"an independent online kurdish website

بەداخەوە ئەمڕۆ خەباتگێڕی  بەوەج و ناسراوی گەلەکەمان کاک عوسمان   مستەفاپوور کە پاش ۲۸ ساڵ زیندانی کێشان لە زیندان ئازاد بوو و هەر زوو گەڕایەوە سەنگەری پێشمەرگایەتی،

ئەمڕۆ 16ی خەرمانانی 1400  بە هۆێ پەتای کورۆناوە کۆچی دوایی کرد ، ڕۆحی شاد و بنەماڵە و هاوسەنگەرانی سڵامەت بن.

ئەم بابەتەم ساڵی ۲۰۱۹ئەوکاتە کە لە رینداندا بووە لە سەری نووسیوە.

ئوستوورەکانی بەرخودان

۲۸ ساڵ خۆڕاگری!

ئاشنایەتی من و عوسمان مستەفاپوور لە مەڵبەندی شومالەوە بوو. ئەو پێشمەرگەیەکی ئارام، بەنەزم و زۆر ئازا بوو، خەڵکی شاری پیرانشار بوو. زۆر زوو جێگای خۆی لە نێو پێشمەرگەکانی هێزی ئاگری دا کردەوە و بوو بە خۆشەویستیان.

رۆژی۲۲ ی پووشپەڕ، تیمێک لەپێشمەرگەکانی هێزی ئاگری کە لە ٦ کەس پێکدێن لە مەئموریەتێکی حیزبی لە ناوچەی ورمێ دەبن، بەرە بەیانی لەو پەڕی ماندوویەتیدا دەگەنە گوندی کەریم ئاوا و لەم گوندە پەتوو و خواردن هەڵدەگرن و ڕوو لە شاخی ئاسنگەران کە هەر لە دەورووبەری ئەم گوندەیە دەکەن. لەم کاتەدا سیخوڕێکی خەڵکی ئەو دێیە دەیانبینێ و ڕاپۆرتیان دەدات بە ڕێژیم.

رۆژی  ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٧٠ ئەم تیمە لە پێشمەرگەکانی هێزی ئاگری، لە کاتی حەسانەوەیان لە شاخی ئاسنگەران لە ئەشکەوتی “هەزار گەلی” لەدەور و بەری گوندی کەریم ئاوا لە کاتێکدا زۆر ماندوو بوون و لەئەشکەوتەکەدا لە حاڵی حەسانەوەدا دەبن دەکەونە گەمارۆی هێزێکی زۆری ڕێژیم و شەڕ لە نێوانیاندا ڕوو دەدات. لە ئاکامی ئەو شەڕەدا حوسین ستوت و محەمەد ساڵەح شاهینی شەهید و چوار کەسیش بەناوەکانی: ( مەلاجاسم ئیسماعیلی(دڵنشین)، ئەیوب جەهانگیری، محەمەد قاسمی و عوسمان مستەفا پوور) دەستگیر دەکرێن. مەلا جاسم و ئەیوب لە یەکەم تەقەدا بریندار دەبن و بە برینداری دەستگیر دەکرێن.عوسمان و میرزا موحەمەدیش تا دوا فیشەک شەڕ دەکەن.

مەلا جاسم ئیسماعیلی و ئەیوب جهانگیری، لە ساڵانی ١٣٧١ و ١٣٧٢دا لە زیندانی ورمێ‌ لەسێدارە دران. محەمەد قاسمی لە پاش ۸ساڵ ئازاد کرا. عوسمان مستەفا پووریش بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا. ئەو حوکمە ساڵی ٩٢ لە لایەن قازی “چابۆک” لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بۆ ٣٥ ساڵ گۆڕدرا.

حوسەین ئەحمەدی ‌نیاز، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری و دۆسییەی عوسمان مستەفاپوور، لە بارەی ڕەوتی قەزاییی دۆسییەی عوسمان مستەفاپوور باسی لەوە کردووە: “عوسمان مستەفاپوور، زیندانی سیاسیی کورد ماوەی ٢٧ ساڵە کە تەنانەت یەک خولەکیش لە زیندانی ورمێ مەرەخەسیی پێ نەدراوە. کاتێک شانازیی ئەوەم پێدرا وەکالەتی پەروەندەی عوسمان مستەفاپوور وەربگرم، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ چاوم پێی کەوت. شکۆیەکم لە جەستەی ئەو تێکۆشەرەدا دیت، ڕدێنی سپی ببوو بەڵام هەروا لاو قیت و قۆز بوو، کاتێک قسەم لەگەڵی کرد شەرم دایگرتم کە بۆچی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە حەقی ئەو پیاوە گەورەدا زوڵمی کردووە.

