لهڕۆمــــــانی ئەهریمەنەکـــانی دۆستۆفسکیدا، دیالۆگێک لهنێوان حیکایەتخوانی سەرەکیو کیریلوفدا هەیە کە ناوەڕۆکە سەرەکییەکەی دەربارەی ئازارە. لەوێدا کیریلوف ئەو پرسیارە دەکات «بۆ مرۆڤەکان ناوێرن خۆیان بکوژن؟» «بۆ هێندەش کەم خۆیان دەکوژن؟». کیریلوف هۆی کەمی خود کوژییەکە دەگێڕێتەوە بۆ دوو هۆ کە یەکەمیان ترسە لهئازارو
ئەوی دیان ترسە لهژیانی ئەو دیو ئەم دونیایە. بەپێی تیورەکەی کیریلوف مرۆڤ بوونەوەرێکی ترسنۆکە، ترسەکەشی ترسە لهئازار. لەوێدا کیریلوف بە هاودەمەکەی دەڵێت «بەردێکی زۆر گەورە بهێنە پێشچاوی خۆت، بە ئەندازەی باڵاخانەیەکی گەورە کە بەسەر رێگایەکەوە وستاوەو تۆ لهژێریدایت، ئاخۆ تۆ هەست بە ئازار دەکەیت گەر هاتوو ئەو بەردە راستەو راست بکەوێت بەسەرتدا ؟ ». هەڵبەت وەڵامەکە ئەوەیە کە نا، مرۆڤ گەر بەردێکی وا زەبەلاح بکەوێت بەسەریدا کاتێکی بۆ ئازار نابێت، مردنەکەی بە جۆرێک یەکسەرەو خێرا دەبێت فریای ئازار ناکەوین. بە بڕوای کیریلوف مرۆڤ گەرچی دەزانێت ئازاری نابێت، بەڵام هەتا گەورەترین زاناکانیش هەر لهجۆرە مردنێکی وەها دەترسن، چونکە گەورەترین لاوازیی مرۆڤەکان ئەوەیە ناتوانن خۆیان لەو ترسە پاکبکەنەوە. بەبڕوای ئەو ئەمە ترسنۆکی مرۆڤ پیشاندەداتەوە، ئەو دەڵێت «ئەمە ترسنۆکییە، فریوە، ژیان خۆی ئازارە، خۆی ترسە، مرۆڤ بوونەوەرێکی بەدبەختە، مرۆڤ بۆیە ژیانی خۆش دەوێت، چونکە ئازارو بەدبەختی خۆشدەوێت. نرخی ژیانیش ئازارو ترسەو هەر واش بووە، مرۆڤ تا ئێستا نەبۆتە مرۆڤ، بەڵام مرۆڤێکی نوێ دێت، مرۆڤێکی شانازو بەختەوەر. مرۆڤێک کە بەلایەوە گرنگ نییە بژی یاخود بمرێت، ئەوەیە مرۆڤی نوێ. مرۆڤێکە بەسەر ئازارو ترسدا سەردەکەوێت، خۆی دەچێتە شوێنی یەزدان، ئەو یەزدانەی دی بوونی نامێنێتو خۆی دەبێتە خودا». کیریلوف رای وایە «بەردەکە خۆی ئازاری نییە، بەڵام ئازارەکە لەو ترسەدایە کە لهبەردەکە هەمانە. خودا ئازاری ئەو ترسەیە کە دەرهەق بە مەرگ لهدڵماندایە. هەر مرۆڤێک بەسەر ئازارو ترسدا سەرکەوت، خۆی دەبێتە خودا. ئەوکات ئیدی ژیانێکی نوێ دەست پێدەکات، مرۆڤێکی نوێ سەرهەڵدەدات، هەموو شتێک نوێ دەبێت». «لەشی مرۆڤ دەگۆڕێت، جیهان دەگۆڕێت، کارەکانمان دەگۆڕێن، سۆزو بیرکردنەوەکانمان دەگۆڕێن». لێرەدا حیکایەتخوانی رۆمانەکە دەڵێت «گەر ژیانو مردن نرخیان نەماوە، ئەوکات مرۆڤەکان هەموو خودکوژیدەکەن، رەنگە ئەوە گۆڕانەکە بێت». بەڵام کیریلوف رای وایە «ئەوە نرخێکی نییە، چونکە درۆ لهبەیندەچێت، ئەوەی بیەوێت بگات بەوپەڕی ئازادی دەبێت توانای خودکوژی تێدابێت. ئەو کەسە دەست دەخاتە سەر جەوهەری فریوەکە. ئازادییەکی باڵا بوونی نییە، هەموو شتەکان تەنیا لێرەن، لهپشت ئێرەشەوە هیچی دی نییە. ئەوەی بتوانێت خودکوژی بکات خۆی خودایە. هەموو مرۆڤێک خۆی دەتوانێت کارێک بکات خودا بوونی نەمێنێت، هیچ شتێک بوونی نەمێنێت. بەڵام هیچ کەس تا ئەمڕۆ هیچی نەکردوە». لێرەدا هاودەمەکەی ئەوەی بەبیردەهێنێتەوەو دەڵێت «بەڵام تا ئێستا ملیۆنەها مرۆڤ خودکوژییان کردوە». کیریلوف سوورە لەسەر بۆچوونەکانیو دەڵێت «لەبەر هۆی تر خودکوژییان کردوە، هەمیشە بەترسەوە خودکوژییان کردوە، هەرگیز لهپێناوی بەزاندنی ترسدا خودکوژیان نەکردوە. تەنیا ئەوەی لهپێناوی بەزاندنی ترسدا خۆی دەکوژێت، لەوساتە وەختەدا خۆشی دەبێتە خودا».
ئەوەی جارێک یان چەندجارێک بۆچوونەکانی کیریلوف بخوێنێتەوە، تێدەگات ریشە قووڵەکانی تیرۆریزمی مۆدێرن لهکوێوە هاتووە. دڵنیام هەموو ئەو خودکوژە تیرۆریستانەی بەسەر زەویدا تێپەڕیون، گەلێک بەو رستەی کیریلوف شادومان دەبن کە دەڵێت «ئەوەی بیەوێت بگات بەوپەڕی ئازادی دەبێت توانای خودکوژی تێدابێت»، وەختە بڵێم بەدەگمەن رێدەگەوێت هیچ تیوریزەکارێکی هاوچەرخ بەم روونییەی کیریلۆف تەعبیری لهڕۆحی تیرۆریزم کردبێت. شتێکی سەیر نییە ئەم کێشەیە بە قووڵی لەم رۆمانەی دۆستۆفسکیدا ئامادەبێت، رۆمانەکە ساڵی 1873 دەرچووە، ئەوەی سەیری مێژووی دواتری ئەوروپا بکات، بە روونی دەبینێت کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، شانۆی هەزاران کاری تیرۆریستی گەورە بووە کە دەیان بەرپرسی گەورەو شاو شاژنیان کردۆتە ئامانجی خۆیان. لەسەردەمی رۆمانەکەو ساڵانی دواتردا کێشەی تیرۆر کێشەی سەرەکی ئەوروپاو ئەمریکاو روسیا بووە، کامۆ لهکتێبی «مرۆڤی یاخی»دا، چەندین ئاماری ورد لەسەر ژمارەی کارە تیرۆریستییە گەورەکانی ئەو ساڵانە تۆماردەکات. واتە ئەو دەمەی دۆستۆفسکی لەم رۆمانەدا بە قووڵی لەگەڵ کێشەی تیرۆردا دەرگیر دەبێت، ئەم گرفتە بابەتی تیوریزەکردنێکی سیاسیو فەلسەفی گەورە بووە، دۆستۆفسکیش لهپێشەنگی ئەوانەدایە کە بۆ یەکەمجار کێشەی تیرۆر دەگۆڕن بۆ کێشەیەکی ئەدەبیو دەیکەن بە بابەتی رۆمانێکی گەورە. راستە ریشە راستەقینەکانی کێشەی تیرۆر، بە مانا مۆدێرنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی فەرەنسی، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فیکری ئیلحادیو شۆڕشگێڕیدا لهئەوروپا، جۆرە تیرۆرێکی نوێ بەرهەمهات کە قووڵ پەیوەندی بەسەرهەڵدانی ئایدیاو فەلسەفە نوێکانەوە هەبووە. ئەوەی لهتێزەکەی کیریلوفدا گرنگە، نزیکییەتی لەو رۆحە عەدەمییە تازەیەی لەمسەر بۆ ئەوسەر ئەوروپا دەگرێتەوە.
ئەوەی کیریلوف لەو دیالۆگەدا باسیدەکات «سەرکەوتنی مرۆڤ بەسەر ترسدا لهمردن» وە راکێشانی ئەم تێزەیەیە بەرەو جێگاو دەرەنجامە هەرە سەرپەڕەکانی. گەر قووڵ بڕوانین ژێرخانی راستەقینەی فیکری هەموو تیرۆریستێک «ئیماندار بێت یان مولحید» لهسەر بێباکی دەرهەق بە ژیانو مردن دروستبووە، واتە لەسەر تێپەڕاندنی ترسی مەرگ دامەزراوە. ئەوەی لهمردن بترسێت ناتوانێت تیرۆریستێکی باش بێت، بۆیە مەرجی یەکەمی بوون بە تیرۆریست نەترسانە لهمردنە، بێباکییە دەرهەق بەوەی ئایا زیندووبیت یان مردوو.
لای کیریلوف مرۆڤی نوێ ئەو کەسە نییە کە بیری نوێو ئایدیای نوێ بەرهەمدەهێنێت، بەڵکو بوونەوەرێکی سوپەرمانییە کە بەسەر «ترسدا لهئازار» سەرکەوتووە، تاکە بەڵگەش لهڕێگایەوە مرۆڤ بتوانێت ئازایەتی خۆی نیشانبداتو بیسەلمێنێت دەرهەق بە ئازار بێباکە، ئەوەیە هێزی خودکوژی تێدابێت. لێرەوەیە کیریلوف دەگاتە یەکێک لهدەرەنجامە هەرە ترسناکەکان، کە بە بڕوای من سەدای ئەم رستەیە بە تەواوی مێژووی دواتردا دێتو لههەموو جێگایەکی دونیادا دەنگدەداتەوە. لای کیریلوف مرۆڤی نوێ ئەو کەسەیە کە توانای خودکوژی تێدا بێتو دەرهەق بە ژیانو مردن بێباک بێت. گەر ورد بڕوانین دەبینین مێژووی دوای ئەم رستەیە، پڕە لەوجۆرە مرۆڤە نوێیەی کە کیریلوف بانگەشەی بۆ دەکات. بەبێ سەرهەڵدانی مرۆڤێکی بێباک دەرهەق بە ژیانو مردن، بەبێ لەدایکبوونی مرۆڤێک کە ترسی لهئازار شکاوە، ئەستەمە بتوانین لەو ژێرخانە زیهنییە تێبگەین کە جەنگی جیهانی یەکەم یان دووەم یاخود ئەزموونی ستالینی یان هیتلەریی لەسەر دامەزاوە. لەم نمونە کیریلۆفییەدا سەروکارمان لەگەڵ مرۆڤێکدا نییە کە ئازایەو ناترسێت، بەڵکو سەروکارمان لەگەڵ مەخلوقێکی تەماحکارو ترسناکدایە کە دەیەوێت جێگای خودا بگرێتەوە. ئەوەی بیەوێت وەک خودای لێبێت دەبێت توانای خودکوژیی تێدابێت، وەختە بڵێم ئەو رستەیەی کیریلوف پرەنسیپی هەمیشەییو ژێرخانی سەرەکی هەموو مۆراڵێکی تیرۆریستییە. لێرەدا تیرۆریستی مولحیدو ئیماندار جیاوازیان نییە، تیرۆریستی ئیماندار پتر لهمولحید دەیەوێت جێگای خودا بگرێتەوەو بەناوی ئەوەوە بڕیار لهسەر چارەنوسو مانو نەمانی ئەوانی تر بدات. هەست نەکردنیش بە ئازار لێرەدا ئازایەتی نییە، بەڵکو گەیشتنی عەدەمییەتە بە ترۆپکی خۆی. ئیدی بێباکی مرۆڤ دەرهەق بە مانو نەمانی خۆی دەبێتە سەرەتای گەورەبوونی بێباکییەکانی دەرهەق بە مانو نەمانی ژیان… بۆیە بە گەڕانەوە بۆ کیریلوف دەتوانین بڵێین تیروریزم تەنیا جۆرە خودکوژییەکی نیازدار نییە، بۆ مەبەستێکی دینی یان سیاسی، بەڵکو هەمیشە لهبێباکییەکی قووڵەوە دەرهەق بە ژانو مەرگ هەڵدەقوڵێت، بێباکییەک هەوڵدەدات بگاتە بێباکی خوداوەند کە هەرگیز ژانو مەرگ نایگەنێو دەستیان پێیدا راناگات.
لهکتێبی «مرۆڤی یاخی» کامۆدا، بەر، بۆچوونێکی گرنگ دەربارەی ئەڵمانەکان دەکەوین، یاخود لهڕاستیدا دەربارەی کاراکتەری ئەڵمانی لەسەدەی نۆزدەدا. کامۆ تێبینییەک لهستاندالی رۆماننوسەوە دەگێڕێتەوە کە پێیوایە جیاوازی نێوان ئەڵەمانو میللەتانی دی لەوەدایە کە ئەوان «تێڕامان ـ تامل» بەرەو «خرۆشگەرایی ـ حماسه» یان دەبات نەوەک ئارامی. بەبڕوای کامۆ ئەم تەفسیرە بۆ روسەکانیش راستە، ئەوانیش نەتەوەیەکن فیکر بەرەو خرۆشانیان دەبات، بەڵام ئەوەی مێژووی سیاسی روسیاو ئەڵەمان بەراوردبکات، پتر هەست بەو رۆحە هیچگەرا ـ عەدەمییە دەکات کە روسیای لهئەڵەمان زیاتر داگیرکردوە. هەڵبەت «خرۆشگەرایی ـ حماسه» شێوەو رەنگی زۆرە، تیرۆریش جۆرێکە لهجۆرەکانی حەماسەت، ترسناکترین جۆریشێتی. تیرۆر گەیشتنی حەماسەتە بە پلەیەک کە خرۆشی ناوەکی وادەکات، مرۆڤ بیر لهنرخی ژیانی خۆیو ئەوانی تر نەکاتەوە. گەر بگەڕێینەوە بۆ لای کیریلوف دەبینین کە نیازی سەرەکی ئەو وەک مرۆڤ بەزاندنی خودی خۆیەتی لهڕێگای سەرکەوتنەوە بەسەر ترسدا لهئازار.
ویلیام فۆکنەر رۆماننوسی ئەمریکی جارێک لهجاران دەنوسێت «ئەگەر هەڵبژاردن بێتە سەر ئەوەی لهنێوان هیچو ئازاردا یەکێکیان هەڵبژێرم، ئازار هەڵدەبژێرم». کیریلوفیش وادەکات، ئەو هەڵبژاردنی ئازار دەگەێنێتە دوا ترۆپکی خۆی «کە بێباکییە دەرهەق بە خۆکۆژی». کیریلوف کوڕی ئەو شێوەیە لهنەهەلیزمی روسی کە بەوەوە ناوەستێت نرخ لهشتە دێرینەکان بکاتەوە، هیچ شتێک لهدۆخی ئێستادا بە بەها تەماشانەکات، بەڵکو هەنگاوێک دوورتر دەڕوات، «هیچگەرایی ـ نەهەلیزم» باردەکات بە رۆحی توندوتیژیی. واتە گەر ورد سەیربکەین دەشێت لهنێوان جۆرێک له«نەهەلیزمی پاسیڤ»و «نەهەلیزمی ئەکتیڤ»دا جیاوازیبکەین. نەهەلستێک کە تەنیا بەها فیکریو ئەخلاقییەکان رەتدەکاتەوە، جیاوازە لهنەهەلستێک کە نرخێک بۆ ژیانو ئازار دانانێتو ئامادەیە بۆ کوشتنو کاولکاریی. نەهەلیزمی پاسیڤ، هەڵوێستێکی فەلسەفی فیکرییە، زۆر لهفەیلەسوفو هونەرمەندە گەورەکان کە باوەڕیان بە هەڵتەکاندنی دونیای کۆن بووە، ئەوەیان لهئاستی چەمکو تێڕوانینە عەقڵییەکاندا داڕشتووە، بەڵام نەهەلستێکی ئەکتیڤ دەتوانێت زۆر ترسناک بێت… نیتشە دەشێت نمونەی نەهەلستی پاسیڤ بێت، بەڵام کالیگۆلاو هیتلەر دەشێت لهڕیزی نەهەلستییە ئەکتیڤەکاندا تەماشابکەین، کە هیچگەراییان ناگەڕێتەوە بۆ رێزنەگرتنی بنەما شارستانیو فیکرییەکان، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ رێزنەگرتنی خودی ژیان، بۆ هەوڵدان بۆ سەرکەوتن بەسەر مرۆڤانەترین هەستدا کە ئازارە.
نەهەلیزمی فیکری کە دەشێت قۆناغێکی گرنگی لەدایکبوونی نوێو نوێگەریی بێت، کە دەبێتە بێباکی بەرامبەر ژیان لهتیرۆردا تەواو دەبێت، تێکەڵاوکردنی ئەم دووجۆرە لهنەهەلیزم دەرەنجامی فیکری ترسناکی لێدەکەوێتەوه. بەر لهکیریلوف ئێمە لهئەدەبیاتی روسیا كاراكتەرێکی نەهەلستی دیکەمان هەیە، کە یەفگینی بازارۆڤە. هەر کات قسە بێتە سەر باوکی نەهەلستییەکان، بێدوودڵی ناوی بازارۆڤ پاڵەوانی رۆمانی «باوکانو کوڕان»ـی ئیڤان تۆرگنێڤ دێتە مەیدان. بازارۆڤ خۆی نمونەی ئەو نەهەلستەیە کە گاڵتە بە هەموو شتێک دەکات، رای وایە «پۆشکین بۆ منداڵەوردکان باشە» «هونەر هیچ نییە جگە لهکات بە فیڕۆدان» «مۆسیقای فرانز شوبەرت ئەوپەڕی بێزەوقییە» «تابلۆکانی رافائیل پولێکی قەڵب ناهێنن». ئەمجۆرە لهنەهەلیزم لای بازارۆڤ لێرەدا ناوەستێت، لهشوێنێکدا دەپرسێت: ئاخۆ مرۆڤ دەتوانێت دایکی خۆی بکوژێت؟ لەوەڵامدا دەڵێت «بۆ نا، گەر بمەوێت بیکوژمو بە کارێکی سوودبەخش بیبینم». ئەمجۆرە لهعەدەمییەت، لهڕێزنەگرتنی هونەردا دوایی نایەت، بەڵکو لهڕێزنەگرتنی ژیاندا کۆتاییدێت، بەڵام تیرۆریزم باوەڕنەهێنان نییە، نەمانی بڕوا نییە بە چەمکو ئایدیاو ئیدیالەکان، بەپێچەوانەوە، تیرۆریست هەمیشە نەهەلستێکی خۆشبینە، وەک کیریلوف باوەڕی بە سەردەمێک هەیە تێیدا ئەمجۆرە مرۆڤەی ئێستا لەسەر زەوی نەماوەو جەشنە مرۆڤێکی دی لەدایکبووە.
بەڵام تیرۆر بەر لههەر شت لەسەر رێزنەگرتنی ژیان دروست بووە… لێرەدایە «هیچگەرایی» لهفەلسەفەیەکی مرۆڤدۆستانەی گەورە کە «پوچگەرایی ـ عەبەسی» کامۆییە جیادەبێتەوە، هیچگەرایی دواجار گەر بکەوێتە دۆخی ئەکتیڤەوە، لهدژایەتی مرۆڤدا تەواو دەبێت، بەڵام پوچگەرایی کامۆیی لهفەلسەفەی هاوکاریو برایەتیو پشتگیری یەکترو رێزی ژیاندا دواییدێت. تیرۆریستەکان هەموو لهقێز، لهمرۆڤەوە دەستپێدەکەن، یاخود لهبێباکییەکی قووڵەوە بەرامبەری. کیریلوفیش قێزی لهمرۆڤ دێتەوە، وەک ترسنۆکێکی قێزەون دەیبینێت کە تەنیا لهئازار رادەکات. لێرەوە تیرۆریست هەرگیز ناتوانێت پوچگەرا بێت.
لهچاوپێکەوتنێکی کۆندا کە گۆڤاری شپیگڵ لەگەڵ فەیلەسوفی فەرەنسی ئەندریە گلۆکسماندا کردبووی، سەبارەت بە هۆکانی رقو تیرۆر، ئەو رای وابوو «کە کینە پێکهێنێکی بنەڕەتی مرۆڤە، بێئەوەی پێویستی بە هیچ هۆیەک بێت، خۆی خۆی بەخێودەکات. ئیمانداران دەیگێڕنەوە بۆ گوناهی ئەسڵیو دەرونشیکارەکان بۆ غەریزەی مەرگ. ئیرۆسو تاناتۆس». بەڵام لهڕاستیدا هۆی سەرەکی تیرۆر لهڕقەوە نایەت، زۆر هەڵەیە واتێبگەین کە رق خۆی خۆی بەخێودەکات، تیرۆریست بەر لهڕق قێزی هەیە، لەوانەیە زۆرجار خۆشەویستییەکیشی بۆ قوربانییەکانی هەبێت، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە قێزیان لێدەکاتەوە، بە دوژمنی ئەو مرۆڤە تازەیەیان دەبینێت. لێرەوەیە کە یەکێک لهتیرۆریستە روسەکان «تێکاتشیڤ» لهجێگایەکدا دەڵێت هەرچی روسییەک کە تەمەنی لەسەروو بیستو پێنج ساڵەوەیە دەبێت بکوژرێت، چونکە توانای قەبووڵی بیروبۆچوونە نوێکانی نییە. هەتا فەندەمێنتالیستترین تیرۆریست، بۆ جۆرە مرۆڤێک دەگەڕێت لهمرۆڤەکانی تر نەچێت، مرۆڤێکی نوێ کە ترسی لهشەهادەت نەبێت، هەتا بن لادن کە کۆنەپەرستترین جۆری تیرۆریستە، خەو بە مرۆڤێکی دییەوە دەبینێت کە لهمرۆڤی ئیمانداری سادە نەچێت، خەو بە ئیماندارێکی ئایدیالیست، ئیماندارێکی نوێوە دەبینێت، بۆیە تیرۆر لهقووڵاییدا هەرگیز لەگەڕان بۆ جۆرە مرۆڤێکی دی جیانابێتەوە. هەموو ئەکتێکی تیرۆر لهپشتییەوە هەوڵێک هەیە بۆ بوون بە مرۆڤێکی باڵا. لێرەوە مرۆڤی تیرۆریست زۆرجار بە ناوی ئایدیای بەرزەوە قسەدەکات، دڕندەیەک نییە کە وەک ئاژەڵ هەستی بە هیچ شتێک نەبێت، بەڵکو مرۆڤێکە لهپرۆسەی گەڕانیدا بۆ خودێکی دی، بوونەوەرێکی ترسناکی لێدەرچووە، نەهەلستێکە کە دەیەوێت دونیای نوێ بەرهەمبهێنێت، بەڵام لەسەر حیسابی تێکشکاندنی شتە دێرینەکان، هەڵبەت بەشێک لەو شتە دێرینانەش خودی خۆیەتی. مرۆڤی نوێ کە کیریلوف باسیدەکات، لەوانەیە رقی لەوانی دی نەبێت، بەڵام قێزی لێیان دێتەوە. گلۆکسمان لەو چاوپێکەوتنەدا رستەیەکی زۆر سەرەنجڕاکێش لەسەر رقی تیرۆریستان دەڵێتو پێیوایە «بابەتی رق ئەویدی نییە، بەڵکو خودێکی دیکەی ناو مرۆڤەکەیە، خودێک کە من دەخاتە ژێر پرسیارەوە». دیارە من لێرەدا تەنیا رستەکەی گلۆکسمان وەردەگرمو لەگەڵ دەرەنجامەکانیدا تەبانیم، بەڵام پێموایە بۆئەوەی لهتیرۆر تێبگەین، بەڕاستی دەبێت وردتر لەو رستەیە رابمێنینو بە جۆری دیش بیخوێنینەوە. تیرۆریست چۆن قێزی لهمرۆڤە لاوازو ترسنۆکەکان دێتەوە، قێزیشی لەو نیوە سروشتییەی خۆی دێتەوە، لهنیوە زیندووەکەی خۆی کە دەستبەرداری ژیان نابێتو نایەوێت نەهەلیزم لهدیوە ئەکتیڤەکەیدا بژی. لێرەوە خودکوژی، یاخود لهڕاستیدا گۆڕینی خودکوژی بۆ مەحەکی لەدایکبوونی مرۆڤێکی نوێ، بەشێکی زۆری ئاڕاستەی خود دەکرێت، کرداری سەرکەوتنە بەسەر ئەو خودەدا کە لهمردن دەترسێت، ئەو بەشەی هێشتا تەواو نەچۆتە ژێر باری ئەو تاقیکردنەوەیەوە کە تیرۆریست یاخود نەهەلیست بۆی دەگەڕێت.
تیرۆریست لەدواجاردا دەیەوێت لەو تاقیکردنەوەیەدا دەرچێت کە لهنێوان مرۆڤە ئاساییو قێزەونەکەی ناو ناخیو مرۆڤە تازەکەدا سەرهەڵدەدات، لێرەوە کە ئەوانیدی دەکوژێت، لەبەر ئەوە نییە کە رقێکی تایبەتی لەوانیدی هەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوانیدی ئاوێنەی خودە ترسنۆکو قێزەونەکەی ئەون، وێنەی ئەو بەشەن لهخۆی کە دەیەوێت وێرانیبکاتو لهوێرانەکەی بوونەوەرێکی نوێو جیهانێکی نوێش دروست بێت.
خودکوژی تیرۆریست بەر لەهەر شت گرەوێکی ناوەکییە، لهنێوان دوو جۆر خوددا، خودێکی رامانکار کە حەماسەتی بۆ جیهانێکی نوێو مرۆڤێکی نوێ دەیخاتە جەنگەوە لەگەڵ خودێکی بێزراودا لهبەردەم ئەم خودە نوێیەدا… بەبڕوای من دۆستۆفسکی لهڕێگای ئەو بۆچوونانەی کیریلوفەوە دەستی خستۆتە سەر خاڵێکی گرنگ. «خودکوژی» جەوهەری تیرۆریزمە، چونکە لهسەرەتایە بۆ لەدایکبوونی مرۆڤێکی نوێ. لێرەوە تیرۆریست هەمیشە پێویستی بە جۆرە ژیانێکی دی لەو دیو ژیانەوە هەیە، جا ئەگەر ئەو ژیانە ژیانێکی مەجازی بێت وەک لای مولحیدەکان دەیبینین کاتێک پێیانوایە لەسەر خۆڵەمێشی ئەوان جیهانێکی تر دروستدەبێت، یاخود وەهمی ژیانێکی راستەقینەی بەهەشتی بێت وەک لای دینییەکان دەیبینین. واتە لههەموو دۆخەکاندا تیرۆر خودکوژییە بە ئومێدی لەدایکبوونەوە لهجیهانێکی دیو فۆرمی مرۆڤێکی باڵاتردا. جیهانێک کە لەدایکبوونی حەتمەن بە خودکوژییەوە گرێدراوە.
سهرچاوه: ئاوێنه{jcomments off}