"an independent online kurdish website

سەرەتا

بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی ئێستای دونیا، دەبێ بەمێژووی گەشەی بیرۆکەی ئازادی و دێموکراسی دا بچینەوە.

چۆنیەتی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی کۆمەڵگا هاوچەرخەکان لێکدەینەوە وبزانین ئەو دێموکڕاسیەی ئەمڕۆ بە پێشرەوەی کۆمەڵگا ئینسانیەکان دەناسرێ، چۆنە گەیشتۆتە ئێرە.  بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە پێوەندیی نێوان لیبڕالیزم و دێموکراسی و مەسەلەکانی وەک حەق و خاوەنداریەتی و حکومەتی زۆرینە شیکەینەوە.

لیبىڕالیزم لە بنەڕەتڕا بە مانای ئازادی دێت. لە لیبڕالیزم دا چوار مەسەلەی بنەڕەتی هەن. ئەوانیش بریتین لە مەسەلەی حەق، مەسەلەی بەرپرسایەتی، مەسەلەی خاوەنداریەەتی و مەسەلەی حکومەتی زۆرینەی خەڵک. جەوهەری لیبڕالیزم بریتیە لە حەق. بەڵام حەق و ماف ئەگەر بەرپرسایەتیان دەگەڵ نەبێت، دەبنە قسەیەکی پووچ. پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. بەرپرسایەتیش ئەگەر حەق و ماف دەگەڵ خۆی نەهێنێ، قسەیەکی بێمانەیە. لە لایەکی دیکەوە لیبڕالیزم مانای ئەوەیە کە ئینسان حەقی ئەوەی هەبێت لەبەر بەری رەنج و ماندووبوونی خۆی  بحەسێتەوە . لەوەش زیاتر مەبەست لە حەق بریتیە لە حەقی مرۆڤ بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆی. یانی بەشداری لە کارووباری سیاسی و ئەو بڕیارانەدا کە پێوەندیان بە ژیان و چارەنوسی ئەوەوە هەیە. لە خۆڕانیە دەگوترێ دابین و دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ، نێوەرۆکی دێموكراسی پێک دێنێ. هەر بۆیەشە دێموکراسی و لیبڕالیزم لێک جیاناکرێنەوە.

 ئاخر دێموکراسی بێ مافەکانی مرۆڤ، بێ مافی کەمایەتیەکان و بێ لیبڕالیزم  دەبێتە دیکتاتۆری زۆرینە. ئەزموونیش نیشانی داوە کە دیکتاتۆری زۆرینە، زۆر ناکێشی دەبێتە دیکتاتۆری کەمایەتی وفەردی و گرووپی. بۆیەهیچ دێموکڕاسیەک بەبێ لیبڕالیزم دەوامی نابێ.

لە لایەکی دیکەشەوە دابین و دەستەبەرکردنی حەقی خاوەنداریەتی پێویستیی بە دەستەڵاتێکی بە هێزی حکومەتی هەیە. حکومەتیش ئەگەر بەرگری لە حەقی خاوەنداریەتی تاکەکەسی نەکات ،یان دەست لە حەقی مالکیەت و خاوەنداریەتی وەربدات، ئیدی ئەوە نە لیىبڕاڵە و نە حکومەتێکی دێموكراتیک.

ئەزموونی گەشەی کۆمەڵگا ئینسانیەکان لەسەردەمی ئەنتیکەوە تا ئێستا ئەو حەقیقەتە نیشان دەدات کە لەسەرەوە باسمان کرد. ئێستا با بزانین ئەو ئەزموونە چۆن دەستکەوتووە؟

زەردەشت و ئاینی زەردەشتی

سەدەکانی حەوتەم و شەشەمی پێش زایین بە قۆناخێکی گرنگی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێن. زۆر ڕوون نیە کە ئایا بودا لەسەدەی شەشەمی پێش زاییندا ژیاوە یانا، بەڵام  ڕوونە کە کۆنفسیۆس  و زەردەشت لەو سەدەیەدا ژیاون. مێژوو نوسەکان لەسەر ئەوە هاوڕان کە  بیرو ئەندێشەکانی ئەوان، یانی بوداییزم، کۆنفوسیۆنیسزم و زەردەشتیزم، لە چەرخی شەشەمی پێش زایینەوە پێیان ناوەتە سەرشانۆی مێژووی مرۆڤایەتی و دێموکراسی ئاتنیش لە سەدەی حەوتەمی پێش زاییندا، سەری هەڵداوە. لەو سەردەمانەدایە کە بۆیەکەم جار لەگەڵ هەندێک جیلوەی بیرۆکەی دێموکراسی  ئاشنا دەبین.

لەدەرفەتێکی دیکەدا کە باس لە فەلسەفەی ڕۆژهەڵات دەکەین، دەگەڕێینەوە سەر بوداییزم و کۆنفۆسیۆنیزم. بەڵام لەبەر ئەوەی  زەردەشت پێغەمبەرێکی کورد و زەردەشتیزم  ئایینێکی کوردستانیە، بۆ چوونە نێوباسەکە لە زەردەشتەوە دەست پێدەکەین.

زەردەشت لە ئینسان ڕادەمێنێ و لە جیاتی ئەوەی لە حەق و مافەوە دەست پێبکا، لە پێشدا پێ لەسەر بەرپرسایەتی ئینسان دادەگرێ. دینی زەردەشتی دینی بەرپرسایەتی ئینسانە. دونیا بینی زەردەشتی لەسەر بناخەی ململانێی نێوان ئاهورەمەزداو ئەهریمەن، واتە زۆرانبازیی نێوان خێرو شەڕ، دامەزراوە. لەو جیهانبینیە دا، لە ململانێی بەردەوامی نێوان چاکەو خراپەدا، پاش دەورەیەکی سێهەزارساڵە لە شەڕوململانێی نێوان چاکەو خراپە، هێزەکانی شەڕ بەسەر بەرەی خێردا سەردەکەون. پاشان بۆ سێ هەزار ساڵی دیکە لە ململانێ ، ئەوجار هێزەکانی خێر سەردەکەون. پاشان دەورەیەکی دیکەی سێهەزار ساڵە لە شەڕو ململانێ دەست پێدەکاتەوە و سەرەنجام ئیدی هێزی خێر بەسەر شەڕدا بەتەواوی زاڵ دەبێت.

ئەو شێوە بیرکردنەوە بە داهێنانێکی نوێ لە مێژووی مرۆڤایەتی دا بە حیساب دێت. لەو بیرکردنەوەیەدا مێژوو بەرەوە پێشەوە دەڕوا و پێشکەوتن و پەرەسەندن دەبینرێ. لەو  شەڕو ململانێ یەدا مرۆڤ ڕۆڵێکی  گرنگ و یەکلاکەرەوە دەگێڕێ. ئەرکی مرۆڤ ئەوەیە لەبەرەی ئاهورەمەزدا دا، لە سەنگەری هێزەکانی چاکەو خێردا، بە دژی ئەهریمەن و هێزەکانی شەڕ، ڕاوەستێ و خەبات و بەربەرەکانی بکات. لەو ململانێ یەدا، بێ بەشداری و هاوکاری وهاوپێوەندیی مرۆڤ، ئاهورەمەزدا و هێزەکانی خێر ناتوانن بەسەر ئەهریمەن و بەرەی شەڕدا زاڵ بن. ئەوەش بۆخۆی بە داهینانێکی گەورە دادەنرێ. ئاخر لە هیچ دین و مەزهەبێکدا پێگەو جێگەیەکی لەو جۆرە بە ئنسان نەدراوە.

 دیارە کەزەردەشت لە وە تێنەپەڕی. ئەو تەنیا بەرپرسایەتی بۆ مرۆڤ لەبەر چاودەگرێ.  لە دینی زەردەشتی دا، لە هیچ جێگایەک ڕاستەوخۆ باس لە حەق یا ماف نەکراوە. باس هەر باسی بەرپرسایەتی ئینسانە. بەڵام کاتێک دینێک بەرپرسایەتیەکی گەورە بە مرۆڤ دەداو و پێگەی هێندە بەرزدەکاتەوە و دەی باتە ئاستی خوا، ڕوونە کە حەق و مافیشی بۆ وەبەرچاو دەگرێ. مرۆڤێک کە هێندە گەورەیە لە شەڕ و بەربەرەکانی بە دژی ئەهریمەندا، یارمەتی بە خوا یا ئاهورامەزدا دەکات،  دەبێ ئازادی ئەوەشی هەبێت کە خاوەنی بیروبۆچوونی خۆی بێ و  نەزەرەو بۆچوونەکانی خۆشی  ئازادانە دەرببرێ. ئەگەر ئەو مافەی نەبێ ناتوانێ لەو شەڕو بەربەرەکانیەدا، بۆ سەرخستنی بەرەی حەق و عەداڵەت و خێر، ببێتە فاکتۆرێکی کاریگەر. لایەنێکی دیکەی ئەو باسەش ئەوەیە کە زەردەشت بە پێ داگرتن لەسەر بەرپرسایەتی مرۆڤ، بایەخی ئینسانی مرۆڤ بەرەسمی دەناسێ.  بەڵام ڕوونە کە بەرپرسایەتی تەنیا تاڕادەیەک دەتوانێ حەق دەگەڵ خۆی بێنێ.

یۆنانی کۆن

لەسەدەی حەوتەمی پێش زاییندا، لەدەوڵەت شارەکانی یۆنان دا، شێوەیەک لە دێموکڕاسیمان بەرچاو دەکەوێ. ئەو دێموکراسیە لە حەق  واتە لە ماف و لە بایەخی ئینسانی ئینسانەکانەوە سەرچاوە ناگرێ. لێرەدا دێموکراسی تایبەتیە بە تاقمێکی بچووک لە خەڵکی شار کە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر کۆیلەن و دەتوانن کۆیلەکان لە هەموو مافێک بێ بەش بکەن. بەڵام  بۆخۆیان دادەنیشن و باس و گفتوگۆ دەگەڵ یەکتر دەکەن و سەبارەت بە مەسەلە جۆراوجۆرەکان ىڕیار دەدەن.

بەوحاڵەش لەو دێموكراسیەدا باوەڕو عەقیدە و ژیان و مافی خاوەنداریەتی خەڵک دەتوانرێ بخرێتە ژێرپێ و دەستدرێژی بکرێتە سەر. هەر ئەو ژمارە کەمە لە هاوشاریان کۆدەبوونەوە و  پێکەوە قسەیان دەکرد و حوکمئ ئیعدامی کەسێکیان بەهۆی هەبوونی بیروباوڕێکی تایبەتیەوە دەردەکرد. بۆ نموونە  ئەو کارەیان بەسەر سوقرات هێنا. یا کۆدەبوونەوەو دەنگیان بەوەدەدا کە کەسێک یان کەسانێک شاربەدەر بکرێن . یانی خەڵکیان لە مڵک و ماڵ و زێدی خۆی وەدەردەنا و نەیان دەهێشت بێنەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان. بەکورتی لە دەوڵەت شارەکانی یۆنان دا هەموو چەشنە دەست درێژی و پێشێلکاریەک ئیمکانی هەبوو. چونکە شتێک بە ناوی حەق یا ماف بۆ ئینسانەکان بەرەسمی نەناسرابوو.

ئێستا ئەو پرسیارە دێتەگۆرێ کە ئەو دێموکراسیە دەڵەمەیەی دەوڵەت شارەکانی یۆنان لەکوێوە هاتبوو؟ لەسەر چ بناخەیەک دامەزرابوو؟  یۆنانیەکان لەسەر بناخەی ئەو یاسا و قانوونانەوە کاریان دەکرد، کە سۆلۆن لەسەدەی حەوتەمی پێش زایین دا بۆ  ئیدارەو بەڕێوەبردنی شاری ئاتن داینابوون. سۆلۆن دەی گوت دێموکراسی ( زاراوەیەکی یۆنانیە) باشترین شێوەی دەوڵەتداری و حکومەتە کردنە.

شایانی باسە ئەرستۆش کە باس لە سیاسەت دەکات ، لەو پرسیارەوە دەست پێدەکات کە ئایا باشترین جۆری حکومەت کامەیە؟ باشترین جۆری حکومەت مانای چیە؟ نێوەرۆکی حکومەتێکی باش چیە؟ ئەرستۆ دەڵێ حکومەتێک لە هەموو جۆرە حکومەتەکانی دیکە باشترە کە مرۆڤ بگەیەنێتە فەزیلەت. واتە هەلومەرجێک پێکبێنێ کە لەوێدا ئینسانەکان بتوانن تا چڵەپۆپە گەشەبکەن و هەموو تواناو لێوەشاوەییەکانی خۆیان دەکاربکەن. ئەرستۆ لەو بارەوە تا ئەو جێگایە دەڕواتە پێش کە بۆ مەبەستێکی لەو چەشنە کۆیلەداری بە پێویست دەزانێ. بۆچی؟ بۆ ئەوەی “مرۆڤ” وەختی ئازادی هەبێت  و ناچار نەبێت هەموو کاتەکانی ژیانی خۆی بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی تەرخان بکات. ئەو دەیگوت پێویستە هاووڵاتی و هاوشاری ئەوتۆمان هەبن کە گەیشتبنە فەزیلەتی مەدەنی. چونکە فەزیلەتی مەدەنی بە مانای هەموو مرۆڤایەتیە. مرۆڤ بە تەنیا ناژی. مرۆڤ بە تەنیا مانای نیە. مرۆڤ لە کۆمەڵگادا دەتوانێ هەڵداو گەشەی پێویست بکات. ژیان لە کۆمەڵدا، ژیان لە نێو ئینسانەکاندا پێویستی بە هەندێک فەزیلەتە. وەک بەشداری کردن لە کارووباری کۆمەڵ و رێزگرتن و ئیحترام دانان بۆ خەڵکی دیکە.

لێرەدا دەبینین کە ئەرستۆ لە حەق و بەرپرسایەتیەوە دەست پێناکات. بۆ یۆنانیەکانی ئەودەم مەسەلەی ئەسڵی سیاسەت ئەوەبوو کە چ حکومەتێک لە هەمووان بەکەڵکتر، بە قازانجتر و سودمەند ترە؟  بەواتایەکی دیکە، ئەوان لە ڕوانگەیەکی قازانج پەرستانە  وسەوداگەرایانەوە، تەماشای مەسەلەکەیان دەکرد.  ئەوان لەسەر ئەو بڕوایە بوون، خەڵکانێک کە مەوزوعی سیاسەتن و سیاسەت و بڕیارەکان لەسەر ئەوان جێبەجێ دەکرێن، ئەگەر خۆشیان دەرفەتی ئەوەیان پێبدرێ لە کارووباری سیاسی و سیاسەتگوزاری و بڕیارداندا بەشداری بکەن، سیاسەت باشتر دەبێ و کاروباری سیاسیش باشتر دەڕواتە پێش.

دەبێ بگوترێ کە پێش ئەودەم خەڵکی ئاتن دەورەیەکی تەواو لە ژێر دەستەڵاتێکی تیرانی و سەرەڕۆیی دا  ژیا بوون. تیرانی یانی حکومەتێکی سەرەڕۆ، حکومەتی دەستەو تاقمە  سەرەڕۆکان. ئەفلاتوون لە کاتی لێکدانەوەی تیرانی دا، تیرانی بە حاڵەتێکی ئینسانی دەزانێ کە هێشتاش هەر لەدەورانی منداڵی دا ماوەتەوە. یانی کورتبوونەوەی هەموو دونیا لە وجودی یەک تاکەکەسدا. یانی کەسێک کە حەق بەخۆی دەدا هەرچی بیەوێ بیکات و هیچ شتێک پێشی پێ ناگرێ. بەو جۆرە خەڵکی ئاتن ئەودەورەیە لە دەستەڵاتی تیرانیان تاقی کردبووە و توانی بوویان ئەو جۆرە دەستەڵاتدارانە وەدەر بنێن. ئەو دێموکراسیە لە ئاکامی ئەوە وەزعەدا لە ئاتن پێکهاتبوو.

 کەچی لە ئیسپارت دا کە شارێکی دیکەی یۆنان بوو،  دێموکراسی نەبوو. لەوێدا حکومەتی پاشایەتی حاكم بوو. بەڵام  پاشایەتیەکی قانوونی و قانوونمەند. دیارە ئەوەش بۆخۆی، بۆ گەیشتین بە دێموکراسی ،بە قۆناخێکی زۆر گرنگ دادەنرێ. کەواتە یۆنانیەکان توانیان دێموکراسیەکی سەرەتایی پیادە بکەن. دێموکراسیەک کە هیچ مایەیەکی لە ئازادی و لیبڕالیزم تێدانەبوو. دێموکراسیەک کە بە ئاسانی دەیتوانی ماف و ئازادیە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بخاتە ژێرپێ.

بەو حاڵەش ئەو دێموکرسیە نیوەچڵەش، بە زاڵ بوونی مەقدۆنیەکان، واتە فیلیپ باوکی ئەسکەندەری  گەورە بەسەریۆنان دا، لەنێوچوو. بەڵام ئەدەبیاتی دێموکراسی و بیرۆکەی دێموکراسی هەر مایەوە.

 پاش درووستکردنی شاری ئەسکەندەرەیە، چەقی قورسایی فەرهەنگ و کولتووری یۆنانی گوێزرایەوە بۆ ئەو شارە لە میسر. کاتێک مەقدۆنیەکان یۆنانیان داگیرکرد، زۆر کەس لەخەڵکانی بە فەرهەنگی یۆنان، بارگەو بنەی خۆیان تێک ناو  بۆ ئەسکەندەریە کۆچیان کرد. شارێک کە ئەسکەندەر دروستی کرد و بووە موستەعمەرەیەکی یۆنانی. بەو جۆرە ئەسکەندەریە بوو بە ناوەندی فەرهەنگی جیهان. کتێبخانەی ئەسکەندەریە کە ناوبانگێکی جیهانی هەبوو، ئەودەم گەورەترین کتێبخانەی دونیا بوو. دواتر ئەو کتێبخانەیە لەکاتی هێرشی ژۆل سزار بۆ سەر میسر ئاگری گرت و سوتا. دواتریش کە جارێکی دیکە کتێبىخانەکە سازکرایەوە،عەرەبەکان هێرشیان کردەسەری، کتێبەکانیان  دەئاوێ هاویشتن و لە نێویان بردن. لەو دواییانەدا یۆنسکۆ  سەرلەنوێ ئەو کتێبخانەی درووست کرۆتەوە و ئێستا بۆتە  جێگایەکی توریستی و شوێنەوارێکی مێژوویی و فەرهەنگی و بیناکەی بە میعماریەکی زۆر جوان و پڕشکۆ درووست کراوە. کەسێک بچێتە میسر و سەردانی ئەو کتێبخانە نەکات، وەک ئەوە وایە نە چووبێتە میسر.

ستۆیسیزم

لە سەدەی چوارەمی پێش زاییندا قوتابخانەیەکی فەلسەفی  بەناوی قوتابخانەی ڕەواقی واتە ستۆیسیزم ،لە ئەسکەندەریە وە دەستی بە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی خۆی کرد. دیارە بیرۆکەی قوتابخانەکە لە یۆنان دا سەری هەڵدا و زۆربەی ڕێبەرەکانیشی بۆ نموونە زینون هەرلەوێ بوون. ئەو قوتابخانە فەلسەفیە بە ئیلهام وەرگرتن لە زەردەشت، بەرپرسایەتی بنەڕەتی دەخاتە سەر شانی ئینسان. دەڵێ لەو دونیایەدا مرۆڤ تەک و تەنیایە. هیچ خوایەک نیەو مرۆڤ دەبێ بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری خۆی تەنیا پشت بەخۆی ببەستێ. لەوەش زیاتر لەو قوتابخانە فەلسەفیەدا مرۆڤەکان هەموویان بەرانبەرن.  لە ڕاستیدا وەختێک مرۆڤەکان بە بەرپرس دەزانین، مانای وایە کە بەرانبەریی و یەکسانی ئەوانیشمان  قبووڵ کردوە. مرۆڤەکان وەک یەک و یەکسان دێنە سەردونیا. دواتر لە کۆمەڵدا، ئەو نابەرانبەریانەی لە نێوان ئەوان دا هەن، درووست دەبن. ڕەنگە یەکێکیان لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندا لەدایک بێ. کەچی ئەویش لەکاتی هاتنەسەر دونیادا هەروەک خەڵکی دیکە پێ دەنێتە ژیانەوە.  بەڵام  چوونکە ئەویش وەک خەڵکی دی بەرپرسە و هیچ خوایەکیش لەگۆڕێ دانیە تا چاودێری و بەرگری لێبکا، پێویستە بۆخۆی ئاگاداری لەخۆی بکات. کەسێک کە بەرپرسی خۆیەتی دەبێت ماف و حەقی ئەوەشی هەبێت قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆی دەستنیشان کات و کاریان بۆ بکات. کەوایە ئەو کەسە دەبێتە کەسێکی خاوەن حەق .

ستۆیسیزم دەڵێ هەموو ئینسانەکان بە مافی وەک یەکەوە دێنە سەردونیا. ئەوە پێی دەگوترێ مافی سروشتی . دیارە حەقی سروشتی و زاتیشی پێ دەگوترێ. شایانی باسە کە هەموو فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە.

کەواتە دەتوانین بڵێین زەردەشت بەرپرسایەتی بە ئینسان سپارد. یۆنانیەکان حەقی حکومەتی  گرووپێکی بچووک لەخەڵک بەسەر باقی خەڵکانی دیکەیان دا داهێنا. رەواقیەکانیش بیرۆکەی مافە سروشتیەکانی مرۆڤیان هێنایە کایە. بیرۆکەیەک کە دواتر بوو بە بنچینەی فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤ. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە مێژووی گەشەی سیستەمی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ لە قوتابخانەی رەواقی گەریەوە دەست پێدەکات. پەسندکرانی بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیسامبری ١٩٤٨دا، بە سەرکەوتنی یەکجارەکی بیرۆکە وفەلسەفەی ستۆیسیزم دەژمێردرێ.

ڕۆم

ئەو بیرۆکەیە بەرەبەرە بڵاوبۆوە و سەرتاسەری دونیای فەرهەنگی یۆنانی گرتەوە و پاشان وردەوردە ناوەندەکەی لە ئەسکەندەریەوە گوێزرایەوە بۆ ڕۆم. ڕۆم توانی مەقدۆنیەکان تێکبشکێنێ و دەست بەسەریۆنادا بگرێ. بەوجۆرە  کتێب و سەرچاوە یۆنانیەکان وەرگێڕدرانە سەرزمانی لاتینی. ڕۆمیە خاوەن فەرهەنگەکان زمانی یۆنانیان دەزانی. دەستیان کرد بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی فەرهەنگی یۆنانی. ڕۆم ببوو بە ناوەندی ئەدەبیات، فەلسەفە، ماتماتیک، زانستە سروشتیەکان و سیاسەت و دەوڵەتداری.

 ڕەواقیەکان لە ڕۆم دا دەگەڵ گەلێک بیرمەندی ڕەخنەگر ئاشنا بوون. بۆنموو لەگەڵ سیینکا ئاشنابوون کە هەم فەیلەسوف بوو هەم مامۆستای نیرۆن ئیمپڕاتۆڕی رۆمیش بوو. نیرۆن ناوبانگێکی لە ڕادەبەدەر خراپی هەیە.ئەوەش لەبەر ئەوەیەکە دەگەڵ مەسیحیەکان تووندوتیژ بوو. لێکۆڵینەوە تازەکان ئەوەدەردەخەن کە فەرمانڕەوایەکی لێوەشاوە بووە و ڕۆمیش ئەو نەی سوتاندوە. بەڵکوو کاتێک ڕۆم سوتا ئەو شارەی سەرلەنوێ و زۆر جوانتر سازکردەوە. توانی  سنووەرکانی ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم بپارێزێ. بۆ ئەومەبەستە دەگەڵ  زۆربەی زلهێزەکانی ئەودەم پەیماننامەی تایبەتی بەستن. وەک وتمان بەهۆی ئەوەی زۆر دژی مەسیحیەکان بوو، ناوی بە خراپ ڕۆیوە. بەڵام  هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە کەسێکی زۆر خوێنرێژ بووە و بۆنموونە  سیینکاهەمان ئەو فەیلەسوفە بەناوبانگەی کوشت کە وەک وتمان مامۆستای خۆی بوو.

سینکا و دواتر سیسرۆ کە  یاساناسێکی بە ناوبانگ بوو،  قوتابخانەی  حقوقی ڕۆم واتە سیستەمی یاسایی رۆمیان دانا.  ئەو قوتابخانە یاساییە لەسەر بناخەی ماف واتە حەق دامەزرابوو. ئەوان لەوەڕا دەستیانپێکرد کە ئینسان خاوەنی  کۆمەڵێک مافە.  ئەو مافانە چین و چۆن دەکرێ دابین  و دەستەبەر بکرێن؟  ئەوە لە مێژووی مرۆڤدا بە پێشکەوتنێکی گەورە لە قەڵەم دەدرێ. کۆمەڵە یاساکانی ڕۆم،  کە تا ئەو دواییانەش لە ئووروپادا هەر باوبوون، دەگەڵ کۆدی ناپلیۆن کە بەناوبانگترین یاسای دونیای مۆدێڕنە و زۆربەی وڵاتان لە دانانی  سیستەمی قانوونی خۆیاندا ئیلهامیان لێوەرگرتوون، لەسەر بناخەی قوتابخانەی حقوقی ڕۆم دامەزراون. کۆمەڵە یاساکانی ڕۆم چۆنیەتی تێگەیشتن لە زاراوەی دەوڵەتی قانوونیان جێگیرکرد.

 ڕۆم دێموکراسیەکی ئولیگارشی بوو کە لەلایەن چینی ئەشراف و خاوەن  شکۆوە ئیدارە دەکرا. ئەو دێموکڕاسیە، ئەو ئیدارەیە هەر لە نێوخودی ئەو چینەدا کە ژمارەشیان زۆر نەبوو بەڕیوە دەچوو. باقی خەڵک هیچ مافێکیان نەبوو، حەقی حکومەتیشیان نەبوو. لەوەش زیاتر کۆیلەداریش زۆر و بەرچاو بوو. دێموکراسی لەوێدا زۆرتر حکوموتی قانوون بوو تا حکومەتی قانوونی. حکومەتی قانوونی حکومەتێکە کە هەم قانوون وەبەرچاودەگرێ و هەم ئەو قانوونانەش کە دابین و جێبەجێیان دەکات بۆخۆی داینەناون. بەڵام حکوموتی قانوون حکومەتێکە کە بۆخۆی قانوون دادەنێ و بۆخۆشی ئەو قانوونانە جێبەجێ دەکات. بەوجۆرە زۆربەی حکومەتە سەرەڕۆ و دیکتاتۆریەکانی رؤژئاوا پەیرەویان لەو نەریتە دەکرد. خۆیان  قانوونیان دادەنا و هەرخۆشیان ئەو قانوونانەیان بەڕیوەدەبردن. هەر بۆیە ڕۆژئاوا کەمتر حکومەتێکی تێدا هەڵکەوتووە کە بێ قانوون بووبێت. ئەگەر لە جێگایەک پەیداش بووبێت، زۆری پێنەچووە وەلانراوە. بۆ نموونە ئەو مەسەلەیە یەک دووجار لە ئینگلیس دا هاتە پێش. پاشا دەیەویست قانوون یا عورف بخاتە ژێرپێ  کە هەر زوو  وەلانرا.

سیستەمی سیاسی رۆم، سیستەمێکی قانوونی بوو. لەوێ دا نەک هەر مافی تاکەکان، بەڵکو  مافی میللەتانیش بەرەسمی ناسرابوو. ئاخر ڕۆم بۆخۆی ئیمپڕاتۆڕیەکی گەورە بوو و زۆر وڵاتی دیکەشی  پێوە زیاد ببوون. دیارە ئەوانە ڕۆمی نەبوون و هەمان ئەو مافانەیان نەبوون کە بۆ رۆمەکان وەبەرچاوگیرابوون. بەڵام وەک ئینسان و لە سەربنەماکانی بیرۆکەی ڕەواقی مافیان هەبوو و خاوەنی حەق و مافی خۆیان بوون. ئەوان لە قانووندا مافی خۆیان بۆ لەبەرچاوگیرابوو و ئەو مافانەشیان بۆ جێبەجی دەکران. لە ڕۆم دا دادگا هەبوو. وەک ئەمڕۆ وەکیل و پارێزەر هەبوون. سیسرۆ یەکێک لەو پارێزەرانەبوو کە لە دادگاکاندا بەرگری لە مافەکانی خەڵک دەکرد. وتاربێژیكی زۆر لێوەشاوە و شارەزا بوو. لەوەش زیاتر بەرگری لە دێموکراسی رۆمیش دەکرد. گیانی خۆشی هەر لەو رێگایەدا دانا و بە فەرمانی سزار تا وەک عەرەب دەڵێن قەیسەر کوژرا.

دواتریش ئەو سوننەتە حقوقیەی ڕۆم هەر مایەوە. کاتێک عەشیرەتەکانی ژێرمەنی پەلاماری ڕۆمیان داو داگیریان کرد، پاشایەتیە جۆراوجۆرەکانی ئورووپا، کە گرنگترینی ئەوان  پاشایەتی کاڕڵی گەورە واتە شاڕلمانی بوو، توانیان ئورووپای ڕۆژئاوا واتە ئاڵمان، فەرانسە، ئیتالیا، ئوتریش و بەشێك لە باڵکان و بەشێک لە شێوە دووڕگەی ئیسپانیا بکەنە یەک. ئەو ئیمپڕاتۆڕیە گەورەیەش سیستەمی یاسایی ڕۆم یا بەواتایەکی دی کۆدی حقوقی ڕۆمی بۆ بەمیرات مایەوە و پاراستی.

واتیکان

گرنگترین جێگایەک کە لەوێدا سیستەمی حقوقی ڕۆم  مایەوە و توانی درێژە بە ژیانی خۆی بدا، بریتی بوو لە  ڤاتیکان و کلیسای مەسیحی. قەشە مەسیحیەکان توانیان فەرهەنگ و کولتووری ڕۆم و یۆنان بپارێزن. ئەوان دەستیان بە کتێب و سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئەو فەرهەنگە ڕادەگەیشت. بەردەوام خەریکی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە بوون. بەو جۆرە یاسا و سیستەمی حقوقی ڕۆم لە مەسیحیەدا درێژەی بە ژیانی خۆی دا.  ئەوەش شوێنەواری خۆی لەسەر حکومەتەکان دادەنا. ئاخر ئەوان شوێنکەوتووی ڕۆم بوون. بەڵام گرنگترین میراتگری  ئیمپڕاتۆری رۆم بریتی بوو لە کڵیسای کاتۆلیک. کڵیسای کاتۆلیک کە ناوەندەکەی  لە ڤاتیکانی رۆم بوو، لە نەبوونی ئیمپڕاتۆڕی رۆمدا( تەمەنی ئیمپڕاتۆڕی شاڕلەمانی  زۆر کورت بوو، پاش  مەرگی ئیمپڕاتۆڕ  لەبەین چوو)، ئیمپڕاتۆڕی کلیسای کاتۆلیک واتە پاپ جێگاکەی گرتەوە. ئاخر هەموو فەرمانڕەوایانی  ئەودەمی ئوورووپا  پەیڕەویان  لە پاپ دەکرد و مەشروعیەتی خۆیان و حکومەتی خۆیانیان لە پاپ وەردەگرت.  پاپ بوو تاجی پاشایەتی لەسەر پاشایەکان دەنا. ئەوەش دەستەڵاتێکی زۆری دابووە کڵێسای کاتۆلیک.

کڵیسای کاتۆلیک  بۆبەرگری لە خۆی  و بۆ پاراستنی  مڵک و ماڵ و سەروەت وسامانی خۆی لە سەرتاسەری ئورووپای ڕۆژ ئاوادا پێویستی بە سیستەمی قەزایی و حقوقی ڕۆم بوو. ئاخر لە کۆمەڵە یاساکانی ڕۆم دا، خاوەنداریەتی شوێنێکی تایبەتی هەبوو. دەبێ بزانین کە خاوەنداریەتی و مافی خاوەنداریەتی بایەخێکی زۆری لە دێموکراسی و لیبڕالیزم داهەیە. بێ وەبەرچاوگرتنی مافی خاوەنداریەتی و حەقی مالکیەت، دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراسی و لیبڕال ئیمکانی نیە. بەوجۆرە ئەو کۆمەڵە یاسایانەی ڕۆم کە وەک میرات بۆ کلیسای کاتۆلیک بە جێمابوون، کەم وزۆر لە حکومەتەکانی ئەودەم دا   کاریان پێدەکرا. ئەوەش لە پێوەندی دەگەڵ گەشەی بیرۆکەی دێموکڕاسی و لیبڕالیزم دا ڕۆڵێکی پێشڕەوانەی بێوێنەی بە ئورووپا بەخشی.

 بۆ ئوورووپا وا چووە پێش و بۆ ئاسیا ئاوا مایەوە؟  هۆکارەکەی دەبێ لەو مەسەلەیەدا بدۆزینەوە. ئاسیا  خاوەنی سیستەمێکی قانوونی لەوچەشنە نەبوو کە ڕۆمەکان هەیان بوو و پاشان وەک میرات بۆ هەموو ئورووپایان بە بەجێهێشت. لە ڕۆژهەڵات دا بەگشتی گیان و سەر وماڵی خەڵک  هیچ کاتێک لە ئامان دانەبووە. شا و سوڵتان و ئاخوند و بەگشتی دەستەڵاتداران هەمیشە  توانیویانە بێ هیچ تێبینیەک دەستدرێژی بکەنە سەر سەروماڵی خەڵک. بۆیە رۆمیەکان ئەگەر هەر ئەو خزمەتەیان بە مرۆڤایەتی کردبێ، دەتوانین بڵێین گەورەترین خزمەتیان کردوە.

ئورووپای ڕۆژئاوا بە پێچەوانەی ڕۆژئاوا و باشووری ئاسیا، هەرگیز نەکەوتۆتە بەرپەلاماری تیرەوتایفە دڕندەکانەوە کە پەلاماری هەرجێگایەکیان دەدا وێرانیان دەکرد. تیرەو تایفە ژێرمەنیەکان کە پەلاماری ڕۆمیان دا، تاڕەدەیەک خاوەن شارستانی بوون. ئەوان هەر لەودەمەوە کە ژول سزار توانی فەرانسەو سوئێس و ئینگلیس داگیر بکات، دیارە پێشتریش ئیسپانیای گرتبوو، بۆ ماوەی چەند سەدساڵ  لەگەڵ  تەمەدوونی ڕۆم لە پێوەندیەکی نزیک و تووندوتۆڵدابوون.  هەر بۆیە کاتێک رۆمیان گرت، وێرانیان نەکرد.  جاریک تاڵانیان کرد.  کەچی لە رۆژهەڵات عەجەمەکان، عەرەبەکان، مەغۆلەکان و  تورکەکان کە پەلاماری هەرجێگایەکیان دەدا وێرانیان دەکرد. ئەو تیرەو تەیفە ژێرمەنیانەی کە پەلاماری ڕۆمیان دەدا، دەیانەویست بۆخۆیان دەستەڵاتی ڕۆم بگرنەدەست و شارستانیەتی رۆم ببنەپیش. دەیانەویست  ئیمپڕاتۆڕە بێ کیفایەتەکانی ڕۆم لەسەر کار لابەن و خۆیان بچنە جێگای ئەوان و دەستەڵاتداریتەکی باشتر لە دەستەڵاتداریەتی دەورانی گەندەڵی و داڕمانی ڕۆم، دامەزرێنن.

کولتوور و داب و نەریتە حقوقی و سیاسیەکانی ڕۆم کە بە میرات بۆ  ئورروپا بەجێمابوون، زەمینەی  گەشەو و پەرەسەندنی بیرۆکەی دێماکراسیان لەوقارەیەدا خۆشکرد. هەر بۆیەشە لەوبارەوە ئاسیا کەوتەدواوە. لێرەدا دەبێ چین بخەینە نێو پەرانتێزەوە کە بۆخۆی بە دونیایەکی دیکە دادەنرێ. کۆنفسیۆس چواردێوارێکی کولتووری هێندە گەورەی بەدەورەی ئەو وڵاتەدا کێشا کە ڕێگای لەوەبەست ئەو وڵاتە بکەوێتە ژێر نفوز و کاریگەری دەرەوە. ئەوەش ئێستاشی دەگەڵ بێت وای کردوە کە چینیەکان هەستێکی گەورەی مەزنیخوازی و بەرزەفریان تێدا درووست بێت. دیارە زۆریش ناحەق نین، ئاخر ئەوان لەبارەی پێشکەوتنی تکنۆلۆژیەوە تا سەدەی چواردەهەم، پێشکەوتوترین خەڵکی دونیابوون.

شارە ئازادەکان

ئوورووپاییەکان هەمیشە ئەو ئیمتیازەیان بەسەر ئاسیادا هەبووە کە  ناچاربوون ڕوانگەیەکی قانوونی  و یاساییان بۆ سیاسەت هەبێ. لەبەر ئەوەی ئەوان لەباری فەلسەفیەوە  پەروەردەی دەستی فەلسەفەی یۆنان و لەباری قانوونیشەوە  میراتگری کۆدی حقوقی ڕۆم  بوون، لەبەر ئەوەی خەڵک لێرە ژیانیان هەمیشە لە چوارچێوەی قانوون دابووە، لەبەر ئەوەی پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمی- ژێرمەنی کە جیا لە ناوێکی بێنێوەرۆک شتێکی دیکە نەبوو و هەر لەتەی بەجیا کاری خۆی دەکرد و زۆرتر وەک کۆنفدراسیۆن دەچوو،لە کردەوەدا دەرفەتی ئەوە بۆ شارەکان پێکهات تا ئازادی کردەوەی زۆرتریان هەبێت. بەو جۆرە لە ئورووپای ئەودەم دا  ژمارەیەکی زۆر شار سەرهەڵدەن  کە ڕۆڵێکی گرنگ لە بردنەپێشی شارستانیەتی دا دەگێڕن. وەک شارەکانی بیرمن، هامبۆرگ،بێرگن، بەندەرەکانی سەر کەنارەکانی دەریای میدیتڕانە  وگەلێک شاری دیکە لە ئیتالیاو ئورروپای ڕۆژ ئاوادا. بەو جۆرە لە سەدەکانی نێوەراستدا دەبینین کە دەیان شاری ئازاد  لە ئورروپا دا  درووست دەبن. مەبەستمان لە سەدەکانی نێوەڕاست بریتیە لە  سەدەی ڕووخان و کەوتنی ڕۆم تا قەڕنەکانی پازەهەمین و شازدەهەمینی پاش زایین کە ئیدی بە دەورانی رێنێسانس دادەنرێ.

ئەو شارە ئازادانە، بەهۆی لاوازی حکومەتەکان و بۆهۆی گەشەی زۆری چالاکیی  ئابووری لە نێویاندا، توانیان  دەستەڵات و حکومەتی خۆیان بەدەستەوە بگرن. هەر بەو هۆیەشەوە پێیان دەگوترا شاری ئازاد. شارەکانی باکوڕی ئاڵمان، یا شارە ئازادەکانی ئیتالیا وەک بولۆنیاو فلۆڕانس، ناوەندی گەورەی بازرگانی بوون.  لە جێگایەک کە کاروچالاکی ئابووری و بازرگانی هەیەو، ئەو کاروچالاکیە ئابووری و بازرگانیە دەخرێتە چوارچێوەیەکی یاسایی و لەلایەن قانوونەوە دەپارێزرێ، زۆر کەسی خاوەنی کاروکاسبی و ماڵ و سەروەت پەیدادەبن کە پێگەو نفوزی سیاسی وەدەست دێنن.  سەرەنجام ئەو جۆرە کەسانە دەست لەکاروباری سیاسی و ئیداری شاریش وەردەدەن. ئەوان لەبەر ئەوەی خاوەن کاروکاسبین و پوڵ و پارەیان هەیە، زانیاری و وشیاریی سیاسیش وەدەست دێنن. ئاخر ئەو کەسەی کە کاری ئابووری و بازرگانی بەسەرکەوتنەوە بەرێوەدەبات، لەباری هۆش و تێگەیشتنەوە لە هیچ کەس کەمتر نیە. لە ئاکام دا جۆرێک لە دێموکراسی سەرهەڵدەدا. واتە دەرفەتی ئەوە پێکدێ کە خەڵک لەکاروباری سیاسی و ئیداری وحکومی دا بەشداری بکەن.

بەوجۆرە کەسێکی تر نەبوو بتوانێ لەگەڵ ئەو چینە بەربەرەکانی بکات. لە نۆروێژ و ئاڵمان  بەو جۆرە کەسانە دەگوترێ بورگەر. بەڵام لە ئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵناسی دا زۆرتر ئەو چینە بە بۆرژوازی ناودەبرێ. بۆرژواکان لەو شارانەدا کەسانی خاوەن کولتوور و فەرهەنگ  بوون، خاوەن جێگاو ڕێگاو کاروکاسبی خۆیان بوون. هەر بۆیە تێدەکۆشان ئیدارەو بەرێوەبردنی کاروباری شارەکانی خۆیان بەدەستەوە بگرن. دیارە حکومەتێکئ ناوەندی هێندە بەهیزیش نەبوو کە لەشکر بنێرێتە سەریان و  بە زەبری زەبروزەنگ سەرکوتیان بکات.

ئیتر ئەو شارە ئازادانە بوونە ناوەندی لێکۆڵینەوە لە  ئازادی و دێموکراسی  و دەستەڵاتی سیاسی و چۆنیەتی حکومەت و سیستەمی سیاسی. دەبێ بگوترێ کە ئەو کولتوورە سیاسیە، ئەو فەرهەنگە لە یۆنان و ڕۆمەوە بە میرات مابووەوە. بۆیەکەم جار لەو شارانەدا لە قەڕنەکانی سێزدە و چواەدەهەمی پآش زایییندا ،کەسانی بیرمەندی گەورە هەڵدەکەون کە لە پێوەندی دەگەڵ ئازادی و دێموکراسی و لیىرالیزم دا دەست دەکەن بە نوسین و لێکۆڵینەوە. باناوبانگترینی ئەو بیرمەندانە کە لە چاخەکانی نێوەڕاست دا هاتنە نێو مەیدانی ئەو لێکۆڵینەوانە،کەسێک بوو بەناوی  مارسلۆس کە خەڵکی  پادوا،یەکێک لە شارە ئازادەکانی ئیتالیا بوو.  ئەو لە شەڕ و ململانێی نێوان پاپ و ئیمپڕاتۆردا لایەنگری لە ئیمپڕاتۆڕ کرد. ناوبراو بەرگری لە حکومەتێک دەکرد کە حکومەتێکی خەڵکی بێ و لە ژێر نفوز و شوێنەواری کلیسا دا نەبێت. ئیدی لێرەڕا سەردەمی گەشەو  پەرەسەندنی  بەرچاوی  بیرۆکەی ئازادی و دێموکراسی و لیبڕالیزم دەست پێدەکات.

دیسانیش ڕۆم

بەجێیە جارێکی دیکەش بگەرێینەوە سەر ڕۆم و باسی ڕوانگەی حقوقی ڕۆم و بایەخ و گرنگی ئەو یاسایە  لە پێوەندی دەگەڵ  گەشەی دێموکراسی و لیىڕالیزم دا بکەین. ڕۆمیەکان خاوەنی نەزم و تەنزیماتێکی بەهێز و میراتگری بیرو ئەندێشەی یۆنان بوون. سەرەڕای ئەوەش ئاشنایەتیان دەگەڵ فەلسەفەو ئایینەکانی ڕۆژهەڵات  بەتایبەتی دەگەڵ زەردەشتیزم هەبوو. خەڵکێکی بە فەرهەنگ بوون. چینی دەستەڵاتداری ڕۆم  لێوەشاوە و  بە ئەزموون بوون. ئەوان بۆخۆیان گەیشتبوونە ئەو قەناعەتە کە بەوەبگەن  کە ئێستاکە  ئەو هەموو خەڵکە لەژێر  فەرمانڕەوایەتی ئەوان دان و  خاوەنی حەقیشن، حکومەتکردن بەسەر ئەواندا پێویستی بە رێوشوێن و یاساو رێسای تایبەت بەخۆی هەیە. ناکرێ کەسێک لە سەرەوەڕا دەستووران بدا و بۆخۆی ببیتە قانوون و فەرمانان دەربکات و ئەگەر ئەویش ڕۆیشت کەسێکی دیکە بێتە جێگای ئەو و هەرچی ئەوکردوویەتی یان گوتوویەتی لەبنی بچێتەدەر یا  هەڵی وەشینێتەوە. ئاخر ڕۆمیەکانیش سەردەمی تیرانی و سەرەڕۆیی خۆیانیان تاقی کردبۆووە. لەو جۆرە بیرۆکانە و لەوەی کە هەستیان بەوکردبوو کە دەبێ ئیمپڕاتۆڕیەکەیان بپارێزن و ڕەزامەندی خەڵک وەدەست بێنن، بابەتی حکوموتی قانوون هاتە کایەوە. وەک پێشتر باسمان کرد یانی ئەوە کە خەڵک هەموو لەبەرامبەر قانووندا وەک یەک بن. هەر بۆیە ڕایان گەیاند کە   شارۆمەندانی ڕۆم  لەبەرامبەر یاسادا وەک یەک و بەرانبەرن.

 دەبێ بگوترێ کە بەرانبەر بوون لەبەرامبەر قانووندا جیاوازی هەیە لەگەڵ بەرانبەری و یەکسانی. یەکسانی و بەرانبەری گشتی ترە. بەڵام هەر ئەوە کە کۆمەڵگایەک و سیستەمێکی سیاسی دەگاتە  ئەو پلەیە لە پێشکەوتن کە  ئەوە بەڕەسمی بناسێ کەهەموو دانیشتوان و هاووڵاتیان لەسەرەوە تا خوارەوە لەبەرانبەر قانووندا بەرانبەرن ، بۆخۆی پەرەسەندن و پێشکەوتنیکی زۆرە. شایانی باسە کە لە قانوونی ڕۆم و تێگەیشتنی ڕۆمیەکان لە بەرانبەریی لە بەرامبەر قانووندا، چینی دەستەڵاتداری ڕۆم ئیستیسنا بوو. واتە ئەو یاسایە چینی دەستەڵاتدار و فەرمان ڕەوای نەدەگرتەوە. ئەوەش خاڵی هەرە لاوازی ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم بوو. هەر ئەوەش بوو کە سەرەنجام بووبەهۆی شکانی دێموکڕاسی ڕۆم و جێگیربوونی  دەستەڵاتداریەتی سەرەڕۆیانەی ئیمپڕاتۆڕی. بەوحاڵەش هەرئەوە کە لە ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم دا، نەک بۆ چینی دەستەڵاتدار، بەڵام  مافی خەڵک بۆ بەرانبەری لەبەرامبەر قانوون دا بەرەسمی  ناسرابوو، دەکرێ بە پێشکەوتنێکی بەرچاو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەقەڵەم بدرێ.

دەبێ بگوترێ کە بناخەی هەموو ئەو جۆرە ئەندێشەو بیروبۆچوونانە  بریتی بوو لە مافی خاوەنداریەتی. ڕۆمیەکان ماف و حەقیان لە خاوەنداریەتیەوە دەست پێدەکرد و هەر لە خاوەنداریەتیش دا  کورتیان دەکردەوە. بەوحاڵەش لە دێموکراسی ڕۆمی دا تاڕادەیەک جێگا بۆ بەشداریی خەڵک هەبوو. خەڵکانی خاوەن کاروکاسبی و سەروەت و مڵک وماڵ تاڕادەیەک لە کاروباری حکومی دا بەشداریان دەکرد. لە ڕۆم دا دەستەڵاتی حکومەت دابەش کرابوو. هەر سێ دەستەڵاتی  دادگەری، قانوون دانان و  ئیجرائی بە شێوەی سەربەخۆ لەیەکتر کاریان دەکرد. کاربەدەستانی حکومەت بۆ ماوەیەکی دیاری کراو هەڵدەبژێردران.  هەندێک ڕێوشوێنیان بۆ پێشگیری کردن لە دیکتاتۆری دانابوون  کە نەیان توانی کاریگەربن. مەسەلەی ئەسڵی لێرەدا ئەوەبوو کە خاوەنداریەتی  جێگای ڕێزە و دەبێ بپارێزرێ. لەلای ڕۆمیەکان جگەلە بنەماکانی فەلسەفەی ڕەواقیگەری، ئەوە خاوەنداریەتی بوو کە حەق  و مافی دەگەڵ خۆی دەهێنا. لەوەش زیاتر دەستەڵاتی سیاسیش هەر لە خاوەنداریەتیەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەو جۆرە ڕوانگەیە بۆ خاوەنداریەتی گەیشتە جێگایەک کە ئەوان وتیان چوونکە مافی خاوەنداریەتی دەکرێ  لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوێزرێتەوە، خەڵک مافی ئەوایان هەیە کە خۆیان بکەنە کۆیلەی کەسانی دیکە. واتە ئازادی خۆیان بدەنە کەسانی دیکە. دیارە ئەو کارەش دەکرا.

دەبێ بگوترێ کە ئەو تەعبیرە لە  مافی خاوەنداریەتی  زێدەڕۆییەکی گەورە بوو. بەڵام ئەوە دەورانی منداڵیی بیری سیاسی مرۆڤ بوو. لە قۆناخی منداڵی دا ئەو جۆرە شتانە روودەدەن. ئاخر کۆماڵگا ئینسانیەکان هەنگاو بەهەنگاو  هاتوونەتە پێش تا گەیشتوونەتە ئەو ڕادەیە لە پێشکەوتن کە ئێستا دەیبینین . هەندێک لەوکۆمەڵگایانە ئێستاشی دەگەڵ بێ هەر نە چوونەتە پێش. ئێشتاش پێوەندیەکی زۆر نزیک لە نیوان دێموکراسی و مافی خاوەنداریەتی دا هەیە. بەبێ ڕێزدانان بۆ مافی خاوەنداریەتی هیچ دێموکراسیەک کارناکا.

دابەشبوونی ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم

لە سەدەی چوارەمی زایینیدا، کونستانتین، ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم، هەستی بەو مەترسیانە کردبوو کە لەسەرئیدارەکردنی ئیمپڕاتۆریەکی گەورەوە و بەرینی وەک ئیمپڕاتۆری رۆم هە بوون. بۆ کەم کردنەوەی ئەو مەترسیانە، بەتایبەت ئەو مەترسیانەی لەلایەن  ئیمپڕاتۆڕی ساسانیەوە ،لە لای ڕۆژهەڵاتەوە  سنورەکانی  ڕۆمی دەخستە بەر هەڕەشەوە، ناوبراو بڕیاری دا پێتەختی ئیمپڕاتۆڕیی ڕۆم بۆ  بیزانس  نزیکی شاری تڕۆیای کۆن، لە ئاسیای بچووک بگوێزێتەوە. بەوجۆرە کونستانتنیۆڵ واتە ئەستامبووڵی ئەمڕۆی بنیاتنا. بەهۆی پێدانی ئیمتیازاتی زۆر زۆربەی کارمەندو سەناتۆڕ و کاربەدەستانی دەوڵەتی  بۆ ئەوێ گواستنەوە. بەو جۆرە ناوەندی سیاسی و ئیداری ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم بۆ ڕۆژهەڵات گوێزرایەوە. دواتر ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم بوو بە دووبەش.  ئیمپڕاتۆڕی بیزانس لە ڕۆژهەڵات و ئیمپڕاتۆڕی ڕۆژئاوایی. هەرکام لەوان چارەنووسی تایبەت بە خۆیان پەیدا کرد. لە قەڕنی  پێنجەمی زایینیدا  ئیمپڕاتۆری ڕۆژئاوا لەبەین چوو بەڵام ئیمپڕاتۆڕی بیزانس لە ڕۆژهەڵات تا  سەرەتاکانی چەرخی پازدەهەمی زایینی دەوامی کێشا.

شایانی باسە  لەکاتی گواستنەوەی پێتەختی ئیمپڕاتۆڕی دا کۆنسانتین واتە ئیمپڕاتۆر پاپی هەر لەڕۆم بە جێهێشت و  نەی برد بۆ پێتەختی تازە. بەو جۆرە  ئەو دامودەزگایەی پاپ کە لەماوەی چوارسەد ساڵدا هێزو دەستەڵات و هەیبەت و تەشکیلاتی بۆخۆی پەیدا کردبوو، بە دەست لێنەدراوی  هەر لە ڕۆم مایەوە. لەوەش زیاتر تاڕادەیەکی زۆر لە ژێر سێبەری دەستەڵاتی ئیمپڕاتۆڕیش هاتەدەر و ئازادی زۆرتری وەدەست هێنا. واتیکان هەر ئەودەم خاوەنی زەوی و ماڵک و  ماڵ وسەروەت و سامانێکی زۆر بوو. لەبەر ئەوەی وەک باسمان کرد یاساکانی ڕۆم تەنانەت دوای ئیمپڕاتۆریش هەر لە جێگای خۆیان بوون، لەوسەرمیشدا کاریان پێدەکرا. ئەو زەوی و  زار و مڵک و ماڵ و سەروەت و سامانە هەرلە بندەستی کڵێسادا مایەوە. بەو جۆرە کڵێسا بی ئەوەی هیچ هەڕەشەیەکی  لەسەر بێ کە ئەو مڵک وماڵەی لێ دەستێنرێتەوە، رۆژ بەرؤژ توانی پەرە بە دەستەڵاتی خۆی  بدات.  کار گەیشتە جێگایەک کە لەسەدەکانی پازدە و شازدەهەمی پاش زاییندا، کڵێسا خاوەنی ڕادەیەکی بەرچاو لە ئورروپای ڕۆژئاوا بوو.

سەرەتای لێک جیابوونەوەی دین و دەوڵەت

بەمجۆرە ئەو لێک جابوونەوەی دین و دەوڵەت لەباری فیزیکیەوە، بایەخیکی گەورەی لە مێژووی مرۆڤایەتی دا هەیە.  هەر لە بنەڕەتڕا مەسیحیەت ئایینی حکومەت نیەو بە ئاینی جیایی دین و حکومەت دادەنرێ. حەزرەتی عیسا دەڵێ: ئەوەی بەشی خوایە بیدە بە خوا و ئەوەش کە بەشی سزارە بیدە بە سزار. مەبەست لە سزار بریتیە لە دەستەڵاتی سیاسی و حکومەت کە دەستەڵاتێکی دونیاییە. لێرەدایە کە دەبینین ئیسلام بە تەواوی لە مەسیحیەت جیاوازە. هەر بۆیەشە پێکهینانی ڕێفۆڕم لە ئیسلام دا لەگەڵ کەندوکۆسپی زۆر بەرەوڕوویە.  لەسەرەتای مەسیحیەتدا دەوڵەت دەستی لەکارووبەری دین وەردەدا. پاپ و قەشەکان هەموویان لە ژێر دەستەڵاتی ئیمپڕاتۆڕ دابوون. ئیمپڕاتۆڕ هەرکارێکی ویستبای دەیتوانی بیکات. ئەو جودابوونەوە فیزیکیەی  نێوان پاپ و ئیمپڕاتۆر کە باسمان کرد بەرەبەرە بووە هۆی  جیابوونەوەیەکی پڕماناتر لە نیوان ئەواندا.  لە رۆمدا ناوەندێکی بەرهەڵستی و مقاوەمەت  لە واتیکان دا پێکهات. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە کڵێسای کاتۆلیک سەربەخۆیی خۆی مسۆگەر بکات. ئاخر لە ڕاستیدا پاپ بە مانەوەی لە ڕۆم لە ئیمپڕاتۆڕی ڕۆژئاوادا، بووبە جێنشینی ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم. بەتایبەت پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم لە ڕۆژئاوا . تەنانەت تیرەو تایفە ژێرمەنیە جۆراوجۆرەکانیش ڕێزو ئیحتڕامی پاپیان دەگرت. تەنانەت رێوەڕەسمی تاجگوزاری شاڕلمانی لەلایەن پاپەوە بەرێوە چوو. هەموو پاشاکان مەشڕوعیەتی خۆیان لە پاپ وەردەگرت. بەو جۆرە لە ئاکامی ئەو جیابوونەوە فیزیکیەی نێوان پاپ و ئیمپڕاتۆڕدا، جیابوونەوە لە نێوانیاندا زۆرتر بوو. تا دەستەڵات و نفوزی  پاشاکان و ئیمپڕاتۆرەکان بەرەوکەمی دەچوو، دەستەڵات و نفوزی پاپ زۆرتر دەبوو. بەرەبەرە بە درێژایی چاخەکانی نێوەڕاست، لە قەڕنی شازدەوە دەبینین کە تادێ دەستەڵاتی پاپەکان بەرەو زۆری دەچێ.

وەک باسمان کرد ئیمپڕاتۆڕی ئوورووپای ڕۆژئاوا سەرەنجام  لەتلەت و دابەش دابەش بوو و ئیمپڕاتۆڕی موقەدەسی رۆمی- ژێرمەنی بێجگە لە ناوێکی بێ نێوەرۆک هیچیدیکەی لێنەمابۆوە. لەئاکامدا لە ئورووپادا ژمارەیەکی زۆر پاشایەتی، ئەمیرنشین، دۆکنشین و پرینس نشین درووست بوون. هەموو ئەوانە مەشروعیەتی خۆیان لەپاپ وەردەگرت.بەڵام سەربەخۆ بوون و کاروباری خۆیانیان بەرێوەدەبرد. بەو جۆرە ململانێ و کێشەیەکی بەردەوام ،لە پێشدا لە نێوان پاپ و ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمی شەرقی و دواتر لە نێوان پاپ و دەستەڵایی دونیایی دا، لە ئوورووپای ڕۆژئاوادا، هاتە کایەوە. ئەوەش بە نۆرەی خۆی لە قازانجی ئازادی و دێموکراسی ولیبڕالیزم دابوو. چوونکە دێموکراسی و لیبڕالیزم دەیانتوانی لە ململانێ و کێشەی نێوان پاپ و دەستەڵاتی سیاسی و ئیمپڕاتۆر و پاشاکان، بەقازانجی خۆیان کەڵک وەرگرن. کێشەی نێوان دەوڵەت و کڵێسا، دین و حکومەت، پادشاو فیئۆداڵەکان، کێشەی نێوان بۆرژوازی و ئەشرافییەت و  پادشایەتی، کێشەی نێوان کلێسا و دەستەڵاتی دونیایی، لە قازانج و بەرژەوەندی ئازادی و دێموکراسی و لیبڕالیزم دا بوو.

وەک باسمان کرد شارە ئازادەکان کە ژمارەیان دەگەیشتە پێنجسەد شار، بەرە بەرە توانیان ئازادی خۆیان وەدەست بێنن و ئیختیاری بەرێوەبردنی کاروباری خۆیان بەدەستەوە بگرن. پاپەکانیش کاریان ئەوەبوو کە پادشاو ئەمیرەکان بەگژ یەکتری داکەن. لەو دەورەیەدا سیاسەتێکی ئاڵۆز سەرتاسەری ئورووپای داگرتبوو. هەر بۆیەش  دەبینین لەو سەردەمەدا دیپلۆماسی لە ئوورووپادا گەشەیەکی بەرچاو دەکات.

دەبێ بگوترێ کە ئەو شارە ئازادانە کەم کەم توانیان خۆیان لەژێر نفوز و فەرمانڕەوایەتی هەردووک دەستەڵاتی مەزهەبی و حکومەتی ڕزگارکەن. بەو جۆرە دەبینین کە گەشەی بیرۆکەی سیاسی ناتوانێ لە واقعیەتە کۆمەڵایەتی و فاکتۆرە ئابووریە مادیەکان سەربەخۆ بێت.

چاخەکانی نێوەڕاست

چاخەکانی نێوەڕاست ئەگەر لەلایەک بە سەردەمێکی تاریک وڕەش دادەنرێن، لەلایەکی دیکەوە  بە دەورانی داهێنانی گەورە لە قەڵەم دەدرێن. بەتایبەت لەبارەی تکنیکیەوە. لە سەدەی چواردەهەمی زایینیدا نیمچە شۆڕشێکی کشتووکاڵی لە ئوورووپادا ڕووی دا و بووە هۆی زۆر بوونی بەرووبوومی کشتوکاڵی . هەر لەوسەردەمەدا ئورووپاییەکان لەگەڵ سیستەمێکی تازەی ماتماتیکی یانی  سیستەمی ژمارە هیندیەکان ئاشنابوون کە لە رێگای زمانی عەرەبیەوە گەیشتبووە دەستیان. تا ئەودەم ئورووپاییەکان  کەڵکیان لە ژمارە ڕۆمیەکان وەردەگرت. دەزانین کە ژمارە رۆمیەکان بریتین لە ئەلف و بێ. I.II.III.IV.V و کە دەگاتە ژمارەی دەبێتە X و ئیتر بەوجۆرە تا دەگاتە سەد کە بریتیە لە M. کاروباری ژمێریاری و حساب کردن بە ژمارە رۆمیەکان زۆر سەخت و دژواربوو. هەر بۆیە تا سەدەی شازدەهەم کە ژمارە هنیدیەکان جێی ژمارە ڕۆمیەکانیان گرتەوە، بنەماڵە دەوڵەمەندەکان منداڵەکانی خۆیانیان دەناردنە فلۆرانس تا لەوێ فێری ژمێریاری و حیساب بن. بەرە بەرە لە چەرخی چواردەهەم دا سیستەمی عەدەدی ئەعشاری واتە دەیان کە بە سفر دەست پێدەکات تا ٩، بووبە سیستەمێکی باو.

 پاش داهێنانی خوا  داهێنانی سفر بە گەورەترین داهینانی ئەبستراکتی ئینسان لە قەڵەم دەدرێ. ئاخر سفر هەم  هیچەو هەم ژیان بە هەموو ژمارەکانی  دیکە دەبەخشێ. سفر بۆخۆی هیچە بەڵام کە دەکەوێتە لای ڕاست یاچەپی هەرژمارەیەک دەتوانێ نرخی ئەو ژمارەیە تا دەبەرانبەر و سەدبەرانبەر و هەزار بەرانبەر و  ملیۆن بەرانبەر و ملیارد ملیارد بەرانبەر گەورە یا بچووک بکاتەوە.

ئەو سیستەمە کاری حیساب داری و ئاڵوێر و بازرگانی زۆر ئاسان و خێرا کرد. لەوەش زیاتر کەوتە خزمەتی ریازیات و فیزیک و بازرگانی و ئابووری. هەر لەودەورەیەدا سیستەمی حیسابداری دۆبڵ داهێنرا.  سیستەمی دۆبڵ بەجۆرێکە کە ڕێگامان دەدات هەمیشە ئاگامان لە سەرجەمی وەزعی ماڵی مەوجود بێت. ئەو پێشکەوتنانە، شۆڕشی کشتوکاڵی، ئاشنایی دەگەڵ ژمارە عەرەبیەکان و حسابی دۆبڵ بووە هۆی گەشەیەکی ئابووری گەورە لە ئورروپادا. کە ئیدی لەودەمەوە بەهەنگاوی گەورە ئورروپای لەچاو ناوچەکانی دیکەی دونیا،  بەرەو پێشەوە بردوە.

ئەو پێشکەوتنانە لە ئورووپادا بوونە هۆی سەرهەڵدانی گەلێک شار کە بەڕاستی بە شار دابنرێن. نەک  تەنیا جێگایەک بۆ کۆبوونەوەی خەڵکێکی زۆر. لەو شارانەدا بوو کە بۆرژواکان پەیدابوون و گەشەیان کرد. دەگوترێ بێ بۆرژوازی دێموکراسی نیە و دێموکراسی تەنیا بە هەبوونی چینی نێوەڕاستەوە ئیمکانی  مانەوە و چوونەپێشی هەیە. ئاخر چینی نێوەڕاست لایەنگر و پارێزەری دێموکراسیە.

بەو جۆرە  ئەگەربیرۆکەی لیبڕالیزم و ئازادی و دێموکراسی لە ئوورووپادا گەشەیان کردوە، بەشێکی زۆری بۆ لەگۆڕێدابوونی سیستەمی حقوقی رۆم دەگەرێتەوە. بەرانبەری شارۆمەندان لەبەرامبەر قانووندا، بۆخۆی بە توخمێکی گرنگی بیرۆکەی دێموکراسی و لیبڕاڵ دادەنرێ.  ئەو سیستەمە قانوونیە بەهۆی پێداگرتنی لەسەر مافی خاوەنداریەتی، توانیویەتی سەقامگیریەکی بێوێنە  بە ئوورووپا ببەخشێ کە ئێستاشی دەگەڵ بێ خەڵکی ناوچەکانی دیکەی دوونیا نەیانتوانیوە پێی بگەن. بەتایبەت لە ئاسیا و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەرکەس بەهێز و دەستەڵات بووە، توانیویەتی ئەوانی دیکە لەبەین بەری و ماڵ و مڵکیان لەسەر خۆی تاپۆبکات. ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە قەت  پەرەسەندنی سیاسی و ئابووری و سەقامگیریی پێویست درووست نەبێت.

کەواتە لەگۆڕێدابوونی سیستەمێکی یاسایی کە حەقی ئینسان بەڕەسمی بناسێ، هەبوونی حکومەتێک کە بەرپرسایەتی جێبەجێکردنی ئەو قانوونە وەئەستۆی خۆی بگرێ و دەستدرێژی نەکاتە سەر سەروماڵی خەڵک، دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگای ئینسانی بگاتە پلەیەکی باش لە کارایی. ئەمەش سیستەم و نەزم و رێک و پێکی دینێتە کایە.  جا ئەگەر لەئاکام دا حکومەتێکی باشیش درووست نەبێ، هەر ئەوە کە حکومەت بەرگری لە مافی خاوەنداریەتی خەڵک بکاو هەموو خەڵک لەبەرانبەر قانووندا وەک یەک سەیر بکا، تەنانەت ئەگەر تارادەیەک سەرەڕۆ و گەندەڵیش بێ،هێشتاهەر باشترە لەوەی کە حکومەت سەرەڕۆبێ و بۆخۆی  دەست لەسەروماڵی هاووڵاتیان نەپارێزێ.

گەشەی هەرچی زۆرتری بیرۆکەی دێموکراسی و لیىبراڵ

بەوجۆرە لە ئاکامی ئەم پێشکەوتنە ئابووری و بازرگانیەدا، لە ئاکامی لەگۆڕیدابوونی سیستەمی حقوقی ڕۆم دا و لە ئاکامی سەرهەڵدانی چینی بۆرژوازی دا، هەلومەرجێکی باش بۆ گەشەی بیرۆکەی دێموکراسی و لیبڕالیزم هاتە کایەوە. ئەو گۆڕانکاریانە بەتایبەتی لە هولەند و ئینگلیس دا زۆر بەرچاو بوون. لە ئینگلیس هەروەک هەموو ئورووپا نیزامئ فیئۆداڵی زاڵ بوو. بەڵام فیئۆداڵەکانی ئەوێ لەگەڵ  فیئۆداڵەکانی باقی ناوچەکانی دیکەی ئورووپا جیاوازیان هەبوو. ئەوان لەنزیکەوە ئاگاداری کارووباری ڕەعیەتەکانیان بوون و لەسەر زەوی وزاری خۆیان کاریان دەکرد. بەهۆی لاوازبوونی دەستەڵاتی دەوڵەتیی پاشایەتی ئینگلیس، لە ئاکامی شەڕ دەگەڵ فەرانسەدا لەسەر نۆرماندی و برتانی، ئەوان توانیان ئیمتیازات لە جان شای ئەودەمی ئینگلیس کە پێی دەگوترا جانی بێ زەوی وزار وەرگرن. بەوجۆرە بۆیەم جار لە دونیادا بەپێی بەڵگەنامەیەکی ڕەسمی  توانیان دەستەڵاتی پادشا سنووردار بکەن. ئەو بەڵگەنامەیە  واژۆکرا و پاشان جێبەشکرا و  دواتریش سەرلەنوێ ماوەکەی درێژکرایەوە و دواتریش بەند و ماددەی دیکەی پێوەزیادکران و ئیدی بوو بە دەستوور یا قانوونی ئەساسیی نەنوسراوی ئینگلیس.

لە ئاکامی ئەو سەرکەوتنەدا، ئەشرافی ئینگلیس ئیمتیازێکی ساسیان وەدەستهێنا، کە ئەشڕافی وڵاتانی دیکە نەیان بوو. لەلایەکی دیکەشەوە چوونکە لەسەر زەمینەکانیان کاریان دەکرد، بوون بە هۆکارێکی گەورە و کاریگەریش بۆ برنەپێشی شێوەی بەرهەمهێنان. ئەو شۆڕشە کشتوکاڵیەی باسمان کرد، زۆرتر لە ئاکامی ئەو وەزعەدا لە ئینگلیس هاتەکایەوە. بەڵام ئەشرافی ئینگلیس پاش ئەو پێشکەوتنە تکنیکیە لەگەڵ گیروگرفتی زۆربوونی حەشیمەت بەرەوڕو بوون. ئەوان بۆ کارکردن لەسەر زەویەکانیان پێویستیان بە ژمارەیەکی کەم لە دێنشینەکان هەبوو. هەربۆیە کەوتنە خۆ تا بەشێوەیەکی زۆر نائینسانی دێنشینەکان لەسەر زەویەکانیان ڕاونێن و زەویە زیادیەکان بکەنە مەرتەع . لەئاکام دا ئاژەڵداری زۆر پەرەی ئەستاند و جوتیارەکانیش بەرەوشارەکان کۆچیان کردو لەوێ  لە کارگەکانی ڕستن و چنین دا ،کە زۆر سەرەتایی بوون،  بوون بە کرێکار. بەوجۆرە پیشەسازی و سەنعەتی ڕستن و چنین لە ئینگلیس دا  سەری هەڵدا. دواتر جیمس وات ماشێنی بوخاری داهێناو لە ئاکامدا دەزگاو ماشێنەکانی ڕستن و چنین بوونە خودکار وجێگای هێزی بازوویان گرتەوە. لێرەوە شۆڕشی پیشەسازی سەریهەڵدا.

بەو جۆرە دەبینین کە  سەرمایەداری لەئینگلیس دا زووتر لەوڵاتانی دیکەی ئورووپا دەستپێدەکا. لە هۆلەند سەرمایەداری لە سەربناخەی بەرهەمهێنانەوە گەشەی نەکرد. لەوێ بازرگانی ماتۆڕی پێشکەوتن و پەرەسەندنی ئابووری بوو. هۆلندیەکان ناوگانێکی گەورەیان لە کەشتی بازرگانی بۆخۆیان سازکرد و دەستیان کرد بە ئاڵووێر و بازرگانی و کڕین و فرۆش لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات. لەئاکامدا سامانێکی زۆر لە شارەکانی هۆڵەندا کەڵەکەبوو. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە بۆرژواکانی هۆڵەند نفوز و دەستەڵاتێکی زۆر پەیداکەن. هەر بۆیە توانیان لە شەڕێکی ڕزگاریخوازانەی دژی ئیسپانیادا، سەربەخۆیی خۆیان  وەدەستبێنن.

ڕێفۆڕمی مەزهەبی

واباشە جارێکی دیکەش بگەڕێینەوە سەر بزووتنەوەی ڕێفۆرمی مەزهەبی.

لە باسەکانی پێشتردا وتمان کە بیرۆکەی لیبڕاڵ واتە حەقی حاکمیەتی خەڵک بەسەر چارەنوسی خۆیاندا، لەو شارە ئازادانەدا سەری هەڵدا و بڵاو بۆوە کە بەرەبەرە لە ئورووپادا درووست بوون. ئاخر لەو شارانەدا بوو کە زەمینەی ماددی بۆ گەشەی ئەو بیرۆکەیە پێکهات. لەلایەک هێزێکی گەورەی بۆرژوازی یا چینی نێوەنجی پێگەیبوو کە دەیەویست ئەو بیرۆکەیە بەرێتە پێشێ. لەلایەکی دیکەشەوە  بۆرژوازی بۆ بەربەرەکانی و مقاوەمەت بەرانبەر پادشاکان، ئەمیر و دوک وفیئۆداڵەکان، پێویستی بەو بیرو ئەندێشە یە بوو.

وردەوردە پێ دەنێینە نێو سەدەی شازدەهەم کە بەسەدەیەکی گرنگ دادەنرێ. ڕێنساس لە سەرتاسەری ئورووپادا لەسەدەی پازدەهەمەوە دەستی پێکرد. بەڵام رێنسانس بەبێ ڕێفۆڕمی مەزهەبی ناتەواو دەبوو. مەبەست لە ڕێنساس بریتیە  لە گەڕانەوە بۆ فەرهەنگ و کولتوور و فکر و فەلسەفەی یۆنانی  سەردەمی ئەنتیک. ئورووپاییەکان پاش ئەوەی ئاشنایەتیان دەگەڵ کولتووری ئیسلامی پەیداکرد، لە رێگای خوێندنەوەی سەرچاوە عەرەبیەکانەوە دەگەڵ فەرهەنگ و کولتوری یۆنانیش ئاشنا بوون.  زمانی زانستی ئورروپا  ئەودەم زمانی لاتینی بوو. ئورووپاییەکان دەستیان کرد بە فێربوونی لاتینی و یۆنانی و سەرچاوە عەربیەکانیان بۆ سەر زمانی لاتینی وەرگێڕان.  کاتێک زمانی یۆنانی فێربوون، بە زمانە ئەسڵیەکە دەستیان کرد بە خووێندنەوەی تێکستە یۆنانیەکان کە دەگەڵ سەرچاوە عەرەبیەکان جیاوازی زۆریان هەبوو. دواتر ئەو سەرچاوە یۆنانیانەیان وەرگێڕانە سەرزمانی لاتینی و بەوجۆرە گەشەسەندنێکی گەورەی کولتووری و فەرهەنگی لە ئورروپای رۆژئاوادا  درووست بوو کە سەرەنجام توانی هیژمۆنی و دەستەڵاتداریەتی کڵێسا تێک بشکێنێ.

کڵێسا لە کێشەو ململانێی هەمیشەیی خۆیدا دەگەڵ دەستەڵاتە دونیاییەکان، واتە دەستەڵاتی پادشاو فیئۆداڵەکاندا، بە هەورازو نشێوی زۆردا تێپەڕیوە. یەکەمین دەستەویەخەبوونی کڵێسا دەگەڵ ئیمپڕاتۆڕ پاش مردنی کونسانتینی ئیمپڕاتۆڕ ڕووی دا. یەکێک لە جێ نشینەکانی کونستانتین بەناوی نئۆدوریوس کە ببوو بە ئیمپڕاتۆڕ، سەرانی  خێلێکی یۆنانی کە بەدژی ئیمپڕاتۆڕی ڕاپەری بوون، بە نیشانەی دۆستایەتی و ئاشتی بۆ میوانی بانگهێشتن کردبووە لای خۆی. کەچی هەمووی ئەوانی لەو میوانیەدا کۆشتن. پاپی ئەوزەمان  بەدژی ئەو کارەی ئیمپڕاتۆڕ ڕاوەستا و نئۆدوریوسی بەکافر لەقەڵەم دا. ئەو کردەوەی پاپ یانی تەکفیری ئیمپڕاتۆڕ زۆر گرنگ بوو. چوونکە ئیمپڕاتۆڕی لەسەر بنەماکانی ئایینی مەسیح دامەزرابوو و ڕەوایی و مەشڕوعیەتی خۆشی هەر لە مەسیحیەت وەردەگرت. هەروەها مەسیحیەت دینی ڕەسمی ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم بوو. ئیمپڕاتۆڕ نامەی بۆ پاپ نووسی و گوتی ئەوە چ قسەیەکە ئەتۆ بەرانبەرمن دەیکەی؟ حەزرەتی داود کە پێغەمبەری خوا بوو کابرایەکی کوشت و دەستیشی بەسەر ژنەکەی داگرت و بە زۆری کردیە ژنی خۆی و هیچ شتێکیش ڕووی نەدا. چ بووە کە ئێستا ئەتۆ بەوجۆرە لەسەر من قەزاوەت دەکەی؟ پاپ لە وەڵام دا پێی گووت کە تۆ لەگوناح کردندا لاسای حەزرەتی داودت کرۆتەوە، بەڵام لە تۆبەو پەشیمانی دا لاسایی ئەوت نەکردۆتەوە.

داستانەکە بەو جۆرەبوو کە  حەزرەتی داود پاش ئەنجامدانی ئەو گوناحە لیباسی سواڵکەرانی دەبەرخۆی کردو چوو لە بەردەرکی کڵێسا ڕاوەستاو داوای لێبوردنی لە خەڵك کرد. ئیتر پاپیش بۆ ماوەیەکی زۆر هەموو رۆژێ دەچووە بەردەکی کاتەدڕاڵ و لەوێ ملی خۆی بە ئاڵقەیەکی ئاسنەوە دەکرد کە کە بە کۆڵەکەیەکەوە بوو و بەملخواری ڕادەوەستا و داوای لەخەڵک دەکرد کە لێی خۆشبن.  هەموو هاوینان لە شاری لیلەهامێر موزەخانەیەکی سەرئاواڵا لە هەوای ئازاددا  رێکدەخرێ. لەوێ هەموو مێژووی چاخەکانی نێوەڕاستی ئورووپا بە زیندووی نیشان دەدرێ. چەند ساڵ لەمەوبەر برای گەورەو تێکۆشەرمان کاک مستەفا هیجری لە نۆروێژ بوو کە مەسەلەکەم بۆباسکرد عەلاقەی نیشاندا سەردانی ئەو موزەخانە سەرئاواڵایەی چاخەکانی نێوەڕاستی ئورووپا بکا. هەمووی بۆ ئێمە سرنج ڕاکێش بوو. بەڵام ئەوە لەهەمووی سرنج راکیش تر بوو کە دیتمان لەبەردەرکی  بینای  کڵێسایەک کۆڵەکەیەک چەقێنراوە و  بە بزمار ئاڵقەیەکی گەورەی پێوە لکێنراوە. ئەو کەسەی لەوێ بوو بۆی باس کردین کە ئەو کۆڵەکە و ئەو ئاڵقەیە چیە. وتی ئەودەم هەرکەس گوناحبار بوایە دەبوایە بێت ملی بەو ئاڵقەیەدا بکاو ڕاوەستی کەخەڵک بێرەدا ڕادەبرن داوای لێبوردنیان لێبکات. ئەو داستانەی سەرەوەی بۆ گێراینەوە و بایەخ و گرنگی ئەو مەسەلەی لە مێژووی مەسیحییەت و ئورووپادا بۆ ڕوون کردینەوە.

ئەو سەرکەوتنەی کڵیسا نفوز و دەستەڵاتی پاپی زۆر بردە سەر. بەو جۆرە پاپەکان لە ململانێی خۆیان دەگەڵ ئیمپڕاتۆڕیی ڕۆمی- ژیرمەنی دا سەرکەوتن. جارێکیان قەیسەریا ئیمپڕاتۆر هێنری چوارەم بە چلەی زستانێ  بە پێخواسی  چووە بەردەرگای کۆشکی پاپ  و سێ ڕۆژان لە کانوسا لە بەفرێدا ڕاوەستا بەڵکو پاپ لەگوناحانی خۆش بێت .

 ئەو ڕووداوانە نفوز و دەستەڵاتی پاپ و کەشیشەکانیان زۆر گەشەپێدا. ئیدی کەشیشەکان دەستیان کرد بە فرۆشتنی بەهەشت. لەبەرانبەر بەخشینی گوناحە کردراو و نەکردراوەکاندا،پوڵ و پارەیان لەخەڵک وەردەگرت. لەوەش زیاتر سەرتاسەری واتیکان ودەزگای کڵێسا نوقمی گەندەڵی و فەساد ببوو. پاپ و قەشەو ئوسقوفەکان لە نازونیعمەت و ژیانێکی  پڕ شکۆی ئەوتۆدا دەژیان، کە تا ئەودەم هیچ پاشا یەک بەخۆیەوەی نەدیتبوو.

ئەو باروودۆخە بووبەهۆی ئەوەی  کە کەشیشێکی  ئاڵمانی بەناوی لۆتەر لە شاری ڤیترینبیرگ بێنێتە سەر ئەوبڕوایەی کە نیشانەی پرسیار بخاتە سەر ئەو وەزعەی پاپ و کڵێسای تێدا دەژیا. بەوجۆرە دەستی کرد بە وەرگێڕانی  ئینجیل بۆسەر زمانی ئاڵمانی. ئەو کارە بۆخۆی شاکارێکی زمانی ئاڵمانیە و بە سەرەتای دەستپێکردنی ئەدەبیاتی ئاڵمانیش دادەنرێ. لە ئاکام دا بۆ خەڵک دەرکەوت کە لە ئینجیلدا هیچ باسێک لەو قسەوباسانە نیە کە کڵیسا و قەشە و پاپەکان بەناوی خوا و مەسیح و دینەوە دەرخواردی خەڵکی دەدەن.

 دەبێ بگوتڕی هەر لەو سەروبەندەدا واتە لە کۆتاییەکانی سەدەی پازدەدا  سەنعەتی چاپیش لەئاڵمان  سەری هەڵدابوو. لۆتەر ڕاگەیەنراوێکی تووندی بەدژی کڵێسا  بە دەرگای کاتەدڕاڵی شاری ڤیترنبێرگەوە هەڵواسی. خەڵک ئەو ڕاگەنراوەیان چاپ دەکردەوەو و سەلەنوێ بڵاویان دەکردەوە. ئەوە بە یەکەمین ڕاگەیەنراوی سیاسی مۆدێرن لە مێژوودا بەحیساب دێت. بەو جۆرە  بزووتنەوەی پرۆتستانتیزم  دەستی پێکرد.

پڕۆتیستانتیزم

 پڕۆتستانتیزم بزووتنەوەیەیەکی ناڕەزایەتی بوو بە دژی  زیادەڕۆییەکانی کڵێسا کە بەناوی مەسیحیەتەوە ئەنجامی دەدان.  بزووتنەوەیەکی مەسیحیی بنیاتگەرا و ڕادیکاڵ بوو. ئەو بزووتنەوەیە دەیەویست پەیرەوانی مەسیحیەت بگەڕێنەوە سەر بنەما و بنچینە سەرەکیەکانی ئایینی مەسیح. لە خۆڕانیە دەبینین کە فرقە و دەستەوتاقمە پرۆتستانیەکان ئەمڕۆ کاری خۆیان گەیاندۆتە کۆمیدیەکی پێکەنین هێنەر. هەندێک لەوان هێندە بنئاژۆن کە نەک تەنیا ئینجیل بەڵکوو دەڵێن  بێجگە لەوەی لە تەورات دا هاتووە شتێکی دیکە قبووڵ ناکەن. هەرچی زانستە سروشتیەکان بەڵگە و دۆکیۆمێنتی زانستی زیاتر سەبارەت بە گەشەی ژیان و پەرەسەندنی گەردوون نیشان دەدەن، ئەوان پتر پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە ئەودونیایە هەر لەو شەش ڕۆژەدا درووست بووە کە لە داستانی خیلقەت لە تەوراتدا باسی لێوەکراوە.

بزووتنەوەی رێفۆڕمی دینی و مەزهەبی دەستبەجێ ڕەنگی سیاسی بەخۆیەوە گرت و بەقازانجی ئازادی و دیموکراسی و لیبڕالیزم تەواوبوو. ئەو پادشایانەی کێشەو ململانێیان دەگەڵ کڵێسا هەبوو،  بوون بەلایەنگر و بەرگریکەری ئەوبزووتنەوەیەو بەناوی بەرگری لە مەسیحییەتی ڕاستەقینە، داوای  جودایی دین و دەوڵەتیان دەکرد.

 بەوجۆرە داخوازی جودایی دین و دەوڵەت بووبە داخوازیەکی خەڵک پەسند و لەبەربەرەکانی دەگەڵ کلێسادا بووبەهێزێکی کاریگەر. ئەوەش بووبەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی مەزهەبی. شەڕێک کە بۆماوەی سەدوپەنجا ساڵ ئورووپای خستە ناو بڵێسەی ئاگری خۆی و کوشت و کۆشتار و ماڵوێرانیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. سەرەنجام لە سەدەی حەڤدەی زایینی دا لە شاری ڤێستالی، وڵاتە ئورووپاییەکان پەیماننامەیەکیان دەگەڵ یەکتر مۆرکرد و بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتننامەیە هەم کۆتاییان بەوشەڕانە هێناو هەم  کۆتاییشیان بە دەستتێوەردانی دین و کڵێسا لەکاروباری حکومی و دەوڵەتی دا هێنا. لێرەدایە کە سەردەمی دەوڵەت-نەتەتەوە مودێرنەکان دەست پێدەکات.

هەموو ئەو وڵاتانەی کە رێککەوتننامەکەیان ئیمزاکردبوو، بەرعۆدەبوون کە ڕێز لە سنوورەکانی یەکتر بگرن. ئەو رێفۆڕمە لەدینی مەسیحیەتدا بە ڕووداوێکی زۆر گرنگ لە مێژووی پەرەسەندنی دێموکراسی و ئازادی و لیىڕالیزم دا لەقەڵەم دەدرێ. چونکە لە ئاکامی ئەو رێفۆڕمەدا، دەستەڵاتداریەتی و هێژمۆنی کڵێسا بەسەر ژیان و کارووباری خەڵکی ئورووپادا کۆتایی هات. هێژمۆنیەک  کە کەندوکۆسپی گەورەی لەسەر ڕێگای پێشکەوتنی سیاسی و تکنیکی و فەرهەنگی خەڵکدا پێکهێنابوو. ئەو رێفۆرمە توانی ئەو چوارچێوە زەینییە  تێکبشکێنی کە خەڵکێ ئورووپا لەباری سیاسی و فەرهەنگیەوە لە نێوی دا دەژیان.

 هەرچەند لۆتەر و کالوین  ئازادیخواز نەبوون، بەڵام پرۆتستانتیسزم کە هەر زوو بەسەرچەندین فیرقەی جۆراوجۆردا دابەش بوو، بوەهۆی گەشەی ئازادبیریی لە ئورووپادا. کەشیشەکان بۆ گەیشتن بە ڕاستیەکان و ڕاستکردنەوەی کەموکووڕیەکان دەستیان کرد بە خوێندنەوەی زانستە تازەکان. بیرۆکەو ئەندێشەی غەیرە مەزهەبی زۆر گەشەی کرد. هەوەڵین وتار و کتێب و لێکۆڵینەوەکان بە دژی مەزهەب و دین و تەنانەت خوداش لەو دەورانەدا نوسراون. بەوجۆرە  دەچینە نێو چەرخی هەژدەهەم و سەردەمی ڕەوشەنگەری واتە ئینلایتنمێت دەست پێدەکات.

سەردەمی نوێ

چاکسازی مەزهەبی، گەشەسەندنی ئابووری لە ئورووپای ڕۆژئاوا، تێکشکانی هێژمۆنی و دەستەڵاتی پاپەکان و زیادبوونی ژمارەی دەوڵەت و شارە ئازادەکان، وەزعی ئورووپایان گۆڕی و لەو ڕکود و بێ ڕەونەقیەیان هێنادەر کە پێشتر لە نێوی دا دەژیا. وەک وتمان چاخەکانی نێوەڕاست ناویان زۆر بەخراپی ڕۆیوە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کەئەو دەورانە دەورانێکی زۆر پڕ داهێنان و ئاڵووگۆڕی چارەنوساز بووە. لەو سەردەمانەدا زۆر پێشکەوتنی بەرچاو هاتنەکایەوە.  ئاکامی ئەو پێشکەوتن و ئاڵوگۆڕانەی کە لەسەدەکانی نێوەڕاستدا هاتنەکایەوە، بریتی بوو لە دەستپێکردنی ئەو قۆناخەی کە لە مێژوودا بە سەردەمی نوێ ناوبانگی دەرکردوە.  بە سەدەی حەڤدەهەم دەگوترێ سەردەمی نوێ و دوای ئەویش دەورانی ڕەوشەنگەری دێ.

 لەو قۆناخەدا بەرەبەرە فەیلەسوف و بیرمەندی گەورەی لیبڕاڵ و ڕەخنەگر دێنە نێو گۆڕەپانەکەوە. لێرەدا زۆر بەکورتی باسی دووکەس لەوان دەکەین کە هەردووکیشیان خەڵکی هۆڵەندن.دەتوانین بڵێین  یەکەمین کۆمەڵگای شارۆمەندی لە هوڵەند سەری هەڵداوە. بۆیەکەم جار لەو وڵاتەدا تاکی ئینسانی لەبەرانبەر قانوون دا وەک کەسێکی خاوەن حەق و حقوقی  سیاسی بە رەسمی ناسرا. هوڵەندیەکان خزمەتێکی زۆری مرۆڤایەتیان کردوە. ئەوان بۆیەکەم جارئەوەیان نیشاندا کەدەکرێ دەوڵەتێکی مۆدێرن لەسەر بناخەی دێمۆکراسی و لیبڕالیزم  بنیات بنرێ و بەرەوپێشیش بچێ.

هەموومان دەزانین کە ئەو وڵاتە لەباری جوگرافیاییەوە زۆر بچوکە. بەڵام لەسایەی ئەو سیستمە فکریە، لەسایەی ئەو ئابووریە سەربەخۆیەدا، کە زۆرتر لەسەر بازرگانی ڕاوەستابوو و لەو چەوساندنەوە دڕندانەیەش بەدوور بوو کە لە بەریتانیا هەبوو، توانی لەباری سیاسی و ئابووریەوە گەشەیەکی بەرچاو بکات.

ئەو دوو بیرمەندە گەورە هوڵەندیانەی دەمانەوێ باسیان بکەین یەکیان ئیسپێنۆزا و ئەویتریشیان  ئاراسموسە کە بە یەکەمین هیومانیستی مۆدێرن دادەنرێ. ئەو بوو ئاڵای دژایەتی و بەربەرەکانی بەرانبەر شەڕی مەزهەبی هەڵگرت و دیفاعی لە ئازادی و ئازدیخوازی و ئازادبیریی کرد. ئەمڕۆ لە زانکۆکانی ئورووپادا، بە نیشانەی رێز لێنان، ناوی لەسەر ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و سکوڵە جۆراجۆرەکان دا دەبینرێ.

دەومین کەس بریتیە لە ئەسپینۆزا. ئەو یەکێک لە گەورەترین    بیرمەند وفەیلەسوفەکانی دونیایە. ناوبراو جولەکەبوو. بنەماڵەکەیان  لە ئیسپانیاوە بۆ هولەند کۆچیان کردبوو. پاش سەرکەتنی کاتۆلیکەکان لە ئیسپانیادا لەسەدەی چاردەهەم دا هەم جولەکەو هەم موسوڵمانەکانیان لە ئیسپانیا وەدەرنان. لە ئاکامدا هەندێک لە یەهودیەکانی ئیسپانا  بەرەو ڕۆژئاوا کۆچیان کرد کە پێیان دەڵێن ئەشکنازی. دەستەیەکی دیکەش لەوان ڕوویان کردە لای ڕۆژ هەڵات کە پێیان دەڵین سەفاردیم. سەیر ئەوەیە هەردووکی ئەو دوو دەستەیە ئێستا لە ئیسڕائیل یەکیان گرتۆتەوە و هەرکامیان حیزبی لێک جیاواز و تایبەت بەخۆیان پێکهێناون و ململانێیەکی زۆریشیان لە نێوان دایە. شایانی باسە کە ئەشکنازیەکان  پێشکەوتوترن.

ئیسپینۆزای ئەشکنازی کە لە بنەماڵەیەکی زۆر مەزهەبی دا هاتبوە سەردونیاو پەروەردە ببوو. سەرەنجام بوە کەسێکی بێ خودا و نا ئاتەئیست. ناوبرا زمانی مەزهەبی ئازاد کرد ولە خودای جیاکردەوە.  یەهودیەکان بەکافریان لەقەڵەم دا. بەڵام ئیسپینۆزا کە لەڕاستیدا بە باوکی سکۆلاریزم دادەنرێ نیشانی دا کە دەکرێ ئینسان دیندار بێ و هیچ نیازیشی بە خودا نە بێت. ئەو زۆرتر پێی لەسەر عەقل و شعوری ئینسان دادەگرت و سەرەنجام گەیشتە ئەو ئاکامەی کە ئەوەی گرنگە ئەسڵە ئەخلاقیەکانن لە دین و دینداری دا. لە ڕاستی دا ئەو توانێ زەینی ئینسان ئازاد بکات.

بەوجۆرە لەو باسەماندا کە لە ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمەوە تا  سەدەی حەڤدەهەمی کێشا بۆمان دەرکەوت کە  ئورووپا پێداویستیە قانوونیەکانی  دامەزراندنی سێستەمێکی دێموکراسی و لێبڕاڵی لە یاساکانی ڕۆمەوە بۆ بە میرات مایەوە، پێداویستیە ماددیەکانی ئەو کارەی لە ئاکامی ئەو پێشکەوتنە ئابووریە گەورەیەدا وەدەستهێنان کە لەسەدەی چواردەهەمی زایینیەوە لەئورووپادا سەری هەڵدا، بناخە فیکری و ئینتلیکتوێڵییە پێویستەکانی ئەو مەسەلەی لە سومعەکان دا لە چەرخی دوازدەهەم دا، بە گەڕانەوە بۆ سەر فکر و فەلسەفەی یۆنانی،  کەم کەم  دەستەبەرکردن. سەرەنجام لە چەرخەکانی شازدە و حەڤدەهەمی زایینیدا، پێداویستیە سیاسیەکانی ئەو کارەشی لە ڕێگای  دابەش دابەش بوونی  ئورووپا  لە نێو دەستەڵاتە جۆراوجۆرەکان  دا کە لە شەڕ دەگەڵ یەکتر دابوون و دەرفەتیان بە خەڵک دا تا  وەجوڵە بکەون، دابین کردن. لە کۆتایی دا   کۆسپە مەزهەبیەکانی  سەر رێگای ئەو مەسەلەی بە پێکهێنانی رێفۆرمی مەزهەبی  لە نێوبردن.

ئێستا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ کە بۆ ئورووپا توانی  لەو ماوەیەدا ئاوا بەو هەموو پێشکەوتنە بگات؟ کەچی دونیای ئیسلام  کە لەسەدەکانی دەهەم تا سێزدەهەمی زایینی دا  ببوە جەمسەرێکی پێشکەوتنی فەرهەنگی ئاوا وەدواکەوت؟ بۆ وەڵام دانەوە بەو پرسیارە دەکرێ زۆر هۆکار بێنینەوە. بەڵام  لێکۆڵەرەوە کان زۆرتر هۆکاری جوغرافی بە فاکتۆری سەرەکی دادەنێن.

جوغرافیای ئورووپا و ئاسیا لێک جیاوازە. دیارە جوغرافیای ئەفریقا لە هی ئاسیاش نالەبارترە. ئورروپا بە سەرزەمینی پرد و چۆم و رووبار وبان و دۆڵ و  کەنارە کان  دادەنرێ.  مەبەست لە دەشتەکان ئەو زەویانەن  کە دەکەونە نێوان شاخە گەورەکان و زۆر پان وبەرینن. ڕووبارەکان لێرە هەموویان بۆ کەشتی ڕانی دەست دەدەن. کێوەکان بۆخۆیان پەناگاو قەڵای سروشتین. کەنار دەریاکان هەموویان بۆ کەشتی ڕانی دەلوێن. لەهەمووی ئەوکەنارانەدا دەکرێ بەندەری گەورە گەورە دروست بکرێن. چ لەباری سیاسیەوە، چ لەباری ئابووری و چ لەباری کشتوکاڵیەوە ئەوانە هەموویان بە ئیمتیاز دادەنرێن.

دەشتەکان پڕ بەرهەمن. بەندەرەکان  ئیمکانێکی گەورە بۆ بازرگانی دەخوڵقێنن. بازرگانیەک کە ئورووپا لەسەدەی سێزدە  تا چواردە ڕا دەستی پێکرد. ئەو شاخ و کێوانە نایەڵن  لەشکرەکان لەوسەر تا ئەوسەری پەلامار بەرن و  هەرچی هاتەسەر رێگایان وێرانی کەن و بەتاڵانی بەرن.  ئەو  لەشکرکێشی و تاڵان وبڕۆیە لە سەرتاسەری مێژووی ڕۆژهەڵات دا بەگشتی و بەتایبەت مێژووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا هەمیشە هەبووە. کوردستان نیشتیمانی کوردان بەردەوام مەیدانی  لەشکرشکێشی و ڕ شەڕ و ململانێی بێگانان بووە. لەسەردەمە کۆنەکاندا،  جاری وابوو هەبوونی تاکتێکیکی باشتر، بەس بووە بۆ سەرکەوتن لەشەڕدا.  لە خۆرانیە کە دەبینین مەغۆلەکان یا عەرەبەکان، کە خاوەنی ئەسپی باش بوون، یا بەرگەی سەختی و تینویەتی و تەپ و تۆز و ساردی و گەرمی زۆریان دەگرت،  یا خاوەنی شمشێری درێژتر بوون، دەیانتوانێ بە ئاسانی پەلامار بەرنە سەر شار و گوندەکانی ئێمەو دارونەدارمان بە تاڵان بەرن.

ئورووپاییەکان لەباری تکنیکەوە پڕ دەسکەوت بوونە، لەلایەکی دیکەشەوە وانەبوو کە هەمیشە لەبەر هەڕەشەی هێرش و پەلاماری بێگانان دابن. هەرچی هەیان بوو یا پەیدایان دەکرد هی خۆیان بوو.  سەرەنجام  لەباری هونەری شەڕ و بەرگریەوە هێندە چوونە پێش کە ئێساتاش کەس ناتوانێ شان لە شانیان بدات.

بەڵام لە ئاسیا و  ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خەڵک لەبەرانبەر هێرش و پەلاماری سوپای  بێگاناندا  هەمیشە بێ پشت و پەنا بوونە. هەر کەس هاتووە  دارونەداری خەڵکی بە تاڵان بردوە. هەر بۆیەشە لە ناوچەکانی ئێمەدا ئێستاش مافی خاوەنداریەتی جێگای خۆی نەگرتووە. هەرکەس دەستەڵات بەدەستەوە دەگرێ، زەوی و زار و  ماڵ و مڵکیش لەسەر خۆی و دەست و پێوەندەکانی  تاپۆ دەکات. لە حاڵەتی ئاوادا هیچ سیستەمێکی قانوونی ناتوانێ سەربگرێ تا ببێتە هۆی رێکوپێکی و نەزم و تەرتیب. چوونکە دەستەڵاتدارەکان زوو زوو گۆڕاون، خاوەنداریەتیش زوو زوو  دەستاو دەستی کردوە.  ئێمە قەت خاوەنی بۆڕۆکراسی یان دیوانسالاریەکی جێکەوتوو نەبووینە. کەچی لە ئورووپادا هەمیشە سیستەمێکی ئیداری لەسەرەوەڕا تا ئاستی دێ لەگۆڕێ دابووە. ئەوەی مێژووی فتوحاتی ئیسلامی لە کوردستانی خوێندبێتەوە دەزانێ عەرەبە موسوڵمانەکان چ کارەساتێکیان لە کوردستاندا خوڵقاندوە و چ جنایەتێکیان ئەنجام داوە. بێجگە لە کوشت و کوشتاری خەڵک، هەرچی وەدەستیشیان کەوتووە بەتاڵانیان بردوە و بەناوی غەنیمەت و خومس ڕەوانەی مەککەو مەدینەیان کردوە. دواتریش لەشکری مەغۆل و پاشان سوپای تورکان و عەجەمان و لەدەورانی تازەش دا ئەرتەش و جەیشی حکومەتە دیکتاتۆرەکان هەر بەوشێوە لە کوشتار و وێران کردن و تاڵانی خەڵکی کوردستان دەستیان نەپاراستووە. ڕوونە لە بارودۆخی ئاوادا هەرگیز سەرمایەی ماددی و ئینسانی و مەعنەوی لەسەر یەک کەڵەکەنابێ و گەشەناکا.

دونیای عەرەبیش هەر بەوجۆرەیە. فەرهەنگی عەرەبی  فەرهەنگێکی خێڵەکی و عەشیرەتیە و مایەیەکی ئەوتۆی بۆ پێشکەوتن تێدانیە. جگەلەوەش ئەو شەڕ و پەلامار و دەستدرێژیانە لای عەرەبەکانیش هەمیشە هەر لەگۆڕێ دابووە.

دەبێ بگوترێ کە ئیمپڕاتۆڕی عوسامی توانی نەزمێکی پێنجسەد ساڵە  لە هەندێ جێگای ڕۆژهەڵاتی نێوەراستدا داسەپێنێ. بەڵام  سیستەمی عوسمانی وەک یەخچاڵێکی گەورەبوو کە کۆمەڵگاکانی ئەوناوچەیەی لە نێوخۆی دا ڕاگرتبوو و نەی دەهێشت بۆ پێشەوە بڕۆن. ئەوەی هەبوو هەر ئەوە بوو. هەموو شتێک هەر دووبارەو دەبووەوە. چوونکە هەرشتێک بۆنی نوێی لێهاتبا، دەستەڵاتداریەتی عوسمانی دەخستە مەترسیەوە و نەیدەتوانی قبووڵی بکات. لە ڕاستی دا ئەوەی پێی دەگوترێ سوڵحی عوسمانی یا دەورانی ئاشتی و ئارامی عوسمانی، شتێک نەبوو بێجگە لە ڕاوەستان و ڕکود و بێرەونەقی  کە بۆماوەی پێنجسەدسال تا کۆتایی چەرخی نۆزدەهەم درێژەی کێشا. دواتر بەرەبەرە شنەبای ئازادبیری و پێشکەوتن لێرەش هەڵی کردو لە ڕێگای  ڕووناکبیرە کوردەکانی  نیشتەجێی ئەستەمبوڵەوە بۆنموونە کەسانی وەک حاجی قادری کۆییەوە کوردستانیشی گرتەوە.

ئێمە قوربانی جوغرافیای خۆمانین. لەو دەورانانەدا کە ئورووپا لەپەنا  کێوەبەرزەکانی و پەناگا سروشتیەکانی دا خەریکی پێشکەوتنی ئابووری و سازکردنی شارەکانی و بەندەرە بازرگانیەکانی بوو و دەیتوانی پێش بەپەلاماری لەشکری بێگانان و پەلاماردەران بگرێ، ئێمە خەڵکی کوردستان پەیتاپەیتا دەکەوتینە بەر پەلاماری لەشکری عەرەب و عەجەم و مەغۆل و تورکان. ئوورووپاییەکان لە لهستان پێشیان بە هێرشی  مەغۆل گرت و لەشکری عوسمانیش هیچ کات نەیتوانی لە مەجارستان بەولاترەوە بچێ. ئەگەر چووبنە پێشیش کاتی بووە و سەرنجام تێکشکاون. بەوجۆرە ئورووپا هەمیشە لە ئارامیدا درێژەی بە پێشکەوتن و کەڵەکەکردنی سەرمایە داوە. ئێستا دەگەینە قەڕنی هەژدەهەم کە لەمێژووی  دونیادا بە قۆناخێکی زۆر گرنگ بە حسێب دێ.

دیسانیش هەر سەبارەت بە چەرخی حەڤدەهەم!

لە باسەکانی پێشووماندا تا دەورووبەری چەرخی هەژدەهەم هاتین و وتمان ئەو چەرخە بە قۆناخێکی گرنگی مێژووی  جیهان دادەنرێ. بەڵام واباشە پێش ئەوەی بچینە نێو چەرخی هەژدەهەم تۆزێکی دیکە لە قەڕنی حەڤدەدا وەمێنن.

سەدەی حەڤدەهەم لەوبارەوە گرنگە کە توانی  لە گرنگترین جێگای دونیادا،واتە لە ئورووپای ڕۆژئاوادا، کۆتایی بە کێشەوململانێی نێوان دەوڵەت و کڵێسا بێنێت. بەوجۆرە دەرگاو پەنجەرەی بەسەر بیرو ئەندێشەی ئینساندا کردەوە. بیری ئینسان لە ژێر هەیمەنەی دین و مەزهەب هاتەدەر. پێشینەی ئەوەش وەک وتمان دەگەڕێتەوە بۆ رێنسانی چەرخی شازدە و رێنسانسی بچووکی چەرخی دوازدەهەم.

دیکارت کە بە باوکی فەلسەفەی مۆدێڕن دەناسرێ لەسەدەی حەڤدەهەم دا ژیاوە. هەروەها هابس، کە فەلسەفەی سیاسی لەدەورانی مۆدێرن دا لەوەوە دەست پێدەکات، هەر لەو چەرخەدا ژیاوە. شایانی باشە کە قەڕنی حەڤدەهەم فەیلەسوفێکی گرنگ و بلیمەتی دیکە پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد کە ڕؤڵێکی زۆر کاریگەری لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دا هەبووە. لێرە دەچینە سەر باسی ئەویش. هەروەها لە قەڕنی حەڤدەدا دوو ڕووداوی زۆر گرنگ ڕوویان دا کە ئەوانیش شووینەواری کاریگەری خۆیان لەسەرمێژووی مرۆڤایەتی بە جێهێشتووە. یەکەمیان بریتیە لە ئیمزاکرانی پەیماننامەی ڤێستاڵی کە لەوێدا بۆیەکەم جار دەستەواژەی دەوڵەت-نەتەوە پێناسکراو ڕەسمیەتی پەیداکرد. بەیاخی ئەو رێککەوتننامەیە لە مێژوودا زۆر گرنگەو تاڕادەیەک بە شتێکی وەک  پەیماننامەی درووست بوونی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوی لێدەکرێ. 

ڕووداوی دووهەم کە هەر لە قەڕنی حەڤدەدا ڕووی دا و بایەخێکی زۆر گرنگی لە مێژوودا هەیە، بریتیە لە شۆڕشی پڕشکۆی ئینگلیس. ئەو شۆڕشە لە ساڵی ١٦٨٨ ی زایینی دا ڕوویدا. لەو ساڵەدا، پاش زەنجیرەیەک لە شەڕی خوێناویی نێوخۆیی لەسەر جێنشینی کورسی پاشایەتی و تاج و تەختی ئینگلیس  و پاش دەستێوەردانێکی زۆری فەرانسە لەکارووباری نێوخۆی ئینگلیس دا،  نیشتیمانپەروەرانی ئینگلیس، داوایان لە ویلیام ئورانژ، کە سەرکردە و فەرماندەیەکی زۆر لێوەشاوەی هۆڵەندی بوو کرد کە مەلیکەی ئینگلیس مارە بکاو ببێتە مێردی. هەندێک هێز و دەستەوتاقمی ڕاپەڕیوی سكۆتلەندی دەیانەویست بە یارمەتی فەرانسە کەسێکی دیکە ،کە ئیدیعای تاج و تەختی پاشایەتی ئینگلیسی دەکرد، لەسەر تەخت دانێن.

ناوبراو ئەو داخوازیەی بەو مەرجەی قبووڵ کرد کە  پاشایەتی هاوبەشی دەگەڵ مەلیکە هەبێت. ئەو مەرجەیان لێ قبووڵ کرد. هات و دەستەو تاقمە ڕاپەریوەکانی تێکشکاندن. دواتر پاڕلەمان قانوونی ئەساسی پەسند کردو لەوێدا پاشایەتی هاوبەشی مەلیکەو ناوبراو پەسندکرا. بەم جۆرە پاشایەتی هاوبەش  پیادەکرا. ئەوە بەیەکەمین سیستەمی پاشایەتی مەشرووتە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا بە حیساب دێت. بە پێێ یاسا هەموو ئیختیار و دەستەڵاتێکی ئیجرایی لە هەردوو پاشا کە پێکەوە پاشایەتیان دەکرد وەرگیرایەوە. بە پێی دەستوور مافی تاکەکان بەرەسمی ناسرا. پاڕلەمان دەستەڵاتێکی زۆری پەیدا کرد و حیزبی سیاسی درووست بوون کە لەودەمەوە تا ئێستا هەروا کاردەکەن و درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.

حەقی ئیلاهی پادشاکان بۆ پاشایەتی

هەر لەو سەردەمەدا، لە چەرخی حەڤدەدا، دیاردەیەکی دیکە لە ئینگلیس و فەرانسەدا، کە بریتی بوو لە قوتابخانەیەکی فەلسەفەی سیاسی، بەناوی حەقی ئیلاهی پاشاکان، هاتە کایەوە. کڵیسا و بیرمەندە مەزهەبیەکان، پاش تێکشکانی کڵێسای کاتولیک و لەدەستدانی پێگەی پێشوی، بیریان لەوە کردەوە کە ناکرێ ونابێ کۆمەڵگای ئینسانی و مرۆڤایەتی  بێ خاوەن و بێ سەرپەرست بێ. جا ئێستا کە پاپ خاوەنی نیە، دەکرێ پادشا خاوەنداریەتی کۆمەڵگای ئینسانی وەئەستۆبگرێ و ببێتە ساحەبی. ئاخر دەبێت مەقام و دەستەڵات و ئۆتۆریتەیەک هەبێ تا رێوشوێنەکان دیاری بکات و نەزم و رێکوپێکی و ئارامی دابین بکات. بەو جۆرە قەشەو ئاخوندەکان تیئورێ حەقی ئیلاهی پادشاکانیان هێنایە پێش. نێوەرۆکی ئەو تیئوریە بریتی بوو لەوە کە پاشاکان لە لایەن خوداوە  حەقیان پێدراوە کە فەرماڕەوایەتی و دەستەڵاتداریەتی بەسەر خەڵکدا بکەن. لوئی چواردەهەم لەفەرانسە یەکێک لەو پادشایانەبوو کە فەرمانڕەوایەتی خۆی بەسەر خەڵکدا، بەحەقی ئیلاهی خۆی دەزانی و هەر ئاواش ڕەفتاری دەکرد.

جیمزی یەکەم کە دواتر کوڕو نەوەکانیشی  داوای پاشایەتیان دەکرد، ڕایگەیاند کە ئەو حەقی ئیلاهی  لەلایەن خواوە بۆ پاشایەتی پێدراوە. لەوەش زیاتر ئەو تیئوریسێنی تیئوری حەقی ئیلاهی پاشایەتی بوو. لە ڕاستی دا شۆڕش و ڕاپەرین و شەڕە نێوخۆییەکانی ئینگلیس هەر لەسەر ئەوەبوو. هەروەها کێشەی نێوان کلێساکانی کاتۆلیک و ئینگلیکینیش هەر لەسەر ئەوەبوو. لەبەر ئەوەی  خەڵکی ئینگلیستان هەرچۆنێک بێ پێشینەو ئەزمونێکی تایبەتیان لە دێموکراسی هەبوو، ملیان بەو ئەوئیدیعایە نەدا. بە هاتنی ویلیام ئورانژ، گۆڕانکاریەکی شۆرشگێرانە بێ شەر و خوێنڕێژی لە ئینگلیستاندا هاتەکایەوە. هەر بۆیەشە بەو شۆڕشە دەڵێن شۆڕشی پڕ شکۆ. ئاخر  هەم ئاکامەکانی زۆر باش و بەخێر بوون ،هەم  بە پێچەوانەی شۆڕشەکانی دیکەی وەک شۆڕشی فەرانسەو شۆڕشی ڕووسیە، تووندووتیژی و خوێنرێژیشی تێدا نەهاتە پێش. بۆیە لەئاکام دا نەزم و سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئیدارەی کارووباری وڵات تێک نەچوو. بە واتایەکی دیکە شۆڕشێکی بنیاتنەر بوو. هەروەها لەلایەن چین و توێژە پێشڕەوەکانی ئینگلیسەوە پشتیوانی لێدەکرا. دەتوانین بەو جۆرە تەماشای سەدەی حەڤدەهەم بکەین کە ئەو جادە و ڕێگایانەی کۆمەڵگای ئینسانیان گەیاندۆتە ئەمڕۆ، لەوێوە ئەندازیاری کراون. هەر بۆیەشە وەک وتمان سەدەی حەڤدەهەم بە سەردەمی نوێ لەقەڵەم دەدەن. ئاخر هەر لەو سەدەیەشدا بوو کە ژمارەیەکی زۆر و بەرچاو لە کۆچبەرانی ئینگلیسی  کۆمەڵ کۆمەڵ ڕوویان کردە ئەمریکاو لەوێ کۆلۆنی و موستعمەرەیان سازکردن. هەر ئەو کۆچبەرانە دواتر لە ئەمریکا لە سەدەی هەژدەهەم دا ئەو شؤڕشە گەورەیان کرد کە پاشان باسی دەکەین.

بەڵام گوتمان کەسایەتی و فەیلەسوفێکی زۆر گەورە هەیە کە لەقەڕنی حەڤدەدا ژیاوە و شوێنەوارێکی زۆری لەسەر فکر و فەلسەفەی سیاسی  و شارستانەتی مرۆڤ داناوە کەناکرێ لێرەدا باسی نەکەین.  ئەو بیرمەندە  بریتیە لە جان لاک، فەیلەسوفی بەناوبانگی ئینگلیس.

جان لاک پزشک و فەیلەسوف بوو.دواتر بوو بە مەونەزیر واتە تیئوریسێنی سیاسی . ئەو بەو تیئوریە دەستی پێکرد کە دەڵێ زەینی مرۆڤ لەسەرەتا دا وەک لەوحێکی سپی وایە. ئەوەش ڕاست بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی مەزهەبی و ئایینیە. دین و مەزهەب دەڵێن ئینسان کە لەدایک دەبێ، بە چارەنوسێکی لە پێشدا دیاری کراوەوە، پێ دەنێتە دونیا و پاشان هەر لەسەر بناخەی ئەو چارەنوسەی کە بۆی دیاری کراوە دەڕواتە پێش. جان لاک وتی کاتێک منداڵ دێتە سەر دونیا زەینی وەک قاغەز یا لەوحێکی سپی وایە و  هەرچی بتهەوێ دەتوانی لەسەر بنوسی. رێزگرتن  لە قسە و بۆچوونی باوک و باپیران و قەدیمیەکان دوایە دەرخواردی منداڵ دەدرێ و پێی تەزریق دەکرێ. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە منداڵ دەتونێ بەتەواوی بێتە مەوجودێکی دیکە و ئینسانێکی تازەی لێ درووست بێ. بۆیە پەردوەردە وفێرکردن مەسەلەی هەرە گرنگی کۆمەڵگا ئینسانیەکانە. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش  داوای کرد کە کۆمەڵ دەبێت بە شێوەیەکی ڕاست و درووست ئەندامانی خۆی پەروەردە بکاو خوێندن و پەروەردەیەکی درووست بە هەمووان دەستەبەر بکا. بۆیەکەم جاربوو  مەسەلەی پەروەردو و فێرکردن و بایەخی پەروەردە ئاوا بەجیدی لە بیرکردنەوەی سیاسی دا دەهاتە بەرباس.

پاشان لاک دەستی کرد بە بیرکردنەوە سەبارەت بە حکومەت و سەرچاوەی حکومەت کردن. بەو ئاکامە گەیشت کە حکومەت مەشڕوعیەتی خۆی تەنیاو تەنیا لە ڕەزایەتی ئەو کەسانەوە وەردەگرێ کە حکومەتیان بەسەردا دەکات. واتە ڕەزامەندیی خەڵک تاقە سەرچاوەی مەشروعیەتی دەستەڵات و حکومەتە. لەوە تێپەڕێ هەمووی زووڵم و زۆری و زەبروزەنگە. زووڵم و زۆریش بۆ حکومەت کردن و دەستەڵات بەرێوەبردن، بە بنەمایەکی باش و پەسند دانانرێ. کەواتە حکومەت دەبێ بەجۆرێک بێت کە خەڵک لێی ڕازیبن. واتە حکومەت دەبێ ڕەزامەندیی ئەو کەسانە وەدەست بێنێ کە حکومەتیان بەسەردا دەکات. لەبەر ئەوەی نەریتی هەڵبژاردن  لە نێو ئەشرافیەتی ئینگلیس دا تاڕادەیەک لەگۆڕی دابوو، کۆمەڵگای ئینگلیس دەگەڵ ئەو شێوە بیرکردنەوەیە ئاشنا بوو. بەڵام جان لاک ئەو بیرۆکەیە واتە ئەو تیئوریەی بەرین کردەوە و زۆرتری بردەپێش بەجۆرێک کە هەموو خەڵک  بگرێتەوە. واتە ڕەزامەندی میللەت ببێتە سەرچاوەی ڕەوایی و مەشروعیەتی دەستەڵاتی سیاسی و حکومی.

دیارە هەتا ئەو بیرۆکەیە توانی هێندە بەرین بێتەوە کە هەموو خەڵک بگرێتەوە، لەکردەوەدا سەد تا سەد وپەنجا ساڵێکی خایاند. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە تۆوی ئەو بیرۆکەیە بەدەستی جان لاک چێنرا. یا دەتوانین بڵێین جان لاک بە باوکی ئەو تیئوریە لەقەڵەم دەدرێ. ئەو بوو بۆیەکەم جار باسی حکومەتی مەدەنی هێنایە گۆڕ. شۆڕشی پڕ شکۆی ئینگلیس کە باسمان لێوەکرد زۆر لە ژێر شوێنەوار و کاریگەری بۆچوونەکانی جان لاک دابوو. بەو جۆرە  دەچینە نێو چەرخی هەژدەهەم.

لە ڕاستیدا قەڕنی حەڤدەهەم  ژێرخانی بۆ ئاڵوگۆڕە گەورەکانی دواتر سازکرد. بەو مانایەی کە بناخەی بۆ ئازادبیری و مەشڕوعیەتی   حکومەت لەسەر بنەمای ڕەزامەندیی میللەت دانا.  لەوەش زیاتر هیومانیزمی ئارامسۆس بەرەبەرە جێگای خۆی کردەوە.

سەدەی هەژدەهەم

ئینگلیس و فەرانسە لە چەرخی هەژدەهەم دا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بردنە پێشی شارستانیەتی دا گێڕاوە. تێدەکۆشین ئەو مەسەلەیە ڕوون کەینەوە.

سەدەی هەژدەهەم گۆڕەپانی چالاکیە فکری و سیاسی و زانستی و قەڵەمیەکانی کەسانی وەک دیدرو بوو کە بۆ یەکەم جار ئینسکلوپیدیای فەرانسەی نوسی. ناوبراو بەوکارەی لە ڕاستی دا  لەهەموو بارێکەوە نوختەی کۆتایی چاخەکانی نێوەڕاستی دانا.  دوای ئەو دەتوانین باس لە مونتسکیۆ بکەین کە تیئوری دابەشکردنی دەستەڵاتی، کە بیرۆکەی جان لاک بوو، بردەپێش و نوێی کردەوە. ئەو تیئوریە ئەمڕۆشی دەگەڵ بێت هەر لەسەر ئەو بناخەیە کاردەکات کە ئەودەم مۆنتسکیۆ بۆی داناوە. ڤۆڵتێریش هەرچەند فەیلەسوف نەبوو، بەڵام  زۆر کاریگەر بوو.  ئەو مێژوونوس و  نوسەرێکی گەورە و ئازا و چاونەترس بوو. ناوبراو بە قەڵەمی کاراو تووندی خۆی کڵێسا و حکومەتی ئیستبدادی و ئەشرافیەتی گەندەڵی دەدایە بەر ڕەخنەو لە قاوی دەدان.  هەر لەو دەم دا لە ئینگلیستانیش وەک باسمان کرد کەسانی  وەک جان لاک، داڤید هیوم و ئادام سمیت  دێنە نێو گۆڕەپانەکە.

 بەو جۆرە دەتوانین بڵێین  لەڕاستیدا دوو قوتابخانە بۆ  پەرەپێدانی  ئازادی ولیبڕاڵیزم دێنە کایەوە. قوتابخانەیەکی فەرانسەوی و قوتابخانەیەکی ئینگلیسی. هەردووکیشیان ڕۆڵی خۆیان لە پەروەردەکردن و پەرەپێدانی بیری ئازادی و لیبڕالیزم دا گێراوە. فەرانسەویەکان لە ئەسالەتی عەقڵی ڕەهاوە دەستیان پێکرد. ئەوان گوتیان عەقڵی ئینسان باشترین ڕێنوێن و رێنیشاندەرە بۆ  کردەوەی سیاسی و ڕەفتاری شەخسی و کۆمەڵایەتی. هەروەها لەسەر ئەوە پێیان دادەگرت کە ڕەوتی مێژوو ڕوو لە پێشەوەیەو مرۆڤ بەرەو کەماڵ و گەشەو هەڵدان و پێشکەوتن دەڕواتە پێش. ئەوان دەیان گوت ئینسان ئەگەر خۆی لە کۆت و بەند و داوی سەرەڕۆیی و ئیستبداد و جەهل و خوڕافات ڕزگار بکات، دەتوانێ بەرەو پێشەوە بڕوا و بە کەماڵ بگات. لەوەش زیاتر ئەوان بە شێوەیەکی  زۆر خۆشبینانە دەیان ڕوانیە سروشتی ئینسان، تەبیعەتی کۆمەڵگای ئینسانی و  ڕەوتی چوونەپێشی  مێژوو.

ئەوان لە کاری خۆیان دا لە میتۆدی ئیستدلالی و بەڵگەهێنانەوە و لۆژیک کەڵکیان وەردەگرت. بەومانایە کە لە باس و دیبەیتەکانیاندا، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا، لە هەندێک ئەسڵی بنەڕەتی و سەرەتاییەوە دەستیان پێدەکرد و، پاشان بەرەبەرە باسەکەیان بە شێوازێکی مەنتقی دەبردە پێش. ئەو ئەسڵ و پرنسیپە بنەڕەتیانەی ئەوان لە میتۆدی کار و بەڵگەهێنانەوە دا بەکاریان دەهێنان، لەسەر بناخەی یاسا سروشتیەکان دامەزرابوون. یانی ئیلهامیان لە قانوونە سروشتیەکان وەردەگرت. دەیان گوت مرۆڤ دەبێ سروشت بکاتە سەرمەشق و سەرچاوەی ئیلهام و لێ فێربوون. چونکە هەرچی بە پێچەوانەی سروشتەوە بێ ناڕاستە و تا لە سروشت نزیکتر بێت درووست ترە.

ئێستا با بێینە سەرباسی قوتابخانە ئینگلیسیەکە. لە ڕاستی دا ئەو مەکتەبە زۆرتر سکۆتلەندی بوو تا ئینگلیسی. لە چەرخی هەژدەدا  بریتانیای گەورە جێگای سکۆتلەند وئینگلیسی گرتەوە.  ئەو قوتابخانەیە زیاتر ڕوانگەیەکی ئەزموونگارایانە واتە ئیمپریسیسمیانەی بۆ دیاردەکان هەبوو. هیوم وئادام سمیت و   هاوکارەکانیان تەماشای ئەوەیان دەکرد کە بزانن  لەڕاستی دا ئینسان چۆن هەڵس و کەوت دەکات؟  کۆمەڵگای ئینسانی چۆن کاردەکا و چۆن هەڵدەسوڕێ؟ ئەوان کاریان بە ئوسوڵ و سەرەتا نەبوو.  لەخوارەوەڕا دەستیان پێدەکردو پاشان بەئوسوڵ و پرنسیپەکان دەگەیشتن. ئەوان لێکۆڵینەوەیان لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگای ئینسانی دەکرد و بەئاکام و ئەسڵە بنەرەتیەکان دەگەیشتن. فەرانسەویەکان ڕاست پێچەوانەوەی ئەوە بوون. ئەو جیاوازیە لە شێوە بیرکردنەوە و فەلسەفەی فەرانسەوی و ئینگلۆساکسێون دا ئێستاش هەر بەردەوامە.

شێوە بیرکردنەوەی ئینگلۆساکسیۆنی زۆرتر ئەزموونگەراییە و شێوە بیرکردنەوەی فەڕانسەویش زۆرتر لەسەر بناخەی مەنتق و بەڵگە هێنانەوەی زانستی و لۆژیکی دامەزراوە.

هیوم کەوتە لێکۆڵینەوەی سروشتی ئینسان و بەو ئاکامە گەیشت کە عەقڵ و ئەندێشە ئەومەقام و پێگە بەرز و گرنگەی نیە کە بیرمەندو فیلوزوفە فەرانسەییەکان بە عەقڵیان داوە.  دەبێ بڵێین فیلوزوف دەگەڵ فەیلەسوف جیاوازی هەیە. فیلوزوف بە کەسێکی فەلسەفی دەگوترێ. ئەوانە کەسانێک بوون کە بیرمەندی کۆمەڵایەتی بوون و زۆریش کاریگەر بوون. بەڵام بەومانایەی کە فەیلەسوف بۆ دکارت و کانت بەکاردێ، ئەوان ناگرێتەوە.

هیوم گوتی مرۆڤ بە گوێرەی هەست و ئیحساسەکانی کاردەکا. ئەو گوتی ڕۆڵی عەقڵ ئەوەیە هەرچی هەست و سۆزی ئینسان داوای بکات، عەقڵ بە باشترین شێوە بۆی ئامادە و دابین دەکات.

 ئەو دەیگووت کە لە سروشت و تەبیعەتی ئینسان دا هەم مار هەیە و هەم کۆتر. مرۆڤ توانای ئەوەی تێدایە بەلای هەرکام لەواندا بڕوا. ئەوە تەنیا ژیانی کۆمەڵایەتیی ئینسانەکانە کە نایەڵێ کۆترەکان ببنە شکار و خۆراکی مارەکان. مەبەست لێرە بە کۆمەڵایەتی بوون واتە سۆسیالیزە بوونە. لەبەر ئەوەی ئینسان پێویستی بەوەیە لەگەڵ هاونەوعەکانی خۆی واتە لەگەڵ ئینسانەکانی دیکە بژی و پێویستی بەوەیە کە میهرەبانی و ڕێز و متمانە لەوانەوە ببینێ، بە ناچاری بە شێوەیەک ڕەفتار دەکات کە ئەو میهرەبانی و ئیحترام و متمانەیە وەدەست بێنێ. ئەو نیاز بە کۆمەڵ و پێداویستیە بە ژیان لەکۆمەڵدا لەو تایبەتمەندیە ئینسانیەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئینسان لەناخ و جەوهەری خۆی دا پێی خۆشە کاری چاکەو خێر بکات. ئەو نمونەی ئەوە دێنێتەوە کە تەنانەت کەسانی قاتڵ و جنایەتکاریش ئەگەر لە جیگایەک تووشی ژنێكی دووگیان بن کە ژانی دێنێ و خەریکە منداڵی دەبێ و ئازاری زۆری هەیە، دەست بەجێ هەوڵ دەدەن بەهەموو تواناوە یارمەتی ئەو ژنە بدەن و چاودێری و پەرستاری لە کۆرپەکەی بکەن. بەو پێ یە ئەو خێر و چاکە ویستنە لە ناخی ئینسانداهەیە و ژیان لە کۆمەڵدا ئینسان هاندەدا  چاکەو کاری خێر بکا. 

 لێرە دا ڕوانگەی هیومیش وەک ڕوانگەی فەرانسەویەکان بۆ سروشتی ئینسان و تەبیعەتی مرۆڤ خۆشبینانەیە. بەڵام  بە وتەی هیوم ئەو  خۆشبینیە لە ڕوانگەیەکی تراژیدیکەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەو دەڵێ  ڕەفتاری ئینسان ڕەفتارێکی ژیرانە و عەقڵانی نیە.  بەڵکو عاتفیە. واتە لە سۆز و هەست و ئیحساسەوە  سەرچاوە دەگرێ.  ئەو دەڵێ مار واتە ئەژدیهایەکی گەورەو بەهێزیش لە ناخی ئینسان دایە کە پێویستە کۆنتڕۆڵ و هەوسار بکرێ. ئەوە ڕۆڵی کۆمەڵگایە. واتە کۆمەڵگا دەبێ ئەو ڕؤڵە بگێڕێ. کۆمەڵگای ئینسانی دەبێ بە جۆرێک ڕێکبخرێ و سازمان بدرێ کە بتوانێ ئەو خێرو چاکە خوازیەی لە ناخی ئینسانەکان دا هەیە، تەشویق و بەهێز بکات، بەجۆرێک کە کاری چاکە و خێر بکەن. ئەگەر نا زۆر ناکێشێ  شەڕ و خراپە بەسەر خێر وچاکە دا زاڵ دەبێ و دونیایە دادەگرێ.

ئادام سمیت هەروەک هیوم لە کۆمەڵگای ئینسانی ڕاما و ئەویش لەو بڕوایە دابووکە خێر و چاکە لەجەوهەر و ناخی ئینسان دا بە شێوەیەکی سروشتی هەن. ئەو دوو بیرمەندە دەگەڵ یەکتر زۆر دۆست بوون. هەمیشە پێکەوە لە باس و دیالۆگ دابوون. هیوم دەستی کرد بە لێکۆڵکینەوە لە مەسەلە ئابووریەکان. لەولاشەوە ئادام سمیت دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لەسەر فەلسەفەی ئەخلاق کە هیوم لە مێژ بوو کاری لەسەر دەکرد. هەردووکیان خاوەنی لێکۆڵینەوەی بەنرخن لەبوارەکانی یەکتری دا.

ئادام سمیت وتی ئەوەی خەڵک هاندەدا تا لەکۆمەڵدا بژی و لەگەڵ کەسانی دیکە بۆ چوونەپێشی کۆمەڵگا  هاوکاری بکا، بریتیە لە سود و قازانجی شەخسی. لێرەدا مەبەستی ئادام سمیت بریتی بوو لە سودی شەخسی ڕووناکی بینانە. مەبەست لە سودی شەخسی ڕووناکی بینانە بریتیە لە سود وقازانجێکی شەخسی کە  دوور ببینێ و درێژخایەن و  ستڕاتیژیک بێ. نەک کورت بین بێ و نەتوانێ لەسەری لوتی خۆی بەولاوە ببینێ. ئەو دەیگوت ئەو سودی شەخسی ڕووناکبینانە لە رێگای دەکارکردنی دەستی نادیاری بازاڕ و پێکهێنانی هاوسەنگیی لە نیوان خواست و خستنەڕوودا  دەستەبەر دەبێت. ئەو دەیگوت ئەگەر خەڵک  ڕێگایان بدرێتێ  و دەرفەتیان هەبێ کە  کارو چالاکی ئابووری بکەن، ئەو سودی شەخسیەی کە باسمان کرد، دەتوانێ  باڵانس لە نیوان خواست و خستنەڕوودا درووست بکا. لە خۆڕا نیە ئادام سمیت بە باوکی ئابووری بازاری ئازاد دادەنرێ. هەرچەند یەکەمین کتێبی ئەو لێکۆڵینەوەیەک بوو سەبارەت بە فەلسەفەی ئەخلاق. ئەو دەیگوت کۆمەڵگا ئەرک و بەرپرسایەتی بەرانبەر تاکە کەس بە ئەستۆوەیە. پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە کۆمەڵ پێویستە خوێندن و فێربوون و پەروەردە بۆ هەموو تاکەکان دابین و دەستەبەر بکات تا بتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن. لەوەش زیاتر ئەو پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە کۆمەڵ پێویستە پێش بە بڵاوبوونەوەی هەژاری بگرێ. چوونکە کۆمەڵگایەک کە هەژاری تێدا بێت ناتوانێ کامڕان و سەعادەتمەندبێ. بە کورتی ئەو لایەنگری ئەوەبوو کە کۆمەڵ دەست لەکاروباری ئابووری وەربدا. بێسەرەوبەرەیی و بێبەندوباریی بازاڕی پەسند نەدەکرد. لەبەر ئەوەشە کە هەندێک کەس ئەو بە باوکی لیىبڕالیزمی نوێ لەقەڵەمەم  دەدەن.

ئەو دووکەسە سكۆتلەندیە گۆڕانکاریەکی بنەڕەتیان بەسەر بیرکردنەوەی ئابووری دا هێنا. لە فەڕانسەش بیرمەندەکان بە بڵاوکردنەوەی دائیرەتلومەعاریفی فەڕانسە شۆڕشێکی فکری گەورەیان وەڕێخست. بەرەبەرە سەردەمی شۆڕشە لیبڕاڵیەکان دەست پێدەکا.

سەربەخۆیی ئەمریکا و شوێنەوارەکانی

ساڵی ١٧٧٦ سێزدە کۆڵۆنی  ئینگلیسی کە سێزدە ئەیالەتی ئەمریکایان ئاوەدان کردبۆوە، لەبەر ئەوەی دەوڵەت ماڵیاتی تازەی خستبووە سەریان، بەدژی دەوڵەتی ناوەندیی خۆیان،واتە بەدژی پاشایەتی ئینگلیس ڕاپەرین. دروشمی ئەوان ئەوەبوو کە دەیان گوت ماڵیات بێ نوێنەرایەتی نابێ. ماڵیات دەبێ نوێنەرایەتی دەگەڵ بێ. لەبەر ئەوەی ئێمە نوێنەرایەتیمان نیە، ماڵێاتیش نادەین. دەوڵەت ماڵیاتی هاویشتبووە سەرچای. خەڵک ئەو چایانەیان خستنە نێو دەریا.  ئەو ڕاپەڕینە بووە هۆی ئەوەی کە ئینگلستان لەشکرکێشێ بۆسەر ئەمریکا بکات. بەو جۆرە شەڕی سەربەخۆی ئەمریکا دەستی پێکرد. لەو شەڕەدا فەرانسەییەکان یارمەتیەکی زۆری ئەمریکایان دا. لە کۆتاییدا  ئەو ڕاپەڕینە سەرکەوت.  دوای سەرکەوتن لەخۆیان پرسی باشە ئێستا کە وڵاتەکەمان سەربەخۆ بووە و سەربەخۆییمان وەدەست هێناوە  چبکەین؟ چۆن ئەو وڵاتە بەڕێوەبەرین؟

 ئەو سێزدە کۆڵۆنیانە لە ژێر سێبەری قانوونەکانی ئینگلیسدا ژیابوون کە یەکێک لە دێموکڕاتترین و ئازادیخوازترین کۆمەڵگاکانی ئەو سەردەم بوو. هەر بۆیە ئەوان داخوازی زۆر بەرزیان هەبوو. ئاخر ئەو کۆڵۆنیانە بەدژی  لیبڕاڵترین و پێشکەوتوترین و قانوونی ترین نیزامی ئەودەمی دونیا ڕاپەڕی بوون. هەر بۆیە نەیان دەتوانی یەک هەنگاو بۆ داوە بگەڕێنەوە. دەبوایە چووبانە پێشتر. لەئاکام دا توانیان داهێنانێکی سیاسی و قانوونیی تازە، پێشکەشی مرۆڤایەتی بکەن. کە بریتی بوو لە مەجلیسی دامەزرێنەران. مەجلیسێکی دامەزرێنەرانیان  لە نێو خۆیانداهەڵبژارد. پتر لە سێ مانگ لەو مەجلیسەی دا، سەبارەت  بە قانوونی ئەساسی واتەبە دەستووری داهاتووی وڵاتەکەیان باس وگفتوگۆیان پێکەوە کرد. باسیان لەوە دەکرد کە دەستووری وڵاتەکەیان دەبێ چۆن بێ؟  کام تایبەتمەندی هەبن؟ ئەو کۆمەڵگایەی دەیانەوێ درووستی کەن دەبێت چۆن بێ و چۆن کاربکا؟ لە ئاکامی ئەو باسانەدا دەستوورێکیان بۆ وڵاتەکەیان دانا کە ئێستا و ئێستاش هەروا جێگای ئیعتیبارە. دیارە لەو دەمەوە تا ئێستا گۆڕانکاری زۆری تێدا پێکهاتووە و زۆر بەرینتر بۆتەوە. بەڵام بنەماو چورچێوەکەی هەر ئەوەیە کە ئەودەم پەسندکراوە.  ئەوان زۆر شت لە جان لاک، ئادام سمیت و هیوم فێربوون. سەرەنجام  ڕیباز و سوننەتی لیىڕاڵی ئینگلیسی- سکۆتلەندیان هەڵبژارد، نەک فەرانسەیی.

 بەڵام شۆرشی فەرانسە کە دواتر سەریهەڵدا، ئیلهامی لە لیبڕالیزمی فەرانسەوی وەرگرت. ئاکامەکەی ئەوەبوو کە لە ئەمریکا ئەو ئازادیخوازیەی کە لە قانوونی ئەساسی دا جێگای بۆ کرابووە، هەر درێژەی کێشا و  تەنانەت ڕۆژ دەگەڵ رۆژ دەوڵەمەندتریش بوو. لە فەرانسە پاش سەرکەوتنی شۆڕش نەوەد ساڵی کێشا تا توانیان سەرلەنوێ بگەرێنەوە سەر ئەسڵ و بنەما سەرەتاییەکانی سوننەتی لیبڕالیزمی فەرانسەیی.

 یەکێک لە داهێنانەکانی دەستوور یا قانوونی ئەساسیی ئەمریکا،بریتی بوو لە  مەنشوری مافەکان. لەو مەنشورەدا دە ماددە سەبارەت بە مافەکانی هاونیشتیمانیان پەسندکران. لە ڕاستی دا ئەو مەنشورە بە هەوەڵین بەڵگەنامەی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێ کە بۆیەکمجار لە مێژودا پەسند کرابێت.  ڕاستیەکەشی ئەوەیە کە لەو دەمادەیەدا هەموو مافە بنەڕەتیەکانی  مرؤڤ بەڕەسمی ناسراون. لە دەستووری ئەمریکادا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستن و بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ وەبەرچاوگیراون.

داهێنانێکی دیکەی قانوونی ئەساسی ئەمریکا بریتی بوو لە پەسندکردنی ئەسڵێک بە ناوی  چێک و باڵانس  واتە مەهار و تەوازوون. بەگوێرەی ئەو پرنسیپە  هەرسێ دەستەڵاتی حکومەتی واتە دەستەڵاتی ئیجرائی، یاسادانان و دادوەری، دەتوانن چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی یەکتر بکەن.  ئەوان بۆ کارێکی لەو چەشنە ئیلهامیان لە جان لاک و مۆنستکیۆ وەرگرت. مۆنستسکیۆ لایەنگری ئەوەبوو کە دەستەڵاتە حکومیەکان تەواو لێک جیابن و هەرکامیان لەکاروباری خۆیدا سەربەخۆ بێت. ئەو سێ دەستەڵاتەی ناوبراو باسی کردبوون لە دەستووری ئەمریکادا جێگایان بۆ کرایەوە.  بەڵام لەو دەستوورەدا سرنجی پێویستیان نەدایە ئەو بیرۆکەی کە مۆنستسکێۆ سەبارەت بە لێک جیاکردنەوەی تەوای دەستەڵاتەکان هێنابوویە گۆڕێ. بۆیە لەو دەستوورەدا هەرکام لە دەستەڵاتەکان حەقیان  پێ درابوو کە  دەست لە کارووباری دەستەڵاتەکانی دیکە وەردەن و پێش بە کەڵکی خراپ وەرگرتن لە دەستەڵات بگرن.  ئەو سیستەمی مەهار و تەوازوونە، تا ئێستاش بە کاریگەرترین میکانیزم بۆ پێشگیری لە دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی و کەڵکی خراپ وەرگرتن لە دەستەڵات و کۆبوونەوەی دەسەڵاتێکی زۆر و لە ئەندازبەدەر لەدەستی حکومەتدا، دادەنرێ.

داهێنانێکی دیکە کە لە بەیاننامەی سەربەخۆیی ئەمریکادا هاتووەو وەک پێشمەرج و زەمینەسازی  قانوونی ئەساسی دادەنرێ، بریتیە لە وەی کە ئەو بەیاننامەیە بەو جۆرە دەست پێدەکات:

ئێمە  واتە خەڵک سەرچاوەی هەموو شتێکین. ئێمە میللەت ئەو شتانەمان دەوێن کە بڕوامان پێیان هەیە. یەکەمین شتێک کە ئێمە بڕوامان پێیەتی، بریتیە لەوەی کە تاکی ئینسانی بە ئازادی و بەکۆمەڵێک مافی سروشتی وحاشاهەڵنەگروە دێتە سەر ڕووی دونیا.

 ئەوە کە لێرەدا  دەگوترێ  ئینسان بە هەندێک مافی حاشاهەڵنەگرەوە دێتە سەر دونیا، خۆی لە خۆی دا زۆر گرنگە. دیارە پێشتر جان لاک باسی ئەوەی کردبوو.

دەستووری ئەمریکا یەکەمین قانوونی ئەساسیە بەومانایەی ئەمڕۆ،  کە بۆیەکەمجارپەسندکراوە. نوسەرانی بەیاننامەی سەربەخۆیی ئەمریکا لەسەر ئەو بڕوایەبوون کە مرۆڤ بە کۆمەڵێک مافی حاشاهەڵنەگرەوە لە دایک دەبێ. هەموو کەسێک مافی ژیانی هەیە. هەمووکەس حەقی هەیە بۆ بەختەوەری و خۆشبەختی خۆی هەوڵبدا. لەوێدا باس لەوەنەکراوە کە هەمووکەس حەقی خاوەنداریەتی هەیە. ئەودەم  لەو قۆناخەی پەرەسەندنی مرۆڤایەتی دا لە مێژبوو مافی خاوەنداریەتی  جێگیر بووبوو.  پێویستی بەوە نەبوو سەرلەنوێ باسی لێبکرێتەوە. لە جیاتی ئەوە پێیان لەسەر ئەوە داگرت کە هەموو کەس مافی هەیە لە پێناو بەختەوەریی خۆی دا کاربکا.  واتە هەر مرۆڤێک حەقی هەیە کە بەوجۆرەی کە دەیهەوێت و بۆخۆی بەقازانجی خۆی دەزانێ  وەدوای خۆشبەختی خۆی بکەوێت. بەو جۆرە دەبینین بەیاننامەی سەربەخۆیی ئەمریکا ئازادی و ئیختیارێکی زۆر بە تاکی ئینسانی دەدات.

باقی بەندەکانی دیکە باس لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات دەکەن. بەڵام ئەوەی گرنگ بوو هەوەبوو. یانی مەنشوری مافەکانی هاووڵاتیان، ئەسڵێ مەهار و تەوازوون، ئەو پێشەکیەی کە باس لە مافە حاشاهەڵنەگرەکانی تاکی ئینسانی دەکا، دەگەڵ ئەو ئەسڵەی کە ئازادی و ئیختیار بە تاکی ئینسانی دەدا  تا لە پیناو خۆشبەختی خۆی دا تێکۆشێ.

 ئەو داهێنانانە شوێنەوارێکی زۆریان  لەسەر کۆمەڵگای ئینسانی و دونیا دانا.

شۆڕشی فەڕانسە

فەڕانسەویەکان ئیلهامێكی زۆریان لە شۆڕشی ئەمریکا وەرگرت. لە فەڕانسەدا، حەقی ئیلاهی پادشاکان بۆ حکومەتکردن، ئیدی هیچی دیکە دەگەڵ کۆمەڵگایەک کە بیرمەندە فەڕانسەویەکان لە خەویان ڕاپەڕاند بوو و  لەقەڕنی حەڤدەهەمەوە ببووە خاوەنی ساڵۆن و کافە و قاوەخانە، نەدەگونجا. ئەوانەی چوونەتە پاریس سەرنجیان بۆ ئەوە ڕاکێشراوە کە باشە ئەو هەموو کافە و ڕستۆڕان و باڕە چیە لەو شارەدا هەن. ئەمن بۆخۆم دیتوومە خەڵک بۆ سوبحانەش دەچنە کافە و ڕستۆڕانەکان.

 ئەوە کولتوریانە و ڕیشەی دەگەرێتەوە بۆ سەدەکانی حەڤدەو هەژدە. دیارە پێشتریش شوێنی وا هەبووە کە خەڵک بۆ نانخواردن سەردانیان کردبێ. بەڵام ڕستۆڕان و کافە و قاوەخانەی مۆدێرن، شوێنێکن کە خەڵک بۆ باس و گفتووگۆی سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی  ڕوویان تێدەکرد، نەک بۆ قلیان و جگەرە کێشان و دۆمینەو کەباب خواردن وەک ئەوەی کە لەلای ئێمە هەیە. ئەو کافە و  باڕانە شوێنێکی زۆر خۆش و دڵرفێن بوون کە خەڵکی بە فەرهەنگ بۆ باس و گفتوگۆ ودیداری کۆمەڵایەتی ڕوویان تێدەکردن و بەسەعات لەوێ دادەنیشتن و قسەوباسیان دەکرد. ئەو فەرهەنگە دواتر هەموو ئورووپای گرتەوە. ئۆسلۆم لەبەر کافەکانی پێخۆشە. چەندە بەڕمێنن هێندەش دڵڕفێنن. هەر جمەیان دێ لە ژن و پیاو و کوڕ و کچ کە دوو قاوە دەکڕن و سێ  تا چوارسەعاتان دادەنیش قسە پێکەوە دەکەن. دەم بە پێکەین و دڵ پڕ لە شادی و ئومێد. هەر خۆشە مرۆڤ لەوکافانە دانیشێ و هەست  تێکەڵاوی دەگەڵ ئەو فەرهەنگە بەرزە بکا.

ساڵۆنیش شوێنی میوانداریی ئەشرافەکانی فەرانسە بوو،کە هەفتەی یا مانگی جارێک لەوێ میوانداریان پێک دەهێنا. ڕووناکبیران و هونەرمەندانیش دەهاتن لەوێ هونەری خۆیان نیشاندەدا.  ئەو میوانیانە، ئەو ساڵۆنانە، دەبوونە شوێنی باس و گفتوگۆی گەرم و زیندوو. هەر لەو سەروبەندەدا ڕۆژنامەش جار جار چاپ و بڵاو دەبوونەوە. دەبێ بگوترێ رۆژنامە لە ئینگلیس دا زووتر بڵاو بووەوە.

بە کورتی و بەکوردی سەدەی بیروڕای گشتی  دەستی پێکرد و پێی نایە سەر گۆڕەپانی مێژوو. بەوجۆرە لەسەدەی هەژدەدا خەڵک پێوەندیەکی زۆری کۆمەڵایەتیان دەگەڵ یەکتر پەیداکرد و بۆیەکەم جار بیروڕای گشتی وەک فاکتۆرێکی کاریگەر خۆی دەرخست.

ئەو بیروڕای گشتیە کە رۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبوو، لەلایەک دەگەڵ کڵێساو لەلایەکی دیکەش دەگەڵ دەوڵەت لە شەڕ و کێشەو ململانێ دابوو. بۆرژوازی تازە پێگەیشتووی فەرانسە داوای حەقی خۆی دەکرد. ئەوانە کۆمەڵە خەڵکێک بوون تادەهات ژمارەیان زیادی دەکرد، خوێندەوار و تاڕادەیەک خاوەن مڵک وماڵ  و سەربەخۆ لە حکومەت و دام و دەزگای دەوڵەتی بوون. لە خوارەوەی ئەوانیش  حەشیمەتێکی بەرین و ملیۆنی لەخەڵک کە هیچیان نەبوو، ڕەش و ڕووت و بێ پەنا،  لە هەژاریەکی تەواودا ژیانیان دەبردەسەر.

فەرانسەی ئەودەم دەوڵەمەندترین و پڕ حەشیمەت ترین وڵاتی ئورووپا بوو. کەچی بەو حاڵەش خەڵکەکەی هەژارترین خەڵکی ئورووپا بوون. هۆی ئەوە دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە فەرانسە زۆر لە شەڕدا بوو. بەتایبەتی کۆمەگی فەرانسەییەکان بە ئەمریکا لە شەڕی سەربەخۆیی ئەمریکا بە دژی فەرانسەدا، لەوبارەوە کاریگەر بوو. جیا لەوە شەڕی حەوت ساڵە لەگەڵ پروس و ئینگلیس. هەروەها گەندەڵی و خەرجی زۆری دەربار و دام ودەزگای پادشایەتیی فەرانسە و کاربەدەستان، سەروەت و سامانی وڵاتیان بە فیڕۆدابوو. هەموو ئەو هۆکارانە و لە پەنای ئەوانیشدا حکومەتی گەندەڵ و ناکارا، کە لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشدا هیچ نەما بە زیانی خۆی نەیکا، بوون بەهۆی دەستپێکردنی شۆڕشی فەرانسە و شۆڕشەکەش سەرکەوت.

لەسەرەتادا ئامانجی شۆڕشەکە بریتی بوو لە دامەزراندنی نیزامێکی پادشایی مەشرووتە، وەک ئەوەی کە لە ئینگلیس هەبوو.  ڕووناکبیرانی فەرانسەوی بە تووندی لە ژێر کاریگەری و شوێنەواری بیرو ئەندێشەو چۆنیەتی کارکردنی دێموکڕاسی ئینگلیس دابوون.  بەڵام شۆڕشی فەرانسە لە سەر بنەماکانی سوننەتی ڕۆناکبیریی فەرانسەوی چووەپێش، کە سوننەتێكی  ئیدەئالیستی و ئارمانجخوازانە بوو. بە پێچەوانەی شۆڕشی ئەمریکا کە شۆڕشێکی پراگماتیستی و کردەوەتەوەڕ بوو. ئەو ئارمانجخوازیە پاش سەرکەوتنی شۆڕش دەستبەجێ بوو بە تیڕۆڕ و تۆقاندن . توانی ڕێژیمێکی سەرەڕۆی بێرەحم  بێنێتە سەرکار، کە  فەرانسە قەت  پێشتر بەخۆیەوە نەدیبوو. ئەو ڕێژیمە  دەستی دایە کوشتن و تیڕۆر و زۆربەی ئەوانەی لە خودی شۆڕشەکەدا بەشداریان کردبوو، لەنێوی بردن. زاراوەی شۆڕش کوڕەکانی خۆی دەخوا، لەودەمەوە هاتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی.

دواتر فەرانسە کەوتە  ژێردەستی ناپلێۆن. ئاخر ئەو ئاژاوە و بێسەرەوبەرەییە، نەیدەتوانێ هەروا درێژەی هەبێ. فەڕانسە پێویستی بە دەستێکی بەهێز و بە قارەمانێک بوو لەو دۆخەی ڕزگار بکات. ناپلیۆن هەم دەستێکی بەهێز بوو و هەم بلیمەتێکی جیهانیش بوو.  لەباری ئەخلاقیەوە کەسێكی هەڵکەوتوو و بێ وێنە بوو. زۆر زیرەک  بوو. کاتێک لە فەرانسەدا ئەو کۆمەڵە یاساو قانوونانەیان پەسند دەکردن کە بە یاسای ناپلیۆن ناسراون، کەپاش قا نوونی ڕۆم ، بە تەواوترین و پێشکەوتوترین سیستەمی قانوونی بە حیسێب دێن و، سەرچاوەی ئیلهامن بۆ دەستووری هەموو وڵاتانی دونیا، ناپلیۆن ڕۆڵی بەرچاوی لە پرۆسەی پەسندکرنیاندا گێڕا. مافناسەکان سەریان لەتوانا زەینیەکانی ناپلێۆن سوڕمابوو. بەجۆرێک کۆبوونەوەکانی بەرێوەدەبردن و پێشنیاری باشی دەهێنانە گۆڕ، کە هەموو ئەوانەی  کە بەشداری کۆبوونەکان بوون، کەوتبوونە ژێر کاریگەری ئەو.

بەوجۆرە دێموکراسی لیبڕاڵی فەرانسەیی کە دەبوایە لە ئاکامی شۆڕشدا بێتە کایەوە، نەوەد ساڵی  کێشا تا پاش دوو شۆڕشی ساڵەکانی ١٨٣٠ و ١٨٤٨و پاش تێکشکانی فەرانسە لەبەرانبەر پرۆس لە ساڵی ١٨٧١دا، سەرەنجام بە جمهوری سێهەم  گەیشت و سەرکەوت.

ئەو شۆڕشانەی سەدەی هەژدەو ئەدەبیاتی  سەردەمی ڕۆشنگەری، چ لە فەرانسەو چ لە ئینگلیس دا، هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەو  بیرۆکانە لە  قانوونی ئەساسی و  شێوەی حکومەتکردندا، بە سەرکەوتنی یەکجاریی دێموکراسی و لیىڕالیزم لە قەڵەم دەدرێ.

 ئاخر  ئەوە زۆر گرنگە  کە ئەو دەستوورەی بۆ ئیدارەی وڵات دادەنرێ، پیادەش بکرێ. دەستووری ئەمریکا ئەو تایبەتمەندیەی  هەبوو کە بۆخۆی دەیتوانی کەمووکوڕی و ناتەواویەکانی خۆی چاک بکات. تایبەتمەندی هەرە گەورەی دێموکراسیی لیبڕاڵ، تەنانەت لە نا دێموکڕاترین وڵاتەکانیش دا، ئەوەیە کە میکانیزمی ئەوتۆی تێدان تا دەگەڵ کەمووکوڕیەکانی خۆی بەربەرەکانی بکات. هەر ئەوەندە بەسە کە لەوڵاتێکدا،هەڵبژاردنێکی تا ڕادەیەک ئازاد  قبووڵ بکرێ،باقیەکەی دەرنگ یا زوو جێبەجێ دەبێت. لە خۆڕانیە من قەت سەبارەت بەو دێموکراتیە پڕ لە کەمووکوڕیەی خۆمان لە باشووری کوردستان، هەرگیز بەدبین و نائومێد نەبوومە. سیستەمە لیبڕاڵ و دێموکراتیەکانی ئەمریکاو  ئینگلیس لە چەرخی هەژدەدا کەمووکوڕیان زۆر بوون، بەڵام چوونکە لە خۆیاندا میکانیزمی گۆڕان و پێکهێنانی گۆڕانکاریان تێدابوو، وەک دەبینین سەرەنجام گەیشتنە ئەو پلەیە لە پێشکەوتن و کەماڵ  کە ئێستا هەیانە.

هەڵگەڕنەوەی بۆرژوازی

بەوجۆرە دەبینین لە سەدەی هەژدەهەم دا دونیا لە گەڵ ئەزموونی دێموکراسی لیبڕاڵ و نیهادینە کراو ئاشنا بووە و وەریگرتووە. لێرە بەدواوە مەسەلەکانی پێوەندیدار بە ئازادی و دێموکراسی زۆرتر لە بیرو زەینی فەیلەسوف و بیرمەندەکان و لە نێو کۆمەڵگاکاندا جێگای باس و لێدوان بوون. بۆیە ئەو ئاڵووگۆڕانەی کە دێنە پێش یا تەواو سەربەخۆن یان لەو باس و خواسانەوە سەرچاوە دەگرن کە لە کۆمەڵگادا سەبارەت بە ئازادی لە گۆڕێ دان. تا  شۆڕشی ساڵی ١٦٨٦ زۆرتر باسەکان باسی نەزەری و تیئوریکن. بەڵام ئیدی ئێستا ئێمە زۆرتر لەگەڵ کردەوە بەرەوڕووین. ئێستا دەبێ بزانین کە ئەو قانوونی ئەساسیانەی پەسند کراون و ئەو حکومەتانەی بە گوێرەی ئەو قانوونانە دامەزراون، لە سەدەکانی هەژدەو نۆزدەدا،  تا چ ڕادەیەک  کاراییان هەیە؟ چۆن هەڵدەسوڕێن؟

لە ئەمریکا ژمارەی کۆڵۆنیەکان زۆرکەم بوو. ئەوانە خاوەنی سەرزەمینێکی زۆر بوون کە ئەودەم وەک وتمان ژمارەیان سێزدە کۆڵۆنی  بوو. بەڵام هەموو قاڕەی ئەمریکای باکوڕ لە بەردەستی ئەوان دابوو. سێ لەسەر چواری ئەمریکای ئەمڕۆ ئەودەم نە کەشفکرابوو و نە حەشیمەتێکی لێ نیشتە جێ بوو. لەلای سەرەوەش ڕا کانادا هەر  لەبن دەستی ئینگلیس دا مایەوە. لە شەڕی حەوت ساڵەدا فەرانسەویەکان ئەوێیان لەدەست دا و لە سەردەمی ناپلیۆنیش دا ئەو موستەعمەرانەیان  بە دەوڵەتی ئەمریکا فرۆشتن کە ئەودەم لە ئەمریکادا هەیان بوون. بەوجۆرە فەرانسە بە تەواوی ئەوێی بەجێهێشت. لە کاناداش کوبیک ،کە فەرانسەیی بوو، سەرەنجام کەوتە بن دەستی ئینگلیس.

ئەمریکا سەرزەمینێکی بەرینە. ڕووبەڕەکەی سێ ملێۆن کیلۆمەتری چوار گۆشەیە. لەوێ هیچ گیروگرفتێکیان دەگەڵ دابەش کردنی سەرچاوەکان نەبوو. بەڵام لە ئورووپا ئەگەر لەلایەک چینێکی ئەشڕافی خاوەن زەوی و زار هەبوو کە بە هەموو تواناوە بەرگری لە ئیمتیازەکانی خۆی دەکرد، لەلایەکی دیکەشەوە حەشیمەتێکی زۆر و بەرینی جوتیاری ئیجارەنشین و بێ زەوی هەبوو کەلە هەژاری و ژیانێکی پڕ لە مەینەتبەشی دا دەژیا.

لە ئەمریکا لەو فەزا بەرین و گەورەو بێسنوورەدا هاتن سیستەمی  ئابووریی بازاڕی ئازادیان پیادەکرد. وتیان هەرکەس چەندەی پێخۆشە دەتوانێ پووڵ پەیدا بکا. فەرموون بڕۆن بۆخۆتان ئەو زەویانە بگرنەوە و ئاوەدانیان کەنەوە و ڕەنێویان بێنن. دەبێ بگوترێ ئەو ئازادیخوازیە هیچ سەرنجێکی نەدەدایە مافی سوور پێستەکان کە خاوەنی ئەسڵی قاڕەی ئەمریکا بوون.

بەو جۆرە لە ئەمریکا سیستەمی ئابووری و سیاسی نەک لەسەر بنەمای دیفاع لە بەرژەوەندیەکان یان حەسادەت، بە هۆی لەگۆڕێدانەبوونی قازانج و بەرژەوەندیەوە، لەسەر بنەمای  قازانجی هەرەزۆرتر بۆ  ژمارەیەکی هەرچی زۆرتر لە سپی پێستەکان دامەزرا. ئەو قسەیەی کە بنتام گوتی واتە  زۆرترین خۆشبەختی بۆ زۆرترین بەشی خەڵک، بۆیەم جار لە ئەمریکا  پیادە کرا. هەلومەرجی ئەوەش ئامادە بوو. بەڵام ئەوە مەیدانی بۆ سەرمایەداریەکی هەوسار پچڕاو خۆش کرد.

ڕاستە کە هەموو خەڵک دەیانتوانی دەوڵەمەند بن و ببنە سەحێب پووڵ وپارە، بەڵام لەبەرئەوەی کە خەڵک توانا و ئیستعدادی جیاوازیان هەیە، لە کردەوەدا ئەو بەرانبەریە پێک نایەت. لە ڕاستی دا بەرابەریی حقوقی هیچ پێوەندیەکی بە بەرانبەری تاکەکان دەگەڵ یەکترەوە نیە. بە زۆرە ملیش ناکرێ بەرانبەریی لە نێوان خەڵکدا لەسەر بناخەی توانا و ئیستعدادەکانیان پێکبێنین.

هەر بۆیە هەندێک زۆر دەوڵەمەن بوون و خەڵكیکی زۆریش لە کۆچبەرانی ئورووپایی کە یەکجار زۆریش بوون، وەدوا کەوتن و لە هەژاری دا مانەوە. ئەوەش پەرەی بەو کێشەو ململانێ یەدا کە لە سەدەی نۆزدەدا هاتەکایەوە.

لە ئینگلیستان بۆرژوازیەکی چاوچنۆک  و بەتەماع  پێگەیبوو. ئەو بۆرژوازیە لەلایەک دەگەڵ دەوڵەت لە شەڕ و ململانێ دابوو و لە لایەکی دیکەشەوە دەگەڵ حەشیمەتێکی زۆر و بەرین لە خەڵکی هەژار و ڕەش وڕووت دەستەو یەخەیە بوو.

بۆرژوازی  لە لایەک  لە ئاخروئۆخری چاخەکانی نێوەڕاست و دەورانی رێنسانس دا، بە تایبەت لە سەدەی حەڤدەدا دەست لە نێودەستی پادشاکان، توانی ئەشڕافیەت تێکبشکێنێ. پاشانیش ناچار بوو پاشاکان تێکبشکێنێ و نیزامی پادشایی مەشروتە یا   جمهوری دامەزرێنێ. لە لایەکی دیکەشەوە دەیدیت کە حەشیمەتێکی زۆر و بەرین لەخەڵک هەن کە لە مەینەتبەشی و هەژاری و نەداری دا دەژین و داوای حەقی خۆیان دەکەن. بۆرژوازی دەبوایە لەبەرانبەر ئەو حەشیمەتە زۆرە هەژار و مەینەت بەشەدا کە داوای مافەکانی خۆی دەکرد، بەرگری لە قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆی کردبا.

بەوجۆرە دەبینین کە ئەو هێزەی لە سەدەکانی پێش سەدەی هەژدەهەم دا لایەنگر و خوازیاری دێموکڕاسی و لیبڕالیزم بوو، بوو بەهێزێکی ئەو تۆ کە بۆ بەرگری لە قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆی و بۆ دژایەتی دەگەڵ  چین و توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکان، دیفاع لە وەزعی مەوجود بکا و پێش بە پرۆسەو ڕەوتی چوونەپێشی دێموکراسی لە کۆمەڵدا بگرێ.

بەڵام وەزع بە جۆرێکە کە بۆرژوازی ناتوانی هەڵبژاردنی ئازاد لەبەین بەرێ. چوونکە مان و مەوجودیەتی خۆی و حەقی خاوەنداریەتی و  رێزو ئیحتڕامی بەدەنیشی بە کارکردی دێموکراسیەوە بەندە. یەکێک لە ئەسڵەگرنگەکانی  لیبڕالیزم و دێموکراسی  کە لە قەڕنی سێزدەهەمەوە لە ئینگلیس دا جێیی گرتبوو و دواتر لە هەموو دونیای پێشکەوتودا بوو بە باو، بریتی بوو لە ڕێز و ئیحترام دانان بۆ بەدەنی ئینسان.

ناکرێ هەروا بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە کەسێک دەزیندان کەی. یان بیکوژی. پێویستە دادگا و قانوونێک هەبێ. قازیەک بڕیار بدا و ئەدڤۆکاتێک واتە موحامیەک هەبێ کە بەرگری بکا. لە بەر ئەوەی ژیان و دارایی و مان و مەوجودیەتی بۆرژوازی بەسترابووەوە بە لەگۆڕێ دابوونی سیستەمێکی قانوونی و دادوەری لەوچەشنە، نەی دەتوانی مافەکانی مرۆڤ بخاتە ژێر پێ. هەرچەند لە چەرخی بیستەم دا بۆرژوازی لە دژایەتی دەگەڵ کۆمۆنیستەکاندا ئەو خەتە سورەشی تێپەڕاند. هەر بۆیە دەبینین بۆرژوازی بەرانبەر هەر چەشنە ڕێفۆڕم و چاکسازیەک ڕادەوەستا. مێژووی سەرەتاکانی قەڕنی نۆزدە  لە ئەمریکاو ئینگلیستان پڕیەتی لە خەبات و تێکۆشانی چین و توێژە زەحمەتکێشەکان بە دژی بۆرژوازی. بۆرژوازیەک کە پێشتر لایەنگری دێموکراسی و لیبڕالیزم بوو.

کۆمۆنی پاریس

ئەودەم فەرانسە گیرۆدەی دەستی ئیمپڕاتۆڕی و پادشا سەرەڕۆکان و ئەشڕافیەت بوو. پاش ناپلێۆن بۆربۆڕنەکان هاتن و هەمان سەرەڕۆیی پێشوویان زیندووکردوە. سەرەنجام خەڵک ڕاپەرین و بنەماڵەی بۆربۆڕنەکانیان لەدەستەڵات خستن وبنەماڵەیەکی خزمی ئەوانیان بە ناوی ئورلیئان هێنانە سەردەستەڵات. بۆڕبۆڕنەکان سەرلەنوێ ئەشرافیەتیان زیندوو کردبۆوە.  بۆرژوازی تازە پێگەیشتوو بۆ سەرکوت و بەربەرەکانی دەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیو، بووبوە هاودەستی ئەشڕافیەت.  لە ساڵی ١٨٤٨ شۆڕشیکی دیکە ڕووی دا و سەرنجام بنەماڵەی ئورلیئانیش لەدەستەڵات کەوت. کەچی زۆری نەکێشا کە برازایەکی ناپلیۆن  کودیتای کرد و بوو بە ئیمپڕاتۆڕ. ناپلێۆنی سێهەم ، کە ماوەی دەستەڵاتەکەی نزیکەی سی ساڵی کێشا، توانی لەو ماوەیەدا سەروەت و سامانێکی زۆر و بێ وێنە بۆ بۆرژوازی فەرانسە  پێکبێنێ. هەر ئەویش بوو دواتر لە شەڕی فەرانسەو پرۆس دا جمهوری سێهەمی دامەزراند.

 گەشەسەندنی ئابووریی فەرانسە لەو سی ساڵەدا بووە هۆی ئەوەی بۆرژوازی هەرچی پتر بکەوێتە دژایەتی و سەرکوتی  کرێکاران وخەڵکی  هەژار و مەینەت بەش. بەو جۆرە خەباتی چینایەتی چین و توێژە هەژارو زەحمەتکێشەکان پەرەی ئەستاند، بەجۆرێک کە لەگەرمەی شەڕی فەرانسە لەگەڵ پرۆس دا، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئاڵمان پاریسیان گەمارۆدابوو، کۆمۆنی پاریس ڕاپەڕی و هێزە موحافەزەکارەکان، بە ڕەزامەندیی لە شکری داگیر کەر کە خۆی کەنار گرتبوو، دەستی دایە سەرکوتی کرێکارەکان و شەڵاڵی خوێنی کردن.  ئەو ڕووداوە بوو بە سەرەتای دەورانێکی تازەی سەدساڵە لە دونیادا کە بە دەورانی شۆڕشی  کلاسیکی ئارمانشەهری و سەندیکالیسم و کۆمۆنی پاریس، واتە لانکەی بزووتنەوە کۆمۆنیستیەکانی دواتر کەفرچکیان  بە سۆسیالیزم و مارکسیزمی ئەڵمانیەوە گرتبوو، دەناسرێتەوە.

 لەو سەد ساڵەدا ئینگلیسیەکان سیاسەتی  پێکهێنانی گۆڕانکاری و رێفۆڕمی پێشکەوتنخوازانە وردەوەردە و لەسەخۆ بەڵام بەردەوامی خۆیان بردەپێش. بەوجۆرە لە بەر ڕووناکایی بیروبۆچوونەکانی بیرمەندانی گەورەی وەک  جان ئیستوارت میل و  ئیدمۆند بێرکەدا، هێندەی دیکەش بناخەکانی فەلسەفەی لیبڕالیزمیان  پتەوکردن.

سەدەی نۆزدەهەم

لە سەدەی نۆزدەدا دوو بلیمەتی گەورەی فەڕانسەییمان هەن کە ڕۆڵێكی بەرچاویان لە بردنە پێشی  لیبڕالیزم و دێموکراسی دا گێڕاوە. یەکێکیان بنیامین کنستانە. ئەوی تریان  دووتوکوێلە. دووتوکوێل بە باوکی کۆمەڵناسی هاوچەرخ دادەنرێ. لێکۆڵینەوەیەکی بێ وێنەی لەسەر دێموکراسی لە ئەمریکادا کردەوە. کتێبێکیشی سەبارەت بە شۆڕش نوسیووە. ئەو کتێبە شاکارێکە سەبارەت بە تیئوری شۆڕشگێرانە. ناوبراو یەکەم کەسە کە ئەو بیردۆزە دێنێتە کایەوە کە دەڵێ  شۆڕش لە ئاکامی چوونەسەری چاوەڕوانیەکانی خەڵکدا  دەست پێدەکات. دەڵێ شۆڕش و ڕاپەڕین کاتێک ڕوودەدەن کە  کۆمەڵگا دەست دەکا بە پێشکەوتن و خەڵک چاوەڕوانیان  دەچێتەسەر و حکومەتیش  ناتوانێ ئەو چاوەڕوانیانە دابین بکات، بۆیە شۆڕش .

سەرهەڵدەدا.

ئەو دووکەسە نوێنەری لیبڕالیزمی فەرانسەیین.   شوێنەواری  بنیامین کنستان لەسەر بیرو ئەندێشەی سیاسی ئەوەیە کە ناوبراو هات جیاوازی لە نێوان ئازادیی ئەرێنی و ئازادیی نەرێنی دا دانا.  وتمان لە لیبڕالیزم دا مەسەلەی بەرپرسایەتی مرۆڤ لە پلەی یەکەم دا دێت. ئینسان بەرپرسە. تێگەیشتن لەوەش زۆر گرنگە. ئەوە لە کردەوەدا زۆر گرنگتریشە تا لە تیئوری دا. ئینسان لە پێش دا بە ئازادی و حەق ناگات. حەق لە بەرپرسایەتیەوە دێ. هەروەک کرێ و حەقدەست پاش کار دێن، ئەوەش وایە. چوونکە بەرپرسایەتی بەبێ حەق نابێ. دوایە بەرپرسایەتی و حەق پێکەوە ئاوێتە دەبن و مەسەلەی ئازادی دێتە پیش.  ئازادی لە پێشدا نایەت. ئازادی بە بەرهەم و ئاکامی بەرپرسایەتی و حەق دەزانرێ. ئاخر مەسەلەکە زۆر سادەیە. ئەگەر ئینسان بەرپرسیەتی لەسەر شان بێ دەبێ  حەقیشی هەبێ. کەواتە دەبێ کەسێکی ئازادیش بێت. ئەو مەسەلە زۆر سادەیە، بەڵام دووهەزار و پێنجسەد ساڵێ کێشا تا بیریی ئینسان بەو ئاستە لە تێگەیشتن گەیشت.

کنستان دەیگوت ئەوەی گرنگ و پڕ بایەخە چۆنیەتیی ئازادیە نەک خودی ئازادی. ئێمە دوو جۆر ئازادیمان هەیە. دیارە پاش خوێندنەوەی ڕۆسۆ بەو ئاکامە گەیبوو. ڕۆسۆ دەڵی ئینسان ئازادە بەڵام لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵدا دەژی حەقی خۆی دەداتە کۆمەڵگا.  لەوەشەوە ئیرادەی گشتی درووست دەبێت. ئەو ئیرادەی گشتیەش سەربەخۆ لە حەقی تاکی ئینسانی کاردەکا. لەخۆڕانیە زۆرن ئەوانەی ڕۆسۆ بە باوکی تۆتالیتاریزمی چەرخی نۆزدەو بیستەم دەزانن. بە گوێرەی نەزەریەی ڕۆسۆ، تاکی ئینسانی  لە نێو شتێکی گشتی دا کە پێی دەگوترێ کۆمەڵ، دەتوێتەوە. کاتی خۆی ڕۆمیەکان دەیان گوت ئینسان مافی ئەوەی هەیە ببێتە کۆیلە و خۆی  بە کەسانی دیکە بفرۆشێ. ڕۆسۆش بە شێوەیەکی مۆدێڕن هەر هەمان شتی دەگوت. ئەو دەی گوت ئینسان مافی ئەوەی هەیە ئیرادەی خۆی تەسلیمی  کۆمەڵگا بکات.

ئازادیی پۆزەتیڤ و ئازادیی نێگەتیڤ

ئەو باس و دیبەیتە سەبارەت بە ئازادی لەسەرەتای چەرخی نۆزدەدا لە فەرانسەدا پەرەی ئەستاند. بنیامین کنستان ئەو تیئوریەی دەوڵەمەندتر کرد و زۆرتری بردە پێش. ئەو وتی ئێمە دوو جۆرە ئازدیمان هەیە.  یەکیان بریتیە لە ئازادی پۆزەتیڤ یانی ئازادی ئەرێنی  و ئەوی دیکەش ئازادی مەنفی یا نێگەتیڤ. ئازادی پۆزەتیڤ یا موسبەت ئەوەیە کە ئینسان هەرچی پێی خۆش بێت وبیەوێ، بتوانێ بیکات و ئەنجامی بدات.  ئەو دەی گوت ئەوە سەرچاوەی دیکتاتۆریە. ئەودەم ئەو هێشتا لەگەڵ تۆتالیتاریسم ئاشنایەتی پەیدا نەکردبوو. هەرچەند ڕۆبسپێر کە بەباوکی تیرۆڕو تۆقاندنی  شۆڕشی فەرانسە دادەنرێ و بە ئاشکرا بەرنامەی دەوڵەتێكی تۆتالیتێری داڕشتبوو،رۆسۆی دەناسی و ئیلهامیشی لەو قسانەی ڕۆسۆ وەرگرتبوو. ڕۆبسپێر بە ناوی ئیرادەی میللی ئەو کارانەی دەکردن. دەی گوت ئەگەر ئینسان هەرچی بیەوێ و هەرچی پێی خۆش بێت، ئەنجامیان بدات سەرەنجام ئاژاوە و بێ سەرەوبەرەیی سەرهەڵدەدا. بۆیە  پێویستە ئیرادەی گشتی هەبێت تا پێش بەوە بگرێ.

بەڵام بنیامین کنستان لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە  ئینسان ناتوانێ هەر کاریک پێی خۆش بێت ئەنجامی بدات، بۆ نموونە ناتوانێ  دەست لە ئازادی خۆی هەڵگرێ. ئەوە ئازادی پۆزەتیڤە و ئازادی نیە. ئەو گوتی ئازادی ڕاستەقینە ئازادی نێگەتیڤ یا ئازادی مەنفیە. مەبەست لە ئازادی مەنفی ئەوەیە مرۆڤ لە ئیجبار و فشار ئازاد بیت. واتە ئازادبێت لەوەی کە ئیختیاری خۆی بداتە دەستی کەسانی دیکە. واتە ئینسان نابێ لە ژیر ئیجبار و فشار و ترس و خۆف و زەبروزەنگ دا بژی.(دیارە دواتە ئەو تیئوریە زۆرتریش چووە پێش و ئەوەشی گرتەوە کە مرۆڤ دەبێ لە ئیحتیاج و دەستتەنگی و نەبوونیش ئازاد بێت) .

ئەو ئازدیەیە کە دەبێ وەدوای کەوین. گەوهەری ئازادیخوازی و لیبڕالیزم و دێموکراسی هاوچەرخیش ئەمڕۆ هەر ئەوەیە.  لە  سەردەمی تازەشدا  ئیزیا بەرلین توانی ئەو نەزەریەیە هێندەی دیکەش دەوڵەمەند بکا و پتری بباتە پێش. دووتوکوێل  لە دێموکراسی لە ئەمریکادا، چۆنیەتی کارکردن و هەڵسوڕانی نیزامێکی دێموکراتیک و ئازادی شیکردەوە. ئەو بایەخ و گرنگی کۆمەڵگای مەدەنی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی  بۆ پاڕاستنی دێموکراسی و پێشگیریی لە سەرەڕۆیی و زیادەڕۆیی دەوڵەت بە پێویستیەکی حەتمی دەزانێ. ئەو لە نوسینەکانی دواتری خۆی دا باسی مەترسیەکانی سەرهەڵدانی پەپولیسم و عەوامگەرایی بە ناوی دێموکراسی هینایە گۆڕ. وەک ئەوەی پێشبینی ئەو وەزعەی کردبێ کە ئەمڕۆ لە دونیادا دەگوزەرێ.

سەدەی بیستەم  و دەوڵەتی ڕەفاه

هەر دیاردەیەک دژەکەی لە خۆی دایە.  دێموکڕاسی و لیىرالیزمیش هەروا.  لیىڕالیزمی غەیرە ڕۆسۆیی کە تا سەدەی نۆزدەهەم بە باشترین شێوە تیئوریزە کرابوو، لەچەرخی بیستەم دا لەگەڵ  حکومەتە تۆتالیتێرە کۆمۆنیستیی و فاشیستیەکان بەرەوروو بوو کە تا ڕادەیەکی زۆر لە هەناوی خۆی دا سەریان هەڵدا بوو.

ئاشنابوونی خەڵک دەگەڵ حەق و ئازادی لە هەموو جێگایەک نابێتە هۆی پێشکەوتن و سەقامگیری وەزعی سیاسی.   سیاسەت لە قەڕنی هەژدەهەم بە دواوە تەکیەی زۆری لەسەر ئازادی کرد و گوێی نەدایە لایەنێکی دیکە مەسەلەکە. ئەویش بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی چین و توێژە زەحمەتکێش و مەینەت بەشەکان. لە ئادام سمیت تەنیا دەستی نادیاری بازاڕی وەرگرت. پێک‌هێنانی هاوسەنگی و باڵانسیشی لە نێوان خواست و خستنە ڕوودا هەر بە بازاڕ سپارد.  ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ناعەداڵەتیەکی گەورە درووست بێ. مەودایەکی زۆر و بەرین لە نێوان چینە دەوڵەمەند و خاوەن سامانەکان لە لایەک و چین و توێژە هەژار و مەینەت بەشەکان لەلایەکی دیکەوە پێکهات.

 ئەگەر لە سەدەکانی پێشوتردا هەژاری و مەینەتبەشی  لە نێو خەڵکدا شتێکی ئاسایی و قابیل قبووڵ بوو، پاش شۆڕشی پیشەشازی و کرانەوەی دونیا بە ڕووی بازرگانی و بازارە جیهانیەکاندا، کە بوو بەهۆی کەڵەکە بوون و کۆبوونەوەی سەروەت و سامانێکی بێ وێنە، ئیدی نەدەکرا هیچی دیکە ئەو بێ عەداڵەتیە و ئەو هەژاری و نەداریە بەرینە قبووڵ بکرێ و پاکانەی بۆ بکرێ.

لە دەیەکانی ئاخر وئۆخری سەدەی نۆزدەدا بیسماڕک لە ئاڵمان لەو گیروگرفتە حاڵی بوو. بۆیە دەستی کرد بە پیادەکردنی سیاسەتێكی بەرینی ڕەفاهی. بەڵام ئەوە بەس نەبوو.  وڵاتەکانی دیکە هیچ هەوڵێکیان لەخۆیان نیشان نەدا تا  لەو بارەوە لاسای ئاڵمان بکەنەوە.

قەیرانی ئابووریی جیهانی لە دەیەی بیستی قەڕنی بیستەم دا ئیدی کۆتایی بە دەورانی  لیىڕالیزمی کلاسیک هێنا.  بەرەبەرە وەزعێک هاتە پێش کە ئامانجی ئازادی، لەبەرانبەر  پێویستی هەوڵدان بۆ ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی هەژار و بێ دەرەتان، ماناو ڕەنگی خۆی لەدەستدا. کۆمۆنیستەکان، فاشیستەکان و سۆسیالیستەکان هەرکامیان بەجۆرێک بنەماکانی ئازادی ولیىرالیزمیان خستنە ژێر پرسیار. ئەوان دەیان گوت ئازادی پەردەیەکە بۆشاردنەوەی ئەو چەوسانەوەیە بەکاردێ کە سەرمایەداری بەسەر خەڵکی دا سەپاندوە.

لەهەل و مەجێکی ئاوادا دێموکراسیی لیبڕاڵ لەبەرانبەر ئەو مەترسی  و ‌هەڕەشانەی لەلایەن  بەرەی ڕاستی خوێنمژ و میلیتاریست لە لایەک و بەرەی چەپی  تۆتالیتێر  لە لایەکی دیکەوە کەوتبوونە سەری، ڕێگایەکی دیکەی، بێجگە لە  گرنگی و بایەخ دان بە  عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، لە پێش دا نەمابووە.

لە سوئید و ئەسکەندیناڤی  سۆسیال دێموکڕاتەکان  گەورەترین چەتری حیمایەتیان بەسەر هەموو خەڵکدا هەڵدا، بەجۆرێک کە بتوانێ ئیمکاناتی ڕەفاهی بۆ هەمووان دابین  و دەستەبەر بکات.   دواتر ئەو ئەزموونە لە زۆر شوێنی دیکەش تاقی کرایەوە و بیست ساڵ دواتر بە پیادەکرانی لە ئینگلیستان دەستەواژەی دەوڵەتی ڕەفاه یا وەک ئێمە لە نۆروێژ دەڵێین velferdsstaten هاتە نێو ئەدەبیاتی سیاسیەوە. بەڵام لەو پێوەندیەدا ئەوە چاکسازیەکانی ڕۆزڤێڵتی دێموکرات لە ئەمریکادا بوون کە گەورەترین ئاڵوگۆڕیان پێکهێنا. ناوبراو کۆمەڵە چاکسازی و رێفۆڕمێکی لە ژێر ناونیشانی نیودیڵ دا پیادە کردن کە گەورەترین کاریگەریان دانا. ئەو توانی سەرتاسەری سیستەمی سەرمایەداریی بێبەندوباری ئەمریکا  تا ڕادەیەک بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵ. هات و بەرنامەیەکی گەورەو بەرینی ڕەفاهی پیادەکرد.

 پاش شەڕ و بەتایبەت دوای شەڕی دووهەمی جیهانی ،دەوڵەتی ڕەفاه، بەرەبەرە لە هەموو ئورووپای ڕۆژئاوادا پیادەکرا. بەو جۆرە پیادەکردنی سیاسەتە ڕەفاهیەکان بەرە بەرە بووە بەشێک لە لیبڕالیزم. لەودەمە بەدواوە لە ئەمریکا، بۆ دژایەتی دەگەڵ چاکسازی، لیىڕاڵ و سۆسیالیست هەر بەیەک مانا بەکار دەبرێن. بە پێچەوانەی ئورووپا و باقی دونیا کە خەڵک جیاوازی لە نێوان موحافەزەکارێکی لیبراڵ لەلایەک و سۆسیالیستێکی لیبڕاڵ لەلاکی دیکەوە دادەنێن.

کۆمەڵگای بەئینساف

لەو بوارەش دا زیادەڕۆێی لە ئەندازە تێپەڕی. لە ئەمریکادا جانسۆن بە پیادەکردنی بەرنامە ڕەفاهیەکانی  کۆمەڵگای نوێ، ئەو(چەترە رەفاهی) یەی هێندە گەورەو بەرین کردەوە، کە لەباری ماڵیەوە وەزعی وڵاتێکی گەورە و بەهێزی وەک ئەمریکای خستبووە بەرمەترسی. لە هەموو شوێنێک خەرج و تێچوون و هەزینەکانی  بردنە پێشی بەرنامەکانی دەوڵەتی ڕەفاهی هێندە قورس کردن و ماڵیاتەکانی هێندە بردنەسەر، کە هەندێک جار کارکردن هیچ قازانجێکی نەبوو. بۆیە زۆر لە خاوەن سەرمایەکان ناچار بوون سەرمایەکانیان بۆ دەرەوە ڕاگوێزن.

لە دەیەکانی ئاخر وئۆخری چەرخی بیستەم دا گەڕانەوە یان پاشگەزبوونەوە لەو سیاسەتە ڕەفاهیانە بەرەبەرە دەستی پێکرد. لە هەموو جێگایەک دەستیان کرد بە تەنگەبەرکردنەوەی چەتری حیمایەتی وسنووردار کردنی دەوڵەتی ڕەفاه. ئاخر لە زۆر جێگا لە ڕاستی دا ئەو دەوڵەتی ڕەفاهە ببوە دەوڵەتێک کە لە بەرمەمکانەوە تا نێوگۆڕ، دەبوایە خەمی خەڵکی خواردباو خۆشگوزەرانی و پێداویستیە مادی و کۆمەڵایەتیەکانی  بۆ دابین کردبان.

ئەوەش باس و خواسێکی زۆری سەبارەت بە مانای عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە. هایکی نەمساوی سەرتاسەری ماناو مەفهومی زاراوەی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دایە بەر پەلامار. ئەو هێرشە بۆسەر عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بە ڕادیکاڵترین بەرپەرچ دانەوە و  دژەهێرشی بەرەی لیىڕاڵ  لە قەڵەم دەدرێ.  هەروەها جان ڕاڵزیش لە ئەمریکا لە ڕوانگەیەکی لیىڕاڵیەوە، لە جیاتی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، مەفهومی کۆمەڵگای بە ئینسافی هێنایە گۆڕ. ئەو گوتی کۆمەڵگا دەبێت  بە ئینساف بێت. بە جۆرێک رێکبخرێ کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا شتێکیان پێ ببرێ. ڕاڵز بەرگری لە بەرنامەکانی دەوڵەتی ڕەفاه دەکات. چوونکە ئەو بەرنامانە پێش لەوەدەگرن کە هەندێک کەس لە کۆمەڵدا بکەونە نێو چاڵی هەژاری و نەداری و مەینەتبەشی  و لەبەر پێیاندا بپلیشێنەوە.

لە پێوەندی دەگەڵ ئینساف دا دەتوانین بڵێین کە ئینساف ئەو ئیمتیازەی بەسەر عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دا هەیە کە لە عەداڵەت دا عونسور تا توخمێکی بەرانبەریی هەیە کە بەدژی خودی بەرابەری و یەکسانی کار دەکات. ئاخر یەکسانی و بەرانبەریی کەسانێک کە ڕۆڵێکی بەرچاو لە بردنەپێشی کۆمەڵگاو بەرهەمهێناندا دەگێڕن دەگەڵ  کەسانێک کە لەوبارەوە نەخشێکی کەمتریان هەیە، عادڵانە نیە.

ئەمڕۆ لیبڕالیزم وەک هەر قوتابخانەیەکی فکری و فەلسەفی دیکە  لەهەوڵی ئەوە دایە خۆی لە کۆت و بەندی ئیدەئۆلۆژی ڕزگار بکات. هەر بۆیە  لیىبڕاڵەکان لە ڕوانگەیەکی پراگماتیستیەوە تێدەکۆشن ئاشتی وباڵانس و هاوسەنگی لە نێوان ئازادیە فەردیەکان و بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی دا پێک بێنن. بۆیە لایەنگری لەوە دەکەن کە دەوڵەت دەست لەکاروباری بازار وەربدات.

ئەمڕۆ کەمن ئەو لیىڕاڵانەی لەسەر ئەو بڕوایە بن کە دەستی نادیاری بازاڕ بتوانێ ئەو هاوسەنگی یە لە کۆمەڵگادا پێک بێنێ، هەلومەجێک پێکبێنێ کە هەمووان حەقی شایستەی خۆیان  پێ بگا، پارێزگاری لە ژینگە بکا، بارودۆخێک پێکبێنێ کە نیازە سەرەتاییەکانی چین و توێژە زەحمەتکێشەکان  بەجۆرێک دەستەبەربکات کە پێویست نەبێ دەوڵەت لەوبارەوە هەنگاو باوێ. بۆیە دەبینین کە ئێستا  دەوڵەتیی کۆمەڵگای بەرپرس، جێگای دەوڵەتی رەفاهی گرتۆتەوە. لێرەدا کە باس لە بەرانبەریی دەکرێ، مەبەست بەرانبەریی لە دابین بوونی هەلی وەک یەک دایە بۆ هەمووان، نەک بەرانبەریی لە دابین بوونی داهات و پاداشی وەک یەک و بەرانبەر بۆ هەمووان.

هاوسەنگی لە نێوان ئازادیی فەرد و بەرپرسیاریەتی کۆمەڵگا

دەکرێ بڵێین باشترین تێگەیشتن و تەعبیر لە دەسەواژەی لیىڕاڵ ئەوەیە کە ئازادی فەرد و بەرپرسایەتی دەوڵەت لە هاوسەنگیەکی ئادام سمیتانەدا پێکەوە دابین بکرێن. ئادام سمیت دووکتێبی پڕ بایەخی لەوبارەوە هەن. بە ناوەکانی  سەروەت و سامانی نەتەوەکان و فەلسەفەی ئەخلاقی.

 ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لیبڕالیزم لە دووسەد ساڵی دوایی پاش ئادام سمیت دا تەنیا دەستی نادیاری بازاری دەدی. ئەو قسەی کە دەڵی لێگەڕێ با خەڵک کار بکەن، بازاڕ بە شێوەیەکی ئاسایی و خودبەخود هاوسەنگی پێک دێنێ. هەموومان دەزانین کە کەڵكی خراپی زۆر لەو بۆچوونە وەرگیراوە و وەردەگیرێ. لەو قەیرانە ماڵی یەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بانکەکان لە دزیەکی ئاشکرادا بە سەدان ملیارد دۆڵاریان هەڵلوشی.  یا لە دەورانی کۆڤید نۆزدەدا،  زۆر بوون ئەو بسزنسانەی لە نۆروێژ، هێندەیان پوڵی خەسارەتی نابەجێ لە دەوڵەت وەرگرتبوو، کە ناف ناچار بوو هەیئەتی تایبەتی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پوڵانەو و سزادانی ئەوانە پێكبێنێ کە تەماع تەنانەت لەوهەل و مەرجە سەختەشدا، بەری چاوی گرتبوون  و دزیان  دەکرد. هەموو ئەوانە وایان کردەوە متمانەیەک بە کارکردی بازار بەتەنیا نەمێنێ. واتە  کارکردی بازاڕ بەتەنیا بەس نیە.

ڕۆڵێ دەوڵەت

بۆیە ڕۆڵی دەوڵەت لە پێکهێنانی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی دا، لە کارکردن و دەخالەتی پێویست بۆ بەرگری کردن لە قازانج و بەرژەوەندیە گشتیەکاندا، لە سەرمایەگوزاریی لەوشوێنانەدا کە بەشی تایبەتی  نایەوێ یا ناتوانێ وەبەرهێنانی تێدابکا، ڕۆڵێکی چارەنوس سازو بڕیاردەرە. بۆنموونە  تادێ لە پێشگیری کردن لە  قۆڕخکاری و مۆنۆپۆلیزم دا، لە پێشگیرکردن لە کێبەڕکێ و ڕەقابەتی بێ ئینسافانەدا، لە بەرگری و پارێزگری کردن لە ماف و قازانجەکانی بەکاربەرانی کاڵاو خزمەتگوزاریەکاندا، بایەخ و گرنگیی ڕۆڵی دەوڵەت پتر و پتر دەردەکەوێ.

ئادام سمیت لە ئەندازە بەدەر بە توانای ئینسانەکان بۆ  ناسین و وەدواکەوتنی قازانجی رووناک بینانە و درێژخایەنی خۆیان خۆش بین بوو. بەڵام ئەو لەهەمان کاتدا پێشی لەسەر ئەوە دادەگرت کە کۆمەڵ بەرانبەر تاکەکانی خۆی بەرپرسیاریەتی لەسەر شانە. لەخۆڕانیە کە ناوبراو لەیەک کاتدا هەم وەک باوکی بازاڕی ئازاد و هەم وەک باوکی دەوڵەتی گەورە دەناسرێت. کۆمەڵگایەک کە هەژاری و نەداری و مەینەتبەشی تێدایە، باش کارناکا و لە کۆتاییدا بە کۆمەڵگایەکی ئەخلاقیش بە حیساب نایە.

ترسێکی تازە

کەچی بەرجەستە بوونی ڕۆڵی دەوڵەت جاریکی دیکە، مەترسی  کۆبوونەوەی دەستەڵات و سانتڕالیزەکردنی حکومەت و گەشەکردنی  سەرەڕۆیی هێناوەتەوە گۆڕێ.

وەزعێک هاتوتە پێش کە هاتنە سەرشەقامی کۆمەڵانی بەرینی خەڵک، کە ئاکامی دەورانی ڕاپەڕینە سیاسیەکان و پێشکەوتنی تکنۆلۆژی ڕاگەیاندنە، دێموکراسی لیبڕاڵی خستۆتە بەرمەترسی و هەڕەشە، بەجۆرێک  کەزیانی پێبکەوێ.

لەو “بازاڕی مەککاران”ە دا خەڵک ئاسانتر شت وەردەگرن. خەڵک نوقمی زانیاریی فەیک و هەواڵ و زبڵە زانیارین.  بۆیە توانا و هێزی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنیان کەم بۆتەوە. لێکدانەوەی سیاسی،جێی خۆی داوە بە گێڕانەوەی هەواڵەکانی هەفتەکانی پێشووی نێو مێدیا کۆنتڕۆڵ کراوەکان.

 ئەمڕۆ دیفاع و بەرگری کردن لە ئازادی ئینسانەکان، لەهەموو کاتێکی دیکە دژوارترە. ئێستا  وەزعێک هاتۆتە پێش کەدەبێ  لەبەرانبەر خۆیاندا بەرگری و پارێزگاریی لە خەڵک بکەی. یانی لە خۆیانیان بپارێزی. ئەو ئازادیە پۆزەتیڤەی بنیامین کونستان باسی لێوە دەکات، هەرگیز لە مێژوودا وەک ئێستا پڕ مەترسی نەبووە. چوونکە لەسەرتاسەری مێژوودا  کۆمەڵانی خەڵک قەت دەستیان هیندە ئاواڵا نەبووە بۆ ئەوەی خۆیان بخەنە نێو چاڵەڕەشەکان

  ماشێنی دێموکراسی دەبێ  بە شێوەیەکی درووست هەڵسوڕێ و لەلایەکی دیکەشەوە دەبێ ئیمکانی دەوڵەت بۆ بەهێز کردن و توانابەخشین بەخەڵک دەکاربکرێ.

هەڵبژاردن، پاڕلەمان ، حیزبەکان و رێکخراو وئەنجومەنەکان،  ڕاگەیەنەکان و دەزگای دادوەری و قەزایی، تەنیا بە  بەشێک لە میکانیزمەکانی دێموکراسی بەحیساب دێن. سالم ڕاگرتنی ئەو میکانیزمانە بە بەشێکی دیکەی دێموکراسی و لە ڕاستی دا بە بەشی هەر زەحمەتی دێموکراسی دادەنرێ.

 پاراستن و دوورراگرتنی هەڵبژاردن لە  نفوزی پوڵ وپارە، پێشگیری کردن لە پەرش و بڵاوی هەڵبژاردن کە پاڕلەمان  فەلەج دەکاو دەی دەکاتە بارمتەی دەستی دەستە و تاقم و گرووپی بچکۆلە بەڵام رێک و پێک کە کاریگەریی حیزبەکان کەم دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە سنووردارکردنی مەیدانی کار و تێکۆشانی وەکیل و موحامیەکان و  کۆسپ سازکردن لەسەر رێی دام و دەزگای قەزایی و دادگوستەری  هەڕەشەیە لەسەر دێموکراسی. یانی پێویستە دەزگای دادوەری بە پێی قانوون سەربەخۆ بێ. مەیدان دان بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی تا بتوانن ڕۆڵی ئەو دەستەو تاقمەکانە کە فشار دێنن و ئیمتیازیان دەوێ، کەم کەنەوە. سەرمایەگوزاریەکی زۆر لە هەموو ئەو مەیدان و بوارانەدا کە  ئیمکان بۆ وەبەریەک کەوتنی بیروڕاکان  پێک دێنن، وەک ئۆکسجین بۆ دێموکراسی پێویستە. سەرمایەگوزاریەکی زۆر  لە هەمووبوارەکانی خوێندن و پەروەردەو فێرکردن دا. پێشگیری کردن لە مۆنۆپۆلیزکردن و قۆرخکردنی  ڕاگەیەنەکان لە لایەن حکومەت و خاوەن سەرمایەو کارگەو کارخانەکان. تەکیەکردن لەسەر پێکهێنانی کۆمسیۆنە سەربەخۆکان کە لە لێوەشاوەترین کەسانی کۆمەڵگا لە بوارەجۆراوجۆرەکاندا، پێک هاتبن، بۆ سەرپەرستی دامودەزگا ستراتیژیکەکان لە جیاتی بە بۆڕوکراتیکتر کردنی دامودەزگا حکومیەکان. هەروەها دابەشکردنی دەستەڵاتی ئیداری لە نێوان ناوچەو جۆراوجۆرەکانی وڵات و پارێزگاو هەرێمە کاندا. ئەوانە پێویستیی دێموکڕاسین

کەمووکەڕیەکانی دێموکراسی لە خودی دێموکراسی دانین. لە کەیفیەت و چۆنیەتی دێموکراسی دان. لە کۆتایی دا ئەوە خەڵکن کە دێموکراسی پێناسە دەکەن. ئەگەر دێموکراسی کارنەکا و زۆرتر لیبڕالیزم  وەک ئازادی پۆزەتیڤ و موسبەت  تێبگەین، گێرەوکێشە کۆمەڵایەتیەکان سەرهەڵدەدەن و زمینەی هاتنەسەرکاری دیکتاتۆری ئامادە دەکەن. ئیدی هەل ومەجێک دێتە پیشێ کە خەڵک دەگەڵ هەندێک دارودەستە دەستەویەخەدەبن کە بە قازانجی خۆیان دەست بەسەر پرۆسەی دێموکراسی و میکانیزمەکانی دێموکراسی دا دەگرن و خەفەیان دەکەن.. وەک ئەوەی لە ئێران دا دەگوزەرێ . لە بارودۆخی ئاوادا خەڵک لە بری گەیشتن بە ئازادی و مافەکانیان، دەکەونە داوی رێژیمە دیکتاتۆریە جۆراوجۆرەکان و تەنانەت دەکەونە چاڵی نهیلیزم و خورافات.

ئەو باسە کاتی خۆی  لە وێبناردا وەک دەرسەوتار  پێشکەش کراوە

سوپاسی زۆرم بۆ زانای خۆشەویست هەیە کە زەحمەتی پیادەکردنی  ئەو باسەی وەئەستۆگرت و لە زۆر بارەوەش ئەوکەمووکوڕیانەی چاک کردوون کەمن هەستم پێنەکردبوون،

ئیبڕاهئم لاجانی

هاوینی ٢٠٢١

ئۆسلۆ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی