لە مێژووی سیاسی کورددا، خەبات بۆ ئازادی و چارەی خۆنووسین هەرگیز پرۆسەیەکی یەکگرتوو نەبووە. بە پێچەوانەوە، بە ئاراستەی ئایدیۆلۆژی جیاواز و ستراتیژی ڕێکخراوەیی و لێکدانەوە کەسییەکان بۆ ئەوەی کە لە ڕاستیدا ”رزگاری” مانای چییە.

لە تۆمارێکی دەنگی ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پژاک کە لەم دواییانەدا ، ڕوون بووەوە، کەلەفایلێکی دەنگیدا کە کۆمەڵێک سووکایەتی و تۆمەتی بێ بنەمای تێدایە، پرسیار لەبارەی پێگەیشتنی سیاسیی پژاک و ڕوونی ئایدیۆلۆژی دەوروژێنێت.
لێدوانەکانی کەریمی تەنیا دەربڕینی ناکۆکی کەسی یان ڕکابەری سیاسی نین؛ ئەوان ڕەنگدانەوەی ململانێیەکی قووڵترن لەناو بزووتنەوەی کوردیدا ؛ ململانێیەک لە نێوان ڕێزگرتن لە مێژوو و کوێربوونی ئایدیۆلۆژی. کەریمی کاتێک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە حیزبێکی “کلاسیکی” و “پیاوانە” وەسف دەکات، دەیان ساڵ خەبات و بەرپرسیارێتیی ڕێکخراوەیی و پابەندبوونی کۆمەڵایەتی بە هێما بەسەرچووەکان کورت دەکاتەوە. پێدەچێت قسەکانی کەریمی لەسەر تێڕوانینێک وەستابن کە هەر شتێک کە ڕەگ و ڕیشەی نەریتی یان مێژوویی هەبێت، خۆکارانە پەیوەندی بە خەباتی مۆدێرنەوە نییە. هەڵوێستێکی لەم جۆرە شایەدی پێشکەوتنخوازی نییە، بەڵکو شایەتحاڵی تێنەگەیشتنە لە بەردەوامی مێژوویی کە پێویستە بۆ شەرعیەتی هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دامەزراندنیەوە لە ساڵی ١٩٤٥ەوە نوێنەرایەتی یەکەمین بزووتنەوەی سیاسی مۆدێرن لە کوردستان دەکات کە شوناسی نەتەوەیی لەگەڵ ئایدیاڵە دیموکراتییەکان یەکبخات. حیزب لە ڕێگەی سێ ڕێبەڕی وەک شەهیدان؛ پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو ودوکتور شەرەفکەندی نەک هەر دوکتورینێکی سیاسی داڕشتووە، بەڵکو بەرپرسیارێتی خەباتی چەکداری و دەستپێشخەری دیپلۆماسی و چاکسازی کۆمەڵایەتیشی لە ئەستۆ گرتووە.
لێدوانەکانی پژاک کە زۆرجار جەخت لەسەر “هێڵێکی شۆڕشگێڕی نوێ” دەکەنەوە، بەدەست ناڕوونییەکی سروشتییەوە دەناڵێنن. زۆرجار چەمکی ”کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی”یان زیاتر وەک دەنگدانەوەیەکی تیۆری میراتی ئایدیۆلۆژیی پەکەکە دەردەکەوێت نەک وەک بەرنامەیەکی سیاسی کۆنکرێتی کە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی-سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گونجێنراوە. لەم ئەبستراکتەدا، هێرشکردنە سەرحیزبە کانی دیکەی کوردی ئاسانتر دەبێت لە داڕشتنی ئەڵتەرناتیڤێکی یەکگرتوو.
ڕەتکردنەوەی ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە جنێودان، مانای ڕادیکالیزمی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو کورتبینی سیاسییە. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە پژاک و سەرکردەکانی لە نێوان ڕێزگرتن لەو مێژووەی کە هۆشیاری سیاسی کوردستانی یان درێژەدان بە ڕێبازی مەترسیداری چاوچنۆکی ئایدیۆلۆژی کوێرانە هەڵبژێرن.
کێشەی سەرلێشێواوی ڕیتۆریک و ئایدیۆلۆژی:
ڕیتۆریکی ئەمیر کەریمی بە دژایەتی و ڕێزنەگرتن لەو واقیعە مێژوویی و سیاسییەی کە گەلی کورد تێیدا دەژی، دیارە. وەسفکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبێکی “کلاسیکی” و “پیاوانە” کە هیچ پەیوەندییەکی بە خەباتی ئەمڕۆوە نییە، شایەدی تێگەیشتنێکی ڕووکەشانەیە. ئیدیعاکانی کەریمی کە قەوارەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پلەبەندی و بەسەرچووە، دەکرێ خۆی لە خۆیدا وەک تێگەیشتنێکی هەڵە لە ڕێکخستنی سیاسی سەیر بکرێت، دیسیپلین، بەرپرسیارێتی و سەرکردایەتییەکی ڕوون نیشانەی چەقبەستوو نییە، بەڵکو نیشانەی هێزی ڕێکخراوەیی.
جگە لەوەش لێدوانەکانی کەریمی سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بە تەواوی نادروستە. پێگەی ژنان لە حیزبێکدا کە هەر لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە ڕێکخراوەکانی ژنانی دامەزراند ، لە سەردەمێکدا کە ژنان لە بەشە گەورەکانی جیهان مافی دەنگدانیان نەبوو . بەم شێوەیە قسەکانی کەریمی نەک هەر هێرشێکی سیاسی، بەڵکوو دەبێتە بێڕێزیکردن بەو ژنە تێکۆشەرانەی کە گیانی خۆیان لە پێناو دۆزی کوردستاندا بەخت کرد.
لێکدانەوەی ئایدیۆلۆژی و سیاسی.:
لێدوانەکانی کەریمی دەکرێ وەک دەربڕینی نادڵنیایی پژاک سەبارەت بە ناسنامەی خۆی سەیر بکرێت، هێشتا نەیتوانیوە ڕێگایەکی ڕوون بۆ پێشەوە بخاتەڕوو. ئەم ناڕوونییە دەبێتە هۆی هێرشکردنە سەر پارتە کوردیەکانی دیکە لەبری ئەوە بە مەبەستی دروستکردنی هەستێکی دەستکردی پەیوەندیدارێتی و ڕەسەنایەتی شۆڕشگێڕانە.
ئەم دیاردەیە لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازە پارچەپارچەکراوەکاندا شتێکی نامۆ نییە. کاتێک پژاک پشتیوانییەکی فراوانی جەماوەریی نییە، مەیلی بەکارهێنانی ڕیتۆریکی شەڕانگێزانە لە دژی ڕکابەرەکانی هەیە نەک بەدیلێکی واقیعی دابڕێژێت. بۆیە دەکرێ لێدوانەکەی کەریمی وەک هەوڵێک بۆ شاردنەوەی لاوازییە سیاسییەکانی پژاک لە پشت دروشمی ئایدیۆلۆژییەوە لێکبدرێتەوە.
ڕێگای بەرپرسیارێتی و یەکڕیزی:
ئایندەی کوردستان لەسەر تۆمەت بە یەکتر بنیات نادرێت. هێزی بزووتنەوەی کورد لە توانای یەکخستنی ڕەوتە ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکان لە دەوری ئامانجە هاوبەشەکان ، ئازادی و دیموکراسی و کەرامەتی مرۆڤایەتیدایە. ئەگەر بەڕاستی پژاک و سەرکردەکانی بیانەوێت بەشداری لەم خەباتەدا بکەن، خۆ ڕەخنەگرتن، ڕێزگرتن لە مێژوو و ئامادەیی هاوکاری لەگەڵ ئەو هێزانەی کە بۆ چەندین نەوە هەڵگری خەباتی کورد بوون، پێویستە.
قسەکانی ئەمیر کەریمی بەداخەوە پێچەوانەکەی نیشان دەدەن، هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆژیی سەرلێشێواو کە بزووتنەوەی کورد لاواز دەکات نەک بەهێزتر بکات. شۆڕشی ڕاستەقینە لە کوردستاندا پێویستی بە تێگەیشتن و ڕێز و بەرپرسیارێتی زیاتری دەوێت.
حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتی ڕابردوو ناکات ، نوێنەرایەتی بەردەوامیی خەباتێکی نەتەوەیی دەکات. بۆیە پێویستە سەرکردایەتی پژاک لەخۆی بپرسێت. چونکە دواجار خەبات بۆ کوردستان کێبڕکێی قسە نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی کردار و قوربانیدان و ئەخلاقییە.

وێنە: ئەمیر کەریمی
نووسینی: حەسەن قارەمانی
حەسەن قارەمانی
****
حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە کێشە نیە جنێویان پێ بدە، بەڵام کێشەت لەگەڵ مریشک چیە کاکە ؟
پەژاک لە داوی ئیدئۆلۆژی دا، بۆچی ئەمیر کەریمی لە ژیان دەترسێ؟
✍️چیا عەلیار
لە ڕۆژانی ڕابردوو دا ئەمیر کەریمی ڕێبەری پەژاک( باڵێ ڕۆژهەڵاتی پ ک ک) لە فایلێکی دەنگی دا بە شێوەیەکی توند و دور لە مەنتق هێرش دەکاتە سەر حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە و ناڕاستەوخۆ، یەکیەتی نیشتمانی و پارتی دێمۆکڕاتیش
ئەوەی کە دێمۆکڕات و کۆمەڵە و پارتی و یەکیەتی و هەر حیزبێک پێمان وابێ بێ هەڵە بون و رەخنەیان لە سەر نیە نادروستە، بەڵام وەک کابرا چوە دوکانێک کوتی: ڕوب ب ب ێ ێ هەنارتان هەیە( بە وشەی قەڵەو بیخوێنەوە)
دوکاندار کوتی: هەمانە بەڵام نەک بەو خەستیەی تۆ دەتهەوێ، ئەو حیزبانەش دەبێ رەخنە لە کار و چالاکیان بگیرێ بۆ باشتر بوون بەڵام نەک بەو بێ مەنتقی و دوژمنایەتیەی کاک ئەمیر کەریمی دەیڵێ.
بەڕێز کەریمی ئەو حیزبانە بە ”حیزبی کلاسیک” و ”بێ ئیدئۆلۆژی” نێو دەبا و بە سووکایەتی پێکردن ڕەخنە بارانیان دەکات و هەموو مێژوەکەیان زەربی سیفر دەکات چونکە بە قسەی ئەو
ژیانی ڕۆژانە و خۆشی و خێزان و تەنانەت پشوودان لە نێو پێشمەرگەی ئەو حیزبانەدا هەیە.
کەریمی پێی وایە خەبات واتە نکۆڵیکردن لە ژیان، واتە مرۆڤ بۆ ئەوەی وەفادار بمێنێتەوە بۆ ”ئیدئال” دەبێت دەستبەرداری هەموو پێداویستییە سروشتی و ئینسانیەکانی خۆی بێت.
بەڵام ئەمە هەمان هەڵەی مێژووییە کە هەموو ئیدئۆلۆژیا تۆتالیتارییەکان کردوویانە و بە کارەسات کۆتاییان هاتووە.
ئیدئۆلۆژیا؛ زیندانێک بۆ مرۆڤایەتی
ئیدئۆلۆژی، هەرچەند جوان دەست پێبکات، کاتێک دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی مرۆڤەکان، دەبێتە دوژمنی ئازادی.
هەر لە ستالینەوە تا مائۆ، لە کاسترۆوە تا خومەینی، سەرەتا هەمووان باسیان لە ئیدیئالەکان دەکرد، بەڵام لە پراکتیکدا چەوساندنەوە و گرتوخانەیان بۆ مرۆڤەکان بە دیاری هێنا
.
ئیدئۆلۆژی مارکسیستی، فاشیستی یان ئایینی یەک شتیان هاوبەشە، ئەویش نکۆڵیکردن لە تاکگەرایی و سەپاندنی
بیروباوەڕێکی یەکدەست بە سەر کۆمەڵگا دا.
لە یەکیەتی سۆڤیەتدا ملیۆنان کەس بە تاوانی “لادانی فیکری” دەربەدەر یان لە سێدارە دراون. لە چینی مائۆ، ڕوناکبیران دەنێردران بۆ “پێداچوونەوەی ئیدئۆلۆژی”
. لە ئێراندا پیاوانی ئایینی بە هەمان لۆژیکی ئیدئۆلۆژیەوە، مرۆڤیان لە سادەترین ئازادیەکان زەوت کرد.
لە هەموو ئەم نموونانەدا دروشمێکی هاوبەش دووبارە بووەوە: ”ئیدئۆلۆژیا لە سەرووی مرۆڤەوەیە”.
کە لە ڕاستی دا ئەو دروشمە سەرچاوەی گەندەڵی بوو.
پژاک؛ دووبارەبوونەوەی مۆدێلێکی شکستخواردوو
پژاک لە پراکتیکدا درێژەپێدەری هەمان مۆدێلی ئیدئۆلۆژی پ ک ک یە؛ حیزبێک کە لەسەر بیرو و ڕوانگەی مارکسیستی لینینی دامەزرا و دواتریش کۆکراوە فێرکارییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان بوو.
ئەم بیرکردنەوەیە نەک لەسەر بنەمای ئازادی تاک، بەڵکو لەسەر بنەمای دیسیپلینی زۆرەملی و کۆنترۆڵی فیکری و ژیانی بە کۆمەڵ دامەزراوە.
لە سیستەمێکی وادا خۆشەویستی و بەختەوەری و هاوسەرگیری و تەنانەت زەردەخەنەیەک بە جۆرێک لە خیانەت دادەنرێت.
ئەمیر کەریمی، وەک لە قسەکانیدا دەردەکەوێت، لە حیزبی دێموکرات و حیزبی کۆمەڵە تووڕەیە، چونکە حیزبی دێمۆکڕات هیچ کات حیزبێکی ئیدئۆلۆژی نەبوە و کۆمەڵەش ئامادە نیە چیتر وەک پێشوو مرۆڤەکان بکاتە قوربانی ئیدئۆلۆژی
بەڵام بەڕێز کەریمی ڕەنگە نەزانێ تێپەڕین لە ئیدئۆلۆژی نیشانەی لاوازی نییە؛ نیشانەی پێگەیشتنی سیاسییە.
ئەزموونی جیهانی: چۆن حزبە ئیدئۆلۆژیکەکان شکستیان هێنا
با چاوێک بە مێژوو دا بخشێنین بزانین ئەو ئیدئۆلۆژیەی بەڕێز کەریمی نمونەیەکی سەرکەوتوی هەیە لە جیهان دا؟
• یەکێتی سۆڤیەت: گەورەترین ئەزموونی پارتێکی ئیدئۆلۆژی مارکسیستی لە مێژوودا دوای ٧٠ ساڵ داڕما. ئەو حیزبەی کە بانگەشەی دروستکردنی ”ئینسانێکی نوێ”ی دەکرد، مرۆڤی لە مانای ڕاستەقینەی خۆی بەتاڵ کردەوە. ئاکام بوو بە چی؟ گەندەڵی و سەرکوت و داڕمان.
• چینی مائۆ: شۆڕشی ڕۆشنبیری بە دروشمی ”پاکی ئیدئۆلۆژی” دەستی پێکرد، بەڵام ملیۆنان کەسی بەرەو برسیەتی و ئەشکەنجەدان و مردن برد. ئەوڕۆ دەبینین وڵاتی چین تەنیا کاتێک بەرەو پێشکەوتن هەنگاوی نا کە خۆی لە ئیدئۆلۆژی کۆمۆنیستی دوور خستەوە و ئابوورییەکی ئازاد( کاپیتالیستی) لە ئامێز گرت.
• کوبا: فیدڵ کاسترۆ ژیانی خستە خزمەت ئیدئۆلۆژیا؛ هونەر و ئازادی و سامانی تاکە کەس قەدەغە کران. دوای دەیان ساڵە کوبا هێشتا هەژار و گۆشەگیرە.
• ئێران: کۆماری ئیسلامیش یەکێکە لە حکومەتە ئیدئۆلۆژیانەی سەردەمی ئێمە. بانگەشەی دادپەروەری و ئیمانی دەکرد، بەڵام دەرئەنجامەکەی هەژاری و ستەم و دەربەدەری ملیۆنان کەس بوو.
هەموو ئەم سیستمانە یەک شتیان هاوبەشە، لە ژێر پەردەی ئاڕمانگەرایی ژیانیان لە خەڵک کردە جەحەندەم.
بەڵام هاوکات لە لایەکی تر دەبینین جوڵانەوەگەلێک کە ژیان و خەباتیان ئاوێتە کرد کە ئێمە دەبینین لە ئاست ئەو شکانانەی کە باسمان کرد، مێژوو نموونەی زۆری ئەو بزوتنەوانەی هەیە کە توانیویانە بەبێ ئیدئۆلۆژیەکی ڕەق، لەگەڵ مرۆڤدۆستی و ڕیالیزمدا شەڕ بکەن و سەربکەون، بۆ نمونە:
• بزووتنەوەی سەربەخۆیی هیندستان بە سەرۆکایەتی مەهاتما گاندی: نە مارکسیست بوو و نە ئایینی توندڕەو. فەلسەفەکەی لەسەر بنەمای ئازادی تاک و ئەخلاقی ئینسانی و خەباتی مەدەنی دامەزرابوو. بەم بیرۆکەیە هیندوستان بەبێ شەڕی ناوخۆیی و بەبێ ئینکاری ژیان سەربەخۆیی بەدەستهێنا.
• بزووتنەوەی خۆڕاگری فەرانسە لە سەردەمی نازییەکاندا: لە گرووپی جۆراوجۆر پێکهاتبوو؛ کە بریتی بوون لە سۆسیالیستەکانەوە هەتا لیبراڵەکان، لە باوەڕدارەکانەوە بۆ بێدینەکان. تاکە ئیدئۆلۆژیەکی زاڵ نەبوو بەسەریاندا، بەڵکو ئامانجی هاوبەشیان ڕزگارکردنی فەرانسە بوو، کە سەرەنجام سەریش کەوتن
• بزووتنەوەی ئازادی نیلسۆن ماندێلا لە باشووری ئەفریقا: کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا (ANC)بە تێکەڵکردنی لیبڕاڵەکان و سۆسیال دیموکراتەکان و ناسیۆنالیستەکان ڕژێمی ئاپارتایدی تێکشکاند. ماندێلا ٢٧ ساڵ لە زینداندا بوو، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری خۆشی و خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی نەبوو.
• بزووتنەوەی سەربەخۆیی نوڕوێژ و فینلاند لە هەژموونی سوئێدی و ڕووسی: ئەم بزووتنەوانە بەبێ ئیدئۆلۆژیا و سەنتەری نەتەوە و زمان و کولتوورەکەیان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. ئازادییان بەدەست نەهێنا لە ڕێگەی فەناتیزمەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ڕێکخستن و عەقڵانیەت و یەکگرتوویی نەتەوەییەوە بوو کە سەرکەوتن
.
• بزووتنەوەی باشوری کوردستان نموونەیەکی دیارە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. سەرەڕای شەڕ و دەربەدەری و کیمیاباران، حیزبە کوردییەکانی ناوچەکە توانیان لە کاتی خەباتدا کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و حکوومەتێکی خۆبەڕێوەبەر و پاڕزلمان و ژیانی ڕۆژانە بنیات بنێن. ئەو سەرکەوتنە لە ڕوی ئیدئۆلۆژیەوە نەبووە، بەڵکو لە تێگەیشتنێکی واقیعی و ئینسان میحوەر هاتووە.
ژیان بەشێکە لە خەبات
ئەمیر کەریمی پێی وایە ئەگەر پێشمەرگە پێبکەنێت، خێزانێکی هەبێت، یان ساتێک پشوو بدات، ئەوا لە ئیدیئاڵ لایانداوە.
بەڵام واقیعەکە پێچەوانەیە:
تێکۆشەرێکی بێ ژیان و بێ شادی و بێ خۆشەویستی زوو یا درەنگ دەڕوخێت.
کەسێک کە بۆ ئازادی تێدەکۆشێت، ئەگەر خۆی ئازاد نەبێت، خەباتەکەی بێ مانایە.
دێموکراتەکان و کۆمەڵە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە تێگەیشتوون کۆمەڵگایەکی ئازاد تەنها بە مرۆڤی زیندوو و بەختەوەر و هۆشیار بنیات بنرێت نەک بە پەیڕەوانی کوێر کوێرانەی ئیدئۆلۆژی.
بەڕێز کەریمی! مێژوو دادوەرێکی بێ رەحمە کە چەندین جار بڕیاری خۆی داوە کە:
هەر بزووتنەوەیەک کە ئینسانی فیدای ئیدئۆلۆژی کرد، شکەستی هێنا و لە بەرابەر دا هەر بزوتنەوەیەک کە ئینسان میحوەر بوو، سەرکەوت.
ئیدئۆلۆژی پژاک هەمان ئەو ڕێگایە کە لینین، مائۆ، کاسترۆ و خومەینی گرتیانە بەر و هەموویان شکستیان خوارد و دۆڕان.
لەبەرامبەردا دێمۆکڕاتەکانی جیهان نوێنەری بیرێکن کە تا ئێستاش باوەڕیان بە مرۆڤ هەیە.
وە داهاتووش هی مرۆڤە نەک ئیدئۆلۆژی.
بەڕێز کەریمی لە بەشێکی قسەکانی دا ئاماژە بە پاشەکشەی حیزبی دێمۆکڕات لە شاخەوە بۆ شار دەکات و دەڵێ کە تەسلیمی یەکیەتی و پارتی بوون، دەگەڵ ئەوەی کە ئەوە بەشە رەخنە هەڵدەگرێ بەڵام هەموو کەس رەخنە بگرێ پەژاک نەدەبوو لەو بارەوە وسە بکا،
گەرچی حیزبی دێمۆکڕات تەسلیمی یەکیەتی و پارتی نەبووە و بگرە بە پێچەوانەی باوکی ئیدئۆلۆژی پەژاک کە هەولێ دژایەتی کردنی قەوارەی باشوری کوردستان دەدا بەڵام حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەت حیزبی دێمۆکڕات لە ڕوانگەی ناسیونالیزمی کوردەوە هەمیشە پشتیوانی لە باشور و قەوارەی هەرێمی کوردستان کردوە
بەڵام ئەگەر داینێێن قسەی کەریمی ڕاستە، باشە تەسلیم بە برایەکی کورد بی چاترە یا لە ڕێکەوتن و تەحویل دانی چیای جاسوسان بە ڕەژیمی ئێران!؟ کە پەژاک لە ئاکامی ڕێکەوتن لەگەڵ سوپای پاسداران چیای جاسوسانی تحویل دان، و پاشانیش تەقەی لە تفەنگی نەهات ؟
باشە بۆ پاشەکشەی حیزبی دێمۆکڕات لە قەندیل دەبێتە خەیانەت و تەسلیم بوون بە یەکیەتی و پارتی بەڵام پەژاک ستراتیژیکترین شوێنی قەندیل ( چیای جاسوسان) لە ئاکامی ڕێکەوتن لەگەڵ سوپای پاسداران تحویلی سوپا بدا ئەوە شورشگێریە ؟
لە ڕوانگەی ئیدئۆلۆژی پەژاکەوە ئایە تەسلیم بوون بە ئێران شورشگێریە و هاوکاری یەکیەتی و پارتی کردن خەیانەت !؟
لە کۆتایی دا پێم خۆش بوو ئەو پرسیارە لە بەڕێز کەریمی بکەم، تۆ ئەساسەن مریشکت ناخۆش دەوێ و گۆشتەکەیت پێ خۆش نیە یا لە ئیدئۆلۆژی ئێوە دا حەرام کراوە کە بە سەر سۆڕمانەوە دەڵێ حیزبی دێمۆکڕات مریشک دەخۆن!؟ حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە کێشە نیە، کێشەتان لەگەڵ مریشک چیە، دەمهەوێ ئەوە بزانم!؟
چیا عەلیار
****