لەدواى سەرهەڵدان و دروستبوونى دەوڵەت و نەتەوەوە، بابەتى ژمارەى دانیشتووان و مەترسیى گۆڕینى دیمۆگرافیا، یەکێکە لەو پرسانەى لە تەواوى دونیادا بە بایەخەوە لێى دەڕوانرێت.
تەنانەت ئەو وڵاتانەى خاوەن مێژوویەکى دوورودرێژى تەمەنى حوکمڕانى و دامەزراوەى تۆکمە و سنوور و سەروەریى پارێزراویشن، ئەم بابەتە هەر پرسێکى ستراتیجییە بەلایەنەوە. لە داڕشتنى سیاسەت و بەڕێوەبردنى وڵات، پلانە کورتمەودا و درێژمەوداکانیان رەچاوى دەستەبەربوونى دڵنیایى پاراستنى ناسنامەى نەتەوایەتییان دەکەن.
تێزێکى باویش هەیە دەڵێت، نیشتمان هى ئەو کەسانەیە لەسەرى دەژین، مێژوویش ئەوەى بۆ سەلماندووین زۆر گەل و نەتەوە هەبوون لە بنەڕەتدا خاوەن ئەو جوگرافیا و نیشتمانە نەبوون کە ئێستا لەسەرى دەژین، بەڵام بەهۆى کۆچى میللـەتى خاوەن ماڵ، یاخود بەهۆى کۆچى نەتەوەى هاتوو جا بەهۆى داگیرکارییەوە بووبێت یاخود وەک کۆچ و پەنابەریى، دواجار ناسنامەى ئەو نیشتمانە گۆڕاوە و بووەتە خاکى ئەوانەى لەسەرى دەژین.
بەدیاریکراوى لە دەوروبەرى کوردستان نموونەى بەرجەستەمان زۆرن، بە بیانووى ئایینى ئیسلامەوە عەرەبەکان لە حیجاز و یەمەنەوە بەناوچەکەدا بڵاوبوونەوە و بوونە خاوەن زۆرێک لە نیشتمانى ئەو گەل و نەتەوانەى دیکە کە بە سەتان ساڵ لەوەوبەر لەوێ ژیابوون. تورکەکان وەک عەشیرەتێکى مەغۆل هاتنە ناوچەکە و لەسەر نیشتمانى کورد و ئەرمەن و یۆنانى دەوڵەتێکى نەتەوایەتییان بۆخۆیان بونیادنا.
کوردیش سەربارى ئەوەى بە درێژایى مێژوو قوربانى لەپێناو مانەوە لەسەر نیشتمانەکەى بەخشیوە، بەڵام بە هەردوو دیوەکەى کۆچدا چى ئەوەى رێگەى بە بێگانە دابێت بێتە خاکەکەى نیشتەجێبێت یان خۆى کۆچى کردبێت، جوگرافیاى زۆرى لەدەستداوە. لە باشوورى کوردستان نەک لە مێژوویەکى دورودرێژدا بەڵکو لە مێژووى چەند دەیەیەک بەر لە ئێستا هەندێ ناوچەى کوردستان هەن تاکە ماڵێکى عەرەبى لێنەبوو، بەڵام ئەمڕۆ رەنگە تاک و تەرا ماڵە کوردێکى لێمابێتەوە.
لە زنجیرە چیاى حەمرینەوە بۆ دەشتى نەینەوا، بۆ جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە و خانەقین، بۆ کەرکووک و حەویجە و تا پردێیش، سەدەیەک بەر لە ئێستا چەند بنەماڵە و خێڵێکى عەرەبى کۆچەرى بۆ گامێشەوانى، یا مەڕ لەوەڕاندن دەهاتنە ئەو ناوچەیە، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیان لەو بەشەى جوگرافیاى باشوورى کوردستان لە ژمارەى کورد زیاترە و رۆژ لەدواى رۆژیش هاوکێشەکە بەقازانجى عەرەبەکان دەگۆڕێت.
شانبەشانى بەردەوامیی سیاسەتى تەعریب کە لەلایەن رژێمە یەک لەدواى یەکەکانى حوکمڕانیی عێراقەوە لە دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ پیادە دەکرێت، خەسڵەتى خێڵەکى کۆمەڵگەى عەرەبى لە دروستکردنى خێزان و خستنەوەى نەوەدا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى گۆڕینى دیمۆگرافیاى کوردستان بووە لەو بەشەى جوگرافیاى باشوور کە ئەمڕۆ بە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمی کوردستان ناسراون.
بەدیاریکراوى لە ناوچەیەکى وەک حەویجە سەر بە پارێزگاى کەرکووک، سەرەتا چەند خێڵێکى ناوچەکانى خواروو و نێوەڕاستى عێراق هێندرانە دەشتى بەپیتى حەویجە و وا بۆ نیو سەدە دەچێت عەرەبى دیکەى تەعریبیان بۆ نەهێناوە، بەڵام گەورەبوونى خێزانەکان و زۆر نەوەخستنەوە لە نێویاندا بووەتە هۆکارى ئەوەى ئێستا بە تەنیا ژمارەى عەرەب لەم ناوچەیە شان لە شانى هەموو ژمارەى کورد بدات لە کەرکووک کە مەترسییەکانى هەر ئەوە نەبوون و نین کە بوونە گرێکوێرەى چارەسەرنەبوونى پرسى کورد لە عێراق، بەڵکو بوونەتە سەرچاوەى مەترسى و هەڕەشە لەسەر گۆڕینى دیمۆگرافیاى ئەو نیوەیەى دیکەى کوردستانیش لە هەرێمى کوردستان.
ئەگەر چاوێک بە مێژووى هاتنى عەرەب و قۆناخەکانى پرۆسەى تەعریبدا بگێڕیت، بە ئاسانى ئەوەت بۆ دەسەلمێت کە رێگەدان بە نیشتەجێبوونى خێڵ یا چەند خێزانێکى عەرەب، ئەگەر هیچ نیەت و سیاسەتێکى گۆڕینى دیمۆگرافیاش لە پشتییەوە نەبێت، تەنیا بەهۆى رێژەى ناسرووشتیی گەشەى خێزانەکانیانەوە لە خستنەوەى زۆرى منداڵ بەسە بۆ ئەوەى دواى چەند دەیەیەک هاوکێشەى دانیشتووان لەو شوێنە بگۆڕن. خۆ ئەگەر ئامانج و ستراتیژێکى دوورمەوداش لەپشتى نیشتەجێبونەکەبێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە رێژەى گەشەکردنەکەیان زۆر خێراتر دەبێت.
ئەوەى ئەمڕۆ لە هەرێمى کوردستان دەگوزەرێت دەستپێکى قۆناخێکى پلان بۆ داڕێژراوى دیکەى تەعریبە لە بەرگ و لەژێر ناونیشانێکى دیکەدا. ئەگەر پێشتر و لەو بەشەى باشوورى کوردستان کە ئێستا لە دەرەوەى دەسەڵاتدارێتیی کوردیە، بەڕێوەچوونى پرۆسەى تەعریب لە چوارچێوەى سیاسەتێکى دەوڵەتى و بە زۆر راگواستنى کورد و نیشتەجێکردنى عەرەب بووبێت لە شوێنیان، ئەوەى ئەمڕۆ لەنێو هەرێمی کوردستان روودەدات، هەرچەندە دەوڵەتى عێراق بە مەبەست لە رێگەى بانکەکانەوە پارەیان دەداتێ بۆ کڕێنى موڵک و ماڵى کورد، بەڵام تەعریبێکى ئارەزوومەندانەیە، بەڵام دەرئەنجامەکانى بۆ کورد لە قۆناخەکانى رابردووى تەعریب مەترسیدارترن، چونکە لە پێشووتردا ئەو عەرەبەى هێندرابووە ناوچەکە دەیزانى لەسەر ماڵ و زەویوزارى کورد نیشتەجێکراوە، بەڵام ئەوەى ئەمڕۆ بەهۆى کڕینى موڵک و ماڵەکەوە بووە بە خاوەنى راستەقینەى. بۆیە ئەگەر پێشتر کورد هیوایەکى هەبوو رۆژگارێک دێت ئەو ستەمەى لەسەر نامێنێت و ماف بۆ خاوەنەکەى دەگەڕێتەوە، لێرەدا کورد خۆى مافى خاوەندارێتییەکەى فرۆشتووە.
ئەو ئامار و داتایانەى لەو بارەوە بڵاو دەکرێنەوە کە زیاتر لە یەک ملیۆن عەرەب لە هەرێمى کوردستان موڵکى کڕیوە و رێژەیان گەیشتووەتە زیاتر لە چارەکى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان، جێى هەڵوەستە و راچڵەکینە بۆ کەسانێک ئەگەر دەربەستى ئایندەى کوردستان و ناسنامەى نەتەوایەتى ئەم جوگرافیایەبن، چونکە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا رێژەى گەشەى خێزان لەناو عەرەب بە بەراورد بە خێزانى کورد قابیل بە بەراورد کردن نییە. گەنجى عەرەب وەک پابەندێتییەک بە کولتوور و دابونەریتى خێڵەکى و لەهەمانکاتدا وەک پابەندێتى ئایینی، لە تەمەنى زۆر لاوێتیدا ژن دەهێنن، بەشى زۆریان زیاتر لە یەک ژن و تا چوار و زیاتریش بەبەشێک لە رەسەنایەتى بۆ خۆیان وێنا دەکەن. ژمارەى ئەندامى هەر خێزانێکیان دەگاتە چەند دەیەیەک، پێچەوانەى خێزانى کورد کە تا دێت بچووک دەبێتەوە.
گەرچى نوقڵانەیەکى خراپە، بەڵام راستیەکەو دەبێت بگوترێت ئەگەر تەنها ئەو عەرەبانەى ئێستا لە هەرێمى کوردستانن و هیچ عەرەبێکى دیکە روو نەکاتە هەرێمی کوردستان، پاش چەند دەیەیەکى دیکە ئەم رێژە عەرەبە ژمارەیان بۆ چەندین جار لە ئێستا زیاتر بەرزدەبێتەوە، زۆر ناخایێنێت و هەر لە تەمەنى ئەم نەوەیەى ئێستادا دەیبینین کە کورد لەم بەشەى جوگرافیاى باشوور کە پێى دەگوترێت هەرێمى کوردستان، دەبێتە کەمینە.
هەرچەندە لێرەدا نامەوێ بچمە بنج و بناوانى کێشەى فەلەستین و ئیسرائیل، ماف بە خۆیشم نادەم داوەرى ئەوە بکەم کامیان مافى خاوەندارێتییان زیاترە بەسەر ئەو خاکەوە کە لەسەرى ناکۆکن، بەڵام دەمەوێ ئەو راستییە بڵێم یەکێک لەو هۆکارانەى ئەمڕۆ عەرەبەکانى فەلەستین پێیگەیشتوون بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە رۆژگارێک لە بەرانبەر بڕێک پارە زەوى و ماڵ و موڵکى خۆیان فرۆشت بە جووەکان. بۆیە وابڕوات لە مێژووشدا دەنووسرێت کوردەکان خۆیان نیشتمانەکەیان فرۆشت بە عەرەبەکان.
سەرچاوە: روداو
بابەتی پەیوەندی دار، کورد کاناڵ
گۆڕینی دێموگرافیی کوردستان