زۆر جار گوتوومە و دیسانیش دەیڵێمەوە، باوەڕیشم هەروایە: فارس، تورک و عەرەب هەرگیز دۆستی کورد نەبوون، نین و نابن. هەندێک جار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و فریودانی کوردان، هەندێک نەرمییان نواندووە و کێسەشیان (خۆشڕووییان) کردووە،

بەڵام وەک ماری سڕبوو، هەر کە پشتیان گەرم داهاتووە، وەخۆ کەوتوون و لە کوردیان داوە. واتە کوردیان مارانگاز کردووە، بەڵام کورد نەمردووە.
بڕوانن وتەبێژی حەشدی شەعبی (سەدرەدین قەبانجی) بە ڕاشکاوی دەڵێ: ”خوێنی کوردەکان حەڵاڵە، ئەوان خاکی عێراقیان داگیر کردووە، دەبێ ژن، منداڵ و گەنجەکانیان کۆمەڵکوژ بکرێن”. دیارە ئەمە بەلای منەوە سەیر نییە و ئەزموونم دەڵێ ڕاست دەکات؛ چونکە بە درێژایی تەمەنم هەر ئەوەم لە ئیمامەکانی شیعە بیستووە و دیتووە. ئەوە درێژەپێدانی فەتوا شوومەکەی خومەینییە کە بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتی دەرکردبوو، ئێستاش قەبانجی کاوێژی دەکاتەوە.
بەلای ئەوانەوە کورد سێ تاوانی هەیە کە هەر سێکیان حوکمەکەیان مەرگە: ١. کوردە: لە قامووسی ئەواندا فەتواکەی ئیمام و کاوێژەکەی قەبانجیتان لەبەردەستدایە. ٢. سوننە مەزهەبە: زۆرینەی کورد موسڵمانی سوننە مەزهەبن و بە درۆ بۆ حەسەن و حوسێن قوڕ ناپێون. فەلسەفەی دروستبوونی شیعەش بۆ دژایەتیی هەموو ئایینەکانە و بە فەرمانێکی خوایی دروست نەبووە. ٣. مافی چارەی خۆنووسین: لەوەش گرینگتر، کورد داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکات و زمان، فەرهەنگ و کولتووری جیاوازی هەیە، ئەوەش لای ئەوان بڤەیە!
کەواتە ئەگەر بۆ بەرژەوەندیی خۆیان گوتیان ”کورد هەیە”، تەنیا بۆ فریودان و قەڵاچۆکردنیانە. ڕەنگە نەوەی نوێ ئەوە نەزانێت، ئەرکی نەوەی کۆنە کە دوژمنەکانیان پێ بناسێنێت. مخابن هەندێک وردەتێۆریزان و کەسانی دۆڕاو و فریوخواردوو، بەتایبەت هەندێک بەناو مەلای ئایینفرۆش یان تێنەگەیشتوو، بە جۆرێک چەواشەکارییان لە ئاییندا کردووە کە هەر دەڵێی نە بایان دیوە و نە باران؛ ئایینەکە بە بارێکدا دەبەن کە گوایە خودا کوردی سوننەی هەر بۆ کوشتن دروست کردووە!
من ڕەخنەی گەورەم لە مەلاکانە؛ دەبێ ئەوەی خودا فەرموویەتی بە خەڵکی بڵێن، بەڵام ئەوان ئەوەی ئاغاکانیان ویستوویانە، ئەوەیان گوتووە. من دەپرسم: خودا لە کام قورئان و کام فەرموودەی ڕاستەقینەدا گوتوویەتی کورد خوێنی حەڵاڵە و دەبێ کۆمەڵکوژ بکرێت؟!
بەش بە حاڵی خۆم بڕوام بە هیچ چەشنە دەمارگرژییەکی ئایینی، ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی نییە. ڕاستە خۆم موسڵمانی سوننە مەزهەبم، بەڵام خودا ئەو ڕۆژەی دروستی کردووم، ئەرکی مرۆییانەی ١٥ ساڵ پێش ئەرکی ئایینی و ئایدیۆلۆژی بۆ دیاریکردووم. مرۆڤ مافەکانی لە لایەن خوداوە دیاری کراون و لە هیچ ئایین و ئایدیۆلۆژییەکەوە بۆی دانەنراوە، پاشان مرۆڤەکان هاتوون بەپێی سەلیقەی خۆیان پێوانەیان بۆ ئایین داناوە.
خودا بە گەل و هۆز ناومان دەبات و دەفەرموێ: «وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا». مرۆڤەکان هەروەک چۆن ڕەنگ، قەڵافەت و زانستیان جیاوازە، تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنیشیان جودایە. ئەو جیاوازییە بەو مانایەیە کە هەرکەسە و لە بواری خۆیدا بۆ ئازادیی گەل و نیشتمانی خۆی تێبکۆشێت، نەک بۆ کوشتن، سووتاندن و وێرانکردن. یەکەمین وشەی خودا بۆ پێغەمبەر (د.خ) ”بخوێنە” بووە. ئەگەر دنیا جوانە، بەو ڕەنگە جیاوازانەوە جوانە.
پرسیار ئەوەیە: ئەو هەموو مەزهەبە دژبەیەکەی بە ناوی ئیسلام دروست کراون، لەکوێوە هاتوون و مەبەست لێیان چییە؟ ئەگەر دژایەتییەکە لەگەڵ ئایینێکی تر بوایە، دەکرا پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، بەڵام لەناو یەک ئاییندا ئەم هەموو دوژمنایەتی و یەکتر کوشتنە بۆچی؟ چۆن موسڵمانێک ڕێگە بە خۆی دەدات موسڵمانێکی تر تەنیا لەبەر ئەوەی وەک ئەو بیر ناکاتەوە، بکوژێت؟
بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی زانست لەوپەڕی لوتکەدایە، تێگەیشتن و لێکدانەوە بەتەواوی کەوتووەتە دواوە. ئەو فەتوا نابەجێیانە لە ڕووی نەزانی و دەمارگرژییەوە دەردەکرێن و دەبینین دنیایان شڵەقاندووە. سەیر ئەوەیە هەر لایەک خۆی بە هەق و ئەوی تر بە بەتاڵ دەزانێت، ئەوەش هێمنی و ئارامیی کۆمەڵگەی خستووەتە مەترسییەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم: با چیتر لەژێر دروشمی قەبە و بێناوەڕۆکدا خەڵک بەکوشت نەدەین. هەرچی بە ناوی ئایین گوترا و لە عەقڵ بەدەر بوو، باوەڕی پێ نەکەین. کورد دەبێ دۆست و دوژمنی خۆی باش بناسێت. فارس، تورک و عەرەبە توندڕەوەکان فەتوای مەرگیان وەک ”کافر” بە ناوی جیهاد، ئەنفال و گەڵازەیتوون بۆ دەرکردوون و ئێستاش قەبانجی فەتواکانی نوێ کردووەتەوە! تۆش هەر بڵێ ”براکانم”! هەر ئێستا ڕۆژانە درۆنەکانیان بەسەر منداڵ و خەڵکی کورددا دەتەقێننەوە. ئەوەی هەندێک دەیکەن سیاسەت نییە، نۆکەرییە. سیاسەت هونەری مومکینە، نەک نۆکەریی بێ مووچە.
باوەڕی قووڵم ئەوەیە: ئەوە تەنیا بەهێزیی دوژمنەکان نییە خەباتەکەی ئێمەی تووشی چەقبەستوویی کردووە، بەڵکوو پەرشوبڵاوی و یەکناگرتوویی خۆمانە. هەموومان کوردین و لە یەک وڵاتدا دەژین، کەچی هەر یەکە و بە ئاوازێک دەخوێنین، بۆیە دنیای دەرەوەش نازانێت چیمان دەوێت!
براتان مەلا برایمی مەجیدپوور ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی ٢ی ئاپریلی ٢٠٢٦ی زایینی