"an independent online kurdish website

لە بیرەوەریی پێشمەرگەیەکدا

لەم بەشەدا، ئەم چەند خاڵەی خوارەوە زیاتر تیشکیان دەخرێتە سەر:

  • ‌هەڵکەوتەی جوگرافیایی شوێنی گەمارۆکە
  • لە ڕۆژی سێهەم و لە نێو زەلوزوولەکە (قامیشەڵانەکە) چۆن ڕزگارمان بوو؟
  • کومیسیونی سیاسی-نیزامی و بڕیارێکی نەگونجاو و هەڵە
  • هەڵەکانی ئێمە لە ڕۆژانی گەمارۆکەدا
  • هەڵسەنگاندن و خەسارناسی حەرەکەتەکە

هەڵکەوتەی جوگرافیای شوێنی گەمارۆکە:

قەسڵان: مەڵبەندەکانی جنووبی کوردستان (مەڵبەندەکانی حدکا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لە قەسڵان دەمانەوە. قەسڵان دەکەوێتە نیزیک شاخی بەمۆ لە سەر سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان. قەسڵان لە نێوان شارەدێی باوەنوور و شاری دەربەندیخان لە باشووری کوردستان هەڵکەوتووە.

شاخی بەمۆ: لە ڕووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەمۆ دەڕوانێتە سەر ئەزگڵە، بانەدار، شێخسێڵە و سەلاسی باوەجانی.

دۆڵی دەرە: دۆڵی دەرە، واتە ئەو شوێنەی گەمارۆکەی تیدا ڕوویدا، دەکەوێتە ڕووی ڕۆژهەڵاتی شاخی بەمۆ. ئەم دۆڵە لە نێوان شارەکانی جوانڕۆ، ئەزگلە، دەربەندیخان و هەڵەبجەدا جێی گرتووە.

ڕۆژی سێهەم چۆن ڕزگارمان بوو؟

ساڵانێک دواتر دەرکەوت کە ڕۆژی سێهەم لە نێو زەلوزوولەکەدا بە موعجیزە ڕزگارمان نەبووە، بەڵکوو هێندێک فاکتەر یارمەتیمانی داوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێ و تووشی شەڕ نەبین. لە نێو هێزەکانی ڕێژیمدا، کەسانێکی دۆستی پێشمەرگە ئێمەیان لە نێو زەلوزوولەکەدا بینیبوو و توانیبوویان ئێمە لە ئاشکرابوون بپارێزن. ئەوان کە ئێمەیان بینیبوو، بۆ خۆیان کە دیارە فەرماندەش بووبوون، لە سەرەوەی ئێمەوە مابوونەوە بۆ ئەوەی کەسانی دیکە لە ئێمە نیزیک نەبنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو ٣ بریندارە و ٤ پێشمەرگەشمان کە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە دیل گیرابوون، لە لێپرسینەوەیاندا باسی ئەوەیان کردبوو کە هێزی پێشمەرگە لە بانەدارەوە گەڕابووەوە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە هەمان کاتدا مەلا ڕەئوف و کامبیز بابایی، کە ڕۆژی یەکەم هەڵبڕابوون، هەوڵیان دابوو لە نیزیک بانەدارەوە بگەڕێنەوە بۆ بەمۆ و کەوتبوونە نێو مەیدانی مین و کامبیز شەهید بووبوو. کاتێک هێزەکانی ڕێژیم ئەم زانیارییانە لەگەڵ یەک بەراورد دەکەن، دەگەنە ئەو باوەڕە کە هێزی پێشمەرگە مەسیری تێپەڕبوونی لە بێزەلەوە بۆ بانەدار و بەمۆ گۆڕیوە و هەموو هێزەکانیان لە سنووری بێزەلەوە بۆ بانەدار و بەمۆ دەگوازنەوە و ئەمەش ئەو کاتە دەبێ کە دەوروبەری کاتژمێر پێنجی ئێوارە هێزەکانیان لە دەوروبەری ئێمە لە نێو زەلوزوولەکە دیار نامێنن. بەم جۆرە لە لایەک دۆستانی پێشمەرگە لە ڕیزی هێزەکانی ڕێژیم و لە لایەکی دیکە ئەو پۆلە پێشمەرگەیەی کە بە دیلی لە بەر دەستی دوژمندا بوون و هەر وەها کامبیز، بە گیانی خۆیان هێزی سەرەکیی پێشمەرگەیان لە لەناوچوونی حەتمی ڕزگار کردبوو. چونکە ئەگەر بهاتبایە و لە ڕۆژی سێهەمدا لەو شوێنە بکەوتباینە شەڕەوە، ئەوا زۆر زەحمەت بوو کەسمان ڕزگارمان بێ و هەموو پێشمەرگەکانیش ئەم ڕاستییەیان دەزانی.

بڕیاری کومیسیونی سیاسی-نیزامی:

لە ڕاستیدا بڕیاری کومیسیونی سیاسی-نیزامی لە جێی خۆیدا نەبوو و لەگەڵ بارودۆخی ئەو ناوچەیە نەدەگونجا. کۆکردنەوەی هێزەکانمان بۆ ئەوەی کاریگەریی زیاترمان هەبێ، لانیکەم بۆ ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی، تاوگۆزی، جوانڕۆ، هەورامان و داڵاهۆ بە هیچ شێوەیەک نەدەگونجا. زۆرێک لە گوندەکانی ئەو ناوچانە و بەتایبەتی سەلاسی باوەجانی بە مەودای یەک دوو شەو حەرەکەتکردنی پێشمەرگە چۆڵ کرابوون و بەم جۆرە زیاتر ناوچەیەکی نیزامی و میلیتاریزەکراو بوو و خەڵکەکەی ئاوارەی ئێراق بووبوون و لە ئۆردووگای ئەلتاش لە شاری ڕۆمادی لە سنووری ئوردون نیشتەجێ کرابوون. ناوچەکە لە باری تەشکیلاتییەوە هێشتا لاواز بوو. لە باری ئابووریشەوە بە زەحمەت خەڵکەکەی خۆیان پێ بەخێو دەکرا و توانایی و مەجاڵی تەداروککردنی هێزێکی زۆری پێشمەرگەی نەبوو. تەجروبە و ئەزموونی ساڵی پێشووی حەرەکەتی هاوبەشی هێزەکانی داڵاهۆ و شاهۆ بۆ ناوچەی دالاهۆ ئەوەی دەرخستبوو کە ئەو جۆرە تاکتیکانە بۆ ئەو ناوچەیە ناگونجێ و ئیمکانی سەرکەوتن لەم تاکتیکانە زۆر لاوازە. بۆ کۆماری ئیسلامی و هەر حکوومەتێکی دیکە، کۆبوونەوەی هێزێکی دژبەر و پارتیزان لە یەک جێگا، با لە شێوەی گرووپێکی گەورەشدا بێ، زۆر باشتر بوو لەوەی چەند گروپی بچووک و لە زۆر جێگا حوزووریان هەبێ. ئەسڵەن پێناسەی شەڕی پارتیزانی ئەوەیە کە بە گرووپی بچووک بتوانی لە زۆر شوێن هەبی و لە هەمان کاتیشدا بتوانی خۆت لە دیدی دوژمن ون بکەیت. یانی لە هەموو شوێن هەبی و لە هەمان کاتیشدا لە هیچ شوێنێک نەبی. بەو شێوەیە پێش بە کۆکردنەوەی هێزەکانی دوژمن لە سەر خۆت دەگریت و جمووجۆڵیشت خێراتر دەبێ. بەڵام ئەوەی ئێمە خەریک بوو دەمانکرد هێزەکانمان کۆ دەکردەوە و ئاسانکاریمان بۆ ڕێژیم دەکرد کە هێزەکانی خۆی کۆ بکاتەوە. بەم حاڵەوە کومیسیونی سیاسی-نیزامی لە جیاتیی ئەوەی ئەو تەجروبەیەی ساڵی پێشووی ناوچەکە بکاتە بناغەی بڕیاردانەکەی و زیاتر گوێبیستی بۆچوونی فەرماندەرەکانی ناوچەکە بێ، بڕیاری خۆی دا و پێشمەرگەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ئامادە کران.

هەڵەکانی ئێمە:

دەرکەوتووە کە ئەو شەوەی گەیشتبووینە دۆڵی دەرە، لە نێوان کومیتەی ماکوان و فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگە، لە سەر ئەوەی کە هەر هەمان شەو سەردانی ئەو گوندەی نیزیکمان بکرێت و هەوڵ بدرێت بۆ سبەینێ ئامادەکاریی تەداروکات بکرێت، ناکۆکی هەبووە. بەڵام کومیتە بێ لە بەرچاو گرتنی تێبینییەکانی فەرماندەکان، سەردانی گوندەکە دەکەن. هەروەها، ساڵانی دواتر ئاشکرا بووە کە لە کاتی سەردانیکردنی کومیتەدا سەربازێک لە نێو گوندەکە دەبێ و بۆ خۆشخزمەتی بە ڕێژیم هەر هەمان شەو پایگایەکی ڕێژیم کە لەو نیزیکانە هەڵکەوتبوو، ئاگادار دەکاتەوە. پایگاکەش دەستبەجێ سەرەوەی خۆیان لە هەواڵەکە ئاگادار دەکەنەوە و هاوکات پێیان وایە کە تەنها تیمێکی تەشکیلاتییە؛ بۆیە پێیان وا بووە دەتوانن هەر لە نێو گوندەکەدا یان دەستگیریان بکەن یان ئەوەتا شەهیدیان بکەن و وەک دەستخۆشانەیەک بەیانییەکەی کە ڕۆژ دەبووەوە، تەحویلی گەورەکانیان بدەن. بەم جۆرە تیمێک لە چەکدارانی نێو پایگاکە دێنە خوارەوە بۆ نێو گوندەکە بەڵام دەبینن کە پێشمەرگەکان ڕۆیشتوون. ئەو تیمە بەو شەوە ناوەستن و وەدوای کومیتە دەکەون و هەر ئەوەش دەبێ کە تا دەگەنە نیزیک پێشمەرگەکان دێن و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن تا دونیا ڕووناک بێتەوە و ئەرکەکەیان بەباشی جێبەجێ بکەن. دیارە ئەم سەرکێشییەی ئەوان دواتر دەبێتە هۆی لە نێوچونی خۆشیان بە دەستی پێشمەرگە.

لێرەدا کەمتەرخەمیی فەرماندەرانیش لەوەی کە سەرەڕای ئەوەی تێبینییان لەسەر سەردانەکەی کومیتە بۆ گوندەکە هەبووە، جێگای تێڕامانە بۆ شەو لەو کەپرانە مابووینەوە و نەچووبووینە نێو شاخەکە؟ بە بڕوای من تەجروبەی ساڵانی پێشتر لەوەی کە دۆڵی دەرە جێگایەکی تا ڕادەیەکی زۆر بێمەترسی بووە، لە زەینی زۆر کەس لە کادر و پێشمەرگەی ئەو ناوچەدا دەستیان دابوو بە دەستی یەکەوە بۆ ئەوەی ئەو کەمتەرخەمی و هەڵانە ڕوو بدەن. هەر وەک لە بەشی یەکەمدا باس کرا تەنانەت پێشمەرگەکان هەمان شەو بە بێ چەک دەچوون بۆ خۆشۆردن.

دیارە ئەەی کە لە کۆتایی ڕۆژی یەکەمدا کومیتەی ماکوان لە هێز و ئەویش لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا جیا بووەوە، نیشاندەری ئەوەیە کە کومیتە و هێز ناکۆکییان لە نێواندا هەبووە و ئەمەش بەداخەوە بە زیان تەواو بوو.

هەڵسەنگاندن و خەسارناسی:

بۆ هەر حەرەکەتێکی پارتیزانی و پێشمەرگانە، پێویستە لانیکەم چەند خاڵێک لە بەرچاو بگیردرێن بۆ ئەوەی ئەگەری سەرکەوتن زیاتر بێ. هەڵبژاردنی کات و شوێنی حەرەکەتەکە، زانیاریی پێویست و دروست لە سەر هێزی خۆت و دوژمن، دیاریکردنی تاکتیکی گونجاو لە ژێر ڕۆشنایی ئەو خاڵانەی سەرەوە و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە، بەرپرسان و ئورگانەکان بە یەکەوە لەو خاڵە گرینگانەن.

دیارە ئێمە بۆ ئەم حەرەکەتە وەک لە سەرەوە و لە بەشەکانی پێشووشدا باس کراوە، لە ڕەچاوکردنی هیندێک لەو خاڵانەدا کەموکۆڕیی جیددیمان هەبوو و ئەمەش بە زیانی هێزی پێشمەرگە تەواو بوو. ئەوەی کە ٣ لە کادر و فەرماندەکانمان لەگەڵ ٤ پێشمەرگەی دیکەدا کەوتنە دەستی دوژمن و پێشمەرگەیەکی دیکەشمان کەوتبووە سەر مین و گیانی لە دەست دابوو، بەڵگەی ئەو کەموکۆڕییانەن. هاوکات حەمە سەلیم منبەریش لە یەکەم چرکەساتی شەڕەکەدا شەهید بووبوو کە لەدەستدانی زیانێکی گەڵێک گەورە بوو بۆ هێزی پێشمەرگە و بە تایبەتی هێزەکانی زاگرۆس و بێستوون و مەڵبەندەکانی ١ و ٣ جنووبی کوردستان. جگە لەوانە، هەر لە درێژەی ئەو حەرەکەتەدا و لە ناوچەکانی سنە و مەریوان ٣ کەسی دیکە لەو فەرماندەرانەی کە لەم حەرەکەتەی دۆڵی دەرە بەشدار بوون، هەمان ساڵ شەهید بوون: حەسەن منبەری، سەرلک، کامیل حەسەنپوڕ، سەرلک و عەبدوڵا ئەڵایاری ناسراو بە عەبە جوانڕۆیی، جێگرلک. ساڵانێک دواتر هەموو ئەندامانی کومیتەی ماکوانیش شەهید بوون و گیانی خۆیان بەختی ئازادیی نیشتمان کرد.

بڕیاری نابەجێ و کەموکۆڕییەکانمان، بە هیچ شێوەیەک لە قارەمانێتی پێشمەرگەکان لە ماوەی ئەو ٤ ڕۆژەدا کەم ناکەنەوە. ئەوەی کە ٢ ڕۆژی تەواو هێزێکی پێشمەرگە بە ئیمکاناتێکی زۆر ساکار و لە ژێر بارودۆخێکی سەپێنراو و دژواردا، بەرنگاری هەزاران کەس لە هێزی ڕێژیم کە هەر دوو ڕۆژەکە بەردەوام تۆپخانە پاڵپشتیی لێ دەکردن بێتەوە، لە چاوەڕوانیی هیچ لایەکدا نەبوو. گەورەترین شەڕی پارتیزانیی ناوچەکە و لەوانەیە گەورەترین گەمارۆی ئەو سەردەمە کە ٤ ڕۆژی تەواوی خایاند، لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی سەلاسی باوەجانیدا هاتە تۆمارکردن.

شەهیدانی ئەو 4 رۆژە شەڕە کە نووسینەکەشدا باسیان کراوە

بە داخەوە هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی  کە بە دیل گیران، دواتر لە زینداندا، کۆماری ئیسلامی لە سێدارەی دان. دیارە جگە لە حەمە سەلیم منبەری کە هەر دەستپێکی شەرەکە دا و لە دەستڕێژی یەکەمدا شەهید بوو و هەر وەها کامبیز بابایی کە لە گەڕانەوەی بۆ بەمۆ کەوتبووە سەر مین و شەهید بووبوو. ناوەکان بەم جۆرەی خوارەوەیە:

عادڵ عەبدوڵاهی          کادری سیاسی

میرزا محەمەد بڕناس   جێگر لک

فەرهاد شەبرەندی        سەرپەل

حەمە سەلیم منبەری     جێگر پەل

لایەق ئەکرەمی          پێشمەرگە

کامبیز بابایی           پێشمەرگە

فەرید فەرەجی         پێشمەرگە

غوڵام ئابیار           پێشمەرگە

بەرزان ئەمینی        پێشمەرگە

هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاکی ئەو پۆلە پێشمەرگەیەی کە گیانی خۆیان بەخشییە ڕێگای ڕزگاری گەل و نیشتمان!

وەدیهاتوو بێ ئامانجی بەرز و پڕ لە شانازییان!

کۆتایی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی