"an independent online kurdish website

رووداو دیجیتاڵ: بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چیای مەتین پێنج پێشمەرگە شەهید بوون، وەزارەتی پێشمەرگەش لەو بارەوە رایدەگەیێنێت، “ئەمڕۆ کاروانێکی هێزی پێشمەرگە لەلایەن هێزێکی پ.ک.ک و دەستدرێژییەکی بێپاساویان کرایە سەر و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوتی دیکەش برینداربوون.”

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، “لەم هێرشەدا هێزەکانی پەکەکە چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه، لەکاتێکدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورە بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەبووە”.

لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن “بەخێرایی بێتە سەر خەت و رێگە لە لەشکرکێشی و پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا بگیرێت”. هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە هێزەکانی پەکەکە دەکەین، رێز لە سنوور و سەروەریی خاکی کوردستان بگرێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی پێشمەرگە سەرکۆنەی تووندی “پەلامارەکە” دەکەن و هۆشداریش دەدەن کە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان، رەوشی لەوجۆرە ناخوازێت و دەبێ “دەستدرێژییەکانی پەکەکە و هەموو پەلامار و دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە رابگیرێت”.

پێشتر لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، “هێزێکی پێشمەرگە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لە چیای مەتینی قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، لەلایەن هێزێکی (پ ک ک)ەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە.”

 هەروەها هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە لەبارەی رووداوەکەی سنووری ئامێدی رایدەگەیێنێت” هێزەکانی عێراق و پەدەکە کەوتوونەتە جووڵە و هێرشیان کردووەتە سەر کەمپێکی گەریلا، بۆ ئەوەی زیاتر نەیەنە پێشەوە، گەریلا گولـلەی هۆشداریی تەقاندووە”.

عەمید دلێر زێباری، بەرپرسی لیوای یەکی پاسەوانیی سنوور رەتیدەکاتەوە هێزی عێراقی لەو شوێنە بن و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “هیچ هێزێکی پاسەوانی سنووری عێراق لەو سنوورە نین و لە شەڕەکەش بەشدار نەبوون”.

دەقی راگەیێندراوی ژمارەی دووی وەزارەتی پێشمەرگە:

لە ئەنجامی پەلامارەکەی ئەمڕۆ 5ی حوزەیرانی 2021 لە چیای مەتین ـ سنوری قەزای ئامێدی، کاروانێکی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن هێزێکی پ.ک.ک وە دەستدرێژیەکی بێ پاساویان کرایە سەرو لەئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و  حەوت پێشمەرگەی تریش برینداربوون.

لەم هێرشەدا هێزەکانی پەکەکە چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه، لەکاتێکدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنورە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بووە، وەک هەر ناوچەیەکی تری سنووری هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت، جوڵە و سەنگەرسازی پێویست بکات.

لێرەوە داوادەکەین، حکومەتی عێراق بەخێرایی بێتە سەر خەت و رێگە لە لەشکرکێشی و پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا بگیرێت. هەروەک داواش لە هێزەکانی پەکەکە دەکەین، رێز لە سنوور و سەروەری خاکی کوردستان بگرێت و شەڕ لەماڵی کورد و هەرێمی کوردستان دووربخاتەوە.

ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، سەرکۆنەی توندی ئەم پەلامارە دەکەین و هۆشداریش دەدەین، کە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان، رەوشی لەوجۆرە ناخوازێت و دەبێ دەستدرێژیەکانی پەکەکە و هەموو پەلامارو دەستدرێژیەک بۆ سەر هەرێم و هێزی پێشمەرگە رابگیرێت، کە ئەرکی سەرەکی پێشمەرگە لەئێستادا پاراستنی خاکی هەرێم و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشە.

پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و  خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ئەم پەلامارە دەکەین و شیفای خێراش بۆ برینداران دەخوازین.

پێنج پێشمەرگە شەهیدەکە بریتین لە

– عیماد مەعرووف، تەمەن 36 ساڵ

– هەژار سوبحی، تەمەن 35 ساڵ

 – قائید رەشید، تەمەن 35 ساڵان،

کاوان تۆفیق، تەمەن 34 ساڵان

ئەزوەر عەبدولڕەحمان، تەمەن 42 ساڵان.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

5ی حوزەیرانی 2021

****

وێستگە نیوز- ژووری هەواڵ: وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەكانی (كەجەكە) لە لێدوانێکیدا بۆ وێستگە نیوز، لەسەر رووداوەکەی ئەمرۆی چیای مەتین “داوای لێكۆڵینەوە دەکات” و ئاماژە بەوەشدەکات، “ماوەی 25 ساڵە پێشمەرگە نەگەیشتوون بەو ناوچەیەی کە ئەمرۆ هێزیان بۆ ناردووە”.

لەسەر رووداوەکەی چیای مەتین لە سنوری قەزای ئامێدی، زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) تایبەت بە وێستگە نیوز-ی وت، ” هێزەکانی زێرەڤانی پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەی 25 ساڵە نەگەیشتوون بەو ناوچەیەی کە ئەمرۆ هێزی پێشمەرگەیان بۆ ناردووە و ناوچەکە بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی گەریلادایە”.

وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) وتیشی، ” بەیانی ئەمرۆ شەممە، هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان هاتوونەتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پەکەکە لە چیای مەتین کە 25 ساڵە لەژێر دەسەڵاتی گەریلادایە و سنووری ئێمەیان بەزاندووە”.

دەشڵێت، ” وەک ئاگادارکردنەوەی هۆشداری هێزەکانمان تەقەیان بە ئاسماندا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی کردووە”، ئاماژە بەوەشدەکات، ” گەریلا هێرشی چەکداری یان ئاسمانی بۆ سەر پێشمەرگەکان ئەنجامنەداوە”.

زاگرۆس هیوا، لە درێژەی لێدوانەکەی بۆ وێستگە نیوز، باسیلەوەشکرد، ” پاشماوەی هێرشەکە دەریدەخات کە هێرشەکە ئاسمانییە و ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج لە ڕووکاری سەرەوە بەئامانج گیراوە و ئەوەش تەنها لە کاری فرۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا دەوەشێتەوە، هەرچەندە ناوچەکەش پڕیەتی لە مینی چێندراو”.

بە وتەی زاگرۆس هیوا، ” رووداوەکە تەمومژاوییە و پارتی کرێکارانی کوردستان  و کۆما جڤاکێن کوردستان داوادەکات لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداەکە پێکبهێنرێت و ئەوان ئامادەی هەر هاوکارییەکن گەر پێویست بکات”.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 5ی حوزەیرانی 2021، هێزێکی پێشمەرگە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لەچیای مەتینی قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، لەلایەن هێزێکی په‌كه‌كه‌وه‌ بۆسەیەکیان بۆ دانراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ” لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون چوار پێشمەرگەی تریش برینداربوون، پێشتریش هۆشداریمان دابوو، لەئەگەری روودانی رووداوی لەو شێوەیە، دەبێ هەمووان رێز لەسنووری هەرێم بگرن و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان نەخەنە مەترسیەوە”.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی