Hoppa till innehåll
Hem » وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، تەنیا ڕێگا چارەی پرسی کورد لە ئێرانە؟، جەماڵ ڕەسوڵ‌دنخه

وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، تەنیا ڕێگا چارەی پرسی کورد لە ئێرانە؟، جەماڵ ڕەسوڵ‌دنخه

مێژووی خەباتی گەلانی ژێر ستەم لە چەند سەدەی ڕابردوودا بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و سەربەخۆیی بووە و لەو نێوانەشدا بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە، تاکەکانی ناو کۆمەڵگاiran-wtuwej-0

لە چوارچێوەی بزووتنەوە یا حیزب‌گەلی جۆراوجۆردا بە سیاسەت و هەڵوێستی جیاوازەوە چالاکی دەکەن. هەر بیرۆکە یا مەکتەب، حیزب، گرووپ و… هتدێک، وەکوو جەبرێکی مێژویی بە سێ قۆناغدا تێپەڕ دەبێت؛ یەکەم، بیری دروست کردنی حیزب یان ڕێکخراو دووهەم، پڕوپاگەندە بۆ حیزب و کۆکردنەوەی ئەندام و لایەنگر بۆ گەیشتن بە ئامانجی مەبەست و سێهەم، گەیشتن بە ئامانج.

یەکەم حاڵەت، لاوازترین بەشی حیزبە، دووهەم حاڵەت زۆرترین هەوڵ و زەحمەتی دەوێ تا بگەی بە لووتکە و ڕێکخستنی ئەندامان و تاکەکانی نێو حیزب و سێهەم حاڵەت، گەیشتن بە ئامانجە کە ڕێگایەکی درێژخایەنی دەوێ بۆ ئەوەیکە لە لووتکەدا خۆ نەدۆڕێنی و یان بە پێچەوانەوە، لە لاوازیی حیزبەکەتدا خۆ نەدۆڕێنی. ئەوە گرینگرین خاڵە بۆ دیاریکردنی کەسێکی شۆڕشگێڕ!!!

نابێ لە بێر بکەین کە مێژوو دووپات بوونەوەی ڕووداوەکانی جیهانە لە قاڵبی جۆراوجۆردا و بە ڕێبەریی کەسانی جۆراوجۆر.

لە مێژووی سیاسیی جیهاندا ڕێکخراوی وا هەبووە کە لە سەرەتاوە زۆر بایەخ و گرینگییان لە نێو کۆمەڵگای خۆیاندا هەبووە و پاشان کە بە ئامانج گەیشتوون یان نا، لە ناوەرۆکدا فەشەلیان هێناوە و بە ڵاڕێدا چوونە یان هەڵوەشاونەتەوە. لە ئێرانیش نموونەی ئەو جۆرە حیزبانەمان هەبووە.

لێرەدا باس ئەوەیە کە مێژووی سیاسیی ئێران، پڕ لە هەوراز و نشێوی سیاسییە و لەو بوارەدا بە دەیان گرووپ و حیزب هاتوون و ڕۆیشتوون و هەندێکیش تەنیا لە لاپەڕەکانی مێژوودا ماونەتەوە. ئەگەر زۆر نەگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو و لە ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوییەوە دەست پێ بکەین، هەتا ئێستا چەندین حیزب بە مەبەستی گۆڕانی سیاسی لە ئێراندا پێکهاتوون و دواتر نەماون و هەرکام لەو حیزبانەش بەپێی ڕوانینی سیاسیی خۆیان بە جۆرێک باسی نەتەوەکان و یەک لەوانە کوردیان کردووە و زۆر جاریش بە ئەندازەی سەرە دەرزییەک یان کەمتریش مافێکیان بۆ دیاری کردووە، بەڵام خاڵی وەرچەرخان لێرەوە دەست پێ‌ دەکات کە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، دژ بە دەسەڵاتی پەهلەوی دەستی پێکرد و گەلانی ئێران توانییان بگەنە ئاواتی خۆیان، بەڵام ئەو شۆڕشە گەورەیە کە دنیای تووشی سەرسووڕمان کرد، زۆر زوو بەتاڵان چوو و دەستەیەک ئاخوند لە ژێر ناوی دادپەروەریی ئیلاهیدا دیکتاتۆرییان بۆ خەڵک بەدیاری هێنا و ئێستاش بەرەکەتەکانی ئەو دیارییە بەسەر خەڵکدا دەبارێت. بە ماوەیەکی کورت پاش ئەو شۆڕشە، ماهیەتی دەسەڵاتی ئاخوندەکان بۆ خەڵك ڕوون بووەوە و دەستیان دایە خەبات دژی ڕێژیمی ئاخوندی و ئەو خەباتە تا ئێستاش بە ئاکام نەگەیشتووە و بەردەوامە. دوور نەکەوینەوە لە بابەتەکە؛ نەتەوەی کورد وەک هەمیشە کە لە بواری بێداریی سیاسی‌دا هۆشیار بووە، دوای ئەوەیکە لە وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی خومەینی‌دا بە ئاکام نەگەیشت و ڕێژیمی خومەینی هێرشی کردە سەر کوردستان، کوردیش دەستی دایە خەباتی چەکداری لە چوارچێوەی سیستمی حیزبیدا و لە سەرووی هەموانیشەوە ”حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران”(PDKI) وەک ئاڵاهەڵگری ئەو خەباتە، بوو بە پێشەنگی خەڵکی کوردستانی ئێران. لەو کاتەوە کە حیزبی دێموکرات خەباتی خۆی بە ئاشکرا دەست پێکرد و دژی ئاخوندەکانی ئێران ڕاوەستا، کورد وەکوو دوژمنی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران چاوی لێکرا، چوونکە داوای مافی چارەنووسی خۆی دەکرد، نەک مافی زمان و نووسین کە ئێستاش هەندێک لایەن و کەسایەتی سیاسی تەنیا مافی کورد لەو بەشەی کوردستان لە ”خوێندن‌ و نووسین بە زمانی کوردی”دا دەبیننەوە.

حیزبێکی شۆڕشگێڕ لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت ناوەرۆکەکەی گۆڕانی سیاسەتی حکوومەتە جا یا بە شێوەی چەکداری یا بێ چەک؛ بەڵام زۆربەی کاتەکان ئەو حیزبانەی دژی دەسەڵاتە سەرەڕۆکان خەباتیان کردووە و چەکیان بۆ بەرگری لە خۆیان و دژ بە دەسەڵاتی باڵادەست هەڵگرتووە، ئەوە ئەو حکوومەتە بووە کە ئەو شێوازە لە خەباتی بەسەردا سەپاندوون. بەڵام ئەگەر بە جوانی سەیری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بکەین دەبینین کە ئەو ڕێژیمە تەنیا لە زمانی گۆپاڵ و چەک تێدەگات، بۆیە حیزبی دێموکرات چەک بەدەستە و تا گەیشتن بە ئامانجەکەشی چەک دانانێت.

لەو نێوانەدا زۆر لایەن و کەسایەتیی سیاسی هەن کە دوای ساڵانێک بەرخۆدان و خەبات بەو ئاکامە گەیشتوون کە تەنیا ڕێگای چارەسەریی کێشە کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ”وتووێژ” (Dialogue) لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانە!!! لە یەکەم ڕوانین بۆ ئەو قسەیە دۆڕانێکی سیاسی پێوە دیارە.

بۆ قسەکردن لەسەر ئەو جۆرە ڕوانینە دەبێ بڵێین کە خاوەنانی ئەو شێوە بیر کردنەوە و ئەو شێوە گوتارە، تووشی سەرلێشێواویی سیاسی بوون و بە مانایەکی دیکە تووشی بێ‌هێوایی هاتوون، یان لە یەک کەلامدا دەبێ بڵێین ”ئیفلاسی سیاسی” قەوارە و هێزەکەی گرتوونەتەوە و دەرەتانی چالاکیی لێ بڕێون و نەبوونی بیرێکی ڕاست و دروست تەنگی پێ هەڵچنیون.

باسێکی دیکە ئەوەیە کە بەم جۆرە گوتارە کە وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کۆتایی بە کێشەکانی کورد دێنێت و ڕێگا چارەیەکی مەنتقی و عەقڵانییە؛ دەبێ ئەم جۆرە وەڵام بدەینەوە، باشە خۆ ئەو ڕێژیمە ئەگەر باوەڕی بە وتووێژ هەبا لەمێژ بوو مافی کوردی دابوو، یا تەنانەت بۆ ڕاستیی ئەو قسەیە دەبێ بڵێین ئەگەر ئەو ڕێژیمە عەقڵییەتی قسە و وتووێژی هەبا، دوای ١٢ ساڵ دانووستانی ناوکیی نەدەگەیاندە ئاستێک کە هەموو دنیا گەمارۆی ئابووریی بخەنە سەر و حکوومەتەکەی لە بێ‌ئیمکاناتی‌دا لە ڕووخان نزیک ببێتەوە، ئینجا مل بۆ دانووستاندن ڕابکێشێ.

 

لەو پێوەندییەدا کەسێک یا لایەنێکی سیاسی کە دەڵێت وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران تەنیا ڕێگای چارەسەریی کێشەی کورد لە کوردستانی ڕۆژ‌هەڵاتە؛ ئەگەر هێزی نیزامیی ئامریکاشی لەپشت بێت چوونکە بیرۆکەکەی هەڵەیە و هێشتا کۆماری ئیسلامیی نەناسیوە و سەرچاوەی کێشە و قەیرانەکانی نەدۆزیوەتەوە، هەر ئاکامەکەی دۆڕان دەبێت.

ئەو کەسە یا لایەنە سیاسییە ڕێژیمی ئێرانی باش نەناسیوە و پێویستە لە بیری خۆیدا ئاڵوگۆڕ پێک بێنێت و جوانتر ڕێژیمی ئێران بناسێت.

کەسانێک یا لایەنێکی سیاسی کە ”وتووێژ” بە تەنیا ڕێگای چارەسەری دەزانن و دەڵێن کە تەنیا ڕێگای چارەسەریی کێشەی کورد، وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە، دەتوانێ چەند هۆکاری هەبێ: ١ـ نەبوونی سیاسەتێکی ڕوون لە بەرانبەر ڕێژیمی ئێراندا و هەر ڕۆژە سازێک لێدان ٢ـ بێهێوایی و سەرلێشێواویی سیاسی ٣ـ نەبوونی ستراتیژێکی دروست بۆ شەڕ دژی ڕێژیمی ئێران ٤ـ هەوڵدان بۆ چەواشە کردنی خەباتی هەموو حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژ‌هەڵات ٥ـ تێنەگەیشتن لە سیاسەت و ویست و داخوازییەکانی کوردی ڕۆژهەڵات و نەناسینی دۆست و دوژمن.

هەندێک کەس یا لایەنی سیاسی دەڵێن کە ڕێژیمی ئێران بە دەستی کورد ناڕووخێت؟ ئیتر پێویست بەوە ناکات دروشمی ڕووخانی ڕێژیم هەڵ بگریت، ئەو جۆرە بیرکردنەوانە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە خەبات و تێکۆشان ماندوو بوونە و دۆڕوایی خۆیان لە ژێڕ ناو و قسەی قەبەدا دەشارنەوە.

ئەو گوتارە کە تەنیا ڕێگای چارەسەریی پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەزانێ، نازانێ یا نایهەوێ بزانێ کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بیری چەقبەستوو و دژە ئینسانیەکەیەتی کە سەرچاوەی کێشە و قەیرانەکانە و خودی بیرۆکەی ویلایەتی فەقیهی کە دەیهەوێ بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو ئیمکاناتێک چ بە ئاژاوەگێڕی و چ بە مل کەچی و چۆک دادان لە بەرانبەر دنیای دەرەوەدا بگات بە سازانێک تا کوو لە نێوخۆدا دەستی بۆ سەرکوتی زیاتر ئاوەڵا بێ.

ڕێژیمێک کە ڕێبەرەکەی دەڵێ پاراستنی نیزام لە هەموو واجبێک واجبتره، خۆی ماکە وسەرچاوە و درێژەدەری قەیران و کێشەکانە. کەسایەتیی سیاسی و مرۆڤی تێکۆشەر لە کاتی بێدەرەتانی و دەستەوەستانی و بێهێوایی‌دا، نابێ لاوازیی و دۆڕاویی خۆی بە بەلاڕێدابردنی خەڵک بشارێتەوە و لە ڕاستیدا ببێتە بڵیندگۆیەک بۆ ڕێژیم کە وا بنوێنێ ئەم ڕێژیمە کێشە و گرفت نیە و تەنیا ڕێگای چارەسەری بۆ کورد، نەک خەبات و فیداکاری و قوربانیدان و پاڵپشت و هاوپەیمان پەیدا کردن، بەڵکوو وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمە.

وتووێژ لەگەڵ ڕێژیم لە کاتێک‌دا کە ڕێژیم وەزاڵە هاتبێ و لاواز بووبێت، دەکرێ وەکوو ڕێگایەک بۆ پاشەکشە بە هێزەکانی بەکار ببەی. بەڵام ئەم دروشمە کە وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا ڕێگا چارەیە، خزمەت بە پیلانەکانی ڕێژیم و بڵاوکردنەوەی تۆوی بێ‌‌هێوایی لە نێو کورددا دەکات.

 

سەرچاوە کوردستان مێدیا