Hoppa till innehåll
Hem » کوردبوون و ناسیۆنالیزم‎ "بەشی 2،3،4,5" هەڵۆ بەرزنجەیی

کوردبوون و ناسیۆنالیزم‎ "بەشی 2،3،4,5" هەڵۆ بەرزنجەیی

– ”ماهیەتی مۆدێرنیزم بڕواهێنانە بەوەی کە مرۆڤ بەوە دەگاتە خۆشبەختی کە بوونەوەرەکانی ناو جیهانی سروشت بکاتەوەbuni-netewey-kurd

بە مادەی سەرەتایی و دوای ئەمەش لەم مادە سەرەتاییە بەو شێوەیەی کە خۆی حەزی پێدەکات جیهانێکی نوێ و کۆمەڵە بوونەوەرێکی نوێ دروست بکات و ببێت بە خواوەندی ناو ئەو جیهانە نوێیە.ماهیەتی مۆدێرنیزم دروستکردنە”.(٢٠)

وەک ئاماژەمان پێدا مۆدێرنیزم دەکرێتە کارخانەی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی بوونەوەرەکان. مرۆڤیش بە خۆیی و مێژووەکەیی و خەسڵەتە سروشتییەکانییەوە، دەبێ ملکەچی مۆدێرنیزمە بێت و لە ژێر فەرمانیدا هەڵسوکەوت بکات و بیر بکاتەوە و بڕیار بدات، دەنا بەر نەفرەت دەکەوێ و فڕێ دەدرێتە دەرەوەی کایەی ژیانەوە. کەواتە مرۆڤیش بەو شێوە سروشتییەی ئافەریدە بووە، دەبێت وا لەخۆی ڕامێنێ و لە مرۆڤەکانی تریش، کەوا بە تێکڕا هەموو کەرەسەی خاون بۆ دروستکردنی شتگەلێک بەدەستی خالقێک بە ناوی مۆدێرنزم. ساتەوەختێ مرۆڤ بەو هەموو پەنهان و نهێنیی و شتە سەرسوڕهێنەرەکانی هەیەتی، دەستبەداری ئەو هەموو خەسڵەتە سروشتی و وزە گەورە و نهێنییە شاراوەکانی توانا و لێوەشاوەیی و داهێنانی خۆی دەبێت، خۆی وەک مادەیەکی سارد و رەق و تەقی ئامادە بۆ بەکارهێنان دەبینێتەوە. بەراستی ئەمە هیچ نییە،جگە لەوەی بوونەوەرێکی وەک مرۆڤ لە مرۆڤ بوون دەخرێت و دەیخەنە خانەی ماددەوە،هەر لەبەر ئەوەی تیۆرییەکەی ئەوان وای داناوە و تەڕدەماغی نووسەرەکەی وای پێ خۆش بووە. زوڵمی وا قورس و گەورە و گران لە هیچ کایەیەکدا لە مرۆڤ ناکرێ، وەک ئەوەی بە ناوی تیۆرییەکانی مادی و مۆدێرنیزمەوە لە مرۆڤ دەکرێت. ئەمە بە کۆیلەکردنی مرۆڤە بۆ ئاستە هەرە نزمەکەی و هەرکەسێ ئەمە پەسەند بکات، وا لە موڵکایەتی و تایبەتمەندێتی خۆیدا دەستبەرداری مەزنایەتییەکی گەورە دەبێت.. ئالێرەوەیە نووسەر د. عرفان، دەچێتە ناو باسگەلی دروستکردنی نەتەوەکانەوە، بە پێی ڕوانین و سیستەمی بیرکردنەوە و کارکردنی مۆدێرنیزم. چونکە گەر نەتەوە لە کۆی چەندین مرۆڤ پێکهاتبێ. وا ئەویش مەحکومە بە یاسای کەرەسەی خاو و ماددە، بۆ دروستکردنی شتگەلێکی نوێ، بەدەستی وەستاکانی مۆدێرنیزم.. ئەمەش چەقی ئەو باسانەیە، کە دەبنە کرۆکی ئەم بەرهەمە و لە لاپەڕەکانی داهاتوودا تاوتۆیان دەکەین.

مۆدێرنیزم بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی خۆی، بەو دەسەڵاتە ماددیی و مۆڕاڵییانەی ها لە پشتییەوە، وا دەیەوێ هەموو بووە سروشتییەکان، سەرلەنوێ وەک کەرەسە و مادە(هیولا)یەکی خاو، تێهەڵشێلێتەوە و بە پێی ئارەزوو و مەرام و قاڵبەکانی خۆی، لە فۆڕمی نوێدا دایانڕێژێتەوە. و شێوەگیریان بکات.. بە کورتی (ماهیەتی مۆدێرنیزم) کارخانەی دروستکردنە، دروستکردنێک کە هاوئامانجی ڕەوتەکەی خۆی بێت. بە واتایەکی تر، ئەرک و بایەخی مۆدێرنیزم بریتییە لە: داماڵینی خەسڵەت و تایبەتمەندییە سروشتییەکان، لە مرۆڤ و نەتەوەکان و بووە خۆڕسکەکانە و کردنیانە، بە کەرەسەی پێداویستی سازدان و داڕشتنی ئایدیای نوێ!. ئەمەش گەورەترین هەڕەشە و سووکایەتییە لەسەر چارەنووسی مرۆڤ. مرۆڤی کورد بەتایبەت، کە خاوەنی هیچ شتێکی خۆی نییە. یان هەیە و لێی زەوت کراوە و لێی دزراوە و لێی شێوێندراوە.

” هەر مرۆڤێک یان هەر میللەتێک خۆی بە مادەیەکی رەق و تەق نەزانێ و قبووڵی ئەوە نەکات ئەم خواوەندە بوونی پێ ببەخشێت و وا بیربکاتەوە کە سیستەمی بوون پەرەسەندنەکەی لەناو خۆیدایە، ئەوە هەتاهەتایە لە دۆزەخی مادە و رەقوتەقەکان بۆ خۆی دەمێنێتەوە و نابێت بە هیچ”.(٢٢)

هەروەک نووسەریش ئاماژەی پێداوە، مارکسیزم قۆناخەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵگای بە: دەرەبەگایەتی، سەرمادایەری و دوا قۆناخ کۆمەنیزم، دەستنیشان و ناوزەد کردووە. هاوسات مۆدێرنیزمیش بۆ قۆناخی: ڕاووشکار، کشتوکاڵی و دوا قۆناخ پیشەسازی دابەشی دەکات. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە نەتەوە، وەک بوویەکی ئەقڵی و سروشتی، لەم دوو تیۆریی و قوتابخانەیەدا، کە هاومەبەستن و کەموزۆر لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە، دیاردەیەکی نەگریس و هەڵتۆقیوی سەردەمێکی نەهامەتییە. لای یەکەم ، زادەی قۆناخی دەرەبەگی و لای دووەم بووەیەکی ناو کۆمەڵگای کشتوکاڵییە. ئەم دیاردە کاتییە، لە قۆناخی کۆمەنیزم و پیشەسازیدا، بەسەر دەچێت و نامێنێ. لە کاتێکدا گەر بێت و لە وڵاتێکی وەک شورەوی جاران بڕوانین، دەبین ئەو دەسەڵاتداڕێتییە، گەیشت بە دوا قۆناخی پەرەسەندنی خۆی و کەچی نەتەوەکانی بندەستی، هەرگیز دەستبەرداری بوون و هەبوون و تایبەتمەندییەکانی خۆیان نەبوون. لە چرکەساتی کرانەوەی ناسراو، بە پێرۆسترۆیکا و گلاسنۆسدا، هەموو ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بڵندکردەوە و سنووری دەوڵەتیان کێشا و دیاری کرد.

هەروەها ئەوە دوو سەدەیە، ئەوروپا بە قۆناخی پیشەسازی و دواپیشەسازیشدا تێدەپەڕی و ڕەنگە بەجێیشی هێشتبێت، کەچی تازە بە تازە، گوێمان لە هاوار و ناڵەی نەتەوەکان دەبێت، بۆ تایبەتمەندیی بوونی نەتەوەیی و قەوارەی سەربەخۆ. بەنموونە، کاتالانی، سکۆتلەندی، باسک و ئیرلەندییەکان… هتد. لەتەک هەموو هەوڵەکانی ئەم هەژموونەی مۆدێرنیزمدا، بۆ کەوی و ماڵیکردنی خەسڵەت و بووە سروشتییەکان، هێشتا نەیتوانیوە مرۆڤ و نەتەوەکان لەقاڵب بدا و چوارچێوەبەند بکات، بەو شێوەیەی تیۆرە مۆدێرنیزمەکە مەبەستێتی و کاری بۆ دەکات. چونکە ئەوەی ئەو دوو تیۆرە گەرەکیانە ئامانجێکی گڵاوی سیاسییە، زلهێزەکانی دنیا لە سەری کڕ کەوتوون و لە بەرەکەی دەخۆن و لە سایەیدا حەساونەتەوە. کەواتە مرۆڤ و نەتەوەکان، بوویەکی زۆر ڕەسەنترن، لەو چوار خەت و خاڵەی بیریارێک کێشاوێتی و گەرەکێتی خوێندنەوە بۆ مێژوویان بکات، لێ لە پشت پەردەی ڕەش و بەدەم ژەهری ئایدۆلۆژیا و مەبەست و گومانی ناپەسەندەوە خواست و ئامانجی دیکە خراوەتە بەرنامەوە.

مەسعوود محەمەد دەڵێ:

<< بیریاری مادی تەقلیدی لە مەسەلەی گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا بێ ئەوەی پێوەی دیار بێ، کە هەست بەخۆی دەکا دوو جاران دژی دوو ڕاستی هەرە گەورە هەڵەدەچەقێ: جارێکیان: کە دێ لەگەڵ دان هێنان بە گۆڕان و بەرەوپێش چوونی مرۆڤدا داوامان لێ دەکا بسەلمێنین گۆیا دەستوورەکانی ئەو دۆزیویەتەوە بۆ بەرەوپێش چوون دەستووری ئەبەدین و شەقامە ڕێی ئەوپەڕی گۆڕانن، ئەمەش خۆی لە خۆی دا دژی گۆڕان و بەرەوپێش چوونی بەردەوامە چونکە کۆمەڵایەتیمان لێ دەکاتەوە بە کیمیا و فیزیا کە دەستوورەکانیان ئەبەدین، دژی ڕاگەیاندنەکانی خۆشیەتی لەوەدا کە گۆڕان بە شتێکی ئەزەلی و ئەبەدی دادەنێ بەڵام دەستوورە قاڵب بەستوەکانی خۆیشی ئەزەلی و ئەبەدی دادەنێ بەڵام دەستوورە قاڵب بەستووەکانی خۆیشی بە ئەبەدی لە قەڵەم دەدا، ئینجا خۆیشی دەکاتە مامۆستای زانا و فەیلەسووف و رابەری دوارۆژ بە هۆی ئەبەدی بوونی نەزەریەکەیەوە کە ئیتر هەموو مامۆستایەکی دوارۆژ هەر قوتابی دەبێ و هەموو بلیمەت و زانا و هونەرکارێکیش کاوێژکەرەوەی بەرماوەی فکری ئەو. عەجایب! هەر لە ئێستاکەوە خەڵق ڕازی نییە بە مامۆستایی ئەو کەچی هەر خۆی خۆی تەعین کردووە بە مامۆستای قالوبەڵا… جاری دوەمیشیان، لەوەدا کە دێ بەشێکی گرنگی خاسیەتە بەردەوامەکانی مرۆڤ دەباتەوە بۆ عامیلە نابەردەوامەکەی جۆری گوزەران وەک ئەوەی مرۆڤ بەتەواوی ئاوێنەیەکی بێ ئیرادە و بێ خواییشتی دەروونی و بێ ڕق بوونەوە و بێ خۆش ویستن و ترس و تەما و ئومێدی تایبەتی ….و… و…بێ کە هەر دەبێ تیشکی ئەو هاندەرە مادییە یەکسەرانە بداتەوە کە دەوریان لە لەشی داوە>>.

د. عرفان بە وردیی و بە دیقەتەوە تاوتوێی ئەم پرسگەلە دەکات و پشووودرێژانە ،لەسەر باسەکەی دەڕوات و دەنووسێ:

”نەتەوە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە لە کۆمەڵە مرۆڤێک،مرۆڤیش بە ئەسڵ بوونەوەرێکی سروشتییە و بوونەوەرێکی دروستکراوی دەستی ئەم خواوەندە نوێیە نییە،هەر شتێک لە بەشدا سروشتی و زیندوو بێت،لە گشتیشدا سروشتی و زیندووە،ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ نەتەوەش بوونەوەرێکی زیندوو و سروشتییە، چونکە پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵە مرۆڤێکی زیندوو و سروشتی،بۆیە بۆ تێگەیشتن لە ئایدیاڵی نەتەوە و سیستەمی بوون و پەرەسەندنەکەی هەر دەبێت لە بوون و پەرەسەندنی ئەو کۆمەڵگایە رامێنین کە بووە بە نەتەوە”.(٢٢ ـ٢٣)

ئیدی لەم میانەدا، دوای هەست پێکردن و ناسین و دیاریکردنی نەتەوەی دروستکراو و زیندوو و سروشتی، دەگەین بە دووجۆر تیۆری جیاواز و پێچەوانەی یەکتر{{تیۆری مۆدێرنیزم و تیۆری فەلەسوفانی ئەڵمانی}}.

نووسەر، کتێبەکەی بە هەوڵێک بۆ تێکشکاندنی ”مۆدێرنیزم”دادەنێ. شکاندن بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێسا و یاسایانەی، کردوویەتە پێوەر و نۆرم، بۆ کار پێکردن و ناونانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی مەیدانی نەتەوە و دەرکەوتەکانی دیکە. ڕووخاندنی بە شێوەی داڕمانی کۆشکی خەیاڵی ئەوانەی بە شەوارەی مۆدێرنیزم کەوتوون. هەڵوەشانەوە و ڕووخانی ئەو دیوارانەی لە بەردەم ئاسۆی بیرکردنەوەمان دا بە ناسروشتی و بڕەک بە زۆرداری هيڵچنراوە. ڕاماڵینێکی ئەو تەمومژەی ڕێی لە دید و بینینمان گرتووە. بنبەستکردنی ئەو لاڤاوی نەزانییەی بۆ لوولدانی هەموو بەها سروشتییەکان،خراوەتە گەڕ. لەم کارەشدا پشت دەبەستێ، بە میتۆدە زانستییەکانی مێژوو و سروشت، فەلسەفە و واقعی بوون و کۆمەڵایەتی ، کە لە واقیعی سروشت و ژیان دا هەن و وەک تەن و بوونێکی سروشتی نەمر و نەگۆڕ بەرجەستەبوون.

بەهای ئەم رەنجە گەورەیە، لە هەڵتەکاندنی مۆدێرنیزمدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دەرگا و پەنجەرەیەکی دیکە بە رووی ئاسۆی تێڕوانین، لەمەڕ پرسی کوردەوە، واڵا دەکات و دەرفەتێکی ساز کردووە، بۆ سەرلەنوێ قوڵتر بیرکردنەوە و بەدیقەت ڕوانین، لە پرسی خود و کوردناسی. بۆ دەستپێکێکی نوێی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە بنەما و ڕیشە و ڕەهەندەکانی (کوردبوون).

بەشی سێیەم…

ـ بەشی یەکەم : بیرۆکەی نەتەوە لە نێوان عەقڵ و واقیعدا

نووسەر، پێناسەیەکی گشتی نەتەوە لە بۆچوونی باوی مارکسی و فەلسەفە، بە تایبەت فەلسەفەی ئەڵمانی دا دەکات . لەم دەروازەیەوە دەچێتە نێو باسەکانەوە قسە لەسەر کۆمەڵگا و ژیان و تا دەگاتە ئەوەی باس لە چۆنییەتی سەرهەڵدانی نەتەوەیە دەکات . لێرەشدا دوو رێگا دەخاتە بەرچاو:

یەکەم: رێگەی باو و بەرفراوانکراوەکە،کە لە ناواخندا مەبەستی مۆدێرنیزمە!.

دووەم: رێگای فەیلەسووفانی سەدەی ١٩ی ئەڵمانیا.

کرۆکی باس ئەوە نییە مریشک لە هێلکەیە یاخود هێلکە لە مریشک، بەڵکو سەراسۆییە بەدوای ئەو ڕاستییەدا، کە ئایا نەتەوە بووەیەکی دەستکردە و وەک ئامێر و شتگەلەکانی دیکە، بەرهەمی دەستی مرۆڤە و مرۆڤ لە ڕێگەی ئەو بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیای باوەڕی پێیەتی و ئەو سیستەمەی دروستی کردووە، نەتەوەی هێناوەتە کایەوە؟. دەورووبەری مادیش کەرەسە و لانک و هۆکاری دروستبوونەکەیە؟. گەر ئەمە ڕاستی و دروستی هەبێت، حوکمێکی قورس و گران، بەسەر مرۆڤ دا وەک بوونەوەرێکی سروشتی دەدرێ. ئەمەش بیروڕا و ڕوانگەی دەستەی یەکەمە،و هەڵگرانی بیری مارکسیش، هاوڕان لەسەر ئەم بۆچوونە.

دەستەی دووەم، نەتەوە بە بوویەکی عەقڵی دەبینین، کە پێشوەخت لە عەقڵدا، بە سروشتی ئامادەیی هەیە، یاخود لەناو بیردا هەیە، پاشان بە ڕەوتێکی سروشتی خۆی نمایشت دەکات. لەم ڕوانگەیەوە بووە سروشتییەکان لە عەقڵدا هەن و دوایی خۆیان شێوەگیر دەکەن. گەر ئەقڵ و هۆش و بیر نەبێ، کە هەر هەموویان لە مرۆڤدا بەرجەستەبوون و هەن، وا سەرلەبەری دنیا مادییەکە ناتوانێ بووەیەکی بە سروشت بووی وەک مرۆڤ/ نەتەوە، دروست بکات.

مەسعوود محەمەد،ئاوا پەسنی گرنگی و کاریگەری مرۆڤ دەکات و دەڵێ:

<<” من کە دێم باسی مرۆڤ دەکەم بە هەموو عەیب و عاریەوە لە پێشەوە سەلماندوومە و لە خۆم کردووە بە ئایین کە مرۆڤ هەرچەند لە پلەی زێدە کز و بەرەژێری تێگەیشتن و بە خۆنازین و ڕەفزی بەندەییدا بێت دیسانەوە هەر خۆی تاکە کاریگەری مێژوو و کۆمەڵایەتییە و بێ ئەو ڕووت و ڕەجاڵەی کە جارێکیان دەبێتە میری سەربڕ و جارێکیشیان پێڵاوی ئاغا و شێخ و ڕابەری سیاسی ماچ دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە چرای زانست و داد و شەرافەت هەڵدەگرێت،بێ ئەو مەخلووقە هەرچی سروشت هەیە گیانی شانازی و نرخی بەرز و ئیبداع و دۆزینەوە و داهێنان دەدۆڕێنێت و دەبێتە قەپیلکێکی حەتاڵ و بەتاڵ،بێئاگا و بێنیاز..مرۆ ئیعجازی هەرە هەرە هەرە گەورەی چەرخوفەلەکی نۆ نهۆمی کۆنینە و فەزای بێسنوور و بڕانەوەی سەردەمی زانست و تەکنیکە.(هەتا دەمی ئەم نووسینە قسەکەم بەڕاستی موتلەق دەزانم،ئەوجا ئەگەر لە دوارۆژدا ئیعجازی گەورەتر پەیدا بوو،واتە دۆزرایەوە،ئەوسا قسەکە دەگۆڕێت بە هێنانە خواری پلەی مرۆڤ لە ژمارە یەکەوە بۆ ژمارە دوو>>.

ئیدی ململانێ و دیالێکتیکی یەکەمایەتی نێوان مرۆڤ و دەورووبەر، و ڕۆڵ و کاریگەرێتییان، لە بەردەمماندا خۆی قووت دەکاتەوە. فەیلەسووفانی ئەڵمان ڕۆڵی سەروەریی و گرنگیی و یەکەمایەتی دەگێڕنەوە بۆ مرۆڤ و عەقڵەکەی.

نووسەر بە وردی و بە دیقەتەوە لە دووتوێ ٦١٥ لاپەرەدا، بە تانووپۆی ئەم باسگەلەدا دێتەخوارێ،تا وێنە جوان و دروستەکەی مرۆڤ/نەتەوەمان بۆ دەکێشێ و پێشکەش دەکات.

ـ کۆمەڵگای پیشەسازی وەک زەمینەی سەرهەڵانی بیرۆکەی نەتەوە

کۆمەڵگای پیشەسازی، وەک زەمینەی سەرهەڵدانی بیرۆکەی نەتەوەیە..خاوەنی ئەم بیرۆکەیە، ئیلی قەدووریElie Kedourie، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئیکۆنۆمی لەندەن،کاتێ ساڵی ١٩٦٠، کتێبەکەی بەناوی نەتەوەخوازییەوە بڵاودەکاتەوە،دەنووسێ:

”نەتەوەکان بوونێکی سروشتییان نییە و بوونێکی دروستکراویان هەیە و مێژووی دروستکردنەکەشیان لە دوو سەدە تێناپەڕێت،واتە بەر لە سەرهەڵدانی مۆدێرنە و کۆمەڵگای پیشەسازی بوونیان نەبووە”.(٣١ )

دوای ئەویش دیارترین کەسانێک، کە هەمان رێچکە دەگرنەبەر (ئێرنست گێلنەرErnst Gellner و ئێریک هۆبزباومErich Hobsbawm، ئەنتۆنی سمیس Anthony Smithو بێنەدیک ئەندرسۆنBenedict Anderson)، ئەمانە لەژێر کاریگەرێتی مارکسیزمدا، تێڕوانینی خۆیان لەمەڕ نەتەوە داڕشتووە.

ئەگەرچی لەم بەرهەمەدا ناویان نەهاتووە،لێ کارە زەبەلاحەکانی دوو بیرمەندی ئەم بوارە Deutsch& Miroslav Hroch Karl.W. دەکەونە هەمان بازنەوە. هڕۆش، خاوەنی کۆمەڵێ لێکۆڵینەوەی دیارە،لەم مەیدانەدا و لە دنیای ئیمڕۆی کارە ئەکادیمییەکاندا،لە ریزی پێشەوە دادەنرێ. توێژینەوەکەی لەسەر بزوتنەوەی نەتەوەیی لە ١٢ وڵاتی ئەوروپاییدا کردووە و بەسەر ٣ قۆناخدا دابەشی کردوون: گروپە ئێتنیکییەکان، ناسنامەی نەتەوایەتی و نەتەوەخوازی تایبەت. دۆیچیش یەکێکە لەو زانستکارانەی لە دنیای ئیمڕۆدا،بایەخێکی زۆر بۆ کارەکانی دادەنرێت. قورسایی کارەکانی لەسەر نەتەوە بە کۆمۆنیکاسیۆنی ئاڵوگۆڕی پێوەندی کۆمەڵایەتییەوە گرێ دراوە. ئەمەش لە ڕێگای قۆناخەکانی سازدانی جڤاتی،توانەوەی کولتوری و خۆگونجاندنی/ ئینتەگراسیۆنی سیاسییەوە دێتە دی. باوەڕی وایە نەتەوە گەلێکە، کە خاوەنی دەوڵەت بێت. سەرەتا دەستە و گرووپی هەڵبژاردە، شاعیر و نووسەران و مێژوونووسان، سەرمەشقی مەسەلەی تێکەڵبوونە کولتورییەکەن و پاشان رێکخراوە بچووکەکان دێنە مەیدانەوە و درێژە بە پرۆسەی نەتەوەسازی دەدەن. هاوشانی ئەمانە،لە رێگەی بڵاوکردنەوەی سیمبۆڵ و هێما نەتەوەییەکانەوە، وەک سروودەکان، پەرە بە کارەکان دەدرێ و دواتر جەماوەر و منداڵان لە رێگای گرووپ و ماسمیدیاوە، دەخرێنە گەڕ. بەم پێیە نەتەوەسازی بە ئەنجام دەگات.

بە گوێرەی تیۆری گێلنەر، نەتەوە لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا دروست دەبێت. لای ئەندەرسۆن، کۆمەڵگایەکی فەنتازیاکراوە و ڕامان دەکرێت. نەتەوە تەنها لە مێشکدا بوونی هەیە، سەرەڕای ئەوەی ئەندامەکانی هێشتا یەکتر ناناسن و نەیانتوانیوە یەکتر بناسن، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕامانەیان بۆ کۆمەڵگا هەیە. ئەندەرسۆن پێی وایە، سیستەمی کولتوری کە لەسەر ڕەگوڕیشەی کولتووری ساز دەبن، لە ئاکامی هۆشیارییەکی نەتەوە دەخوڵقێت. ئەمەش لە ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگای ئایینی و بنەماڵەییەوە، بەتایبەت ئایینە گەورەکان لە سەدەی ناوەڕاست دا، ململانیی لەسەر ئینجیل و قورئان یاخود زمانی لاتینی و عەرەبی بووە.

نەتەوە هەر بە تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی فۆڕمە کۆمەڵایەتییە کۆنەکە”بنەماڵە و ئایین” دروست نابێ، پێویستە دەستاوێژی تر بێتە ئاراوە، بۆ بڵاوکردنەوەی نەتەوەی وێناکراو، لە ڕێگای رۆژنامە و رۆمان نووسین و بە گشتی چاپەمەنییەوە. کاپیتالیزمیش زەمینەی چارەنووسسازی نەتەوەیە و فاکتی گرنگی نەتەوەخوازییە. ئەندەرسۆن ئاماژەیەکی گرنک دەکات و پێی وایە ناسیونالیزمی ئەمریکایی ئایدیال و سەرمەشقی ناسیونالیزمی ئاسیایە. لە ئەوروپاش دەرئەنجامی شەڕ و داگیرکاری ناپلیۆن و فەرەنسا، نەتەوەخوازی سەری هەڵدا. لە ئەمریکا، لە ئەنجامی شەڕەکانی سەدەی ١٧ و ١٨، نەتەوەکان لەسەر بنچینەی زمان و کولتور لە یەکتر جودابوونەوە و سنووریان بۆ خۆیان کێشا.لەم کیشوەرە،چینی ناوەندی هەڵگری نەتەوەخوازی نەبوون، بەڵکو دەستەبژێرێک ڕابەربوون. لەسەدەی ١٨ دا، نێزیک بە ٢٠٠٠، هەزار رۆژنامە،کە ٥٠٠ سەدیان لەوکاتەدا تەمەنیان ١٠ ساڵ زێتر دەبوو، ڕۆڵی سەرەکی لەم پرۆسەیەدا گێڕاوە. لای سمیسش بەردەوامێتی ئێتنیک و کاریگەرێتی ڕەواجدارە.

د. عرفان بیروباوەڕەکانی گێلنەر، وەک دیارترین کەسانی ئەم گرووپە هەڵدەبژێرێ و دەیکاتە نوێنەری، هەموو ئەوانی دیکە و بە چڕیی و خەستی لێیان دەدوێ و لە راستیشدا ئەم باسگەلە و بیروڕاکانی گێلنەر تا دوا لاپەڕەکانی ئەم بەرهەمە، هاوشانی باسەکان، ئامادەیی هەیە و، نووسەر هەڵیان دەسەنگێنێ و لەسەر تێزەکانی ڕادەوەستێ. گێلنەریش وەک مارکس، قۆناخەکانی گۆڕانی کۆمەڵگای ڕیزبەند کردووە. قۆناخی پیشەسازی، دوا وێستگەی گۆڕانە و لێرەدا هەلومەرجی پێویست بۆ دروستکردنی بیرۆکەی نەتەوە دەخەمڵێ، لە ڕێگای خستنەکاری نەتەوەخوازییەوە.

بە پێی هیپۆتێزەکانی ئەم خاوەن تیۆرییە، ناسیۆنالیزم دەستاوێژ و هۆکاری دروستکردنی نەتەوەیە. لەمەشدا چاوپۆشی لە بوونی سروشتی و واقیعی نەتەوە دەکات و ئەو مێژووەش لەبەرچاو ناگرێ، کە زۆر پێش سەردەمی پیشەسازیش، نەتەوە هەر بە سروشتی هەبووە.

مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێ:

<< بەهەمەحاڵ دابڕینی فکر لە واقیع کەڵک لە فکرەکە دەبڕێ و وای لێ دەکات بچێتە ریزی دامە و شەترەنج کە زانین و نەزانین لە سنووری خۆیدا دەمێنێتەوە و هیچ شتان بە ئیسپات ناگەئەنێت و هیچ روون ناکاتەوە و هیچ درۆیان لە کەس سپی ناکاتەوە،هەر هیچ ناکات>>.

” کۆمەڵگا پیشەسازییەکان کە کۆمەڵگای نەتەوەیین، بەرهەمی تەقلیدکردنەوەی واقیعێکی داهێنراو و نوێن،ئەو واقیعە داهێنراوە نوێیەش بەهۆی ئەو ئامێرە نوێیانەوە هاتووەتە ئاراوە،کە کۆمەڵە کەسێک دایانهێناون و کەسانێکی تر پەرەیان پێداون و کردوویانن بە کۆمەڵە ئامێرێکی ناو بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییە مادییەکان”(.٤٠)

لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا،کۆمەڵێ گرووپ هەن،نووسەر بەم جۆرە دابەشیان دەکات:

ـ ئامێرخوڵقێنەرەکان..ئەوانەی لە رێگای مەعریفە و ئەقڵەوە بۆ یەکەمجار ئامێرەکانیان داهێناوە.

ـ ئامێر سازەکان…ئەوانەی بە لاساییکردنەوەی گرووپی یەکەم،دەتوانن تەنیا ئامێرەکان دروست بکەن.

ـ ئامێر بەکارهێنەرەکان..ئەوانەی ناتوانن داهێنان و سازکردنی ئامێر بکەن،لێ بەس دەزانن بەکاری بهێنن.

لای کۆمەڵگا ئیسلامییە تەقلیدییەکان،ئاکار جێی ئامێر دەگرێتەوە و هەمان کار ئەنجام دەدات. واتە داهێنان و سازکردن و بەکارهێنان، لە ئاکاردا پێڕەو دەکرێ.. ئاکار خوڵقێنەرەکان، ئەو کەسانەن لەسەردەمی موحەمەد دا ئاکارێکی نوێیان خوڵقاندووە، کە پێشتر نەبووە.ئەمانە هەر خوڵقێنەر نەبوون، شێوەگیرکەر و سازکەری ئەو ئاکارەبوون لە ژیانی رۆژانەدا. ئاکارسازەکان: ئەوانەن یاسا خولقاوەکان بە پرۆسەیەکدا دەبەن شیاوی لاسایکردنەوە و کۆپیکردن بێت. ئاکار جێبەجێکەر، لەشکری جێبەجێکەر و پێڕەوکەری یاسا خولقاوەکانن. جیاوازی ئەم دوو کۆمەڵگایەش ئەوەیە:

یەکەم،کۆمەڵگای پیشەیی یە. دووەم، کۆمەڵگایەکی ئاکاری یە.

بەشی چوارەم

ـ بیرۆکەی نەتەوە لە نێوان کەلتوری پیشەیی و کەلتوری ئاکاریدا

هەوڵی ئەم کۆمەڵە بیریارە، یاخود دیدی ئەم قوتابخانە هزرییە، کێشمان دەکاتەوە بۆ ناو ململانیی نێوان مادە و هۆش. ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە،بوونی نەتەوە، لە واقیعدایە و چ پەیوەستیەکی بە فکرەوە نییە. یاخود دەوروبەر و واقیع و کەرەسە و ئامێرەکان ئاغان و ئەوان پێویستی هەر شتێکیان بە گرنگ زانی، بڕیاری دروستکردنی دەدەن. لەمەشدا هەڵکەوت و بەها و گرنگی مرۆڤ و هزر و هۆشی دەخەنە، خانەی فەرامۆشیی و ناکاراییەوە و چ هەژمارێکی لەسەر هەڵناچنن. مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێ:

<< دەمەوێ بزانین لە تەفاعولی مرۆڤ لەگەڵ سروشت کە بنەمای هەموو ژیان و بەرەوپێشچونێکە ئایا کاریگەری یەکەم مرۆڤەکەیە یا مادەکە؟ ئایا مرۆڤ کە دێت و دەچێت و ڕاو دەکات و دەچێنێت و نەوت دەردەهێنێت و فڕۆکە بەرەو بڵندایی دەبات و بۆ بنی دەریا قوڵ دەبێتەوە و فابریقان دادەنێت و هەنگوین لە هەنگ دەستێنێت و هێزی ئاو و با و کارەبا و ئاتۆم بەکار دەهێنێت و مرۆڤی دیکە دەکوژێت و دەیگرێت و دەیفرۆشێت و(دەشی لاوێنێتەوە)و ملیۆنەها شتی چاک و خراپ و نەچاک نەخراپ دەکات خۆی کارتێکەر و کاریگەر و ئیرادەتمەندە یاخود بووکەشوشەیەکی کۆک کراوە بەدەست ئەو شتانە و ئەوان کارتێکەر و کاریگەرن مرۆڤیش کارتێکراو و بێ ئیرادەیە؟>>.

دوای ئەم خاڵە، نووسەر بەدوای بیرۆکەی نەتەوە لە نێوان کەلتوری پیشەیی و ئاکاریدا دەچێ.

” کەلتوریی پیشەیی ئەو کولتورەیە کە هەریەک لە ئێمە پێویستە فێری بێت تا کارێکی لەناو کۆمەڵگادا دەست کەوێت و لە ڕێگەیەوە بژێوی خۆی دابین بکات”.٤٧

لێرەشدا درێژە بە باسەکە دەدا و نەتەوە بەرهەمی کەلتووری پیشەییە، نەک ئاکاری. هەموو هەوڵ و تەقەلایەک دەدرێ بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە. دیدی قوتابخانەکەی گێلنەر، ئەوەیە کۆمەڵگا کشتوکاڵییەکان، فرە کەلتوورین لە رێگای بوونی دەستەوتاقمی جیاواز جیاوازەوە، کە بەسەرخۆیاندا داخراون و جیاوازییەکانی نێوانیان زەقە. ئەم گرووپانەش بە سانایی دەستبەرداری تایبەتمەندییەکانی خۆیان نابن. لێ لە وێستگەی دواتردا، قۆناخی پیشەسازی، چ جیاوازی و تایبەتمەندییەک، لای کەس و گرووپەکان نامێنێ و هەموویان لە سایەی، یەک کەلتوور و جۆری هەڵسوکەوت دا، کە باڵ بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا دەکێشێ دروست دەبن و دەبنە یەک.

کۆمەڵگای پیشەسازی واتە کار و پیشە. گوایە ئەم سیفەتانە دەبنە مامانی کولتوورێکی هێندە باڵا و کاریگەر و تێروتەسەل ، دەتوانن کۆمەڵگایەک لە مرۆڤ دروست بکەن و ناوی بنێن نەتەوە یاخود ئەوان ئارەزووی لێ بکەن،وا ناوزەدی دەکەن . لێرەدا ئەم فاکتە، خەڵکەکە پێکەوە گرێ دەدات و ئیدی دەرفەت بۆ کەلتووری ئاکاری نامێنێ، یاخود کز و لاواز و ڕووکەش خۆی دەنوێنێ و کەلتوورە پیشەییەکە باڵادەست و هەراشتر دەبێت.

” کەلتوری ئاکاریش ئەو کولتورەیە کە دەبێت مرۆڤ فێری ببێت تا بتوانێت بکەوێتە ناو پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا”.٤٧

نووسەر، لەم ڕاڕەوەوە، دەمباتەوە بۆ دنیا سیاسەت و نموونەی لە بەرنامە و نەخشەی سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەری تورک و فارس و عەرەب دێنێتەوە، کە چۆن پێڕەوییان لەم سیاسەتە کردووە. سیاسەتی سەراپاگیرکردنی یەک کەلتوور،لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانیاندا.

بۆ نموونە، کورد هەمیشە بۆتە قوربانی ئەم تێڕوانینە گشتییە. بە واتایەکی دیکە، کەلتووری تورکچێتی و فارسچێتی و عەرەبچێتی، رەنگڕێژی سیاسەت و ئیدیۆلۆژیی فەرمی دەوڵەتە داگیرکەرەکانە. کورد چەوساوەی دەستی ئەم یاسا و رێسا و کەلتوورەی، دەوڵەتە داگیرکەرەکانە و لەم پانتاییە کولتورییەدا، نەک هەر جێگە و پێگەی نییە و پێی نابەخشرێ، بەڵکو دەیانەوێ ئەوەیشی کە هەیەتی لێی بسەننەوە و بەتەوای بیسڕنەوە. نموونەیەکی دیکە، گەر دەرفەت هەبێ، وا جارێکی دیکەش ئاماژە بە وڵاتێکی وەک شورەوی جاران بدەینەوە، کە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی، پیشەسازی بوو، بەدرێژایی بوونی خۆی، لە سنووری قەڵەمڕەوەکەیدا هەوڵی دا، پێڕەوی لە سیاسەتی کولتوورێکی سەرتاسەریی و یەک رەنگ، بەسەر تەواوی نەتەوە جیاجیاکان دا جێبەجێ بکات. دوای تەرخانکردنی وزە و توانایەکی ئابووری و میدیایی و رۆشنبیریی و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و تۆقاندنی زۆر، لێ بیرۆکەی سیاسەتەکە نەیتوانی، بۆ هەتاهەتایە چلوورە بەستوو بێت و، ئەوەی لەبەرچاوی گرتبوو، پێی بگات و بیهێنێتە دی. لە ئاکامدا، دوای داڕمانی شورەوی، سیاسەتە کولتورەکەشی شکستی خوارد.

چونکە بەڵگەنەویستە، نە هیچ کەس و نە هیچ نەتەوەیەک لە شورەوی جاران دا، ئامادە نەبوو دەستبەرداری تایبەتمەندییەکانی خۆی بێت. ئەرمەنی، لێتوانی، کازاخی و گورجی، هەروەک خۆیان مانەوەو زیاتر لە جاران دەستیان بە بنەما نەتەوەییەکانی خۆیانەوە گرت. ساتێ دەرفەتێکیان بۆ هەڵکەوت، دەستبەجێ ماڵی خۆیان جیاکردەوە و شوناسی خۆیان هەڵگرتەوە. وڵاتی یوگسلافیا بەهەمان شێوە نەتەوەکانی ناو دەوڵەتەکانی عوسمانی و هابسبۆرگی جارانیش هەمان کاریان کرد.

د. عرفان، لێرەدا چەمکێکی جوان و گرنگ، باس دەکات، کە پڕ بە پێستی باسەکەمانە، گێلنەر و هاوڕاکانی، لەم قوتابخانەیەدا کردوویانەتە، دروشمی خۆیان. ئەویش چەمکی(بیرۆکەی خەساندن)ە. خەساندنی لایەنەکانی پێکهێنەری فرەکەلتووری، بە ئامانجی سازدانی یەک کەلتووریی. واتە قوربانی دان بە بەش بۆ گشت، هەر وەک دروشمە زەقەکەی مارکسیزمیش جەخت لەسەر ئەم پرنسیپە دەکاتەوە و کاری جددی پێ دەکات. سەردەمی شورەویی، مەرج بوو لەسەر نەتەوەکانی ژێر چەپۆکی ڕووسیا، قوربانی بە بەرژەوەندی خۆیان بۆ مۆسکۆ بدەن.

لە کۆمەڵگای پیشەسازی دا کەلتوورەکەی، دەکەوێتە ژێر یاسا و رێساکانی چاودێری و هەرکەس ناتوانێ سەربەستانە بەو جیاوازییانەی هەیەتی هەڵسوکەوت بکات. کەواتە دەبێت لەم کۆمەڵگایەدا، کەلتوورەکە بە پێی یاسای رووەک پەروەردە بکرێ. کولتورێک وەک تۆ و دەیچێنن و چاوەڕێی دروێنەی جۆرێکی تایبەت لە بەروبووم و دانەوێڵەی لێ دەکەن. کاتێ تۆوی گەنمت چاند، خۆ ناتوانی جۆ بچنێتەوە. واتە هەموو دیاردەکان، لەم سیستەمەدا دەکەونە بەر حوکمی یاسای دروستکردن و لە ئاکامیشدا بەرهەمی دروستکراو دێتە بەرهەم.

دیارە ئێمە لێرەدا باسی کەرەسە و ئامێر و مەکینە و پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانە ناکەین، بەڵکو لە باسگەلێگ دەدوێن، کە لەڕاستیدا خۆڕسک و سروشتین و بە پڕۆسەی تایبەتی خۆیاندا تێدەپەڕن و کەموزۆر دەخالەتی بڕیاردەرانی دەرەکییان بەسەرەوە نییە، بووی کۆمەڵایەتین، بە سروشتی دەڕسکێن. واتە کارخانەیەک دەتوانێ ترومبێل دروست بکات، لێ نەکارێ کولتور و هەلسوکەوتی مرۆڤ و خەسڵەتی سروشتی نەتەوەکان، وەک کاڵا بخاتە قووتووەوە و لەبازاڕدا ساخیان کاتەوە.

مامۆستا مەسعوود دەڵێ:

<< من بە حاڵ دەتوانم لە کولانەی بەراوردکردنی حەقیقەتی دەوری مرۆڤ و سروشتەوە تیشکێکی بیروڕای خۆم بهاوێژم بۆ ئەو ناتەواوییە فکرییەی کە دەوری فاعلیەت و خالقیەت لە مرۆڤ دەدزێتەوە بۆ دەورەوبەر کەچی بەشی هەرە زۆری دەوروبەرە کاریگەرەکە،دەستکردی مرۆڤەکە خۆیەتی>>.

هەر بۆیە گێلنەر، ئەم هەوڵە بە کەلتووری باخچەیی باس دەکات، وەک ئەو گوڵ و ڕووەکەی لە باخچەکاندا لەژێر سەرپەرشتی باخەوان و جوتیاراندا گەشە دەکەن. گەرەکێتی کولتوری ژیانی قۆناخی پیشەسازیش بەو شێوە بەرهەم بهێنێ و لێ بکات. کەلتوورەکەش لەسایەی چاودێری و بەرنامەڕێژی دەزگایەکی دەوڵەتییەوە، بەرهەم دەهێنرێ و ئیدی سروشتە کێوییەکەیان نامێنێ. وەک ئەوەی لە تورکیادا بە یاسای پارلەمانی ترکیا، زمانی کوردی رێبەندی لێ کراوە. کەس بۆی نییە، بە کوردی بئاخڤێ. سەدان دەزگای جیاواز، چاودێری ئەم فەرمانە فەرمییەی دەوڵەتی تورکیا دەکەن. بە کورتی و کرمانجی کەلتوورێکی دروستکراو و جێ بە کەلتوورێکی سروشتی چۆڵ دەکات و خۆی دێتە سەر تەخت و دەبێت بە جێگرەوە و، پێویستە لەسەر هەموو لایەک پێڕەوی لە یاساکانی بکەن.

مۆدێرنیزمەکان، ئەم خاڵەیان کردووە بە پەیژە و لێوەی بەرەو لوتکەی دیدی خۆیان سەرکەوتوون، و نەتەوە بە بەرهەمی کۆمەڵگای پیشەسازی، لە قەڵەم دەدەن.بەم کارەش چاوپۆشی لەو کەلتوورە عەقڵییە دەکەن،کە مرۆڤ خاوەنێتی . سەبارەت بەم بۆچوونانە،بۆچونێکی تری مەسعوود محەمەد،دێنینەوە،کە دەڵێ:

<< ئێمە ئەگەر خەریک بین،مێژووی دەستکرد بخوێنینەوە،لە چارەسەرکردنیشدا،دەردی دەستکرد تیمار دەکەین،ئەوەی لەو ناوەشدا خەسارەتمەند دەبێ،میراتگری ئەو جەماوەرەیە،کە بەزۆر لەسەر کاغەز بەگژ ئەسکەندەر و جەنگیزخانیان دا دەهێنین>>.

د. عرفان ئەم حاڵەتەی ناوناوە (عەقڵی یاسادۆزی) .

”عەقڵی یاسادۆز، عەقڵی بەشە مرۆیەکەی مرۆڤە و مرۆڤ بەمە جیادەکاتەوە لە زیندەوەرەکانی تر.عەقڵی یاسادۆز ئەو عەقڵەیە کە لە رێگەی تێڕامانی مرۆڤەوە لە بوونی خۆی و بوونی جیهان لە خۆیدا دەتوانێت ئەو یاسایانە بدۆزێتەوە کە لە سروشتدا پەێڕەو دەکرێن لەگەڵ ئەو یاسایانەی کە مرۆڤ لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ دەرەوەی خۆی دەبێت پەیڕەویان بکات”.(٧١)

مرۆڤ خاوەنی عەقڵ و هۆشی بەهێزە و لە رێگەی عەقڵەوە زیگنالی پێدەگات و هۆشیاری بە دیاردەکان پەیدا دەکات و بە پێی یاسا عەقڵییەکەی ناوەوەی هەڵسوکەوتی گونجاو و هاوسەنگیان لەتەکدا دەکات، بە شێوەیەکی شایستەیی. ئا لێرەوەیە مرۆڤ دەکەوێتە سەر کەڵکەڵەی یاسادۆزی، بۆ زاڵبوون بەسەر دەوروبەر و بەڕێوەبردنی مەرامەکانی لە ژیان و جیهاندا. ئەمەش لێوەشاوەیی و مەزنی و گرنگی نهێنی گەورەیی مرۆڤە، کە خاوەنی تایبەتمەندێتی هۆشە و دەتوانێ بیر بکاتەوە و داهێنان بخوڵقێنێ، بەڵام ئامێر و ماددەکان، لەم خەسڵەتە بزوێنەرە بێبەشن. مامۆستا مەسعوود دەڵێ:

<< شەرەفی مادە لەوەدایە خزمەتی فکر بکا چونکە فکر چرای مرۆڤایەتییە،لە چرا بەولاوە چاویەتی،لە چاویش بەولاوە ناوەڕۆکیەتی(..) گاسنێ نەتوانێ لە لای خۆیەوە بەرەو پێشتر بێتەوە، چۆن دەبێتە مامۆستای ئەرەستۆ و شافیعی و نالی؟ خەڕەک و ئەبوونواس؟تەپکە و فیساغۆرس؟ تەشی و سەلاحەدین؟ ئاش و لۆغارتیم؟ ئەوەندەی سەر دەهێنم و دەبەم، بە خەیاڵ و بە وڕێنەش خۆم پێ ئیقناع ناکرێ زانست و ئەدەب و هونەر مارەبڕاوی پێستە ڕیوی و مزەی ئاش و لەوەڕگەی مەڕ و مازووچنین بکەم>>.

بەڵێ ئەمە هێڵە گشتییەکانی جیاوازی و کاریگەرێتی نێوان فکر و ماددەیە. نووسەر لەسەر باسەکەی بەردەوامە و دەنووسێ:

” مرۆڤ وەک ئامێرێک دابەش دەبێت بۆ دوو توخم: جەستەی ئامێر و یاساکانی بەکارهێنانی ئامێر.لەم قۆناغەشدا یاساکانی بەکارهێنانی ئامێر لەناو مرۆڤدا دەمێنێتەوە و تەنها جەستەی ئامێر دەکەوێتە دەرەوەی مرۆڤ”.(٧٥)

مەودای فراوانی جموجوڵی مرۆڤ و دیاریکردنی جۆری پێوەندییەکان، مرۆڤی بە درێژایی ململانێی نێوان کۆیلە و سەردار و کۆمەلێ گرفتی دیکەدا بردووە ، وەک بایەخی ئامێرە پیشەسازییەکان لە پرۆسەی گەشەی مێژوودا، بوونە مایەی ئەوەی سەرهەڵدانی تێڕوانینی نوێ، لای زانا و فەیلەسووفانی ئەوروپا دەرکەوێ. ئەوروپا کیشوەر و چەقی، خاڵی دەرچوونی ئەم تێڕوانینە نوێیە و لانکی سەرەکی لە دایک بوونێتی.

بەشی پێنجەم

”عەقڵی یاسادۆز لەناو مرۆڤی ئەوروپاییدا چالاک دەبێت و دەست دەکات بە دۆزینەوەی ئەو یاسا سروشتی و ئاکاریانەی کە لەناو عەقڵی مرۆڤدا بوونێکی پێشینەیان هەیە و ئەمەش لە کارەکانی دیکارت و لایبێنتزدا بە روونی دەردەکەوێت”.(٧٧)

 بۆ دەوڵەمەندکردنی باسەکە ، واباشە بۆ بەرچو ڕوونی زیاتر، نموونەیەکی دیکە بخەینە بەرچاو، مەسعوود محەمەد دەڵێ:

<< تۆ سەیری ، هەر پێش کەوتنێک و گۆڕانێکی بەرەو چاکتریەوە لەو ئامێرە خوێڕوانەدا کرا بێ مێشکێکی غەیری مێشکی فەللاح و شەوان و گا بە دەلەوان کردووەیەتی! هەرگیزاو هەرگیز داهێنەری تراکتۆر و ئاشی ئاگر و فڕۆک فەلاح و ئاشەوان و کاروانچی نەبوون..خەڕەک لە بلیمەتی خەڕەک ڕێسەوە نەبوو بە فابریقەی قوماش..کابانی ماڵ مەنجەڵە ڕەشی نەگۆڕی بە مەنجەڵی کارەبا،ئاگردانیشی نەگێڕا بە تەباخی غاز و کارەبا:هەمیشە فکری بەرەژوورتر لە ڕێکاری جووت و ئاش و ئاگردان و خەڕەک تەپکە و چەکوچ زەفەری بردووە بە داهێنان و گۆڕین و بەرەوپێش چوون>>.

بە کورتی کەلتووری پیشەسازی، کەلتوورێکی ئامێرییە و ئامانجی نەهێشتن و سڕینەوەی، جیاوازییە کەلتوورییە سروشتییەکانی گرووپە جیاوازەکانە، بەرەو ستانداردکردنی زۆربەی لێک نەچووەکان و کەمکردنەوەی رێژەی جیاوازییەکان. هەر وەک کارخانەی کۆکاکۆلا، دەیانەوێ مرۆڤ و نەتەوە و خاسێت و کولتورەکەیان، بەیەک شێوە و بارستایی و ڕەنگ دروست بکەن. ئەمەش لەبەرئەوەی کەلتورەکە،بۆ یەک شوناس تێدەکۆشێ و تەقلید و دروستکراوە و ئامانج و مەبەستێکی ئیدیۆلۆژی سیاسی لە پشتەوەیە و مرۆڤ دەکاتە، بەشێک لە میکانیزمی ئیش پێکردنی ئامێرەکان و بورغوویەک لەو سیستەمە پێکدێنێ و کەوڵ دەکرێت، لە هەموو بەها رۆحی و سروشتییەکان. ئاخر چونکە کەلتوورێکی عەقڵی نییە.

شەڕی کەلتووری پیشەیی، بەرهەمی ئامێرەکانی نێو کۆمەڵگای پیشەسازییە، لەگەڵ کەلتوورە جیاوازەکاندایە. ئامانج لێی لەناوبردن و سڕینەوە و وەک یەک لێکردنی کەلتوورە جیاوازەکانە، بەرامبەر بە کەلتوورە دروستکراوە دەستکردەکان. ئەم کەلتوورە دروستکراو و دەستکردانە، بۆ ئەو نەتەوە و قەوارە و چوارچێوانە ساز دەکرێت، کە هاو مانا و هاوشێوە خۆشیان دەستکرد و دروستکراون و قوتکراونەتەوە. لە گەلێ باریشدا،ڕەنگە خاوەن کولتوور و فەرهەنگێکی ڕەسەن نەبن،وەک تورک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بێ ڕەگوڕیشەیە.

 ئەم دنیای مۆدێرنە خاوەن مەبەستە، لەتەک هەژموون و باڵادەستیان و ئەو هەموو دامودەزگا و خەرجییە زەبەلاحەی بۆی تەرخان کراوە، دیسان نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێکێ و فرە کەلتوورەکان بۆ هەتا هەتایە سەرەونگوم بکات. بۆ نموونە تورکیا و عێراق و ئێران و سوریا، کە خۆیان دەستکرد و دەستنێژی ئیمپریالیزم و بێگانەن، بەو هەموو دامودەزگا تۆقێنەرەی هەیان بوو و هەیانە، نەیانتوانیوە کەلتووری ڕەسەنی نەتەوەی کورد، بە کەلتوورە دروستکراوەکەی خۆیان لەناو بەرن، کە یاسا و فەرمانی فەرمیشی لە پشتەوە بووە. کەواتە مەحاڵە بە زۆردارەکی فرەکەلتوور لە دەوڵەتێکدا، بکرێتە کەلتوورێکی یەک رەنگ و یەک دەنگ و یەک قاڵبی داسەپێنراو.  لە مێژوودا گەلێ نموونەی تریش لەم رووەوە بەرچاو دەکەون، وەک لە ئیسپانیا، شورەویی و یوگسلاڤیا و هتد.

”کورد بەهێزترینی ئەو میللەتانەیە کە بەرگری لەم پرۆسەیە کردووە و لەگەڵ ئەو هەموو سەرکوتکردنەش لەناو بەرگریکردندا ماوەتەوە و تا ئێستاش لەژێر هەڕەشەی چوار دەوڵەتی نەتەوەیی جیاوازدا دەستبەرداری بوونی خۆی نابێت و بەرگری لە بوون و جیاوازییەکانی خۆی دەکات”(.٨٥ ـ٨٦)

لەم بوارەدا رەنگبێ مێژوویی خوێناوی چەندین سەدەی کورد، لەسەرتاسەری کوردستان دا، کە مێژووی بەرگریی و داکۆکییە لە بوون و هەبوون و ناسنامەی کوردی، بەڵگەی نەبەزین و جێی سەرسوڕمانی جیهان بێت.باشترین دیکۆمێنت بێت بۆ بۆچوونەکەی د. عرفان.

 پێش کۆتایی هاتن بەم سەرباسە، نووسەر بەم پەرەگرافە، پوختەیەکی قسەکانی، لەسەر بیرۆکەی نەتەوە دەخاتە بەردەست:

”بیرۆکەی نەتەوە سەر بە کەلتورێکە کە توانای ئەوەی تیابێت ئەو یەکبوونەی کە ویستی مرۆڤ دەیخوازێت لەگەڵ جیاوازبوونەوەی کە سروشتی مرۆڤ دەیخوازێت پێکەوە کۆ بکاتەوە، واتە کەلتوورێک بێت لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرابێت کە یەکبوون لەناو جیاوازیدا بهێنێتە ئاراوە،ئەو کەلتوورەش کە ئامانجی کۆکردنەوەی جیاوازییەکانە لەناو یەکبووندا کەلتووری عەقڵی ئەوجۆرە لە کۆمەڵگایە کە فەیلەسوفە ئەڵمانەکان لە لایبێنتزGotthold Ephraim Leibniz(1646-1716)ەوە تا هێگڵ Georg Wilhelm Friedrich Hegel(1770-1831),وەک کۆمەڵگایەکی عەقڵی لە رووی تیۆرییەوە پەرەیان پێداوە و لە لایەن فیختەJohann Gottlieb Fichte(1762-1879) و هێردەرJohann Gottfried Herder(1744-1803) و هێگڵەوە بە نەتەوە ناوبراوە”( ٨٩)

نەتەوە، لە نێو هەناوی کولتورێکدا، شیاوی هەبوونە،کە یەکبوونێکی بیەوێ، کە ویست و خواستی مرۆڤ بیخوازێ و هاوکات،ئەو جیاوازییانە بپارێزێ، کە سروشتی نەتەوە دەیخوازێ. تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە و راگرتنی ئەم هاوسەنگییە، ئەرک و فەرمانێک.هەروا بە سانایی بێتە دی بە تایبەت، لە لایەن کولتوری پیشەییەوە. بیروبۆچوونی ئەم چەند فەیلەسوفە ئەڵمانییە، لە لاپەڕەکانی داهاتوودا، بەدوورودرێژی دەخرێتە بەرباس و نموونەگەلێکی زۆری بۆچوونەکانیان،شی دەکرێتەوە.

ـ بیرۆکەی نەتەوە لە نێوان ئایدۆلۆجیا و فەلسەفەدا

جارێکی دیکە هۆش و دەوروبەر/ واقیع دەبێتە زەمینەی گفتوگۆکردن لە سەر بیرۆکەی نەتەوە و توخمە پێکهێنەرەکانی و ئایا بەر لە مۆدێرنە/ پێش سەدەی ١٨ یەم و سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی، بوونەوەرێک  هەبووە ناوی نەتەوە بێت ؟!. قەدووری و گێلنەر و هۆبزباوم و ئەندەرسۆن و دۆیچ ، کە بە باوکی ئەم قوتابخانەیە دادەنرێن، لەتەک ئەوەشدا کە هاوقوتابخانەن، لێ لە ووردەکارییەکاندا بیروڕای جیاوازیان هەیە. بەڵام سەرجەمیان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، بزوتنەوە نەتەوەخوازەکان/ ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم، دروستکەری نەتەوەیە. واتە بێ ناسیونالیزم، نەتەوە لە زەمینەی واقعدا بوونی نابێت و پێش مۆدێرنەش ئەم فۆڕمە نەبووە.

هاوشانی ئەم بۆچوونە، قوتابخانەی ئەڵمانی و فەیلەسوفەکانی، بە پێچەوانەی ئەمە پێیان وایە، ئایدیای نەتەوە، وەک توخمێکی بەرهەست لە فکردا هەیە. کانتImmanuel Kant(1724-1804) و لایبنێتز و هێردەر و فیختە و هێگل و چەندانی, دیکە رابەرایەتی ئەم قوتابخانەیە دەکەن. بەدرێژایی دوو سەدەی رابووردوو، مشتومڕی گەرم و جۆراوجۆر، لەسەر ئەم دوو روانگەیە، سەری هەڵداوە. (دەوڵەت نەتەوە) یاخود( نەتەوە کولتور)، دوو چەمکی دیاری  ئەم پرسگەلەن. ئەگەرچی چەمکی نەتەوە، چەندین سەدە پێش مۆدێرنە، لە ئەدەبیاتی وڵاتە ئەوروپاییەکاندا بەکارهاتووە. دوای چەندین سەدە ئەوجا، قۆناخی پیشەسازی دێ و مۆدێرنە بەدوایدا سەرهەڵدەدات و چەمک و بیرۆکەی نەتەوە، دەکەوێتە بەرباس.

 

هەڵۆ بەرزنجەیی

2017/07/26

بابەتی پەیوەندیدار

کـــــــــوردبــــــــوون و ناســــــیۆنالیـزم 1، هەڵۆ بەرزنجەیی