له رۆژانی {(15/12) و(17/12) و(19/12/2025)} سێ بابه‌تم به‌ناوی: {سێ تاوانبار و سێ دادگا, تاوانباری یه‌که‌م (دوکتۆر ئیسماعیل بێشکچی)
تاوانباری دووهه‌م {(دانته چامه‌سه‌را و نووسه‌ری)} ئیتالیایی, تاوانباری سێیه‌م

بڵاو کردۆ. ئه‌و سێ بابه‌ته سه‌باره‌ت به نووسراوه‌یه‌کی فه‌یسبووکی بوو به‌ناوی:
{ئیسماعیل بێشکچی بۆ له سه‌ر مافی کورد باجی دا، به پێنووسی (یه‌حیا ده‌وه‌نداری).
به‌رێز ده‌وه‌نداری (تاوانباری یه‌که‌م) که سه‌باره‌ت به نووسراوه‌که‌ی خۆیانه پشتگوێ ئه‌خات، هه‌روه‌ها باسی تاوانباری دووهه‌میش ناکات و ئه‌چێته سه‌ر {تاوانباری سێیه‌م (سه‌عی قایشی)} و به‌و جۆره‌ی نووسیوه:
(کاک سه‌عی گیان ده‌ست خۆش بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و بیره‌ورییه تاڵه که بۆچوونی ئه‌و سه‌رده‌می به‌ڕێوه‌به‌رانی حیزبی کمونیست و کۆمه‌ڵه بوو به‌ڵام ده‌بوو ئاماژه‌یش به‌وه بکه‌ی که دواتر ئه‌و بڕیاره‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به خۆشحالیه‌وه هاتیه‌وه ناو ڕیزی کۆمه‌ڵه‌وه و له سه‌ربیروباوه‌ڕی خۆت پاشه‌کشه‌ت نه‌کرد و من به عه‌قلیه‌تی ئێستاوه بۆچوونه‌که‌ت له سه‌ر پێک هێنانی حکا به بۆچوونێکی واقعبینانه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنم. کاکه گیان کاتێکیش هاتیه‌وه ناو کۆمه‌ڵه و ناوچه‌ی سه‌قز هه‌موو شاهیدین که چه‌نده دڵسۆزانه ئه‌رکی خۆتت به‌ڕێوه ده‌برد. من هیچکات له بیرم ناچێ که له شلێر ده‌نکه ده‌نکی برنجت له سه‌ر عه‌رز کۆ ده‌کرده‌وه و دڵسۆزانه هه‌ڵده‌سوڕای. ئه‌گه‌رچی ئه‌ندامی حیزب نه‌بووی به‌ڵام له زۆر که‌س بۆ کۆمه‌ڵه دڵسۆزتر بووی و خۆشه‌ویستی هه‌موو لاێیک بووی.
کاکه گیان بۆ خۆت ده‌زانی هاوڕێیانی ئازیز و گیانبه‌ختکردوو کاک په‌رویز و کاک فه‌ریدوون بڕیاری ئه‌و کاتی ته‌شکیلاتیان به‌ڕێوه بردووه.
به خۆشییه‌وه دواتر ئه‌و بڕیاره نه‌ما و ته‌نانه‌ت سه‌ربازانی هه‌ڵاتوو و ئه‌سیری شه‌ڕی ئێران و عێراق که به‌عس ئازادی ده‌کردن و دواتر که‌سانێکیان بوون به پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه.
هه‌ر بژی به خۆشی کاک سه‌عی به‌ڕێز.).
**
له پێشدا سپاس بۆ کاک یه‌حیا که ئه‌و بابه‌ته‌ی نووسیوه!
له‌و نووسراوه‌دا پێنج جار ناوی (کۆمه‌ڵه)ی نووسیوه، ئه‌و پێنج (کۆمه‌ڵه)یش پێوه‌ندییان به (کۆمه‌ڵه) واته (کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگیری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران)وه نییه.
باسه‌کانی ئه‌و پێنج کۆمه‌ڵه هی ده‌ورانی (رێکخراوه‌ی کوردستانی حیزب کۆمۆنیستی ئێرانه) که ئێستایش هه‌یه!
به‌رێز ده‌وه‌نداری ئاماژه‌ی به‌و سێ خاڵه کرده:
خاڵی یه‌که‌م: کاک سه‌عی گیان ده‌ست خۆش بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و بیره‌وه‌رییه تاڵه.
**
خاڵی دووهه‌م: به‌ڵام ده‌بوو ئاماژه‌یش به‌وه بکه‌ی که دواتر ئه‌و بڕیاره‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به خۆشحالیه‌وه هاتیه‌وه ناو ڕیزی کۆمه‌ڵه‌وه.
**
خاڵی سێیه‌م: من هیچکات له بیرم ناچێ که له شلێر ده‌نکه ده‌نکی برنجت له سه‌ر عه‌رز کۆ ده‌کرده‌وه و دڵسۆزانه هه‌ڵده‌سوڕای.
**
سه‌باره‌ت به خاڵی یه‌که‌م و (بیره‌وه‌رییه تاڵه‌که)
من له نووسراوه‌ی (تاوانباری سێیه‌م، سه‌عی قایشی)
به‌و جۆره‌م نووسیوه:
له‌و (رۆژه‌وه تا ئه‌مڕۆ) بیر له‌و ژیانه (تاڵ و شیرینه سیاسییه‌ی) خۆم ئه‌که‌مه‌وه.
ژیانه تاڵه‌که
تاڵی ئه‌و باسه مه‌به‌ست کاری (پێشمه‌رگه)یه نه‌ک ژیانی خۆم.
پێشمه‌رگه
پێشمه‌رگه، هیوادارم نه‌چێته خانه‌ی (مه‌زنی، گه‌وره‌ی) ناوێکه له کوردستان بۆ که‌سانێ که له پێناو ئازادی به‌گشتی و ئازادی کوردستان به‌تایبه‌تی تێئه‌کۆشێ، به‌کار ئه‌برێت. پێشمه‌رگه وه‌ک هه‌ر ئینسانێ دووچاری هه‌ڵه و که‌موکوڕیش بووه و ئه‌بێت.
(پێشمه‌رگه) و رێکخراوه سه‌راسه‌رییه‌کانی ئێران (فارسه‌کان)
وشه‌ی (پیشمرگ) وه‌ک وشه له زمانی فارسی‌دا هه‌یه، به‌ڵام رێکخراوه سیاسییه‌کانیان بۆ که‌سانێ که له پێناو ئارمانێکیدا خه‌بات ئه‌که‌ن، وشه‌ی (پیشمرگ) به‌کار نابه‌ن. ئه‌وان پێیان ئێژن: (مجاهد)، (چریک)، (فدائی).
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وشه‌ی (پێشمه‌رگه) به‌کار ئه‌به‌ن.
به‌ڕێز ده‌وه‌نداری به‌و جۆره‌ی ئه‌نووسێت:
کاکه گیان بۆ خۆت ده‌زانی هاوڕێیانی ئازیز و گیانبه‌ختکردوو کاک په‌رویز و کاک فه‌ریدوون بڕیاری ئه‌و کاتی ته‌شکیلاتیان به‌ڕێوه بردووه.
کام ته‌شکیلات و کام بڕیار؟!
منیش ئه‌وه ئه‌زانم که کاک په‌رویز و کاک فه‌ره‌یدوون بڕیارێکیان به‌ڕێوه برده.
بڕیاره‌که چییه؟
بڕیاره‌که به‌و جۆره‌یه: که‌سێ به ناوی (سه‌عید قایشی) بڕوای به (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) نییه و ئه‌بێ ده‌ر بکرێت. ئه‌وان وه‌ک دوو (پێشمه‌رگه) ئه‌و بڕیاره‌یان به‌ڕێوه برده !
ئایا دروسته من له بری کاک په‌رویز و کاک فه‌ره‌یدوون ناوی دوو که‌سی دیکه بنووسم؟!
ته‌شکیلات
مه‌به‌ست له‌و تشکیلاته (حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانه) که رابه‌رانی کۆمه‌ڵه له کوردستانه‌وه دروستیان کرد و پاشان (کۆمه‌ڵه)یان له‌ناو برد و رێکخراوه‌یه‌کیان ساز کرد به‌ناوی:
{(سازمان کردستان حزب کمونیست ایران) – (رێکخراوه‌ی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)} و کوتیان به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناوی (کۆمه‌ڵه) له کوردستان خۆشه‌ویسته (کۆمه‌ڵه)یشی بۆ به‌کار ئه‌به‌ین.
به‌داخه‌وه ئه‌وانه‌ی که له ریزی (کۆمه‌ڵه)کاندا بوون و هه‌ن، جیاوازی نێوان (رێکخراوه‌ی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و (کۆمه‌ڵه) له‌به‌ر چاو ناگرن، هه‌روه‌ها بیر به‌وه ناده‌ن که له پاش دروستکردنی (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) کۆمه‌ڵه نه‌ماوه، به‌ڵام هه‌ر به خۆیان ئێژن (پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه).
نموونه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به‌و باسه:
*{( Rojhelat Times) ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری وه‌ڵامی پرسیاره‌کان ده‌داته‌وه.
ساڵی 1327 له شاری سه‌قز له دایک بووه … ساڵی (1984) چووته ناو ریزی کۆمه‌ڵه‌وه و نزیکه‌ی ده ساڵ کاری له نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات کردوه. (23/5/2008)}.
کاتێ ئه‌و بابه‌ته‌ی {(Rojhelat Times)م بینی، چه‌ن دێڕێکم وه‌ک روونکردنه‌وه بۆ ره‌وانه کردن که ئه‌وه هه‌ڵه‌یه، ساڵی (1984) کۆمه‌ڵه نه‌بوو، ئه‌سکه‌نده‌ریش نوێنه‌ری (رێکخراوه‌ی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)بووه، نه‌ک هی کۆمه‌ڵه. خۆشبه‌ختانه به‌ڕێوه‌به‌رانی سایته‌که بابه‌ته‌که‌یان بڵاو کردۆ. *
با بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر باسی ته‌شکیلات و ناوی کاک په‌رویز و کاک فه‌ریدوون بگۆڕین به دوو پێشمه‌رگه‌ی دیکه هه‌ر له حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، با یه‌کێیان هه‌ر کاک (یه‌حیا) و ئه‌وی دیکه هه‌ر (ئه‌ندامێکیتری) ئه‌و حیزبه بێت.
ئه‌و پێشمه‌رگانه ئه‌و بڕیاره‌ی (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) له (کوردستان)} به‌ڕیوه ئه‌به‌ن.
لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دێته ئاراوه:
ئه‌و کاره، کاری پێشمه‌رگه‌یه یان کاری کاربه‌ده‌ستانی (تایبه‌تی) ده‌وڵه‌تی ئێرانه؟
پێشمه‌رگه نه (ره‌عییه‌ت)، نه (کۆیله) و نه کاربه‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئێران!
چۆن ئه‌بێ پێشمه‌رگه بڕواته پای کارێکی وه‌ها ؟!
بۆ ئاگاداری به‌ڕێز ده‌وه‌نداری،ئه‌و بڕیاره‌ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران که ئێژێ:
(هه‌ر که‌س نه‌بوو به حیزبی ئه‌بێت ده‌ربکرێت!)
ئه‌وه یه‌کێ له بریاره‌کانی (حیزبی ره‌ستاخیزی ئێرانه) که شا ساڵی (1353) دروستی کرد.
به‌داخه‌وه به‌ڕێز ده‌وه‌نداری پاش (42) ساڵ له نووسینی ئه‌و (بڕیاره‌ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بیری به‌وه نه‌داوه که ئه‌و (بڕیاره) له باری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه کۆنه‌په‌ره‌ستانه و له باری سیاسیشه‌وه دیکتاتۆرییه، به‌س بیر له‌وه ئه‌کاته‌وه که ناوی کاک په‌رویز و کاک فه‌ریدوون نووسراوه.
++
ژیانه شیرینه‌که
له‌و کاته‌دا که وه‌ک که‌سێکی (ضد انقلاب) ده‌ریان کردم، بیرم له هۆنراوه‌یه‌ک ئه‌کردۆ به‌ناوی:
(وته‌ی که‌ڵه‌باب له گه‌ڵ نێره‌که‌و)
پێموابێ هی (مه‌لا که‌ریم زاری) بێت، له یه‌کێ له بڕگه‌کانیدا به‌و جۆره ئێژێ:
جێی ئیفتیخاره مه‌رگێ وا بۆ من
ئه‌چێته سه‌نه‌گه‌ر له بۆ من دوژمن!
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران که ئه‌یه‌وێ له ئێران‌دا ده‌سه‌ڵات گرێته ده‌س، له سه‌رده‌می بێده‌سه‌ڵاتیدا ئه‌وه کارنامه‌ی دوژمنکاری بێت له کوردستان - ئه‌گه‌ر بگاته ده‌سه‌ڵات ئه‌بێ گه‌لی کورد چۆن سزا بدات ؟!
بۆ ئاگاداری کاک یه‌حیای و خوێنه‌ران ئه‌م چه‌ن دێڕه دوو ژیانی (تاڵ) و (شیرینی) دیکه‌م هه‌یه.
یه‌که‌میان:
رۆژی(7 یان 8)ی (خه‌رمانان) واته (شه‌هریوه‌ر) به ترس و نیگه‌رانییه‌وه چووم بۆ شاری بانه تا ته‌له‌فۆن بکه‌م بۆ سه‌قز، که چوومه ناو ته‌له‌فۆنخانه بینیم چه‌ن پاستاری لێیه، بۆ ئه‌وه نه‌ئه‌بوو بگه‌ڕێمه‌وه .
یه‌کێ له پاستاره‌کان پرسیاری بۆ هاتووی بۆ ئێره؟
وتم: من کارمه‌ندی ته‌له‌فۆنخانه‌ی سه‌قزم و هاتووم له‌گه‌ڵ سه‌قز قسه بکه‌م.
وتیان: وه‌ره له‌گه‌ڵمان!
له ته‌له‌فۆخانه هاتینه‌ده‌ر، چووینه ئه‌و به‌ری خیابانه‌که و بردمیانه حه‌وشێکی گه‌وره، له‌گه‌ڵ چووینه ئه‌و حه‌وشه به جامانه‌که‌ی سه‌رم چاویان به‌ستم و خستمیانه دیوێک.
پاش (15 تا 20) ده‌قێقه که‌سێ هاته ژووره‌که و کوتی: (در مخابرات بانه کسی شما را میشناسد؟)
وتم: بله. پاشان وتی به پاستارێک:
ببرش مخابرات تا (رئیس مخابرات) ضامنش بشه !
کاتێ هاتینه ته‌له‌فۆخانه و پاستاره‌که پرسیاری ره‌ئیسی مخابراتی کرد.
خۆشبه‌ختانه له وه‌ڵامدا وتیان: رفته بیرون، ولی برمی‌گردد!
ئه‌م نه‌بوونی (ره‌ئیس مخابراته) له‌و کاته‌دا بۆ من ده‌روویه‌ک بوو، ئه‌بوو سوودی لێوه‌ر بگرم. پاشان له په‌نجه‌ره‌یه‌کی ته‌له‌فۆنخانه که کرابووه خۆم خسته حه‌وشه‌یه‌ک، له‌وێوه بۆ حه‌وشه‌یه‌کیتر، به‌و جۆره خۆم ده‌رباز کرد، چه‌ن ساڵ پێش سه‌باره‌ت به‌و باسه بابه‌تێکم به‌ناوی: سه‌عی و (چه‌تره‌که‌ی) شاری بانه نووسیوه، له فه‌یسبووکه‌کانی ( Sai.saqzi – Qayshi said ) دانراوه.
**

دووهه‌مین رووداوی تاڵ و شیرین
پایز ساڵی (1359) شه‌وێ به نهێنی له (بۆکانه‌وه) چووم بۆ سه‌قز، پاش دوو رۆژ که ئه‌مویست بێمه‌وه بۆ بۆکان، له‌لایه‌ن چه‌ن پاستاره‌وه ده‌سگیر کرام، دوای (18) رۆژ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک زیندانی دیکه ره‌وانه‌یان کردم بۆ سنه، ئه‌وه‌ی راستی بێت زۆر ئه‌ترسام. له‌گه‌ڵ ترسه‌که‌دا به‌رنامه‌مم بوو ئه‌بێ رابکه‌م. به‌هانه‌ی به‌رنامه‌که‌یشم نه‌خۆشینی (گورجیله – کلیه) و (دییان ئیشه) بوو، پاش (9) مانگ بردمیان بۆ لای دوکتۆری دییان. خۆشبه‌تانه دوانیم رابکه‌م و به‌پێ له (سنه)وه رۆیشتم بۆ بۆکان، بۆکان له‌و ماوه‌دا ئازاد بوو.
ژیانی ئێستام، ئێستای پاش ئه‌و دوو رووداوه‌ی (بانه و سنه) هی دوو ماڵی خۆشه‌ویستی ئه‌و شارانه واته (بانه) و (سنه)یه، هه‌تاهه‌تا سپاسیان ئه‌که‌م و سپاسیان ئه‌که‌م!
**
کاک یه‌حیا له خاڵی دووهه‌مدا به‌و جۆره‌ی نووسیوه:
به‌ڵام ده‌بوو ئاماژه‌یش به‌وه بکه‌ی که دواتر ئه‌و بڕیاره‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به خۆشحالیه‌وه هاتیه‌وه ناو ڕیزی کۆمه‌ڵه‌وه.
با له پێشدا ئاماژه بکه‌م به هه‌ڵه‌یه‌کی ئه‌و باسه: که ئێژێ:
به خۆشحالیه‌وه هاتیه‌وه ناو ڕیزی کۆمه‌ڵه‌وه.
له‌و ساڵه‌دا کۆمه‌ڵه، واته (کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگیری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران) نه‌مابوو!
(سازمان کردستان حزب کمونیست ایران) له جێگه‌ی دانرا بوو.
++
ئه‌و ساڵه که ده‌ریان کردم دێهاته‌کانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی، کارێزه، دووکان و ناوچه‌ی پیره‌مه‌گرون ئازاد بوون، له ژێرده‌ستی پێشمه‌رگه‌دا بوون، من (به‌رگدروی، خه‌یاتیم) ئه‌زانی و ئه‌متوانی له کارێزه یان سلێمانی چه‌رخێکی خه‌یاتی بسێنم و کار بکه‌م، به‌ڵام بیرم له‌وه ئه‌کردۆ بۆ له سه‌قز هاتمه‌ده‌ر، بۆ کار و کاسبی و پوڵ په‌یدا کردن بوو، یان بۆ ئامانجێکی دیکه.
له گێژاوه‌ی ئه‌و باسه‌دا هه‌ر رۆژه له شوێنی ئه‌ژیام، له‌و دێهاتانه ئه‌سووڕامه‌وه، ئه‌چوومه هه‌ر گوندێ ئه‌موت من وه‌ستای (چه‌رخی خه‌یاتیم، مه‌کینه‌ی خه‌یاتی) به‌و کاره له‌و دێهاتانه ئه‌ژیام، خاوه‌ن چه‌رخه‌که هه‌م نان و پێخۆر و هه‌م بڕێ پوڵی پێئه‌دام، شه‌وانیش له ماڵیاندا ئه‌نووستم، سپاس بۆ ئه‌و یارمه‌تییه‌یان!
رۆژێ له کاتی چاککردنی چه‌رخ گوێم دابوو به (رادیۆ ده‌نگی شۆڕشی ئێران ”کۆمه‌ڵه”) ئه‌یوت:
(هه‌ر که‌س ئه‌یه‌وێ به دژی کۆماری ئیسلامی خه‌بات بکا، با بێته لای ئێمه).
خێرا رۆژ و کاتی ئه‌و باسه‌م یادداشت کرد، پاش چاککردنی چه‌رخکه رێکه‌وتم بۆ ئوردووگای {سازمان کردستان حیزب کمونیست ایران }، پێموابێ دوو رۆژی خه‌یاند تا گه‌یشتمه ئوردووگا. به به‌رپرسی چادری میوانانم وت:
ئه‌مه‌وێ یه‌کێ له ئه‌ندامانی کۆمیته ناوه‌ندی ببینم.
ئه‌ویش به رووخۆشیه‌وه وتی:
دانیشه با بڕۆم پییان بێژم، پاشان هاته‌وه و کوتی: هه‌ر لێره به، دێن ئه‌تبینن.
رۆژی دوای کاک (عومه‌ر ئیلخانیزاده) هات و گوتی:
وه‌ر له‌گه‌ڵما، پاشان چووینه شوێنێک دانیشتین و کوتی: کارت چییه؟
وتم: خۆ ئه‌زانی ده‌ریان کردم، وتی:
ئه‌رێ ئه‌زانم، وه‌ره ناو حیزبه‌وه کاره‌که دروست ئه‌بێت.
وتم: ئێوه له رادیۆکانتانه‌وه ئه‌و بانگه‌وازه ئه‌که‌ن و ئێژن:
(هه‌ر که‌س ئه‌یه‌وێ به دژی کۆماری ئیسلامی مبارزه بکات، ئه‌توانێ بێت لای ئێمه).
من یه‌کێ له‌و که‌سانه‌م و پێویست ناکات ببم به حیزبیش.
کاک عومه‌ر وتی:
باسکه‌ت دروسته، ئێمه له رادیۆکانمانه‌وه ئه‌وه‌مان راگه‌یانده. پاشان وتی:
هه‌ر لێره دانیشه دێمه‌وه بۆ لات.
زۆری پێنه‌چوو هه‌تاوه و کوتی: با بڕۆین، پێکه‌وه چوون بۆ چادری پێشمه‌رگه‌کانی سه‌قز، بینیم هه‌موویان دانیشتون، که‌سێکیش به‌ناوی (خوسره‌و داوه‌ر) له وێ بوو.
پاشان کاک عومه‌ر باسه‌که‌ی بۆ گێڕانه‌وه و کوتیشی:
ئیستدلاله‌که‌ی کاک سه‌عی دروسته که ئێژێ پێویست ناکات، ببم به حیزبی.
له‌و کاته‌دا (خوسره‌و داوه‌ر) کوتی:
کاک سعید نه اینکه می‌تواند پیشمه‌رگه باشد، بلکه می‌تواند عضو حزب هم باشد.
من وه‌ک سه‌عی یه‌کێ له‌و که‌سانه‌م ئه‌گه‌ر شتێ له ده‌روونۆ ئازارم بدات یان شادم کات، خۆم بۆ ناگیرێ و ده‌ست ئه‌که‌م به‌گریان. له‌و کاته‌دا گریان ده‌وری خۆی گێڕا و فرمێسک له چاو داباری.
ئه‌و گریانه بۆ روویدا؟
بۆ ئه‌وه (خوسره‌و داوه‌ر) که له سایه‌ی سه‌ری رابه‌ره شۆڕشگێڕه‌کانی (کۆمه‌ڵه) و پێشمه‌رگه هوشیاره‌کانی گه‌یشته‌ته رابه‌رایه‌تی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، له کوردستانه‌وه کارنامه بۆ که‌سێکی هه‌ژاری کورد ئه‌نووسێت.
++
به‌ڕێز ده‌ونداری ئێژێ:
(به‌ڵام ده‌بوو ئاماژه‌یش به‌وه بکه‌ی که دواتر ئه‌و بڕیاره‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
من تا ساڵی(1992) که هاتم بۆ سوئد بابه‌ته‌کانی {(پێشڕه‌و) ئورگانی رێکخراوه‌ی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و (کمونیست) ئورگانی حیزبی کمونیست ئێران}م ئه‌خوێندۆ، شتێ سه‌باره‌ت به (هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌م) نه‌بینیوه، هیوادارم کاک یه‌حیا ئه‌و (پێشڕه‌و) و (کمونیسته) که هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی چاپ کرده، ده‌سنیشان کات و بۆیشم بنووسێ چۆنی په‌یا بکه‌م یان خۆی بۆم بنێرێت.
++
خاڵی سێیه‌می ده‌وه‌نداری، ئێژێ:
من هیچکات له بیرم ناچێ که له شلێر ده‌نکه ده‌نکی برنجت له سه‌ر عه‌رز کۆ ده‌کرده‌وه.
++
شلێره‌که‌ی ده‌وه‌نداری
من وه‌ک سه‌عی له هیچ گۆشه‌یه‌کی ئه‌و سێ نووسراوه، واته (سێ تاوانبار و سێ دادگا) باسی شلێرم نه‌کرده!
به‌ڕێز ده‌وه‌نداری له‌بری ئه‌وه‌ی چه‌ن رسته له بۆچوونه‌کانی (بێشکچی) که گه‌لی کورد و حیزبه‌کانی کوردستان لێی تێنه‌گه‌یشتوون ده‌سنیشان کات، ئه‌چێت ناو باسی (شلێر) و کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نکه برنج، ئه‌وه‌یش له شلێرێکدا که سه‌رتاپای دارستانه و ژێر دار و درخته‌کانیش به گژ و گیا داپۆشراون.
به‌داخه‌وه، کاک یه‌حیا له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی (نووسینه‌که‌یدا) گیری کرده بۆیه په‌نا به (خه‌و)و(خه‌یاڵی) شلێر ئه‌بات!
بریا له بری ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵه بچوایه‌ته سه‌ر ئه‌و باسه سیاسییه:
بۆچ تا ئێستا (موهته‌دی و ئیلخانیزاده و عه‌لیزاده … ) هه‌ر رابه‌رن و سه‌دان (په‌رویز و فه‌ره‌یدوون و …)یش ئه‌بێ له به‌رده‌ستیاندا بن!
++
شلێره‌که‌ی سه‌عی
تکا له به‌ڕێز ده‌وه‌نداری ئه‌که‌م بڕواته ناو ئه‌و دوو فه‌یسبووکه:
Sai.saqzi – Qayshi said
تماشای بابه‌تێ بکات به‌ناوی:

(ئه‌فسه‌ره‌که‌ی سپیکانی)
که رۆژی (8/7/2024) نووسیومه، تا بزانن چۆن شلێرێکه!
5/1/2026
سه‌عی سه‌قزی
Sai.saqzi@gmail.com