"an independent online kurdish website

لەو سەردەمانەوە هەموو بونەوەرەکان بە دار و بەرد و ڕوەک و گیانلەبەران بەگشتی و مرۆڤەکان بەتایبەتی هاتونەدە دونیاوە و بوونیان هەبووە و هەیە، هەموو گۆاڕانیان بەسەردا هاتووە و دێت.mejid-palani-2013

ئەم گۆڕانە نەک تەنیا لەش، قیافە، قەڵەوی، لاوازی، بەرزی، نزمی، ئامێر و کەرەستەی فێر بوون و تیکنۆلۆژیا و … ،گرتبێتەوە، بەڵکوو جۆری بیرکردنەوە و بگرە هێندێک لە ناوی شتەکانیشی گرتۆتەوە. بیرکەردنەوەکانیش لەگشت بوارە هزری، کولتووری، ئایینی، سیاسی و … ، ڕوویان داوە. لەهەر کات و جێگەیەکی ئەو سەردەمانە و بە ئێستەشەوە، لە مێژوودا کەس و کەسانێک لەو کۆمەڵگانەدا بوون و هەن، کە هەڵکەوتەی سەردەمانی خۆیان بوون و توانیویانە گۆڕانکارییە هەمە جۆرەکان پێک بێنن. جا ئەو کەسانە بە بیری سیاسی، کولتووری، ئایینی، زانستی و… ، هاتبنە سەر گۆڕەپانی گۆڕانکاریەکان، یان بە هەر هۆیەکی دیکەوە بووبێت، توانیویانە بەربەرەکانێ لەگەڵ بیرە کۆنەکان بکەن و گۆڕانیان بەسەردا بێنن.

ئەوەتانێ پەیامبەری ئیسلامیش لەم بارەوە وتەیەکی هەیە و ئێژێ “إن الله یبعث لهذه الأمة علی رأس کل مائة سنة من یجدد لها دینها” واتە، بەڕاستی خوا سەری هەموو سەد ساڵێک کەسێک بۆ ئەم گەلە دەنێرێ تا دینەکەیان بۆ تازە بکاتەوە. هەموو پرفسۆر، زانا، پەیامبەران، ئیمام و ئیمام زادەکان و … ، تێکڕا بە پێی کات و سەردەم و کولتووری خەڵکانی ئەو سەردەمانە هەڵس و کەوت و حوکمیان کردووە، پاشان یەک لە دوای یەک بە پێی سەردەمەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە.

کەوایە، گۆڕانکاری و تازەکردنەوەی بیرە کۆنەکان پێویستە بە پێی کات و جێگە و سەردەمەکان بگۆڕدرێن. زۆر پێویستە مرۆڤەکان تەنیا ژیری و تاقیکاری و زانست و بەڵگەی سەلمێنەر، پێوانە بێت بۆ پەسەند کردن یان ڕەدکردنەوەی بیر و ئاکار و کردارەکانی، نەک چ کراوە و چ نووسراوە لە مێژوودا. گۆڕانیش لە هەر بوارێکەوە بێت، تا هەنگاوی بۆ هەڵنەگیرێ، لەخۆوە ناگۆڕدرێ. ئەوەتانێ لە “قورئان”یشدا ئاماژەیەک هاتووە و ئێژێ ” إن الله لا یغیر ما بقوم حتی یغیروا ما بأنفسهم” الرعد،١٣. واتە، خوا لەهیچ گەلێک ناگۆڕێ، تا ئەوان دڵیان ـ خۆیان ـ نەگۆڕن.

برناردشاو” ئێژێ “پێشکەوتن بەبێ گۆڕان مەحاڵە، ئەوانەی توانای گۆڕینی ئەقڵی خۆیانیان نییە، توانای گۆڕانی هیچ شتێکیان نییە”

کەوایە، هەر کەسێکی گۆڕانخواز دەبێ لەخۆیەوە دەست پێبکا و سەرەتا دەبێ خۆی بگۆڕێ تا بتوانێ کاریگەریشی لەسەر تاک و کۆی کۆمەڵ هەبێت.

هەروەها نابێ سڵ لەوە بکاتەوە، کە چ کەند و کۆسپێک دێتە ڕێگەی و خەڵکانێک چی پێ ئێژن و دەیدەنە بەر تانە و تەشەر و لۆمە. تەواوی گۆڕانکاریەکانی دونیا بە بێ هەوڵ و تێکۆشان و ماندوو بوون و …. ، ناتونەتە بەرهەم. ئەگەر کەسی گۆڕانخواز خۆیشی پێشتر هەزار و یەک خراپەکاری و بەد ڕەوشتی ئەنجام دابێ و ئێستە بیەوێ هەم خۆی بگۆڕێ و هەم خەڵکانیش بەرەو چاکە بگۆڕێ، نابێ قسە و قسەڵۆکی ئەم و ئەو پێشگر بن لە ڕێی خەباتەکەی. وەک ڕوونە کۆنە پەرەستان و خورافات خوازەکان بەردەوام لە هەوڵدا دەبن کۆسپ بخەنە سەر ڕێگەی خەباتکاران بۆ ئازادی و نوێ خوازی. یەکێک لەو دەیان و سەدان پیلانانەیان ئەوەیە، پێیان ئێژن ” بڕوانە، بڕوانە، تا دوێنێ خۆی / خۆیان، چ بوون و ئێستە چلۆن هەڵوێست دەگرن و بانگەوازی چ دەکەن” دەبا چاکە خوازانی کۆمەڵی کوردەواری لە بەرەوپێش بردن و چاک سازی و ڕۆشنبیرکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردەواری هیچ شتێک بەرپەرچیان نەداتەوە. بەردەوام لە گۆڕانکاری بەرەو باشتر بوون و داهێنانی نوێ بە قازانجی گشتی کۆمەڵەکەمان بن.

شایانی باسە، وەک دەزانین هەزار لەیەک و کیلۆمیتریش لە میتر ـ گەز ـ ەوە، دەست پێدەکا. هەروەهاش گٶڕانەکان لە کەسێکەوە دەست پێدەکا و پاشان دەبێ بە کۆمەڵ. ئەو کەسەش دەیەوێ لە کۆمەڵگەدا گۆڕان پێک پێنێت، دەبێ نرخەکەی بدات.

بەهیوای گۆڕان بەرەو پێشکەوتن.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی