"an independent online kurdish website

 بایۆتێرۆریزم، شێوەیەکی تێرۆریستیە کە بریتیە لە بڵاو کردنەوە یان بەر‌هەڵدا کردنی گازی ژهراوی، باکتریا، ڤایروس بۆ کوشتن و زیان گەیاندن بە خەڵک.


من لەو وتارمدا تەنیا باسی هێرشی کردنی گازی ژەهراوی بۆ سەر کچانی قوتابی و خوێندکار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم، کە ماوەی چەندین مانگە توشی ئەو هێرشە بوون.

دوای شەهید کردنی “ژینای” کچە کوردی ٢٢ ساڵە، لە ١٦/٩/٢٠٢٢ ی زاینیدا، لە بنکەی بە ناو “پۆلیسی رەوەشت” لە شاری تاران خۆپێشاندا لە شاری سەقز، لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد. رۆژ لە دوای رۆژ خۆپێشاندا سەراسەری ئێران و جیهانی گرتەوە. زۆربەی ئەوانەی کە بە دژی رژێمی دیکتاتۆری ئێران خۆنیشاندانیان دەکرد قوتابی و خوێندکاری کچ بوون. زۆربەیان حیجابی بە زۆرە مەلی رژێمیان لە سەر خۆیان فرێدا و لە قوتابخانە و سەر شەقام و کۆڵانەکان، دروشمی برۆخێ رژێمی دیکتاتۆریان دەدا. هەروەها دروشمی ” ژن، ژیان، ئازای” کە داهێنەر و خاوەنەکەی گەلی کوردە بۆتە دروشمی سەرەکی خۆپێشاندەران. ئەو بەرهەڵستکاری و خۆپێشاندانانە، بە شۆرشی “ژینا”  یان “شۆرشی ژن” ناودێر کراوە. ماوەی چوار مانگە قوتابی و خوێندکاری کچ بە گازی ژهراوی بە شێوەی رێکخراوەی  و پلان دارێژراو هێرشیان دەکرێتە سەر. ئەو هێرشە ژەهراویە لە شاری قۆم دەستی پێکردووە و لە سەراسەر ئێران بڵاو بۆتەوە. هەروەها هەتا ئێستا چەندین قوتابخانەی کچان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گازی ژەهرراوی هێرشیان کراوەتە سەر. گەڵانی ئێران دەڵێن ئەو هێرشە “بایۆتێرۆریزمە” بە پلانی رژێمی ئێران دەکرێت و تۆڵە ستاندنەوەیە لە کچانی قوتابی و خوێندکار کە ماوەی چەندین مانگە بە دژی رژێم خۆپێشاندان دەکەن. بە رونی دیار نیە کە چەند کچ توشی زیان و زەرەری گیانی بوون بە هۆی هێرشی گازی ژەهراوی. رۆژنامەکانی ناو خۆی ئێران و دەرەوەی ئێران ژمارەی جیاوازی زیان بەرکەوتوانی گازی ژهراوی بڵاو دەکەنەوە. بەڵام وا مەزندە دەکرێ کە ژمارەی زیان لێکەوتوانی کچ بە گازی ژەهراوی لە بەینی ١٥٠٠ و ١٧٠٠ کچ دابێت. بە سەدانی کچی زیان لێکەوتو لە خەستەخانەکان خوێندران و توشی هەڵنچ هێنان، رشانەوە، سەر ئێشە، سەر گێژە، تەنگەنەفەسی و فەلەجی بوون. رق و توڕەی گەلانی ئێران بە دژی رژێم لە بەر هێرشی تێرۆر بە گازی ژەهراوی هەر دێت و زیاتر دەبێت.  دەسەڵاتدارانی ئێران چەندین جار بەلێنیان داوە کە بەرپرسانی هێرشی بە گازی ژەهراوی دەستگیر کەن و بە جەزای خۆیان بگەێنن، بەڵام ئەوە تەنیا هەر قسە بووە و هیچ کاردانەوەکی بە کرداریان نەبووە. دایک و باب و مامۆستاکانی وانە بێژی قوتابخانەکان بە دژی رژێمی ئێران خۆپێشاندانیان کردووە بە دروشمی ” بروخێ رژێمی منداڵ کوژ”. بەڵام بە داخەوە پۆلیسی ئێران بە گازی فرمیسک رێژ هێرشی کردۆتە خۆپێشاندەران و چەین کەسیشی دەستگیر کردوون.

رژێمی ئێران رۆژ بە رۆژ دیکتاتۆری و توند و تیژی خۆی لە سەر گەلانی ئێران زیاتر دەکات. ئێران بە لە سێدارە دانی دژبەرانی خۆی  گەلانی ئێران دەترسێنێت. بەو شێوەیە هیزی خۆی نیشاندەدات، بۆ مانەوەی دەسەڵاتی. ئێران یەکەم وڵاتە لە جیهاندا کە زۆربەی منداڵ و ژن لە ساڵێدا لە سێدارە دەدات. ئەوەش بە دژی پەیماننامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانی جیهانە لە بارەی مافی منداڵان، کە ئیران لە ساڵی ١٩٩٤ پەسندی کردووە. بەڵام  رژێمی ئێران بۆ مانەوەی دەسەڵاتی هیچ گوێ ناداتە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان و مافی مرۆڤ پێشێل دەکات.

لە رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١٦/٤/٢٠٢٣ ی زاینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دژی                  ” بایۆتێرۆریزم” ی رژێمی ئێران مانگرتنی سەراسەری و خۆپێشاندان بەرێوە چوو. گەلی کورد دەیهەوێت، کە بە زووترین کات بەرپرسانی هێرشی گازی ژەهراوی دەستگیر بکرێن و بە جەزای خۆیان بگەن.

 بۆ دەبێ کچەکانی قوتابخانە کە بێ تاوانن بە شێوەیەکی نامرۆڤانە هێرشیان بکرێتە سەر و توشی زیان و زەرەری گیانی بن. من داوا لە رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکانی جیهان و حکومەتی نۆرویژ دەکەم کە بە توندی هێرشی ” بایۆتێرۆریزم” ی رژێمی ئێران شەرمەزار و مەحکوم کەن. 

                                                                              

کچی قوتابی لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ترسی هێرشی ” بایۆتێرۆریزم” دەبێ ماسکی (دەمامەکی) تایبەت بە کار بێنن بۆ خۆ پارزتن لە گازی ژەهراوی. 

تێبینی: ئەو وتارم بە زمانی نۆرویژی لە چەندین رۆژنامەی نۆرویژیدا بڵاو کراوەتەوە. هەروەها وەرمگێرایەوە سەر زمانی کوردی.

عوسمان کەوکەبی‌شاد

ئەندامی ئەنجومەنی فەرمی سیاسی شارەوانی هامار

شاری ‌هامار، وڵاتی نۆرویژ

رێکەوتی ٢٤/٤/٢٠٢٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی