"an independent online kurdish website

وەک لە بەشی دووهەمدا باس کرا، رۆژی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٦٩، پاش شەڕێکی یەک رۆژە لە بەرزاییەکانی کوڕەی میانەی مەریوان، عەبە رەش جوانڕۆیی لە گەڵ پێشمەرگەیەک بە ناوی بەختیار مرادیان شەهید بوون.

  ئێستاش کە ئەم بیرەوەرییە دەنووسمەوە، قورسایی لە دەستدانی شێرە کوڕەکەی جوانڕۆ لە سەر رۆحم هەست پێ ئەکەم. پاش بە خاکسپاردنی شەهیدەکان، دەبوو وردە وردە کوڕەی میانە بە جێ بێڵین. زۆر قورس بوو باوەڕ بێنم کە  کوڕەی میان بە بێ عەبە رەش بە جێ دێڵین. لە بەر خۆمەوە دەمگووت، خەبات بۆ رزگاریی گەل و نیشتمان ئەم جۆرە نرخەشی دەوێ. بڵام کەمێک دواتر دڵتەنگییەکی تەواو دایدەگرتمەوە. ئاخر عەبە رەش، جگە لە ئازایەتییکەی، بروا ناکەم هیچ پێشمەرگە و کادرێک هەبا خۆشی نەویستبا. ئەو وەک دەریا مەند بوو، لە گەڵ ئەوەی کاتێ شەپۆلی دابا، دەیان رووبار و جۆگەلەی دەخستە ژێر سیبەری خۆیەوە، کە چی زۆر ئارام و لە سەرەخۆ، خوێنشیرین و خاوەن ریز بوو. زۆر سەخت بوو کە باوەڕ بکەم  ئەومان لە گەڵ نییە و بە بێ ئەو، شاخەکە بە جێ دێڵین. هەر چۆنێک بێ، درێژەمان بە رۆیشتن دا. 

کاتێ لە کوڕەی میانە دابەزین، بە سەر جادەیەکدا تێپەڕین و کردمانە ئەو بەر. وتیان با فانەکەس دوانەفەر بێ. ئەوانەی ئەو کارەیان کردوە دەزانن لە دواوەی هیز رۆیشتن زۆر ناخۆشە. کە بە رێگا دەڕۆیشتین، هەستم دەکرد سروشت ئەوەندە بێ دەنگ بوو کە دەتگووت بێدەنگییەکی موتلەق لەو ناوچە حاکمە. ماندوو بوین، بەدەوام ئەوەی لە کورەی میانە رووی دابوو، لە هەر درزێکەوە کە بۆی بگونجا، خۆی دەخزاندە نێو مێشک و بەر چاوم. دەکەوتمەوە بیری ئەوکاتانەی لە قەسڵان بەرەو دۆڵی دەرە بە رێکەوتین. هەموو ئەو کاتانەی کە بە ناوچەکانی سەلاسی باوەجانیدا و بەو گەرما و بێئاوییەی کە بە یەکەوە تێپەڕمان کرد. ئەو کاتەی لە رۆژی یەکەمی شەرەکە، لە گەڵ عەبە رەش، دۆڵی ئاوی مەتارەکانمان دا بە هاوڕێکانمان و لە گەرمەی شەڕەکەدا گەڕاینەوە بۆ نێو چۆمەکەی زمکان و ئاومان هێنا. دڵتەنگی تا دەهات زیاتر خۆی بە سەرمدا زاڵ دەکرد و بەردەوام لە گەڵ فەرماندەکەم بووم. لە ناکاو وتیان لێرە دەمێنینەوە. چەندە کات بە خێرایی تیپەڕ بوو؟ من هێشتا لە گەڵ عەبە رەش تازە بە تازەیی ئاومان هێنا بوو کە وتیان لێرە دەمێنینەوە. چۆن دەبێ، چەند خولەک لەوەوبەر لە دۆڵی درە لە گەڵ فەرماندە بوێرەکەی جوانڕۆ بووم، کە چی ئێستا لە دارستانێکی چڕ و پڕ لە نیزیک قژاکان لە ناوچەی مەریوان بۆ پشوودان دەمێنمەوە؟ ئای کە ئەو شەوە زۆر کورت بوو، دەمهەویست تا رۆژ بێتەوە هێز لە رۆیشتن نەوەستایە، بۆ ئەوەی لانیکەم رۆژی یەکەمی شەرەکەی دۆڵی دەرە لە گەڵ عەبە رەش تێپەڕ بکەم.

ئەرکی دیدەبانیی و نیگابانیی دیاریی کرا و هەر یەکەو کیسەخەوی خۆی راخست و بۆی خەوتین. سبەینێ کە رۆژ بوەوە و لە خەو هەستاین، دەتگووت ئەو شەوە بەنج کرابووم. من هەر لە منداڵیەوە راهاتبوون کە بەرگەی ماندووی فیزیکی بگرم. بۆیە کەم جار هەبوە ئەودنە ماندوو بم کە ئاگام لە دەوروبەرم نەبێ. بڵام بە راستی رۆحم ماندوو بوو. هێشتا زۆر کەس خواردنی بەیانی نەخواردبوو کە دیدەبانەکان ئاگاداریان کردینەوە کە هێزەکانی رێژیم بەرەو بەرزاییەکانی دەوروبەرمان لە پێشرەویی دان. بۆ  رووبەڕووبوونەوەی هێزی داگیرکەر،  سازماندەیی پێشمەرگەکان درا. تیمێکی پێنج کەسی کە پێم وایە، جگە لە یەک پێشمەرگە نەبێ، هەموومان پێشمەرگەی هێزی بێستوون لە مەڵبەندی ٣ بووین، ئەرکی پاراستنی ئەو دۆلەمان پێ سپێردرا کە شەوەکەی لەوێوە سەرکەوتبووین. گوومانی زۆر دەگرا لەوێوە جاش و پاسداراەکان بەرەو بەرزاییەکان سەرکەون . شەڕ لە بەرزاییەکان دەستی پی کرد و ئێمەش لە دۆلەکە کەمینمان دانابوو. رێژیم ئاگاداری ئەوە بوو کە دوو هیزی حیزبی دیمۆکرات بە یەکەوەن، بۆیە زیاتر بە تۆپبارانی پێشمەرگەکان و لە دوورەوە بە قەناس دەیهەویست زەربە لە پێشمەرگە بدات. لە خوارەوەی ئێمەوە، بە کاتیوشا بەرزاییەکان و ئەو شوێنانەی ئاورباران دەکرد کە پێشمەرگەی پیوە بوون. کاتیوشابارانەکە بە حەدێک چڕ و پڕ بوو، دەتگووت شەڕی دوو ولاتە.  هەر کە کات دەڕۆیشت، بەو پێیەش پێشمەرگەکان، بەرزاییەکانیان لە دەستی هێزە زۆرەکەی رێژیمی ئاخوندەکان دەردەهێنا و باڵا دەستی خۆیان بە سەر ئەوێدا مسۆگەر دەکرد. تا کۆتایی رۆژ، دەیان جار رێژیم، بە پشتیوانی تۆپ و کاتیوشابارانی خەست، هەوڵیان دا بەرازییەکان بگرنەوە، بڵام هەر جارەوە بە دانی کوشتەو بریندارەوە ناچار دەکران بگەڕێنەوە بۆ جێگاکانی خۆیان.

چەند جارێک، کاتیوشابارانەکەی تا پەنجا میتری ئێمە کە لە دۆلەکە دا بووین نزم دەکردەوە و ئێمەش پێمان وابوو، ئەوە بۆ ئەوەیە کە پاش ئاوربارانەکە، لەوێشەوە هێزەکانی دوژمن بیهەوێ سەر کەوێ. بلام ئەوە رووی نەدا.  خەریک بوو خۆر ئاوا دەبوو، ئاگادار کراین بگەڕێینەوە بۆ لای هێز و مەڵبەند. بە داخەوە لە کۆتاییەکانی رۆژدا، ئاگادار بووین کە دوو شەهیدمان هەبوە. هەر دووکیان لە هاوڕێیانی هیزی زاگرۆس و مەڵبەندی ١ بوون. ناوەکانی ئەو دوو شەهیدە بریتی بوون لە: کەریم پێرباخی و کەماڵ خۆشنەواز. کەریم پیرباخی پلەی سەرپەلی هەبوو، لە دەستدانی سەرپەلێک و ئەویش کەریم پیرباخی خەڵکی نییەری مەکۆی ئازایخوازانی رۆژهەڵاتی نێشتمان، لە دەستدانی عەبە رەش جوانڕۆیی ئەوەندەی دیکە قورستر کرد.

ئێمە کە گەمارۆیەکی چوار رۆژەمان لە دۆڵی دەرە و ناوچەی سەلاسی باوەجانی تێک شکاندبوو، ئێستا دوو رۆژی تەواویش بەرنگاری هێزی زۆری رێژیم لە ناوچەکانی مەریوان بووبووینەوە، ئەمەش ئەوە نەبوو کە رێژیم چاوەنواڕی دەکرد و لە باری سیاسییەوە بۆ رێژیم گران تەواو دەبوو. جگە لەمەش، بارودۆخی بزووتنەوەی کورد لە باشووڕ زۆر نالەبار بوو و ئێمە ئەوەی دەمانکرد، بەشێکی بۆ پاراستنی ورەی شۆڕش بوو لەو پارچەیەی نیشتمان. راستە کە رێژیم زیانی زۆری گیانی هەبوو، بڵام لایەنە مەعنەوەییەکەی زیاتر جێگای سرنج بوو. وێرای ئەمانەش، لە دەستدانی دوو لە فەرماندەرانی دیکەمان، زۆر بە ژان بوو و قورسایی خۆی بە سەرمانەوە دانابوو.  پاش بە خاکسپاردنی شەهیدەکان، بەرەو بۆڕیەر کەوتینە رێ.  بە راستی پێشمەرگەکان پاش دوو رۆژ شەڕ، هەم ماندوو بوون و هەمیش گرانی لە دەستدانی دوو لە فەرماندەکانمان بە روخسارمانەوە دیار بوو. پاش چەند کاتژمێر، گەیشتینە بۆڕیەر و لە نێو دارستانێکدا ماینەوە.

بۆ رۆژەکەی، کۆبوونەوەیەک بۆ کادر و پێشمەرگەکان گیرا، کە تێیدا کاک مەنسور فەتاحی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی مەڵبەندی یەک، باسێکی لە سەر شەڕەکان کرد. ناوبراو باسی لەەوە کرد کە راستە لە دەستدانی ٤ پێشمەرگە زیانێکی زۆرە، بڵام رێژیم زۆر حیسابی لە سەر کردوە، بە جۆرێک کاربەدەستە ئیدارییەکانی مەریوان بۆ خۆیان لە نیزیکەوە چاودیری بارودۆخی شەڕەکەیان کردوە و هەموو هەوڵی رێژیم ئەوە بوە کە ئەو شەڕانە دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبێ. بڵام دوو رۆژی تەواو شەڕ و ئەویش بەو قورسییە، خەڵکی ناوچەکەی لە بارودۆخکە ئاگادار کردۆتەوە و ویستی رێژیمی لە مەڕ سەرپۆشدانان لە سەر بوونی پێشمەرگە، ئەویش بەو هیزەوە، پووچەڵ کردۆتەوە. لە بەشێکی دیکەی باسەکانی دا، کاک مەنسور باسی ئەوەی کرد کە ئەو شەرانە دەنگدانەوەی زۆری لە نێو خەڵکدا هەبوە و ئەوەی کە رێژیم رایگەیاندبوو کە شۆڕش نەماوە و حیزبی دیمۆکرات توانای جموجۆڵی نەماوە، پێجەوانەکەی بۆ خەڵک و رێژیم دەرکەتوە. دەمزانی کە ئەوەی کاک مەنسور باسی دەکات راستە و گرینگە، بلام ئەوەشم دەزانی کە بۆ رەوانەی قورسایی لە دەستدانی ئەو پێشمەرگانەیە، بە تایبەتی عەبە رەش و کەریم پیر باخی.

پاش دوو رۆژ شەڕ و ماندوویەتی، هێز و مەڵبەند پێویستیان بە پشوویەک هەبوو. بڕیاردرا بچین بۆ کۆساڵان. بۆ ئەوەی مەسیرەکە لە دوژمن تێک بدەین، تیمێکی پێنج کەسی دیاری کرا کە بە پێچەوانەی رۆیشتنی هێز و مەڵبەندەوە بچن و هێرش بکەنە سەر پایگایەک کە لە رۆژهەڵاتی بۆڕیەر هەڵکەوتبوو. تیمەکە بریتی بوو لە دوو پێشمەرگەی هێزی زاگرۆس بە ناوەکانی عەسعەد مقدەسی کە ئەو کات سەرپەل بوو و فەرماندەیی تیمەکەی لە ئەستۆ بوو، و سەڵاح قادری و سێ پێشمەرگەی هیزی بێستوون کە بریتی بووین لە، من و دوو پێشمەرگەی دیکە بە ناوەکانی خاڵۆ ح.ر و ع.ن.

کە خۆر ئاوا بوو، تیمەکەی ئێمە کەوتینە رێ و هیز و مەڵبەندیش دەستیان کرد بە رۆیشتن. هەوا تاریک داهات، گەیشتینە شوێنێک کە دەبوو لە رێگایەکی خۆڵییەوە بە نیوان دوو بەرزاییدا تێپەڕ بین. جێگاکە زۆر لە بار بوو بۆ ئەوەی بکرێ کەمینی لێ دانەیتەوە. بە جۆرێک ئەوانەی کە دەکەوتنە نێو کەمینەکە، زەحمەت بوو بە زیندووی دەرباز بن. دەکرا رێگاکە نیو کاتژمێرێک درێژ کەینەوە و ئەو مەترسییە قبووڵ نەکەین. بڵام زۆر جار، ماندوویەتی قسەی کۆتایی دەکات، بۆیە بڕیارمان دا بە رێگا مەترسیدارەکە دا تێپەڕین. ئەسعەد کە بۆ خۆی خەڵکی ناوچەکە بوو، شارەزایی بست بە بستی ئەوێ بوو و دەیزانی شوێنێکی مەترسیدارە. من و ئەسعەد لە پێشەوە رۆیشتین و هەر یەکەمان رووی چەکەکانمان بۆ لایەکی رێگاکە راگرت. ئەو سێ پێشمەرگەکەشمان کە یەکێکیان ئارپیجی پێ بوو، چەند میترێک دوورتر لە ئێمە حەرەکەتیان دەکرد. لەوێ تێپەڕێن بێ ئەوەی هیچ روو بدات. دەوروبەری کاتژمێر ٩ی ئێوارە بوو، گەیشتینە ماڵەباخێک کە عەسعەد دەیانی ناسی و تەنها ژن و پیاوێکی تێدا بوو. هەر ئەو شەوە، مریشکێکیان بۆ سەربڕین و خواردنێکیان بۆ ئامادە کردین.  لە مێژ بوو خواردنێکی ئەوتۆمان نەخواردبوو. جگە لە خاڵۆ ح. ڕ، ئەوانی دیکەمان تەمەنمان لە دەوروبەری ٢٠ ساڵی دا بوو. بۆیە ئەوەی کە خواردنێکی بەو جۆرە کە بە دەستی ئەو خاوەن ماڵە دروست دەکرا، دەمانی خستەوە یادی دایک و باوکی خۆمان. ئاخر ئەوەندە بە سۆزەوە پێشوازیمان لێ دەکرا، هەر زوو هەستتت دەچووەوە بۆ لای دایک و باوکی خۆت. مرۆڤ کە بڕیاری دا لە پێناوی رزگاری و ئازادی گەل و نیشتمان دا خەبات بکات، ئەم جۆرە هەستانەش دین و دەچن بە مێشکیدا و ئەم جۆرە رووداوانەش دەبینێ.

پاش ئەوەی نانمان خوارد، رۆیشتین و لە ماڵەباخێکی دیکە ماینەوە. سبەینێ کە خەبەرمان بوەوە، ئەوەی کە بۆ ئێمە پێشمەرگەکانی هیزی بێستوون، جێگای سرنج بوو، ئەوە بوو کە، خەڵکی دەهاتن و بۆ میوانی بانگهێشتیان دەکردین. یەک دەیگووت بۆ نانی نیوەڕۆ لە ماڵی ئێمە دەبن، یەک دەیگووت بۆ ئیوارەکەی لای ئێمە بن. بە راستی ئەو خزمەتەی کە خەڵکی بۆڕیەر دەیانکرد، ناتوانی بە وشە باسی بکەیت. چوونکە هەموو وشەکان لە ئاستی بوێری، کوردپەروەریی و پێشمەرگە دۆستی ئەواندا کرچ و کاڵە. ئەو رۆژە کە خۆرئاوا بوو، بە پێی پلان، دەبوو هیرش بکەینە سەر پایگاکە. رۆیشتین و لە پایگاکە نیزیک بووینەوە. یەکەم ئارپیجی بە جوانی پایگاکەی پێکا بە جۆرێک تا چەند خولەک، ئەفرادی نێو پایگاکە نەیانتوانی دەست بکەنەوە. ئەوانی دیکەشمان بۆ ماوەی چەند خوولەکێک ئاوربارانی پایگاکەمان کرد. دوای ئەوەی کە کاری هێرشەکەمان تەواو کرد، بەرەو ناو باخەکان گەراینەوە.

درێژەی هەیە

بابەتی پەیوەندی دار

پاش تێکشکاندی گەمارۆ ٤ رۆژەکەی دوژمن، درێژەی، لە بیرەوەری پێشمەرگەیەکدا، بەشی دووهەم، عەزیم ئەلیاسی

پاش تێکشکاندی گەمارۆ 4 رۆژەکەی دوژمن, درێژەی، لە بیرەوەری پێشمەرگەیەکدا, بەشی یەکەم، عەزیم ئەلیاسی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی