هەر لە مانگی سێێ ئەمساڵەوە کۆماری ئیسلامی ئێران ٢ کردەوەی ترۆریستی، لە سەر ٢ حیزبی ڕۆهەڵاتی کوردستان بەڕێوە برد، یەکێک لە کارە تروریستییەکانی لە شاری هەولێری پایتەخت بوو، ئەوی دیکە لە دەڤەری پشدەر بوو.
ئەوەی لەو ماوەدا بە وردی چاوی بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا خشاند بێت،.چی لە ناو خاکی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، چی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا. بە تایبەت ترورکردنی حەریری باوک لە لوبنان کە ئامادەنەبوو ملکەچی سیاسەتەکانی بێت. یا عەلی عەبدوڵا ساڵحی یەمەن، کە زۆر وڵامی حوسییەکانی نەدەدایەوە، هەر بۆ دروستکردنی گوومان لە ناو پێکهاتەی حوسییەکاندا، بە دەسیسەی خۆیان ئەو کارەیان ئەنجامدا، بۆ ئەوەی هیچ کام لە حوسییەکانی یەمەن بیر لەوە نەکەنەوە کە گۆێ ڕایەڵی دەستوورەکانی ئەوان نەبن.
ئەم کردەوە تروریستیانە، لەم ئان و ساتەدا و لە ٢ ناوچەی کە زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی ٢ پارتی سیاسین لەوەبەشەی کوردستاندا، زۆر مەبەستدارن، کە بەشێوەی خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەم.
١ – لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا و بە تایبەت لە سەردەمی باسکردنی ڕێفراندۆم لە باشوری کوردستاندا، یەکگرتوویی ماڵی کورد لە ئاست کوردستان و جیهاندا زۆر پەرەی سەندبوو.
کوردان ئەگەر جاران لە هیندێک بواردا زۆر بەرامبەر بە یەک تووند بووبن، لەو کاتەدا یەکدەنگ دەهاتنە سەر شەقام و پشتیوانیان لە سەربەخۆیی ئەو بەشە پێشاندەدا. ئەم نزیکبوونەوەی کوردان. بۆ هەر چوار وڵاتی داگیرکەر کە یەکێکیان ئێرانە زۆر دژوار بوو. چوون ئەوان باش دەزانن کە هەمێشە لە ڕێگەی ناکۆکی ماڵی کوردەوە بە ئاسانی دەستی خۆیان وەشاندووە، ئەگەر ئەو ناکۆییانە کاڵ ببنەوە کارەکەیان لێخراب دەبێت.
هەر بۆیە بە تووندی کەوتە پلان بۆ لێکترازانی ماڵی کورد، بۆ ڕشتنی ژەهرە پیسەکەیان بەرامبەر بە گەلێکی مافخواز وئازادیخوازی وەک کورد. دیتمان کە چۆن قاسم سلێمانی بە ئاشکرا سەرپەرەستی هێرشی سەر کەرکوکی دەکرد، ئەوە بۆ خۆی باشترین بەڵگەی حەشا هەڵنەگرە.
٢ – لە ٢٠٠٥ بۆ سەرەوە باشوری کوردستان لە بواری پێشکەوتن و ئاوەدانی و ئابورییەوە زۆر هەڵکشانی بە خۆیەوە بینی، ئەمەش دیسانەوە ئەو ڕێژیمەی نیگرانکرد. هەر بە ڕێنمایی خۆیان وەک ئەندازیاری ئاژاوەو فیتنەی جیهان، لە ڕێگەی بەغدای دەسەمۆی خۆیانەوە، کەوتنە برینی قووتی خەڵکی باشوری کوردستان، بە مەبەستی برسیکردنی خەڵک. کە شەقامیش برسی بوو، ناکۆکی دەکەوێتە نێوان خەڵک و دەسەڵات. ئیدی زەمینە بۆ دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی خۆش دەبێت، تا بە ویستی خۆیان ئاگرەکە خۆش بکەن. هەر بەوەشەوە نەوەستاوە بە فیتنەگەری و دەستێوەردان دەیەوێ ناکۆکی بخاتەوە ناو پارتە سیاسییەکان لە باشوری کوردستان، بگرە دەستیشێ لە ناکۆکی دەروون حیزبی لە باشوری کوردستاندا هەیە، ئەمەش بە مەبەستی لاوازکردنی ئەو سەرکردانەی کە ئامادەنین گۆێڕایەڵی ویستەکانیان بن. هەر وەک چۆن ناکۆکی خستە ناو حیزبەکەی مالکی و ئەوانەی دژی مالکی بوون دووری خستنەوە.
٣ – دیسانەوە دەستپێکردنەوە بە تروری کوردانی ڕۆژهەڵات لە ناوخاکی باشور، لەڕێگەی ئەو مرۆڤانەی کە خۆی هۆکاری سەرەکی برسیکردنی ماڵ و مناڵیان بووە. چەند مەبەستی هەیە، یەک بە مەبەستی زەربەدان لە حیزبەکانی نەیاری خۆی، دوو بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە و گوومان دروسکردن لە نێوان لایەن و شەقامی کوردی لە ڕۆژهەڵات و باشور.
هەموو ئاگادارین کە لە ساڵی٢٠٠٥ بۆ سەرەوە تێکەڵاوییەکی یەکجار بە هێز لە نیوان باشور و ڕۆژهەڵات دروسببوو، بێجگە لەوەی کە بیری نەتەوەیی زۆر بە زێرکردبوو، بگرە بە سەدان هەزار کوردی ڕۆژهەڵات لە شارو ناوچەکانی باشور کارو کاسپیان ئەنجامدەدا. کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمەشی زۆر لا قورس بوو. سەرەتا هەوڵیدا لە ڕێگەی ئاستەنگ دروستکردن بۆ گەشتیارانی ڕۆژهەلات بەرەو باشور لە ڕێگەی گومرگی زۆرەوە، کە بۆ کرێکاران زۆر قورس بوو، ئەوەندە پارە بدەن بۆ هات و چۆی باشور. لە ڕیگەی بەغداوە ئابڵووقەی ئابوری و لاوازکردنی بازاری باشور، کۆڵکێشی کە تەنیا سەرچاوەی خەڵکانی سنوورنشینی سنوورەکانی هەردوو بەشی بە زۆر لەتکراوی کوردستان قەدەغەکرد، بێئەوەی ئەڵتەرناتیڤێک لە شۆێنیدا ببینێتەوە.
وا چاوەڕوان دەکرێت کردەوە پیشەییەکانیان کە ترور و تۆقاندنە پەرە بستێنێت، بەڵام تەنیا یەکریزی ماڵی کوردە، دەتوانێ قەڵغانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕێژیمە مەترسیدارەیە.
باسکردن لە سەر ئاژاوەگێری و تروریستی ئەم ڕێژیمە وەک دەریایەو هەرگیز کۆتایی نایەت. تەنیا داوام لە گشت تاکێکی کوردە، هەرگیز لە کاتی سەرهەڵدانی هەر کردەوەیەکی تروریستی لەهەوڵی تاوانبارکرندی یەکتری نەبن، ئەوە بزانن کە دارێژەرە سەرەکییەکەی تارانە.
عارف باوەجانی
٩ی مارسی ٢٠١٨ی زاینی.
بابەتی پەیوەندی دار
دوو ئەندامی حیزبی دێموکرات لە هەولێر بوونه ئامانجی کردەوەیەکی تێرۆریستی
سەباح ڕەحمانی تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو
بەداخەوە پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێمۆکڕات قادر قادری لە باشووری کوردستان تێرۆر کرا، ساڵە نەڵۆسی