ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ٢٨ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆر میکۆنووس بڵاوی کردووەتەوە شەرەفکەندی سەمبولی خۆڕاگری، خەونە ئاڵۆزەکەی کۆماری ئیسلامی شێواند و نەیهێشت ئامانجی دوژمن بێتەدی.
ئەوە بوو کە ڕێژیم ڕقی لێهەڵگرت و کەوتە پیلانگێڕان بۆ تێرۆرکردنی ئەو ڕێبەرە زانا و بەتوانایە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٢٨مین ساڵوەگەڕی تێروری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی دا
ئەمساڵ بۆ ٢٨مین جار یادی قوربانیانی تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە بێرلین دەکەینەوە. لە ڕۆژی ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ی زایینی (٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی) دا دوكتور سادق شەرەفكەندی، سكرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هاوڕێیانی، کاک “فەتاح عەبدولی” نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک “هومایون ئەردەڵان” نوێنەری حیزب لە ئاڵمان و کاک نووری دێهكوردی، چالاکی سیاسیی ناسراوی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، لە ڕەستوورانی “میکۆنووس” لە “بێرلین”ی ئالمان کەوتنە بەر پەلاماری تێروریستەکانی کۆماری ئیسلامی و شەهید کران.
دوکتور شەرەفکەندی بە مەبەستی بەشداریکردن لە ١٩مین کۆنگرەی ئەنترناسیونالی سوسیالیست ( ١٥ هەتا ١٧ی سپتامبری ١٩٩٢) سەردانی ئاڵمانی کردبوو و دوای کۆنگره، بەمەبەستی چاوپێکەوتن و ئاڵووگۆڕی بیروڕا لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئوپوزسیونی ئێرانی، لە ڕەستوورانی “میکۆنووس” کۆدەبنەوە. لەو کاتەدا تێمێکی تێروری کۆماری ئیسلامی لێیان وەژوور دەکەوێ و دەیاندنە بەر دەسڕێژی موسەلسەل و شەهیدیان دەکا.
ڕێژیمی ئێران سەرەتا زۆری هەوڵ دا و هەڕەشەی کرد کە پێش بە پێکهاتنی دادگا بۆ تێرۆریستەکان بگرێ.
بەڵام ویست و ئیرادەی دادستان و قازییە ئاڵمانییەکان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی دەزگای قەزایی وڵاتەکەیان، بەسەر فشار و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی بەلارێدابردنی ڕەوتی ئاسایی دادگا، سەرکەوت.
دادگای بێڕلین کە بە دادگای “میکۆنووس” ناوبانگی دەرکرد لە ٢٨ی ئوکتوبری ١٩٩٣ کرایەوە و لە ڕێكهوتی ١٠ی ئاپریلی ١٩٩٧ی زایینی (٢١ی خاكهلێوهی ١٣٧٦ی هەتاوی)، حوکمی خۆی سەبارەت بە تێرۆری بێرلین ڕاگەیاند.
لە حوکمی دادگای “میکۆنووس” دا بە ڕوونی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە بەرزترین ئاستدا واتە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم، هاشمی ڕەفسەنجانی سەرکۆماری ئەوکاتی ڕێژیم و وەزیرەکانی دەرەوە و ئیتلاعاتی دەوڵەتی ڕەفسەنجانی، عەلی ئەکبەر ولایەتی و عەلی فەلاحیان و هەروەها موحسینی ڕەزایی فەرماندەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە پلانداڕێژ و بەڕێوەبەری تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی ناساند و تێرۆریستەکان بە زیندان مەحکووم کران.
گرینگیی مێژوویی دادگای “میکۆنووس” لەوە دابوو کە دوای دەیان جینایەت، بۆ یەکەمجار تێرۆرێکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە دادگایەکی سەربەخۆ و خاوەن سەڵاحییەت دا ڕوون بۆوە، تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لەقاو دا و ئەو حوکمە بوو بە هۆی ریسوایی نیزامی “ولایت فقیە”.
ئاشکرا بوو کە کۆماری ئیسلامی لە تێرۆر و تێرۆریزم وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی کەڵک وەردەگرێت.
لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی کۆماری ئیسلامی دوکتور سادق شەرەفکەندی تێرۆر کرد، دەکرێ ئاماژە بە زۆر هۆکار بکرێ، بەڵام لەونێوەدا دوو هۆ سەرەکی بوون:
یەکەم: کاتێک لە ١٣ی جوولای ١٩٨٩ی زاینی کۆماری ئیسلامی ڕێبەری ناودار دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووی لە ڤییەنی پێتەختی ئوتریش لەسەر میزی وتووێژ تێرۆر کرد، بەهیوا بوو کە دوای ئەو ڕێبەرە مەزنە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بەچۆک دادێت و جووڵانەوەی کوردستانی ئێران تووشی نسکۆ دەبێت و جمووجۆڵیک لە کوردستان بەدژی ڕێژیم نامێنێ!
دوای دوکتور قاسملوو، ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات کەوتە دەستی بەتوانای دوکتور سادق شەرەفکەندی و حیزبی دێموکرات لە ژێر ڕێبەریی شەرەفکەندیی هەڵکەوتوو و لێهاتوو و خاوەن ورە و ئیرادەی پۆڵایین دا بەوپەڕێ لێوەشاوەییەوە ئاڵای خەباتی حیزبەکەی بەشەکاوەیی ڕاگرت و ڕێبازی قاسملووی ڕێبەری بەسەرکەوتووییەوە درێژە پێدا.
شەرفکەندیی سەمبولی خۆڕاگری، خەونە ئاڵۆزەکەی کۆماری ئیسلامی شێواند و نەیهێشت ئامانجی دوژمن بێتەدی. ئەوە بوو کە ڕێژیم ڕقی لێهەڵگرت و کەوتە پیلانگێڕان بۆ تێرۆرکردنی ئەو ڕێبەرە زانا و بەتوانایە.
دووهەم هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ دەوری یەکلاکەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا.
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بۆی دەرکەوتبوو کە خەباتی نەتەوەیی- دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی، سێکوولاریزم، دێموکراسی و دابینکردنی مافی یەکسان بۆ ژن و پیاو …، لەگەڵ فەلسەفە و سروشت و بنەماکانی سیستمی “ولایت فقیە” ناتەبا و ناسازگارە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بڵاوبوونەوە و پەرەپێدانی ئەو بیروباوەڕ و بەها پێشکەوتخوازانەیە لە جووڵانەوەی کوردستان دا دەوری سەرەکی دەگێڕێ. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی لەوکاتەی دەسەڵاتی ئێرانی بەدەستەوە گرتووە هەتا ئەوڕۆ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لە ئامانجە دیار و سەرەکییەکانی سیاسەتی سەرکوت و تێرۆر و توندوتیژیی ڕێژیم بووە.
بێ گومان، بە شەهیدکرانی دوکتور سادق شەرەفکەند حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێبەرێکی هەڵکەوتوو و لێوەشاوەی لەدەست چوو و جووڵانەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات خەسارێکی گەورەی وێکەوت. بەڵام حیزبی دێموکراتی قاڵبوو لە کوورەی خەبات و ڕاهاتوو بە فیداکاریی و قوربانیدان لەپێناوی ئازادی دا، ئەوجارەش پشتی نەچەماو و ڕۆڵەکانی شەرەفکەندی بە سەربەرزییەوە ئەو برینەشیان هەڵگرت و درێژەیان بە ڕیبازی ڕێبەرانی شەهید دا و ئێستاش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لێبڕاوانە لە کار و تێکۆشانی خۆی بەردەوامە.
بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە بارودۆخی ئەوڕۆی ئێران، دەبینین کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوو دا، قەیرانە هەمەلایەنە و بێ وێنەکانی کۆماری ئیسلامی، لەنێوخۆی وڵات و لە ئاستی نێودەوڵەتی دا، نەک هەر کەمیان نەکردوە، بەڵکوو بەردەوام پەرەشیان سەندووە.
ڕۆژ بە ڕۆژ ئاشکرا تر دەبێ کە ڕێژیمی نامەشڕووع و دیکتاتوری کۆماری ئیسلامی لە دزی و گەندەڵی دا نوقم بووە و لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان داماوە و تەنانەت توانای مودیرییەتکردنی چووکترین موشکیلاتی وڵاتی نەماوە و وڵامدەری سەرەتایی ترین پێداویستیی و داخوازەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو نیە.
حکوومەتی ئێران هەوڵ دەدا کە بێ توانایی و داماوی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی وڵات، بخاتە ئەستۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان. گومانی تێدا نیە کە گەمارۆ ئابوورییەکان ژیانیان لە خەڵکی فەقیر و هەژار تاڵتر کردوە، بەڵام هەموو گەلانی ئێران دەزانن کە هۆکاری سەرەکی سەپاندنی ئەو گەمارۆیانە، سیاسەت و کردەوەکانی خودی کۆماری ئیسلامییە. دروشمی خۆپیشاندەرانی ئێران “دوشمن ما همین جاست دروغ میگن آمریکاست” ئاشکراترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران ڕێژیم بە هۆکار و سەرچاوەی تەنگانە و نەهامەتییەکانی خۆیان دەزانن.
مەگەر دوای ڕیککەوتننامەی “برجام” بەشی بەرچاو لە گەمارۆکان هەڵنەگیران و دەوری ١٥٠ میلیارد دوڵار پارە نەکەوتە دەست ڕێبەرانی ڕێژیم؟ حکوومەت لەجیاتی ئەوەی ئەو بڕەپارەیە بۆ بووژانەوەی ئابووریی شپرزەی وڵات و بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و هەژاری و پێڕاگەیشتن بە ژیانی تاقەتپڕووکێنی خەڵک بەکار بێنێ، بەشێکی پارەکە لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە دزرا و بەشەکەی دیەکە لەپێناو پشتیوانی لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و پەرەپێدان بە تێرۆزیزم و ناسەقامگیریی وڵاتانی ناوچە دا تەرخان کرا.
کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتێکی ئیدئولوژیک و نابەرپرس ئامادەیە لەپێناو پاراستنی ڕێژیمەکەی، ئێران و ناوچە کاول بکات.
کۆماری ئیسلامی ڕەوایی خۆی لەدەست داوە و کەوتۆتە پەلەقاژە و بنبەستەوە و سەرەرای هەڕوگیڤی بەردەوام، “شکست ناپذیر” نیە. وەک هەموو ڕێژیمە سەرەڕۆکانی دیکە، پەنا دەبا بۆ توندوتیژی و سەرکوتی زیاتری چالاکانی سیاسی- مەدەنی و خەڵکی ناڕازی، بەڵام ئەو کارەی حکوومەت نەک نیشانەی بەدەسەڵاتبوون و زاڵبوون بەسەر باروودۆخەکە دا نیە، بەڵکوو دەرخەری ورەچوون و نەمانی بڕوابەخۆبوونیەتی.
لەو پێوەدییەدا، ئێمەی کورد دەتوانین بە یەکڕیزی و یەکگوتاری وهێزی یەکگرتووی حیزب و ڕێکخراوەکان و بە پشتیوانیی خەلکی کوردستان بەرەنگاری پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بینەوە و پاشەکشە بە دوژمن بکەین و بە دەستەبەرکردنی مافەکانمان، ڕۆحی پاکی شەهیدانی “میکۆنووس” و دەیان هەزار شەهیدی دیکەی گەلەکەمان شاد بکەین.
پێویستە دووپات بکرێتەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەپێناو وەدیهێنانی یەکێتی و یەکگرتوویی ڕیزەکانی نێو جووڵانەوە، لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکات.
بەرز و پێرۆز بێ بیرەوەری ڕێبەری لێهاتوومان دوکتور سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کاک فەتاح عەبدولی، کاک هومایوون ئەردەڵان و کاک نوری دهکردی
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان
بەردەوام بێ خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێناو ئازادی و بەختەوەری
پتەوتر و یەکگرتووتر بێ خەباتی هاوبەشی هێزەکانی نێو جووڵانەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و دێموکرتیکەکانی گەلەکەمان دا
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی سیاسی
خەرمانانی ١٣٩٩
سپتامبری ٢٠٢٠
سەرچاوە: کوردستان مێدیا