دو پێشمەرگەی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران شەهید بوون و خەمێکی دیکەی خستە سەر لێوی خەڵکی کوردستان بە تایبەت هاوسەنگەرانیان.
وێرای سەرساخی بۆ بنەماڵەی ئەو گیانبەختکردوانە بە پێوستم زانی بە دوور لە زمانی هەست و سۆز ڕوانینی خۆم دەرببڕم. ئەزانم ئەگەر بە زمانی هەست و سۆز قسە بکەم یا نامەی هاوخەمی بۆ سکرتێری ئەو حیزبانە بنێرم کۆمەڵیک لایک و دەستخۆشیم بۆ دێ بەڵام من نە بەرژەوەندی حیزبیم هەیە تا بە زمانی هەست و سۆز قسە بکەم نە ئەتوانم بۆ لایک و دەستخۆشی خۆم لە ڕاستییەکان لابدەم و ئەوەی کە دەبێ بیڵێم خۆی لێ بدزمەوە. ڕساڵەتێکی نەتەوەیی بۆ خۆم قاییلم و ئەمەوێ قامک لە سەر خاڵە لاوازەکانی خەباتی چەکداری ئیستا دابنێم.
خەسارەکانی خەباتی چەکداری ٩٥ ـ ٩٦ کە وەک ڕاسان ناوی لێندراوە زۆرهاوشێوەی خەساری خەباتی چەکداری ٤٦ ـ ٤٧ ە. ئەوکات و ئیستا زۆر پێشمەرگەی بە نرخ شەهید بوون بەڵام کەمترین هێزی دوژمن کوژران. بەڵام دەستکەوتەکانیان وەک یەک نەبوون. خەباتی چەکداری ٤٦ ـ ٤٧ مێژووی بۆ درووست کردین و لە شەوە زەنگی تاریکدا بووە چرای ڕووناکایی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات. ئەمەی ئیستا گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر.
بۆ هەڵسەنگاندنی خەبات و هەر دیاردەیەکی دیکە باری زەمانی و مەکانی گرنگە. لەو ٥٠ ساڵەدا زۆر گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا درووست بووە. هەموو ئەم کەسانەی کە لە یەک سالی ڕابردوودا شەهید بوون بە نیسبەت کەسانی وەک سماییلی شەریف زادە و سڵێمانی موعینی کە کەسایەتی هەرە دیاری سەردەمی خۆیان بوون گومناوو بێ ناون، بەڵام ئەگەر هەرکام لەمانە ئەو کات شەهید ببونایە هەمان موعینی و شەریفزادە بوون. بە پێچەوانە ئەگەر شەریفزادە و موعینی لەم قۆناغەدا شەهید ببونایە دوای ماوەیەک لە بیر دەکران و درێژە پێدانی ڕێگایان تەنیا وەک دروشمێک دەمایەوە. لەم پەنجاساڵەدا زۆر قۆناغمان بڕیوە کە دووبارە کردنەوەی پێویست نییە.
لایەنێکی دیکە کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەم ئەوکات ئەگەر نەک پێشمەرگە بەڵکو کەسێکی ئاسایی ژیانی لە دەست بدایە خەڵکی ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر تازیە بار ئەبوون تەنانەت بە ساڵ ڕادوی یان نەدەگرت و شاییان نەدەگێڕا. بەڵام ئیستا وەرچەرخانێکی وا قووڵ لە کۆمەڵگادا درووست بووە کە نەک تیاچوونی خەڵکی ئاسایی بەڵکو شەهید بوونی پێشمەرگەش کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نییە. ئەگەرچی مەرگ بۆ خەڵک ئاسایی بوەتەوە بەڵام دیسان جیاوازی لە نێوان مردنی ئاسایی و شەهید بوونی پێشمەرگە بە دەست دوژمن هەیە.
کاتێک مرۆڤ چاو لە ماڵپەڕی حدکا دەکا ئەو ڕوانینەی لا درووست دەبێ کە ئەمڕۆ یا سبەی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران و ڕژیم دەڕوخێ. پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر حیزبێک بەم هیوایە دەژی کەواتە ناردنەوەی چەند پێشمەرگەیەک چ دەردرێک دەوا ئەکا؟ دیارە زۆر پرسیاری دیکە درووست دەبن و ئەگەرچی پیویست بە وەرگرتنەوەی وڵام ناکا بەڵام دەربڕینیان باشترە.
هۆکارەکانی شەهید بوونی ئەو پێشمەرگانە بەو ئاسانییە چییە؟ ئایا عەواملی نفووزی ڕژیم لە ناو ڕیزی ئەو حیزبانە هەن ـ کە بێ گومان هەن ـ و هەر پێش ئەوەی ئەوانە بەرەو ناوخۆ بەڕێ بکەون زانیاری ئەدەنە ڕژیم ؟ ئایا بە هۆی بێ ئیحتیاتی و کەم ئەزموونی خۆیان ئەبنە قوربانی؟ ئایا پێ بوونی کەرەستەی وەک وموبایل و ئینترنێت ئەبێتە هۆی کەشف بوونیان یا ئەسڵەن ئەمانە ئەزانن کە هەڵگرتنی سیم کارتێکی موبایل تەنانەت بە کوژاوەیی ئەبێتە هۆی کەشف بوونیان؟ ئەوانەو زۆر پرسیاری دیکە کە لە بیرکردنەوەی مندا نییە درووست دەبن.
پرسیارێکی دیکە ئەوەیە کە ئەگەر پێشمەرگە ئاوا بە ئاسانی تیا دەچن بۆ لانی کەم بۆ عەمەلیاتی ئینتحاری قۆناغی شەهید بوون تێپەڕ ناکەن تا لانی کەم کۆمەڵێک پاسدار بکوژن و ترس بخەنە دڵی ڕژیمەوە؟ خۆ ئەگەر ئەو ٤٠ پێشمەرگەو گەریلای کە شەهید بوون هەر یەکەی عەمەلیاتێکی ئینتحاری بکردایە کوردستان دەبووە گۆڕستانی دوژمن. یا ئەگەر گروپی چەند کەسی وڵامدەر نییە بۆ پێشمەرگە وەک دەهەی شەست وەک هێزی سەد کەسی و ٢٠٠ کەسی ناڕۆنەوە مەنتەقە؟
لە یەکساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ پێشمەرگەو گەریلا شەهیدبوون کە ئەگەرچی بە تۆڵە سەندنەوە قەرەبووی خوێنیان ناکرێتەوە بەڵام ساڵانی ڕابردوو بەو ڕێژە شەهید شەڕی چەکداریدا لانی کەم ٤٠٠ چەکداری رژیمی دەکوژرا.
دیسان سەرساخی بۆ بنەماڵەی ئەو شەهیدانە.