"an independent online kurdish website

ئایشمەن لە ئۆرشەلیم سەردێری ئەو ڕاپۆرتانەیەکە هانا ئاڕنت لە میانەی مەحکەمە کردنی ئایشمەن لە ئۆرشەلیم نووسیویەتەوە.

 پرسیاری سەرەکی بۆ هانا ئاڕنت ئەوەیە لەگەڵ تاوانباران و جینایەتکارانی شەڕ چۆن دەبێ هەڵس وکەوت بکرێ؟

چ فەرق وجیاوازییەک لە نێوان، بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی کوشت و بڕی مرۆڤی بێتاوان لە ئارادایە؟
ئایا بەڕێوەبەرانی کوشت و بڕ تەنیا مۆرەیەکی بێ دەسەڵاتن و چ بەر پرسیارەتییەکیان ناکەوێتە ئەستۆ؟
لەوانەش بترازێ، بیروڕاکانی ئارنت دەتوانێ چ یارمەتیدەرێک بێ بۆ تێهەڵکەوت لەگەڵ دیاردەناسیی جاشێتی و سیخوڕی لە کوردستان؟                            

چەمک و واتا سەرەکییەکان: ھانا ئارنت.ئایشمەن.ئەخلاقی برۆکراتی.دیاردەناسیی جاشییەتی و سیخوڕی لە کوردستان.

یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی بڕانەوەی دوای شەری دووهەمی جیهانی لە ئاڵمان ،مەحکەمە کردنی جینایەتکارانی نازی لە شاری نۆرنبێرگ بوو .تاوانبارانی نازی لەومەحکەمەیەدا ، ئەوانەی وا لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیان دا لە هیچ جۆرە جینایەتێک نەپرینگابوونەوە، ئێستا ئیتر دەبوو لە دادگای نورنبێرگ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێ و بەگوێرەی تاوانێکی کە ئەنجامیانداوە سزایان بۆدیاری بکرێ.
سرنج ڕاکێش ئەوەبوو، بەشی هەرە زۆری سەرانی نازی لە میانەی مەحکەمەی نورنبێرگدا قایل نەبوون دان بە تاوانەکانی خۆیان دابنێن!
پاساوی تێکڕای ئەوان لە باشترین حاڵەت دا ئەوەبوو کە، تەنیا پێچ  و مۆرەیەکی بێ دەسەڵاتی بەڕێوەبەربوون، نەک بڕیاردەر. لەدوای مەحکەمەی نورنبێرگ، ئەو پاساوە لە دادگایی کردنی ئایشمەنیش لە ئۆرشەلیم سەرلەنوێ باڵی بەسەر کەش و ھەوای ئەو دۆخەدا کێشایەوەو لە بیروڕای گشتی دا ئەو پرسیارە هاتەوە گۆڕێ کە: داخوا دەبێ لە حاند تاوانبارێک کە بەوتەی خۆی تەنیا بڕیارەکانی سەرەوەی بەڕیوەبردووە، دەشێ چۆن هەڵسوکەوت بکرێ؟
ئایشمەن کێ بوو؟  

ئایشمەن یەکێک لە ئەفسەرانی پایەبەرزی حیزبی نازی بوو. لە ماوەی شەڕی دووهەمی جیهانیدا، بەهەزاران منداڵ و گەنج و پیر و زوورهانی بەهۆی ئەوەوە تووشی تووناکردن وقڕکردن ھاتنەوە .
بەگوێرەی بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکان ئایشمەن بۆ ئینسانکوژی و دڵڕەقی، دەستی هەموو جینایەتکارێکی نازی لەپشتەوە بەستبوو. ئەو توانی دوای بڕانەوەی شەڕ بۆ ماوەیەک خۆی لە ئاڵمان حەشاربدا، بەڵام پاشان خۆی بگەیێنێتە وڵاتی ئاڕژانتین. دەزگا سیخوریەکانی ئیسرائیل توانیان پێ و شوێنی هەڵبگرنەوەو لە چالاکیەکی سەرسووڕهێنەردا قۆڵبەستی بکەن و بەرەو ئۆرشەلیم پەلکێشی بکەن.
ئایشمەن لەمیانەی دادگایی  کردنی دا گشت تاوانەکانی دایە دواوە. پاساوی ئایشمەن ئەوەبوو کە، ئەو تەنیا بەوێنەی مۆرەیەک ئەرکی یاسایی خۆی بەڕێوەبردووە و بە ویست و ئیرادەی ئەو کەس گیانی لێ نەستێندراوەتەوە. لە ڕاستیدا ئایشمەن تەنیا ڕاپەڕاندنی ئەرکە یاساییەکانی دەگێڕایەوەو جینایەتەکانی بە دانستە بەفەرامۆشی ئەسپاردبوو.
ھانا ئاڕنت و ئایشمەن لە ئۆرشەلیم

هانا ئارنت بەیەکێک لە دیارترین بیرمەندانی سەدەی بیستەم لە ئاڵمان دەژمێردرێ.ئەو لە زومرەی ئەو ژمارەیە لە بیرمەندانی سیاسیدایە کە پێگەیەکی دیار و بەرچاوی هەیە لە خولقاندنی فەلسەفە و تیئۆری سیاسیدا. ئاڕنت لە بەڕەتدا لەگەل پرسە بنچینەیەکانی پەیوەست بە ڕەوشی مرۆڤ و کۆمەڵگای هاوچەرخ سەروکاری هەیە. هانا ئاڕنت لە ئاڵمان لە دایک بۆوە و بە ڕەچەڵەک لە داوێنی بنەاڵەیەکی جوولەکە چاوی بە دونیا پشکوتووە. لە کاتی سەرهەڵدانی نازیەکان  سەرەتا بەرەو فەڕانسە و پاشان بەرەو وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆچی کردۆوە. ئەو کە بۆ خۆی یەکێک لە قوربانییەکانی دەستی نازی بوو، لە ساڵی ١٩٥٨ یەکەم بەرهەمی خۆی بە ناوی تۆتالیتاریزم بڵاو کردەوە. هانا ئاڕنت لەو بەرهەمەیدا باس لە دوو ڕووداوی سامناکی سەدەی بیستەم واتە نازیسم و ستالینیسم دەکا و لە ڕیگەی ئاوێتە کردنی تایبەتمەندییەکانی  ئەو دوو سیستەمە سیاسییەوە  مۆدێلی دەوڵەتی تۆتالیتێر شڕۆڤە دەکات. بە گوێرەی باوەڕی ئارنت تۆتالیتاریزم لە چوارچێوەی نازیسم و ستالینیسم دا دیاردەگەلێکی مۆدێڕنن و سەرچاوەکانی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییە مێژوویی و کولتوورییەکان کە دواجار کۆمەڵگای مۆدێڕنی لێکەوتەوە. لە ڕوانگەی هانا ئاڕنتەوە تۆتالیتاریسم حکوومەتی جۆرە یاسایەکە لە ژێر پاساوی بەڕیوەبردنی یاسای سروشت و یاسای مێژوو بەمەبەستی نکۆڵی کردن لە هەرچەشنە ئیرادەیەکی مرۆڤییە. هانا ئاڕنت لە سەر ئەو باوەڕە بوو تەنیا ڕێگەی تێگەیشتن لە توند  وتیژییەکانی تۆتالیتاریسم گەڕانەوەیە بۆ تایبەتمەندییە یاسایی و ئیدئۆلۆژییەکانی تۆتالیتاریسم . لە سیستەمگەلێکی ئاوەهادا گریمانەی ئەوە دەکرێ کە هێزێک لە دەرەوەی ئیرادیە مرۆڤەوە هەیە، بۆ وێنە لە چوارچێوەی ململانێی ڕەگەزیدا پێشتر کردار و کردەوەی قوربانییەکان و ئەشکەنجەدراوان دیاری کراوە. لە جوارچیوەی ئیدئۆلۆژیی تۆتالیتاریسم دا هەرجۆرە کردەوەیەک ، هەر ئەندازە نامرۆڤانە و قێزەوەنیش بێ بە مانای پەیڕەوی لە پرەنسیپە قەبووڵکراوەکانە و عەقڵی سەربەخۆی مرۆڤ بە تەواوی دەبێ شوێن بزر بکرێ.

لەسەردەمی نازییەکان دازۆربەی خەڵکی ئاڵمان یان ەبڕێوەبەر و گوێلەمستی سیاسەتە بێ بەزەییەکانی هیتلێر بوون، یان بە بێ بەرگری دەچوونە ژێر باری ئەو سیاسەتانەوە. هەر بۆیەش بوو  زۆرترین پاڵپشتیی جەماوەری لە هیتلێر دەکرا و زۆرترین لایەنگر و فیداکاری لەەبردەمدا وەستابوون. خاڵی سەرەکیی باسەکەی ئارنتیش لەوبەرهەمەیدا تاوتوێ کردنی لایەنەکانی ئەو  بابەتەیە.هەربۆیە هانا ئاڕنت  هەر لەیەکەم دانیشتنەکانی دادگاوە بەشداری گشت کۆبوونەوەکانی کرد.
ئاڕنت بە پێچەوانەوی سەرۆکی مەحکەمەی ئۆرشەلیم لای وابوو، ئایشمەن مرۆڤێکی ئاساییە

بەومانایە کە لەگەڵ هەموو دڵڕەقی  و بێ بەزیەیی بوونی بۆ قڕکردنی هەزاران مرۆڤی بێ سوچ و تاوانی یەهوودی، بوونەوەرێک نییە کە تا ئێستا مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە نەدیتبێ.
لەو وێستگەیەی مرۆڤ ماڵئاوایی لە گشت پێوەرە ئەخلاقییەکان دەکات و پشت لەهەموو بایەخەکانی مرۆڤ دۆستانە دەکا و مل بۆهەموو کردەوەیەکی جینایەتکارانە رادەکێشێ، وێنەی هەزاران ئایشمەنێکی دیکەمان لێ پەیدا دەبێ.
ئەو خوێندنەوەیە بوو جەوهەر و کەڕامەتی ئینسانی  هانا ئاڕنتی هێنایە سەر ئەوباوەڕە کە بڵێ: هەژدیهای شەڕ و ماڵویرانی و کوشتار دەتوانێ لە کەسایەتی گشت مرۆڤێکدا بەدی بکەین..

لۆژیکی برۆکراتی
لۆژیکی برۆکڕاتی بڕبڕەی پشتی بیری ھانا ئاڕنتە بۆ خوێندنەوەی دۆزی جینایەتکارانی شەڕ. لەو پێناسە کردنەدا بۆ لۆژیکی برۆکراتی،تاکە کەس کەرامەتی ئینسانی خۆی بۆ ئاستی مۆرەیەکی ئالقە لە گوێێ دادەبەزێنێ.  هەر لەو سۆنگەیەوە بە بێ بیر کردنەوە و تێڕامان بە وێنەی ڕۆبۆت مل کەچی جێبەجێ کردنی گشت تاوانێک دەکا کە خۆ دەکاتە برابەشی هەموو جینایەت ومرۆڤ کوژییەک.
بەوتەی ئارنت ئەو گوێ ڕایەڵییە، چەشنێکی نوێ لە بێ ئەخلاقی لە كۆمەڵگای مرۆڤایەتییدا دێنێتە بەرهەم کە {زیگمۆند بومن}نازناوی ئەخلاقی فەرمانبەری لەسەر دادەنێ. جینایەتکارانی بەڕێوەبەر، لەژێر دەمامکی بەڕێوەبردنی بڕیارەکانی ناوەندی دەسه ڵات دەرگای ویژدان و بەپرسایەتی لەسەرخۆ  گاڵە دەدەن و خۆ لە حاند هەموو جۆرە بەرپرسایەتییەک دەخەنە سەر گازەرای پشت.
ئەو کاتەی مرۆڤ بەتەواوی دەبێتە ملکەچی لۆژیکی برۆکراتی وخۆی لە هەر جۆرە ئەخلاقی بەشەر دۆستانە دادەماڵێ، دەتوانێ خۆی لە کەوڵ و بیچمی کەسایەتیەکی وەکوو ئایشمەندا وەبینێ. لەم گۆشە نیگایەوە ئاڕنت لەسەر ئەو باوەڕە بوو، بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی تاوان دەچنە خانەی هاوبەشەوە و لەڕاستی دا دەبنە تەواوکەری یەکتر بۆ ڕاوەستاوی سیستێمی جینایەتکار. بەوپێیە هیچ بەرپرس و مەئموورێک ناتوانێ کردەوەی تاوانبارانە ئەنجام بدا، بەڵام لە ژێر پاساوی ئەرک ناسیی دەوڵەتی دا خۆی بۆ سزاو لێپرسینەوە ئامادەنەکا.
بەرپرسیایەتی  ئینسانی و ئەخلاقی لە هەموو مرۆڤێک دەخوازێ، مل بۆ مۆرە بوون ڕانەکێشێ و  نەبێتە شەریکی تاوان بۆ قڕ کردنی بێ تاوانان .بنەما فکرییەکانی هانا ئاڕنت تاڕۆژگاری ئێستا، هەم لەلایەک جێگای زۆرترین بایەخن بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی جینایەتکارانی شەڕ و هەم جێگای مشتومڕ و بیرورا گۆڕینەوە لەو بوارەدا. بزر بوونی دیاردەی رەگەز پەرەستی لەکارەکانی ئاڕنت بۆ جینایەت خوڵقێنی نازییەکان یەکێک لەو تەوەرانەیە کە تا ڕۆژگاری ئیستا زۆرترین قسە و باسی لەسەر دەکرێ. ژمارەیەک لە ڕەخنە گران لایان وایە هاندەری نازییەکان بۆ کوشتاری بێ بەزیانەی جوولەکەکان لەماوەی شەڕی دووهەمی جیهانی دا، تەنیا ناکرێ بە چەمکی ئەخلاقیی بڕۆکراتی تاوتوێ بکرێ.
ڕەگەزپەرەستیی نازییەکانیش هۆکارێکی گرینگی حاشا هەڵنەگربوو  بۆ ئەو هەموو قڕکرن و توونا کردنە.

 مەسەلەی جاشییەتی لە کوردستان و پێوەندی بەو تەوەرەوە

ئێستا ئەگەر لە کوردستانی داگیرکراوی خۆمان کەسانێک لە سەر ویست و داخوازی خۆیان چەکی دەسه ڵاتدارانی تاران لەشان دەکەن و خەڵک ئازار دەدەن و بەدڵخوازی خۆیان دێنە شەڕی کوڕە پێشمەرگەی کورد، هەڵوێستی ڕەوا دەبێ چ بێ؟
چەند رۆژ لەمەوبەر لە شاری پیرانشار خۆفرۆشێکی دەست بەخوێن دەدرێتە بەر ڕێژنەی گولەی حەق ئەستێنی. ئەم ڕووداوە، تەبع و خوڵقی رۆمانتیکی هادی سۆفی زادەی زێدە ئازیزی هێنایە هەژان، هەربۆیە دەستی دایە خامەی نووسین و وتاری کوشتنی چەکدارێکی سەربە ڕێژیم لە پیرانشار و ئاکامەکانی لەسەر دیواری بڵیند باڵای فەیسبووکەکەی پێ ڕازاندەوە.
لە وڵامی ئەو پرسەدا، نووسەر خوێنەری خۆی بۆسەیر و سەیاحەتێکی زاهیدانە و عارفانەدا لەتک خۆیدا  شەتەکدەدا و دەنووسێ:  ئەو ئیعدامانە  لە کاتێک دا ڕوودەدەن کە لەچەند ساڵی ڕابردوو دا
رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆلتوری تۆڵەسەندنەوە فاسیلەی گرتووە و بۆتە ئۆلگوویەک بۆ بەشەکانی دیکەی ئێرانیش. لەم ژیربێژیە دا کوشتنی جاش و سیخوڕی سپای داگیرکەری تاران بۆ ئاستی ئازاد کردنی پەلەوەر و باڵندەی نێو قەفەس بەسەرسوڕمانەوە بۆ یەک ئاست دادەبەزێندرێ.

دوابەدوای ئەوە نووسەر شۆخانە لەم تەڕەساڵە دا شۆڕەسواری دەکا و فکر و هۆشی تامەزرۆییەکیتر وەردەگرێ و دەنوسێ:
بۆیە ئەو ئیعدامانە لەوانەیە بەشێوەیەکی کاتی تەسکینی ئەو حیزبانە ببێت، بەڵام زەرەی زیاتر لە قازانجییەتی.
سا لەو وەختەدا ئەو چەند دێرەی خوارەوەش دەبێتە دەستەگوڵی سەر مێزی ساباتی ئەو گەشتە و هەمیسان وردەکاریەکی سەیری تر دەنوێندرێ: بە دڵنیایەوە بەشێکی زۆری بنەماڵەی ئەو چەکدارانە وەک ئەوان بیرناکەنەوە و کەسانی باش و کوردپەروەریان تێدا هەڵکەوتووە، کە جێ پەنجەیان لێرەو ولەوێ دەبیندرێ. 
بەڵام بە کوشتنی باوکیان لەوانەیە نیگایان بگۆڕدرێ، یان ڕێژیم بتوانێ بە هەمان ڕێچکەی باوکیان دا ببا.
ئەم هەویرە ئاو زۆر هەڵدەگرێ

لەدرێژەی ئەم میرخاسییانەدا،  توشمان دێ بە توشی سەددام حوسێنی خوێنمژو سەرەڕۆشدا.لەو خەوە هەنگوینیەدا، سەددام حوسێنیش دەبوایە لەدوای ئازاد کردنی عێڕاق فەڕشی سوری بۆ ڕاخرایە. هەربۆیە لەوپەڕی ناسک خەیاڵی دا بەگوێی خوێنەرانی وتارەکەیدا دەسرکێنێ و دەنوسێ: لەبیر نەکەین پێگەی مام جەلال لای بیروڕای گشتی جیهانییەوە  بەرزبۆوە کە حازر نەبوو حوکمی ئێعدامی سەددام حوسێن ئیمزا بکات.

ڕۆژھەڵاتی کوردستان شامی شەریف نییە

ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی داگیرکەرانەی تارانەوە،نوقمی توندوتیژییە.  ئەم وڵاتە،بە مانای ڕاستەقینەی وشە،بەندیخانەیەکی گەورەیە بۆ مرۆڤی کورد.توندوتیژی و تۆقاندن لە ژیانی ئاسایی ئەو گەلەدا بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی.کەچی بە گوێرەی ئەوەی بەڕێز سۆفیزادە لێی دەدوێێ،ئەو کوردستانە بووە بە گوڵاڵەی ئاڵاو واڵا.

لە فەیزی هاتنی ئەو جەننەتەوە گشت ئەو کوردستانە بە فەڕشی ڕەنگاوڕنگی وێنە بەهەشت ڕازاوەتەوە. لەم بەهارستانەدا، گوڵ و گوڵزارێکە، مێرگ وبەهەشتێکە، دڵی هەزاران دڵ حەیرانییە.
لەم لالەزارەدا، نە ڕۆژانە کؤڵبەری هەژاری کورد مێشکی دەپژێ، نە گەنج و لاوی بێ تاوانی کورد، پەتی سێدارەی لەمل دەکرێ .نە کوردستانێکی میلیتاریزەکراو، تا بینەقاقا بەربینگ بە مرۆڤی کورد دەگرێ ، نە خەڵکێکی بەندکرا و نە گەلێکی بێ ماف و پەراوێز خرا و پەرێشان و خەم لەبەر دەبیندرێ.
لەوە دەچێ تەنیا شتێکی لەونێوەندە دا، دوڕگەی هێمنی و ئاسایشی مرۆڤی کورد تێک دەدا، کوشتنی ئەو کەسانەیە کە لە کولتوری سیاسی کورد دا بە جاش و سیخوڕ پێناسە دەکرێن.
لەم گاڵتەجاڕییە دا نواندنی توند و تیژی بۆ دەسه لات دارانی تاران، ڕەوایە، بەرحەقە، شیاوی سەرکۆنە کردن نییە، بەڵام دژکردەوەی ڕۆڵەکانی گەلێکی هەژار و ماف زەوتکراو دەچێتە خانەی پەرەپێدانی  توندو تیژییەوە.
پێناسە کردنی دیاردەی سیخوری و جاشییەتی لە کوردستان. قسەکردن لە دیاردەی سیخوری و جاشییەتی لە کوردستان، قسەکردن لەسەر جینایەتکارانی شەڕ. سیخوڕی و جاشییەتی، تاوانێکی ئاسایی و رۆژانە نییە کە ڕەنگە لە رووداوێکی کوت و پڕی ڕۆژانەدا لە کەسێکەوە بەدی بکرێ. سیخوڕی و جاشییەتی دیاردەیەکی خوازیارانەیە.
ئەوانە بە ویستی خۆیان بەنهێنی و ئاشکرا چەکی دەسه ڵاتێک لە شان دەکەن کە کەس ناچاری نەکردوون، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بوونەتە بەشێک لەکۆی دەسه ڵاتی داگیرکارانەی تاران لە کوردستان.
لە عورف و کولتوری جاشییەتیدا ، دۆزینەوەی نێچیر و ڕاوکردن گرینگترین ئەرک دێتە ئەژمار. ئەوان پاسەوان و چاوساخی سپای داگیرکەرن. دەبێ هەردەم لەسەر هەست و گوێ قوڵاخ بن. لە کوێ باڵندەی سەربەستی  شک ببەن، دەبێ ببنە کەواسوری بەر لەشکری داگیرکەران.
لەڕاستی دا جاشییەتی کەرەستەیەکی بەکارە بۆ لێدان و تونا کردنی مەسەلەیەکی گەورە و ڕەوا.
هەربۆیەشە لە جیهانی بیر و تەگبیری سپای داگیرکەردا جاش و سیخوڕ دەبنە چەک هەڵگرێکی ئیدەئال.
چونکە ئەو ویستانەی ئەو بەدوایاندا دەگەرێ، ئەو شەڕانەی ئەو پلانی بۆ دادەنێ و ئەو زانیارانەی ئەو بەدوای دا عەوداڵە، بەبێ تەپکەی سیخوری و جاشییەتی بەسانایی دەست ناخرێن.
بەڵام فۆنکسیۆنی سیخوڕی و خۆفرۆشی وجاشییەتی، تەنیا بەڕاوی پڵینگ و شکاری شێران قوتار نابێ. سپای داگیرکەری تاران خولیایەتی کۆمەڵگای کوردستان بکاتە پارچە پارچە، بە جۆرێک کەس ئاگای لە ویتر نەبێ.

کەس بیر لە خەم وژان و ئازارەکانی ئەویتر نەکاتەوە. کەس متمانەی بەویتر نەبێ،بۆ ئەوەی وشیاری گشتی و خەمی گشتی بە تەواوی لە کۆمەڵگای کوردستان بنەبڕ بکرێ.
دیاردەی جاشییەتی یەکەم هەنگاوە بۆ ئەم مەبەستە، بۆ ئەو دابەش بوونە و بۆ ئەو لێک دابڕانە لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا.
سیخوڕی وجاشییەتی لەسەر ئەستاندنەوەی حەق لە حەقدارە. نکۆڵی کردن لە حەقیقەتی بەش مەینەتی گەلی کوردە. سیخوڕی و جاشییەتی و بێگانەپەرەستی لەنێو کوردان دا ماکەی دەرد و بەڵایە.
ئەوکاتەی ئینسانی کورد، ئەو راستییە لە ئامێز بگرێ کە، بێگانەپەرەستی و نیشتیمان فرۆشی شەرم و حەیاییە، ئیتر ببڕای ببڕە نە خائینی خوێندەواری لێ هەڵدەکەوێ و نەجاشی  نەزان.

دانی عینوان و ئادرەسی گۆترە

لەم وێستگەیەی ئێستاماندا چەند دێڕێکیتریش ھێژای گوتنە.لە وتارەکەدا باس لە پێگەی مام جەلال لە بیروڕای گشتی جیھانیدا دەکرێ کە قایل نەبووە حوکمی لە سێدارەدانی تاوانبارێکی وەک سەددام ئیمزا بکات. دەکرێ لێرەدا داوای شوێنی ئەو ناوەندانە بکرێ کە ئەو ڕاپرسییەیان بە دەستەوەداوە؟یا خۆ ڕەنگە ئەوەش تەنیا ھەر بۆ ڕاستکردنەوەی قورسایی ھۆنراوە بێ.لە ھەر وڵاتێک بڕۆکەیەک یاسای لێپرسینەوەی تێدابێ،بیروڕای گشتی تەنانەت لەگەڵ ئەوەشدا نین کە کەسێک بە ڕەش سواری شەمەندەڤەری ھاتوچۆش ببێ،تا چ دەگات بەوەی کە بۆ سەددام حوسەینێەک کە ھەزاران تاوانی گەوەرەی کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە خەمی بە سزاگەیاندنی بۆ لە ئامێز بگرن.بەڵام ڕەنگە مەبەستی نوسەر لە جێگەو پێگەی مام جەلال ،لای دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوایی و ئامریکابێ. لێرەدا بە دەستی بەستە، دەبێ بەستەی بخرێتە سەر وتەکەی. کێی لە مام باشتر دەیتوانی عێراقی یەکگرتوو،کە داری بەسەر بەردییەوە نەمابوو بۆ گیانی کورد دابمەزرێنێتەوە.

لە مێژووی کۆنو نزیکدا ڕێبەرو سەرداری کام نەتەوە ھەبووە تا ئێستا خاوەنی ئەنفال و ھەلەبجە بێ بەڵام سەرلەنوێ بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆککۆماری وڵاتەکەی بە عێراقی عیبادی و جەعفەری و مالیکی یەوە گرێبداتەوە!بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕاستیانە بۆ تاوانبارێکی وەک سەددام دەتوانین بڵێین ئەمە بێڕێزیە بە گیانی ھەزاران قوربانی بێتاوان کە بە ھۆی ئەو بە ناو سەرۆکەوە تۆشی نەمان و فەوتان بۆنەوە. بێڕێزیە بە ھەزاران ئەنفالکراو.بە ھەڵەبجە.بە ئەشکەنجەدراوان.بەتازە بووکانی کۆستکەوتوو.بە پیرە باوکانی پشت شکاو.بەپیرە دایکانی ھەناسە سارد.بە مناڵانی ھەتیوکەوتوی بێ نازکراو.

لەنێوان حەق ئەستێنی وتوندوتیژیدا  

لێپرسینەوەو سزادانی تاوانباران بە مانای بڕەودانی کولتوری توندوتیژی لە کۆمەڵگایکوردەواریدانیە. ئەمە گەڕاندنەوەی حەق بۆ حەقدارە.جاشییەتی و سیخوڕی،بەردەوام ھەڵگری ھەڕشەو توندوتیژیە.لە ڕاستیدا فەلسفەی بوونی خۆفرۆشی بەدەسەڵاتی داگیرکەرانەی تارانەوە،بۆ نواندنی توندوتیژیە .ئەوان لە بەرامبەرکۆمەڵێک دەسکەوتی دنیایی وماڵی،نابێ لە ھیچ ساتو کاتێکدالە کوشتوبڕی ئینسانی کورددا بپلینگێنەوە.ھەر بۆیە لە دۆخی ئێستادائەگەر کەسێک حەزدەکا لە کوردستان بەدوای دیاردەی توندوتیژیدا بگەڕێ،دەبێ بەر لە ھەرتشتێک لە دەرگای دەسەڵاتی داگیرکەرانەی تاران و گشت مۆرە جۆراوجۆرەکانی بدات.سزادانی جنایەتکاران،نە تاوانەونە بە مانای ڕەشەکوژییە.جاشییەتی ڕەمزی خۆفرۆشییە.ئەم خۆفرۆشییە تەنیامسەلەیەکی شەخسی نییە،بەڵکوو فرۆشتنی بەھاکانی نیشتمانێکی داگیرکراوو گەلێکی دورخراوە لە بازنەی دەسەڵاتە.جاشییەتی و سیخوڕیی یارمەتیدانی ڕاستەوخۆیە بۆ ھێشتنەوەی ڕۆحی ئینسانی کورد لەکویلەتی و ژێردەستیدا.ھەرلەبەر ئەو ھۆیانە ھیچ ھۆکارێکی ئابووری،نەخۆشی دەروونی،ھەڵخەڵەتاندن ونەزانی ناتوانن پاساویی ئەم دیاردەیە لە کوردستانبدا. عەقلی لێبووردەیی

عەقلی لێبوردوویی یەکێک لەبەھا جەوھەرییەکانی کولتوری ڕۆژئاوایە.لەو کولتورەدا وا باوە کە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و مرۆیی دەبەسترێتەوە بە گرینگیدان بە چەمکی لێبوردەیی.ھربۆیە پەڕاوێز خستنی کولتوری لێبووردەیی لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوایی ،بە ھەنگاونان بۆدواور دێتە ھەژمارکردن. لێبوردەیی بۆ یەکەمجارلە ھەرەمەو جەنگەی رێفۆرمی سەدەکانی شازدە و حەفدەدا سەریھەڵدا.ئەو کاتەی پڕۆتێستانییەکان بەرەنگاری دەسەڵاتی پاپاو کلیسای کاتۆلیکی بوونەوە،بانگەشەکردن بۆ ئاینێکی نوێ و ڕزگاریخوازیش ھاتە گۆڕێ.پڕۆتێستانیزم نەریتێکی بەھێزی ئاینیی دروست کردو ئەمدۆخە بە ڕوونی لە کارەکانی بیرمەندانێکی وەک “جانلاک”ڕەنگیداوەتەوە. بەڵام کولتوری لێبووردەیی لە زێدی لەدایکبوونیشی،ھەڵگری واتایەکی سنوردارە. چەمکی   لێبووردەیی لە ھیچ کوییەکی ئەم دنیایە،بە مانای ڕەھاو بێسنوور سەیرناکرێ.ھەموو ئەو کردەوانەی دەبنە ھۆکاری تێکدان و وێرانکردنی نەزمی کۆمەڵایەتی،ناکرێ بە بیانووی کولتوری لێبووردەییەوە چاوپۆشی لێبکرێ.لەو جێگاییەی سنوری ئازادی ئەوانیتر تێکدەدرێ ،ھەڵسوکەوتی شیاوی خۆی لە تەکدەکرێ.نابێ لە بیرمانبچێ کوشتو کوشتاری مرۆڤەکان تەنیا بە ستروکتوری سیستەمی سیاسییەوە گرێ بدەیەن وھەموو ئەو کەسانەی کە بڕیاری سەرەوە بەڕێوە دەبەن بێ ھیچ لێپرسینەوەیەک چاوپۆشی لە   تاوانەکانیان بکرێ.بۆ وێنە لە ڕایشی سێیەمداتەنیا تاکە کەسێک کەبڕیاری شەڕو ئاشتی و کوشتو بڕی دەدا،ھیتلێر بوو. بەڵام ئایا ئەو دامەزراوانەی کە لە خزمەت بڕیارەکانی ھیتلێردا شەو و ڕۆژ ھەدادانیان بۆی نە بوو،ھیچ چەشنە بەرپرسیارەتییەکیان نەدەکەوتە ئەستۆ؟ ڕاستیەکەی ئەوەیە ئەو بە ڕوواڵەت مۆرە گچکانە زۆرترین کارەسات دەگێڕن و زۆرترین جینایەت دەخۆڵقێنن و زۆرترین بەرپرسیارەتیشیان دەبێ بکەوێتە ئەستۆ.چەمکی لێبووردەیی بۆ ئەوە نەھاتووە، قوربانی بێ لێپرسینەوە گەردن ئازایی لە جەلادو ومرۆڤ کوژ بکا.لەو جێگایەی ئەم پەرژینە دەبەزێندرێ، گەورەترین ناحەقی و سووکایەتیش بە عەقل و کولتوری لێبووردەیش دەکرێ.

 پێناسەی توندوتیژی

لەسەر گۆی زەویی ھیچ کۆملگایەک بەدیی ناکەین،بەبێ دیاردەی توندوتیژی.شێوە جیاوازەکانی توندوتیژی بەشێکی دانەبڕاوەن لە جیھانی ئەوڕۆی مرۆڤ.جیھانی ئینسان،دنیایەکە پڕیەتی لە دیاردەی توندوتیژی.ئێمەی “ئیمەیلیدورکھایم”کۆمەڵناسی بەناوو دەنگی ئاڵمانی لای وابوو:توندوتیژی بەشێکی جیانەکراوەیە لە جیھانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگاو ھێزە جۆراوجۆرەکانی ناو ژیانی کۆمەڵایەتی.فۆرموو شێوەکانی توندوتیژی لە کۆمەڵگایەکەوەبۆ کۆمەڵگاێەکیتر دەگۆڕدرێ.بەڵام لە گەڵ ئەوەش سنوورو کەوشەنی دیاردەی توندوتیژی خۆیاو ئاشکرایە.ئیعدامی بە کۆمەڵی پەنجاو نۆ لاوی مەھابادی،قاڕنا،قەڵاتان،ئیندرقاش،ھەڵەبجە،ئەنفال لە وێنە دیارەکانی توندوتیژیی و کۆمەڵکوژین.بە وتەی”پۆل رێکۆری” زانای فەرانسەوی لەو جێگایەی زمان بڕستی لێدەبڕێ،لەو وێستگەیەی دیالۆگو ڕاگۆڕینەوە دەرگای لەسەر گاڵە دەدرێ خۆمان لە بەر دەم لۆژیکی توندوتیژیشدا دەبینینەوە.بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشێ ئەویش ئەوە کە داخوا لەو وێستگەیەی کە بەرژەوەندی چینایەتی و سەرداری لە ئارادایە،چەندە پشت ئەسپاردن بۆ زمانی دیالۆگ دەتوانێ لەو میانەدا وڵامدەربێ؟ ئایا ئەوە ئەرکێکی فرە قورس نابێ دەخرێتە سەرشانی لۆژیکی گفتوگۆو دیالۆگ. تۆ بڵێی بەبێ بەربەرکانی دەسەڵاتێکی داگیرکەر،کۆتایی بە جەورو ستەم و زۆردای خۆی بێنێ،ڕوانگەکانی بیرمەندی گەورەی ئاڵمانی”کارڵ مارکس”لە نوقتە بەرامبەری “پۆل ریکۆرەوەیە”. مارکس لای وابوو ھیچ دەسەڵاتێکی ستەمکاربە گوێرەی مەیل و ڕەزای خۆی کۆتایی بە دەسەڵاتداریەتی خۆی ناھێنێ و ھەر لەو ڕووەوە دیاردەی توندوتیژی بە پێویستییەکی ھەرە گرینگی گۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە قەڵەم دەدا.

ئێستا ئەگەر لێرە دا تەنانەت بە گەز وڕوبەی  هەرکام لەو دوو بییرمەندەش دۆزی کورد بپێوین بەرەنگارییەکانی ئەو گەلە دەچیتە خانەی ڕەوایەتییەکی تەواوە وە. کورد هەم هەوڵێکی زۆریدا کێشەی ڕەوای خۆی بە ڕێگای دیالۆگەوە چارەسەر بکا ، هەم ئەوکاتەش کە شەڕی بەسەردا سەپا دەستەوەستان نەوەستایەوە. بەڵام لە هەمانکاتیش دا هەرگیز شەڕی بۆ شەڕ نەکردووە و لە گەرمەی شەڕی بەرگری و مانەوەدا دەرگای لە سەر وتوێژ وگوفتوگۆ گاڵە نەدا.

 کۆبەند

ئەگەر لێرەدا پەندو ئامۆژگاری دنیای ئیمانداران بخەینە ئەولاوە کە باوەڕیان بە جەبری ڕەھا ھەیە و لایان وایە ھەر لە گەڵ لە دایکبوونی مرۆڤ،قسمەتی لە نێوچاوان نوسراوە،دەڤێ بڵێن مرۆڤ بوونەوەرێکە ڕۆلێکی گرینگی ھەیە لە دیاریکردبی چارەنووسی خۆیدا.بەو مانایە مرۆڤ لە ماوەی ژیانی پڕ لە ھەورازوو نشێوی خۆیدا ھەردەم بڕیار لە ژیان و چارەنووسی خۆشی دەدا ،کە چۆن ژیانی ئێستاو داھاتووی خۆی بەڕێ بکا. مرۆڤەکان لە ماوەی ژیانیان دا چەندە دەتوانن بوونەوەرێکی لێهاتوو و بوێر و خوڵقێنەر بن ، ئەوندەش دەتوانن بەپێچەوانەو ەبن. چەندە دەتوانن مافخواز و ڕاستگۆ بن ، هیندەش دەتوانن بەرەواژی  بن. خاڵی جەوهەری ئەوەیە  مرۆڤ لە سەر ئەو دووڕیانە ڕوو لە کام لا دەکا و چەرخی چارەنووسی بەکاملا دەسپێرێ . دەشێ زۆر کەس ببنە قوربانیی ئەو چرکە ساتەی کە تێیدا بڕیاری ماڵئاوایی لە ەبرپرسایەتی و لە حەق وێژی ئینسانی دەکا.

6.8.2018

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی