"an independent online kurdish website

وتووێژ: سەلیم زەنجیری

چارەنووسی بەرجام لە دوای ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیل لەمەڕ ئاشکراکردنی بەڵگەکانی پێوەندیدار بە پرسی ناوکیی رێژیم،

ئەگەری روودانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل بە تایبەتیی لە سووریا و هەروەها هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە، مژاری گفتوگۆی ئەم ژمارەی “کوردستان”ە لەگەڵ شەریف بێهرووز، چاودێری سیاسی کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

 

یەک حەوتووی دیکە دانڵد تڕامپ بڕیار لە سەر چارەنووسی “بەرجام” دەدات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئاشکراکردنی هەزاران بەڵگە لە سەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم لە لایەن “بنیامین نتانیاهو”ی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە. ئێوە ئەم مەسەلە چۆن لێک دەدەنەوە و گرینگییەکەی لە چیدا دەبینن؟

 

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی لە نێوان رێژیمی ئێران و ئەمریکا و چەند وڵاتی تر لە مێژەوە لە لایەن سەرکۆماری ئێستای ئەمریکاوە (دانڵد تڕامپ) باسی لێدەکرێ و لە راستیدا باسی ئێران و پرسی هەڵوشاندنەوەی ئەم رێککەوتنە تا رادەیەک کارتی براوەی تڕامپ بۆ کۆشکی سپی بوو. لە ئەمریکا دژبەرانی ئەم رێککەوتنە لە نێو جیلی جۆراوجۆری سیاسیدا یەکجار زۆر بووە و بگرە زۆربەی دێموکراتەکانیش لەگەڵ ئەم رێککەوتنە نەبوون و ئێستاش لە گەڵی نین، بەڵام جێگرەوەکەی زۆر روون و ئاشکرا نییە و ئیدارەی تڕامپیش بەرچاوڕوونییەکی ئەوتۆی نەداوە کە لە ئەگەری هەڵوشانەوەیدا، بە چ شێوەیەک جێگای دەگرێتەوە.

 

وەدواخستنی دوابەدوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێککەوتنەش لە لایەن ئیدارەی ترامپەوە هەر لەوەوە سەرچاوە دەگرێ و هەروەها خۆدەرهاویشتنی بێ بنەما لە رێککەوتنێک کە هاوپەیمانی گرینگی ئەمریکای تێدایە، بۆ ئەمریکا و ئیدارەی نوێ زۆر گران تەواو دەبێ؛ هەربۆیەش تڕامپ بە درێژکردنەوەی ماوەکەی، تۆپەکەی خستۆتە ناو مەیدانی هاوپەیمانەکانی کە یان دەبێ ئەم رێککەوتنە بەربڵاوتر و باشتر بکەن، یان ئەمریکا لەم رێککەوتنە دەچێتە دەرەوە. باسەکان وا پیشان دەدەن کە ئەمە دوایین دەرفەت دەبێ و تڕامپ بە کۆنگرێس رادەگەیەنێ کە رێژیمی تاران بە رێککەوتنەکە پابەند نەبووە و کۆنگرێس پێویستە هەنگاویتر بۆ تەنبێ کردن و سزادانی ئێران هەڵبگرێت. ئەوەش شاراوە نییە کە ئیسرائیل بە رێبەرایەتی نتانیاهۆ دژبەری سەرەکیی ئەم رێککەوتنە بووە. لە راستیدا ئیسرائیل بە هیچ شتێک جیا لە رووخان و گۆڕانی ئەم رێژیمە رازی نابێ، تەنانەت ئەگەر بە شێوەی کاتی لە سەر هێندێک شت بێدەنگی بکات. ئەم بەڵگانەی کە ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، یارمەتی دەدات کە یاسادانەرانی ئەمریکا قەناعەت بەوە بێنن کە ئێران لە رێککەوتنەکە سەرپێچی کردووە و دەبێ ئەمریکا لەم رێککەوتنە بێتە دەر.

 

نتانیاهۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی بە یەکێک لە سەرکەوتنە گەورەکانی ئیسرائیل زانی، ئایا هاوکات دەکرێ ئەمە بە شکستێکی گەورەی ئێران لە هەمان بواردا بزانرێ؟

 

دیارە لە سیاسەتدا هێزی مانۆڕدان زۆر گرینگە لە سەر مۆراڵی لایەنەکان. دەوڵەتی ئیسرائیل بەم هەنگاوەی چەندین شتی سەلماند: یەکەم ئەوە کە رێژیمی ئێران وەک هەمیشە، مەترسی و پرسی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیلە. دووهەم، ئیسرائیل دەستی باڵای لە هاوکێشەکاندا هەیە و بە تەواوی نفووزی کردۆتە نێو سیستەمی سیاسی و نیزامیی ئێران کە ئەمەش لە لایەک هێزی نابەرابەری ئیسرائیل لە ناوچەکە پیشان دەدات و بەهەمان رادەش لاوازی و لێنەهاتوویی سیاسی و نیزامیی رێژیمی ئێران.

 

لەو ماوەیەدا ئیسرائیل چەند جار هێرشی کردووەتە سەر سووریە و پایگاکانی ئێران لەو وڵاتەدا، هەندێ لە چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە کە ئەمە سەرەتای شەڕی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل لەو وڵاتەدا دەبێت. ئێوە چۆن دەڕواننە ئەو مەسەلەیە؟

 

ئێران ئەگەرچی دەیهەوێ وا نیشان بدات کە بەرۆکی ئیسرائیلی گرتووە و شەڕی یەکلاکەرەوەی دژی ئیسرائیل لە سنوورەکانی نزیک بە ئیسرائیل و بگرە لەناو خاکی ئیسرائیلدا دەکات و ئەم هەڕەشەیەش بۆ ئیسرائیل جیددیە، ئیسرائیل لە هەوڵی بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی پاوانخوازییەکانی رێژیمی ئێراندایە و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و مۆڵگەکانی سپای پاسداران لە سوریا لە چەند مانگی رابردوودا بە تایبەتی پاش هاتنە سەرکاری تڕامپ پەرەی سەندووە. هەنووکە هەل بۆ ئیسرائیل لە هەموو کات زیاتر رەخساوە کە ئەو جەوە لەسەر واشنگتۆنە، کە لە هەنگاوی یەکەمدا ئەم رێککەوتنە هەڵوەشێتەوە و گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەست پێبکەنەوە، هەروەها لە هەنگاوەکانی تردا رێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ رێژیمی ئێران بە هەماهەنگی ئیدارەی تڕامپ خۆش بکەن کە لە راستیدا ئەمە ترسی سەرەکیی خامنەیی و دارودەستەکەیەتی. من پێم وایە کە رێژیم چۆن جامی ژەهری بە چوونە نێو رێککەوتننامەکە خواردەوە، بۆ مانەوەی نگریسی خۆی ژەهرێکی تریش دەخواتەوە و بە قسە واز لە سیستمی مووشەکی دوورهاوێژ و هێندێک شتی دیکە دەهێنێ کە تا جارێکی تر سیستمی سیاسی لە ئەمریکا بە دڵی ئەو دەبێ و نەرمتر بە نیسبەت رێژیم هەڵسووکەوت دەکات. بۆیە ئیسرائیل باش دەستی رێژیمی خوێندۆتەوە و بە هەر نرخێک بێت نایهەوێ لەوە زیاتر تەمەنی ئەم رێژیمە درێژ بکرێتەوە و هەڕەشەکان بۆ سەر مان و نەمانی ئیسرائیل لە لایەن ئەم رێژیمەوە درێژەیان هەبێ. شانسێکی تری ئیسرائیل لەم شەڕەی دژی ئێران، هاودەنگیی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بە تایبەتی عەرەبستانە و ئەوانیش دەیانهەوێ بەجۆرێک بەهەماهەنگی یەکتر، ئەم ویروسە لە ناوچەکە بنبڕ بکەن کە بێگومان بە بێ شەڕ، جێبەجێ نابێت.

 

رێژیم هەتا ئێستا هەر هەڕەشەی کردووە، لە دۆخی وەها ئاڵۆزی سیاسی و ئابووریی ئێراندا، ئەگەری بەرپەرچدانەوەی رێژیم چەندە نێزیک دەبینن؟

 

لەوەها هەلومەرجێکدا کە رێژیمی ئێران لە دۆخێکی هەستیاردایە، لە لایەک نایهەوێ خۆی لاواز پیشان بدات کە هەڕەشەکان لەسەری جیددیتر بن و وەڕاست گەڕێن، لە لایەکی تریشەوە حەز ناکات بە هەڕەشەی جیددی و بەکردەوە ببێتە هۆکاری داگیرسانی شەڕێک کە بێگومان نەمانی خۆی لێدەبێتەوە.

 

بەڵام هاوکات رێژیم لە دوو لاوە سیاسەتی خۆی درێژە پێدەدات: لە لایەک سیاسەتی باڵادەستبوونی خۆی لە ناوچەکە و نائارامکردن و ناسەقامگیری بە تایبەتی لە سوریا، یەمەن و ئێستاش لە رۆژئاوای ئەفریقا لە مەغریب درێژە پێدەدات و وا پیشان بدات کە ناوچەکە تاقەت و تەحەمولی شەڕێکی گەورەی وەکوو شەڕی بە دژی ئێران نییە. لە لایەکی تریشەوە رێژیم بە تەمای کڕینی کاتە کە هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێ. ئەم ئاڵۆگۆڕانە، نەمانی نێتانیاهوو وەکوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە کە ئێستا سەرقاڵی کێشە لەگەڵ دەزگای دادی ئەم وڵاتەیە و ئەویتریان، تێپەڕبوونی یەک تا دوو ساڵی تر بە سەر سەرۆکایەتی تڕامپە کە بێگومان لە دوایین ساڵی دەورەی سەرۆکایەتییەکەیدا، بیر لە هیچ هێرشێک بە دژی ئێران ناکات و ئێران و زۆر کەسی تریش وایان داناوە کە تڕامپ جارێکی تر نابێتەوە سەرۆکی ئەمریکا. لە ئەگەری وەها ئاڵوگۆڕێکدا بۆ رێژیمی ئێران، هەمان ئاش و هەمان کاسە دەبێت.

 

سەردانەکانی ئەم دواییانەی هەندێ سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپایی و هەروەها ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکانی پێوەندیدار بە پرسی ناوکیی ڕێژیم لەم کاتەدا چ کاریگەرییەکیان لە سەر “بەرجام” و بڕیاری تڕامپ دەبێت؟

 

دووبارە هاتوچۆکردنی سەرکردەکانی ئەورووپایی بۆ ئەمریکا بەشێکی زۆری لە خزمەت سیاسەتی کاتکڕینی رێژیمی تاراندایە. ئەوان بە هەرشێوەیەک بێت، دەیانهەوێت کات بە فیڕۆ بدەن کە ئەم دەورەیە تەواو بێ و جارێکی تر دێموکراتەکان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و ئەم رێککەوتنە لەگەڵ رێژیمی ئێران هەر بەردەوام بێ و بازاڕی بەڕەڵای ئێران جارێکی تر بکەنە پانتای کاڵاکانی خۆیان و لەمەر سەرەڕۆیی رێژیم چاویان بنووقێنن. بەڵام بەو ئاڵۆگۆڕانەی لە کۆشکی سپیدا هاتوونەتە ئاراوە، بە تایبەتی دیاریکردنی جان بۆڵتن وەکوو راوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشتمانی و مایک پۆمپێئۆ وەکوو وەزیری کاروباری دەرەوە و بوونی کەسانی دژە ئێرانی وەکوو ماتیس لە وەزارەتی بەرگریدا، تیمی بڕیاردەری ئێستای تڕامپ زیاتر وەکوو تیمی جۆرج بووش لە سەردەمی پێش هێرشی بۆ سەر عێراق دەچێ و وێناچێ لەمەڕ داواکانی وڵاتانی وەکوو فەڕانسە و ئینگلیس و ئاڵمان سەردانەوێنن و پاشگەز ببنەوە.

 

هاوکات لەگەڵ ئەم رووداو و ئاڵوگۆڕانە، مەغریب بە بیانووی دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەی و پشتیوانی لە تێرۆریزم، پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران پچڕاند. ئەمە هەڵگری چ پەیامێکە و چۆن دەخوێندرێتەوە؟

 

بەم سیاسەتەی کە ئەم رێژیمە گرتوویەتە بەر، رۆژ لە گەڵ رۆژ لە رادەی هاوپەیمان و دۆستانی کەم دەبێتەوە و بە نەیارەکانی زیاتر دەبن.

 

یەکگرتووییەکی لەرادەبەدەر لە نێو وڵاتانی عەرەبدا هەیە کە کێشەی ئێران لە بەرۆکی خۆیان بکەنەوە، بەمجۆرە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و وڵاتانی عەرەب ئاسایش و ئارامی بەخۆیانەوە ببینن. تاران زیاتر حەزی لە شەڕی ناراستەوخۆیە کە لە دژبەرانی ئەم وڵاتانە وەکوو شیعەی لوبنان، حەماسی فەلەستین، حوسییەکانی یەمەن و شیعەکانی وڵاتانی تر کەڵک وەرگرێ و ئەم وڵاتانە ناسەقامگیر بکات و ئەوەی لە مەغریبیش دەیکات بە شێوەیەکی ترە، بەڵام لە خزمەت هەمان سیاسەتدایە کە دەنگی ناڕەزایەتی حکوومەتی مەغریبی لێکەوتەوە و پێوەندی خۆی وەکوو وڵاتێکی تری بەهێز و چارەنووسسازی عەرەب لەگەڵ تاران پچڕاند.

 

لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی “بەرجام” دا، چ سیناریۆگەلێک چاوەڕوانی ئێران دەکەن؟

 

هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی بەرجامدا، بەمەرجێک وڵاتانی تری هاوپەیمانی ئەمریکا بە تایبەت فەڕانسە و ئینگلیس و ئاڵمان بەیەکەوە لەم رێککەوتنە بێنە دەرەوە، کە من بە دووری دەبینم، ئەوکات ئاسانتر دەتوانرێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گوشار بخرێتە سەر ئێران. بەڵام زیاتر پێدەچێ ئەمریکا یەکلایەنە ئەم هەنگاوە بنێ و گشت ئەو گەمارۆیانەی کە پێشتر خرابوونە سەر ئێران کە بێتە سەر مێزی وتووێژ، دووبارە بەکار بهێندرێن و ئەمجارە رێژیم لە پێناو سیاسەتی لاوازکردن و خنکاندنیدا، نەک لە پێناو هێنانە سەر مێزی وتووێژی، دووبارە بخەنە بەر تەوژمی گەمارۆکان. بەو دەسەڵاتەی ئەمریکا هەیەتی دەتوانێ یەکلایەنە کاریگەری یەکجار زۆری لە سەر وڵاتان و کۆمپانیا غەیرە ئەمریکاییەکان هەبێ کە واز لە ساتوسەودا لەگەڵ ئێران بهێنن. هەر ئێستاش زۆربەی شیرکەتە ئەورووپاییەکان هەستیارانە سیاسەتی سەرمایەگوازری و پێوەندییان لەگەڵ ئێران گرتووەتە پێش، چوونکە ریسکی وەها پێوەندییەک هەروەکوو ئەزموون کراوە، لەوانەیە زۆر بۆیان گران تەواو بێ. ئەمریکا دەیهەوێ پیشان بدات کە بوونی رێژیمێک لە ناوچەکە کە توانای مووشەکی دوورهاوێژی هەبێ، و هاوپەیمانەکانی بخاتە مەترسییەوە و دەست لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە وەربدات، بۆ قەبووڵکردن نابێ و وەها رێژیمێک بیست ساڵی تریش ئیمکانی دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی هەبێت، هەر مەترسیدارە.

 

لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، هاوکێشەکان چ گۆڕانێکیان بەسەردا دێ و کورد لەو نێوەدا لە کوێی هاوکێشەکاندا جێ دەگرێ؟

 

ئیدارەی ئێستای ئەمریکا لە پێناو هەمان سیاسەتدا دەیهەوێ بە خەڵکی ئێران و بە جیهانیش بڵێ کە حیسابی خەڵکی ئێران لەگەڵ رێژیمەکەی جیایە و تا ئەو کاتەی کە ئەم رێژیمە لەسەر دەسەڵات بێ، خەڵکی ئێران و بگرە ناوچەکەش ئارامی و تەبایی بەخۆیانەوە نابینن. کەوابوو ئەم دۆخە نالەبارە ئابووری، سیاسی و ناوچەییەی کە رێژیم تێیدایە، لە هەموو کات لەبارترە کە ئەمریکا شانبەشانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ئەوپەڕی گوشار بخاتە سەررێژیم بە هیوای ئەوە کە تووشی شکستی بکەن.

 

بێگومان بوونی نەتەوەکانی نێو ئێرانیش بە تایبەتی کورد کە دوژمنی سەرسەختی ئەم رێژیمەن، لە نێو وەها بازنەیەک یەکجار زۆر گرینگە، بەڵام لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان بۆ بەڕەوڕووبوونەوە لەگەڵ وەها پێشهاتەیەک تەیار و ئامادە بکەن و ئەم هەنگاوانەی لەلایەن هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگیراوە، زۆر دڵخۆشکەر و گرینگن و دەبێ لە بواری دیپلۆماسی و نیزامیشەوە پەرە بستێنن کە دونیای دەرەوەش زیاتر متمانە بە کورد وەک لایەنێکی گرینگ بۆ ئاڵوگۆڕ لە نێو ئێراندا بکات، هەروەکوو لە عێراق و سووریادا کردوویەتی.

 

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی