"an independent online kurdish website

ترۆر، هەڵوسین، بەردەباران، دەست و لاق بڕین، کوشتن لە سەر شەقام، چاوکوێرکردن و دەیان مێتۆدی ئەشکەنجە و بێژمار ئایە و حەدیسی قوڕعانی و فتوای مەلا و ئاخووند کە هەزاران هەزار مەرگی مرۆڤی لێکەوتۆتەوە، پەروەندەی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابوردوو.

ڕژیمی ئیسلامی ئێران ئەگەر نەیتوانیبایە نەوتی دزراوی خەڵکەکەی بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچە بفرۆشێ، ئەگەر کەرەسەکانی کوشتنێ پێنەفرۆشرابا، ئەگەر سەفارتخانەی سەد و چەند وڵات لە پایتەختەکەی بوونیان نەبایە، ئەگەر هەزاران شیرکەتی وڵاتان مامەڵاتیان لەگەڵدا نەکردبایە، ئەگەر سەد وچەند وڵات پێوەندی سیاسی هەمە لایەنیان لە گەڵی نەبایە، ئەگەر رێکخراوەکانی جیهانی بە پێی بەڵێنەکانی سەر کاغەز  بجوڵابایانەوە، ئەگەر دادگای ناونەتەوەیی لە سەر مافی ئینسان وەجواب هاتبایە و سیاسەت و ئابووریی و دەزگاکانی مرۆڤیی جیهان، مرۆڤی و بە پێی پارێزگاریی لە مرۆڤ، کاریان کردبایە، نە ڕژیمی ئیسلامی ئێران و نە ڕژیمەکانی هاوتا، نەیاندەتوانی دەوام بهێنن و مرۆڤی سەر گۆی زەویش پێویستی بە بە‌هەشتی خەیاڵی نەدەبوو!

١٩٣ وڵات ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، هەر ئێستا ٣٦٥ شەڕ و ئاڵۆزی و ٢٠ شەڕی چەکداری لە سەر گۆی زەوی لە ئارادایە، کە مرۆڤ و دامودەزگا و ١٩٣ دەوڵەت بە چەشنێک تێدا بەشدارن. حکومەتی ئیسلامی ئێران لەم بوارەدا لە پلەی یەکەمدایە. هیچ  حکومەتێک لە حەفتا ساڵی ڕابوردوو بە قەرا حکومەتی ئیسلامی ئێران خەڵکی وڵاتەکەی خۆی نەکوشتووە، برسی ڕانەگرتووە، ئازادی لێ زەوت نەکردوون، ژینگەی لێ وێران نەکردوون. ڕەنگە کەمتر وڵات هەبێ کە پەروەندەی نامرۆڤانەی بە قەرا حکومەتی ئیسلام لە ئێران ئەستوور بێت.

رێکخراوەکانی جیهانی و سازمانی “ئەمنیەت و هەواڵگریی” ڕۆژئاوا، زانیارییەکانیان سەبارەت بە  بوارەکانی سیاسی، نیزامی، ئەمنیەتی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئێران و ئێرانییەکانیان هەیە و ئەو مزگەوت و ناوەندی ئیسلامی و پەنجا شوێنی تر کە ڕۆژی ٢٤/٧/٢٠٢٤ دەستی بەسەردا گیرا، تەنیا بەشێک لە سیستەمی سیخووریی و تیرۆر و ئاژاوەی ڕژیمی ئێران لە دەرەوە بوون کە لە ساڵی ١٩٨٠ بەو لاوە داڕێژراوە و بە ملیاردها پارەی بۆ تەرخان کراوە و سەدان و هەزاران کەسی خۆیان و دەرەوەی سنووری خۆیان، کاری تێدا دەکەن. بەشێک لە کارەکانی ڕژیمی ئێران بە دەستی  ئورووپییەکان لە ژێر ناو و پۆستی جیاواز لە ناو سەفارەتخانە و دەرەوی ئەو شوێنە،  ئەنجام دەدرێ.  ئەوە جگە لە لۆبیگەریی و پێوەندییەکانیان لە ژێر ناوی دیپلۆماسی.

تێرۆری وییەن، بەڕلین، پاریس و دەیان شوێنی تر لە لایەن سیستەمی سیاسی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە دادگای میکۆنووسەوە، دیزە بە دەرخۆنە کرا. بێدەنگی لە هەموو ئەو جنایەتان کرا کە دەرحەق بە کورد، تورکمەن، بەلووچ، زیندانی سیاسی و ناسیاسی کرا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژانە زانیاریی لە سەر ئێران و سیستەم و کەسانیان کۆدەکرێتەوە و ڕۆژنامە و مێدیای فارسی هەڵدەگەڕێندرێتەوە سەر زمانی وڵاتان و ساڵانە ڕاپۆرتی لە سەر ئامادە دەکرێ. ئەگەر ساڵانێک کەسان ئەم کارانەیان دەکرد، ئێستا KI/AI لێهاتووی دەستکرد، کارەکەی بۆیان هاسانتر کردۆتەوە. واتە بێدەنگی جیهانی لە حاند جنایەتەکانی ڕژیمی ئێران، بە هۆی نەبوونی زانیاریی و بێ ئاگابوون نییە.

ڕاپەڕینی ژینا دەریخست کە ڕۆژئاوا و بە تایبەت دەوڵەت و پاڕلەمان و مێدیاکانیان ئاگاداری وردەکارییەکان هەن و  ئاکتۆرەکانی سیاسی و دەوڵەتی بە باشی لە ڕێگای مێدیاوە دەتوانن نمایشی دەرکەون. ڕۆژئاوا لە ٤٥ ساڵی ڕابوردوو لە مامەڵاتی ئابوریی، سەنعەتی، زانستی و دیپلۆماسی لە گەڵ ئێران زیانی ئەوتۆی لێنەکەوت، هەرچەند بایکۆتی ڕەسمی ئێران لە ئارادا بووە و لە ئارادایە. بانکی ئێران و ئورووپا و سەدان شیرکەتی ئورووپی لەوانە ٣٠٠ شیرکەتی ئاڵمانی لە ئیمارات بە هاوکاری وڵاتانی وەک هیند، ڕێگای مامەڵاتی ئێرانیان هاسان کردەوە.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: چۆن گیانی کەسانی وەک پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی و دەیان و سەدان و هەزارانی تر بپارێزرێ؟ چۆن لە ناوخۆ و دەرەوە پێش بە جنایەتەکانی ڕژیمی ئیسلامی کە بە بێ ڕۆژئاوا بوونی نابێ، بگیرێ؟

پاش چل و پێنج ساڵ،  چۆن تێگەیشتن و سیاسەتی تاقیکراوە و بێکەڵک، بگۆردرێ؟ بۆچی ڕژیمی ئیسلامی کە لە ڕاپەڕینی ژینا و پێشتر تەنگی پێهەڵچندرابوو، دیسان خۆی گرتەوە؟ کێن ئەوانەی لە ئاستی جیهان لە هەموو ئەو ساڵانە ڕاوێشکاری ئەم ڕیژەمە بوون ؟ ناسینی سیستەمی ئیسلامی ئێران و پێوەندییەکانی سیاسی، دیپلۆماسی، سیخوڕی، ئابووریی ناوخۆ و دەرەوەی، لە ڕێگای مێدیای زاڵەوە مسۆگەر نابێ. ڕێگای نوێ گەرەکە کە پشتی بە زانیاریی بنەڕەتی و هەمەلایەن بەستبێت و ستراتێژی و مێتۆد و تاکتیکی چارەسازی لێبکەوێتەوە.

کورد بەتایبەت کوردی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابوردوو لە ناو و دەرەوە سیاسەتی سەرکەوتووی دژی ڕژیمی ئێران نەبووە و ئەوەش ئەم ئەرکە ڕوونتر دەکاتەوە، کە کورد بە بێ زانیاریی، بە بێ ستراتێژی، بە بێ دیپلۆماسی جیهانی و ناوچەیی و بە بێ ڕێکخستنی ئەمڕۆیی و بە بێ ئامادەبوون لە سەر سەکۆی سیاسی جیهان وەک یەک نەتەوە، یەک وڵات داهاتووی ڕوونی نابێ. نمایشی سیاسی کە کورد و حزبەکانی تێدا شارەزاییان پەیدا کردووە، ناتوانی ببێتە پاراستنی گیانی تاکی کورد.

برایم فەڕشی

٢٦/٧/٢٠٢٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی