"an independent online kurdish website

هەتا لاپەڕەکانی مێژووی کورد زیاتر هەڵدەدەینەوە، تابلۆی تراژێدیای کورد زیاتر دەردەکەوێت. لە پەنای ئەم تابلۆیە سەربوردەی قارەمانیەتی، فیداکاری،

 کاریگەری بلیمەت و ڕێبەرەکانمان لەسەر زیندوو مانەوەی کورد وەکوو نەتەوە زۆر ڕوونە. لە لایەک پرسیاری بۆچی تا ئێستا سەرنەکەوتووین دەبێتە خۆرەی مێشک، لە لایەک جێ داخە بۆچی ئەم ڕێبەرە زانا و لێهاتووانە بە ڕادەی پێویست لە لایەن تاکی کورد بەرجەستە نەکراون.

ڕاستە گاندی و گیڤارا و ماندێلا بۆ دونیا ناسراون و خزمەت و فیداکارییان جێگەی ڕێز و لێفێربوونن بەڵام بە بڕوای من پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرکۆماری کوردستان ئەگەر کورد نەبوایە بە هۆی فیداکاری بێوێنەی بۆ گەل و نیشتمان و مرۆڤایەتی نەک لە ڕیزی وان بەڵکوو لە هەندێ بواردا لە سەرووی ئەوانیش بە ئەژمار دەهات.

یەکێک لە خەسارەکانی خەبات و تێکۆشانی ئێمە بۆ گەیشتن بە ڕزگاری کەمتر کار کردنە بۆ تۆمار کردنی ڕاستییەکانی مێژووی نەتەوەکەمان؛ هەروەها چەسپاندنی ئەو بابەتە لە مێشکی تاکی کورد وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی نەتەوەسازییە، زۆر جاریش لەبەر دڕەندەیی داگیرکەران و ناکۆکی خۆمانیش دەرفەتی تۆمار و گەیاندنی ئەو مێژووە بە نەوەکانی داهاتوو نەبووە.

من لێرەدا دەمەوێت باس لە وەسیەتنامەی پێشەوای نەمر بکەم و تیشک بخەمە سەر چەندین لایەنی ئەو وەسیەتنامەیە و بە بەراوردێک لەگەڵ بارودۆخی ئێستەی دۆزی کورد، چونکە پێم وایە ئەو چەند لاپەڕەیە سەرەڕای ئەوەیکە لە هەلومەرجێکی زۆر نائاسایی و ئەستەمدا نووسراون، گەلێک پەیامی بە سوود و ڕێنوێنی ئامۆژگاری گرنگی تێدایە، کە دەتوانێ وەک تیشکی خۆر ڕێگای تاریکی ڕێبازی ڕزگاری گەلەکەمان ڕووناک بکاتەوە.

هەلومەرجی نووسینی وەسیەتنامەکە

ئەم وەسیەتنامەیە لە هەلومەرجێکی زۆر دژواردا نووسراوە، چونکە دوای سێ مانگ لە گیرانی پێشەوا و هاوڕێکانی لە ژێر گوشارێکی زۆری نێوخۆیی و ئێرانی ببوون بە بەشێک لە پیلانیان، بۆ شکاندنی کەرامەتی نەتەوەیی و لێدانی بزماری کۆتایی لە تابووتی بزاڤی ڕزگاریخوازیماندا.

دوژمن بە گوشاری دەروونی بە بێڕێزیان بەرانبەر بە کورد و کەسایەتیان لە دادگای بێداد دا، هەروەها ڕاگرتنیان لە زیندانی تاکەکەسی لە بەندیخانەی تاکەکەسیی نیزامیدا لە ڕۆژانی کۆتایدا ببووە سەرباری غەمی بێوێنەیان بۆ ڕزگاری میللەت. لە بارودۆخێکی وەهادا لە شەوی نۆ لەسەر دەی خاکەلێوە بە لە بەرچاو گرتنی ڕێوشوێنی ئەمنییەتی زۆرەوە بە بیانووی گواستنەوەیان بۆ تاران بۆ گۆڕەپانی چوارچرا دەگوازرێنەوە، لەوێدا دوای ئەوەی بۆ بینای شارەداریی دەبردرێن و پێشەوا بە دیتنی مەلا و بەرپرسی بێهداری مهاباد و ئەفسەری نیزامی ئیتر درک دەکات، ئەمەش درۆیەکی تری دەسەڵاتی شاهەنشای و عەجەمە، ئەوان بۆ گواستنەوەی تاران نەهێنراون، بەڵکوو بۆ جێبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارەدانیان لەوێن.

لە کاتێکی وەهادا کە بۆ هەر مرۆڤێکی ئاسایی دەبێتە هۆکاری تێکچوونی باری دەروونی بەڵام پێشەوا زۆر بە هێمنی و لێبڕاوی تەواوەوە داوای نووسینی وەسیەتنامە دەکات، کە دەبێتە بەڵگەیەکی بەنرخ بۆ کورد، کە زۆر بابەتی گرنگی بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازیمانی تێدایە، کە بە مانیفێستی ڕزگاری لە قەڵەم دەدرێت.

کاتێک بە مەلا دەڵێ وەسیەتنامەکەم بنووسە ئەویش دەڵێ بە کوردی نازانم بنووسم پێشەوا ئەوە بە یەکێک لە خەسارەکانی نەتەوەی کورد دەزانێ، کە ناتوانێ بە کوردی بنووسین. نیشان دەدات پێشەوا لە دوا کاتەکانی بەرەو پیری مەرگدا نەک غەمی ژیانی نەبووە، بەڵکو بەردەوام بووە لە ڕێبەرایەتی کردن و ڕێگە نیشاندان.

تەوەرە گرنگەکانی وەسیەتنامەی پێشەوا

ـ دەڕبرینی خۆشەویستی بۆ نەتەوە و نیشتمان.

ـ هەوڵدان بۆ تەبایی و یەکڕێزی وەک بنەمایەک بۆ سەرکەوتن.

ـ هەوڵدان بۆ بردنە سەری ئاستی زانستی و زانیاری هەروەها خۆپێگەیاندن.

ـ باوەڕ نەکردن بە دوژمن و پەیمان و سۆزیان بەتایبەتی عەجەم.

ـ گرنگیدان بە لێهاتووی و شارەزایی و تاکەکان.

ـ ئاماژەدان بە ئەرکی قورسی بەرپرسایەتی بەرپرسان لە بەرانبەر گەل و نیشتمان

ـ پاراستن و پارێزگاری هەستی خۆ بەکەم نەزانین وەک نەتەوەی کورد لە ئاست نەتەوەکانی‌تر.

ـ گرنگیدان بە ئاوەدان کردنەوە و پێشخستنی وڵات لە ڕێگەی سامانی تاکەکەسی خۆی.

ڕێکخستنی ئەم تەوەرانە لە وەسیەتنامەیەکی چەند لاپەڕەیی کە لە کاتێکی وەهادا نووسراوە نیشان دەدات، کە پێشەوا لە دوایین ساتەکانی ژیانیدا لە لایەک باوەڕی بە نەتەوەکەی و بزاڤەکەی دەگەیەنێت، کە هەر سەر دەکەوێت. ئەو باوەڕە لە کاتی وەهادا ئازایەتی و بیلمەتی پێشەوا نیشان دەدات.

لە لایەکی تر دەتوانین هەر یەک لەم تەوەرانە ئێستەش دوای چەند دەیە وەک خەساری جووڵانەوەکەمان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری کۆتایی هەژمار لە قەلەم بدەین. ئەوە ئەرکی ڕێبەرە کە کۆمەڵگای خۆی بناسێت وێڕای هەوڵدان بۆ نەهێشتنی کەموکوڕییەکان لە هەمان کاتدا هەوڵی بەرز کردنەوەی ورەی نەتەوەکەی بۆ گەیشتن بە ئامانج و پارێزگاری لە کەرامەت و شکۆی بدات. کە پێشەوا لەم چەند دێڕەدا ئەم ئەرکەی بە لێهاتوویییەوە ئەنجامی داوە.

لە یەکەم تەوەردا کە خۆشەویستی بۆ گەل و نیشتمان لە خۆ دەگرێت زۆر سەرنجڕاکێشە کە بارودۆخی ئەستەمی ئەوکات نەیتوانیەوە خۆشەویستی گەل و نیشتمان بۆ یەک چرکەش لە مێشک و دڵی پێشەوا بسڕێتەوە، بەڵکوو بەردەوام هەر بەو خۆشەویستییەوە تەنانەت کاتێک بەرەو پەتی سێدارەی بەرۆکی ناحەقی دوژمن گرتووە، وەسیەتنامەکەی بە ڕستەکانی “ڕۆڵە و برا عەزیزەکانم، برا بەشخوراوەکانم میللەتە زوڵملێکراوەکەم” دەست پێ دەکات، کە نیشانەیەکە بۆ خۆشەویستی بۆ نەتەوەکەی.

هەروەها لە بەشێکی تردا دەفەرمێت: “خۆشەویستەکانم کوردستان ماڵی هەموو کوردێکە”. لە کۆتایی وەسیەتنامەکە بەئەنقەست بە واژۆی “خزمەتگوزاری گەل و نیشتمان قازی محەممەد” کۆتایی بە نووسینی دێنێ بۆ ئەوەی نیشان بدات سەرۆک و بەرپرسەکانی وڵات لە کاتی حوکم ودەسەڵاتدا بن، یان لە ژێر پەتی سێدارە هەر خزمەتگوزاری خەڵکن.

لە تەوەری دووهەمدا کە زۆر بە ڕوونی و فراوانی لەو وەسیەتنامەیە ئاماژەی پێ کراوە تەبایی و یەکڕیزی نەتەوەیی و خیانەت نەکردن بە نیشتمانە. ئەو بابەتە تەنانەت دەتوانین بە بابەتی سەرەکیی وەسیەتنامەی پێشەوا بزانین، ئەو چەندەش ئاماژەیەکە بۆ خەساری یەکڕیزنەبوونی گەلی کورد. ئێستاش وەک یەکێک لە گرنگترین خەسارەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازیمانە، بە هۆکاری سەرەکیی نێوخۆیی نەگەیشتن بە ئامانجەکان و نسکۆ و شکستەکان ئەژمار دەکرێت، کە نموونەی زیندووی وەک کەرکووک و عەفرینش لەم بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەی ئەو ڕاستییەن. هەر لەو سۆنگەیەدا بووە کە پێشەوا بەو شێوەیە داوا لە گەل دەکات “وەرن بە خاتری خوا چیتر دوژمنایەتی یەکتری مەکەن، یەک بگرن و پشتتان وە یەکتری بدەن“.

هەروەها لە شوێنێکی تر بۆ نیشاندانی گرنگی یەکڕیزی لە خەباتی گەلان بۆ ئازادی دەفەرمێت: “ئەو میللەتانەی کە لە چنگی دوژمنە زۆردارەکانیان ڕزگاریان بووە وەک ئێوەن، بەڵام ئەوانەی خۆیان ڕزگار کردووە یەکیەتییان لە نێواندا هەبووە“.

پێشەوا بە هەمان ڕادەی کە گرنگی بە تەبایی و یەکڕێزی دەدا، خۆپێگەیاندن و بەرز کردنەوەی ئاستی زانست و زانیاری بە پێویست دەزانێت و تەنانەت ئەو چەندە بە بنەمای ئاگایی و هۆشیاری نەتەوەیی دەزانێت، بۆ ئەوەی لە لایەن دوژمنەوە بە ئاسانی ماف و ئازادیەکانمان لێ زەوت نەکرێت.

لە خاڵێکی دیکەی وەسیەتنامەکەدا بە ڕوونی لەسەر ئەو بابەتە دەدوێ: “خوێندن و زانست و پلەی زانیاریتان بەرنە سەر، بۆ ئەوەی کەمتر فریوی دوژمن بخۆن”. پێشەوا وەک زانایەکی سەردەمی خۆی لە کوردستان و ئێران بەگشتی گرنگیەکی تایبەتی بە خوێندن داوە، چ کاتی بەرپرس بوونی لە مەهاباد هەوڵی دامەزراندنی خوێندنگەی داوە لە وەسیەتنامەکەشیدا بەشێک لە سامانی خۆی بۆ ئەو ئەرکە تەرخان کردووە. بە خۆشیەوە دەڵێم کە ئێستا ڕێژەی خوێندەواری و پێگەیشتنی زانستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە، کە ئەو چەندە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەبوون و گرنگی پێدانی ڕێبەرایەتی زانای وەک پێشەوا، دەبێ لەو خاڵە بەهيزە کەڵک وەربگرین بۆ بەرەو پێشبردنی بزاڤەکەمان.

دەبێ دان بەوە دابنین باوەڕکردن بە دوژمن لە خەسارێکی تری مێژووی جوڵانەوەکەمانە بەتایبەتی ئەزموونێکی زۆر تاڵمان لەو بوارەدا لەگەڵ عەجەمدا (مەبەست دەسەڵاتی فارس) هەیە. کەم ڕێبەرمان هەیە نەکەوتبێتە بەر پیلانی ناجوامێرانەی ئەوان، یا لە هەستی ئازایەتی و جوامێری و پاکی کوردیان کەڵک وەرنەگرتبێ یا هەموو جاریش بە ناوی وتووێژ نێو پیلانی تێرۆری ڕیبەرانیان داڕشتووە و بە ئەنجامیشیان گەیاندووە.

پێشەوامان بە ڕوونی و وردی ئاماژە دەکات و دەفەرمێت: “لە ناو هەموو دوژمنەکانی گەلی کورد، دوژمنی عەجەم لە هەموویان زاڵمتر و مەلعونتر و خوانەناستر و بێبەزەییترە، لە هیچ تاوانێک بەرانبەر بە گەلی کورد دەست ناگێڕێتەوە، هەر بە درێژایی مێژوو لەگەڵ گەلی کورد، غەرەز و کینەی ڕیشەداری هەبووە و هەیەتی“.

ئەو ڕاستیە مێژووییەی کە لە وەسیەتنامەکەی پێشەوادا بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە، بێگومان دوای پێشەواش بە چەندین جاری دیکە سەلمێنرا، هەر بۆیە دەبێت ئەو خاڵە ببێتە بنەماییترین خاڵی سیاسەت و خەباتمان لە بەرانبەر دوژمنەکەماندا، کە هیچ کات دوژمنی عەجەم واتە سیستم و حکوومەتی ناوەندیی ئێران ڕازی نابێت کورد بە کەمترین مافی بگات، تەنانەت نەک کوردی ڕۆژهەلات بەڵکوو دژایەتی کردنی کوردی پارچەکانی دیکەش دەکات، بۆ لە جیاتی وڵامی ئاشتیخوازانە بە دڕەندەترین شێواز وڵامی داخوازە ڕەواکانی بداتەوە.

پێشەوا ئەوەندە بە حەق و دڵنیاییەوە لەو بابەتە دەڕوانێ، کە لە بەشێکی دیکەی وەسیەتنامەکەی خۆیدا دەڵێ “دڵنیا بن ئەگەر عەجەم هەنگوینتان بداتێ، دیارە ژەهری تێ کردووە”. بە چاوخشاندنێکی وردی ئێستەی بارودۆخی ناوچە زێدەڕۆیی نییە، ئەگەر بڵێین کە بەشێکی زۆری نەهامەتییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەمی پیلان و سیاسەتە ڕیاکارییەکانی ڕێژیمی ئێرانە.

تەوەرێکی تری وەسیەتنامەی پێشەوا گرنگیدانە بە لێهاتووی و شارەزایی لە نێو کورد و پاڵپشتی کردنی ئەو توێژە بۆ سەرکەوتنیان. ئەو ئەسڵە واتە گرنگیدان بە پسپۆڕیی لێهاتووی و کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو لە گرنگترین ئەسڵەکانی سەرکەوتن لە بواری کارگێڕییە.

ئەگەر لەو کاتەدا پێشەوا ئەو ئەسڵەی لە بیر بووە، زیاتر لەوەی کە لەوانەیە گرفتێک بێت لە نێو حکوومەتی کوردستان وەک تایبەتمەندییەکی کوردیش دەتوانین ئاماژەی پێ بکەین، کە کەمتر پاڵپشتی ئەو توێژەین تا لە کارەکانیاندا سەر بکەون هەر بۆیە بە ڕوونی دەفەرمێت: “خۆشەویستەکانم! کوردستان ماڵی هەموو کوردێکە، هەروەکوو لە ماڵەوەدا ئەندامانی ئەو ماڵە هەر کەس لە هەر جۆرە کار و کردەوەیەکدا دەیزانێ، ئەو کارەی پێ دەسپێرن، ئیتر کەس مافی چاوچنۆکی پێ نییە، کوردستانیش هەر ئەو ماڵەیە، ئەگەر زانیتان کەسێک لە ئەندامانی ئەو ماڵە کارێکی لە دەست دێ، لێی گەڕێن با بیکا” ئیتر نابێ بەرد بخەنە سەر ڕێی و نابێ بەوە دڵگیر بن کە یەکێک لە ئێوە بەرپرسیارەتی گەورەی بە دەستەوەیە“.

لە هەمان کاتدا گرنگی دەدات بەهەستی بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر گەلدا کە ئەگەر کەسێک بەرپرسیارەتیشی هەبێ دەبێ ئەرکی خۆی لە بەرانبەر ئەو بەرپرسیارەتییەش بەجێ بگەینێت. ئەو خاڵە وا لە ژیان و کەسایەتی پێشەوادا بەرجەستە ببوو، کە کەم ڕێبەری سیاسی لە دونیادا هەیە کە بەو شێوەیە خۆی لە بەرانبەر گەل و نیشتمانەکەی بەرپرسیار بزانێت. ئەو هەست کردن بە بەرپرسیارەتییە تا ڕادەیەک بوو، کە بە نرخی گیانی خۆی ئامادە نەبوو خوێن لە لووتی یەک هاووڵاتی کورد بێت. کە چی بەداخەوە ئێستا دەبینین لە پارچەکانی تر ئەو ئەسڵە لە بەرچاو نەگیراوە.

لە وەسیەتنامەکەدا لە کاتدا بەرەو پیری مەرگ دەڕوات بە شانازییەوە لەسەر ئەو ئەسڵە پێداگیری دەکات دەڵێت: “ئەگەر منیش بەرپرسیارەتی گەورەم لەسەر شانی نەبوایە، ئێستا لە ژێر داری سێدارەدا ڕانەدەوەستام.”

تەنانەت نووسینی وەسیەتنامەش وەک ئەرکێکی بەرپرسیارەتی خۆی دەزانێ و دەفەرمێت: “ئەگەر منیش بەرپرسیارەتی گەورەم لەسەر شان نەبوایە، ئێستا منیش وەک ئێوە لە ناو خاوخێزان و ماڵی خۆم لە شیرینی خەودا دەبووم، ئەوەی کە ئامۆژگاریتان بۆ دوای خۆم دەکەم ئەمەش یەکێکە لەو بەرپرسیارەتییانەی کە لەسەر شانم“.

لە کاتێکی وەها دژواردا کارکردن بۆ نەڕووخانی ورەی بەرزی نەتەوەیی کورد، یەکێکی تر لە خاڵە جەوهەرییەکانی سیاسیکارانەی پێشەوا بوو، کە لە گوتارەکانیدا بە ڕوونی ئاماژەی پێداوە، دروست کردنی ئەو هەستە بۆ ئەوەی خۆ بەکەم نەزانێ و هاوشانی نەتەوەکانی تر کە بەختیارن، گرنگیەکی زۆری هەیە بەتایبەتی ئەگەر دەسەڵاتی داگیرکەر بەئەنقەست بۆ لەنێوبردنی ئەو هەستە کار بکات. هەر لەو ڕوانگەوە دەفەرمێت: “با منداڵەکانتان بخوێنن چونکەی ئیمەی میللەتی کورد هیچمان لە میللەتانی دیکە کەمتر نییە“.

یا لە شوێنی تر دەڵێت: ئێوە نابێ بە کوشتنی من و برا و ئامۆزاکانم چاوتان بترسێ، هێشتا دەبێ زۆر کەسی دیکەی وەکوو ئێمە لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان بەخت بکەن، تا دەگەنە ئاوات و مەبەستتان“.

بەشێکی تری وەسیەتنامە بۆ گرنگیدان بە ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی وڵات بەتایبەتی دروست کردنی خوێندنگە لە ڕێگەی سامانی کەسیی خۆی تەرخانی کردووە. هەروەها جەخت لەسەر بەدواداچوون لە لایەن خەڵک بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بەشە لە وەسیەتەکەی دەکات و دەفەرمێت: “ئەو شوێنانەی لە وەسیەتنامەکەدا نووسیومە بۆ مزگەوت و نەخۆشخانە و قوتابخانە، ئێوە هەمووتان داوای بکەن تا دەکرێ و سوودیان لێ وەربگیرێ“.

هەمووی ئەو تەوەرانە و زۆر خاڵی تر لە وەسیاتنامەیەکی چەند لاپەڕەیی لە لایەن پێشەوای نەمرەوە جێگیر کراون، بێگومان ئەگەر ئەو خاڵانە لە لایەن ئێمەی کوردەوە بە باشیەوە جێبەجێ کرابان، بارودۆخی ئێستای کورد زۆر باشتر دەبوو. هەروەها بۆ گەیشتن بە ترۆپکی سەرکەوتن جێبەجێ کردنیان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

ئەگەر نووسینێک وەها کە لە دواساتەکانی یەکێک لە گرنگترین ڕێبەرەکانی کورد واتە نەمر پێشەوا قازی محەممەد لە چەند چرکەساتێک نزیکە بە مەرگدا بتوانێ بنەماکانی ڕزگاریی گەل لە خۆ بگرێت، بێگومان دەبێ وەک بەڵگەیەکی بەنرخ سەیر بکرێت و ببێت بە سەرمەشقی وانەی خەبات و لە جێگای خۆیدایە بە مانیفێستی ڕزگاریی بزانین.

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی