پێشەکی، مرۆڤ لە دەستپێکی ژیان لە سەر گۆی زەوی، دوای ناسینی تواناکانی، خۆی بە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداری یەکەم لە ژینگەی ناوچەیی و داوتر لە پێوەری جیهانیدا دەزانێت.
ئەگەرچی زۆر ڕووداوی سرووشتی دەبنە هۆکاری بەستنەوەی و گرێدانی باوەڕی مرۆڤ بە ئاراستەی زۆر هێزی دیکە دا، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش لە کۆتاییدا بە قەڵەمبازی زانستی دەخوازێت بوون و نەبوونی کەون و تەنی سروووشتی شی بکاتەوە.
کاتێک بازنەی حەز و هیواکانی مرۆڤ گەورەتر دەبێتەوە، دەڵڕەقی و ڕکابەریی لەئاست تاک و کۆی بەرانبەری خۆی، وای لێ دەکات پشت بە ئامرازی سەیر و سەمەر بۆ ڕاکردن لە گەڕاندنەوەی حەق و حەقیقەت و سڕینەوەی ئاسەواری خواست و کردەی چەپەڵی خۆی بدۆزێتەوە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ژیرانەتر و بە کەڵک وەرگرتن لە پێشەوەچوونی زانست و تکنۆلۆژی، داهێنانی نوێ بۆ هەموو جۆرە هێز و توانایەک دەکەن، بۆیە سانسۆڕ وەک ئامرازێکی دەستکرد و فرت و فێڵی مرۆڤ خۆی پێناسە دەکات.
چەمکی سانسۆڕ بریتیە لە وشەی فەڕانسی (censure)، کە بە مانای کۆنتڕۆلکردنی قسە و جۆرەکانی دیکەی دەربڕین و …هتد مانا دەکرێتەوە.
لە زۆربەی جورەکان دا سانسۆڕ بە کردەوەی دەوڵەتەکان دادەندرێت و بە کارهێنانی سانسۆڕ بە مەبەستی پێکهێنانی ئارامی و سەقامگیری لە ناو کۆمەڵگەکان یان چاکترکردنی بارودۆخەکە لە قازانج و بەرژەوەندی دەوڵەتدایە.
بە گشتی وشەی سانسۆڕ سەبارەت بە فەزا و شوێنی گشتی و جەماوەری کەڵکی لێوەر دەگیرێت و فەرمی ترین شێوازی سانسۆڕ کپ کردنی دەنگی ئازاد و بیرکردنەوەی جیاوازە کە بە هەڕەشەی یاسایی و تۆمەتبار کردنی تاک دەست پێ دەکات. هەروەها سانسۆڕ کۆنتڕۆڵکردنی هەست و ویستی دەرونی و پێشگرتن بە دەست ڕانەگەیشتنی هزر و باوەڕی تاک بە ڕاگەیاندنی گشتی دەگرێتەوە.
ئەو بوارەی کۆنتڕۆڵ دەکرێت ڕەنگە لە چەند وشەی تایبەت و هەروەها گۆڕینی مانای چەمکیکەوە دەست پی بکات و دواتر بە فراوانی لایەنەکانی دیکەی ژیان بگرێتەوە. مێژووی سانسۆڕ کردن کۆنە و لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆما، ئەو کەسی سانسۆڕی دەگرتە ئەستۆ دەبوایە دوو کاری بکردبایە و یەکەم: بژاردنی ڕاژەی شارۆمەندان و دووهەم: چاودێری بە سەر هەڵسووکەوتی ئاسایی و نائاسایی ئەوان(جاسووسی). هەر بۆیە دەبینین بە کار هێنانی چەمکی سەرژمێری (Census) هاوکات لەو سەردەمە بوونی هەبووە.
یەکەم جار چەمکی شوشتنەوەی سپی(whitewash)مێشکی تاکەکان، بەر لە سانسۆڕ ناوی هاتووە، کە مەبەست شوشتنەوەی هزر و بیروباوەڕی تاک بووە و لە بابەتێکدا بە سەردێڕی Evening Post کە لە ساڵی 1762 نووسراوە، ئەم چەمکەش شی کراوەتەوە.
دواتر مانای شاردنەوەی بە خۆیەوە گرتووە و لە کاروباری سیاسی و ڕیکلام و ڕاگەیاندنی گشتی و…هتد بە کردەوە دەرهاتووە.
بەڵام وەک دەبینین جیاوازی نێوان شوشتنەوەی سپی یان خود شاردنەوە دەگەڵ سانسۆڕ لە زنجیرەیەک ستانداری تایبەتدا خۆی دەبینێتەوە کە لە شاردنەوەدا بوونی نیە، واتە کاتی سانسۆڕی شتێک دەکرێت لایەنی سانسۆڕ کراو بە زەقی دەردەکەوێت، بەڵام لە جۆرەی شوشتنەوەی سپی دا هەموو شاردنەوەیەک بە نهێنی تایبەت ئەنجام دەدرێت.
زۆربەی جار بێ ئەوەی کە خۆمان هەستی پێ بکەین ژومارەیەک شتی وەک، چەمکی ئایینی، جنسی، باوەڕی…هتد نە لە لایەن هێز و دەسەڵاتەوە، بەڵکوو بە خواستی دەروونی تاک و لە ژێر کاریگەری داب و نەریتی کۆمەڵگەدا وەبەر سانسۆڕ کەوتووە کە بەمەیان دەگوترێت “خۆ سانسۆڕ” کردن کە بە شێوەیەکی ئۆتوماتیک و بی دەستێوەردانی حکومەت و دەسەڵات ئەنجام دەدرێت.
جۆرەکانی سانسۆڕ زۆرن بەڵام ئەوەی مەبەستی بەندەیە باسکردن لە “سانسۆڕی ئەخلاقی” یە کە پێویستە حیزب و دەسەڵات بۆ شاردنەوەی زۆر لایەنی سلبی کۆمەڵگە ڕەچاوی بکەن.
لە سانسۆڕی ئەخلاقی دا، هەر جۆرە بابەتێک کە دژایەتی دەگەڵ ئەخلاق و پڕانسیپەکانی ئەخلاقی و کلتووری کۆمەڵگەدا هەبێت دەسڕێتەوە و کەس یان خود ڕێکخراو و دەسەڵاتی سانسۆڕ بەدەست بە وردی دەست بە سڕینەوە دەکات تا ئەو ڕادەیەی هەستی هاوڵاتی بریندار نەبێت و ئێش و ئازار بە کۆمەڵگە نەگات و هەموان لە زەرەرمەندی ڕزگاریان بێت.
ئەگەرچی باس کردن لەم جۆرە سانسۆڕە بە باوەڕی زانایانی بواری سانسۆڕ، زۆرتر لە لایەن کۆمەڵگە ئاینیەکان و تا ڕادەیەکیش کۆمەڵگەی دواکەوتوو پەنای بۆ دەبردرێت، بەڵام هاوکات ڕەنگدانەوەی ئەم جۆرە سانسۆڕ کردنە لە وەڵاتانی ڕۆژئاوایی دەبیندرێت.
بەداخەوە لە کاتێکدا سانسۆڕی جۆری سیاسی حیزب و دەسەڵاتەکان لەمەڕ قۆرخکردنی سەرجەم بیروڕای جیاواز و بە مەبەستی تایبەتی خۆیان هیچ سنوورێک ناناسێت، لە هەمان کاتدا بڵاو بوونەوەی بێ ڕێزی و نانەوەی تۆی بێ ئەخلاقی و ناوزڕاندن و سوکایەتی بە تاکی کۆمەڵگە بە پاساوی سیاسەت، سنوور دەبەزێنێت و هەست و باوەڕی کۆمەڵگەی بریندار دەکات و پێویستە دەسەڵاتداران بە قەڵغانی سانسۆڕی ئەخلاقی لە میدیا و ڕاگەیاندنی گشتی بەرەنگاری ببنەوە، نەوەک خۆیان ڕێگە خۆشکەر بن بۆ بێ ڕێزی و بێ ئەخلاقی لە ژێر ناوی ئازادی بیر و ڕادا.
بەداخەوە لە باشووری کوردستان و لە دەستپێکی تەنگەژەی سیاسی تەواوبوونی یاسایی کاتی سەرۆکایەتی هەرێم، لە لایەن حیزب و دەسەڵاتەوە، زۆرینە و کەمینە، ئایینی و بێ باوەڕەوە، بە بڵاو کردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی مێژوویی و ناو و ناتۆرە درووست کردن و بە پاساوی ڕکابەری سیاسی، بنەما ئەخلاقییەکان سست بووە و لە کارەسات نزیک بۆتەوە.
ڕاستە چەمکی سانسۆڕ بە گشتی وەک کۆنتڕۆل بە مەبەستی لابردن و سڕینەوە و ڕوماڵ نەکردنی واقعیەتی زۆر ڕووداو مانا دەکرێتەوە، بەڵام لە وەڵاتێکدا گرنگی بە بناخەکانی ئەخلاق و داب و نەریتی نەتەوەیی و ئایینی وەک خۆی نەدرێت، بە پێچەوانەوە کەڵک وەرگرتن لە سانسۆڕی ئەخلاقی لە زۆر بواردا پێش بە داڕمانی یەکجارەکی ئەخلاق دەگرێت.
خۆزگە وەک چۆن حیزب و دەسەڵات لە باشووری کوردستان بە میلیۆن دۆلار پارە سەرف دەکەن بۆ کپ کردنی دەنگی یەکدی و شەڕی حیزبی و کەسایەتی و شاردنەوەی کزی خزمەتگوزاری و دوبلاژ کردنەوەی فلیمی بیانی بە مەبەستی شێواندن و هەڵخەڵەتاندنی ڕای جەماوەری کوردستان، نیو هێندەشیان بۆ بەرز ڕاگرتنی چوارچێوەی ئەخلاقی و خزمەت بە خەڵک بە هەموو چین و توێژەکانەوە سەرف کردبایە.
لەمڕۆدا دەسەڵاتداران و حیزبەکانی باشووری کوردستان بە پێچەوانەی زۆربەی حیزب و دەسەڵاتی وەڵاتانی جیهان، حازرن بۆ گەیشتن بە کورسی و سەر خستنی قسەی خۆیان، هێما ئەخلاقی و نەتەوایەتیەکان قوربانی بکەن و لە تەنگەژەی کایەی سیاسیدا ئەوندە سەرقاڵ بووەن کە نازانن چۆن یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بوون بە دەوڵەت لە داهاتوودا کە ئەخلاق و کلتووری نەتەوەیە دەکەنە فیدای پاوانخوازی حیزبی و سیاسی و تۆسقاڵێک بیر لە کرداری خۆیان ناکەنەوە کە سنوور و هێڵی سووری بەزاندووە.
بۆیە پێویستە پسپۆڕانی بواری سانسۆڕ، هەلومەرجی ئێستای کوردستان لێکبدەنەوە و بزانن ئازادی ئەوە نیە لە میدیا و ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕیکلام بۆ شەڕە جنێو و سووک کردنی یەکتر و لەناوچوونی شیرازەی ئەخلاقی نیشتیمان بکرێت بە مەبەستی قازانج و بەرژەوەندی حیزبی و سیاسی. هەر بۆیەش دانانی سانسۆڕێکی ئەخلاقی پێویستی گرینگی ئەم کات و ساتەیە.