"an independent online kurdish website

کاک عەزیز وەجاغ لە گوندی ئاڵوەتان سەر بە شاری سەردەشت لە بنەماڵەیەکی ئاغاوەت و دۆڵەمەند و دەست رۆیشتو لە دایک بووە. دێی ئاڵوەتان ئەو کات زیاتر لە شێست ماڵ دەبوو.

چوار دەورەی بە کێو تەنراوە و ناوی چیاکانیش بریتن لە (کڵاوی نیزامان، مەشکەڵدێر، خاڵەگەرزە، دۆلێ سەرچاوێ، گیادرو، کورتەکە، هتد…) ئاغا خاوەنی ئەو دێیە بوو. ئاغاکان دوو برا بوون، کە ناویان (سەلیم ئاغا و حاجی کام حەمەد) بوو. کاک عەزیز کوڕی سەلیم ئاغای ئاڵوەتانە.  دانیشتوانی ئەو گوندە، بە چوار شێوە ژیانیان بە سەر دەبرد، وەک جوتیاری بە نیوەکاری یان بە سێیەک بۆ ئاغا، مەڕداری، شوانکارە، مەعامەلە کردن. هێندێکیشان قەرە بوون، واتا جوتیار یان مەڕدار نەبوون، لە رێگای کاسپی جۆراو جۆر ژینانیان بە سەر دەبرد.

دەشتی وەزنێ زیاتر لە دە هەزار هیکتارە. رێگای بەینی دەشتی وەزنێ و گوندی ئاڵوەتان بە پیادە نزیکەی دوو کاتژمێرە. ئەو دەشتە لە رۆژئاوا را لکاوە بە شاخی گویز و دەشتی خوارێ و نارتە کە سەر بە باشوری کوردستانن و هاوسنوری رۆژهەڵاتی کوردستانن. لە لای مردواێ را گردی دێران و کێوی مەڕوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە گرێ دەدات. ئەو دەشتە پان بەرینە هەموی مڵکی سەلیم ئاغا و حاجی کام حەمەد بوو.  خەڵکی گوندی ئاڵوەتان ئەو کات بە دەستوری ئەو ئاغایانە دەبوو هەموو هاوینێکی بۆ بەرهەم هێنانی کشتوکاڵیان و لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان ماڵیان بە ئەسپ و ماین و کەر و ئێستر بار بکەنە دەشتی وەزنێ. دەشتی وەزنێ چەندین هاوینەهەواری لێبوو وەک، کانیەبەرجۆبیان، کانیەخواجە، قڕگە، دۆڵەڕەوێ، گردی دەلیزە و باخۆڵ. خەڵکی ئاڵوەتان هەموویان لە هاوینەهەوارێک تاوڵیان هەڵدەدا. هەروەها لە دەشتی وەزنێ گوندێکی بچوکی لێبوو کە ئاغای  کوڕی سەلیم ئاغای سەرپەرستی دەکرد.  

لە گەڵ ئەوەیدا کە کاک عەزیز کوڕی سەلیم ئاغای دەسترۆیشت و بە دەسەڵاتی ناوچە بوو، بەڵام ئەو هەموو کات لە بەرەی چینی هەژار و وەرزێر و کاسبکاران دابوو.

ئەو وێنە لە زیندانی گۆلی ورمێ گیراوە.

مامۆستا مەلا نەجمەدین کەوکەبی‌شاد مەلا و مودەریسی گوندی ئاڵوەتان بوو. مامۆستا نەجمەدین رێبازی یەکەم سەرکۆماری کوردستانی پێشەوا قازی محەممەدی بۆ رزگاری کوردستان گرتە بەر و بوو بە ئەندام و بەرپرسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەدا. کاک عەزیز لە کاتی لاویەتیدا لە لای مامۆستا نەجمەدین بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کورستان. پێکەوە دەستیان بە خەباتی سیاسی نهێنی کرد، بە دژی رژێمی دیکتاتۆری محەممەد رەزا شای پەهلەویدا بۆ رەزگاری کورد و کوردستان.  

کۆنفرانسی سەری گۆمێ لە ساڵی ١٩٦٣ ی زاییندا گیرا و کۆمیتەی گۆرموسایان دامەزراند. مامۆستا نەجمەدین بە بەرێوەبەر کۆمیتەی گۆرموسا هەڵبژێردرا و کاک عەزیزی وەجاغیش وەک ئەندامی بەرێوەبەراتی کومیتە هەڵبژێردرا و دەستیان بە رێکخستن و بوژاندنەوەی شانە و کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد. 

مامۆستا نەجمەدین و کاک عەزیزی وەجاغ پەیوەندی راستە و خۆیان لە گەڵ خەباتی سیاسی و چەکداری ساڵەکانی ١٩٦٧ ـ ١٩٦٨ ی زاینی گرت. بە بوونە پشتیوان و هاوکاری شەهیدان مەلا ئاوارە، سولەیمانی موعینی، عەوڵای موعینی… ئەو دوو شۆرشگێرانە زۆر بوێرانە یارمەتی ئەو بزوتنەوەیان دەداو پشت و پەنای بوون.

 

کۆنگرەی دووهەم

دووهەمین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٩٦٤ ی زاینیدا لە گوندی سونێ سەر بە باشوری کوردستان لە ژێر سێبەری ئاڵای شۆڕشگێرانەی دروشمی یەکیەتی، خەبات، سەربەخۆیی و دێموکراتی دا گیرا. نوێنەرانی کۆنگرەی دووهەم هەر کامیان لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان را لە ژێر مەترسی گوڵڵە و سەرەنێزەی دوژمن بە هەزاران زەحمەت و کوێرەوەری خۆیان دەربازکرد بوو. نوێنەرانی بەشداری لە کۆنگرە بە ناو یەکتریان نەدەناسی، هەر کەس ناوی نهێنی خۆی هەبو. بەڵام هەموو  ئەو نوێنەرانە  تێکرا ئاوات و ئامانجیان یەک بوو بۆ رزگاری کورد و کوردستان. لە گەڵ ئەوەیدا کە دێی ئاڵوەتان پادگانێکی بە هێزی سەربازی لێبوو، بەڵام مامۆستا نەجمەدین و کاک عەزیز بە نێهنی هاتبوون بۆ بەشداری کردنی کۆنگرەکە.

 

مامۆستا نەجمەدین و کاک عەزیزی وەجاغ لە کۆنگرەی دووهەمی حیزبدا بە نوێنەرایەتی ناوچەی سەردەشتێ بەشدار بوون. مامۆستا نەجمەدین وەک ئەندامی کۆمیتەی چاوەدێری بەرزی حیزب هەڵبژێردرا. دوای گەرانەویان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بە خەبات و تێکۆشان نهێنی سیاسی کرد. خەڵکێکی زۆریان کرد بە ئەندام و لایەنگری حیزبی دێموکراتی کوردستان.

گیران:

دوای شکانی بزوتنەوەی ساڵەکانی ١٩٦٧ ـ ١٩٦٨ ی زاینیدا،  رێکخراوی ساواک بە توند و تیژی چاودێری بزوتنەوەی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان دەکرد. بە پلانی تیمسار ئوەیسی فەرمەندەی گشتی ژاندەرمەری ئیران لە سەراسەری رۆژهەڵاتی کوردستان خەلکێکی زۆر گیران. دوو کەس لەو سیاسەتمەدارانەی کورد کە لە ساڵی ١٩٦٨ی زاینیدا دەستگیر کران مامۆستا نەجمەدین کەوکەبی‌شاد و کاک عەزیزی وەجاغ بوون.

زیندانەکان:

گوندی ئاڵوەتان بنکەی سەربازی لێبوو. ئەو بنکە حەمامێکی زۆر بچوک و ناخۆشی لێبوو، کە لە بەرد و گڵ دروست کرا بوو. مامۆستا نەجمەدین و کاک عەزیز لەو حەمامە پێس و پڕ لە ئەسپێ و کێچ و بێ رایەخ ماوەی سێ رۆژان زیندانی دەکەن. نان و چای کەمیان دەدەنێ. فەرماندەی سەربازی ئاڵوەتان ئەو کاتە سەروان (ئەفسەر) جەعفەری بوو. پاش سێ رۆژان لەو زیندانە بە سواری هیلیکۆپتەر بە دەست بەستراوی دەیانبەن بۆ پاسگای (بنکەی سەربازی) گوندی هەنگەوێ. لە پاسگای هەنگوێش را بە دەست بەستراوی سواری ماشێنی باری سەربازیان دەکەن و دەیانبەن بۆ پادگانی سەربازی گەورەی جەڵدیان. لە پادگانی جەڵدیانێ یەکێک لە ئاسایشگاکانی (بنکەی سەربازی) کە جێگای چل نەفەر سەرباز بوو، بەتاڵ دەکەن و دەیکەن بە زیندانی گشتی. لەو زیندانەدا زیاتر لە چوارد سەد کەسی تێدا زیندانی دەکەن. ئەو زیندانە زۆر ناخۆش بوو. زیندانیەکانیان زۆر ئەشکەنجەی جەستەی و دەرونی دەکردن. رایەخی ناو زیندان پەتوی تەسکی سەربازی بوو. زیندانییە لەبەر ئەسپێ و کێچ و رشک وەزالە هاتبوون. چوونە ناو سەر ئاودەست بە نۆبە بوو. پاسەوانەکان زیندانییەکانیان بە زللە و شەق و پێلاقە و قۆنداغە تفەنگ بۆ ئاودەست وەپێش خۆ دەدان و لەوێش را هەر بەو جۆرە بۆ ناو زیندان.

 

پاسەوانەکانی زیندان نەیاندەهێشت زیندانییەکان کاری ئاودەستیان تەواو بێ کە بە شەق و پێڵاقە بەردەبوونە دەرگای ئاودەست و دیانگوت هەستن نۆبەتان تەواو بووە. زیندانییەکان بۆ ئەوەی کە نهێنییەکانی خۆیان ئاشکرا بکەن، بە توندترین و درەندەترین شێوە ئەشکەنجە دەکران. ئەشکەنجەکانیش دارکاریکردن و قامچی لێدان و بە سەر خیزی گەرم و تیژ و دڕک و قەڵەمەزەردە دا ڕاونان و ئوتوی کارەبای بە پشتێ داهێنان و دەست بەندی قەپانی بوون. دەست بەندی قەپانی بەو جۆرە بوو، کە باسکێکیان چەپا و چەپ لەویتر بە کەلەپچە قفڵ دەکرد و زیندانییەکەیان هەڵداوەسی. ئەو شێوە ئەشکەنجەیە زۆر بە ئازار بوو، خەریک بوو شان و پیلی زیندانیەکان لەبەر یەک بچی و بچرێ. كاک عەزیز و مامۆستا نەجمەدین هەر دوکیان هەموو ئەو ئەشکەجانەیان چێشتوە. لە ماوەی ئەو شەش مانگدا کە لە جەڵدیان زیندانی بوون،  ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەی نەماوە کە نەیچژن.

 

دادگای زەمانی جەنگ

 ساڵی ١٩٦٧ ی زاینی دادگایەکی زەمانی جەنگی سەحرایی بە پێشنیاری ژەنەراڵ ئوەیسی لە پادگانی جەڵدیان دامەزرە. حەمە رەزا شا دەسەڵاتێکی زۆری بە تیمسار ئوەیسی دابوو. دادگای جەڵدیان شتێکی تەشریفاتی و و فورمالیتە بوو. ئەوەی تیمسار ئوەیسی بریاری لە سەر دابوایە، ئاکامەکەی لە دادگا نەدەگۆڕا. ئەو زیندانییەی دەنێردرا دادگای جەڵدیان لە نێوان سێ ، چوار حەوتودا، حوکمی بە سەردا دەسپێندرا. دیفاع لە خۆ کردن و بەڵگەو و دەلیل هێنانەوە هیچ بایەخێکی نەبوو. بەشێکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی کورد بە حەپسی دوور و درێژ مەحکوم کران. هەروەها بەشێکیشیان لە سێدارە دران.  دادگای زەمانی جەنگ بۆ تۆقاندنی گەلی کەلی کورد بوو. هەروەها بۆ روخاندنی ورەی کورد و چاوترساندنی. 

زیندانی تۆپخانەی ورمێ:

دوای شەش مانگ لە زیندانی جەڵدیان مامۆستا نەجمەدین و کاک عەزیز وەجاغ لە گەڵ زیندانییەکانی تر بە قۆڵ بەستراوی بە سواری ئوتوبوس بۆ زیندانی تۆپخانەی ورمێ بەرێ دەکەن. زیندانەکە ژێر عەرز بوو و زۆر ناخۆش بوو. لەو زیندانە سێ تەختی خەو لە سەر یەک بوون و تەختەکان زۆر کۆن و خراپ و ناخۆش بوون.

 

هەر دوو حەفتە جارێک مافی حامی کردن هەبوو. حەمامەکەش گشتی بوو. زۆر پیس بوو و ئەسپێ و کێج و رشکی زۆر بوو. لەو زیندانە ئەشکەنجەی جەستەی نەبوو، بەڵام هەت بڵێی ئەشکەنجەی دەرونی زۆر بوو.

 دادگای دووهەم:

مامۆستا نەجمەدین و کاک عەزیز وەجاغ لە زیندانی تۆپخانەی ورمێ دا دادگای بە سەر داچونەوە ( تجدید نظر)  دەکەن. لەو دادگایە دا مامۆستا نەجمەدین زیندانی ئەبەدی بۆ دەشکێ و (١٠) ساڵ زیندانی بۆ دەبڕنەوە.  و کاک عەزیزی وەجاغ بە (٧) ساڵ زیندانی مەحکوم دەکرێ. بەرێوەبەری دادگا سەرتیپ ئیمامی بوو.

 زیندانی گۆلی ورمێ:

لە ساڵی ١٩٦٧ ی زاینیدا زیندانی گۆلی ورمێ لە دروستکردنی تەواو بوو. ئەو زیندانە هەر وەک قەفەس بوو. بەند بەند کرا بوو. هۆدە، هۆدە بوو و هەر هۆدەش نۆ زیندانی تیدا بوو. هەر هۆدەش سێ تەختی سێ تەبەقەی لێبوو. زیندانەکە شەش بەند بوو، هەر بەندەش دوو سەد زیندانی تێدا بوو. هەر بەندەش‌ یازد هۆدە بوو کە بە ریز لە تەنشت یەکتر دروست کرا بوو و رویان لە کۆلیدۆرەکان بوو. دەرگاکان ئاسن بوون و بە قفلیش گەلێیان دەدان.

سەر لە بەیانی هاوینی سالی ١٣٤٧ ی زاینی زیندانیەکان لە تۆپخانەی ورمێ را دەگوێزنەوە بۆ زیندانی گۆلی ورمێ. زیاتر لە پەنجا زیندانیان پێکەوە بە کەپچەکراوی وەک مەڕ و ماڵات لە ناو ماشێنی گەورەی باری سەربازی داویشت و بۆ زیندانی گۆلی ورمێیان دەگواستنەوە. زیندانیەکان کە دەگەیشتنە زیندانی گۆلی ورمێ سەریان دەتاشین و جل و بەرگی تایبەتی خەت، خەتی زیندانێیان لەبەر دەکردن.  ئەو رەفتارە دڕندانەی گۆاستنەوەی زیندانییەکان وا نیشان دەدات، کە لە زەمانی حەمە رەزا شای پەهلەویدا هیچ جۆرە مافی مرۆڤێک لە بەر چاو نەگیراوە.  سەرگورد نەجارایان یەکێک لە بێ ئابروترین ئەفسەری زیندان بوو، کە ساڵی ١٩٦٧ ـ ١٩٧٨ بەرپرسی زیندانی گۆلی ورمێ بوو. لەبەر توند و تیژی لە گەڵ زیندانیەکان دەرەجەی سەرگوردی لە وێ وەرگرت. هەروەها وەکو زۆربەی بودجەی زیندانی دەدزی.

هەر کە دەهاتە ژووری بەندیخانە لە خۆرا پەڵپ و بیانوی بە زیندانیەکان دەگرت، ئەگەر زیندانیەک هەڵەی کرد بوایە، هەموو زیندانیەکانی ئەو بەندەی سزادەدان. دەرگای هۆدەکانی لە سەر دادەخستن.

کاک عەزیز وەجاغ لە سەر رێبازی پێشەوای کوردستان قازی محەممەد ٧ ساڵی تەواو زنیدانی سیاسی کێشا و ئەشکەنجەی جەستەی و دەرونی نەما کە نەیچێژێ.  دوای ئازاد بوونی پەیوەندی هاوسەگیری لە گەڵ خاتو فاتم پێکهێنا و لە شاری میراوێ نیشتە جێ بوو. هەروەها لەناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا چالاکانە تێکۆشاوە و بە شداری چەندین کۆنفراس و کۆبوونەوەی کردووە و بەرپرسیایەتی سیاسی پێسپێردراوە.

کاک عەزیز وەجاغ هەمیشە چاکە و بەرژروەندی و سەرکەوتنی کورد و کوردستانی وەپێش سەرکەوتن و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و ماڵ و منداڵی خستووە. بە کردەوە و بوێرانە و چالاکانە بۆ سەرکەوتنی کوردستانی هەوڵ داوەو و تێکۆشاوە . زۆر بە داخەوە پاش ئەو هەمو شۆرش و خەبات و تێکۆشانە چاوی بە ئازادی و سەربەستی کورد و کوردستان نەکەوت. بە دڵێکی پڕ لە هیوا و ئاوات و ئامانجی پیرۆزی رزگاری کوردستان لە رێکەوتی ١٠/١١/٢٠٢٢ ی زاینی دڵی گەورەی پڕ لە هەستی کوردایەتی لە کار کەوت و چاوی لە سەر یەک دانان و ماڵ ئاوایی کۆتایی لە گەلەکەی و کوردستان کرد. ئەمرۆ رێکەوتی ١٠/١٢/٢٠٢٢ ی زاینی رۆژی چلەی کۆچی دوایی ئەو کەڵە پیاو و خۆشناو و پیاو چاک و کوردپەروەریە. یادی بە خێر بێت و روحی کوردایەتی ئارام و شاد بێت و جێگای بەهەشتی بەرین بێت.

 

نووسینی عوسمان کەوکەبی‌شاد

ئەندامی فەرمی سیاسی ئەنجومەنی شارەوانی هامار / وڵاتی نۆرویژ

رێکەوتی ١٠/١٢/٢٠٢٢ ی زاینی

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی