رۆژی (13/1/2024) له ستۆکهۆڵم کۆڕێ بۆ ناساندن و گفتوگۆ و فرۆشتنی کتێبی {(سێبه‌ری قه‌له‌به‌رد) به پێنووسی به‌ڕێز مه‌له‌که مسته‌فاسوڵتانی} له لایه‌ن خودی نووسه‌ر و به‌ڕێزان (ئارێز محه‌ممه‌دی و ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌ندری) به‌ڕێوه برا.
به‌رنامه‌که به کامێرای ته‌له‌ڤیزیۆنی وێنه ئه‌گیرا و جاروبار لاپه‌ڕه‌یه‌کی گرنگی کتێبه‌که له سه‌ر دیواری ساڵۆنه‌که پیشان ئه‌درا و بۆ به‌شدارانی کۆڕه‌که شی ئه‌کراوه که باسی چی ئه‌کات. یه‌کێ له‌و نموونانه که پیشاندرا ئه‌و چه‌ن دێڕه‌ی خواره‌وه بوو:
{(گوڵێ: ئه‌گه‌ر توانیبات ئه‌و چه‌شنه‌ی خۆت گه‌ره‌کته بڕیار بده‌ی؟)
(به‌یان: ئه‌گه‌ر خۆم رێک ئه‌و چه‌شنه‌ی ویستبام بڕیارم دایه؟ به‌ر له هه‌موو شتێک پێویست نه‌بوو ئه‌و خه‌ڵکه ببنه پێشمه‌رگه و مافی هه‌بوونی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، ده‌بوو روون و ئاشکرا بێت. ره‌نگ بوو ئێمه وه‌ک مناڵ خۆشمان ڕابواردایه، به‌ڵام له‌وانه‌یه بۆ گه‌وره‌کان وا نه‌بێ. زۆر که‌س گیانیان به‌خت کرد. که‌سانێکی زۆریش بۆ باقی ژیانیان تووشی برینداری و شتی ناخۆش هاتن. ئه‌مه ئه‌م شتانه‌یه که ئه‌گه‌ر بمتوانیایه ده‌مگۆڕێن. ده‌بو هه‌ر وڵاتێک مافی سه‌ربه‌خۆیی هه‌بێ و پێویست نه‌کا بۆ خه‌بات ڕوو بکه‌یته شاخ. له‌و شتانه‌ی که پێم‌خۆش بوو بیگۆڕم، ئه‌وه بوو ئێستا ئێمه‌یش وڵاتی خۆمان هه‌بێ). ل(444)
ئه‌و وتووێژه رۆژی (3/8/2002) ئه‌نجامداروه. با بیر له وه‌ڵامه‌که‌ی به‌یان که‌ینه‌وه
به‌یان، له ئوردووگای (مالومه) و (زڕگوێز) که هی (حیزبی کومونیستی ئێران) و (رێکخراوه‌ی کوردستانی ئه‌و حیزبه)بوو، ژیاوه. له‌وێ پێشمه‌رگه‌ی بینیوه! جا مناڵێکی شه‌ش ساڵه چی له کاروبار و بیروباوه‌ڕی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی پێشمه‌رگه و به‌سه‌رهاتی ژیانیان وه‌ک (رووکردنه شاخ بۆ خه‌بات) – (گیان به‌ختکردن) و (برینداری) زانیوه تا به‌و جۆره وه‌ڵام باته‌وه.
سه‌رچاوه‌ی ئه‌و وه‌ڵامه:
له خانه‌واده‌ی خۆیان و دۆست و ئاشناکانیان له سوئد که پێشتر پێشمه‌رگه بوون، ئه‌و جۆره باسانه‌ی به‌ر گوێ که‌وته و له وتووێژه‌دا (دووباره‌ی) کرده‌تۆ، ئه‌وه‌یش له کاتێکدایه که ئه‌و قسانه‌ی به‌یان وه‌ک: {(وڵات) و (مافی سه‌ربه‌خۆیی)…} له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی سیاسی {(رابه‌ران و (پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌و ئوردووگایانه} زۆر جیاوازه!
به‌یان، به‌یانی شه‌فێعی (6) ساڵ له ئوردووگا و (11) ساڵیش له سوید ژیاوه تا بووه به (17) ساڵ که ده‌ورانی مناڵی هه‌ر که‌سێکه و پێویسته له ناوی ژیانی راسته‌قینه‌ی خۆ‌یا بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌که‌وێته ناو که‌شوهه‌وایه‌کی (ده‌سکردی سیاسی) و چه‌ن ساڵ له‌و باره دژواره‌دا ئه‌ژی، پاشان خۆی ده‌رباز ئه‌کا و له دایک و خزم‌و که‌سی دووره په‌رێز ئه‌بێت. له‌و پرۆسه‌دا له‌بری ئه‌وه‌ی له‌وه بکۆڵنه‌وه بۆچ ژیانی ته‌نیایی هه‌ڵبژراده و له دایک و خزموکه‌سی بێزاره، باسی ناموسی بۆ ئێننه پێشه‌وه. ئه‌و (که‌شوهه‌وا سیاسییه ده‌سکرده‌یش) ئه‌ونده گرنگه نه‌ک هه‌ر ئه‌بێ له کتێبی (سێبه‌ری قه‌له‌به‌رد)دا بنووسرێ، به‌ڵکو ئه‌بێ له سه‌ر دیواری ساڵۆنه‌کانیش پیشان بدرێت تا هه‌مووان بزانن و به‌یانیش له (بێکه‌سیا) خۆیی بکوژێت!!
*
با له‌و چه‌ن دێڕه‌یش که هه‌ر پێوه‌ندی به (به‌یان)ه‌وه هه‌یه، بڕوانین:
{به‌یان له‌و سه‌فه‌ره‌دا به‌ده‌ماخ نه‌بوو. ئه‌و زیاتر له مانگێ له‌وێ ماوه و له‌گه‌ڵ عه‌به ده‌ردی دڵی کردبوو. باسی ئه‌وه‌ی کردبوو که به‌شێکی به‌رچاو له خه‌ڵک، زۆرتر وه‌ک کچی دوکتور جه‌عفه‌ر و مه‌له‌که چاو له‌و ده‌که‌ن نه‌ک وه‌ک که‌سایه‌تیی خۆی. رۆژی ته‌واوبوونی مه‌ده‌ره‌سه‌که‌ی، یه‌کێک له هاوڕێیانی ئێمه که هاتبووه ئه‌وێ، دوای دیتنی به‌یان که‌وتبووی بیری دوکتور جه‌عه‌فه‌ر ده‌ستی کردبوو به گریان. به‌یان ده‌یگوت ئه‌و که‌سه بیره‌وه‌ری له باوکم هه‌یه و هیچ شتێکی له‌گه‌ڵ من نییه و به‌و ره‌فتاره‌ی،خۆشترین ڕۆژی ژیانی منی خراپ کرد. ل(368)
ئه‌و باسه‌ی به‌یان (باسی) گشتمانه!
ئه‌گه‌ر تۆزێ له کۆمه‌ڵگای خۆمان بڕوانین هه‌ست به‌و باسه ئه‌که‌ین. هه‌موومان ئه‌وه‌مان بیسته یان هه‌ر خۆیشمان به زمانی خۆمان فه‌رموومانه: (ئه‌وه کوڕی فڵانه که‌سه.)- (ئه‌وه کچی فڵانه که‌سه.). جاروبار بۆ سووکایه‌تی به که‌سێکیش، وتوومانه: ئه‌وه (کچی فلانه که‌سه!)- (ئه‌وه کۆڕه‌که‌ی فڵانه که‌سه!)- (ئه‌وه باوکی فڵانه که‌سه و دایکی فڵانه که‌سه!).
با هه‌ر له بواری دیاریکردنی که‌سایه‌تی که‌سه‌کان له‌و چه‌ن نموونه‌یش بڕوانین:
(ئێمه ناو و شۆره‌تی ژماره‌یه‌ک له هاوڕێیانی فارس زمانمان هه‌رگیز نه‌زانی. ل(286)
(فارس زمان) نادروسته! (فارس) دروسته‌که‌یه‌تی! بۆ ئه‌و باسه ئه‌توانین تماشای لاپه‌ڕه {(1289) فرهنگ فارسی دکتر محمد معین- جلد شش} بکه‌ین.
{ناهید محه‌مه‌دیش یادنامه‌ی گوڵڕێزی خوێنده‌وه هه‌روه‌ها خانمێکی خه‌ڵکی بێساران، ژیاننامه‌ی دوکتور فه‌تحوڵڵای خوێنده‌وه. ل(112)}.
{خانمێکی ده‌روونناسی تایبه‌ت به منداڵان تا ماوه‌یه‌ک به‌رده‌وام به‌یانی ده‌دی. له‌م دیدارانه تا راده‌یه‌ک باش بوو. ل (354)}.
{زه‌نگم بۆ لێدا و سه‌باره‌ت به به‌یان قسه‌م له‌گه‌ڵ کرد. خانمێک بوو که به مێره‌بانی گوێی بۆ راگرتم. ل (402)}.
{هه‌موو به‌یانییان زوو وه‌ک سه‌ربازخانه ده‌بوو هستین و ته‌خت و جیگاکانمان رێک وپێک بکه‌ین. ئه‌گه‌ر ته‌ختی خه‌وه‌که‌مان تۆزێک ناڕێک بووایه، به‌رپرسه‌که‌مان که خانمێکی گه‌ڕاوه بوو، قسه‌ی ناشیرینی ده‌کرد. ئه‌م ژنه زۆر جار به سه‌رماندا ده‌یگوڕاند و به ئێمه که 16، 17 ساڵمان ته‌مه‌ن بوو، پێی ده‌گوتین ترشاو و گه‌نیو! ل(60)}.
{(ئای له‌و خانمه چ خانمێک بووه!) سه‌عی}.
تێکڕای ئه‌و وشانه واته وشه‌ی(خانم) له باری ده‌ستووری زمان و باری کۆمه‌ڵاته‌یش هه‌ڵه‌ن و ئه‌بوو (ژن) به‌کار ببراێت.
(ژن) پله‌ی که‌سایه‌تی ده‌سته‌یه‌ک له ئینسانه وه‌ک (پیاو). به‌ڵام خانم به‌و جۆره نییه.
23/2/2024
سه‌عی سه‌قزی
sai.saqzi@gmail.com