عوسمان مستەفاپوور لە نامەیەکدا داوای مورەخەسی لە دادستانی شاری ورمێ دەکات، دادستانی داوای لە ناوبراو کردووە کە بە جێگای مورەخەسی پەڕەی لێخۆشبوون واژۆ بکات. عوسمان لەواژۆ کردنی بەڵگەی لێبوردن و لێخۆشبوون خۆی دەبووێرێ و دەڵێت:”من تووشی هیچ کردەوەیەکی نابەجێ نەبووم، هەتا ئەو بەڵگەیە واژۆ و داوای پەشیمانی بکەم”.

ئەم هەڵوێستانەی عوسمان کە سەرچاوەی لە بیرو باوەڕی خەباتگێڕانەی گرتووە جێگای شانازی حیزبەکەمانە و ئەو ڕاستییە دەر دەخەن کە پەروەردەی ئەم حیزبە لە ڕابردوودا چەندە بەهێز بووە کە ئەندام و پێشمەرگەکانی لە بەرانبەر دڕندەیی و بێڕەحمی ئەشەکەنجەگەرەکان چەندە بەهێز و قورس و قایمە و چیایی بەرگرییان لە ئارمانجەکانیان کردووە .ئەوان مردنیان هەڵبژاردووە بەڵام بە چۆکدا هاتنیان قەبووڵ نە کردووە.من وەک پێشمەرگەیەکی ئەم حیزبە چۆن شانازی بە هاوڕێ بەورە و خەباتگێڕەکانمانەوە نەکەم و سەربەرز نەبم بە گەورەییان.

ئەمەش ڕەنجنامەیەکی هاوڕێی ئازا و بە چۆکدا نەھاتووم کاک عوسمان مستەفاپوورکە ساڵی ۱۳۹۰ هەتاوی بۆ ڕیپورتێری نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی و لە ڕاگەیاندنە گشتییەکاندا بڵاو کراوەتەوەکە تێیدا هاتووە:

ھاوینی ساڵی 1371 “مەلا جاسم” ئیعدام كرا و حوكمی “ئەیووب”یش ساڵی 1372 جێبەجێ‌ كرا، دواتر بانگیان كردم و پێیان راگەیاندم كە حوكمی ئیعدامەكەت شكاوە. دواتر دەستبەجێ‌ بۆ زیندانی تەورێز رایانگواستم و لە ساڵی 1372وە هەتا ساڵی 1374 لە بەندی سیاسی زیندانی تەورێز دەستبەسەر بووم”.

عوسمان مستەفا پوور لە درێژەی رەنج نامەكەیدا نووسیویە:”ساڵی 1374 دووبارە ھێنامیانەوە زیندانی ورمێ و بەبێ‌ هیچ ئاگادارییەك و بەبێ‌ هیچ هۆیەك پەروەندەیەكیان بەناوی قەتڵەوە بۆ من ساز كرد. ساڵی 1379 پاش 9 ساڵ زیندان پێیان راگەیاندم بەهۆی بەشداری لە كوشتندا بە 10 ساڵی دیكە زیندان مەحكووم كراوم و هاوار و بێدادی هیچ قازانجێكی نەبوو”.

مستەفاپوور ئەوەشی نووسیوە: “دیسان بێ‌ خەبەر بانگهێشتی دادگا كرامەوە و بەهۆی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکرات بە 15 ساڵ زیندان مەحكووم كرام. پاش نۆ ساڵ ژان و ئازار و دوو ساڵ و چەند مانگ ژووری تاكەكەسی و قەرەنتینە وا دەهاتە بەرچاو كە چیرۆكی دادگاییەكانم كۆتایی پێ‌ بێت، دادگاییەك كە هیچكاتێ‌ پارێزەرێكم نەبوو و هیچ کاتێک نەمتوانی بەرگری لە خۆم بكەم”.

تەواوی بەڵگەكان ئەو بەرگە و كاغەزانە بوو كە لە كاتی لێپرسینەوەكان و لەژێر مشت و پێلاقە و سیمی كابلدا لەژێر زمانیان دەرهێنا بووم. یەكێك لە لێپێچەرەكان قامكی رادەگرتم و مۆری دەكرد و هیچكاتێ‌ بەڵگە و كاغەزێك كە تاوانبار بوونی من بسەلمێنێ‌، دادنامەیەك، یان هەر بەڵگەیەكی دیكەم نەبینی و پێیان نیشان نەدام. تەواوی ئەو شتانەی كە بەسەریاندا دەسەپاندم و لەسەری مەحكووم كرام زارەكی بوون، واتە مەئموورێك لە زیندان یان ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەهات و پێی رادەگەیاندم و دەڕۆیی”.

ئێستا “رێكەوتی 20ی سەرماوەزی 1390″ كە سەرقاڵی نووسینی ئەم نامەیەم پاش 20 ساڵ و 4 مانگ زیندان هیچكاتێ‌ مەرەخەسیم پێنەدراوە، ھەر لە زینداندا بووم كە دایك، برا و خوشكێكم لە دەست داوە و تەنانەت بۆ رێوڕسمی سەرەخۆشی ئەو ئازیزانەم بە پێچەوانەی ئایین نامەی زیندان دەبا بە پاسەوانەوە منیان ببردایەتە سەر گڵكۆی ئازیزەكانم، ئەم كارەشیان نەكرد و هێشتا كۆتایی زیندانەكەم و رێكەوتی دوایی هاتنی حوكمەكەم بە فەرمی و نووسراوە پێم رانەگەنراوە”.

ئێستا داوا لە ریپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاودێری مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەكانی سەرانسەری جیھان دەكەم كە بە لێكۆڵینەوە كردن لەبارەی رەوتی دادگایی و بە فێڕوو چوونی بیست ساڵ لە تەمەن و لاویەتیم لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا ئیزن نەدەن كە لاوانی دیكەی ئەم نیشتمانە بەم چەشنە سەردەمی لاویەتییان بەهۆی ئیدیعا و بانگەشەوە بە فێڕۆ بچێت.

ئەوەی كە گێڕامەوە یەكێك لەو هەزار و چەند دڵۆپەیە لە دەریای كێشە و گرفتارییەکانی كە لە ژوورە تاكە كەسی و زیندانەكان کێشاومە، هەرچەند لەوانەیە دووبارە لەبەر نووسینی ئەم نامەیە تووشی ژووری تاكەكەسی و لێپرسینەوە ببمەوە، بەڵام هەر ئەوە بەسە كە گۆشەیەكی كەم لەو زوڵم و نادادپەروەرییانەی كە لەناو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا بەسەر من و زیندانییانی دیكە هاتووە و بەسەرماندا دێت، بگەیەنمە گوێی ئێوە و خەڵك.

دوو یا سێ ساڵ پێش بوو کە لە ۲۲ ی پوشپەڕ ساڵڕۆژی شەهید بوونی ڕێبەری مەزن د. قاسملوودا کاک عوسمان پەیامێکی بەم بۆنەوە لە زیندانەوە ناردبوو، لە پەیامەکەیدا وێڕای پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ قاسملووی نەمر بۆ درێژەدان بە ڕێبازی دڵنیایی دابوو کە بە خۆڕاگری و بەردەوامی لە خەبات ڕۆحی قاسملووی نەمرشاد دەکات و حیزبەکەشمان سەر بەرز.

بێگومان خۆڕاگری و ئازایەتی هاوڕێ عوسمان مستەفاپوور شتێکی شاراوە نییە و هەموو ئەوانەی کە ڕێیان لە زیندان کەوتووە شاهیدی بۆ خۆڕاگری و بوێری ئەم ڕۆڵە بەوەجەی حیزبەکەمان دەدەن.

ھیوادارم ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەرچی زووتر بڕوخێت، تا عوسمانەکانی دیلی دەستی زۆرداری ئازاد و بە بنەماڵە و هاوسەنگەرەکانیان شاد ببنەوە و لە جەژنی سەرکەوتنی گەلدا بەو شێوەیە کە شایانیانە ڕێزیان لێ بگیرێت.

وەک هاو خەباتێک شانازی بە خۆڕاگری، ئازایەتی و بیروباوەڕی بەهێز و ئیرادەی لە شکان نەهاتووت دەکەم .تۆ هەمیشە لە یادمانی .

وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

بابەتی پەیوەندی دار

مالئاوا عوسمان مستەفا پوور ماندیلای کورد، کاووس عەزیزی

کۆچی دوایی هاوڕێ عوسمان مستەفا پوور تێکۆشەرە خۆڕاگرەکەی دێمۆکڕات

وتووێژی تیشک تی ڤی لە گەڵ عوسمان مستەفا پوور

رەنج نامەی دڵته‌زێنی دوو زیندانیی سیاسیی كورد پاش زیاتر لە 20 ساڵ زیندان

ئەم هەڵبەستە پێش کێشە بە کاک عوسمان موستەفاپوور و هەموو زیندانیانی سیاسی کورد، عەزیز مورادپەرەست

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی