"an independent online kurdish website

دەگەڵ پێشمەرگەکانی هیزی ئاوارە, گەنجان و پیاوەکانی ئاوایی گوندیان بە جێ هێشت و تەنیا چەن کەس لە پیاوانی بەساڵداچوو دەگەڵ ژنان و مناڵان لە ناو گوند دا مابوینەوە. ئێمە ئەو سێ بنەماڵەیە تەنیا یەک پیاومان لە لا مابوو.

١٣ کەس بووین دەمێک دوای رۆیشتنی وان لە تەویلەکەی هاتینە دەر و چووینە حەوشەی ماڵەکەی دراوسێمان و لە وێش را  چووین بۆ داڵانی ماڵەکە. هەوا سارد بوو و دەنکە دەنکەش باران دەباری، تەواو بووڵێڵ داهاتبوو بەڵام هەموو وڵات روناک بوو،  گیشە، قەڵاغ، ماڵەکان دەبێ بڵێم هەموو دێ ئاگر و دوکەڵ بوو، چاوم بە دەور و بەرم دا خشاند، ماڵەکەمان تۆپی وێ نەکەوتبوو بەڵام دەرگای ماڵەکەمان کە تەنەکە بوو وەک  بێژینگێ کون کون ببوو و شوشەی پەنجەرەش نەما بوون، ماڵە جیرانەکانیش هەر وەک هی ئێمە بوون یانی بە لای کوچەی دا دیوارەکان ساغ بوون بە لای پشتەوەۺ دا نازانم، کە  ئاوڕم لەو لای دیکەم داوە چاوم بە قەڵاغی خۆمان کەوت کە ئەوە لە سەرێ را وردە وردە دەسوتا بە پەلە چاوم لە دایکم کرد‌ پێی بڵێم کە چی دیتم ئەویش و خوشکە گەورەکەشم ئەوە بە حەسرەتەوە چاو لە قەڵاغەە دەکەن دەستی دایکم گوشی بێ ئەوەی چاوم لێکات گوتی بەشکم خودای گەورە بە بارانەی ئەو ئاگرەی بکوژێنێتەوە دەنا بەکەس چ ناکرێت. برێک دوور لە ئێمە دەنگی گریان دەهات کە چووین  زۆر ناخۆش بوو، تۆپ وە تەویلە ماڵە مام قادری سۆفی ساڵحی کەوتبوو و بەداخەوە هێندیک مانگاو گوێلکیان (نازانم چەندانە بوون) لە تەویلە دا سوتابوون و هێستاش هەر دووکەڵیان لێ هەڵدەستا  بۆن چروکیان دەگەیشتە فەلەک ژنەکانیان دەگریان چوون ئەو مانگا و گوێلکەی نەش سوتابوون باش نەبوون. هەورێکی رەش ئاسمانی شێلمجارانی داگرتبوو دەتگوت قەت جارێکی تر رۆژ نابێتەوە.  وێرانی، تاریکی و بێدەسەڵاتی وەزعەکەی سەد هێندە ناخۆش کردبوو. پێم خۆش بوو هەر لە تەویلەکەی بام، سەرم سوورابا و دڵم لە خێڵەکەوە هاتبا بەڵام ئەو شتانەم نەدیتبا بۆنی مەرگ دەهات، هەستێکم هەبوو کە پێم وەسف ناکرێت …خۆزگە هەموو شتێک کۆتایی پێ بێت.

قەلاغەکەمان سوتاوە، خۆ تازە فریا ناکەوین یەکی دیکە چاک کەینەوە زستان دێت من و بنەماڵەم تەواوی هاوین هەوڵمان داوە ئارەقەمان ڕشتووە، بڕۆ بۆ مەزرا تەپالە، کۆڵو، قاچکی گوڵڵە بەرۆژە کۆ کەوە و حەوشەی مەڕ بماڵە و  هەمووشی بە پشت بێنەوە و بیکە بە قەلاغ بۆ سوتەمەنی زستان. ئەویش ئەوە دەسوتێ….  چی بسوتێنین ئەدی؟ ئەو هەموو ماڵانە چۆن چاک دەبنەوە؟ دەبێ مام قادر چەندی پووڵ هەبێت تا مانگایان بکڕێتەوە؟  پێشمەرگەکان دەچنە کوێ؟ دوژمن وەدوایان دەکەون یا نا؟ دەبێ ئێمەش کە ماوینەتەوە هەڵبێین یا نا؟ هەموو ئەو پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکەش بە مێشکم دا دەهاتن و دەرۆیشتن بێ ئەوەی هیچ جوابێکم هەبێت بۆیان‌. دەنگی مام عەزیز (لاچو رۆڵە با بێمە ‌پێشێ) رێچکەی خەیالاتمی پچڕاند. چاوم بە دەوری خۆم دا خشاند، هێندێک لە دراوسێکانمان لە لامان بوون و دەگریان. هۆشم لێ نەبوو کەی هاتونە و چەند کەسن بەڵام بە دیتنیان دڵ خۆش بووم. مام عەزیز روحی شاد بێت کە تازە هاتبوو،  چووە بۆ ‌ پێش خەڵکەکەی  و  دەنگی بەرز کرد و گوتی: دایک و خوشکی من بە گریانێ هیچ ناکرێ ئەو منداڵانە هیلاکن وەرن با بیان بەینە ژورێ، باران و بایە سەرمایان دەبێ، ئەو بۆن چروکەش خراپە، هەستن دەی لە من و کەوێ دەبێ لێک خڕ بینەوە. وەدوای مام عەزیزی کەوتین،  بە نێو ماڵە کون کراو و دالانانەکاندا رۆیشتین بۆ گەرەکێکی دیکە کە لە وێ ‌چەند ماڵێکی دیکەشی لێ بوون. نازانم چەند کەس دەبووین بەڵام زۆر بووین. خانەخوێ بە هاوکاری ژنانی گەنج  زۆر زوو وەخۆ کەوتن. هەرچی لباد، بەڕە، نوێن و بانی هەبوو لە مدبەقەکەدا رایان خستن، دوو فانۆسیان هەڵ کردن و دوو بیست لیتریشان ئاو هێنا ژوورێ. نان و ماست و پەنیریان دانا و دایکان ئاو و بابۆلەیان دان بە مناڵەکان.

دایکیشم ئەو نان و پەنیرەی کە پێی بوو داینا سەر سفرەکەی دوای بیست و چوار سەعات ئێمەش دەگەڵ خەڵکەکەی بابۆڵە پەنیرێکمان خوارد. دوای نان خواردن پیاوەکان گوتیان پێمان باشە کەس نەچێتە دەرێ، ئێمە ئەوە لێرەین ئەوانی دیش لە ماڵی دیکە کۆ بونەتەوە. ئاومان هەیە لە ژورێ بۆ سەراو کردنێش برۆنە تەویلەی ئەوەتا ئەوە کون کراوە، دبێ ئاگامان لێک بێت. سبەی ئەگەر حەجەم هاتن کەس بنەماڵەی پێشمەرگە یان خزمەکەنیان  بە حەجەمان ناناسێنێ، هەر یەک پیاو قسە دەکات نەک هەموو، لێکیش هەڵ نابرێین، قسەی هەموانیش یەکە لەبیرو نەچێت. ئەگەریش کەس نەهات دەچینەوە ماڵەکانی خۆمان باشە؟ هەموو ژن و منداڵەکان وەک لەشکرێکی لیهاتوو و پوختە کە گوێ رایەڵی فەرماندە لەشکرەکەی خۆیانن لێگرا گوتان بەڵێ باشە .

دوای ئەوەی هەموو سەراویان کرد فانۆسی تەویلەکەیان هێناوە مدبەقەکەی و خەفەیان کردن تا جەماعەت بخەون. بەێیز هەموو لە تەنیشت یەک راکشاین. سەنریان دان بە دایە گەورە و بابە گەورەکان هەر چەند بەشی هەموانی نەکرد و لێفەش کەم بوون چونکە رایان خستبوون.  کەسێک شانشی هەبا سەرشیلکە یان  پەرۆیەکی وەبەر کەوتبا دەنا هیچ. نەنکم نوێژی کرد بوو بەرماڵەکەی پێ مابوو دای بە پورە فاتم گوتی بەو مندالانەی دادەن بەڵام ژنەکان گوتیان با هەر پێت بێت نەنە بەخۆتی دادە با تۆ سەرمات نەبێ ئێمە پاڵ وە منداڵان دەدەین سەرمایان نابێت. نەنکیشم بەرماڵەکەی بە خۆی و  پورە بەسێ دادا و نوستن .

بابەتی پەیوەندی دار

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 2، چرۆ

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 1، چرۆ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی