Hoppa till innehåll

 هەڵسەنگاندنی کتێبی بیرەوەریەکانی پێشمەرگەیەک، برایم لاجانی

کتێبەکەی کاک حەسەن غەمبارم خوێندەوە، چوار سەد ڵاپەڕەیە. هەموو ئەو چالاکی و عەمەلیات و مەئموریەتانە  کە وەک پێشمەرگەیەک بۆ ماوەی ١٨ ساڵ بەشداری تێداکردوون دەگرێتە خۆی.

  ناوبراو پێشمەرگەی هێزی زەمزیران و کادری کۆمیتەی شارستانی رەبەت بووە، بەڵام مەیدانی چالاکی و مەئموریەتەکانی پانتایی هەموو ناوچەکانی ناوەندی کوردستان دەگرێتەوە. چوونکە ئەوان کار و چالاکی زۆریان دەگەڵ هێزەکانی دیکەی پێشمەرگە لە ناوچەکانی مەهاباد، پیرانشار، سەردەشت، بانە و بۆکان بەڕیوە بردوون. واتە هێزەکانی قەندیل لە پیرانشار، پێشەوا لە مەهاباد، هێزی موعێنی لە سەردەشت و هێزی بەیان لە بۆکان و هێزی ئاربابا لە بانە. هەموو ئەو ناوچانە مەیدانی کاروچالاکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون کە بەرانبەر هێرش و پەلاماری کۆماری ئیسلامی بۆسەر کوردستان  ڕاوەستاون و خەبات و بەربەرەکانیان کردوە.

نوسەر بە ئینسافەوە ڕووداوەکان دەگێرتەوە، وێنەیەکی ڕوون لە شەڕەکان، کەمینەکان، هێرش و بەربەرەکانیەکان دەداتە دەست. هەرچەن بۆخۆی قارەمانێکی تەواو عەییارە و  بەدەیان جار لەو شەڕانەدا برینداربووە و تا لێواری مەرگی سەربەرزانە ڕۆیوە، بەڵام ڕۆڵ و کارایی پێشمەرگەکانی دیکە لە هەموو شەڕەکان نیشان دەدات، باسی نەخشی هەموو فەرماندەکانی هێز، سەرلکەکان، سەرپەلەکان ، پێشمەرگەکان، خەڵک و هاوکاری  تەشکیلاتەکانی حیزب دەکات. هەرخۆی قارەمان نیە، حەقی پێویست دەداتە هەموو هاوسەنگەرانی، خەڵکی گوندەکان، کادرەکانی تەشکیلاتی. ڕۆڵی کادرە دەرمانیەکان بەرز دەنرخێنێ.  وشەو ڕستەکان دەکات لێنزی دوربین و کامیرایەکی ڕوون وێنەو فیلم لە مەیدانەکانی کارو تێکۆشان و شەڕەکان هەڵدەگرێتەوە، دەچێتە ناو هەموو وردەکاریەکان. خوێنەر دەباتە سەنگەرەکان، دەگەڵ ئەو گوێی لە تەقەی تفەنگەکان،  قەنناس و بیکەیسیەکان، دۆشکەکان، خومپارەکان دەبێت،  ناڵەی بریندارەکان و هاواری تەسلیم بوونی دیلەکان  دەبیستێت.

زمانێکی ڕەوان و پەتی بۆگێرانەوە بەکاردێنێ،  زمانی خەڵکی ناوچەکانی سەردەشت و ڕەبەت، کە دیالێکتی تایبەت بەو ناوچانەیەیە. ئەوەش  چێژێکی تایبەتی داوەتە  ڕۆمانە درێژەکەی  نووسەر. بەهەزارن وشەی ئەو ناوچانەی دەکار کردوە. بەهەزاران واژەو ئیدیۆمی کوردی بەکارهێناون بۆ دەربڕینی مەبەستەکانی. ئەمەش چێژێکی ئەدەبی تایبەتی بە داستانەکانی هاوڕێ حەسەن بەخشیوە.

بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوانە تیپۆگراڤی ئەو ناوچانەی لە ڕۆمانەکەی دا، لە داستانەکەی دا بەکار هێناوە، کێوەکان، گردو چەم و ڕووبا ر و دەشت و چۆم و مێرگ و بەرزایی و دۆڵ وجەنگەڵ و دارستانەکان لە گێرانەوەکان دا  دەخاتە بەرچاوی خوێنەر، لەوەش زیاتر، تۆپۆنێمی ئەو ناوچانە ی تۆمار کردوە، ناوی شاخەکان، چۆمەکان، کانیەکان، مێرگەکان، پردەکان، مەزراکان، گوندەکان، باخ و باخاتەکان، کەپر و گۆڕستان و مزگەوت و سەراو و کانیەکان و هەموو ئەو شووێنانەی کار وچالاکی تێدا ئەنجام دراون تۆمار کردون. ئەوە زیندوویی  و ڕیالیزمێکی واقعی بە داستانەکە دەبەخشێ. دەستی خوێنەر دەگرێ و دەگەڵ خۆی بەو ناوچانەدا دەیگێڕێ و ئاشنای جوگرفیای ناوچەکانی شوێنی تێکۆشانی پێشمەرگەکانی دەکات.

ڕاستگۆی و سەداقەتێکی زۆر لە گێرانەوەکاندا بەرچاو دەکەوێ، کەم و کوڕیەکانی هێزەکانی پێشمەرگە  لە عەمەلیاتەکاندا، لە مەئموریەتەکاندا دەست نیشان دەکات. خاڵە لاوازەکان دەخاتە بەرچاو. بەڵام لەهەمان کاتدا ئازایەتی و قارەمانیەتی ڕۆڵەکانی حیزب و گەلیش دەکاتە هەوێنی بردنەپێشی چیرۆکەکانی.

زۆر بەوردی سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی رێزیم لە ناوچەکان و چۆنیەتی بەرپەرچ دانەوەی ئەوسیاسەتانە لەلایەن حیزب و تەشکلیلاتەکانی حیزب و پێشمەرگەکان باس دەکات. هێرش بۆسەر خەڵکی شار و گوندەکان، چەکدارکردنی زۆرەملێ، گرتن و ڕاونانی تێکۆشەران، لێدان و گرتن و ئەزیەت و ئازاری بنەماڵەی پێشمەرگەکان دەخاتە ناو باسەکانی.

لە ڕۆمانەکەدا  لەهاوکاری خەڵک دەگەڵ پێشمەرگەکانو کادەرکان  دەدوێ. چۆن  خەڵک  نانی داوەتە پێشمەرگە، کۆمەگی کردوە، هاوکاری تەداروکاتی و  سیاسی و مادی و مەعنەوی کردوە؟ لە هەموو گرنتر پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی خەڵک لە کووڕوکچەپێشمەرکەنیان چۆن بووە؟

لە دەیان شوێن باسی پشتیوانی ژنانی گوندەکان لە پێشمەرگەکان دەکات. باسی دایکی دەکات کە دووکوڕی شەهیدبوونە، کوڕێکی لە زیندان دایەوە لە ژێر شکەنجەی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی دایە، برایەکی شەهیدبووە و برازایەکیشی شەهیدبووە، حەسەنی کوڕی بریندارەو و هەموو گیانی برینەو کەچی وەک قەڵا ڕاوەستاوە و وەسەرخۆی ناهێنێ  و وەڵام بۆ حەسەن دەنێرێ کە بەردەوام بە و رێگای شەهیدان درێژەبدە. یا لیدان و گرتن و ڕاونانی خەزووری دەگێڕێتەوە کە بە دەیان جار دەیگرن و لێی دەدەن و دەیبەنە ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ بەچۆک داهێنانی حەسەن، بەڵام خەزووری شانازی بە حەسەنی زاوای و کچەکەی خۆی دەکات کە ئاوا بوونەتە چقڵی چاوی دوژمنانی کورد و کوردستان.

لە زۆر شوێن باسی عشق و خۆشەویستی نێوان کچەکانی گوندەکان و پێشمەرگەکان دەکات. بۆخۆی عاشقی گوڵەخانمێک دەبێت. لە عەمەلیاتێکدا کە هێرش دەبەنە سەر پایەگاک بۆ ئەوەی دەستی بەسەردابگرن، بریندار دەبێت و تا سنوری بێهۆشی دەچێ و لەبن دیواری پایەگای دوژمن بەجێدەمێنێ و هیچ هۆشی تێدانیە تەنیا ئەو ڕستەیەی بەسەر زاری دادێت کە دەڵێ حەیفە گوڵێ وادیارە پێکنەگەیشتین ، دوای ماوەیەک پێشمەرگەکان بۆی دەگەڕێنەوە و لەکۆڵی دەکەن و ڕای دەگوێزن.

 بەدەیان وێنەی تۆمارکردون لە ئازایەتی و قارەمانیەتی و بیروباوەڕی بەرزی پێشمەرگە. ئەو هەموو ئیمان و ئازایەتی و بیروباوەڕەیە کە دەتوانێ ئەو کارەساتانە بەسەر دوژمن بێنێ و کونەمشکیان لێ بکاتە قەیسەری.

بەدەیان سەحنەی تێدایە کە باس لە ڕەفتاری پێشمەرگەکان لەگەڵ دیلەکانی دوژمن دەکەن، چۆن بەرێزەوە دەیان دوێنن و پاشان پیلانەکانی ڕێژیمیان بۆ روون دەکەنەوە و ئازادیان دەکەن. پێشمەرگەکان نان و ئیمکانی خۆیان دەگەڵ دیلەکان بەشدەکەن ، دواتر لەبەر ئەوەی خۆیان وەک ئەکتەرێک دەبینن، یاساو رێساکانی کۆنڤانسێۆنەکانی ژنێڤ وەبەرچاو دەگرن و تەسلیمی شوڕای گوندەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی ڕێژیم سەربەنیستیان نەکات و  بێ سەروشوێن نەبن و رەسید لە شوڕاکان وەردەگرن.

لە کتێبەکەدا نیشانی دەدات کە عەمەلیاتەکان بە پێی نەخشەی لە پێشدا دارێژراو، شوناسایی، زانیاری تەواو لەسەر دوژمن، تەقسیمی کار،  چۆنیەتی سازماندانی پێشەمەرگەکان، دەستەی پشتیوانی، هێرش، کەمین و چۆنیەتی پاشەکشەو ڕاگواستنی بریندارەکان و دیلەن، ڕۆڵی کادرەکانی تەشکیلاتی و کادرە دەرمانیەکان و شوێنی پاشەکشە و خۆ حەشاردان. چونیەتی دەکار کردنی قەننااسە، ئارپیجی، بیکەیسی و‌هتد  دەستنیشان دەکرێ.

خوێنەر دەباتە مەیدانەکانی شەڕ، مقەڕ و بنکەکانی پێشمەرگەکان، گوندەکان، نێوخەڵک. دەستی خوێنەر دەگرێ و دەیباتە ناو تەشکیلاتی حیزب، هێزەکانی پێشمەرگەکان، دەگەڵ سەرلکەکان، سەرپەلەکان، پێشمەرگەکان و ژیانیان، جل وبەرگ و پێلاو و خواردن و خۆراکیان ئاشنای دەکات.

ئەو زمانە ، ئەو تێرمینۆلۆژیە فێری خوێنەردەکات، کە  وەک ئەدەبیاتی حیزبایەتی و ژیانی پێشمەرگایەتی، کاری تەشکیلاتی و ئەدەبیاتی ناو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد ناسراوە.

لەلایەکی دیکەوە کتێبەکە وێنەیەکە لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئەودەمی خەلکی کوردستان. چۆن دەژین، سەرچاوەی داهاتیان چیە؟ مەڕداری، ئاژەڵداری، باخ داری و کشتوکاڵ، چێوداری وئالووێر. پێوەندیەکانی نێوان خەڵک و خاوەن مڵکەکان،  کوێستان و گەرمێن کردن، کۆڵبەری و قاچاخچیەتی خەڵکی ناوچە سنوریەکان، هەژاری ونەداری خەڵکی کوردستان، ئابڵۆقەدانی گوند و  شارۆچکەکان لەلایەن رێژیمەوە. نەبوونی ئیمکانی دەرمانی و لەشساخی لە گوندەکان.

پێوەندیی نێوان ژن و پیاو، ژیانی ژنان و کچان، ژن بەژنە، گەورە بەچووکە، بەزۆری بەمێردان و بەشودانی زۆرەملی،  و ڕاوەستانی پێشمەرگەکان بەدژی ئەو داب و نەریتە دواکەوتوانە و لەئاکام دا پشتیوانی ژنان و کچان لە چالاکی پیشمەرگەکان.

ڕۆمانەکە ئەوەدەردەخات کە چۆن بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی حیزب و ڕێبەرایەتی، کۆمیتەی ناوەندی، دەفتەری سیاسی، کۆمیتە شارستانەکان و کۆمیتە نآوچەکان، تەرجومەدەکران بۆ چالاکی سیاسی و نیزامی و جووڵەی پێشمەرگانەو پڕاگماتیزمی خەباتگێڕانە.  دیارە زۆر جار لەکردەوەدا هەڵەبوونی ئەو سیاسەتانەش خۆی نیشان دەدات. ڕێژیم پیلانی هەیە بە زۆری خەڵکی گوندەکان چەکدار بکات، پێشمەرگە لەجیاتی لە رێگای کاری تەشکیلاتی و سیاسیەوە ئەو پیلانانە پوچەڵ کاتەوە، دەچی مەڕ و ماڵاتی خەڵکی ئەو دێیانە، کە خەڵکی خۆمانن و نان و ماست و پێخۆریان هەر بۆ خۆیان و پێشمەرگەکانە، دەست بەسەردا دەگرێ و دەیانبات. پاشان هەفتەی دواتر پۆلێک پێشمەرگە دەچینە هەمان دێ و دەبینن پێخۆر نیە و خەڵک دەڵێن دەهەڵی گرنەوە.

یا وەک ئێمە لە پیرانشار گەنمی هەندێک لە خاوەن مڵکە  چەکدارەکانی رێژیممان دەسوتاند، گەنمێک کە ئەگەر بەرهەم هاتبا تەنیا هەر خودی پێشمەرگەکان دەیان خوارد. دەکرا ستراتیژیک تر لەوبارەوە کارمان کردبایە. نوسەر هەم ئەو پیلانانەی رێژیم باس دەکات، هەم دژکردەوەی پێشمەرگە و هەم بەجۆرێک دانبەوەشدادێنێ کە ئەوە سیاسەتێکی درووست نەبووە.

لە بیرەوەریەکانی دا نوسەر باسی پێوەندیەکانی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی، حیزبی دێموکڕات و کۆمەڵە و خەبات دەکات، باسی چالاکیەکانی موجاهیدین و چریکەکان دەکات لە کوردستان. باسی پێوەندیەکانی نێوان هێزەکوردستانیەکانی کوردستانی ئێران دەگەڵ کوردستانی عێراق و ئاستی هاوکاری و هاودەنگی نێوانیان و کێشەکنی نێوانیان دەکات و وێنەیەکی واقعی دەداتە خوێنەر. چۆن موجاهیدەکانیان چەک کردوون، ڕۆڵی هێزی پشتیوان لە شەرەکانی جادەی سەردەشت پیرانشاردا. ڕۆڵی گوندەکانی سەرسنووری نێوان کوێستان و گەرمێن و نەخشی ئەو گوندانە بۆ هاوکاری و مانەوەی پێشمەرگەکان و تەداروکاتی ئەوان.

کتێبەکە بایەخێکی گرنگی هەیە وەک سەنەدێکی مێژووی  سەبارەت بەشەری کوردستان،  سەداقەت و ئەمانەت داری و وردەکاریەکان لە گێرانەوەدا دەکرێ بکرێنە سەرچاوەیەکی جێگای متمانە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ لێکۆڵینەوە لەسەر شەڕی داسەپاوی کوردستان بکەن.  مێژووی ئەو چل ساڵەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لێکدەنەوە، یان مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بنوسنەوە یا تۆمار بکەن. هەربۆیە لەوبارەوە وەک بەڵگەنامەکی حیزبیش  دەچێتە خانەی ئەدەبیاتی حیزبی و ئارشیوی حیزب دەوڵەمەند دەکات.

وێنەیەکی دروست لە میلیتاریزەکردنی شار و گوندەکانی  کوردستان لەلایەن رێژیمەوە نیشان دەدات. چۆن ڕێژیم سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی خۆی لە کوردستان دا بردۆتە پێش، دانانی پایەگای نیزامی لە هەموو گوندەکان، ناوچە ستڕاتیژیەکان، بەرزاییەکان، دانانی  تەئیمین لە سەر رێگاو بانەکان، کێشانی جادەی نیزامی بۆ کێو و کوێستانەکان بۆ ئاسان کردنی رەوتی سەرکوت و هێرش بردن بۆسەر خەڵک و پێشمەرگە.

تۆپ و خومپارەبارانی بێوچانی موچە و مەزرای خەڵک، کوێستان و لەوەرگەو کوێستانەکان،  ئاواڵاکردنی دەستی گروپە زەربەتیەکان بۆ لێدان و گرتن و ڕاونان و کوشت و کوشتاری خەڵک و ئازادیخوازان.

نوسەر گێرانەوە وەک ژانەرێکی ئەدەبی و میتۆدێکی نوسین بەکار دێنێ تا ئەو رووداوانە، ئەو چالاکیانە بنوسێتەوە کە بۆخۆی وەک  پێشمەرگەیەک تێیاندا بەشدار بووە. خوێنەر هەست بەنزیکی لە ڕووداوەکان دەکات، دەڵێ بۆخۆی بەشێکە لە داستانەکە.  ئەوە لایەنی هەرەسەرکەوتوی کتێبکەیە. زمانێکی پاراو کە خوێنەر ڕادەکێشێ و ماندووی ناکات.

کتێبەکە وێنەیەکیش لە ژیانی پێشمەرگەکان و ماڵ و منداڵیان دەخاتە بەرچاو.  لە جێگایەک بە چوار کادری کۆمیتە ناوچەیەک پوڵی ئەوەندەیان پێ نیە چووتە کەوشێک بۆ یەکێک لە خۆیان بکڕن کە کەوشەکانی دڕاون. وێنەیەک ل ژیانی ماڵ و منداڵی پێشمەرگەکان لەبن خێوەت و بن نایلۆن وکۆنە کەلاوەکانی گوندە سوتاوەکانی سەرسنور کە ڕێژیمی عێراق چۆڵی کردوون دەخاتە بەرچاوی خوێنەر. لەوێش جگەلەوەی لە بەردەم پیلانی کۆماری ئیسلامیدان ئەرتەشی عێڕقیش لێکدالێکدا ماڵەکانیان تۆپباران دەکات. واقعی بزووتنەوەی کوردستان نیشاندەدات کە پشتی جەبهەیەکی بەهێزی نیە.

زۆر سەحنەی ئینسانی تێدان کە خوێنەر دەگریەنن، زۆر جار پێشمەرگەکان ناچارن هاوڕێ شەهیدەکانیان بەپەلە لە جێگایەک بەخاکی کوردستان بسپێرن لەژێر فشار و لەبن ڕێژنەی خومپارەباراندا، زۆر سەحنەی تێدان کە پێشمەرگەکان دەگەڕيێنەوە بۆ نەجات دانی هاورێ بریندارەکانیان و یا سەردەکەون و هاوڕێکەیان نەجات دەدەن یان جاری واش هەیە یەک یا چەند پێشمەرگەی دیکە لەو پێناوەدا شەهید دەبن. ئەوە لوتکەی هەرە بەرزی وەفاو ئینتیمای حیزبی و نیشتیمانی پێشمەرگەکان نیشان دەدات.

لایەنێکی دیکەی کتێبەکە ئەوەیە کە خوێنەر دەگەڵ چۆنیەتی پیلانەکانی رێژیم و سیاسەتەکانی لە کوردستان ئاشنا دەبێت، دەگەڵ ژیانی پێشمەرگانە، کردەوە و ڕووحیەی پیشمەرگانە، فەرهەنگی فیداکاری و گیانبازی  و لەخۆ بوردەیی ئاشنا دەبێت. دەکرێت ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ لاوانی کوردستان بۆ هاندانیان بۆ بوونە پیشمەرگە. دیارە ئەو جیلەی تازەش دێنە ریزەکانی حیزب و پێشمەرگە بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە دونیایەک ئەزموون و دەرس و پەندیان بۆ ژیان و خەبات وەدەست دەکەوێ و وەک ئەوەوایە دەورەیەکی چەند ساڵەی سیاسی و نیزامی ببینن.  دەست خۆشی لە کاک حەسەن دەکەم و هیوادارم بەرهەمی دیکەی هەر لەو بوارەدا لێ ببینین.

برایم لاجانی ، ١ی مای ٢٠٢٥ ئۆسلۆ

***

پێشمەرگەکان:  ئێمەش دەست خۆشی لە کاک حەسەن دەکەین و هیوادارین هەر سڵامەت و تەمەن درێژ بێ و کارێکی پیرۆزە کە ئازایەتی پێشمەرگەکانی دێمۆکڕات بکرێ بە کتێب و بۆ نەسەلی داهاتوو بمێنێتەوە.

رێکلامەکەشی بۆ ئێوە بەڕێز لێرە بڵاو دەکەینەوە. سوپاس بۆ کاک برایمی بەڕیزیش.

دۆستان و هاوڕییان لە دەرەوەی وەڵات، وێڕای ڕێزو سڵاو!
ئەو کەسانەی مەبەستیانە کتێبی( شکۆی تەمەن)بەشێک لە بیرەوریەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی،لە نوسینی حەسەن غەمبار، دەخوازن بگاتە دەستیان دەتوانن پەیوندی بکەن.
سوئێد:
1 -شاری وێسترۆس
کاک ئەسعەد سوڵتانی،.
0046762388122
2 -شاری لینشۆپینگ
کاک قادر نەبیزادە.
0046737763131
نوڕوێژ :
3_حەسەن غەمبار.
004746228236.
https://www.facebook.com/hassn.xambar