"an independent online kurdish website

وەک باس کرا، رۆژی چوارەم بە ناچاری خۆمان گەیاندە پایگایەکی حکومەتی ئێراق لە سنوور. شایانی باسە لە سنوور بە شێوەیەکی جوان وەریان گرتین و کە زانییان لە بارودۆخێکی مەحاڵدا رزگارمان بووە ریزیان لێ گرتین.

 کاتێک گوازراینەوە بۆ دەربەندیخان، بارودۆخەکە گۆراو هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی سەربازیی ئێراق لەو شارە لە گەڵمان تا دەهات خرابتر دەبوو. ئێراق زۆر لەوە توورە بوو کە گوێمان بە بەربەستەکانی ئەوان بۆ نەچوونەوە نیوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان نەدابوو، بۆیە بەو هەڵسوکەوتە تۆلەیان لێ دەکردینەوە. چەکەکانیان لێ سەندین و بەو گەرمایە ئەو هەموو پێشمەرگەیەیان لە ژوورێک کردین. باش لە بیرمە، فەرماندەری هێز لە سەربازێک پرسیاری کرد کە بۆ بەم شێوەیە هەڵسوکەوتمان لە گەڵ دەکەن؟ کابرا وتی فەرمانی گەورەکەمانە کە پێێ دەوت “سەیدی”. فەرماندەری هێز ئەوەندە تووڕە بوو کە بە کابرای وت، “سەیدیت” قۆندەرەیە واتە پێڵاوە. کابراش لە فەرماندەری هێز دەپاڕایەوە کە ئەو وشە بە دەنگی بەرز نەڵێ بۆ ئەوەی بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتر نەبێ.

بە هەر حاڵ، شەومان لەو زیندانە تێپەڕ کرد و بۆ سبەینی پێوەندییەکانی حیزب لە سلێمانیەوە هاتن و ئازادیان کردین. سەرەتا بردینیان بۆ سلێمانی و هەر هەمانرۆژ هاتینەوە بۆ بنەکانی خۆمان لە قەسڵان. بۆ ئێوارەکەی کۆبوونەوەیەکمان لە گەڵ گیراو باسیان کرد کە رێگایەکی دیکە بۆ رۆیشتنەوەمان بۆ ناوخۆ بۆ پەیدا بوە و ئەوەیش لە سنووری مەریوانەوەیە. دیارە ئەگەر بمانهەوێ لەو رێگا کەڵک وەرگرین ئەوا دەبێ لە ماوەی یەک تا دوو رۆژدا بگەڕێێنەوە, ئەگینا دەتوانین پشوویەکی زیاتر بدەین و دواتر بە هەمانشێوە لە سەلاسی باوەجانییەوە دووبارە بگەڕێێنەوە ناوخۆ. ئێمەیچ ئەو پێشنیارەمان قبووڵ کرد و بۆ سبەینێ بەرەو سنووری مەریوان کەوتینە ڕێ.

دیارە بەشی بەرچاوی ئەو هێزەی دووهەم کە قەراربوو بە دوای ئێمە دا لە هەورامانەوە بگەڕێنەوە ناوخۆ، یەک دوو رۆژ پێش ئێمە لە سوورێنەوە چووبوونەوە ناوخۆ و تەنها هێندێک کەس مابوون کە ئێمەیچ پێێان گەیشتین و بەم شێوەیە پێم وابێ 26 یان 27ی پووشپەڕی 1369ی هەتاوی (1990ی زایینی) ئێمەیچ لە شاخی سوورێنەوە خۆمان گەیاندە ناو رۆژهەڵاتی نیشتمان. هاوڕیەکی سەرپەلمان هەبوو بە ناوی ع. م، کاتێک لە سەر شاخی سورێن بووین باوەشی دەکرد بەو چنوورە زۆرەی کە روابوو و چێژی لە بۆنە خۆشەکانی وەردەگرت. هەرچی پێمان دەوت ئاگات لە خۆت بێ نەوەک مارێک پێتەوە بدات، گوێی لێ نەدەگرتین، تا ئەوەی پێی وابوو چنوورە، باوەشی کرد بە نەوعە تنگزیکا کە هەموو گیان بە دڕگەکانی کون کون بوو، بە جۆرێک بۆ رۆژەکەی زۆربەی رۆژ بە چەند کەسەوە دڕکمان لە دەست و دەموچاوی دەرهێنا.

بۆ یەکەم جار بوو ئێمە وەک بەشی زۆری پێشمەرگەکانی ناوچەی داڵاهۆ و هەورامان دەمانبینی هێزی پێشمەرگە چەند هێستریان لە گەڵ خۆیان دەگەراند و باریان پێ هەڵدەگرت. یەک دوو رۆژمان پێ چوو، وەک هێز بۆ ئێوارەکەی خۆمان کرد بە نێو دییەکدا و لە سەر ماڵەکان دابەش بووین. هەڵسوکەوتی خەڵکی دانیشتوانی دێکە لە گەڵ پێشمەرگە بۆ ئێمە زۆر دڵخۆشکەر بوو. ئەوان بە حوکمی ئەوەی ساڵانێک بوو لە گەڵ پێشمەرگە ئاشناییان هەبوو و هەروەها لە کاتی خۆیشیدا وەک ناوچەی رزگارکراوی ژێردەستی پێشمەرگە ژیابوون، هیچ پیویستیان بەوە نەبوو ئێمە خۆمانیان پی بناسێنین. بۆیە هەر لێرەوە بۆ بەشی زۆری ئێمە هەستمان بە گۆرانکارییەکی بەرچاو دەکرد.

چەند رۆژ تێپەڕی و تووشی هیچ شەڕ و پێکدادانێک لە گەڵ هێزەکانی رێژیم نەهاتین. بڕێک لە پێشمەرگەکان دەستیان کرد بە گلەییکردن کە بۆ هەوڵ نادەین بەرنامەی هێرشکردنە سەر هیزەکانی دوژمن دابنێین و کات دەکوژین؟ باش لە بیرمە، جێگر لکێکمان هەبوو ناوی عەبدوڵا ئەڵایاری بوو، بە و پێشمەرگانەی وت، پەلە مەکەن، ئەوەندە شەڕمان بۆ دروست دەبێ کە ماندووتان بکات و ئەو کات بڵێێن کەی دەرفەتی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێ پشوویەک بدەین؟ پێم وایە حەوتوویەک تێپەڕی، لە گەڵ تیمێک بۆ تەداروکات رۆیشتین بۆ گوندێك لە نیزیک ئاڵمانەی مەریوان. دووبارە هەڵسوکەوتی نوێم بینی. لە جیاتی ئەوەی ئێمە ماڵ بە ماڵ بگەڕێین و خواردن کۆبکەینەوە، بە کەسانێکی نێو گوندەکەمان دەگوت و بۆ خۆیان خواردنەکەیان کۆ دەکردەوە و بۆمانیان دەهێنا. دیارە لە نیو گوندەکە پایگایەکی رێژیم هەبوو کە ئێمە بە باشی نیگابانەکەمان دەبینی و گومانیش لەوە نییە کە ئەویش دەیزانی پێشمەرگە لە نێو دێیە. بە هەرحاڵ گەڕاینەوە بۆ لای هێز و بۆ رۆژی دوایی لە نیوە رۆوە دیدەبانەکان ئاگاداری هیزیان کردەوە کە هیزێکی دوژمن  بەرەو سەرەوەی پێشمەرگەکان دێن. بەم جۆرە لە نیەرۆەوە شەڕ دەستی پێکرد. دیارە هیزەکانی رێژیم زۆر خۆیان لە قەرەی پێشمەرگە نەدا و پێشمەرگەیەک بە ناوی ش. س. بە سووکی بریندار بوو کە ئەویش لە بەر ئەوەی بە هەڵە لە گەڵ جاشەکان و هیزەکانی دوژمن تێکەڵ بوو بوو، لە لایەن پێشمەرگەکانی خۆمانەوە بریندار کرا. چەند کەس لە هێزەکانی رێژیم بوون بە قوربانیی سیاسەتی شەرخوازانەی کاربەدەستانی تاران و چەند کڵاشینکۆفێکیش بە دەستکەوت گیران.

ئێوارە داهات و هێز دەستی بە رۆیشتن کرد. من و یەک کەسی دیکە لە هێزی بیستوون لە گەڵ ٤ کەس لەوانەی هیزی زاگرۆس وەک دژە کەمین لە پێشەوە رۆیشتین. شەومان درەنگ کرد و بۆ پشوودان دانیشتین. پێش ئەوەی بکەوینە رێ، بەو هاوڕێیەی خۆمم وت کە کەوتینەوە رێ، ئەو بچێتە نیوەراستی گروپەکە و با یەک دوو کەسی هاوڕێیانی زاگرۆسمان لە نیواندا بێ و ئەگەر هات و تووشی شەڕ و لێکدابران هاتین، با لە گەڵ ئەوان بین. تا ئەو کات ئێمە هەردووکمان لە دوای گروپەکەوە دەڕۆیشتین و ئەو کەسەی ئێمە ئاخر نەفەر بوو. بە هەر حال کەوتینە ڕێ و پاش ماوەیەک رێگاکەمان لێ ون بوو، بۆیە نەختێک ئەم لاو ئەو لامان کرد تا کەوتینەوە سەر ڕێگاکە لە شوێنێک بە ناوی “پیرمەشکە” کە دەکەوتە نێوان ئاواییەکانی شێخەکوێرە و دەری. ئێستا من ئاخر کەسم و لە نەکاو چەند کەس لە پشتەوەمان دەنگیان داین و هاواریان کرد کێن؟ دەنگەکە لە مەودایەکی 10 میتریەوە هات و ئێمەیچ هەوڵمان دا یەکسەر خۆمان بدەین بە زەویا، بەڵام لە ماوەی چەند چرکە دا کەوتینە بەر رێژنەی چەکەکانیان و وەک باران گولە بە سەرماندا باری.

درێژەی هەیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی