Hoppa till innehåll
Hem » شۆڕشی نەتەوەی کورد تەنیا بۆ بە دەوڵەت بوون نەبووە، عارف شێخ ئەحمەدی

شۆڕشی نەتەوەی کورد تەنیا بۆ بە دەوڵەت بوون نەبووە، عارف شێخ ئەحمەدی

لە سەردەمێکدا دەژین کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە بواری زانستی و تەکنۆلۆژی دا لەوپەڕی پێشکەوتندایە و لە هەمان کاتدا هەر نەتەوەیەک هەوڵدەدات سەرکەوتن

لە هەموو ڕوویەکی ئابووری و زانستی و سیاسی دا و بە مەبەستی ناساندن و بەرژەوەندی گشتی خۆی تۆمار بکات. هەوڵدەدرێت کاڵا و شمەکی خۆجێی و بەرهەمی فکریی نوێ و کەرستەی ئینفۆرماتیکی و پزیشکی لە بازاڕی جیهانی سەردەمی عەولەمەدا و لە پێشانگە نێودەوڵەتیەکان پێشان بدرێت و کڕیاری بەناوبانگ و بە نرخی گونجاو و قازانجی زۆری بۆ پەیدا دەبێت. بێ گومان لەوەها ڕۆژگارێکدا پێناسەی گشتی هەر نەتەوەییەک لە ڕووی بەرهەمە ئابووریی و زانستیەکانیەوە دەکرێت، نەک تەنیا لەمەڕ ئازایەتی لە شەڕکردن بە چەک و چۆڵی درووستکراوی وڵاتانی زلهێز و بوونە قەڵغانی پیلانەکانی ئەوان.

بەداخەوە لەوەها دەورانێکدا، ئێمەی کورد نە تەنیا بە دوڵەت نەبووین و کیانێکی سەربەخۆمان بۆ نەتەوەکەمان پێکەوە نەناوە، بەڵکوو سەرەتایترین هەنگاویشمان بۆ هەڵ نەهێناوەتەوە و هێشتا لە ژێر ڕەشماڵی عەشاییری و دیوەخانی کوردایەتیمان ڕێک پێچەوانەکەی دەجووڵێینەوە.

لەمڕۆدا کە بانگەواز بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان دەکرێت باشترە چەند خاڵێک دەگەڵ ئەوانەی پێیانوایە تەنیا خۆیان تاکە سواری مەیدانی نەتەوەخوازین و ئەوانن کە پێش هەموان باسی چەمکی بە دەوڵەتبوون دەکەن، بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە و بۆیان بسەلمێنین کە شۆڕشی کورد بە پێچەوانەی بیر و هزری سیاسی ئەوانەوە، تەنیا جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی و بۆ یەک مەبەست کە درووستکردنی دەوڵەت نەتەوە بێت نەبووە.

بە سەدان ساڵە نەتەوەیی کورد لە لای دۆست و دوژمنی خۆی بە دەیان سیفەتی بەرزتر لە نەتەوەخوازی پێناسە دەکرێت. بە پێچەوانەی ئەوانەی خەونـــی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی و تاکڕەویــی و بنەماڵەیی و حیزبی خۆیان تەنیا لە سەربەخۆیی یان لە دژی سەربەخۆیی دا دەبینەوە، دەبێ بگوترێت مەزنترین ڕێبەر و پیاوە شۆڕشگێڕەکانی ئەم نەتەوەییە پێش هەموو شتێک هەوڵیان بۆ ئازادیی تاکی کورد و مافی ژنان و دادپەروەریی و نەهێشتنی زوڵم و چەوسانەوە لە ناو کۆمەڵگەدا داوە، نەوەک تەنیا بۆ درووستکردنی قەوارەیەکی ئەتنیکی و پڕ لە کێشە و نایەکسانی، یان باشتر بڵێین دەوڵەتێکی بێ ژێرخان و سەرخانی عەشاییری و نامودێڕن.

پێشەوا قازی محەممەد، نموونەیەکی زۆر بەرچاو و ناسراوە کە لە دژی چەوسانەوە و بێ مافی نەتەوەکەی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند و بیری لە سەرجەم بناخەکانی کومارەکەی کردبووەوە، بەڵام بۆ ئەوەی خەڵکی شاری مهاباد و شوێنەکانی دیکەی سنووری کۆماری کوردستان، لە لایەن ئەرتەشی پاشایەتی ئێرانەوە تووشی کارەسات و کوشت و بڕ نەبن، پەتی سێدارە هەڵدەبژێرێت. لە حکومەتەکەی جەنابی پێشەوادا دادپەروەریی هەبوو، هەموو کەسایەتی عەشاییری کورد لە دیوانی دەوڵەت دا بەشداربوون و ڕەنگ و ڕووی خێڵکی بایخی خۆی فیدای دەوڵەت و چەسپاندنی دادپەروەریی بۆ هەموان کردبوو. لەم کۆمارەدا کەس نەدەفڕێندرا چونکە جیاواز بیردەکاتەوە، کەس تیرۆر نەکرا. حکومەتەکەی پێشەوا گرینگی بە هەموو شار و گوندێکی سنووری کۆماری کوردستان دابوو، جیاوازی لە نێوان مهاباد و بۆکان و شوێنانی دیکە دا بەدی نەدەکرا و جەنابی سەرۆک کۆمار، نوێنەری ڕاستەقینەی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بوو نەک تەنیا سەرۆکی شاری مهابادی پێتەختی کۆماری کوردستان.

بەڵێ، شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی نەتەوەی کورد تەنیا بۆ درووستکردنی کیانێکی سەربەخۆی خێڵەکی نەبووە، بەڵکوو بەر لە هەموو شتێک هەوڵێکی بێ بڕانەوە بووە بۆ ئازادیی و دادپەروەریی و دامەزراندنی سیستەمێکی دادپەروەر و باشتر لە حوکمی داگیرکەران، هەربۆیەش لە زۆربەی شۆڕشەکان و کاتی دانیشتن دەگەڵ دوژمنانی کورد کە بێ گومان بەشێکی زۆریان داگیرکەری نیشتیمانی کورد بوون، داوای دادپەروەریی لە دەسەڵاتی سەرەڕۆ و زاڵم کراوە و حازر بوون لە دەگەڵ دەسەڵات بگەنە ئامانجێکی هاوبەش تەنیا بە شەرتێک داواکانیان پشتگوێ نەخرێن کە لە هەمووان گرنگترە و پێش دروشمی سەرخۆبوونی نەتەوە، داوای ئازادی بۆ تاکی کورد کراوە و دابین کردنی مافی بەرانبەر دەگەڵ خەڵکانی دیکەی وڵاتەکە.

مەلا مستەفای بارزانی لە قۆناخێکدا باوەڕی بە مانەوە لە ناو عێڕاق دا بووە کە پێش ئەویش دەیان شۆڕشی نەتەوەیی کورد لە باشووری کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان بوونیان هەبووە. مستەفا بارزانی باوەڕی وابووە کە میللەتی کورد دوژمنایەتی دەگەڵ کەس نیە و داوای مافەکانی خۆی دەکات، ئەی کە کاتێک داوای جیابوونەوەی لە عێڕاق نەکردووە، واتە باوەڕی بەوە هەبووە کە دەستەبەر کردنی مافەکانی گەلی کورد گرینگترە لە بە دەوڵەتبوون و جیابوونەوە لە عێڕاق کە بێ گومانیش وایە.
بەڵام ئەم قسەیە پاساوێک نیە بۆ ئەوەی ئەگەر ماف و ئازادیی تاکی کورد لە لایەن حکومەتە داگیرکەرەکانەوە بدرێت، ئیتر پێویست ناکات دەوڵەتمان بوێت. نەخێر باسی ئەوە دەکەین پێش بە دەوڵەتبوون داواکانی دیکەی نەتەوەی کورد بەرز بنرخێندرێن و بایخی پێ بدرێت، ئەگینا باوەڕت بە هەنگاوی سەرەتا نەبێت و بە کردەوە هەوڵی بۆ نەدرێت، ڕێک وەک ئەوەیە کە کورد گوتەنی بە بیانووی ئاگری نەورۆز، لە زستانی ساردی ستەم دا مژدەی بەهاری سەرفرازی و گوڵ و گوڵزار بە خەڵکی بدەین.
بە پێچەوانەی ئەوانەی ڕایانوایە تاوەکوو بە دەوڵەت نەبین هەروا دەچەوسێینەوە و بە مافەکانمان ناگەین، ڕاموایە پێش ئەوەی بەدەوڵەت بین باشترە بە کردەوە هەنگاو بۆ بە دەوڵەتبوون هەڵبگرین نەوەک لە سێبەری درووشم و ڕیکلام بۆ سەربەخۆیی دا، ماف و ئازادیی پێشێل هەموان بکرێت و سەروەت و سامانی خەڵکی کورد خراپتر لە داگیرکەر بۆ حیزب و بنەماڵە و شەخس قۆرخ بکرێت.

ماوەی بیست و شەش ساڵە باشووری کوردستان لە دژی داگیرکەر ڕاپەڕینی کردووە و لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەعس و تەوابوونی شەڕی ناوخۆی هێزە سیاسیەکان بە چەک، نەوەک هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدی ناکرێت، بەڵکوو جۆرێکی دیکە لە شەڕی حیزبە کوردییەکانی ئەم بەشەی کوردستان دەبیندرێت کە لە ڕاستیدا شەڕە بۆ دەسەڵاتی زیاتر و پڕ کردنی گیرفانی خۆیان، نەوەک بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و ڕێزگرتن لە مافەکانی جەماوەری کوردستان.
ئەزموونی نزیکەی سی ساڵ لە بەڕێوەبردنی باشووری کوردستان لە لایەن حیزبە کوردییەکانەوە، ئەم ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەی پشتڕاستکردەوە کە باشترە پێش بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، سەرەتا کلتووریی ڕاستگۆیی و کۆتایی هێنان بە ململانێی سیاسی نێوان حیزب و لایەنەکان وەک بەردی بناخە بچەقێندرێت و دواتریش بە کردەوە سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان لە جیاتی تاڵانکردن بۆ باشترکردنی بژیوی ئەم خەڵکە تەرخان بکرێت و کۆڵکە و ژێرخانی ئابووری کوردستانی لە بواری کشت و کاڵ و زانستەوە و سەرجەم بوارەکانی دیکەدا پێ دەوڵەمەند بکرێت.

ناکرێت دەوڵەتێکی وەک سۆمالی و ئەفغانستان درووست بکرێت و لە سەدا نیوەی خەڵکەکەی کۆچ بکات و وڵاتی خۆی پێ وڵات نەبێت، چونکە بێ مافی هیچ سنوورێکی نیە.
خۆ زۆر دەوڵەت نەتەوە هەیە لە جیهانی ئەمڕۆدا نەبوونی باشترە، چونکە مەبەست لە بە دەوڵەتبوون تەنیا ڕزگاری لە داگیرکەر نیە، بەڵکوو پێش هەموو شتێک گەیشتن بە ئازادیی و حەسانەوەی خەڵکی نیشتمانە. بۆیە زۆربەی ئەوانەی پێداگری لە سەر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم دەکەن و هەروەها ئەوانەشی باوەڕیان بە ڕیفراندۆم نیە، لە حەقیقەت دا هیچیان ڕاست ناکەن و تەنیا کەوتوونە شوێن بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی خۆیان. بە دڵنیایی باشووری کوردستان پێویستی بە ئەنجامی ڕیفراندۆم نابێت، کاتێک هەموو خەڵک تێر و تەسەل بێت و بە مافەکانی خۆی گەیشتبێت لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئێستای دەسەڵاتدارانی کورد دا. بێ هیچ گومانێک هەر کات دەسەڵات بۆ پێڕاگەیشتن بە خواستەکانی خەڵک بچووکترین هەنگاو هەڵبگرێت، ئەوە خەڵکیش بە ئەرێنی دوای هەر بەرنامە و دروشمێک دەکەون کە ڕێبەرانی کورد بیانهەوێت.
کەوابوو پێش بە دەوڵەتبوون، پێش بە لەت بوون و ناکۆکی بگرن و خزمەت بە خەڵک بکەن، ئەو کات نیشتمان و دەوڵەت یەک مانا دەبەخشن بە یەکدی.