من ئەم نووسینەم لە دیدی خۆمەوە نووسیوە و دەکرێ کەم کوڕی هەبێ و تەنیا کەسێک ناتوانێ زانیاری لە سەر هەموو شتێک هەبێ و خۆشحاڵ دەبم کە کەسانی تر هاوکار بن بۆ تەکمیل کردنی.
پێش ئەوەی باسی شەڕی 11 تا 12 سەعاتەی شێلمجاڕان بکەم، زەرورە کە باسێکی وەزعی خۆمان پێش ئەو شەڕە بکەم بۆ ئەوەی خوێنەر زانیاری هەبێ کە بۆ ئەم شەڕە زۆر سەرکەوتێنێکی گەورەی کۆمیتە شارستانی پیرانشار و هێزی بە هێزی ئاوارە بوو لە رۆژی 8 ی 8 ی 1363ی هەتاوی دا.
لە 26ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوکاری گۆڵە جاشەکانی کورد، هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر ناوچە ئازادکراوەکانی رۆژەهەڵاتی کوردستان بە تایبەت نێوان مهاباد، پیرانشار و رەبەت و حیزبی دێمۆکڕات ناچار بوو ئەو ناوچانە کە تا ئەم هێرشە بە دەستی وە مابوو چۆل بکات. من کە خۆم لە فێرگەی سیاسی نیزامی حدکا بووم، تەنیا لە رێگای رادیۆوە گوێم لەم هێڕشە بووە، ئاگاداری وردکارێکانی نیم بۆیە باسێکی لێ ناکەم.
چوونەوەی سەدان پێشمەرگە
لە دوای ئەم هێرشە کۆمیتە شارستانی پیرانشار و هێزی ئاوارە پەنایان بۆ قەندیل هێناو و لەوێ بنکە و بارەگایان دانا.
من کە لە گەڵاڵە دەورەی مامۆستایەتی شۆڕش و دواتر دەورەی سیاسی نیزامیم تەواو بوو، لە گەڵ چەند هاوڕێی تر بە هەرزنێ، دەشتێو، قەڵادزی، سوونێ، کونەمار (کۆمیتە شارستانی سەردەشت)، مارەدوێ، رەزگە، قەڵاتۆلاکان و سوورە دێ لە بناری قەندیل و دوایە بەرەو قەندیل و گەیشتینەوە کۆمیتە شارستانی پیرانشار. ئەوانەی ئەم رێگایەیان برێوە دەزانن چەندە دوور و ناخۆشە و دوو شوێن، نێوان هەرزنێ و دەشتێو و نێوان کونە مار و رەزگە و ماردوێ زۆر خەتەر بوون.
کە گەیشتمەوە قەندیل، زۆربەی کۆمیتە شارستانی پیرانشار و هێزی ئاوارە (کە دواتر بوو بە قەندیل) لە دەروەسپیی قەندیل بوون و وەزعێکی زۆر ناخۆش، لە خێوەت و کونی بچووک بچووکی بەرد دروست کراو کە هەر کەسە بۆخۆی دروستی کرد بوو ، تەنیا بۆ نووستن و دانیشتن دەبوون دابوون. خواردن کەم بوو، زۆربەی پێشمەرگەکان پەنایان بردبووە بەر دارەگوێزەکان، پێستی دەستیان رەنگی رەشی گرتبوو، هێندەیان گوێز بە شینی لێ کردبۆوە وەک ئەوەی خەنەیان لە دەستیان دابێ. دەچوویە لای هەر هاوڕێیەک بە گوێز خواردن دەعوەتی دەکردی.
روحیەی زۆربەی کادر و پێشمەرگەکان باش نەبوو، ئیمکانات زۆر کەم بوو، داهاتوو ناررون بوو، قەندیل بۆ ژیان نەدەبوو، پاییز و سەرما نزیک بوو. پێشمەرگەیەکی زۆر بێ هیوا بوو و تا ئەو جێگەیەی من بیستم نزیکەی 200 کەس چوو بوونەوە و چووبوونەوەش بەردەوام بوو. زۆر کەسی بە تەمەنیش بەرپرسان خۆیان ناردیانەوە، کە زۆریان بە چاوی پڕ لە فرمێسک گەڕانەوە ناوخۆ.
کاک حوسێن مەدەنی وەک نوێنەری دەفتەری سیاسی لە وێ بوو، کۆبوونەوە لە سەر کۆبوونەوە دەگیرا بەڵام هیچ بەرنامەیەکی مووشەخەسی نەبوو. وەک من دیتم بوونی کاک حوسێن مەدەنی لە جیاتی ئەوەی لە دیدی منەوە مووسبەت بێ، زۆریش مەنفی بوو. کاک حوسێن یەک قومقومەی پڕ لە ویسکی (ئەوە قسەی دەوروبەر بوو کە ویسکی تێدایە) بە قەدی وە بوو، بەیانی زوو خۆی دە ئاوی قەندیل دەهاویشت و یەک بە خۆی هاواری دەکرد و دەی وت: کوڕینە وەرن “ئای ئەم ئاوە خۆشە، هاوینە هاوین” لە کاتێک ئێمە نەمان دەوێرا دەم و چاومان بشووین. من زۆر غەمبار بووم کە نوێنەری دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆکڕاتم بەمجۆرە دیت. یەسترێکی پڕ لە ئیمکانات و کاک عەلی مەدەنیشی لە گەڵ بوو. بە خاتری کاک حوسێن کۆمیتە شارستان هەرچەند کێشەی دابین کردنی خواردەمەنی هەبوو بەڵام هەر رۆژە و خواردنێکی باشیان دروست دەکرد، بە رەحمەت بێ مام برایم قازی ئاشپەز بوو.
کاک حوسێن وەک نوێنەری دەفتەر و کاک سەدیق بابایی بەرپرسی کۆمیتە شارستان و کاک سەید رەسوڵ سەید ئەحمەدی وەک فەرماندەری هێز، زۆریان هەوڵ دا کە پێش بە چوونەوەی پێشمەرگە بگرن بەڵام لە چوونەوەی ئەم هەمووە پێشمەرگەیەدا دیار بوو کە سەرکەوتوو نەبوون.
هەر دەت دیت پێشمەرگە تفەنگ و رەختی داناوە و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە رۆیشتۆتەوە. زۆر پێشمەرگە لە رووی هەڵنەدەهات خواحافیزی لە هاوڕێیانی بکات، چەکەکەی و کورتە نامەیەکی لە بن بەردێک جێ دەهێشت و دەرۆێشتەوە. ئەو پێشمەرگانەی کە چووبوونەوە ناوخۆش بۆ کاری حیزبی، هەر دەت دیت هاتوونەتەوە و چەند چەکی زیادیان پێیە.
لە ناکاو خەبەر هات کە فەرماندە لکی 1 قادر حەسەن و جێگری لکی 4 محەممەدی عەوڵا رەمەزانی ( بۆ زستانەکەی هەر دوکیان بە هۆی تیمێک پێشمەرگە کە بۆ ئەو کارە ناردرا بوونەوە کوژران) خۆیان تەحویل دایەوە .
چوونەوەی ئەوان و چەندین کادر و دەیان پێشمەرگە و هەروەک باسم کرد نەبوونی پلانی باش و ىی هیوایی کادر و پێشمەرگە و بەرپرسان زۆریش هەوڵان دەدا کە پێشمەرگە بیر لە چوونی بۆ دیوی باشووری کوردستان نەکاتەوە بە تایبەت بۆ ئەوانەی ژن و مناڵیان هەبوو وەزعەکەی زۆر خراپتر کردبوو.
لەم کاتە حەساسەدا، بەرپرسی بەشی شەهیدانی کومیتە شارستان کاک رەحمان باپیر پوور لە کاسەکەران کەوتە کەمین و هەموو وێنە و لیستی شەهیدان و بەداخەوە جەنازەکەشی کەوتە دەست دوژمن.
وەزعی 2 کۆمیتەی حدکا زۆر باشتر بوو لە ئەوانی تر، کۆمیتەی بەری مێرگان و کۆمیتەی پیرانان، ئەوان بەڵەدی ناوچەکە بوون و ئەوان پێشتر لەو کوێستانە حزوریان هەبوو. کۆمیتەی پیرانان لە شێخ ئایش گومرگیان دانابوو. پێش داخستنی گومرگەکە کۆمیتە شارستان منی وەک چاوەدێر نارد و دوای حەوتوویەک بە هۆی باران و سەرما داخرا.
کاک حوسێن مەدەنی کە هیچی پێ نەکرا گەڕایەوە دەفتەری سیاسی و تا ئەو جێگەیەی لە یادم بێ کاک سەدیقیش بۆ لای دەفتەر چوو.
سێڵاوی دەروەسپی (قەندیل)
هەوای پاییزی دەستی پێکرد، باران دای دایە و باران چ باران دەتکووت ئاسمان کوون بووە. هەروەک باسم کرد زۆر پێشمەرگە ژووری چووکەی بە بەردانیان دروست کردبوو کە تەنیا دەیان توانی تێدا بخەون یان دانیشن، زۆر نەوی بوون. باران زۆری هێرش هێنا، شوێنی خێوت و مانەوەی ئێمەش لە خیزەڵانی قەراغ ئاوی دەروەسپی بوو. لە ترسی باران پەنامان بردبووە بەر خێوەتی مام برایم قازی (روحی شاد بێ). یەکێک لە کوڕەکان هەرای کرد بگەنێ، کاک لوقمان مێفەر لە ناو ژوورە بەردینەکەی دا ناتوانێ بێتە دەر و زوو نەگەنێ دەخنکێ. بەپەلە بە هاواری گەیشتن و دەرگای لێ گیرابوو و لە پشتەوە را دیوارەکەیان روخاند هێنایانە دەرێ و زۆربەی شتەکانیشی ئاو بردنی.
رۆژی یەکەم و دوهەم باران هەر بە خوڕ دەباری، تەنیا پەناگامان خێوەتی مام برام قازی رەحمەتی بوو. ئێمە نەمان دەتوانی بخەوین، لە ناو خێوەتەکەدا جێگەی سەید رەسوڵ سەید ئەحمەدی و مراد کەریمی و مراد ئەحمەدی لە شوێنی ئێمە بەرزتر بوو، ئەوان وەزعیان سەرەتا باش بوو. شەوی دوهەمیشمان لە ژێر باران و سەرمادا تێپەڕاند. بۆ رۆژی سێهەم کردیە سێڵاو، رێگاکانی هەموو لێگرتین. کۆمیتە شارستان و هێز و لکی 4 بڕیاری خۆ دەرباکردنمان دا. لەوبەری چووم، کۆمیتەی پیرانان و لکی 1 و 2 چووبوونە ناو ئەشکەوت و وەزعیان زۆر باش بوو، هەم لە سێڵاو دور بوون و هەم لە باران. بەهۆی زۆری ئاوەکە نەمان توانی بۆ لای وان بچێن.
ئێمە خۆمان پێچاوە و کۆڵەپشتی و رەخت و تەفەنگمان دەست دایە و هەرچی دیکەی هەمان بوو بە جێمان هێشت. گیسکێکمان هەبوو ئەویش برایم دێمۆکڕاتێکی شێتمان هەبوو ، دوای ئێمە خواردبووی. بە شاخێکی زۆر سەخت دا لە ژێر رەهێڵەی بارانی قەندیل بەرەوە گوندی سۆفیان کە جاش و پاسدارەکان پێشتر ئاوریان دابوو، وەڕێ کەوتین. ىاوەڕ کەن کەس هۆشی کەسی نەبوو، رێگایەکی ناخۆش، هەڵدێر و خیزەڵان و بارانی قەندیلیش. نەشمان دەزانی کە دێی سۆفیان کێی لێیە، ئەگەر ئەوێ جاش و پاسداری لێ با نازانم ژیانمان چی لێ دەهات. خواردنمان پێ نەبوو.
شانسی خۆمان کە چووینە دێی سۆفیان دەستەیەک پێشمەرگەی لکی 2 لەوێ بوون و لە ناو یەکێک لە ماڵە سووتاوەکاندا ئاوریان کرد بۆوە و کەمێک نان و پەنیریان پێ بوو. فەوری کاک سەید رەسوڵ سەید ئەحمەدی داوی لێکردن کە بچن بۆ ناوچەی بەری مێرگان و خواردەمەنیمان بۆ بێنن و بارانیش هەروا بە خۆڕ دەباری. شەومان لە قەراغ ئاور بێ پێخەف بەڕێ کرد.
پێشمەرگەکان بۆ بەیانی خواردمەنیان بۆ هێنایان و باران کەمی کرد و چووین ئەوەی لە کۆمیتە شاراستان مابووە و ئاو نەی بردبوو هێنامان و 3 تا 4 ژووری سوتاوی گوندە 2 تا 4 ماڵیەکەمان ئاوەدان کردەوە و ئیستراحەتێکی باشمان کرد .
نازانم چەند رۆژ بوو لەوێ بووین، خۆمان گرتبۆوە و ئەو پێشمەرگانەی مابوونەوە، کوڕی رۆژی تەنگانە بوون. بڕیاری مەرگ یان نەمانیان دابوو. سەرما، بێ نانی، بێ ئاوی، بێ جێگایی و داهاتووی نادیار روحیەی تێک نەشکاند بوون. زۆر غەمباری هاوڕێیانیان بوون کە خۆیان تەحویل دابۆوە و جێگەیان خاڵی بوو.
کۆماری ئیسلامی لەم وەزعە قازانجی خۆی کرد. بەشێک لە پێشمەرگەکانی کە خۆیان تەحویل دابۆوە لە ژێر فەرماندەهی، قادر حەسەن و خدر مەنگوور و محەممەدی عەوڵا رەمەزانی کۆ کردەوە و بنکەی بۆ دانان و وەک گرووهی زەربەت رۆژانە بە دوای کادر و پێشمەرگەکان دەکەوتن و بەشێکی زۆر لە ئەسلەحە و موهماتی حدکا کە لە ناوچە شاردرا بوونەوە لە لایەن ئەوانەوە تەوحویلی رێژیم درانەوە.
هەروەک باسم کرد، وەزع زۆر خراپ بوو، خەڵکی پیرانشار زۆر لێیان دەترسا، تا دوێنی فەرماندەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و ئێستا بوونەتە گۆڵە جاش و خەڵکی ناوچە هەموو دەناسن. دەستیان بە تەبلیغاتی شووم کرد و دێ بە دێ دەگەڕان و خەڵکیان نائومێد دەکرد کە حدکا خەڵاس بوو.
درێژەی هەیە
بابەتی پەیوەندی دار
شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 5 کۆتایی، چرۆ
شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 4 ، چرۆ
شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 3 ، چرۆ
شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 2 ، چرۆ
شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 1، چرۆ