زمان لە سەردەمی مۆدێڕنیتەوە لە ڕۆڵی پێوەندییەوە بۆ ئەرکێکی تەواو سیاسی پاڵی پێوەنرا و بوو بە دروستکەری شوناس و کەسایەتی مرۆڤ کە هەر ئەو زمانە لە لای مرۆڤناسی سیاسیی سەردەمی بانمۆدێڕنیتە بە ” دەستکاریکەر”(Manipulator) و تەنانەت ” خۆ دەستکاریکەر”(Auto-manipulator) پێناسە کرا.
شوناسی تاکەکەسی و کۆیی هەر لەسەر بنەمای زمان ساز و دروست دەبێت و بە تێکهەڵکێشانی چەمکی هێز، بابەتی بەرژەوەندی دێنیتە پێش کە بیاڤی دەسەڵاتی سیاسی بە جێگرتنی دەوڵەت ـ نەتەوەی مۆدێڕن، سیستماتیک و لە هەمان حاڵدا وێرانکەری شوناسی ئەوی دی(other) دەبێت.
دەوڵەت ـ نەتەوە، لە ئێرانیش دەگەڵ ئەو چەمکانەی کە باسمان کردن لە بیاڤی شوناس و بەرژەوەندیدا کار دەکات و بەم جۆرەش یەکسانسازی بە شێوەی سروشتی و سیستماتیک، درێژخایەن دەبێت.
لەم ڕۆژانەدا دەستبەکار بوونی ڕشتەی زمان و وێژەی کوردی لە زانستگەی کوردستان(سنە) باسگەلی سیاسی زیاتر لە جارانی هەڵگرتووە، بە چەشنێک کە سوودی سیاسیی لەم بابەتە، لێڕوانینی ئاکادێمیکی زانستگەی کوردستانی لە مامەڵە کردن دەگەڵ فێرکاریی زمانی کوردی خستۆتە ژێر کاریگەری.
ڕەگەزی زمان لە بیچم گرتن و بیچم دانی ناسیۆنالیزمی کوردستان، لای زۆربەمان سەلماو و دیارە و بۆتە بنەمای شوناسخوازیی کورد. هەر ئەم بابەتە دەبێتە تێگەیشتنی سیاسی و جاروباریش کۆسپ خستنە سەر ڕەوتی پێکهاتنی دەسەڵاتی سیاسی لە دیاردەی نوێی گوتاری نەتەوەیی.
فێرکاریی زانستگەی زمانی کوردی لە سنە بە لانیکەمەوە لە چوار تەوەرەوە ڕەخنەی سیاسی لەسەرە:
یەکەم: هاتنەدی بەشێک لە داخوازی نەتەوەیی کوردستان
بەدەر لە خواستی فێرکاری بە زمانی دایکی بۆ کەمەنەتەوەییەکان کە لە پەیمانە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بۆ کراوە، فێرکاریی زمانی کوردی هەرگیز بەم شێوە و بەم هەلومەرجە لە لایەن حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانەوە ناهاتووەتە بەرباس و داخوازیی سیاسی ـ نەتەوەیی، لە بابەتی فێرکاریی زانکۆیی و بەشەکانی خوێندن، ئەویش لە هەندێ ناوچەی کوردستان، قەتیس نەکراوە، بەڵکوو فێرکاریی سیستماتیک و بناغەیی لەبەرچاو بووە کە هەموو کوردستان وەک یەکەیەکی سیاسی لەبەرچاو بگیردرێ کە لەو سیستمەدا فێرکاری بە زمانی دایکی، واتە زمانی کوردی بێت.
دووهەم: پێوەندی ئەم بابەتە دەگەڵ ئەسڵی پانزدەهەمی یاسای بنەڕەتی
زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەوەی کە زۆربەی ستەم و دەستدرێژییە سیاسی و فەرهەنگیەکان، سەرچاوەی یاساییان هەیە هاوڕان. کەوابوو جێبەجێ کردنی ڕواڵەتیی بەندێکی یاسا لە دوای ٣٦ ساڵ نابێ وەک سەرکەوتنی یاسا ڕاڤە بکرێت و موخالیفانی ئەم شێوە جێبەجێ کردنە بە دژبەرانی خەونی لەمێژینەی گەلی کورد تاوانبار بکرێن. هەروەک ئەسڵی پانزدەهەم بە نووسینی وشەی ”زبان مشترک” و” زبان رسمی فارسی” بەکردەوە جەخت کردنە لە نافەرمی بوونی زمانی غەیری فارسی(لێرە زمانی کوردییە) و هەروەها سەلماندنی باڵادەست بوونی ویستی ئەم زمانە هاوبەشەیە.
سێهەم: هەلومەرج و چۆنیەتی ئاشکرا کردنی فێرکاریی زمانی کوردی
دەستەی چاکخوازان(ڕێفۆرمیستەکان) زۆرترین مانۆڕیان لەسەر فێرکاریی زمانی کوردی لە زانستگە وەئەستۆ گرت، کە بە گرێدانی بابەتی جێبەجێ بوونی یاسا و دابین کرانی داخوازیی کورد، خەریکی نیشاندانی ڕوخسارێکی نەرم و هێورن لە فەزای سیاسی( بیخوێنەوە کەڵکاوەژۆی سیاسی)، لەم هەلومەرجە داخراوەی کوردستان و ئێراندا. بەپێچەوانەوە، بناژۆخوازەکان بە جیددی و ئاشکرا موخالیفەتی خۆیان لەتەک فێرکاریی زمانی کوردی ڕاگەیاندووە. هەڵوێستی گرووپەکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، چەشنە ڕیزبەندییەکە بۆ ململانێی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵدا. بە واتایەکی دیکە وەلانانی فێرکاریی زانکۆیی زمانی کوردی لەدوای ململانێکان، بە سەرەنجدان بە پێشینەی چەواشەکارانەی دەوڵەتەکانی ڕەفسەنجانی، خاتەمی و ئەحمەدی نەژاد، چاوەڕوانکراوە. لێرەدا دەبێ هێما بۆ ئەو ڕاستییە بکەین کە ملدانی چاکخوازانی غەیری کورد بە وتنەوەی وانەی کوردی، بە نیشانەی باوەڕمەندیی بە ئامووزشی زمانی دایکیی نییە، بەڵکوو تێگەیشتنێکی ڕواڵەتی و بەرتەسکە لە ئەسڵی پانزدەهەمی یاسای بنەڕەتی کە دواجار لە ڕیزی موخالیفانی سیاسەتی چەند زمانیدا جێدەگرن.
چوارەم: هەلی کار بۆ دەرچووانی زمانی کوردی
بە وتەی بەرپرسی شوورای دەستبەکار بوونی ڕشتەی زمان و وێژەی کوردی لە زانستگەی کوردستان(سنە)، زیاتر لە ٤٠ فێرخواز بەشداربووی ئەو کلاسانەن کە لە یازدەهەمی ڕەزبەرەوە وانەی کوردییان لێ دەگوترێتەوە. زانستگا تەنیا بڕوانامەی کارناسیی خویندکاران دەرئەکات و هەلی کار، دامەزراندن و دەستبەکاربوونیان لە سیستمی کارگێڕیی وڵاتدا هیچ ئاسۆیەکی نییە.
ئەو خاڵانە کە باس کران بەشێک لە کێشە سیاسی ـ فەنییەکانی فێرکاریی زمانی کوردی وەک وانە و ڕشتەی خوێندنی زانکۆیی لە کوردستانە. لەمە زیاتری لە بەشە مەزنەکەدا دەردەکەون و ڕێگرە بەهێزەکانی وەک فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی کە بە هێنانە بەرباسی بابەتگەلی ”وحدت ملی” و” تمامیت ارضی”، گوتاری ڕۆشنبیرییان لە دژی بەکارهێنانی سیاسەتی چەند زمانی تەیار کردووە و دەبنە پەرەپێدەری تۆمەتی جیاییخوازی بۆ نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران.
بەم وەسفانە، وتنەوەی زمانی کوردی لە زانکۆیەکی پارێزگای کوردستانی ئێران بە پێی خودی ئەسڵی پانزدەهەمی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، بە واتای هاتنی زمانەکانی دیکە بۆ ناو سیستمی خوێندنی سەرتاسەری نییە و تەنیا ڕۆڵی سووپاپی ئیتمینانی حاکمییەت لە بەرامبەر کەتواری فەر چەشنیی نەتەوەیی، فەرهەنگی و زمانیی ئێرانە.
سەرچاوە: رۆژنامەی کوردستان ژمارە ٦٦٤