"an independent online kurdish website

لە ئەمڕۆدا گەندەڵی ترسناکترین و زیانبەخشترین دیاردەی نەرێنی دەوڵەت و دەسەڵاتە.. نەخۆشییەکی مەترسیدارە.. خەریکە بڵاوبێتەوە و ببێت بە پەتا و لە دەسەڵاتی باڵاوە شۆڕببێتەوە بۆ خوارەوە

و، ژمارەیەکی زۆرتری دەسەڵاتدارن و کاربەدەستان تووشی ڤایرۆسی گەندەڵی ببن.. لە راستی دا گەندەڵی لە تیـرۆر زۆر مەترسیدارترە.

چەمکی دەسەڵات لە لای دەسەڵاتدارانی گەندەڵ بریتییە لە خۆسەپاندن و لە قورخکردنی دەسەڵات و لە دەستگرتن بەسەر ئابووری و دارایی گەل و بوونی هێز و دەستوپێوەند.

دەسەڵاتدارانی گەندەڵ چاوچنۆکن.. نە تێردەبن و نە گیرفانیان پڕدەبێت و نە وازیش لە دەسەڵات دەهێنن.. خۆیان و بنەماڵەکانیان بە پارەی دزینی گەلەوە تەخشان و پەخشان دەکەن.. گوێشیان لەوە نییە کە رۆڵەکانی گەلەکەیان برسی و رەش و رووتوون.

بڕێک لەو پارانەش کە دەیدزن، بۆ هێزی چەکداری تایبەت بە خۆیان و، بۆ زیادکردنی دەستوپێوەندەکانیان.. یا بۆ کڕینی سیاسی تەشیرێس و بۆ راگەیەندکاری بە شان و باڵ هەڵدەر و بۆ نووسەری ماستاوکەر، بۆ کەسانێکی بەرەماوەخۆر و کاسەلێس و بۆ چەپڵەلێدەران و بۆ شاباشکەرەکانیان خەرجیدەکەن.

بیرمەندە ناودارەکانی جیهان، حەز و هەڵپەی دەسەڵاتیان لە پلەی یەکەم داناوە، چونکە دەسەڵاتدارانی دز و گەندەڵ، لە رێی قورخکردنی دەسەڵاتەوە، دەتوانن دوو حەزەکەی تریشیان بهێننەدی.. حەزی کۆکردنەوەی پـارە و گیرفان پڕکردن و خۆدەوڵەمەندکردنی بێ ئەندازەی ناڕەوا.. حەزی هـێز و زۆرکردنی لایەنگر و دەستوپێوەندی زیاتر.. ئەم دەستوپێوەندە خۆفرۆشانەش، دەخرێنە ریزی گەندەڵچییەکان.

دەسەڵاتی گەندەڵ دەیەوێت خەڵکی نوزەیان لێوە نەیت.. گوێش بە رای جیاواز و بە داواکارییەکانی گەل نادەن بە تایبەتیش لەو کۆمەڵگایانەی کە دەسەڵات دەستی خستۆتە بینەقاقای ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ.. دەسەڵاتی گەندەڵ گوێ بە ناڕەزایی و تووڕەی و داواکانی خەڵی برسی و بێکار و بێدەرەتان نادەن و، خوێنی خەڵکیان لا هەرزانە و ئامادەن بە زەبری هێز بێدەنگ و سەرکوتیان بکەن.

لە چەند نووسینێکی ترم دا هەر لە بارەی گەندەڵییەوە، چەختم لەسەر ئەوە کردووە کە گەورەترین و گەندەڵترین گەندەڵی.. بوونی کەسی نەشیاوە لە شوێنی شیاودا.. بوونی کەسانی نابەڵەد و هیچ لەبـار و نەزانە لە پۆستی باڵا و هەستیاری حوکمڕانی دا.. لە ئێستا و لە پێشتریش، لە سەدا نەوەتی پۆستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان درابوون و دراون بە کەسانێکی نابەڵەد و ناپسپۆر و نەشارەزا و نەزان و بێ ئەزموون و بێ توانا.. کە شیاوی ئەو پۆستانە نین.. هیچ بەگراوندێکی سیاسی و پسپۆریان نییە، بە شایستەی و توانای خۆیان وەریان نەگرتوون.. بە پایەکانی پەیژەی حیزبایەتی و سیاسی و دەسەڵات و بەڕێوەبردنيش دا سەرنەکەوتوون.. زۆربەیان ئەکادیمی نین، بەشێکیان خاوەنی بڕوانامەی نزمیشن.. گەمەکەرێکی سیاسی نابەڵەدیشن و هەمیشە دۆڕاون.

ئەم دەسەڵاتدارانە لە رێی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری و لە رێی خزم خزمێنە و رادەی هاوبەستەبوونیان بۆ بنەماڵە، ئەو ئەو پۆستانەیان پێدراون، یا کوڕی فڵان سەرکردەن. شەرمەزاری و شوورەییەکی گەورەیە بۆ کەسانی نەشیاو لە شوێنی شیاودابن.. کورد وتەنیش:”تا رەجەب سەرپاڵەمان بێت.. حاڵمان لەمەش خراپتر دەبێت..” چاوەڕوانی ئەوەش مەبن کە قەیرانە سیاسی و ئابووری و دەسەڵاتییەکانمان لە سایەی دەسەڵاتی گەندەڵ دا چارەسەربکرێن.. ئەم گەندەڵییەش تەنها دەسەڵاتی حوکمڕانی نەگرتۆتەوە.. بەڵکو بەشی زۆری کارگێڕان و ئەنـدامانی دەستەی باڵا و مەکتەبی سیاسی زۆربەی حیزبەکـانی باشووری کوردستان و دەزگا هەستیارەکانیشی لە هەرێمی کوردستان دا گرتۆنەتەوە. پارتە سیاسییەکانیش بوونە بە بنەماڵەیی و عەشیرەتی و هاوبەرژەوەندی و پشک پشکێنە و باڵ باڵێنە، پۆستە باڵاکان بوونە بە میراتی و بە بۆماوەیی بنەماڵە و عەشرەت.. کۆمەڵێک لە نێو حیزبەکان، بوونە بە مافیا و هێزی سەرکوتکەریان هەیە.. تەنانەت حیزبەکانیشیان لێیان دەترسن کە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دا بکەن.

دەسەڵاتی گەندەڵ، دەسەڵاتێکی درۆزن و بێ شەرم و بەڵێن پـووکە.. دەیانەوێت بە کۆمەڵێک بەڵێنی درۆ و دروشمی بریقەدار، خۆڵ لە چاوی خەڵکی سادەی دڵپاک بکەن و، پەردەپۆشی ستەم و تاوان و دزی و کارە ناڕەواکانیان و قەیرانەکان بکەن.

دەسەڵاتدارانی گەندەڵ، بە زەقی پێشێلی هەموو بەها رەوشتی و یاسایی و ویژدانییەکان دەکەن.. لە پێناوی خۆقایمکردن و خۆسەپاندن و بەرنەدانی کورسییەکانیان و مانەوەیان بۆ درێژترین ماوە لە پۆستەکانیان، بێ شەرمانە هەموو رێگا و شێوازێکی نایاسایی و نەشیاویش دەگرنەبەر بۆگەیشتن بە مەرامەکانیان، پاکانە بۆ هۆکارە نادروستییەکانیان دەکەن.. گەر پێویست کات بەبێ دودڵییش هێزەکانیان بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایی گەلەکەیان بەکاردەهێنن.. تا ئێستا چەندین رۆژنامەنووس و چالاکوانیان فتکردوون.

مایەی پێکەنینیشە، گوایە لە لایەن حکوومەت و پەرلەمانەوە (دەستەی دەستپاکی) دانراوە بۆ بە دواداچوون و لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکانی گەندەڵکارانی دەسەڵات.. ئەو دەستەیە لە لایەن خودی دەسەڵاتی گەندەڵەوە سەرۆک و ئەندامەکانی دانراون.. ئەمەو پەرلەمانێکیش لەژێر چەتری دەسەڵاتی گەندەڵ دابێت.. ئەو پەرلەمانەش دەچێتە ریزی گەندەڵییەوە، چونکە ناتوانن بانگهێشتی گەندەڵکارنی باڵا بکەن و بە گەندەڵکار ناویان بەرن و بیان دەن بە دادگا و دادگاییان بکەن و سزای یاساییان بدەن.. تەنانەت دادگاش بێلایەن نییە، لە لایەن دەسەڵاتی گەندەڵەوە ئەندامەکانی دادەنرێن و ئاراستە دەکرێت و بڕیارەکانیشی لە خزمەتی دەسەڵاتی گەندەڵ دان.

لە راستیش دا، لە باشووری کوردستان دا، ئۆپۆزیۆنێکی ئەکتیف و بوێرمان نییە، کە بتوانێت بە راشکاوی دەنگی لێهەڵبڕێت و رووبەڕووی دەسەڵاتی گەندەڵ ببێتەوە و بەبێ ترس پەردە لەسەر گەندەڵییەکانی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ هەڵبماڵێت و ئاشکرایان بکات. بە لای منەوە، ئۆپۆزسیۆنی گەندەڵ و بێ دەسەڵات، لە حکوومەتی دەسەڵاتداری گەندەڵ مەترسیدارتر و گەندەڵترە.

لە باشووری کوردستان دا، کێشەی سەرکی، کێشەی قورخکردنی دەسەڵات و دەسەڵاتی گەندەڵ و دزیکردنە لە پارە و سامانی گەلەکەمان.. دەسەڵاتیش بووە بە پشک پشکێنە لە نێوان دوو بنەماڵەی خۆسەپێندا.. بە هەزان ماستاوکەر و شان تەکێنیش لە دەوریان کۆبوونەتەوە.. لاچوونی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ لە پۆست و دەسەڵات هێڵی سووریانە.

ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە، قەیران لە دوای قەیران بۆ کوردستان دروست دەکەن.. ئەمانە هۆکاری ئەم رۆژە رەشە و هەموو نەهاماتییەکانن.. جامی بێزاری و تووڕەیی خەڵک پڕبووە و لێی دەڕژێ.. کەچی دەسەڵاتی گەندەڵ زۆر بێباکن و گوێ بە ئازار و برسێتی هەژاران و بێدەرەتانان نادەن.. چونکە خۆیان تێرن و تێریش ئاگای لە برسی نییە.

بێێدەنگی و چاوپۆشین لە گەندەڵی و لە دزینی سامانی گەل و لە بەرتیل وەرگرتن و لە مەحسوبییەت و لە مەنسوبیەت لە لایەن ئەو کەسانەی کە لە دەسەڵات دان و، لە نێـو بازنـەی بڕیارەکانی دەسەڵاتی گەنـدەڵ دان.. هیچ جیاوازییەکیان نییە، لەگەڵ دەسەڵاتی گەندەڵ دا.. ئەوانیش لەو ستەمانەی دەکرێن هاوبەشن، بەرپرسێتی یاسایی و رەوشتی و ویژدانییان لە ئەستۆدایە.. بە سوودپەرست و بە تێوەگلانی گەندەڵی تاوانبار دەکرێن.

پێشم سەیرە کە دەسەڵاتی گەندەڵ لە هەرێمی کوردستان دا، داوای نەهێشتنی گەندەڵی  دەکات و پرۆژەی چاکسازی راگەیاند..! پێویستە ئەوە بزانن کە رووبەڕووبوونەوە و رەکێشکردنی گەندەڵی، لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەست پێدەکات.. بەڵام چاکسازی لە خـوارەوە بۆ سەرەوە دەکرێت.. واتە گەر راستدەکەن کە دەیانەوێت چاکسازی بکەن با لە خۆیان و لە حکوومەت و لە دەسەڵاتی سەپێنراویانەوە دەست پێبکەن.. نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی، بە بەڵێن و بە قسەی رووت و بە فیشاڵی بەردەم مایکەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان ناکرێن.. بەڵکو بەکار و ئەنجامدان دەسەلمێنرێن.

تەنیا گەلەکەمان بە یەکگرتووی و بە خۆپيشاندان و بە راپەڕینێکی سەرتاسەری.. بە شێوەیەکی شارستانی و ئاشتییانە، دوور لە توندوتیژی و لە زیان گەیاندن بە سامانی هاوڵاتیان و سامانی گشتی، دوور لە کاری ناشیرین.. دەتوانێت رووبەڕووی دەسەڵاتی گەندەڵی شکستخواردوو ببێتەوە.. ئەمەش بەبێ ئیرادە و دڵسۆزی و قوربانیدان نایەتە دی و کۆتایی بە گەندەڵی و بە دەسەڵاتی گەندەڵ نایات.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی