بۆ ویستەکانی خۆی دەنا سەربەخۆییان ناوێ یا بازییەکی لە پێش دۆڕاوە زۆر ڕێژیمی ئێران ئەوە تەئکید دەکاتەوە؟

و:نەخێر؛ خۆدی سەربەخۆیی هەموو کورد دەیهەوێت شتێکی باشە. بەڵام تەبعەن ئەمەی کە ئێستا دەکرێت ڕیفراندۆم هەر لە ئێستاوە دیارە کارتی فشار لە سەر حکوومەتی عێراق دادەنێت بە تایبەتی ئێمە کێشەکانمان لەگەل حکومەتی عێراقە بەڕاستی و حکوومەتی عێراقش دەڵێت نابێ ڕێفراندۆم بکەن خەتەرە و زەرەرە و هتد، لەبەرامبەر ئەوە دەبێت زیاتر لە کورد بێتە پێشەوە. ئەوەیان تەئسیری هەیە بەڵام بۆ ناوخۆی کوردستان بڕوا ناکەم ئەمە هۆکار بێت وا بڵیی بارزانی ئەمەی دورست کردبێ بۆ ئەوەی فشار لە سەر لایەنەکانی دیکە بکات شتی وا بە ڕای من وانییە رای من وایە ئەوەی کە باسی دەکات بڕوایان پێیە حیزبەکانی کەش هەموو بڕوایان پێیە یانی هیچ حیزبێک نەی گووتوە من دژم؛ هەموو لایەنەکان لەگەڵن بەڵام چۆنییەتی ئیشی یانی یەک دەڵێت دەبێت پارلمان کارا بکرێتەوە، یاسا دەرکات ئەوی تردەڵێت بێ یاسا دەبیت بۆ چۆنییەتی یانی میکانیزمی کارەکە ناکۆ کیان هەیە بەڵام خودی سەرەتای ڕێفراندۆمەکە هەموو حیزبەکان تەئیدی دەکەن.

کوردستان: ڕێژێمی ئێران بەتایبەت هەم وەزارەتی خارجییەکەی هەم خودی خامنەیی و ڕاوێژکارەکانی تازەگیش لە میدیای ڕەسمی خۆیان باسیان لەوە کردووە بابەتێکیان نووسیوە کە بنووسن دەوڵەتی کوردستان بخوێننەوە دەوڵەتی داعش ئەگەر چی هەڵوێستی زۆرێک لە خەلک و سیاسەتمەدارانی بیانی و بەتایبەت نەتەوەی کوردی لێکەوتووەتەوە ئێوە چۆن ئەو باسە شرۆڤە دەکەن؟

و: ئێران خۆی دژی کوردە و هەر شتێ کورد بیکا دژیەتی لە دیوی خۆی بێت یا لە دیوی ئەو بەری سنوور بێت تورکیەش هەر بەم جۆرەیە. ئەوە چاوەڕوان کراوە ئەوان ڕۆژێ دەڵێن ئیسرائیلیە ڕۆژێک دەڵێن داعشە و ئەوە خراپە تەبعەن هەڵوێستیان خراپە تەبعەن چونکە ئەگەر هەڵوێستیان لە بەرامبەر کورد باش بوایە لەگەڵ کوردی خۆیان باش دەبوون، لەبەر ئەوە چاوەڕوان کراوە لە ئێران ئەوە شتێکی تازە نییە بە ڕای من بەداخەوە هەموو جۆرە ناو و ناتۆرەیەک دەنێن لە هەر شتێک کە کورد بیهەوێ.

کوردستان: حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر چی بۆخۆیان هەرێمی کوردستان نیشتەجێن بەڵام هەڵوێستی پشتیوانی خۆیان لەو ڕێفراندۆمە دەربڕیوە ئێوە بە پێی ئەوە ئایەندەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چۆن دەبیننەوە یانی ئەوەی کە زۆرێک دەڵین ئەگەر سەربەخۆیی بکرێت حیزبەکانی ڕۆژهەڵات عەمەلەن ناکارا دەبن و ناتوانن شتێک بە نێوی شۆڕش لە نێو ڕۆژهەڵاتدا ئیدامە بدەن؟

باسی لەم جۆره بابەتە زوویه و سەرەتا دەبێ ببێت بە دەوڵەت، هێشتا زووە و ئەوە مەعلووم نییە، بە عەکسەوە ئێستاش ئێرە وەکو دەوڵەت وایە، چەکیش هەیە بەڵام دایمە تەبعەن ئەو حیزبانەی تورکیه بە تایبەتی حیزبەکانی ئێران ئەو کێشەیەیان دایمە هەبووە ئێستاش هەیانە یەعنی دەسەڵاتی هەرێم دەسەڵاتی ئەگەر بوو بە دەوڵەت و هتد هەمیشە ئەڵین ئەمە دەبێتە کێشە حکومەتەکان زەختیان لێدەکەن بڕوا ناکەم ئەوە شتێکی گرینگ بێت بەلای منەوە گۆڕانکاری وا نابێت و لەوانەیە باشتر بکرێت.

کوردستان: پرسیارێکی تر ئەوەیە کە ئایندەی کورد دوای پرسی سەربەخۆی بەرەو پۆزەتیڤ دەچێت یا بەرەو نێگەتیڤ؟

و: ئەوە هێشتا زووە بڕیاری لە سەر بدەین پێشەکی ئێستا ناتوانم نەزەرێک لەسەر ئەوە بدەم بەپێی پڕۆسەکەیە و چۆن دەبێ و کێ تەئیدی دەکا و کێ تەئیدی ناکات ئەوە گرینگە بۆیە جارێه هێشتا زۆر زووە کە بزانین ئەوە دەبێت یا نا.

کوردستان: وەکو پرسیاری کۆتایی ڕای ئێوە لە سەر داهاتووی کورد بەپێی ئەو قەیرانانەی لە ناوچەکە دایە و ئاڵوگۆڕەکان چۆنە؟

و: ئەگەر کورد لە بەینی خۆیان یەکگرتوو بێت داهاتوویان باش دەبێت، ئەگەر وەکو ئێستا بن داهاتوویان زۆر باش نابێت ئەوەی هەر حیزبە بە جیاواز هەر بۆخۆی و نه لە ڕووی نەتەوەییەوە نە لە ڕووی باشوور یەکن نە ڕۆژهەڵەت یەکە نە ڕۆژئاوا یەکەن مەعلوم بڕوا ناکەم چاوەڕوانی شتی موهیمی لێ بکەی دەبێ یەکگرتوو بی تەبعەن کورد فاکتۆرێکی گەورەیە و میللەتێکە تەقریبی چل ،پەنجا میلیوێنێکە زۆر زۆر باش دەبێت ئایندەیان بەڵام ئەگەر یەکگرتوو نەبن دوژمنیش دەوری گرتوون لە هەموو لایەکەوە بڕوا ناکەم ئەوەی دەیانهەوێت زۆر جێبەجێ ببێت.

وتووێژ: جەماڵ ڕەسوڵ دنخه

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی