له‌یلا: ده‌مه‌وێت به ده‌نگی به‌رز باسی تاوانه‌كانی داعش بۆ دنیا بكه‌م
ڕیساله شاركانی
چیرۆكی له‌یلا. چیرۆكی ئازاره بێكۆتاكانی شێره‌ژنێكی كوردی ئێزدییه كه ئێستێ پاش ئه‌و هه‌موو ئازاره گوێی لێ ده‌گریت، هیوایه‌كی زۆرت به ژیان و داهاتووی كورد و ئێزدی و كوردستان لا دروست ده‌بێت.
ئازار و ژانه‌كانی خاتوو له‌یلا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موومان كه گوێی لێ ده‌گرین سه‌رمان له دڕندایه‌تیی داعشییه‌كان و ئازایه‌تی ئه‌م سوڕ ده‌مێنێت، وه‌لێ كه‌سایه‌تی و خه‌م و هیواكانی له‌یلا جیاوازن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بارودۆخی سه‌ختی ژیانی شنگال ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌داوه‌تێ، خوێندن ته‌واو بكات، وه‌لێ كه گوێ له له‌یلا ده‌گریت، ده‌زانیت ئافره‌تێكی هۆشیاره، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو مه‌ینه‌تییه، به‌وره‌یه. خه‌می گشتیی له خه‌مه‌كانی خۆی زۆرترن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی و براكانی و كه‌سوكارێكی زۆری تا ئه‌مڕۆ له چنگی داعشدان، كه‌چی هیواكانی به ژیان و داهاتوو له‌بن نایه‌ن.
سه‌ره‌تای دیلێتی
لێم‌پرسی: ده‌زانم برینه‌كانت ده‌كولێنمه‌وه، به‌ڵام ده‌توانیت به وردی چیرۆكی دیلێتی خۆتمان بۆ بگێڕێته‌وه؟ وه‌ك له كه‌سێكی وه‌ك خاتوو له‌یلام چاوه‌ڕێ ده‌كرد، به وره‌یه‌كی به‌رز و ده‌نگێكی دلێره‌وه گوتی، به‌ڵێ، ئه‌سڵه‌ن من تامه‌زرۆی ئه‌وه‌م باسی ئازاره‌كانی خۆمان و بێئه‌خلاقی و تاوانه‌كانی داعش بكه‌م، من ده‌مه‌وێت به هه‌موو دنیا بڵێم: ئێزدی و كورد و كوردستان به‌م بێئه‌ده‌بانه كۆتاییان نایه‌ت.
ماڵی ئێمه كه بریتی بووین له شه‌ش حه‌وت ماڵ و دانیشتووی شاری شنگال بووین، سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی كاره‌ساته‌كه، گوێمان له ده‌نگی ته‌قه‌یه‌كی زۆر و نێزیك بوو، كاتێك له ده‌وروبه‌رمان بووه هه‌ڵا، چییه؟ گوتیان داعش كه‌وته ده‌وروبه‌ری شاره‌وه. ده‌ستوبرد خۆمان كۆ كرده‌وه و ئۆتۆمبیلێكی پیكابی گه‌وره‌مان هه‌بوو، هه‌مووان سه‌ركه‌وتین به‌ره‌و چیا. كاتێك گه‌یشتینه لۆفه‌كانی دامێنی چیا، چی ببینین، هه‌موو شنگال به پێ و به ئۆتۆمبێل به‌ڕێوه‌ن و شار جێ دێڵن. له‌ناكاو له بێبه‌ختیی ئێمه له‌نێو ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌دا، ئۆتۆمبێله‌كه‌مان په‌كی كه‌وت. چه‌ندی خه‌ریك بوون چاك نه‌بووه‌وه. خه‌ڵكێكی زۆر ڕۆیشتن، وه‌لێ خه‌ڵكێكی زۆریش لای ئێمه و له خواره‌وه گیریان خواردبوو. هه‌ر هێنده‌مان زانی، چوار پیكابی پڕ له چه‌كداری جلكڕه‌شی ڕیشدار به‌لای ئێمه‌دا سه‌ركه‌وتن و تا لۆفه‌ی سه‌روو ئێمه‌ش چوون و یه‌كسه‌ری به‌رده‌میان له خه‌ڵكه‌كه گرت. چه‌كداره‌كان دابه‌زین و چه‌كیان ڕ‌اكێشا، چه‌ند چه‌كدارێك بۆ لای ئێمه داگه‌ڕان. ده‌وره‌یان گرتین. له‌و كاته‌دا، ده‌نگی ده‌ستڕێژی گووله له‌ولا ئێمه‌وه هه‌ستا. به چاوی خۆم بینیم پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن و دوو كوڕی گه‌نجیان له‌سه‌ر چه‌قی ڕێگه‌كه و به به‌رچاوی منداڵه‌كانیانه‌وه كوشت. ئه‌وانه‌ی ده‌وری ئێمه‌یان دا، هاواریان كرد هه‌مووان ده‌ست به‌رز كه‌نه‌وه، هه‌ر یه‌كه‌و كه‌وته پشكنینی هه‌ندێكمان. پاره، زێڕ، مۆبایل و ئه‌وراقی هه‌مووانیان برد. من خێرا مۆبایله‌كه‌م شارده‌وه. داعشه‌كه‌ی منی پشكنی گوتی كوا مۆبایله‌كه‌ت؟ گوتم ئه‌و براده‌ره‌ی دیكه‌ت پێش تۆ منی پشكنی و لێی وه‌رگرتم، باوه‌ڕی كرد و وازی لێ هێنام. دواتر هه‌مووانیان به ئۆتۆمبێلێكی ئیسعاف له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئۆتۆمبێلی دیكه گێڕایانینه‌وه به‌ره‌و شنگال. له‌وێ له‌گه‌ڵ سه‌تان خێزانی دیكه‌دا كردیانینه نێو دایره‌ی نفووسی شنگاله‌وه. تا ئێواره به برسێتی و تێنوێتی ماینه‌وه، گه‌رماش له‌ولاوه بوه‌ستێت. ئێواره‌كه‌ی چه‌ته‌وه‌ڵه‌كانی داعش كه‌وتنه ناومان، هه‌رچی كچی جوان و ئافره‌تی به‌رچاو بوو، بر‌دیانن و ئیدی نه‌مانبینینه‌وه. ئه‌ڵبه‌ت دیمه‌نی ئه‌و منداڵ و دایك و باوك و هاوسه‌رانه‌ی دایك و كچ و بووك و خوشك و هاوسه‌ره‌كانیان بردن، دیمه‌نێكه تا ماوم بیرم ناچێته‌وه. كاتێك كه‌سوكاره‌كانیان هاواریان ده‌كرد به داعشه‌كانیان ده‌گوت: بۆ كوێیان ده‌به‌ن؟ داعشه‌كان ده‌یانگوت: ئه‌مانه سه‌بییه‌ن… خودێ سه‌بییه چییه! یه‌ك له ئێمه ئه‌م ناوه‌ی نه‌بیستبوو. بیرم نه‌چێتـ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی وه‌ك من نه‌بران، وێنه‌یان گرتین. ئه‌و داعشانه‌ی ئێمه‌یان گرت، به شێوه‌زاره‌كه‌یاندا دیار بوو، عه‌ره‌به‌كانی ده‌وری شنگال بوون. تا هه‌شتی ئێواره له نفووسی شنگال هێشتیانینه‌وه، له‌وه به‌دواوه ترۆمبێلی گه‌وره‌یان هێنا هه‌موو ژن و منداڵیان سوار كرد. كاتێكمان زانی گه‌یشتینه به‌عاج. ئه‌و پێنج ڕۆژه‌ی له‌وێ ماینه‌وه، له برسان و له ترسان و له گه‌رمان، هه‌ر چركه‌یه‌كی به ساڵێك بوو. سه‌ربار، ڕۆژانه ئه‌میرێكی داعش ده‌هات و پزیشكێكی ژنی له‌گه‌ڵدا بوو، یه‌ك یه‌ك ئافره‌ته‌كانی ده‌پشكنی ئاخۆ كێ ژنه و كێ كچه و ناونووسیان ده‌كردین. ئه‌ڵبه‌ت ڕۆژانه‌ش ئه‌م داعشه دڕندانه ده‌هاتن پۆست پۆست هه‌ر كچ و ژنێكیان به‌دڵ بووایه ده‌یانبردن.
شه‌وێكیان سه‌عات دووی نیوه شه‌و هاتن و سواری ترۆمبێلیان كردین به‌ره‌و ته‌له‌عفه‌ر. چوار ڕۆژی برسێتی و تینوێتی و سووكایه‌تی ئه‌وێشمان بینی و شه‌وله‌ناو بردیانین بۆ سجنی به‌دناوی بادووش. ئه‌وه‌ی باش بوو، له‌وێ، براژنه‌كه‌م، عه‌مشێ، كه له شنگال لێیان جیا كردینه‌وه بینیمه‌وه. مۆبایله‌كه‌م لێ وه‌رگرته‌وه كه ئێواره‌ی یه‌كه‌م دابوومێ. له بادووش برسێتی و تینووێتی گه‌رما و ئیهانه و كچ و ژن بردن به‌رده‌وام بوو. هه‌ر له بادووش به‌دزییه‌وه قسه‌م له‌گه‌ڵ خالیدی برام كرد. پێم گوت: ئێمه له بادووشین (خاتوو له‌یلا، خوشكی نووسه‌ر و ڤه‌كۆڵه‌ری ناسراوی شنگالی، خالید ته‌علۆیه). فڕۆكه ده‌ستیان به بۆردومان كرد. له‌گه‌ڵ گرمه‌ی هه‌ر بۆمبێكدا، خه‌ریك بوو جه‌رگمان ده‌هاته ده‌ره‌وه، به‌ڵام ڕاستتان ده‌وێت، چونكه ده‌مانزانی له داعش ده‌ده‌ن، دڵمان پێ ده‌كرایه‌وه و وره‌مان به‌رز ده‌بووه‌وه. دوای ده ڕۆژ، دیسان شه‌وێك گێڕایانینه‌وه بۆ ته‌له‌عفه‌ر. ئینجا هاتنه سه‌رمان و پێیان گوتین ده‌بێت ئایینی خۆتان واز لێ بێنن و ببنه موسڵمان، ئه‌وه‌ی نه‌بێت، سه‌ری ده‌بڕین. ئێمه له ترساندا گوتمان باشه. گوتیان مادام موسڵمان بوون، مێرده‌كانتان بۆ ده‌هێنینه‌وه، پاش چه‌ند ڕۆژێك ئه‌و پیاوانه‌یان هێنایه‌وه كه ژنه‌كانیان له‌وێ بوون. كه له ته‌له‌عفه‌ر بووین، شه‌وێك پیره‌مێردێكی ئێزدی، به مۆبایل قسه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كه‌ی كردبوو دیاره داعشه‌كان پێیانزانی، باوه‌ڕ بكه‌ن ده‌موده‌ست به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه كوشتیان. دوای ئه‌وه، كه‌وتنه پشكنینی ماڵه‌كان و بۆ مۆبایل ده‌گه‌ڕان. زانیبوویان من مۆبایلم هه‌یه، نیوه‌شه‌وێك هاتنه ژووره‌وه و چه‌كیان له‌سه‌ر سه‌رم دانا: یان مۆبایله‌كه‌ت یان ده‌تكوژین… ناچار مۆبایله‌كه‌م ته‌سلیم كردن. هه‌شت مانگ له‌وێ ماینه‌وه، خزمه‌تكاری داعشییه‌كان بووین، فه‌لاحه‌ت، مه‌ڕوماڵات به‌خێوكردن، هه‌موو ئیشه‌كانیان به ئێمه ده‌كرد. ڕۆژێك نه‌خۆش كه‌وتم، ده‌بوا پیاوه‌كه‌م یان براكه‌م بچێت مۆڵه‌ت وه‌رگرێت تا بمبات بۆ نه‌خۆشخانه، ئه‌وه‌بوو پیاوه‌كه‌م و ئازادی برازام، چوون و چه‌ند چاوه‌ڕێ بووین نه‌هاتنه‌وه، ناچار ده‌خیلی برام چوو تاقیبی ئه‌وان بكات، ئه‌ویش نه‌هاته‌وه، ئه‌وجا سه‌عدی برام، دواجار برازایه‌كی دیكه‌م چوو، نه‌خێر هیچیان نه‌هاتنه‌وه. تا نیوه‌شه‌و هه‌ر دانیشتین و هیچ هه‌واڵێكیان نه‌بوو. پاش نیوه‌شه‌و كاتێكمان زانی ده‌وری ماڵیان گرتین، به‌زۆر هه‌مووانیان برده ماڵێكی تاریك و نووته‌ك، له‌وێ به لایتی ده‌ستی هه‌رچی كچی منداڵ و جوان هه‌بوو بر‌دیانن. بۆ به‌یانی هه‌ر نه‌خۆش بووم له به‌رپرسه‌كه‌مان كه ناوی ئه‌بو فه‌یسه‌ڵ بوو، پرسیم: كوا پیاوه‌كانمان گوتی: باسیان مه‌كه‌ن و مه‌وزوعه‌كه داخه‌ن و له ده‌ستی ئێمه‌ش نه‌ماوه. كردمان به گریان و هاوار هیچ سوودی نه‌بوو. له‌و ڕۆژه‌وه پیاوه‌كه‌م و برا و برازاكانم نه‌بینیوه‌ته‌وه. دوو داعش هاتن، ئه‌بو عه‌لی و دكتۆرێكی داعشی موسڵاویی له‌گه‌ڵدا بوو، هاتن به گاڵته‌پێكردنه‌وه پێیان گوتین مادام هێنده حه‌زتان له كوردستانه ده‌تانبه‌ین بۆ كوردستان، كه‌چی هه‌ر له‌وێ كۆمه‌ڵێك منداڵی كوڕ و كچی دیكه‌یان برد و نه‌مانبینینه‌وه. بۆ ڕۆژی دوایی ئه‌میرێكی زۆر بێنامووسى خه‌ڵكی ته‌له‌عفه‌ر ناوی حاجی مه‌هدی بوو ، كۆمه‌ڵه پاسێكی هێنا و گوتی سه‌ركه‌ون بۆ ڕه‌ققه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ركامێكتان شوو به چه‌كدارێكی ئێره ده‌كه‌ن نایبه‌ین. هیچمان ڕازی نه‌بووین، بۆیه به لێدان و داركاری و سووكایه‌تی سواریان كردین. بۆ به‌ره‌به‌یانی رۆژی دواتر گه‌یشتینه ڕه‌ققه.
ڕه‌ققه و ئازاره‌كانی كڕین فرۆشتن
ئه‌ڵبه‌ت ئۆتۆمبێله‌كان زوو زوو له ڕێگا ده‌وه‌ستان و ئه‌م داعشه پیسه بێئه‌خلاقانه سه‌رده‌كه‌وتن و كام ئافره‌تیان به‌دڵ بوایه ده‌ستیان ده‌گرت و ده‌یانبرد. كاتێك گه‌یشتینه ڕه‌ققه، هه‌مووانیان خزاندینه ژێرزه‌مینی به‌نزینخانه‌یه‌كه‌وه، باوه‌ڕتان بێت ئه‌وه هیچ بۆگه‌ن و گاز خه‌ریك بوو ده‌یكوشتین، ڕۆژانه یه‌كی یه‌ك سه‌موون و دانه‌یه‌ك په‌نیری سێگۆشه‌یان ده‌داینێ، ده‌زانی له تینوواندا، بۆریی ئاوی بویله‌ر له‌و ژێرزه‌مینه‌دا هه‌بوو، قه‌فیسه‌كانمان شكان و ئاوی بویله‌ره‌كه‌مان ده‌خوارده‌وه. پاش هه‌فته‌یه‌ك گواستیانینه‌وه بۆ ئۆردوگایه‌ك له ناوچه‌یه‌كی كشتوكاڵی و له‌وێ 40 ڕۆژ هێشتیانینه‌وه و شه‌یمای برازام كه ته‌مه‌نی نۆ ساڵان بوو بردیان. ئه‌ڵبه‌ت ناونووس كرابووین، به‌رپرسی سجنه‌كه‌مان داعشێكی سعوودی بوو، تا بڵێی بێ‌ویژدان و بێبه‌زه‌یی بوو. پاش 40 ڕۆژ ناوی من و هیامی هاوڕێم هاته‌وه و گوتیان وه‌رنه حه‌وشه‌كه. له‌وێ بازرگان و داعشی زۆر هاتبوون تا پاش بینینمان بمانكڕن. له‌وێ له‌چكیان پێ لاده‌بردین تا چاك بمانبینن. داعشێك به ناوی ئه‌بو ئه‌نه‌س سووری منی كڕی. پاش سێ ڕۆژ به دیاری منی دا به داعشێكی دیكه ناوی ئه‌بو سەیف ئه‌لعێراقی بوو، موسڵاوی بوو. هه‌ردووكیان زۆر پیس و بێڕه‌وشت بوون و هه‌رچی ناشێ و به‌رانبه‌رم كردیان. بوو به ڕه‌مه‌زان، گوتی: ده‌بێت به‌ڕۆژوو بیت، گوتم: تۆ گوایه له خوا ده‌ترسی؟ ئه‌و هه‌موو زوڵم و بێئه‌خلاقییه ده‌كه‌یت ئێستا داوای ڕۆژوو له من ده‌كه‌ی؟ دوای ڕه‌مه‌زان ئه‌بو سه‌یف، منی به هه‌دیه دا به دكتۆرێكی به‌غدایی داعش به ناوی دكتۆر عه‌بدڵڵا هاشمی. به حسێب دكتۆر بوو، وه‌لێ مرۆڤی وا ئاستنزم و بێبه‌زه‌ییم نه‌بینیوه، هه‌شت مانگ ئه‌شكه‌نجه‌ی خۆم و منداڵه‌كانمی دا. نازانم چۆن نه‌مردم، ئه‌وه‌ی خۆڕاگری و ئۆقره‌ی پێ ده‌به‌خشیم، منداڵه‌كانم بوون: (سالار)ی شه‌ش ساڵان و (سارا)ی چوار ساڵان. ئه‌م دكتۆره‌ش ڕۆژ تا ئێواره ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌و منداڵانه و خۆمی ده‌دا، كه‌چی ده‌یگوت ده‌بێ نوێژ بكه‌یت گوناحه. دوای هه‌شت مانگ، فرۆشتمی به ئه‌بو جیهادی جه‌زراوی كه سعوودی بوو. هێنده نه‌مامه‌وه، فرۆشتمی به ئه‌بو حه‌مزه جه‌زراوی. هه‌شت مانگیش لای ئه‌مه‌یان مامه‌وه، تا دنیا دنیایه كه‌سی وا بێئه‌خلاق و بێ‌ویژدان نابێته‌وه. هه‌شت مانگ نه‌یهێشت له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانم بخه‌وم، پێم ده‌گووت بۆ ناهێڵی، ده‌یگوت ئاخر تۆ و منداڵه‌كان بۆ ساتێكیش بێت دڵخۆش ده‌بن. ده‌زانن، سارای چوار ساڵانی كچمی ده‌برده حه‌وشه به‌و زستانه سارده به‌فراوی ده‌كرد به‌سه‌ردا و به‌جێی ده‌هێشت و نه‌یده‌هێشت بچم به‌لایدا، ده‌مگوت ئه‌و منداڵه گوناحی چییه؟ ده‌یگوت هه‌ر بۆ ئه‌وه‌مه تۆ داخ بخۆی. ئه‌م بێویژدانه سێ ژنی هه‌بوو: ئێزدییه‌ك، سعوودییه‌ك و قامیشلۆییه‌ك. دواتر فرۆشتمییه سعوودییه‌كی دیكه به ناوی ئه‌بو جه‌عفه‌ر. چه‌ند مانگێكیش لای ئه‌و مامه‌وه، پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن بوو. داوام لێ كرد، بمبات بۆ مه‌كته‌بی ئینته‌رنێت و ته‌له‌فۆنات تا قسه له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كه‌م بكه‌م. نازانم چۆن دڵی نه‌رم بوو چه‌ند جارێك بردمی. دوایی گوتی: ئیدی ناتبه‌م، ده‌ترسێم بزانن منیش ده‌كوژن. به‌هه‌رحاڵ به‌و ته‌له‌فۆنانه ماڵی خۆمان و خالیدی برام هێنده‌ی پاره‌یان بۆ ناردم تا هیامی هاوڕێم كه بووبووه ئافره‌تێكی ئازاد و به‌پێی شه‌رعی ئه‌وان ده‌یتوانی من بكڕێته‌وه. هیام منی كڕییه‌وه. هه‌ر به‌پێی شه‌رعی ئه‌وان هیام ده‌یتوانی منیش ئازاد بكات و ئازادی كردم. به‌ڵام نه‌ده‌بوو له ماڵه‌كه‌یدا بمێنمه‌وه، بۆیه ناچار په‌نام بۆ داعشێكی ناسراو برد ناوی ئه‌بو ئوسامه ئه‌مریكی بوو. گوتی وه‌ره بۆ لام كه چووم گوتی له ماڵی مندا بمێنه‌وه، به‌ڵام ئێستێ تۆ ئافره‌تێكی موسڵمانی ئازادی، ده‌بێ شوو بكه‌یت. پاش بیستوپێنج ڕۆژ منی فرۆشته داعشێكی لوبنانی به ناوی ئه‌بو هانی. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌بو هانی منی برده دادگای شه‌رعی و ماره‌ی كردم به شه‌رعی ئه‌وان، ئیدی به ته‌واوی ئازاد بووم و ترسم نه‌ما، یه‌ك مه‌رجی هه‌بوو كه ته‌له‌فۆن بۆ كه‌سوكارم نه‌كه‌م، منیش گوتم باش، به‌ڵام من ئیشی خۆم ده‌كرد. ئه‌م ئه‌بو هانییه، ژنێكی دیكه‌شی هه‌بوو جنسیه‌ی هۆڵه‌ندی بوو و پێیان ده‌گوت (أم البرا‌و). هێنده‌ی نه‌برد، ئه‌بو هانی لوبنانی چوو بۆ شه‌ڕ، منیش فورسه‌تم هێنا و له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانم براژنه‌كه‌م و هاوڕێكه‌م و دوو ژنی عه‌ره‌بی ڕه‌ققه، شه‌وێك هه‌ڵاتین و پاش چه‌ند ڕۆژێك خۆری ئازادیم لێ هه‌ڵهات.
لێم پرسی: دوا په‌یڤت چییه؟ له وه‌ڵامدا خاتوو له‌یلا شنگالی گوتی: ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر من و ئافره‌تانی دیكه‌ی ئێزدیی هاتووه، هه‌ر ئازار و مه‌ینه‌تی ئێمه‌ی ئێزدییان نییه، ئه‌وه برینێكه به جه‌سته‌ی كوردستانه‌وه، من، دانانیشم و ته‌سلیم نابم، ده‌بێ ئه‌م موعاناته بگاته گوێی هه‌موو كوردستان و هه‌موو دنیا، ده‌بێ هه‌موو دنیا بزانن، ئه‌ركی هه‌مووانه ڕووبه‌ڕووی داعش ببنه‌وه، خه‌می من ته‌نیا بۆ ئێزدییان نییه، خه‌می من بۆ كوردستان و بۆ هه‌موو قوربانیانی ده‌ستی داعشه.
سەرچاوە: باس نیوز