"an independent online kurdish website

١ / بۆ ڕێفراندۆم.

ڕێفراندۆم ڕێگەیەکی یاسایی و ڕێشەداری مێژووییە، بۆ ھەر نەتەوەییەکی مافزەودکراو نیشتیمان داگیرکراو، کە لە ڕێگەی ڕاپرسی بە خەڵکەکەیەوە چارەنووسی خۆی یەکلاکاتەوە.

٢ / ڕێفراندۆم لە باشووری وڵات.

گەلەکەمان لە باشووری وڵات، لە پاش ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕێژیمی پێشووی حیزبی بەعسی ئێراقی، ھەولێکی زۆریدا کە لە ئێراقی نۆێدا، مافەکانی نەتەوەیی، لە چوارچێوەی دەسەڵاتداری ئێراقی فیدراڵی وەک پلەی یەکەم جێبگرێت. بەڵام لە٢٠٠٥بۆ سەرەوە بیرۆکەی شۆفینیستی و دەستێوەردانی دەرەکی بە سەر ئێراقدا، وای پێشاندەدا کە ڕۆژتاڕۆژ فشارەکان لە سەر باشووری وڵات زیادی دەکرد. ئیتر بیرۆکەی ڕاپرسی وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ئەگەری چارەسەرنەبوونی کێشەکان! لە ٢٠١٤وە چرۆ دەکات، کە لەو کاتەدا ناکۆکی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی بەغدا بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئێراق نوری مالیکی دروست ببوو. کە لە ھەمانکاتیشدا شەڕی داعش لە عێراق دەستیپێکرد و تیشكی ئەو شەڕەش یەخەی کوردستانی گرتبوو.

حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا لە باتی ئەوەی لەو کاتانە ھاوکاری زیاتری گەلی کورد و پێشمەرگە بکردبایە، بەڵام ئاستەنگییەکان ڕۆژتاڕۆژ  بۆ سەر گەلی کورد پەرەی دەستاند، و بووجەو مووچەی پێشمەرگەو مووچەخۆرانی کوردستان لە بەغداوە ڕادەگیرا. نائۆمێدییەکان گەیشتبووەوە ڕادەیەک کە تاقەت پڕووکێن بوو.

سەرئەنجام لە  ڕۆژی ٧ی مانگی ٦ ساڵی ٢٠١٧ لە کۆبوونەوەیەکی زۆربەی لایەنەکانی باشووری کوردستان بە سەرپەرەشتی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. کە ئەم لایەنانە تێیدا بەشدار بوون، لەوانە پارتی دیمۆکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، حیزبی سۆسیالیست دیمۆکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستانی، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، و بەرەی تورکمانی و کەمایەتییەکان کۆبوونەوە و بڕیاریان لە ئەنجامدانی گشتپرسییەکەدا. ڕێکەوتی ٢٥ / ٩ / ٢٠١٧ وەک  ڕۆژی ئەنجدامدانی گشتپرسیی دیاریکرد.

ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی کرداری کە دەنگدانەوەی جیھانی بە شوێن خوێدا ھێنا، چوار ساڵ پێش واتە لە ٢٥ / ٩ / ٢٠١٧ لە باشووری کوردستان بەڕێوە چوو. دیارە پرۆسەی ڕێفراندۆم ھەم لە ڕۆژھەڵات و ھەم لە باشووری وڵات پێشووتر بۆ ھیندێک پرۆسەی ناوخۆیی بەڕێوە چوو بوو، بەڵام وەک ئەمەی ٢٥ سەپتەمبەر دەنگدانەوەی نێونەتەوەیی بە شوێن خۆیدا نەھێنابوو.

چوار ساڵ پێش بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم، بە واتای ڕاپرسی گەلی کورد کە ئایا دەتەوێت لە چوارچێوەی دەسەڵاتیکی سەربەخۆیی کوردستانی بێت، یا لەگەڵ ئێراق بە ویستی خۆت بمێنیتەوە. کە هەروەک چاوەڕان دەکرا، لە ئاکامی٩٣٪ دەنگی خەڵکی کوردستان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، دەنگەکان ئاشکرا کران. ئاکامەکەشی تووڕەبوونێکی یەکجار زۆری نەیارانی کوردی لێکەوتەوە. بە پەلە کەوتنە مامەڵەی دیپلوماسی لەگەڵ زلھێزانی جیھانی بۆ پەلەماردانی گەلی کورد، و بە گشتی گەلەکۆمەیەکی چەند وڵاتی ڕووبەڕووی گەلەکەمان بوویەوە، لەو پەلامارانەشدا ڕووداوێکی دڵتەزێنی مێژوویی وەک١٦ی ئۆکتۆبەری بە شوێندا ھات، جارێکی دیکەش کەرکوک و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو بەشەی کوردستان، کەوتنەوە دەست حکوومەتی ناوەندی بەغدا.

٣ /  دەگووترێت کە گوایا کاتەکەی گوونجاو نەبووە؟

هێندێک خەڵکی خۆماڵیمان خوێندنەوەیان لە سەر ئەوەیە کە گوایا ئاکامی ڕێفراندۆم، ھۆکار بووە کە ئێراق بکەوێتە دژایەتی کردنی گەلی کورد، و بووجەو قووتی خەلکی کوردستانی ببرێت. وەک ئەوەی وابێت کە ئێراق پێش لە ڕێفراندۆم زۆر دۆست و خەمخۆری گەلی کورد بووبێت.

لە کاتێکدا هەموومان ئاگادارین کە نوری مالکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئێراق لە ٢٠١٤ واتە ٣ساڵ پێش لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی رێفراندۆم، و چەند مانگیش پێش لە هاتنی داعش بۆ موسڵ و دواتر بۆ شینگال، دەستی بە بڕینی مووچەو قووتی فەرمانبەرانی کوردستان کردبوو.

بەڵگەکان و ڕاستیەکان پاش ڕووداوەکان> ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە ئەگەر شەڕی داعش لەو کات و ساتەدا ڕووینەدابایە، مالکی زۆر پیلان و کاری دیکەشی بە دەستەوە بووە، و لە هەوڵدا بووە کە بە هێزی سەربازی پەلاماری کوردستان بدات. بەڵام لە دەورەکەی خۆی فریا نەکەوت، و دواتر عیبادی سەرۆک وەزیری پاشخۆی بەشێک لە پیلانەکانی بۆ تەواو کرد.

ئەگەر زۆر خوێنەر ماندوو نەکەین، و تەنیا بە کورتی لە وڵامی پرسیاری : ئایا بۆ ئێراق و نەیارانی دیکەی کوردستان کەوتنە پەلاماردانمان ؟

وڵامەکەی ئەوەیە کە وێرای ئەو هەموو قەیرانە سیاسییە ناوخۆیی ودەرەکییانەی کە لەئارادا بوو، بەڵام دەسکەوت و پێشکەوتنە ئابووریی و دیپڵوماسییەکانی باشووری کوردستان، لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٥بۆ ٢٠١٤ وا پەرەی سەندبوو، بە تەواوی داگیرکەران  نەیارانی کوردستانی توڕە و بێتاقەت کردبوو. بۆیە هەر لە مێژبوو لە بڵۆسەدابوون کە چۆن گوورزێکی گەورەی مەترسیدا  لە دەسکەوتەکانی باشووری وڵات بووەشێنن، کە جیهانیش لە کوردستان دوورخەنەوە و نا ئۆمێدیش بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان درووست بکەن،

بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی نیگرانییە کە هێندێک لێکدانەوەو شیکەرەوەی خۆماڵیمان، هەموو هۆکارەکەی دەخەنە ئەستۆ دەسەڵاتی ھەرێم و سەرکردەکانیان. هۆکاری ئەوەش ڕوونە کە هەموو شیکارییەکان تەنیا لەچوارچێوەی بوونی ڕق و کینەی لایەنە سیاسییەکانی خۆمانن بەرامبەر بە یەکتر، واتە بۆ شکاندنەوەی یەکتری کەڵک لە ڕووداوەکانی مێژووی نەتەوەکەشمان وەردەگرن.

٤ / ئایا پرۆسەیەکی درووست بوو یا هەڵە بوو.؟

نەک هەر پرۆسیەکەی هەڵە نەبووە، بگرە ئەو بڕیارەش لە مێژووی سیاسی وخەباتی ڕزگارییخوازی گەلی کورد لە بەشی باشووری کوردستان، لە بەرامبەر حکوومەتی ئێراق، بە گرنگرتین و بەهێزترین بڕیاری مێژوویی تۆمارکراوە. ئەگەر جاران دەنگی کورد زۆر بە کەمی دەچووە گۆشەی هەواڵەکانی هیندیک میدیای لایەنە چەپەکانەوە، ئەمجارە دەنگی گشتی گەیشتە سەرتاسەری جیهان، لە بەر ئەوەش کە گەلی کورد شەری داعشی کردبوو، زیاتر ھەواڵەکە جێی خۆی لە نێو دڵی گەلاندا کردەوە، خەڵک و ڕێکخراوەکانی جیھانی باش لەوە تێگەیشتبوون کە گەلی کورد، پێچەوانەی نەیارەکانی، نەک تێرۆریست میلیشیا نییە، بگرە دژی تێرۆریستە و ئاشتیخوازە.

ئاکامی ڕێفراندۆم هەرچەند لەم ساتانەدا بێدەنگییەکی کاتی لێکراوە، بەڵام تا ئێستاش هەر وەک کارتێکی فشارو مەترسی بۆ سەر ملھوڕی دەسەڵاتی بەغدا بەرامبەر بە گەلی کورد لە باشووری وڵات،  کەیفییەتی خۆی ماوە.، و دڵنیاشبن ڕۆژانێک دێت کە وەک پاکێژێکی ئامادە و ڕێگەخۆشکەر بخرێتەوە بەر دەست نەتەوە یەکگرتووەکان.

٥ /  دەنگدانەوەی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، گرنگی پێدانی بۆ نەوەی داهاتوو.

خاڵێکی دیکەی گرنگی ڕێفراندۆم لە باشووری وڵات، بەرزکردنەوەی ورەی بەرزی نەتەوەیی و یەکڕیزیخوازی گەلی کورد لە هەموو بەشە داگیرکراوەکانی، ھەروەھاو کوردستانیانی نیشتەجێی سەرتاسەری جیهانیش بوو. ئەو نەتەوەی لە نائۆمێدییەوە هێنایەوە سەر ئەو باوەڕەی کە گەلەکەمان، لە هەر هەلێک و پێشھاتێک دەتوانێت کەڵکوەرگرێت بۆ گەڕانەوەی سەرەورییەکانی. وەک دیتمان لە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان وڵاتانی گرنگی جیهان،  بۆخۆشی دەربڕین و پشتگیریکردن بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان وەک هیمای یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد،  ھاتنە سەر شەقامەکان.

ئەوەش وەک پەیامێکی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش بە گۆی ڕێژیمی ئێراندا گەیشت، و بەسەدان کوردی ڕۆژهەڵاتیش ڕاپێچی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کران.

٦ /  با کار بۆ ناشیرین کردنی نەکەین و نەوەی دواڕۆژ لە پرۆسەری سەربەخۆیی نەترسێنن.

 لە پاش ٤ ساڵ بە سەر ئەو ڕۆژە گرنگەی مێژووییەی گەلەکەمان، بە داخەوە بەردەوام دەبیستین کە ژمارەیەکی کەم لە خەڵکانی ناڕازی، یا بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانی باشووری وڵات، کار لە سەر ئەوە دەکەن کە ڕۆژی ڕێفراندۆم ناشیرین بکەن و بە ڕۆژێکی نەتەوەیی نەزانن. ئەمەش لە ڕوانگەی بیرو ویژدانی نەتەوەییەوە زۆر هەڵەیە. ئەگەر بەو شێوەیە ناشیرین بکرێت، کاریگەری خراپی بۆ نەوەی داهاتوو دەبێت،  نائۆمیدی لە پەرەسەندنی خەباتی سەربەخۆییخوازی و نەتەوەسازی  دروست دەکات. پێویستە بە هەموومانەوە کار  لە سەر ئەوە بکەین، کە ئەمڕۆژە بکرێتە ڕۆژێکی گرنگ لە مێژووی سەروەری گەلەکەمان، و ساڵانە بە شکۆوە یادی بکەینەوە. وەک هاندەرێک بۆ نەوەی داهاتوو، کە لە هەر هەلێک بۆیان بلوێ ئەو ڕۆژە نەتەوەییە نۆژەن بکەنەوە.

٧ / ڕێفراندۆمی گەلێکی نیشتیمانداگیرکراو بە یەک ھەنگاو وڵامی خۆی وەرناگرێتەوە.

چوون پێشتر لەگەڵ ئەم پرۆسە ئاشنا نەبووین و یا زۆر کاری لە سەر نەکراوە، زۆر کەس پێیانوایە هەر کوردستان یەکجار ڕێفراندۆمی کردووە و تووشی ئەو نەهامەتییە هاتووە. ئەگەر مێژووی زۆر نەتەوەی دیکە بخۆێنینەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە کە نەتەوەی وا هەیە لە مێژووی خۆیاندا دەیانجار ڕێفراندۆمیان کردووە و ڕووبەڕووی نەهامەتیش بوون، بەڵام کۆڵیان نەداوە و گەلەکەشیان لەوە نەترساون وبەرگەی ئاکامەکەشیان گرتوو و تا سەرئەنجام بە ئاواتەکەیان گەیشتوون.

ئەوانەی وا دەزانن! کە مادام لە یەکەم هەنگاودا سەرکەوتن بە دەس نەهاتووە، ئیتر ھەموو دەرگاکان داخراون و ئەو پرۆسەر لە بەین چووە.

 ئەوەش بۆچوونێکی هەڵەیە، مەبەستی داگیرکەرانیش ھەر ئەوە کە تۆی کورد بۆ ھەمیشە نائۆمید ببیت لە بیرکردنەوەی دەوڵەتی سەربەخۆیی یەکجاری. گەلۆ شەرت نییە لە یەکەم هەنگاودا سەرکەوتن بە دەستبهێنرێت، یا ئەگەر بە دەست نەهێنرا، ئیتر دەبێت بە چۆکدا بێین و بەرببینە گیانی یەکتر و تاوانبارکردن، و تەشهیرکردن بە خەباتی سەدانساڵەی گەلەکەمان.

٨ / ڕێفراندۆم چییەکان.

بە داخەوە لە باشووری وڵاتمان وای لێھاتووە، بۆ بەدەستھێنانی دەنگی دەنگدەران، زۆر جار وەک گاڵتە پێکردن و تانەو تەشەرەدان ووشەی ڕێفراندۆمچی لە بەرامبەر بە بەشداران ڕێفراندۆم بە کار دێنن، ئەمەش جۆرێکی دیکە لە جۆری لاوازی بیرکردنەوەی نەتەوەیی.

لە کۆتاییدا دەڵێم وەک کەسێکی بەشداربوو لە ڕۆژانی پڕ لە شانازی سەردەمی ڕێفراندۆمدا، وەک ڕێفراندۆمچییەکی چالاک بۆ هەمیشە شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم، ئەگەر دەجاری دیکەش ڕێفراندۆم بۆ گەلی کورد، نەک هەر لە باشوور بگرە لە هەر بەشێکی دیکەی کوردستان و دووپات و چەند پات بکرێتەوە، من لە جاران زیاتر خزمەتی پێدەکەم.

عارف باوەجانی ٢٣ / ٩ / ٢٠٢١

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی