"an independent online kurdish website

بۆ رزگارکردنی بارمتەکانی کە لە ساڵی 2015 لەلایەن گرووپە چەکدارییەکان لە عێراق رفێندرابوون، قەتەر 150 ملیۆن دۆلاری داوەتە هەریەک لە قاسم سولەیمانی،

بەرپرسێکی ئیداری لە شاری سلێمانی و بەرپرسێکی میلیشیا شیعەکانی عێراق. ئاڵوگۆڕی پارەکەش لە شاری سلێمانی ئەنجامدراوە.

 

بەپێی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی کە چەند بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی قەتەر لە عێراق، حکومەتی قەتەر 150 ملیۆن دۆلاری داوەتە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بەرپرسێکی ئیداری لە شاری سلێمانی و بەرپرسێکی میلیشیا شیعەکان بەناوی ئەبو حوسێن.

 

قەتەر کە بە وڵاتێکی دەوڵەمەند و پڕ لە کەسایەتی سەرمایەدار ناودەبرێت، بە سەدان ملیۆن دۆلاری داوەتە هەریەک لە حەشدی شەعبی و کەتیبەی حیزبوڵای عێراقی و حیزبوڵای لوبنانی و گرووپە چەکدارییەکان لە عێراق، لەبەرامبەر ئازادکردنی چەند بارمتەیەکی قەتەری کە لە 2015دا لەلایەن گرووپە چەکدارییەکان رفێندرابوون. پارەکەش لە شاری سلێمانی دەستاودەستی پێکراوە.

 

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی چەند بەڵگەنامەیەکی دەستکەوتووە، لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، قەتەر سەدان ملیۆن دۆلاری داوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی بەتایبەت بە قاسم سولەیمانی، کەسی یەکەمی سوپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران.

 

گرتەیەکی دەنگی زەید بن سەعید خەیارین، باڵیۆزی قەتەر لە عێراق دەست واشنتن پۆست کەوتووە کە بە بەرپرسانی سەرووی خۆی دەڵێت، “لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکان بە 275 ملیۆن دۆلار گەیشتوونەتە رێککەوتن لەبەرامبە ئازادکردنی بارمتەکان و دەستاودەستکردنی بڕە پارەکەش، لە شاری سلێمانی ئەنجامدەدرێت.”

 

بەپێی گرتە دەنگییەکە 50 ملیۆن دۆلار تەنیا دراوەتە قاسم سولەیمانی، ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسدارانی ئێران کە دەگوترێت بە ئازادی لە عێراق و سووریا دەسووڕێتەوە و لە ژمارەیەک شەڕ رۆڵی کاریگەری هەبووە. هەروەها 50 ملیۆن دۆلاریش دراوەتە بەرپرسێکی شاری سلێمانی کە ئاسانکاریی کردووە بۆ ئانجامدانی ئەو ئاڵوگۆڕە.

ئەوانەی بەشداربوون لە رێککەوتنە نهێنییەکە و پارەیان دەستکەوتووە لەسەر ئاستی لۆکاڵی نەماوەتەوە، حکومەتی عێراق و ئێران و تورکیا، بەرەی نووسرە و دوو گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش تێدا بەشدار بوون. لە هەندێک باردا دەگوترێت تەواوی بارمتەکان لەبەرامبەر یەک ملیار دۆلار ئازاد کراون، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی فەرمی نییە تاوەکو پشتڕاستی بکاتەوە بڕی پارەکە گەیشتووەتە چەند تاوەکو ئەو هەموو دەستانەی کردووە.

 

ئاشکرابوونی ئەم نهێنییە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە چەندین کۆبوونەوەو کۆنفرانس قەتەریان بەوە تۆمەتبارکردووە، پشتگیری دارایی سەرەکی گرووپە چەکدارییەکانە.

چیرۆکی ونبوونی چەند ئەندامێکی خانەوادەی شاهانەی قەتەری بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە کاتێک لە باشووری عێراق بەمەبەستی گەشتکردن هاتوونەتە وڵاتەکە و بە ناشارەزایی پێیانناوەتە ناوچەیەک پڕ بووە لە چەکداری تایفی، چەکدارەکان تەواوی قەتەرییەکانیان رفاندووە و دوو ساڵ بێسەروشوێنیان کردوون.

بۆ رزگارکردنی بارمتەکان، قەتەر ناچار بە پەیوەندی بووە بەو هێز و میلیشیایانەی لە عێراق رۆڵێکیان هەیە، بەڵام ئەم گرووپانە بەخۆڕایی ئەم کارەیان بۆ قەتەر نەکردووە.

حیزبوڵای عێراقی 25 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، حەشدی شەعبی 150 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، قاسم سولەیمانی لە سوپای پاسدارانی ئیران 50 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، سولەیمانی بە هاوبەشی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی عێراقی لە 150 ملیۆن دۆلاری دیکە لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان سوودمەند دەبێت.

ئاشکرابوونی هەموو ئەو نهێنییانە لەکاتێکدان، هەریەک لە قاسم سولەیمانی و حیزبوڵای عێراقی و چەند گرووپێکی دیکە کە سودمەندی پارەکان بوونە، بە فەرمی ناویان لەنێو لیستی تیرۆری ئەمریکا هەن.

ساڵی 2015 عێراق سێیەم مەترسیدارترین وڵات بوو لە جیهان بەتایبەتی دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر ناوچەیەکی زۆر لە خاکی وڵاتەکەدا گرتبوو، هاوکات شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکان لەدەست ئەو گرووپە چەکدارییە دەستی پێکرد.

لەم کاتە مەترسیدارەدا 28 سەرمایداری عەرەب کە 25یان قەتەری بوون، 2 سعودی و یەک پاکستانی، دەچنە پارێزگای موسەننا بۆ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش و ئەنجامدانی هەندێک کاری میللی وەکو راوکردن لە رێگەی هەڵۆ.

راوکردنی ئەو سەرمایەدارانە زۆری نەبرد کاتێک گرووپێکی چەکداری هەڵیکوتایە سەر کەمپی ئەوان و سەرجەمیانی بەدیلگرت، قەتەر هەر زوو ئەوەی بۆ روونبووەوە کە بارمتەکانی لەلایەن کەتیبەی ئیمام عەلی سەر بە کەتیبەی حیزبوڵای سەر بە حەشدی شەعبین.

 

سەرچاوەی تێکستی کوردی رووداو

 

بۆ سەرچاوەی واشیگتۆن پۆست ئێرە کلیک بکەن

Hacked messages show Qatar appearing to pay hundreds of millions to free hostages

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی