"an independent online kurdish website

ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵەی کچە کوردی شاری سەقز لە رێکەوتی ١٦/٩/٢٠٢٢ زاینی لە ژێر ئەشکەنجەی پۆلیسی بە ناو ” رەوشت و ئەخلاق” لەشاری تاران پایتەختی ئێران شەهید کرا.

 دوای بە خاکسپاردنی هەر لە گورستانەوە لە شاری سەقز بە دژی رژێمی ئێران دەست بە خۆپێشاندان کرا. چەغماغی شۆرشی ژینا لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر دروشمی ” ژن، ژیان، ئازادی  هەڵگریسا و هەمو ئێرانی تەنیوە و بلێسەی گەیشتە دەرەوی وڵاتیش. رژێمی کۆماری ئسلامی ئێران بە توندی و بە گوللە وەڵامی خۆپێشاندانەکانی دایەوە.

بۆ پشتیوانی و گەیاندنی دەنگی گەلی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و بە گشتی گەلانی ئێران، لە رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ٢٣/١/٢٠٢٣ ی زاینی کۆبوونەوەیەک لە گەڵ کۆمیتەی ” هێڵسینگفۆش” مافی مرۆڤ لە شاری ئۆسڵۆ پایتەختی ولاتی نۆرویژ بەرێوەچو. عوسمان کەوکەبی شاد وەک ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی شارەوانی هامار لە وڵاتی نۆوریژ بەشداری کۆبوونەوەکە بوو. هەروەها خاتو شلێر باپیری و کاک کاوە حەسنپور وەک ئەندامی بەرێوەبەرایەتی رێکخراوی “هەنگاوی” مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکە بوون. بەشدارانی کۆمیتەی ” هێڵسینگفۆش” بریتی بوون لە، داگ فێدۆی، (بەرێوەبەری پەیوەندیەکان )، ئانا پاشالیشڤیلی (گەورە راوێژکار ). هەروها گوننار ئێکەلۆڤە سیدال ( یاریدەری سکرتێری گشتی) لە رێگای دیگیتاڵەوە بەشدار بوو.

عوسمان کەوکەبی شاد، ئەندامی سیاسی ئەنجومەنی شارەوانی هامار لە سەر لیستی حیزبی کرێکارانی سوسیاڵ دێموکراتی نۆرویژ، باسی لە پێکهاتەکانی نەتەوە جیاوازیەکانی ئێران بە گشتی و بە تایبەتی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. گەلی کورد و گەلی بلوچ زۆر بوێرانە بە دژی رژێمی ئێران خۆپێشاندان دەکەن و بوونە نمونە بۆ گەلانی تری ئێران. بە ڵام بە داخەوە رژێمی ئێران بە گوللە وەڵامیان دەداتەوە. هەر بۆیە زۆربەی گیرا و بریندار کرا و شەهید کراو لە دوو هەرێمەن. رژێمی ئێران بۆ ئەوەی سرنجی گەلانی ئێران لە سەر دیکتاتۆری و نادادپەروەری خۆی لادات، ئەو خۆپێشاندانانە بە دەست و پەیوەندی ئەمریکا و ئیسرایل و ئۆروپا دادەنێت.

بەڵام گەلانی ئێران لە ٤٤ ساڵەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران وەزالە هاتون و داوای روخانی رژێم دەکەن و دەیانهەوێت بە ئازادی بژین. لە گەڵ ئەوەیدا کە وڵاتی ئێران زۆر دۆڵەمەندە، بە ڵام گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی لە بێکاری و هەژاری دەناڵێنن. حکومەتی ئێران هیچ پرۆژەیەکی بەرهەم هێنەر و کارخانە و شوێنی کاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دانەمەزراندووە. هەر بۆیەش دانیشتوانی سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناچاری بۆ بژیوی ژیانی خۆ و ماڵ و منداڵیان دەست بە کۆڵبەری دەکەن، کە گیانیان دەکەویتە مەترسی. حکومەتی ئێران هاوکاری چەک و ئابوری گروپە چەكدارەکانی شیعە دەکات لە وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەراست بۆ وەدەست هێنانی ئامانجەکانی و شێواندن و ئاژاوەگێری و ناسەقامگیری ناوچەکە. هەروەها رژێمی ئێران مافە نەتەواتیەکانی گەلی کوردی یاساغ کردووە. زۆر تاکی کورد لەبەر دەربڕین یان چالاکی مافە نەتەوەیەکانی گەلی کورد گیراوە و بە زیندانی سیاسی درێژخایەن حوکم دراوە.

خاتو شڵێر باپیری باسی لە چالاکی رێکخراوی هەنگاو کرد و هەوەها کار و ئەرکەکانی شیکردەوە. رێکخراوی هەنگاو بە نهێنی بۆ مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی هەیە. ئێمە کە لە وڵاتی نۆریژ ژیان بە سەر دەبەین، هەواڵ و راپۆرت و ئامارمان لە رۆژهەڵاتەوە بۆ دێت.

کاک کاوە حەسنپور، بە شێوەیەکی ئەکادمیانە و بەڵگە و داتاوە راپۆرتی ٢٠٢٢ ی زاینی رێکخراوی هەنگاوی لە بارەی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد. زوڵم و زۆری و دیکتاتوری لە سەر گەلی کورد باس کرد. هەروەها باسی کۆڵبەرانی کوردی کرد کە بە چی شێوەیەکی نامرۆڤانە بە دەستی چەکدارانی رژێمی ئێران شەهید دەکرێن.

کۆمیتەی “هێلسینگفۆش”، رێکخراوێکی چالاکی مافی مرۆڤە. ئەرک و چالاکییەکانی بریتین لە بەرەو پێش بردن و باشکردنی، دادپەروەری، ئازادی، بەرابەری و یەکسانی، ئاسایەش، پێکەوە ژیانی فرە نەتەوە و کلتوریەکان. هەمو تاکی کەس و نەتەوەکانی دەبێ بە ئازادی و ئاسایەش بژین و دوور بن لە توند و تیژی حکومەتی.

ئەندامانی کۆمیتەی ” هێڵسینگفۆش” کە بەشدار بووی کۆبونەوەکە بوون، زۆر بە سرنجەوە گوێرایەڵی وتار و راپۆرتەکان بوون. توند و تیژیان بەرامبەر بە گەلانی ئێرانیان سەرکۆنە و مەحکوم کرد. دوای چەندین پرسیار و گفتوگۆ، گوتیان کۆمیتەی ” هێڵسینگفۆش” لە گەڵ وەزارەتی دەرەوەی نۆرویژ و کۆمیتەی درەوە لە پارلەمان و رێکخراوە مافە مرۆڤیەکانی تر کۆبوونەوە بەرێوە دەبات و دەنگی ئێوە بە ئەوان دەگەیەنێت. هەروەها سمینارێک بۆ گەلانی ئێران پێک دێنین، کە هەر نوێنەرەی نەتەوەیەک باسی هەرێمی خۆی بکات.

وێنەی بەشدارانی کۆبوونەوەکە لە چەپەوە:

ـ داگ فێدۆی، (بەرێوەبەری پەیوەندیەکان ) لە کۆمیتەی هێلسینگفۆش

 ـ ئانا پاشالیشڤیلی (گەورە راوێژکار ) لە کۆمیتەی هێلسینگفۆش

 ـ عوسمان کەوکەبی‌شاد (ئەندامی سیاسی ئەنجومەنی شارەوانی ‌هامار لە وڵاتی نۆۆرویژ

ـ شلێر باپیری (ئەندامی بەرێوەبەرایەتی رێکخراوی هەنگاو)

ـ کاوە حەسەنپور ( ئەندامی بەرێوەبەرایەتی رێکخراوی هەنگاو)

ـ  گوننار ئێکەلۆڤە سیدال (یاریدەری سکرتێری گشتی) بە رێگای دیگیتاڵەوە بەشدار بووە، بۆیە ئەو لە وێنەکە دا نیە.

عوسمان کەوکەبی‌شاد

ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی هامار لە سەر لیستی حیزبی کرێکارانی سوسیاڵ دێموکراتی نۆرویژ

رێکەوتی ٢٤/١/٢٠٢٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی