"an independent online kurdish website

تووسه‌ن : ئاغای یۆسفی ، هۆی ئه‌و چاو پێکه‌وتنه‌ ئه‌وه‌ یه‌ که‌ له‌ به‌لژیک که‌سانێک هه‌ن عه‌لاقه‌یان به‌ چاره‌نووسی ئێوه‌ هه‌یه به‌ تایبه‌ت پرۆفسۆر لووشار له‌ دانشگای برۆکسێل ، که‌ چه‌ند جار حه‌ولی داوه‌ پێوه‌ندیتان پێوه‌ بکات .

یۆسفی : من ده‌گه‌ڵ ناوی پرۆفسۆر لووشار ئه‌وه‌ ‌بۆ یه‌که‌مین جاره‌ ناسیاوی په‌یدا ده‌ که‌م . ئه‌وان سه‌رۆکی کام لێژنه‌ن ؟ که‌ چاره‌نووسی من بۆ وان ئه‌وه‌نده‌ گرینگه‌ ؟

تووسه‌ن : ئه‌وان له‌ دنیا دا له‌ بیری 3 زیندانی سیاسی دان و چاره‌نووسی وانیان بۆ گرینگه‌ ، که‌ یه‌کێک له‌و 3 که‌سه‌ ئێوه‌ن .

یۆسفی : به‌ڵی زۆر باشه‌ ، فه‌رموون که‌ وابوو هه‌ر پرسیارێکی هه‌تانه‌ فه‌رموون با وڵام تان ده‌مه‌وه‌ .

تووسه‌ن : بۆ ؟ له‌ ساڵی 1958 (1337) بۆ جاری ئاخر گیران؟

یۆسفی : له‌ ساڵی 1337 به‌ هۆی ئه‌ندام بوون له‌ ناو حیزبی دێمۆکراتی کوردستان گیرام و هه‌ر وه‌ها له‌ پێشیش جارێک 4 ساڵ و جارێکی دیکه‌ش بۆ 2 ساڵ هه‌ر به‌و تۆمه‌ته‌ زیندانی بووم له‌ راستی دا ئه‌وه‌ 25 ساڵه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندام بوون له‌ حیزبی دێمۆکراتی کوردستان زیندانیم .

تووسه‌ن : له‌ ساڵی 1337( 1958 ) هه‌ر که گیران ‌ به‌ ده‌ستی مه‌موورانی سازمانی ئه‌منییه‌ت که‌وتنه‌ به‌ر لێ پرسینه‌وه‌ ، ئایا ئاکاریان خراپ بوو ؟ ئه‌شکه‌نجه‌یان کردن ؟

یۆسفی : به‌ڵێ ئه‌شکه‌نجه‌یان کردم ، شه‌لاقیان لێ دام و هه‌ر وه‌ها ده‌س به‌ندی قه‌پانیان لێ دام و هه‌ر وه‌ها به‌ردیشیان پێوه‌ هه‌ڵ داوه‌سی ،ئه‌و کارانه‌یان چه‌نده‌ها جا ر دووپاته‌ کردۆته‌وه‌ .

تووسه‌ن : ئایا له‌و ده‌مه‌وه‌ دیسان ئه‌شکه‌نجه‌ کراوی یه‌وه‌ ؟

یۆسفی : نا چوونکه‌ تاوانێکی سیاسی تازه‌ وه‌پاڵ من نه‌ دراوه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ نه‌دراوم .

تووسه‌ن له‌ کاتی پێ راگه‌یشتن له‌ دادگا دا ئیعتیرافت کرد که‌ تاوان باری ؟

یۆسفی : من ئیعتیرافم نه‌ کرد که‌ ئه‌ندامی حیزبم به‌ڵام دوو به‌ندی قانوونیان بۆ من له‌ به‌ر چاو گرت که‌ یه‌کیان به‌ندی 317 یه‌ که‌ دوو به‌شه‌ و تێیدا باسی هاندانی خه‌ڵک بۆ چه‌ک هه‌ڵگرتن ده‌کرێ و له‌ به‌شی دووهه‌میشی دا باسی نیازی کووشتنی شا هاتووه‌ . له‌ مه‌ر یه‌که‌مینیان که‌ بریتی یه‌ له‌ هاندانی خه‌ڵک بۆ چه‌ک هه‌ڵ گرتن کاتێک ئێمه‌یان گرت 150 که‌س بووین به‌ڵام له‌ لای هیچکامێکمان چه‌کیان نه‌دۆزییه‌وه‌ و خه‌باته‌که‌ی ئێمه‌ خه‌باتی چه‌کدار و به‌ زۆر نه‌بووه‌ و خه‌باتی سیاسی بێ وه‌کار هێنانی زۆر بووه‌ و به‌م پێیه‌ به‌ نه‌بوونی چه‌ک و خه‌باتی به‌ تۆبزی نه‌کردن ئه‌و به‌شه‌ی به‌ندی 317 نه‌ ده‌بوو له‌ مه‌ر من ده‌کار بکرێ و به‌شی دووهه‌میشی که‌ بریتی یه‌ نیازی کوشتنی شا ده‌بێ بڵێم ئێمه‌ له‌ مه‌هاباد بووین که‌ ناوه‌ندی تێکۆشان و نفووزی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانه‌ و له‌ وێش ئێمه‌ مووشه‌ک مان نه‌بوو که‌ بیکه‌ین به‌ ئامرازی کوشتنی شا که‌ وابوو هیچ کامێک له‌م دوو به‌شه‌ی ئه‌و به‌نده‌ له‌ مه‌ر من نا گونجێ .به‌ندێکی دیکه‌ که‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و من تاوانبار کرام به‌ شی یه‌کی به‌ندی شه‌سته‌ که‌ باسی جونحه‌و و جینایه‌ته‌ که‌ بۆ پێک هێنانی حیزبێک به‌ ئامانجی ئیشتراکی یه‌وه‌ ده‌کار ده‌کرێ. ئه‌گه‌ر وای دانێین که‌ من دامه‌زرێنه‌ری حیزبێکی واش بوو بم به‌ گوێره‌ی ئه‌ و به‌نده‌ من ده‌بوو به‌ ده‌ ساڵ زیندام مه‌حکووم کرا بام و چوونکه‌ تاوانه‌که‌ دووپاته‌ کراوه‌ته‌وه‌ با پێنج ساڵیشی لێ زیاد کرێ له‌ سه‌ر یه‌ک ده‌کا پازده‌ ساڵ ، به‌ڵام ئێستا من ئه‌وه‌ 19 ساڵه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ دام . به‌ندی 317 له‌ مه‌ر من نه‌ ده‌گونجا و هه‌ر له‌ بنه‌ره‌ته‌وه‌ نه‌ ده‌بوو مه‌حکووم به‌ مه‌رگ کرابام و له‌ مه‌ر به‌نده‌که‌ی دیکه‌ش هه‌روه‌ک کوتم من ئه‌گه‌ر دامه‌زرێنه‌ریش بووبام دیسان ده‌بوو به‌ 15‌ ساڵ زیندان مه‌حکووم کرا بام نه‌ک به‌ ئێعدام .

تووسه‌ن : ئایا له‌ داگا وه‌کیلت هه‌بوو ؟

یۆسفی : وه‌کیلی ته‌سخیری م هه‌بوو .

تووسه‌ن : دوای ئه‌وه‌ی به‌ مه‌رگ مه‌حکووم کرای ده‌س به‌جێ ئه‌و حووکمه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ و کرا به‌ به‌زیندانی ئه‌به‌د ؟

یۆ سفی : نه‌خێر دوای سێزده‌ مانگ ده‌ره‌جه‌یه‌کیان که‌م کرده‌وه‌ .

تووسه‌ن : داد گاکه‌ت له‌ تاران بوو ؟

یۆسفی : به‌ڵێ له‌ تاران بوو .

تووسه‌ن له‌و کاته‌وه‌ که‌ مه‌حکووم کراوی له‌ کام زیندان بووی ؟

یۆسفی : له‌ سه‌ره‌تای گیرانم دا 18 مانگان له‌ ” قزل قه‌لعه‌ ” بووم پاشان بردیانم بۆ زیندانی ” قه‌سر” دوایه‌ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ ته‌بعیدیان کردم بۆ زیندانی ” بورازجان ” و سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ جارێک شا ده‌ستووری دا که‌ زیندانییه‌ سیاسی یه‌کان له‌ “بورازجان ” را بنێرنه‌وه‌ شوێنی خۆش ئاو وهه‌وا هێندێکیان ناردن به‌ڵام منیان هه‌ر له‌ ” بورازجان ” راگرت و ئه‌م ماوه‌یه‌ هه‌شت ساڵی خایاند. هه‌تاکوو سه‌رای نیزامی هاته‌ وێ و من شکایه‌تم کرد و ئه‌وانیش فه‌رمانیان دا و له‌ ” بورازجانه‌وه‌” بۆ زیندانی ” بابوول ” ته‌بعید کرام سێ ساڵیش له‌ زیندانی ” بابوول ” دا بووم .

تووسه‌ن : که‌ وا بوو له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌شت ساڵه‌ دا که‌ له‌ زیندانی بورازجان دا بووی هه‌ل و مه‌رجی زیندانه‌که‌ له ‌ وێ به‌ تایبه‌تی له‌ باری ئاو و هه‌وا وه زۆر‌ ناخۆش بوو ؟

یۆسفی : دیاره‌ .

تووسه‌ن : چه‌ند له‌ ” بابوول ” مایه‌وه‌ ؟

یۆ سفی : سێ ساڵ .

تووسه‌ن : ئه‌دی پاشان ؟

یۆسفی : پاشان راگوێزرام بۆ زیندانی ” قه‌سر “

تووسه‌ن : ئێستا چ ماوه‌یه‌که‌ له‌ زیندانی ” ئێوین ” ی ؟

یۆ سفی : له‌ نه‌تیجه‌ی شکایه‌تێکی که‌ کردم … سێ نامه‌م بۆ دادستانی نیزامی و سه‌رۆکی سازمانی ئه‌منییه‌ت و سه‌رۆکی زیندانی ” قه‌سر ” نووسی ، منیان برده‌ ” کۆمیته‌ ” و له‌ وێوه‌ هێناویانمه‌ ئێره‌

تووسه‌ن : بۆ شکایه‌تت کرد ؟ ئایا هه‌ل و مه‌رجی زیندان ناخۆش بوو ؟

یۆ سفی : هه‌ل و مه‌رج نا ، ئاکاری زیندانه‌وانه‌کان خراپ بوو سووکایه‌تیان به‌ زیندانی ده‌ کرد .

تووسه‌ن : له‌ که‌نگێوه‌ له‌ زیندانی ” ئێوین ” ی ؟

یۆسفی : ماوه‌ی 8 مانگه‌ لێره‌م .

تووسه‌ن : لێره‌ هه‌ل و مه‌رجی زیندان چۆنه‌ ؟

یۆ سفی : لێره‌ زیندانه‌وانه‌کان سووکایه‌تی به‌ زیندانی نا که‌ن .

تووسه‌ن : ده‌کرێ باسی چێشت و خوارده‌مه‌نی زیندانمان بۆ بکه‌ی ؟

یۆ سفی : به‌ گشتی زیندان چه‌شنه‌ خواردنێکی هه‌یه‌ که‌ به‌ هه‌موانی ده‌ده‌ن .

تووسه‌ن : تۆ نه‌خۆشی گورچیله‌ت هه‌یه‌ ئایا چێشتی زیندان له‌ نه‌خۆشیه‌که‌ت دا ته‌ئسیری هه‌یه‌ ؟

یۆسفی : ته‌نیا سوێر بوونه‌که‌ی ته‌ئسیری هه‌یه‌ چوونکوو خوێ یه‌که‌ی ده‌نیشێ و به‌رد ساز ده‌کا هه‌روه‌ها ده‌بێ بڵێم ئاوی خواردنه‌وه‌ ی ئێره‌ قسڵی ده‌ گه‌ڵه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ نه‌خۆشی یه‌که‌ی من دا وه‌نه‌بێ بێ ته‌ئسیر بێ .

تووسه‌ن : ئایا تاکوو ئێستا پزیشک سه‌ری لێ داوی ؟

یۆسفی : به‌ڵێ پزیشک هاتۆته‌ لام نه‌خۆشی یه‌که‌م ژانی زۆر نییه‌ به‌ڵام گورچیله‌کانم خیز هه‌ڵدێنێ .

تووسه‌ن : کاتی خۆت چۆن راده‌بوێری ؟

یۆسفی : هه‌تا ئه‌و کاته‌ی له‌ زیندانی ” قه‌سر ” بووم ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌م هه‌بوو کتێب له‌ زمانی ئینگلیزییه‌وه‌ وه‌ر بگێرم که‌ یه‌کێکیشان به‌ ناوی ” سه‌رزه‌وی که‌ف ” چاپ کراوه‌ و له‌و دواییانه‌ش دا کتێبێکی دیکه‌م به‌ ناوی ” گوڵی زێرین : نووسراوی پاستۆوسکی ، وه‌رگێراوه‌ که‌ له‌ پشکنینی زیندان دا ده‌ستی به‌ سه‌ر داگیراوه‌ .

تووسه‌ن : لێره‌ چ ده‌که‌ی ؟

یۆسفی : هیچ ، ده‌ی گوزه‌رێنم . ئه‌و رۆژنامه‌ و گووارانه‌ی له‌ زیندان دا بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌ ده‌یخوێنمه‌وه‌ .

تووسه‌ن : که‌ وا بوو لێره‌ کار ناکه‌ی ؟

یۆسفی : نا به‌ هیچ چه‌شنێک .

تووسه‌ن : که‌ نگێ به‌ ئێوه‌یان راگه‌یاند که‌ من ده‌مه‌وێ بت بینم ؟

یۆسفی : هه‌ر ئه‌و کاته‌ی هێنایانمه‌ ئێره‌ و کوتیان کار به‌ ده‌ستێکی ده‌ره‌وه‌ هاتووه‌ و ده‌یه‌وێ چاوی پیت بکه‌وێ و قسه‌ت له‌ گه‌ڵ بکا .

تووسه‌ن : ئایا یه‌که‌م جاره‌ که‌ رۆژنامه‌ نووسێکی بێگانه‌ ده‌بینی ؟

یۆسفی : به‌ڵێ ئه‌وه‌ یه‌که‌م جاره‌ .

تووسه‌ن : ئایا خزم و که‌س و کارت هه‌یه‌ ؟

یۆسفی : برایه‌ک و دوو خوشکم هه‌یه‌ برایه‌کی دیکه‌م هه‌بوو که‌ له‌م دوواییانه‌ دا کۆچی دووایی کرد و پێنج منداڵی له‌ پاش به‌ جێ ماوه‌ که‌سی دیکەی نییە.

تووسه‌ن :  خزمه‌کانت له‌ کوێ ده‌ژین  و ئایا دێن بۆ دیتنت ؟

یۆسفی  : ئه‌وان له‌ مه‌هابادن و لێره‌ دوورن  له‌ زیندانی قه‌سر جار جار ده‌هاتن  بۆ دیتنم به‌ڵام لێره‌ هێشتا نه‌هاتوون .

تووسه‌ن  : ئایا نامه‌ ده‌نووسی  بۆ خزمه‌کانت  ؟

یۆسفی  : له‌ ماوه‌ی ئه‌و هه‌شت مانگه‌ی وا لێره‌م نامه‌م نه‌نووسیوه‌ .

تووسه‌ن  :  بۆ ؟  چوونکه‌ پێت خۆش نه‌ بوو نامه‌ بنووسی ؟

یۆسفی  :  نا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ لێره‌  هه‌ل و مه‌رج وایه‌ که‌ بۆ نووسینی نامه‌  ماوه‌ دیاری ده‌کرێ  به‌ هه‌ر سێ مانگ یان هه‌ر  چوار مانگ جارێک  به‌ڵام جارێ هیچیان به‌ من نه‌ کووتووه‌  .

تووسه‌ن  :  به‌ گشتی  له‌ زیندان دا بوون خۆش نییه‌  به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا من وا بزانم زیاتر پێت خۆشه‌ له‌و زیندانه‌ی ئێره‌ بی .

یۆسفی  : نه‌خێر ، به‌ هیچ چه‌شنێک پێم خۆش نییه‌  لێره‌ بم زیندانی ” قه‌سر ” بۆ من باشتر بوو هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر  ئاکاری زیندانه‌وانه‌کان باش بێ  ، چوونکه‌ له‌وێ مافی ئه‌وه‌ هه‌بوو خه‌ڵک بێن بۆ لام  به‌ڵام  لێره‌ ئه‌و مافه‌م نییه‌ .

تووسه‌ن :  ئایا هیچ ئاواتێکت هه‌یه‌ ؟

یۆسفی :  مه‌به‌ستتان چی یه‌ ؟

تووسه‌ن : شتێکی که‌ له‌ ژیانت دا به‌ ئاواتی ده‌خوازی و ئێستا لێی بێ به‌شی ؟

یۆسفی  : بۆ کابرای زیندانی  به‌ر له‌ هه‌موو شتێک  ئازادی له‌ گۆرێ دایه‌  به‌ڵام من به‌ داخه‌وه‌  ئازادی خۆم به‌و زووانه‌ نابینم  هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئازادی به‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌ و داوای  لێ بووردن به‌ ستراوه‌ته‌وه‌  به‌ڵام چونکوو من خۆم به‌ تاوانبار نازانم هیچ هۆیه‌ک له‌ ئارادا نا بینم که‌ له‌ کرده‌وه‌ی خۆم په‌شیمان بم و داوای لێ بوردنیش هه‌ر ناکه‌م  چونکوو تاوانبار نیم  .

***

برایم قەززاق: ئه‌وه‌ بابه‌ته‌م له‌ رۆژنامه‌ی کوردستان ژماره‌ 46 ره‌شه‌مه‌ی 1355- مارسی1977 وه‌ر گرتووە ، بێ ئه‌وه‌یکه‌ ده‌ست کاری کرابێ و ته‌نیا نیشانه‌ی ( 7 ) ته‌کانم بۆ زیاد کردووه

تائەو رۆژەی مابم ، هەموو ساڵێک یادی ئەو شەهیدە جوانە مەرگە دەکەمەوە .

روحی شاد و یادی بەخێر

ئەو یادە بۆ 44 هەمین ساڵرۆژی وەفاتی کاک عەزیز یۆسفی ئامادە کراوە . 6ی6ی2021  16ی جۆزەردانی 1357

ئەو وێنەیە هەروەکی کاک وریای ماملێ لە یادی کاک عەزیزی یۆسفی دا باسی دەکات ، هەر ئەوکاتەیە کە ساواک لە ژوورێکی پاک و خاوێن و هەروەها بە چاو و قاوە و میوە و دەسماڵ کاغەزی لە سەر میزێکی  پێشوازی لە کاک عەزیز و رۆژنامە نووسە بێلژیکی یە کە دەکەن ، دیارە 2 مەئمووری ساواک  لەوێ  بەشدا دەبن  و قسەکانی کاک عەزیز لە سەر کاسێتی تۆمار دەکرێ .

سپاسی تایبەت بۆ کاک وریای ماملێ بۆ دانانی ئەو وێنە بە نرخە .

وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی کاک برایم

بابەتی پەیوەندی دار

یادی 38 ساڵەی تێکۆشەری ناوداری کورد، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی: رەحمان نەقشی

دیدار تایبەت – بابەت : ژیان و خەباتی شەهید ” عەزیز یوسفی “

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی