دۆسەی میکۆنۆس ، ” تەلەفزیۆنی رووداو” 2013
لە ئێران و بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی نارەزایەتی بەرین سەری هەڵدا . شەری نێوانیان نەتەنیا لە ناو وڵات ، تەنانەت دەرەوەی وڵاتیشی گرتەوە
بە پێی ئاکامی لێکۆڵینەوەکان و لە ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٩٠ی زایینی لەزۆر لە وڵاتان بە سەدان دژبەر لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەناو چوون . سەرەکیترین رەشەکوژی رێژیم لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینی لە “ڤییەن” پێتەختی ئوتریش لە دژی رێبەرێکی مەزنی کورد روویدا . رەشە کوژییەک کە لەودا سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید کاک دوکتور قاسملوو و “عەبوڵا قادری ئازەر” ئەندامی کۆمیتە ناوەندی و نوێنەری حیزب لەدەروەی وڵات و “د. فازڵ رەسوول” مامۆستای زانکۆ شەهید کران .
دوای تیرۆری شەهید د. قاسملوو و هاورێیانی ، شەهید د. شەرەفکەندی وەک سکرتێری گشتی حیزبی دێنوکراتی کوردستانی ئێران دیاری کرا .
د. شەرەفکەندی وەک قوتابییەکی لێهاتووی د. قاسملوو توانی ببێتە رێبەرێکی لێهاتوو و دیپلۆماتێکی شارەزا . لە خرمانانی ١٩٩٢ی زایینی بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆنگرەی ئینتر ناسیۆنال سووسیالیستی جیهانی چووە برلێنی ئاڵمان . پاش کۆتایی کاری ئینتر ناسیۆناڵ و بەمەبەستی کۆکرندەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەوری پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ بەگژداچوونەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی کۆبوونەوەیەکی رێکخست . لە کۆبوونەوەی شەوی ١٧ی سەپتامبری ١٩٩٢زایینی[٢٦ی خرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی] بەدەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی وێرای شەهیدان فەتاح عەبدولی و هومایۆن ئەردەلان و د. نووری دێهکوردی لە ریستورانی “میکۆنۆس ” شەهید کران .
نووسەری کورد “مەمۆ شاهین ” لەسەر چۆنیەتی بەشداری کورد لە کۆنگرەی ئینترناسیۆنال و کاری دیپلۆماسی ئەو سەردەمە لە ڕاپۆرتێکی دێکومنتاری تایبەت بە دۆزی شەهید بوونی کاک د. شەرەفکەندی و هاورێیانی لە شەوی ١٧ی سەپتامبەر بۆ رووداو ئەدوێ و دەڵێ :” لەوسەردەمەدا بواری دیپلۆماسی ئێمە گەلێک دەوڵەمەند بوو ، هوشیار زێباری لەوێ بوو، مام جەلال تاڵەبانی و هەڤاڵانی یەکیەتی و هەڤاڵانی پارتی و هەڤاڵانی ئێمە لە کۆمکا ر و هەڤاڵانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیشی لێبوون . ژمارەمان زیاتر لە دە کەسان بوو .
لەکاتێکدا شەهید د. شەرەفکەندی سەرقاڵی جێبەجێکردنی کارە دیپلۆماسیەکانی بوو ، تیمێکی سیخوری دەزگای هەواڵگری کۆماری ئیسلامیش لەسەر چۆنیەتی کارێکی تیرۆرسیتی بە نهێنی چالاکیان دەکرد .
“حەمید نوزەری” چاودێری دۆزی تیرۆری د.شەرەفکەندی لە دادگای میکۆنۆس بۆ رووداو دەڵێ :” یەکەمین بەرپرسی ئامادەکاری تیمی تیرۆریستی ئێران “محەممەد هادی خادمی موقەدەم” بوو کە هاتە ئەڵمانیا ، ئەو یەکێک لە کارناسانی تایبەت بە کوردان لە نێو وەزارەتی هەواڵگری کۆماری ئیسلامیدا بوو، یەکێک لە ئامادەکارانی تیمی تیرۆری د. قاسملوو لە ڤیەن- یش بووە . ئەو کوردان باش دەناسێ و بەشی تایبەت بە کورد و کوردستان لە ئەستۆیە . لە هاوینی ساڵی ١٩٩٢دا و سێ مانگ بەر لە رەشە کوژییەکە ، سیخۆرێک بە ناوی ” ئەسغەر ئەرشەد” و ” عەلی کەماڵی” کە وەک پیاوی دەستی راستی ” عەلی فەلاحیان” وەزیری دەزگای هەوڵگری دەناسران ، هاتنە ئەڵمانیا و دەستیان بە ئامادەکاری تیرۆرەکە کرد . ئەوان لەگەڵ “کازم دارابی” کە سیخۆرێکی ئێرانی بوو و لە وڵاتی ئاڵمانیا دەژیا دەستیان تێکەڵ کرد ، کازم دارابی هێندێک کەسی حیزبوڵایی پەیا کرد ، ئەو تا دە رۆژ بەر لە تیرۆرەکە ڕاوەستا و تیمەکەش لە ” عەبدولرەحمان بنی هاشمی ” و یەکێک بە ناوی” محەممەد” پێکهات . ئەوان تیمی تیرۆری فەرمی کۆماری ئیسلامی بوون ، تیمی تیرۆری میکۆنۆس لەو کەسانە پێکدەهات ، چەند کەسێکیتریش بۆ چاودێری و ئامادەکردنی ماشینی هاتوچۆ و شوێنی مانەوە لە ئەندامانی حیزبولای نیشتەجێی ئەڵمانیا هاوکاری تیمە ترۆریستییەکەیان کرد “.
دوکتور شەرەفکەندی لە مێژ بوو کە بیری لە چاوپێکەوتنێکی ئوپۆزسیۆنی ئێرانی کردبووە ، بە هاتنی بۆ برلین ، ئەو دەرفەتە رەخسا . پێویست بوو کە چاوپێکەوتنەکەی لەرێستۆرانی میکۆنۆس کە خاوەنەکەی ئێرانی بوو و وەک مێزی نەیارای کۆماری ئیسلامی دەناسرا ، پێکهاتبا.
” مەمۆ شاهین” لە درێژەی لێدوانەکەی دەڵێ:” کاتێک ریستۆرانی میکونۆس دیاری کرا ،بەوجۆرە وادیاربوو کە شوێنێکی لاپەر و نهێنییە، بەڵام لە میژبوو کە ریژیم زانیاری لەسەر ئەو شوێنە دەست کەوتبوو “.
“حەمیدی نەورووزی”ش لەو بارەوە دەڵێ :” چاودێرە سیخۆریەکانی رێژیم چاودێری تایبەتی میزی د. شەرەفکەندی و د. دێهکوردی بوو. پێشتر بە ڕێنوێنی ” ئەبوو جەعفر” هاتبوونە بەرلین و شوێنەکەیان ئاشکرا کردبوو . شەوی چوارشەممە یانی ٢٤ کاتژمێر بەر لە تیرۆرەکە ، تیمی تیرۆر لە دەوروبەری هەشتی ئێوارە هاتبوونە ئەوێ و سەردانی شوێنەکەیان کردبوو . بە واتایەکیتر هەم رۆژی بەر لە تیرۆر و هەم رۆژی تیرۆرەکە ، تیمی تیررۆ بۆ ناسینی شوێنەکە ، سەردانی ئەو شوێنەیان کردبوو ، ئەوە یەکێک لە کارەکانی ئەوان و کۆماری ئیسلامی بوو “.
“شاهین” زیاتر لەو بارەوە ئەدوێ :” عەلی فەلاحیان لە ٣٠ی تەباخی ١٩٩٢ پەیامێک ئەدا ، لەو پەیامەداهەرەشەی کردبوو ، گوشاری زۆری خستبوونە سەر . لەو سەفەرەدا د. شەرەفکەندی لەسەر میوانداری پارتی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان لە هوتێلێک دەمایەوە ، لەوێ پۆلیس پارێزگاری لێ دەکرد . کاتێک لە بەرلین بوو، من پێم گوت ،کاک دوکتور سەعید ! ئێمە ماڵمان هەیە ، بۆوەی مەترسی لەسەرتان نەبێ ، فەرموون بۆ ماڵی ئێمە ، لە وڵامدا گوتی کە کێشە نییە ، لەو شوێنەی کە دەمێنمەوە هەم پۆلیسی لێیە و بێ مەترسییە و هەم منیش پیویستە بچمە شوێنێک بۆ چاوپێکەوتن و یەکتر ناسینێک و ئیتر قبوولی نەکرد و نەهاتە ماڵی ئێمە
شەوی ١٧ی سەپتامبەر ١٩٩٢ ، د. شەرەفکەندی و شاندی هاورێی لەدەوروبەری کاتژمێر ١٠ی شەو بەمەبەستی چاوپێکەوتن دەچنە شوێنی دیاریکراو . لەهەمان کاتیشدا بکوژەکان دەچنە هەمان شوێن . کاتژمێر ٢٢:٥٠ تیمی تیرۆر لەدەرکی ریستۆرانی میکۆنۆس دەچنە ژوور و “کازم دارابی” و” عەباس حوسێن رایاڵ” بە چەکەوە دەچنە هۆڵی کۆبوونەوەکە . ” یوسف ئەمین” لە بەر دەرکی ریستۆرانەکە ڕادەوەستێ و ” ئایەتولا ئەیاز” چەند میترێک ئەولاتر بە ماشینەکەی چاوەروانیان دەمێنێتەوە .
“مەهدی ئیبراهیم زادە” ئەندامێکی بەشداری کۆبوونەوەی میکۆنۆس و شاهدی زیندووی ئەو رووداوە بۆ رووداو دەڵێ:”یەکەسەر من دەنگێکم بیست ، قسەکە بە فارسی بوو ، ئەو دەنگە جیاواز لە دەنگی ئەندامانی کۆبوونەوەکە بوو ، گوتی کوری …. انە ، من بەودەنگە تێکچووم لەبەر ئەوەی دەنگێکی ئاسایی نەبوو ، ئەو گوتەیە لە ئاستی قسەی بەشدارانی ئەو کۆبوونەوەیە نەبوو ، من هەوڵمدا شوێنی دەنگەکە بزانم لە کوێوەیە ، ئەوەی کە باسی دەکەم هەمووی لە نیوان سێ چرکەدا روویدا ، من بینیم لە پشتی “پەرویز ” و “مەسعوود” مرۆڤێکی قەبە و درێژ بە موزەلییەکەوە ڕاوەستاوە ، دوای ئەوە شتێک بەسەرمدا داباری ، ئەوە گولە بوون ، لەوکاتە من زانیم کەوا بەر هێرشی تیرۆریستی کەوتووین . من خۆم خزاندە بن مێزەکە ، قاپوورە فیشەک وەک باران دەکەوتنە سەرزەوی ، کەمێک بێدەنگی دروست بوو، دوای ئەوەش دەنگی چەند گولەیەکیتر کە بە د. شەرەفکەندیانەوە نا ، هاتە گوێ ، تا بە دڵنیایەوە زانیان کە کوژراون ، دواتر دەنگی بەکوژەکان هات و ئیتر هەموو شتێک بێدەنگ بوو ، چەند خولەکێک دواتر غیرەتم بەرخۆمنا و بانگی هەڤاڵانم کرد . نووری بەسەرمندا کەوتبوو ،دەنگی لێوە نەدەهات و هەناسەیەکئ ئەدا وەک ئەوەی پرخە پرخێک بکات . دوکتوریش بەسەر نووریدا کەوتبوو ، هەناسەی نەئەدا ، لەولاتریشەوە هومایۆن ئەردەلان و فەتاح عەبدولی کەوتبوون ، ئەو ناوە وەک گۆمی خوێنی لێهاتبوو “.
“سدیق بابایی” چالاکی سیاسی لەو بارەوە بەرووداو دەڵێ:” هەواڵەکەم لە تەلەفزیۆنی ئاڵمانەوە بیست ، هەواڵەکە بە جۆرێک تێکەڵ راگەیاندرا ( لە برلین چوارکەس بەهۆکاری سیاسی کوژران ، کەسێکیتریش بە سەختی بریندار بوو ، قوربانیان لە بەرپرسانی باڵای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن ، یەک لەوان سکرتێری گشتی حیزب د. شەرەفکەندی- یە و ئەو لە ساڵی ١٩٩٥وە بەرێوەبەری حیزب بوو و بەرێوەبەری گشتی حیزب پیشتریش لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڤیەن تیرۆر کرا بوو . شەرفکەندی شەوی پیشتر لە ماڵی ئوپۆزسیۆنی ئێرانی تیرۆر کراوە )”.
شاهین دەڵێ:” دوای کۆنفرانس ئێمە خواحافیزیمان لەیەک کرد و منیش بە ماشین ڕێکەوتم ، دەمویست بچمە کۆلن ، رێگە گەلێک قەرەباڵغ بوو ، چەندین کاتژمێر لە رێدا مابوومەوە ، مەوداکەی ٢٠٠ کیلۆمیتر بوو و منیش دە کاتژمێر لە ریدا بووم ، ئیتر من تەلەفوونم کرد چوونکە رێگا هەمووی دوو کاتژمێرە و من چەندین کاتژمێر ماومەوە و نازانم کەی دەگەم، تەلەفوونم بۆ خوشکی خۆم کرد ، ئەو بۆی باس کردم کە چی روویداوە . دیسان گەرامەوە و چوومەوە بەرلین و ئیتر هەر ئەوکاتە هەواڵیان بە پاریس دابوو و هەڤاڵانی حیزبیش بەیانی زوو هاتن “.
شەهید کردنی” د. شەرەفکەندی” سکرتێری گشتی حدکا و “فەتاح عەبدولی” نوێنەری ئەرووپای حیزب و” هومایۆن ئەردەلان “نوێنەری ئەڵمانیای حیزب و ” د. نووری دێهکوردی” کەسایەتی سیاسی ئیرانی ، لە ڕای جیهانیدا دەنگی دایەوە .
پۆلیس و دەزگای هەواڵگری ئەڵمانی کەوتنە حالەتی ئامادەباشیەوە بۆ گیرانی بەکوژانی تیرۆری میکۆنۆس .
بەرێز “هانس یواکیم ئێ ریگ” پارێزەری تیڕۆری میکۆنۆس بۆ رووداو دەڵێ :” ئێمە وەکوو لایەنی پارێزەری قوربانیان لەگەڵ دۆزگەری رووداوەکە ، داوامان کرد حەبسی هەتا هەتایی بەسەر بکوژانی سەرەکی ئەو رووداوەدا بسەپێ ، ئەوەش لە وڵاتی ئاڵمان قورسترین سەزایە “.
بەرێز شاهینیش دەڵێ :” محاکەمەکە گەڵێک باش بوو ، چونکوو محاکەمە ئاشکرای کرد کە ئێران دەستی لەو کارەدا هەیە ، زۆر زانیاریان لە باڵویزی ئاڵمان خواست، باڵویز ئەو زانیاریانەی شاردەوە و پەی نەدان ، لە کۆتاییدا زانیارییەک کە کەوتنە دەستی دادگا ، وێنەیەک بوو کە لەودەا وێنەی سەر و چاوی بکوژەکان کێشرابۆوە “.
بەریز سدیق بابایش لەو بارەوە دەڵێ:” بەپرسی دادگای ئاڵمان بەتایبەت هەستی بەوەکرد کە چوونکە وەک و ەزیفەی خۆی و ەکوو ئەوەی کە دادگا لە ئاڵمان هەق و هەقووقی هەیە و دەتوانێ سەربەخۆ کاربکات ،هەستی بەوەکرد کە خەریکن لەو پەیوەندییەدا لەسەر کاری لابەرن. ئەو پیشدەستی کرد و نامەی بۆ وەزارەتەکانی ئاڵمان نووسی و داوای لە وەزیرەکان کرد، ئەوە لە مێژووی ئاڵماندا رەنگە کەمتر باسکرابێ ،یەکەم کاربوو کە قازییەک کردی لە پەیوەندی لەگەڵ پرسێکی قەزاییدا و دادگاش باش کاری کردبوو و پرسەکەش هەم گەیشتبووە نیو خەڵک و هەم گەیشتبووە نێو پەرلەمان و یەک یەکی وەزیرەکان و لە چوارچیوەی دەزگای هەواڵگری ئاڵماندا ترازابوو و لەدەستی ئەوان دەرچوو بوو ، ئێستا باسەکە بووبووە باسێکی حەسییەتی بۆ ئاڵمان و رۆژنامەکانیش داییم هەوڵی زیندوو کردنەوەی شتەکانیان ئەدا “.
بەرێز د . مێرۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لەو بارەوە بۆ رووداو دوا و لە قسەکانیدا گوتی :” دیسامبری ١٩٩٢ هەتا ئۆکتۆبری ١٩٩٣ی زایینی “عەلی فەلاحیان” وەک وەزیری دەزگای هەواڵگری کۆماری ئیسلامی دوو جار سەردانی ئاڵمانی کرد و هەوڵیدا بە شێوەی جۆراوجۆر بەرگری بکا لە پێکهاتنی دادگای تیرۆریستەکان ، هەروەک ئەوەی لە ئوتریش بۆی جێبەجێ بوو ، دەیویست لە ئالمانیش ئەو کارە بکا “.
پارێزەری دۆسەی دادگایی کردنی تیرۆریستەکانیش لەبەشێکیتری قسەکانیدا دەڵێ :” لە لایەن ئێرانەوە گوشارێکی زۆر لەسەر ئاڵمان هەبوو ، وەزیری دەزگای هەواڵگەری ئەودەمی ئێران ” عەلی فەلاحیان” بەر لەوەی دۆسەکە دەست پێبکات ، بەسەردانێکی فەرمی هاتە ئاڵمان ، بەرپرسی دەزگای پێشووی هەواڵگری ئاڵمان ” شمیت باوەر” هەوڵیدا تاکوو ئەو دۆسەیە هەڵ بەوەشێنێتەوە . حکوومەتی ئاڵمان- یش لەبەر خۆیەوە خواستی نەبوو تا ئێران وەک رێکخەری سەرەکی ئەو تیرۆرە پیشان بدات . بۆیە دەوڵەتی ئاڵمان هەوڵدانێکی تایبەت یا وەئەستۆ گرتنی ئەو دەۆسەیەی نەدا”.
د. مێرۆ عەلیاریش دەڵێ:” راست ئەو شانتاژ و ئەو هەرەشانەی لە جەرەیانی تیۆری د. قاسملوو لە دەوڵەتی ئوتریشی دەکرد، ئەو هەرەشانەشی لە دەوڵەتی ئاڵمان کرد . بەڵام هەر ئەوە نەبوو ، لە نێو خودی دەوڵەتی ئەو کاتی ئاڵمانیش کەسانێک هەبوون وەک ” کڵاوس کینکر” کە داهێنەری دیاڵۆگی رەخنە گرانەش بوو لەگەڵ ئێران ، ئەوان هەوڵیاندا کە بەراستی پێش بە پێکهاتنی دادگایەکە بگرن ، بەڵام سەرنەکەوتن “.
لە پەیوەندی بە پێکهێنانی دۆسەکە ” حەمید نەوزەری” چاودێری داداگاییەکەش دەڵێ:” حکوومەتی ئاڵمان زۆر جار راستەوخۆ و زۆرجاریش ناراستەوخۆ هەوڵی گوشار خستنەسەر دۆزگەری دا تا رۆڵی ئێران و تیرۆری دەوڵەتی زیاتر نەکەوێتە رۆژرڤەوە ، بەڵام سەردۆزگەری و دادگای ئاڵمان پاشەکشەیان نەکرد . ئەوان گوتیان کە ئەو تیرۆرە لە لایەن بەکوژەکانەوە بە تەنیا ئەنجام نەدراوە و لە راستیدا لە پست ئەو تیرۆرەوە دەستێکی شاراوە هەیە و هیچ جۆرە پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان بکوژەکان و قوربانیاندا نییە ، ئەوان لەسەر داخوازی ئێران هەر چوار کەسیان شەهید کردووە “.
بەرێز عەلیار دیسانەوە درێژەی پێ ئەدا و دەڵێ:” لە ماوەی سێ ساڵ و نیودا ، دادگای ئاڵمان لە( ١٧٠) شاهید لێکۆڵینەوە و پرسیاری کرد ، ١٧٠ کەس یەکجار زۆرە کە تۆ بێنێ و شاهیدی بدەن لە ئاڵمان و لە دادگا و ئەوانە هەر ئەوە نەبوو کە پێتوابێ کەسانی سەر بە ئوپۆزسیۆنی رێژیم بن ، بەڵکوو بەشێک لەوانە لایەنگری کۆماری ئیسلامی بوون و بەشێک لەوانەش بێ لایەن بوون ، بەڵام ئاگایان لە مەسەلەکە هەبوو”.
بەرێز سدیو باباییش دەڵێ:” ئاڵمان دیسان هەر ترسی هەبوو، ترسی ئەوەی هەبوو کە پەیوەندی لەگەڵ ئێران چی لێ دێتەوە ؟ ئایا ئێران ، ئاڵمان سەرکۆنە دەکات بۆ ئەو رووداوە و بەتایبەت لە رێگای ئابووریەوە “
؟
کاک دوکتور مێرۆ عەلیار دەڵێ:” رۆڵی میدیا و راگەیاندنەکانی ئاڵمان زۆر کاریگەر بوو، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا نەیانهێشت ئەو رووداوە لە بیر و هەست و شعووری مرۆڤی ئاڵمانیدا ، لە کۆمەڵگا و بیر و ڕای گشتی ئاڵمان بسرێتەوە و وایکرد کە تا ئەو لایەنانەی پێیان خۆش بوو ئێران مەحکووم نەکرێ و پێیان خۆش بوو بازرگانی لەگەڵ ئێران بەردەوام بێ ، پێیان خۆش بوو پەیوەندی ئابووری بۆ نموونە کۆمپانی و شیرکەتە گەورەکان ، ئەوانە هیج پێیان خۆش نەبوو دادگای میکۆنۆس سەرکەوتوو بێ ،بەڵام راگەیاندن وایکرد کە ئەوانە هیج هێزی سەرهەڵدانیان نەمێنێ .”
لە ئاکامی دانیشتنەکانی دادگا لە بەرڵین کە چەندین ساڵی تێپەرکرد ، سەزای بەند کردنی هەتا هەتایی بەسەر ” کازم دارابی” و” عەباس حوسێن رایاڵ”دا سپا. ١١ ساڵ زیندانی بۆ ” یوسف ئەمین” و ٥ ساڵ و ٣ مانگیش بۆ ” محەممەد ئیدریس” برایەوە .
بەرێز “مەمۆ شاهین “یش لەسەر ئاکامی دادگاکە گوتی:” بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئاڵماندا ، دەوڵەتی ئاڵمان لەسەر بریاری دادگا گوتی کە کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی تیرۆریستە و ئاکامی دادگا ئاشکرا بوو، بە پێی ئەو بریارە ئەمری گرتنی ” عەلی فەلاحیان” وەزیری دەزگای هەواڵگری ئێرانیش درایە پۆلیسی “ئینتر پوول” و ئەویش ناتوانێ لە ئێران بچێتە دەرەوە و ئەو دۆسەیە تا ئێستاش بەردەوامە”.
بەرێز “هانس یواکیم” پارێزەری قوربانیانی تیرۆری میکۆنۆس لەپەیوەندی بە ئاکامی دادگای بێرلینەوە دەڵێ:” لە لایەن دەزگای باڵای دادی ئاڵمان بریاری دەستگیر کردنی عەلی فەلاحیان دەرچوو ، بە بڕوای من ئەو یەکێکە لەوانە کە دەرباز بووە ، پۆلیسی ئینتر پوول بە شوێن فەلاحیانەوەیە ، لەبەر ئەوە هەتا ئەوکاتەی ناوبراو پێ نەخاتە نیو ئاڵمان ، زەحمەتە کە دەستگیر بکرێ “.
سەرجەم دانیشتنەکانی میکۆنۆس کە چوار ساڵ درێژەی کێشا ، بەو جۆرە بەرێوە چوون . لە ئاکامدا و بۆ یەکەمیجار دادگایەکی وڵاتێکی ئەرووپایی ، رێژیمێکی داگیرکەری کوردستانی وەک تیرۆریست دەناسێنێ و سەزای قورس بەسەر بکوژەکاندا دەسەپێنێ و لە لایەکیترەوە بریاری گیرانی بەپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیش دەرئەکا.
زۆر کەس هێشتا لە زیندان نەبوون کە دادگا بریاری بەسەردا سپاندن و هەروەها بریاری دادگا بووە هۆی پێکهێنانی یەکریزی نێونەتەوەیی و زۆر لە وڵاتانی یەکیەتی ئەرووپاش ، باڵوێزخانەکانی خۆیان لە تاران کێشایەوە .
رۆژی ئاشکرا کردنی بریاری دادگا ، سەد هەزار کەس لە تاران و لەبەردەم باڵوێزخانەی ئاڵمان خۆپیشاندانیان کرد ، “هڵمت کۆڵ” سەرۆک وەزیری ئەو دەمی ئاڵمان بە ناچاری و لەرێگەی میدیاوە ، پەیامی ئاشتی بۆ کۆماری ئیسلامی نارد .
بەرێز شاهین لەسەر تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەڵمان بۆ رووداو دەڵێ:” لە سەرەتای ئاشکرابوونی بریاری دادگا ، پەیوەندی هەردوو لا لە کزیدا بوو ، ئێران وڵامێکی توندی بە ئاڵمان دایەوە و ئەوەش برێک کاریگەری لە سەر ئاڵمانیش دانا و ئەو ناکۆکییە چەند ساڵ درێژەی کێشا “.
لەگەڵ ئەوەی کە بکوژەکان سەزای زیندانی هەتا هەتاییان بۆ برایەوە ، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٧ ئازاد کران .
“هانس” لە سەر ئازاد کردنی بکوژەکان دەڵێ:” هەردوو کەس حەبسی داییمیان بۆ برایەوە ، دوای ١٥ ساڵ و سێ مانگ ئازاد کران و لە ئاڵمان کرانە دەرەوە . لە وڵاتی ئاڵمان هەرگیز کەسێک بۆ هەتا هەتایە لە بەندیخانە نامێنێتەوە ، هەر لەبەر ئەو هۆکارە و حەبسی داییم بۆ ٢٤ ساڵان دیاری کراوە. بە پێی یاسا و دوای ئەوەی کە تاوانبار دوو لەسەر سێی حوکمەکەی لە وڵاتی ئاڵمان بەسەر دەبات ، دواتر دەتوانێ بۆ وڵاتەکەی خۆی بنێردرێتەوە . ئەم جارە و لەوانەیە هەردوو کەس لەبەرانبەر بە ئازادکردنی کەسێکی ئاڵمانی کە بە نایاسایی لە ئێران گیرابوو و حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا سپابوو ، ئازاد کران “.
رەشە کوژی لە دژی د. شەرەفکەندی و هاورێکانی لە دیرۆکی کوردستاندا یەکەم جار نییە کە روویداوە و لەوبارەوە بەرێز شاهین دەڵێ:” بەداخەوە ئێمە دەرسمان لەو رووداوانە وەر نەگرتووە ، کاتێک کە چاوپێکەوتن و دانیشتنەکان دەبەن ، دیسان باوەر دەکەم کە ئێمە هێندێک شت بە ئاسایی دەگرین و لە هات و چۆکان و موزاکەرەکاندا و باوەرم وایە کە ئەوە بێ کاریگەری نامێنێ”.
کاک سدیق باباییش لەو بارەوە دەڵێ:” لە بێستوون بەر لە دووهەزار و حەوسەد ساڵ یان فارسەکان دەڵێن ٢٥٠٠ ساڵ کە هەخامنشییەکان حکوومەتیان دەکرد ، ئەودەم فەرمانداری هەوڵێر ” چیتران تۆم”یان گرت و کوشتیان و پەیکەرەکەی ئێستا لە بێستوون لە بن پێی داریوشدا دەنالێنێ ، ئەوە ئەمنی هێایەوە بیری ئەوە کە بێرلین و لەو نیوانەدا دەیان بێرلینیتر ، دەیان ڤیەنیتر خوڵقاون . ئەوە درامای ژیانی کوردە ، کوردێک کە داوای هەقی خۆی دەکا و هەڵوێست و بەرەنگاری حاکمانی ئێران بووە لە ماوەی مێژوودا بەرانبەر بە هەقخوازی کورد “.
ئامادەکاری بابەت : رەشید زەرواوی 2013
بۆ بینینی ڤیدۆی ڕاپۆرتە دیکۆمێنتارییەکە لەسەر ” ئێرە ” کلیک بکەن .