جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی‌و به‌رپرسی هێزه‌كانی حه‌فتا له‌م گفتوگۆیه‌ی ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت “ئه‌و هێزه‌ی داعش ئه‌مڕۆ له‌چیای حه‌مرین‌و حه‌ویجه‌یه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیداره بۆ سه‌ر كه‌ركوك‌و هه‌رێمی كوردستان”
ئا: مه‌زهه‌ر كه‌ریم
ئاوێنه: خه‌ڵكی دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆریان هه‌یه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌كاتی ریفراندۆم‌و دواتردا روبه‌ڕوی ئه‌گه‌ری نه‌خوازراو ببینه‌وه، نه‌ك هه‌ر له‌ڕوی ئابوریه‌وه به‌ڵكو له‌ڕوی سه‌ربازیشه‌وه هێرش بكرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئایا به‌بڕوای به‌ڕێزتان له‌حاڵه‌تێكی وادا كورد توانای به‌رگری كردنی له‌خۆی هه‌یه؟
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: ئێمه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رابردوی خۆمان ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم‌و به‌بیرم بێت له‌ساڵی1961ه‌وه كه شۆڕشی كورد به‌رپابوه حكومه‌ته یه‌كله‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق هه‌میشه ئابڵوقه‌یان خستوه‌ته سه‌ر تاكی كورد نه‌ك هه‌ر كوردستان، رێگه‌یان نه‌داوه یه‌ك ماڵی كوردیش خواردنی پێبگات‌و هێرشیان كردوه‌ته سه‌ر گونده‌كانمان له‌زه‌وی‌و ئاسمانه‌وه‌و به‌هه‌مو توانایانه‌وه به‌تێزاب له‌گونده‌كانیان داوین‌و سوتاندویانه‌و وێرانیان كردوه، كۆتاجار ئه‌نفالیان كردوین‌و به‌كیمیایی لێیانداوین، هه‌رچی نه‌شێت پێیانكردوین، نه باسی سه‌ربه‌خۆیی‌و نه باسی ریفراندۆمیشمان كردوه، ره‌نگه له‌هه‌ندێك كاتدا باسی حوكمێكی لامه‌ركه‌زیمان كردبێت، به‌مانای ئه‌وه‌یه هیچ كاتێك نه له‌ڕابردوداو نه له‌داهاتودا چاوه‌ڕێی ئه‌وه ناكه‌ین ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی عێراق گوڵبارانت بكه‌ن یاخود خۆیان پێتبڵێن فه‌رمو وه‌ره ئه‌مه ریفراندۆم بكه‌و هه‌قی خۆت چیه وه‌ریگره، بۆیه له‌به‌رئه‌وه ریفراندۆم بكه‌ین‌و نه‌یكه‌ین ئێمه ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌مان له‌سه‌ره، ره‌نگه ئه‌مڕۆ له‌جاران جیاوازتربێت دۆخی ناوچه‌كه هه‌موی تێكچوه، پێموایه ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئێستا ده‌كرێن زۆربه‌یان ناتوانرێ جێبه‌جێ بكرێن، ئه‌گه‌ر بتوانن كه وه‌ك وتمان به‌بێ ریفراندۆمیش كردویانه، خۆ سه‌دو هه‌شتاو دو هه‌زار كورد ئه‌نفال كراون‌و زینده‌به‌چاڵ كراون‌و ئێستایش ته‌رمه‌كانیان ده‌ست نه‌كه‌وتۆته‌وه، كه‌ی باسی ریفراندۆم‌و سه‌ربه‌خۆیی كرابو؟ به‌ڵام ئایا ئێمه ئه‌گه‌ر ریفراندۆم نه‌كه‌ین دۆخمان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟ ئێمه هێزێكین به‌رگریمان كردوه له‌كاتێكدا سوپای عێراق كه سوپایه‌كی ملیۆنی بوه به‌كیمیاویی لێیداوین، به‌لاَم ئه‌وه‌نیه تۆ ئێستا وابزانیت سوپای توركی‌و ئێرانی‌و عێراقی هه‌موی هێرشده‌كاته سه‌ر كوردستان، ئه‌مه ترسی خه‌ڵك نیه، خه‌ڵكانێك هه‌ن كه ئیشده‌كه‌ن بۆ هه‌ندێك جێگه یان به‌ڕێنمایی هه‌ندێك جێگه‌و ده‌وڵه‌تی ئیقلیمی‌و عێراق خه‌ڵكه‌كه ده‌ترسێنن، ئه‌گینا من پێموایه خه‌ڵكه‌كه ده‌زانێت چی به‌سه‌رهاتوه له‌ڕابردودا، كه له‌م سه‌ر جادانه خه‌ڵكیان ره‌شه‌كوژ ده‌كرد، كه خه‌ڵكیان ده‌برده دائیره‌ی ئه‌من‌و به‌تێڵا ئه‌یانكوشت‌و به‌كاره‌با ئه‌یانكوشت كه‌س باسی ریفراندۆمی كردبو؟ كه‌س باسی سه‌ربه‌خۆیی كردبو؟ ئێمه ده‌بێت چاوه‌ڕوانی هه‌مو ئه‌گه‌رێك بكه‌ین كه هێرش كرا به‌رگری ده‌كه‌ین تا مردن وه‌ك له‌وه‌ی پێشتر كردومانه، من پرسیارێك له‌وانه ده‌كه‌م كه ده‌ڵێن ئێستا كاتی سه‌ربه‌خۆیی نیه: ئه‌ی كه‌ی كاتیه‌تی؟ زۆر سه‌یره میلله‌تێك پێش دوژمنه‌كانی خۆی بكه‌وێت‌و پێش داگیركه‌رانی خاكه‌كه‌ی خۆی بكه‌وێت‌و بڵێ وه‌ختی ریفراندۆم نیه.
ئاوێنه: وه‌ك ئاگادارین له‌كاتی شه‌ڕی داعشدا پشتگیرییه‌كی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بو بۆ كوردستان، ئایا پێشبینی ده‌كه‌ن له‌كاتی پرسی ریفراندۆمدا هه‌مان پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كورد‌و پێشمه‌رگه هه‌بێت؟
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: ئێمه له‌شه‌ڕی داعشدا نه ئه‌مریكامان له‌گه‌ڵدابو، نه هاوپه‌یمانانمان له‌گه‌ڵدابو، نه ئێرانمان له‌گه‌ڵدابو شه‌ڕی داعشیشمان كرد. له‌سه‌ره‌تادا ته‌نها میلله‌ته‌كه‌ی خۆمانمان له‌گه‌ڵدابو جگه له‌وان یه‌ك كه‌سمان له‌گه‌ڵ نه‌بو، ئه‌گه‌ر بهاتایه‌و ئێستا وه‌ك واقیع ئه‌و فیشه‌كه‌ی به‌پێشمه‌رگه بو بتژماردایه‌و ئه‌و چه‌كه‌ی به‌پێشمه‌رگه بو جۆره‌كه‌یت ببینیایه ئه‌توت چۆن پێشمه‌رگه توانی شه‌ڕی ئه‌و هێزه گه‌وره‌یه بكات؟ ئێمه له‌وكاته‌دا داعش هێرشی كرده سه‌رمان هیچ شه‌ش فیرقه‌ی سوپای عێراقی هه‌ره‌سی هێنابو، هه‌رچی چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازییه كه‌وته ده‌ست داعش، جگه له‌وه عه‌ره‌بی ناوچه ته‌عریبكراوه‌كان هه‌مویان چه‌كیان هه‌ڵگرت دژی پێشمه‌رگه، به‌ڵام توانیمان هێڵێكی به‌رگری دروستبكه‌ین نه‌ك هه‌ر به‌رگری له‌هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌و شوێنانه‌ی سوپای عێراقیشی لێبو پێیده‌ڵێن ناوچه‌ی كوردستانی دابڕێنراو، چوینه ئه‌و ناوچانه‌و به‌خوێنی تێكۆشه‌ره‌كانی ئه‌م میلله‌ته به‌رگریمان كرد‌و نه‌مانهێشت پێشڕه‌وی بكات. له‌به‌رئه‌وه ئێمه پێش هه‌موشتێك یه‌كگرتو بین‌و خۆمان توانا‌مان هه‌بێت‌و بڕوامان به‌خۆمان هه‌بێت وه‌ك میلله‌ت پێموایه پشتیوانیشمان هه‌یه، پشگیریشمان هه‌یه. ئه‌مه‌نده ئاسان نیه هێزێك بیه‌وێت په‌لاماری هه‌رێمی كوردستان بدات، چونكه هێزی پێشمه‌رگه ئه‌و هێزه‌یه كه له‌ئێستادا به‌بێ نان‌و به‌بێ ئاو زۆرجار به‌بێ موچه له‌سه‌نگه‌ره‌كاندا شه‌ڕده‌كات، وره‌و توانای خۆڕاگری‌و فیداكاری بیروباوه‌ڕی پێشمه‌رگه له‌شوێنی خۆیه‌تی، تۆ به‌وانه بڵێ كه ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكی كوردستان بڕوخێنن‌و كه هێزی پێشمه‌رگه ناڕوخێت بیڕوخێنن بۆ خزمه‌تی دوژمنان‌و داگیركه‌رانی كوردستان، لای ئه‌وانه چۆن ده‌توانیت قه‌ناعه‌ت دروستكه‌یت به‌میدیاكانیشه‌وه.
ئاوێنه: هێزێكی گه‌وره‌ی داعش رویكردوه‌ته جه‌به‌ل حه‌مرین، ئایا كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م هێزه له‌و ناوچه‌یه مه‌ترسی بۆ سه‌ر سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نییه به‌تایبه‌تی دوزو كه‌ركوك‌و گه‌رمیان؟
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: ئه‌و هێزه‌ی داعش ئه‌مڕۆ له‌ناوچه‌ی حه‌ویجه‌و ئه‌وانه‌یه هێزێكه كه هه‌ڕه‌شه‌یه نه‌ك بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یشه بۆسه‌ر ئه‌نبار بۆسه‌ر تكریت بۆسه‌ر ته‌نانه‌ت موسڵ بۆ سه‌ر كه‌ركوك هه‌تا بۆ به‌غدا مه‌ترسیه له‌به‌رئه‌وه شوێنی ئه‌م هێزه كه له‌ناوچه‌ی زابی بچوكه‌وه ده‌ستپێده‌كات هه‌تا ده‌چێته مه‌نده‌لی‌و زنجیره شاخی حه‌مرین هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر هه‌مو پارێزگاكانی ده‌وروبه‌ری‌و تائێستا سه‌دان هێرشیان كردوه، له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌م بۆ سه‌ر هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراق هه‌م بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه ده‌ستی زۆریان وه‌شاندوه له‌هێزه‌كانی عێراق، له‌به‌رئه‌وه ئه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه ئێستا هێزی داعش له‌و ناوچانه جێگیربوه، كورد كه ئێستا بڕیارده‌دات له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆی، ئێمه وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه ئه‌وه‌نده‌مان توانیوه سه‌نگه‌ره‌كانمان قایم كردوه‌و به‌هێزمان كردوه، ئێمه بۆ ماوه‌ی ساڵێك زیاتره نه‌مانتوانیوه هیچ كرده‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌نجامبده‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی عێراق به‌ڕه‌سمی ئاگاداری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانی كردوه كه رازی نیه له‌وه زیاتر پێشمه‌رگه پێشڕه‌وی بكات‌و شه‌ڕی داعش بكات، هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بكات، له‌به‌رئه‌وه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ته‌نها له‌حاڵه‌تی به‌رگریدان.
ئاوێنه: ئێوه سه‌رسه‌ختانه داكۆكی له‌ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ك تێبینی ده‌كرێت كۆده‌نگیه‌ك له‌یه‌كێتیدا به‌دیناكرێت سه‌باره‌ت به‌ریفراندۆم، چه‌ند ده‌نگێك هه‌ن به‌ئاشكرا باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌چنه كۆمیته‌ی ریفراندۆم نوێنه‌رایه‌تی یه‌كیه‌تی ناكه‌ن، هۆكاری ئه‌و ناكۆكیانه چین؟
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ناده‌مه‌وه بچۆ له‌و به‌ره‌ڵاو مه‌ره‌ڵایانه‌ی ناو یه‌كێیه‌تی بپرسه كه به‌هه‌وه‌سی خۆیان قسه‌ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ریفراندۆم.
ئاوێنه: زۆرجار مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بڕیارده‌دات به‌ڵام بڕیاره‌كانی جێبه‌جێ ناكرێن وه‌ك گۆڕینی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی عێراق، ئایا ئه‌مه له‌بایه‌خی بڕیاره‌كانتان كه‌م ناكاته‌وه؟
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: بڕۆ له‌مه‌كته‌بی سیاسی بپرسه.
ئاوێنه: باس له‌وه ده‌كرێت شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌هۆی نوسین‌و لێدوانیه‌وه له‌لایه‌ن كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه له‌پۆسته‌كه‌ی دورخراوه‌ته‌وه، ئه‌مه وایه؟
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: من شاناز هه‌ر به‌وه نازانم قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م، شاناز چیه باهه‌ر بڵێت، ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و هه‌ر حسابی بۆ ناكرێت، یه‌كێك بیه‌وێت یه‌كڕیزیی میلله‌ت تێكبدات، یه‌كڕیزیی حیزب تێكبدات، ده‌بێت چ حسابێكی بۆ بكه‌یت؟! منم تۆیت ئه‌حمه‌ده مه‌حموده، هه‌ركه‌سێكه. من پێموایه ئه‌وانه‌ی یه‌كێتی ره‌سه‌ن‌و راسته‌قینه‌ن ریفراندۆم به‌پێویست ده‌زانن‌و ئاماده‌ن سه‌ری خۆشیانی له‌پێناودا دانێن، به‌ڵام به‌ته‌كید كۆمه‌لێك خه‌ڵك هه‌ن به‌رنامه‌ڕێژكراو ئیش ده‌كه‌ن له‌ناو یه‌كێتیدا دژی یه‌كڕیزی میلله‌ته‌كه‌ن، دژی یه‌كڕیزی یه‌كێتی‌و دژی هه‌مو شتێكن‌و دژی یه‌كێتی كارده‌كه‌ن، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه داده‌نیشیت گوێی لێده‌گریت ده‌زانی ئه‌مه ئه‌جیندایه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه به به‌رنامه‌وه هاتۆته ناو كۆبونه‌وه‌كه‌وه كه چی بكات، بۆیه من پێموایه یه‌كێتی، یه‌كێتیه ره‌سه‌نه‌كان خاوه‌نی هه‌ڵوێستی خۆیانن‌و به‌ڕه‌شیان وتوه ره‌ش‌و به‌سپییان وتوه سپی‌و له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی‌و ریفراندۆمدان.
ئاوێنه: رێكخه‌رو خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆران زۆرینه‌یان هاوڕێ‌و هاوكاری تۆ‌و ئێوه بون، پێشبینی ده‌كه‌یت ئه‌م ستافه چ جۆره سیاسه‌تێك په‌یڕه‌و بكه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ریفراندۆم‌و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان؟
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: گۆڕان هێزێكه بته‌وێت‌و نه‌ته‌وێت قورسایی خۆی هه‌یه له‌گۆڕه‌پانی كوردستاندا، ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌خانه‌ی راپه‌ڕاندندان هه‌موی پیاوی تێكۆشه‌رو ماندون له‌كوردایه‌تیدا له‌پێشمه‌رگایه‌تیدا، قوربانییان داوه‌و فیداكارییان كردوه له‌شاخ‌و له‌شار، ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه كه هه‌یه ئه‌مڕۆ له‌كوردستاندا ئه‌وانیش وه‌كو هه‌مو تێكۆشه‌رێكی تر به‌هه‌قه‌ت شه‌ریكن تێیدا، له‌به‌ر ئه‌وه من پێموایه وه‌فایان بۆ خه‌باتی خۆیان بۆ ئه‌و هاوڕێیانه‌ی كه به‌شێكی زۆریان له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌واندا به‌سه‌دان پێشمه‌رگه شه‌هیدو برینداربون له‌پێناوی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌و له‌پێناوی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، من پێموایه ئه‌وانه هه‌نگاوی باش ده‌نێن، به‌ڵام به‌دڵنیایی له‌ناو ئه‌وانیشدا رێگری هه‌یه، كه‌سانێك هه‌یه هیچ هه‌ست به به‌رپرسارێتی ناكه‌ن، بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه كورد چ قوربانیه‌كی داوه، چ فیداكاریه‌كی كردوه، ئێستا چ ده‌رفه‌تێكه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزی ماڵی كورد بپارێزین‌و یه‌كده‌نگ بین، ئه‌گه‌ر ئێمه یه‌كده‌نگ بین من بڕوام هه‌یه هه‌ر كۆسپێكیش بێته رێمان‌و هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیش رومان تێبكات ده‌توانین روبه‌ڕوی ببینه‌وه.
ئاوێنه: پێشبینی ده‌كه‌یت له 25ی ئه‌یلولدا به‌ڵێ به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌نه‌خێر بباته‌وه؟
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: به‌ڕای من پێمخۆشه سه‌دی سه‌د ریفراندۆم به به‌ڵی بێت، هه‌قیشه وابێت، ماڵ نیه شه‌هیدی نه‌بێت، برینداری نه‌بێت، ئه‌نفال نه‌كرابێت، كیمیاباران نه‌كرابێت له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی، من بڕوام وانیه خه‌ڵكه ره‌سه‌نه‌كه برسیه‌تی كاری تێبكات، من پێوایه لێدوانی هه‌ندێك خه‌ڵكی نابه‌رپرس كه به به‌رنامه كارده‌كه‌ن له‌میدیاكانه‌وه ده‌چن پێش دوژمن ده‌كه‌ون ئه‌ڵێن كورد ریفراندۆمی ناوێت، وه‌ختی ریفراندۆم نیه، من پێموایه ئه‌وان دوژمنه‌كان فێریان كردون وا بڵێن، بۆ نمونه نه‌بونی موچه بوه‌ته پاساوێك‌و بوه‌ته زوڕنایه‌ك به‌ده‌می ئه‌و كه‌سانه‌وه كه دژی هه‌مو یه‌كڕیزیه‌كی كوردن، دژی هه‌مو مافێكن بۆ ئه‌م هه‌رێمه، بوه‌ته زوڕنایه‌ك به‌ده‌میانه‌وه به‌چه‌پ‌و راستا بایده‌ده‌ن له‌كۆڕو كۆبونه‌وه‌و له‌میدیاكاندا كه به‌دڵنیایی كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت له‌سه‌ر ریفراندۆم.
ئاوێنه: قسه‌ت چیه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌مپینه گه‌وره‌یه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید به‌نیازه به‌نه‌خێر دژ به‌ڕیفراندۆم بیكات؟
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: شاسوار ئه‌و پیاوه نیه من قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م.
ئاوێنه: ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌و كه‌مپینه‌دا به‌شدار ده‌بن؟
جه‌حفه‌ر شێخ مسته‌فا: من نازانم ئه‌وه ده‌چێته چ خانه‌یه‌كه‌وه، چ جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌فره‌زه خاسانه‌ی كورد كه ببون به‌جاش‌و ده‌هاتن پێشمه‌رگه‌یان شه‌هید ده‌كرد‌و كوردستانیان ئه‌نفال ده‌كرد‌و پێش سوپای عێراقی ده‌كه‌وتن‌و گونده‌كانی كوردستانیان ته‌خت ده‌كرد، ئه‌سڵه‌ن ئه‌و مه‌فره‌زه خاسانه زۆر شه‌ریفترو نه‌جیبتر بون له‌و كه‌سه‌ی ئه‌و كه‌مپینه دروست ده‌كات، جا لایه‌نه، شه‌خسه، هه‌ركه‌سێك بێت واته بكوژی پێشمه‌رگه زۆر شه‌ریفتره له‌وانه، ئه‌و داعشه زۆر شه‌ریفتره له‌وانه، چونكه ئه‌وه دوژمنێكه روبه‌ڕومانه‌و ده‌ڵێت كورد ده‌كوژم، میلله‌ته‌كه یه‌كڕیزو یه‌كده‌نگ روبه‌ڕوی ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌وانه یه‌كڕیزی كورد تێكده‌ده‌ن‌و یارمه‌تی دوژمنان‌و داگیركه‌ران ده‌ده‌ن.