"an independent online kurdish website

توماس ساندر، دادوەری دادگاییکردنی حەمید نوری، ڕۆژی پێنجشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئەو کاربەدەستەی پێشووی کۆماری ئیسلامی بە تاوانی بەشداریکردن لە کوشتنی هەزاران بەندکراو

لە کۆتاییەکانی شەڕی ئێران و عێڕاق و پێشێلکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتی لە لایەن دادگای سویدەوە دادگایی کرابوو، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایە چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە لایەن دادپرسی سویدەوە پێشنیار کرابوو.

ئەو دادوەرەی کە لە دادگا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەو حوکمەی دەخوێندەوە گوتی “ئاکامی ئەو دادوەرییە ئەوەیە کە تۆمەتبار، بە پێی یاساکانی تاوانکاری تاوانی ئەنجام داوە.”

گوتیشی کە بەڵگەی گەلێک زۆر سەبارەت بە ئەم دۆسیە لە ئارادا بوون و ئەو بەڵگانەی پێشکەشکران پشتڕاستی ئەو ڕاپۆرتانەیان دەکردوە کە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ پێشتر پشتڕاست کرابوونەوە.

دوای ئەم بڕیارەی دادگا سەدان کەس و هەروەها بەشێک لە بنەماڵەی قوربانیەکان و چالاکوانانی سیاسی لە بەردەم دادگا و شەقامەکاندا لە سوید بە گشتی خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە دەربڕی.

لە نێو بەشداربواندا خانمێک دەبینرا بە ناوی “دایکە عیسمەت” کە لە بنەماڵەکەیدا یازدە قوربانی هەیە، لە وتووێژێک لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئێران- ئینترنەشناڵ‌دا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ ئاوا تووشی “بێچارەیی و زەلیلی” بووە و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە “سەرئەنجام دادپەروەری کاری خۆی کرد.”

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی‌ لە ڕاگەیەندراوێکی سەر ماڵپەڕەکەی دا پێشوازی لە سزای هەتاهەتایی دەکات کە “لەلایەن دادگایەک لە سوید لەسەر تاوانەکانی پەیوەست بە کۆمەڵکوژییە بەدناوەکانی زیندانەکانی ساڵی 1988ی ئێران بەسەر حەمید نوری بەرپرسی پێشووی ئێران دەرکرا.”

دایانا ئەلتەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەشێکی ئەو ڕاگەیاندنەدا دەڵێت:

“بە تاوانبارناساندن و دیاریکردنی سزا بۆ سەر حه‌مید نوری ئه‌مڕۆ له‌ سوید به‌ تاوانه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ کۆمەڵکوژی بەندکراوانی ساڵی 1988ی ئێران، هه‌نگاوێکی بێوێنە‌یە لە پێناوی دادپه‌روه‌ری بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی که‌ له‌ ئێراندا ئه‌نجامدراون و په‌یامێکی ئاشکرا بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران دەنێرێت کە دەبوایە زۆر زووتر درابا، که‌ ئه‌وانه‌ی لە ئێران له‌ تاوانه‌کانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تییدا ‌ بەرپرسن، لە دادپەروەری ڕزگاریان نابێت.”

کەریم ئەڵلاوەیسی، چالاکی سیاسی لە نەرویژ لە وتووێژێکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا دەڵێت، “ئەم بڕیارە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئازدایخوازان، بۆ کورد و بۆ هەموو ئەوانەی کە لە دژی ڕژێم وەستاونەتەوە و جێگای خۆشحاڵییە. بەو هیوایەی کە وڵاتانی ئەوروپا دادگاکانیان هەروا سەربەخۆیی خۆیان هەبێت.”

ئەو هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمە نەک تەنها دادگایی کەسێک بەڵکو دادگاییکردنی هەموو سیستەمی کۆماری ئیسلامییە کە بەردەوام پێشێلی مافەکانی مرۆڤی کردووە و ئەوەش “دادگاییکردنی ڕژێمێکە لە کە کۆتاییەکانی خۆیدایە و نوێنەرێکی پێشووی لە بەندیخانەدا زۆر کەسی ئەشکەنجە داوە و لە ژێر ئەشکەنجەی ئەودا گیانیان لە دەست داوە کە ئەمە ماهییەتی ڕژێم دەگرێتەوە.”

هەروەها ئەو چالاکوانەی مافەکانی مرۆڤ پێیوایە، “بەشی دادوەری ئێران بەشێکی سەرکوتکەرە و هەمان ئەو کردەوانە ئەنجام دەدات کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستانی دیکە دەیانەوێت.”

لە لایەکی ترەوە ناسر كه‌نعانی وته‌بێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران پێی وایه‌ بڕیاره‌كه‌ “پاڵنه‌رێکی سیاسییه‌ و هیچ ڕەوایەتیەکی یاسایی نییه‌.”

سەرچاوە:  دەنگی ئەمریکا

****

سوپاسنامەی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان، بۆ وڵاتی سوید.

بە ناوی گشت ئەندامان و هاوبیرانی پارتی سەربەستیی کوردستان، کە خەبات بۆ ڕزگاری وسەربەخۆیی گەلی کورد لە ژێر ستەمی ئێران دەکات. سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی دادگای ستۆکهۆڵم و حکوومەتی سوید دەکەن، لە بەرامبەر بەو حوکمە دروستەی لەئاست (حەمید نوری) وەک تاوانبارێکی کۆمەڵی کوژی بەندییە سیاسی و مەدەنییەکانی ناو بەندیخانەکانی ئێران. کە  لە لایەن ئەوەی بەڕێزەوە بەندی ئەبەدی بۆ بڕاوەتەوە. ئێمە هیوادارین کە وڵاتی سوید لە داهاتوودا نەکەوێتە داوای مامەڵەو مڕۆڤگۆڕینەوە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە دژی ئازادی و ئاشتییە، و ئەو تاوانبار نەیگەڕێنێتەوە بۆ ئێران.

چوون دڵنیاین لە پاش ئەو حوکمە دروستە، ئەو ڕێژیمە بەهۆی ئەوەی زەربەیەکی گەورەی دێپڵۆماسی خواردووە،  بێدەنگ نابێت و هەوڵدەدا کە گەشتیاری سویدی بە بارمتە بگرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ حەمید نوری بیانگۆڕێتەوە.

وەک پارتی سەربەستیی کوردستان، هیواخوازین گشت وڵاتانی دیکەی ئورووپایی و ئەمریکایی و ئوسترالیایی، لە ئێستا و داهاتووشدا رێگە نەدەن بە پیاوکوژان و قاتڵانی کۆماری ئیسلامی ئێران. بە بیانووی پەنابەری لە وڵاتەکانی ئەوان خۆیان حەشار بدەن. بەو هیوایە هەموو لایەک وەک وڵاتی سوید هۆشیارانە هەڵویست بگرێت، و ئەو بەرپرسانەی ئێرانی کە دەستیان لە قەتڵ و عامی خەڵکدا هەبووە، هاوشێوەی حەمید نوری دادگایی بکرێن.

بەڕێزەوە  عارف باوەجانی

سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان.

١٥ / ٧ / ٢٠٢٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی