مێژووی تێرۆر لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێران‌دا بۆ سەردەمێکی کۆنتر دەگەڕێتەوە، بەڵام لە مێژووی هاوچەرخی ئێستادا وشەی تێرۆر لە ڕۆژەڤی سیاسی‌دا لە ڕوانگەیەکی مەترسیدار و ئەمنییەتی سەیری دەکرێت،
ئەوە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە کە تێرۆری وەک ئەبزارێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکار هێناوە و دێنێت.
سەرچاوەی هزری و کردەوەی تێرۆر لە سیستمی دەسەڵاتی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران‌دا کە گرووپێک بە ناوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران جڵەوی ئەو دەسەڵاتەی لە دەستدایە بۆ چەند هۆکاری بیر و ئەندیشەیی لەو ڕێژیمەدا دەگەڕێتەوە، ١ـ هەناردەکردنی شۆڕش بە بڕیاری خومەینی ٢ـ توندوتیژی لە ئەدەبیاتی خومەینی و لابردن و کوشتنی هەموو جیابیران ٣ـ پشتیوانی لە گرووپە توندئاژۆکانی جیهان (لە ژێر ناوی موستەزعەفین) ٤ـ دامەزرندانی گرووپی توندڕەوی ئایینی و پشتیوانی لەو گرووپانە لە هەموو ناوچە و جیهان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان و لە سەرووی هەموویانەوە ئیقدامی تێرۆریستی ٥ـ شەڕ هەڵایساندن لە نێوان شیعە و سوننە.
تێرۆریزمی دەوڵەتی و پشتیوانی لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، پێناسەی بەجیهان ناسێندراوی ڕێژیمی ئێرانە.
لە کردەوە بەناوبانگە تێرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەند دەیە دەسەڵاتدارییدا دەتوانین هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بە تێرۆری ئایەتوڵڵا تاڵەقانی و ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری بکەین کە دژی بۆچوونەکانی خومەینی بوون و تێرۆریان کردن.
لە دەرەوەی وڵات سیاسەتڤان و ڕێبەری گەورەی وەکوو دوکتور قاسملوویان لە سەر مێزی بەناو وتووێژ تێرۆر کرد. لە پاریس شاپوور بەختیاریان بە شێوەیەکی دڕندانە کوشت. لە بێرلین دوکتور شەرەفکەندییان تێرۆر کرد کە لە دادگای ئاڵمان سەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران بەو بۆنەوە مەحکووم کران بە سەرکەردایەتیی تێرۆری نێودەوڵەتی.
پڕۆژەی تێرۆر بە شێوەیەکی زۆر بەرنامەداڕێژراو لە ڕێژیمی ئێران‌دا لە ساڵەکانی ١٣٥٨ی هەتاوی دەست پێدەکات و هەنووکەش ئەو ڕێژیمە لە دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکادا وک یەکەم ڕێژیم و سەرەکیترین ڕێژیمی تێرۆریست و پاڵپشتی تێرۆریزم لە جیهاندا پێناسە کراوە.
یەکێک لە تێرۆرە نێودەوڵەتییەکانی ڕێژیمی ئێران کە سیمای ڕاستەقینەی ئەو ڕێژیمەی پیشانی کۆمەڵگای جیهانی دا، تێرۆری میکۆنووس بوو.
دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له کاتێکدا بوو به سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات که جه‌مسه‌ری کۆمۆنیستیی ڕۆژهه‌ڵات تێکـڕووخا و خولێکی نوێ له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ستی پێ‌کرد.
دادگایه‌ک که به‌ناوی دادگای میکۆنووس ناودێر کرا، ڕێبه‌رانی پایه‌به‌رزی ڕێژیمی ئێرانی وه‌کوو فرمانده‌رانی تێرۆری دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێیانی مه‌حکووم کرد. حوکمێک که ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی له‌گه‌ڵ قه‌یرانێکی جیدی به‌ره‌وڕوو کرده‌وه.
ڕۆژی ١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٧٦ی هەتاوی، دادگایەکی بێرلین، حوکمی مێژوویی دەرکرد و تێیدا سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی و لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی و ڕەفسنەجانی و فەلاحیانی سەبارەت بە بڕیاردانی تێرۆری دوکتور شەرفکەندی و هاوڕێیانی بە تاوانبار ناساند.
ڕۆژی ١٠ی ئاوریل، لە بڕیارێکی مێژوویی‌دا، دادگای بێرلین، ناسراو بە دادگای پەروەندەی ڕێستۆرانی میکۆنووس یان بە کورتی دادگای میکۆنووس، کردەوەی تێرۆریستیی تێرۆرکردنی دوکتور شەرەفکەندی، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی لە ڕێستۆرانی میکۆنووسدا بە کردەوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو و بڕیاردراو لە لایەن بەرپرسانی هەرە سەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناساند و حوکمی دەستبەسەرکردنی بۆ سەرانی ئەو ڕێژیمە بەتایبەت خامنەیی و ڕەفسەنجانی و فەلاحیان وەزیری ئەوکاتی ئیتلاعات دەرکرد و بکەرانی ئەو کردەوە تێرۆریستیەی بە تاوانبار ناساند و حوکمی زیندانی هەتاهەتایی و زیندانی درێژماوەی بۆ دەرکردن.
تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات لە ڕێستوورانی میکۆنووس، ڕۆژی ١٧ی سێپتامبر١٩٩٢، ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ دوای بەشداریی دوکتور سەعید و هاوڕێیانی لە کۆبوونەوەکانی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست لە وڵاتی ئاڵمان ئەنجام درا. دوای ئەو کۆبوونەوانە دوکتور شەرەفکەندیی نەمر دەیویست ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هاوئاهەنگ بکا و لە کاتی دیالۆگ بۆ پێکهێنانی هاوئاهەنگی و دروستکردنی چەتری هاوبەشدا بوون کە تێرۆریستانی نێردراوی ڕێژیمی تاران، بە ئەمری ڕێبەرانی ڕێژیم و بە تیمێکی هاوبەشی ئێرانی و لوبنانی، دەسرێژیان لە کۆبوونەوەکە کرد و بەتایبەتی دوکتور شەرەفکەندی و هەیئەتی هاوڕێیان کردە ئامانجە گڵاوەکەیان و شەهیدیان کردن.
دوای پێنج ساڵ لە ڕەوتی درێژەداری دادگای میکۆنووس و دوای گوشاری زۆری کۆماری ئیسلامی، دادگا و دادوەری بوێر و دادپەروەری ئاڵمانی حوکمێکی مێژوویی دەرکرد و سەرانی کۆماری ئیسلامیی بە تاوانباری سەرەکیی ئەو کردەوە تێرۆریستیە ناساند.
شیاوی ئاماژەیە کە لە ئێستاشدا هەموو ڕای گشتی و ناوەندە ئازاد و پێشکەوتووەکانی جیهان باس لە تێرۆریست بوونی کۆماری ئیسلامی دەکەن و بە سەرچاوەی تێرۆر لە ناوچە و جیهانی دەناسێنن کە پشتیوانی سەرەکیی گرووپە تێرۆریستیەکانە و سەرچاوەی سەرەکیی بشێویی و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
حوکمی دادگای میکۆنووس لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٦دا دەرکرا کە کازم دارابی دانیشتووی ئێران و عەباس ڕەحیل خەڵکی لوبنان بە زیندانی هەتاهەتایی و یوسف ئەمین و محەممەد ئیدریس خەڵکی لوبنان بە ١١ساڵ و ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کران کە گەورە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بڕیاردەرە سەرەکییەکانی ئەو کردەوە تێرۆریستیە بوون.
بەرپرسانی ئەو کاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران واتە ”هاشمی ڕەفسەنجانی”، سەرکۆماری ئەو کاتی ئێران، ”عەلی فەلاحیان” وەزیری ئیتلاعات، ”عەلی ئەکبەر ویلایەتی” وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو کاتی ئێران و ”سەید عەلی خامنەیی” ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستیان لە تێرۆری ڕێبەرانی گەڵی کورددا هەبوو.
ئەمرۆکەش ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام درێژە بە کردەوەی تێرۆریستی لە نێوخۆ و وڵاتانی ناوچەکە دەات و بەردەوام لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە دەستێوەردان و کردەوەی تێرۆریستی مەحکووم کراوە.
تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران بۆتە جێگای مەترسی لەسەر بارودۆخی وڵاتانی جیهان و بە تایبەت وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ڕۆژانە بە یارمەتیی ماڵی و مەعنەوی لە گرووپە توندئاژۆکانی وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس و … خەڵکی سڤیل بە کوشت دەدات.
نموونەی هەرە بەرچاوی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی سووریە لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی بەعسی بەشار ئەسەد خۆ دەردەخات، نزیک بە ٤ ساڵە شەڕ و پێکدادانە نیزامییەکان لەو وڵاتە درێژەی هەیە و بە هەزاران کەس کوژراون و بەمیلیۆنان کەس ئاوارە بوونە.
پشتیوانیی ماڵی و نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستیەکان تێچوویەکی زۆر هەڵدەگرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران لە دژوارترین دۆخی ژیاندا بەسەر دەبەن.
لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتووێژێکی لەگەڵ ”کاوە ئاهەنگەری” نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بێلژیک پێکهێناوە.
دەقی وتووێژەکە:
پ ـ تێرۆر و تێرۆیزمی دەوڵەتی پێناسەکەی چیە؟
وـ تێرۆر به کرده‌وه‌یه‌کی تووندئاژۆیانه ده‌گوترێ که به مه‌بستی نه‌هێشتن، له‌نێوبردن یان ته‌نانه‌ت پێکهێنانی ترس و خۆف له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک یان تاکه‌کان ئه‌نجام ده‌درێ. ئه‌م کرده‌وه‌یه ده‌کرێ بۆ مه‌به‌ستی سیاسی به‌ڵام به بیانووی ئایینی، سیاسی یان عه‌قیده‌تی به‌ڕێوه بچێ. ئه‌گه‌ر کرده‌وه‌ی تیڕۆر له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت به شێوه‌ی ڕه‌سمی یان به‌شێک له داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تی به‌ڕێوه‌بچێ به‌و جۆره تێرۆره ده‌وتڕێ” تێرۆری ده‌وڵه‌تی”. به‌و مانایه که ده‌وڵه‌ت بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی و به قازانجی خۆی له ئیمکاناتی به‌رده‌ستی بۆ پێکانی مه‌به‌سته‌که‌ی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ.
پ ـ ڕێژیمی ئێران و کردەوەی تێرۆر تا چەندە پێکەوە هاوتەریبن؟
وـ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران به تیمێکه‌وه پێناسه ده‌کرێ که ئه‌م گرووپه به‌ر له شۆڕشی گه‌لانی ئێرانیش تووندئاژۆ بوون و کاری تێرۆریستییان ئه‌نجام داوه. به دوای به ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن ئه‌م گرووپه تووند ئاژۆیهوە، سڕینه‌وه و نه‌هێشتنی دژ‌به‌ران و ناڕازییان یه‌کێک له کاره سه‌ره‌کییه‌کانیان بووه. بۆیه هه‌ر به دوای گۆڕینی ڕێژیم قه‌ڵاچۆ کردن، تێرۆری که‌سایه‌تییه‌کان و بێ‌سه‌روشوێن کردنی ناڕازیان ده‌بێته ڕێکارێکی ئاسایی بۆ ڕێژیم.
پ ـ لە بیستەمین ساڵی تێرۆری میکۆنووس هەڵوێست و ئیقدامی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ زیندوو کردنەوەی ئەم بڕیارە مێژووییەی دادگای بێرلین چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
وـ له ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ند هه‌ڵوێستی هاوئاهه‌نگ و کۆده‌نگی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان(بۆ نموونه ساڵڕۆژی تێرۆری شه‌هید دوکتور قاسملوو و هاورێیانی، نه‌ورۆزی جامانه‌کان) توانی له لایه‌که‌وه دڵی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک خۆش بکات و وزه و هیوا بداته‌وه به خه‌ڵک، له لایه‌کی‌تره‌وه ڕێژیم بۆ جارێکی دیکه زانی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات خاوه‌ن جێگه و پێگه‌ی جه‌ماوه‌رین و له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا خاوه‌ن هێزن. ئێستا که دادگای میکۆنووس ته‌واو بووه و حوکمی ئه‌و دادگایه ستاتوویه‌کی نێوده‌وڵه‌تی به خۆیه‌وه گرتووه، زۆر باش ده‌بێ ئه‌گه‌ر حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات هاوده‌نگ و یه‌کگرتوو له‌م که‌یسە به قازانجی دۆزی کورد له ئێران له نێو کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی که‌ڵک وه‌رگرن.
پ ـ کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارەی دادگای بیرلین لە سەر ڕێژیمی ئێران چی بووە؟
وـ بۆ یه‌که‌مجار بوو که کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی به دوای تێرۆری سه‌دان چالاکی سیاسی و دژ‌به‌ری ڕێژیم له وڵاتانی دیکه، ده‌که‌وتنه به‌ر تیغی عه‌داڵه‌ت و له دادگایه‌کی عادڵانه و دێموکراتیک له وڵاتێکی ئورووپایی به ڕاشکاوی و سه‌ربه‌خۆیانه دادگایی ده‌کران. هه‌رچه‌ند پرۆسه‌ی دادگایی کردنه‌که زۆری خایاند، به‌ڵام له کۆتاییدا و ته‌نانه‌ت به موداخله‌ی زۆر ده‌ستی تر بۆ به لاڕێدابردنی دادگای میکۆنووس، حوکمی کۆتایی تاوانبار ناساندنی ڕێژیمی کۆماری ئسیلامی بوو، ئه‌مه‌ش کاریگه‌رییه‌کی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بوو، ئه‌وه‌نده که وڵاتانی ئورووپایی باڵوێزی خۆیان بانگهێشتی وڵاتی خۆیان کرده‌وه و توانی کۆماری ئیسلامی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به ته‌واوی ک‌ش و مات بکات. بۆ ڕێژیم زۆر گران که‌وت و هه‌ر به دوای ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای میکۆنووس بوو که کۆماری ئیسلامی ئیتر نه‌یتوانی له ئاستی ئورووپادا به شێوه‌ی جاران ده‌ست به‌رێ بۆ ڕه‌شه کوژی و دژه‌به‌رانی خۆی تێرۆر بکات.
پ ـ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران زۆر جار باس لەوە دەکەن کە تێرۆری جیابیران وەک دوکتور قاسملوو و شەرەفکەندی بوو بە هۆی ڕووخانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو ڕێژیمە؛ ئێوە چۆن ئەو لێدوانەی بەرپرسانی ڕێژیم شرۆڤه دەکەن؟
وـ وه‌کوو پێشتریش باسم کرد تێرۆری میکۆنووس زه‌ربه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له ویجهه‌ی کۆماری ئیسلامی له ئاستی وڵاتانی ڕۆژئاوا دا، ئه‌مه حاشا هه‌ڵنه‌گره و قه‌یرانی دیپلۆماتیک له نێوان ڕۆژئاوا و کۆماری ئیسلامی به دوای ده‌رکردنی بڕیاری دادگا سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ڕاستیه‌یه.
پ ـ ڕەوتی ئیسلاح تەڵەبی لە ئێران‌دا، بەرهەمی بە تێرۆریزم ناساندنی ئەو ڕێژیمە بوو بۆ ئەوەیکە دیسان بتوانێت لە نێوخۆ و دەرەوە خۆی پێناسە بکاتەوە؛ کاریگەرییەکانی ئیسلاح تەڵەبی لە سەر کۆمەڵگای ئێران چی بووە؟
وـ له ڕاستیدا ئیسلاح‌ته‌ڵه‌بانی حوکمه‌تی وه‌ک بژارده‌کانی نێو حاکمیه‌ت – به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له ڕۆژئاوا خوێندیان و دواتر گه‌ڕانه‌وه ئێران- زوو به‌وه گه‌یشتن که ناتوانن چیتر به‌و گوتار و مێتۆده ئینقلابی و توندئاژۆیانه‌یان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی حزووریان هه‌بێ، بۆیه که‌وتنه بیری پێکهێنانی گۆڕان له گوته و کرده‌ی سیاسی- ئه‌گه‌ر له ڕواڵه‌تیشدا بێ- و تیۆریزه کردنی تێزی ئیسلاحات له چوارچێوه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا. نزیک بیست ساڵه ئیسلاح‌ته‌ڵه‌بی وه‌ک گوتارێکی سه‌ره‌کیی شوێندانه‌ر له ئاست ده‌سته‌به‌ندی کردنی گرووپ و باڵه‌کانی نێو حاکمیت واته فۆرماسیۆنی سیاسی له نێو حاکمییه‌تدا و کارتێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی زه‌ینیه‌تی هزری گشتی له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کان ڕۆڵ ده‌گێڕێ. به تایبه‌ت به دوای دادگای میکۆنووس ئه‌م گرووپه که‌وتوونه‌ته جم و جۆڵێکی چڕتر بۆ سازگارترکردنی کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه.
پ ـ تا چەندە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە بە تێرۆریزم ناساندنی ڕێژیمی ئێران لە جیهاندا بە سوودی خۆیان کەڵکیان وەرگرتووە؟
وـ زۆر به داخه‌وه زۆر به که‌می له‌م پێوه‌ندییه‌دا چالاک بوون. ئه‌مه‌ش ڕه‌خنه‌یه‌کی گه‌وره‌یه که دێته‌وه سه‌ر -به تایبه‌تی -حیزبی شه‌هیدانی ڕێبه‌ر.
پ ـ لە ئێستادا زلهێزانی جیهان بەردەوام باس لە سیاسەتی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران دەکەن؛ ئایا وڵاتانی زلهێز بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی ڕێژیمی ئێران هیچ هەنگاوێک دەنێن؟
وـ زیاتر ڕۆژئاواییه‌کان و به تایبه‌تی ئامریکا و دۆستانی ستراتیژیکی وه‌ک بریتانیا و فه‌ڕانسه و ئاڵمان، له‌و پێوه‌ندییه‌دا قسه ده‌که‌ن. به‌ڵام بۆ هه‌ڵێنانی هه‌نگاوی عه‌مه‌لی به دژی ئێران هه‌ندێک فاکت پێویستن که شیمانه ده‌کرێ له ده‌ستدا هه‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی جیدی‌تر دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی که ده‌توانین به ده‌ستێوه‌ردانی کۆماری ئیسلامی له سه‌روه‌ری سیاسی وڵاتانی دیکه، هه‌نارده‌کردنی گرووپی تێرۆریستی بۆ ده‌ره‌و‌ی وڵات، پشتیوانی له گرووپه تێرۆریستییه‌کان، پێشێل کردنی مافی مرۆڤ له نێوخۆ، به‌زاندنی یاسای گه‌مارۆکان و ڕۆڵی سه‌ره‌کیی سپای پاسداران له قاچاغی ماده هۆشبه‌ره‌کان بۆ ڕۆژئاوا و ….هتد، ئاماژه بکه‌ین. بۆیه پێموایه که ئه‌مانه ده‌توانن کۆمه‌ڵێک فاکت بن لە ڕووبه‌ڕووبوونه‌ی جیدی‌تر به دژی ئێران.
پ ـ ڕا و بۆچوونی ئێوە لە سەر بڕیاری دادگای بێرلین چیه؟
وـ بڕیارێکی بوێرانه، کاریگه‌ر، ئه‌خلاق‌مه‌دار، ئازاد و دێموکراتیک بوو. به داخه‌وه زۆر جار عه‌داڵه‌ت و ڕاستی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا ده‌بێته قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندیی ماڵی. به‌ڵام دادگای مێکۆنووس نیشانی دا هێشتا عه‌داڵه‌ت و داد له جیهاندا بوونی هه‌یه و من وه‌کوو خۆم سه‌ری ڕێز و نه‌وازش داده‌نوێنم بۆ دادگای میکۆنووس و ستافی قه‌زایی ئه‌و دادگایه.
سەرچاوە: کوردستان مێدیا