"an independent online kurdish website

braym_lajaniحیزبی ئێمە حیزبێکی میللی و جەماوەریە و هێزی ژیان و خەباتی خۆی لە واقعیەتە عەینی و زەینیەکانی کوردستانی ئێران و ئەو وەزعە ئابووری ، سیاسی و کۆمەڵایەتیە وەردەگرێ

کە ئەمڕۆ گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لە نێویدا دەژی. هەر بۆیەشە سەرەڕای ئەو هەموو سەرکوت و زەبروزەنگە، سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارە کە تێیدا بەسەردەبا، وەک پارامیترێکی جدی و کاریگەر و سەرەکی لە سەر گۆرەپانی واقعیەتی سیاسیی کوردستانی ئێراندا حزوورێكی حاشاهەڵنەگری هەیە. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەت و بەرنامەکانی ئێمە مەوزووعیەتیان هەیەو بێ ڕەبت نین. حیزبی میللی تەئسیر لە میللەت وەردەگرێ و تەئسیریشی لەسەر دادەنێ. واتە لە گەڵ ژینگەی خۆی لە ئینتەرئەکشنی بەردەوام دایە. کۆمەڵگای کوردستان لە حاڵی ئاڵوگۆڕیکی بنەڕەتی دایە. ئەو ئاڵوگۆڕانە شوێن لەسەر حیزبەکەشمان دادەنێن و هانی دەدەن خۆی لە گەڵ ڕاستیەکانی کۆمەڵگای تازەی کوردستان ڕێکخا.

بەڵام لەو پرۆسەیەدا تێکۆشەرانی نێو ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزبیش ئەرکێکی گرنگیان لەسەر شانە. ئەویش بریتیە لە ئەرکی ئامادەکردنی خۆیان و حیزبەکەیان بۆ چوون بە پیر بانگەوازەی زەمانەوە. ئەوەش ئەرکێکی قورسە. ئەو ئەرکە قورسە تەنیا بە ڕێبەرایەتی حیزب جێ بەجێ نابێت. کاری هەموو تەشکیلاتی حیزبە. بەدەنەی حیزب، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، جەماوەری حیزب، بنەماڵەی شەهیدانی حیزب، کادرە مەیدانیەکانی حیزب، ئەندامانی ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی سەربە ڕێبەرایەتی حیزب و سەرەنجام ڕێبەرایەتی حیزبیش دەگرێتەوە. واتە پێویستە هەموو پێکەوە شانبدەنە بەر ئەو ئەرکە مەزنە. ئەو ئەرکە سێ لایەنی هەن. یەکەم ئەوە کە هەموو تێکۆشین لە تەشکیلاتی حیزبەکەماندا و لە دەوری رێبەرایەتی حیزبەکەمان پتر خۆ رێکخەین و هێز و توانایەکی زۆرتر و مایەیەکی فیزیکی و مادی و فکری و مەعنەوی زۆرتر بۆ خزمەتی حیزب و بردنە پێشی خەبات لە خۆمان دانێین. لایەنی دووهەم ئەوەیە کە هەموومان لە بەرانبەر فەزای سیکۆسۆسیالی نێو تەشکیلات و حیزب و بزووتنەوەدا هاوبەرپرسایەتی لە خۆمان نیشان دەین. واتە هەرکاممان لە مەوقعیەتی خۆمانەوە تێکۆشین فەزایەک لە تەشکیلات و بزووتنەوەدا درووست کەین کە کۆمەك بە پەرەپێدانی گیانی هاوڕێیانە، پێوەندیی نێوئینسانی و ڕووحیەی خەباتگێڕانە، هەستی برایەتی و برنەسەری متمانەی حیزبی و تەشکیلاتی و هاوچارەنووسیی لە نێوماندا بکا.

لایەنی سێیەمی ئەو ئەرکە بریتیە لە وە کە هەموومان تێکۆشین لە تەشکیلاتدا خەللاق و کارساز بین، درووستکەربین، داهێنەربین، کاریگەر و شوێن دانەربین، خەباتکار بین وهەم لە مەیدانی خەبات بە دژی دووژمنانی گەل و نەتەوەکەمانداوهەم لە مەیدانی خەبات بۆ بەهێزکردن و پتەوکردن و سەرخستنی حیزبەکەماندا هەڵسووڕ و چالاک و مەیدانداربین.

ئێستا بابزانین چۆن دەتوانین نێوەرۆکی ئەو باسە پتر وردکەینەوە و ئەو قسانە لەزمانی تیئوریەوە وەرگێڕینە سەر زمانی کردەوەی حیزبی و تەشکیلاتی.

باسمان کرد کە هەموومان ئەرکێکی قورسمان لەسەر شانە. ئەرکی تەییارترکردنی حیزب بە جۆرێک کە بتوانێ وەڵامی ئەو چاوەڕوانیانە بداتەوە کە مێژوو خستونیەتە سەرشانی. ئەو ئەرکەیە دەبێت ببێتە سەرچاوەی ئیلهام و   هێز وەبەر ئەژنۆی کار و تێکۆشانی حیزبایەتیمان بنێ. بەڵام ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکەش کارێکی هەروا سوک و ئاسان نیەو زۆر شتی لێمان دەوێت و زۆر شەرت و مەرجی هەن و دەبێت ئەو شەرت و مەرجانە لە خۆمان و لە تەشکیلات دا درووستکەین.

لە کاری حیزبی و تەشکیلاتیدا باشتر وایە بەشداریکەربین تا تەماشاچیەکی پاسیڤ . واتە باشتر وایە ئاکتیو و هەڵسووڕ و چالاک و کاریگەربین تا ئەوەی پاسیڤ بین. بەدەنەو تەشکیلا ت و جەماوەی پاسیڤ و تەماشاچی دەبنە ئیشغال لە سندووقی پشتەوەی ماشێنی حیزبدا و نەک هەر کۆمەک بە ماتۆرەکە ناکەن کە بۆ پێشەوە حەڕەکەت بکا، بەڵکوو خەتەری ئەوەش هەیە ماتۆرەکەش لە ژێرباری قورسایی ئەواندا راوەستێ یا بۆ دواوە بگەڕێتەوە. کەواتە لەسەرمانە ئاکتیو بین و لەوڕێگایەوە هێز و ئینێرژی و مۆتیڤاشۆن بدەینە ڕێبەری و بەمجۆرە کۆمەگ بە ماتۆرەکە و هەموو سیستەمەکە بکەین.

باشتروایە چالاکانە لە کاروباری سیاسەتگوزاری حیزب و پرۆسەکانی بڕیاردان دا بەشداری بکەین تائەوەی لێگەڕێین کەسانی دی ئەو کارەمان بۆ بکەن. لە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتدا جێگایەک بۆ بۆناپارتیزم نیە. حیزبی ئێمە حیزبێکی جەماوەری و میللیە ، وەک ویکیپیدیا وایە . هەموو خەڵكی کوردستان دەتوانن بیدەنێ، پێیەوە زیادکەن، لێی وەرگرن و لێشی فێربن و فێریشی کەن. لە تەشکیلاتی حیزبیشدا هەروایە. هەموو ئەندامانی حیزب دەتوانن بۆ شوێندانان لە سەر سیاسەت وبڕیارەکانی حیزب، بۆ بردنە پێشی ڕوانگەو نەزەراتی خۆیان لە میکانیزمە تەشکیلاتیەکان کەڵک وەرگرن. ئەگەر من و تۆ نەتوانین لەو میکانیزمانە بۆ بردنە پێشی ڕوانگە و مەبەستەکانمان کەڵک وەرگرین، مەیدان بۆ کەسانی دیکە خۆش دەکەین تا بازاڕی حیزب و تەشکیلات بۆ خۆیان قۆرخ و مۆنۆپۆلیزە بکەن . جا ئەگەر پێمان وایە نەزەرات و ئیدەو بۆ چوونەکانمان بۆ سەرخستنی حیزب و بردنەپێشی حیزب کاریگەرن،دەبێت بیانهێنینە بەرباس و بازاریابیان بۆ بکەین. ئەگەرنا کەسانی دیکە ئەوکارە دەکەن . حەقی خۆشیانە. جا با ئێمەش پێمان وابێ بنژیل دەفرۆشن وەک ئەوەی چین لە بازاڕەکانی ئێراندا دەیکا. ئەوە بۆ چونی من و تۆیە و هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. پرتە و بۆڵەو منگە منگ لە تەشکیلاتدا ناتوانێ جێگای ململانێی ئاشکرا و سالم بگرێتەوە. ئەگەر پوڵی ئەسڵ لە بازاڕدا نەبێت پوڵی قەڵبیش ڕەواج پەیدا دەکا. ئەوە لە کاری سیاسیش دا هەروایە. خۆ لە خۆڕانیە دەڵین سیاسەت خەلاء واتە بۆشایی هەڵناگرێ.

حیزبی دێموکڕات حیزبی خەڵکی کوردستانی ئێرانە. خەڵکی کوردستانی ئێران وەک خەڵکی هەموو شوێنەکانی دونیا لە ژن و پیاو پێک هاتوون. بۆیە تەشکیلاتی حیزب وەک حیزبێکی میللی دەبێت ئاوێنەیەک بێت خەڵکی کوردستان لە خۆی دا نیشان بدات. بە داخەوە لە تەشکیلاتی ئێمە و ژیانی حیزبی و تەشکیلاتی و کۆڕوکۆبوونەوە حیزبیە کانماندا ژمارە و ڕۆڵی ژنان زۆر کەمە. پیاوان نەک هەر زۆرینەو دەستەڵات دار و بڕیاردەرن، بەڵکو سیما و قیافە و هەیکەل و تەنانەت رەفتاری حیزبەکەشمانیان تا رادەیەکی بەرچاو کردۆتە پیاوانە. ئەوە کەمووکوڕیەکی جدیە بە حیزب و تەشکیلاتی حیزبەوە دیارە. ئەوە بۆ حیزبێکی دێموکڕات و جەماوەری و خەڵکی و مۆدێڕن و خەباتگێڕ نەقسێکی گەورەیە و دەبێت قبووڵی کەین. نەدیتنی ئەو عەیبە بە خۆمانەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کار بۆ چاککردنی نەکەین. دەبێت بزانین بەدەستی خۆمان حیزبمان لە ئینێرژی و پوتانسیەلێکی زۆر بۆ کار و خەبات کە لە ژنانی کوردستاندا هەیە، بێ بەشکردوە. لەوەش زیاتر بە چالاکبوونی ژنان لە ڕیزەکانی حیزبدا، حیزبەکەمان سیمایەکی مۆدێڕن، هاوچارخ، پێشکەوتوتر و ئەمڕۆیی تر بە خۆوە دەگرێ و حیزب دێموكراتیزەتر دەبێت. لە ئاکامدا فەزای کارو خەباتیش گەرمتر،سەمیمانەتر، دۆستانەتر ، برایانەتر ، خوشکانەتر ، پرمتمانەتر ، ئینسانی تر و نەرمتر و جەزابتر و ڕاحەت تر و ڕووناکتر دەبێت. لەسەر هەموومانە لەوبارەوە کاربکەین. ژنان و كچان تەشویق کەین و هانیان بدەین بێنە نێو تەشکیلاتی حیزب و بەمجۆرە حیزبی دێموکڕات فەتح بکەن. کادر و تێکۆشەرانی حیزب لەسەرمانە تەشکیلاتی حیزب، ئەدەبیاتی حیزب، فەرهەنگی کاری حیزبی، کولتوری حیزبی و سیاسەت و بڕیارەکان و تەنانەت ڕێبەرایەتی حیزبیش وەک پێویست فیمینیزە بکەین. زۆر خوشکی لێوەشاوەو بەتوانام دیتوون و داوام لێکردوون بێنە نێو تەشکیلات و کاربکەن. لەوەڵامدا پێ یان وتووم تەشکیلاتی حیزب بۆ ئێمە وەک ئاوێنەیەک وایە کە لە لای پشتەوەڕا بچیە پێشی و لە بەرانبەریدا ڕاوەستی. کەواتە ئیدی وەختی ئەوە هاتوە حیزبی ئێمە لەو وەزعە بێتە دەر و لەو پێوەندیەدا هیچ بیانوو و پاساو هێنانەوەیەک نابێت قبووڵ بکرێت. بێکەس وتەنی نێرومێ هەردوو بە جووتە بۆ وەتەن هەوڵێ نەدەن، دوورە دەرچونی لە زیللەت مەل بە باڵی نافڕێ.

لە تەشکیلات ولە حیزبی ئێمەدا هەموو ئەندامەکان لە باری ئینسانی و تەشکیلاتیەوە هاوبایەخن. ئەندامانی حیزب لەباری ئەساسنامەیی و ئەخلاقی و ئینسانیەوە هەموویان هاوبایەخن. بۆیە پێویستە مەجال و دەرفەتی ئەوە ڕەخساو بێت هەرکەسیش بە گوێرەی توانا و لێوەشاوەییەکانی و ڕادەی خزمەت و مایەدانان لە خۆی و سەرمایە مادی و مەعنەویە کانی، ڕۆڵ و نەخشی لە ژیانی حیزبی و تەشکیلاتیدا هەبێت. من بۆ بردنە پێشی خۆم لە تەشکیلاتدا تەنیا یەک رێگام هەیە . میزان خزمەت و کار و تیکۆشان و مایە لەخۆدانانە. ئەوە کە چ هێز و توانایەک دە خەمە خزمەت حیزب و بزووتنەوە ئەساسی کارە. بۆ رێگا گرتن لە چوونە پێشی کەسانی دیکەش تەنیا کەڵک وەرگرتن لە میکانیزمە تەشکیلاتی و دێموکڕاتیکەکان و نەبەزاندنی سنوورە ئەخلاقیەکان ڕەوایە. تازە با ڕێگا بدەین هەر کەس دەیەوێ خزمەتبکا، مەیدانی بدەینێ. ئێمە دەبێ زۆربین. ئەرکێکی قورسمان لەسەر شانە، وەک کاک ڕێبوار دەڵێ ئەگەر تەیری ئاسمانانیش بێنە هاوارمان هێشتا هەرکەمین. با لێ گەڕێین هەزار گوڵ بپشکوێ. ئاخر هێچ زۆرایەتی و کەمایەتیەک دەستەڵاتی ئەوەی نیە مافە سرووشتی و سەرەتایی و ئینسانی و ئەساسنامەییەکانی ئەندامی حیزب بخاتە ژێرپێ. ئەوە حەقیقەتێکی فەلسەفیە کە یەکەمیان دەبێتە هۆی وەگەڕکەوتن و مۆبیلیزەبوونی هێزو توانا و لێوەشاوەییەکانی ئەندامانی حیزب و بۆ کاری زۆرتر، مەسئولیەت قبووڵکردنی پتر، مایە لە خۆدانانی زیاتر و قوربانی دانی گەورەتر تەشویقیان دەکات. دووهەمیشیان دەبێتە هۆی دڵساردی و تێکشکاندنی ڕووحیەی هاوڕیانی حیزبی، پەرەسەندنی فەزای بێ متمانەیی ، درووستکردنی زەمینە بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشیە تەشکیلاتیەکانی وەک بێ تەفاوەتی، پاسیڤ بوون، هەست بە بەرپرسایەتی نەکردن، مەسئولیەت قبووڵنەکردن، لاوازبوونی ڕەقابەتی دێموکڕاتیکی دەروون تەشکیلاتی، خۆ دزینەوە لە کار و ئەرکە حیزبی و تەشکیلاتیەکان ، سەرهەڵدانی پوچی گەری و نهیلیزم. لە یەک قسەدا دەبێتە هۆی بێ مانابوون، بێ بەهابوون، بێ بایەخبوون و بێ نێوەرۆک بوونی کاری حیزبی و تەشکیلاتی.

لە لایەکی دیکەوە باشتر وایە ئەندامی حیزب لە کۆڕوکۆبونەوە حیزبیەکاندا، لە تەشکیلاتدا خاوەنی نەزەر و ئیدەی خۆی بێت و خەللاق بێ. بە چاوی ڕەخنەوە بڕوانێتە قسەو باس و ڕوانگەی ڕێبەری و کەسانی دیکە و هەر گوێڕایەڵ نەبێت. هەر چاوی لەوە نەبێت ئەو ئەرکانە ڕاپەڕێنێ کە کەسانی دیکە و بەرپرسانی حیزبی دەیخەنە سەرشانی و بۆی دیاری دەکەن. پێویستە خۆشی خەللاقیەت و کارسازی و کاردرووستی لە خۆی نیشان بدا. واتە ئەندامی حیزب پێویستە ئەکتۆر بێت .

زۆرگرنگە فێربین لە تەشکیلاتدا خۆمان و توانا و لێوەشاوەییەکانمان بەکاربەرین و بیانخەینە خزمەت حیزب و بزووتنەوە. خزمەت و خەبات لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا، کەسایەتی ئینسانی و خەباتگێرانەما ن دەخەمڵێنێ و مەعنەویەتمان دەباتەسەر و پەرە بە شەخسیەتی تەشکیلاتی و حیزبی و میللی مان دەدا و ناسنامەو کارنامەیەکی پڕ لە سەروەری و شانازیمان بۆ درووست دەکا. بە وتەی شەهیدی گەورەمان دووکتۆر قاسملوو، خەباتی حیزبی ئێمە خەباتە بۆ ئازادی میللەتێک. چ شانازیەکی گەورەیە لەو خەباتەدا بەشداربین و مایە لە خۆمان دانێین. زۆرمان لە کار و مەسئولیەت لە بزووتنەوەدا دەترسین، بەڵام کۆمەڵناسەکان دەڵێن هیچ شتێک وەک مەسئولیەت قبووڵکردن نابێتە هۆی گەشەسەندنی هەموو لایەنەی ئینسان. خۆ لە خۆڕا نەبوو دووکتۆر سەعید دەی گووت شانازی بە ئەندامەتیم لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئیراندا دەکەم. کەواتە ژیانی خەباتگێرانە مانا و بایەخ و نێوەرۆک بە ژیانمان دەبەخشێ و مەعنەویەتمان دەداتێ و ڕیسالەتمان دەخاتە سەر شان. لە فەلسەفەشدا دەگوترێ کە گەورەترین سەعادەت ئەوەیە خزمەت بە کەسانێک بکەی کە پێویستیان بە یارمەتی تۆیە. ئێستا میللەتی ئێمە لە وەزعێکی هێندە دژوار دایە بۆڕزگاری خۆی پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانی هەمووی ئێمە هەیە. جا سەعادەتی لەوە گەورەتر چیە کە لەو خەباتەدا بەشداربین کە بۆ ئازادی و بەختەوەری میللەتەکەمان لە گۆڕێ دایە.

چەند خۆشە لە ڕیزەکانی حیزب و بزووتنەوە و خەباتدا بی و هەست بە گەرمی و موحیبەت و سەمیمیەتی هاوڕێ و هاوخەبات و هاوسەنگەرانت بکەی. ئەو گەرمیە خۆرە و تین و رووناکی بە دوونیای ژیانمان دەبەخشێ و دونیای ژیانمان ئاوەدان دەکاتەوە. تێکۆشەرانی نێو بزووتنەوەی کوردستان، جێگای ئومێدی خەڵکی کوردستانن. دووکتور سەعید دەی گووت چ لەوەی خۆشترە ئینسان جێگای ئومێدی میللەتی خۆی بێت. کەواتە کار و خەبات لە حیزب و بزووتنەوەدا ژیانمان دەوڵەمەند و پڕ مانا دەکا. ئەوانەی   پێشمەرگە بوون و تەجرووبەی ئەوەیان هەیە کە لە نێو خەڵک دا کار و خەباتیان کردبێ،تێدەگەن کە خۆشەویستی خەڵکی خۆت بی یانی چی و چ غروور و سەربەرزی و ڕووسووریەکی گەورە بە نسیبی مرۆڤ دەکا.

شتێکی تر کە پێویستە لە پێوەندی دەگەڵ کاری حیزبی و تەشکیلاتیدا باسی بکەین ئەوەیە کە خۆشتر و باشترە ئەرکە حیزبی و تەشکیلاتیەکان پێکەوە   و بەدەستەجەمعی و بە مشۆرەت لە گەڵ یەکتر جێبەجێ بکەین. حیزبایەتی هەر لە ئەساسدا کارێکی دەستەجەمعیە. بۆیە کار لە حیزب و تەشکیلاتدا، واتە کار کردن لە گەڵ ئینسانان، پێویستی بە لێوەشاوەیی کۆمەلایەتی و سایکۆلۆژی تایبەت بە خۆی هەیە. زۆر گرنگە ئەو لێوەشاوەییە لە خۆماندا پەروەردە بکەین و فێربین ڕێز لە ئینسانەکانی دیکە و گوێ لە ڕوانگەو نەزەراتیان بگرین و کەسایەتی و کەڕامەتی ئینسانی ئەوان بە هێند بگرین و قەت بە خۆمان ئیجازە نەدەین حورمەت و کەڕامەتی کەس بشکێنین. تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕات دەبێت قوتابخانەی درووستکردنی ئینسانەکان بێت و هەموو دەرفەتی ئەوەیان بدرێتێ کە لەوێدا کەسایەتی ئینسانی و سیاسی و حیزبی و خەباتگێڕانەیان گەشەبکا و پوختەبن و کەمووکوڕی و عەیب و نەقسەکانیان، کە کەسمان لێ یان بێ بەش نیە، بەرتەڕەف و ئیسڵاح کەن. من دەورانێک لە کۆمسیۆنی سیاسی نیزامی لە خزمەت بەڕێز و تێکۆشەر سکرتێری گشتی ئێستای حیزب، کاک مستەفا هیجری کە بۆخۆی پێداگۆگە ، کارم کردوە. بەڕێزیان ئەودەم لە یەکێک لە کۆبوونەوەکان لە پێوەندی لە گەڵ تەربیەتی کادرەکانی حیزب دا وتی تەشکیلاتی ئێمە دەتوانێ کەسێکی كرچ و کاڵ و تەنانەت خراپیش لە رێگای دیسپلین و زەبت و ڕەبتی تەشکیلاتی و کار پێ ئەسپاردنەوە بکاتە کەسێکی زۆر شایستە. هەر بەوجۆرە کەسێکێ زۆر چاکیش ئەگەر لێی نەپرسینەوە و   ستڕەکتورمان بۆی نەبێ و پێشی بەڕەڵا کەین ، توشی هەڵە دەبێت و ڕەنگە ببێتە ئینسانێکی زۆر خراپیش.   مەبەست ئەوەیە کە تەشکیلاتی ئێمە دەبێت ئینسانەکان گەشە پێ بدا، تا بۆ خۆشی گەشەبکا. ئاخر ئەگەر ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزب لە حیزبدا گەشە نەکەن و نە خەمڵێن، چۆن ئەو حیزبە گەشەدەکا؟ کەواتە یەکێک لە ڕێکارەکانی پێشکەوتنی حیزب بریتیە لە هەڵدان و گەشەکردنی سەرمایە ئینسانیەکانی حیزب.

مەسەلەیەکی دیکە کە پێویستە لە پێوەندی لە گەڵ کاری حیزبی و تەشکیلاتیدا باسبکرێ ئەوەیە کە کارکردن بۆ بایەخە بەرز و ئینسانیە پڕماناکان، ماناو مەفهومێکی جوان بە ژیان دەدا. مەفهووم بە کار و ژیانمان دەبەخشێ. کار بۆ بایەخە بەرز و ئینسانیە مەزنەکان و هەوڵدان بۆ ڕستگاری خەڵک و وڵات و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ میللەتی خۆت، ئیدامەدانی کاری پێغەمبەران و ڕێبەرانی گەورەی بەشەریەتە. بۆیە کار و خەبات لەو ڕێگایەدا دەبێ وەک ڕیسالەتێکی پیرۆز سەیر بکەین و شانازی بەوەوە بکەین کە تێکۆشەری نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی میللی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانین. ئێمە لە باری چەک و چۆڵ و پووڵ و هێزی مادیەوە قەت ناگەینە دوژمن. ئەوەی ئێمەی هێشتۆتەوە و ڕاگرتوە، ئەو بایەخ و بەها بەرزە ئینسانی و پیرۆزانەن کە حیزبی ئێمەو بزووتنەوەی میللی دێموکڕاتی کوردستانیان پێ دەناسرێتەوە. سەرمایەی ئێمە ئەو هێزە مەعنەوی و ئەخلاقیەیە کە حیزبی ئێمەی ڕووسوور و سەربەرز هێشتۆتەوە. ئامانج و بایەخەکانی ئێمە بەرز و ئینسانی و شەرافەتمەندانە و نەجیبانە و عادڵانەن، هەر بۆیە میتۆد و ئامڕاز و شێوەکانی کار و خەبات و تێکۆشانیشمان، دەبێ ئوسوڵی و شەڕافەتماندانە و دونیا پەسندبن. ڕاستە دوژمنانی ئێمە و میللەتەکەمان بێ ڕووحم و بێ ئینسافن و هیچ سنوور و پرنسیپێکی ئەخلاقی وەبەرچاو ناگرن، بەڵام ئێمە نابێ بکەوینە داوی ئەوان و بە میتۆدی ئەوان وەڵام دەینەوە. کارێکی لەو چەشنە دەمان کاتە هاوخوو و هاوڕەنگی ئەوان و لە ئاکامدا بێ ئیعتیبارمان دەکا. دەبێ رەنگ و خووی دووژمن نەگرین و ئەو تەفاوەت و جیاوازیە بۆ ئێمە زۆرگرنگە و دەبێت بیپارێزین. خۆ لەخۆڕانیە تیڕۆڕ و تۆقاندن و بارمتەگرتن و بۆمب دانانەوە و فڕۆکە ڕفاندن و کار و کردەوەی دیکەی لەو جۆرە قەت لە فەرهەنگ و کولتووری خەباتگێڕانەی مەدا جێ یەکیان نەبووە. لە بیرمە جارێک ڕێژیم هەموو کادرەکانی ڕێبەریی کۆمیتەی پیرانشاری دەرمانداوکردن. کە منیش لە نێویاندابووم. دواتر دەفتەری سیاسی لە پەیامێکدا بۆ ئەو پۆلە لە تیکۆشەرانی حیزب ، ئەوانی بە شەهیدانی زیندوو ناوبرد. هەر ئەودەم تەشکیلاتی ناوچەی پیرانان ڕایان گەیاندبوو کە لە گوندی ڕکاوێ هەموو ڕۆژێ نان بۆ پایەگای بەرزاییەکانی پشتماڵان دەکرێ و ئێمە دەتوانین بە ئاسانی دەرمانداویان بکەین. بەرپرسانی ئەودەمی کۆمیتەی پیرانشار، ڕەوانشاد کاک نەبی قادری نەمر و برای تێکۆشەر کاک سەدیق بابایی یەکدا بەدوو فەرموویان ئەوە ئەخلاق و میتۆدی کاری حیزبی ئێمە نیە و ئەو شێوەکارە با هەر موبارەکی کۆماری ئیسلامی بێت. لە کاتی شەهیدبوونی دووکتۆر قاسملوو دا، لە زۆر جێگاوە پێشنیار بە رێبەری حیزب کرا لە تۆڵەی سات و سەدای سیاسیی ئەو دەوڵەتە لە گەڵ ڕێژیم، سەفیری ئوتریش لە تاران یا ئانکارا بە بارمتە بگرین و بی هێنینە شاخەکانی کورستان کە بۆ تەشکیلاتی مە کارێکی زەحمەت نەبوو. هەرچەند حیزب و ڕێبەری حیزب زۆر لە ژێر فشار دابوو، بەڵام لە بیرم دێ دووکتۆر سەعید فەرمووی ئەو میتۆدانە کاری ئێمە نین و ڕاست لەو جۆرە هەل و مەرجە سەختانەدا دەبێ پێ لە سەر ئوسوڵ و بایەخەکانمان داگرین. ئەوە فەرهەنگی مە بووە و هەیە و دەبێت هەرواش وەمێنن.

لە کاری حیزبی و تەشکیلاتیدا باشتر وایە دید و ڕوانگە و ڤیزشونمان هەبێت و دووربین بین و درێژخایەن بیربکەینەوە تا ئەوەی کە ڕۆژ بۆ ڕۆژ فکرکەینەوە. یەکەمیان هێز و توانا و ئیلهاممان دەداتێ و تواناکانی نێو تەشکیلات وەگەڕدەخا. دووهەمیشیان کولتور و فەرهەنگێک بەسەر حیزب و تەشکیلاتدا زاڵدەکا کە نە مۆتیڤاشۆن مان دەداتێ و نە ئیلهام و نە پێرسپێکتیڤمان بۆ کار و خەبات دەداتێ. یەکەمیان دەبێتە هۆی خوڵقاندنی چاوەڕوانی و ئینتیزارات لە خۆمان و حیزب و تەشکیلات، دەبێتە هۆی درووست بوونی ڕووحیەیەکی شاد و پڕ لە حەمماسەت لە تێکۆشەرانی حیزبدا، دەبێتە هۆی درووست بوونی شووروشەوق لە دڵی تەشکیلاتدا بۆ کارو خەبات. بەڵام دووهەمیان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕووحیەی ڕۆژ گوزەرانی ، بەمنچیگەری، مەنفیبافی وخۆ و حیزب بە قەزاوقەدەر سپاردن . لم لە بیابانان بە هەموو بایەک دەجوڵی و با لە هەرلایەکەوە هەڵکا لە گەڵی دەڕوا. ئەگەر ڤیزشونمان نەبی بە دەردی لمی بیابانان دەچین. بێ ئاسۆ بوون ، بێ جهەت بوون ،جێی مەترسیە. کەواتە ڤیزشون خەتمان دەداتێ و شکڵ بە جهەتی کار و تێکۆشانمان دەدا.

لە سایکۆلۆژی حیزبایەتیدا زاراوەی چاوەڕوانی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. ئێمە چ چاوەڕوانیەکمان لە یەکتر هەیە؟ ڕێبەری چ چاوەڕوانیەکی لە ئێمە هەیە؟ بەدەنە چ چاوەڕوانیەکی لە ڕێبەرایەتی هەیە؟ ئایا لە ئاستی ئەو چاوەڕوانیانە داین؟ یا تێدەکۆشین خۆمان بۆ ئاستی ئەو چاوەڕوانیانە هەڵکێشین کە لێمان دەکرێ؟ خەڵک و میللەت چ چاوەڕوانیەکیان لە حیزب و تێکۆشەرانی حیزب هەیە؟ ئەو چاوەڕوانی و ئینتیزاراتەن کە شکڵ بە کار و چالاکیەکانمان دەدەن. ئەگەر نەتوانین بە جهەتی ئەو ئینتیزاراتانەدا بڕۆین، هێز و ئینێرژی نێو تەشکیلاتمان بە هەدەر داوە. پوختەبوونی کادری حیزبی و ڕیبەری حیزب و هەموو حیزب، بریتیە لە وەی کە چۆن خۆمان هەلدەکێشینە ئاستی ئەومەسئولیەتە و ئەو چاوەڕوانیەی کە دەوروبەرمان لێمانی هەیە. لەو رێگایەوە حیزب و ئێمە گەشەدەکەین و بە تەعبیری مەولانا بە کەماڵ دەگەین. هەر لەبەر ئەوەشە دەڵێین حیزبی ئێمە لە کوورەی خەباتدا قاڵبۆتەوە. ئەو پوختەگی و بەرپرسبوون و کەماڵە پێویستە بە هەموو سیاسەت و قسەو کردەوەکانمانەوە دیاربێ.

ڕوونە کە بردنە پێشی پڕۆسەیەکی لەو چەشنە کارێکی ئاسان نیە و وەک وتمان هەر تەنیا ئەرکی ڕێبەریش نیە. دەبێت هەموو تێکۆشەرانی حیزب خۆی بۆ ماندووکەن و مایەی بۆ دانێن. بەڵام دیارە لەو نێوەدا ڕێبەری دەتوانێ ڕۆڵی گەورە ببینێ. دەزانین کە یەکێک لە ئەرکەکانی ڕێبەری هاوئاهەنگی و ئیدارەکردنە، هیدایەت کردن و هاندان و بەرەوپێشبردنی حیزبە لە ڕێگای کار و زەحمەتی تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب کە لە تەشکیلاتدا چالاکن. لێرەدا مەسەلەیەک زۆر گرنگە. ئەویش ئەوەیە کە هیچ ڕێبەر و ڕێبەرایەتیەک سەرکەوتونابێت، ئەگەر رێگا نەدا کادرەکانی سەرکەوتوبن. ژەنەڕالی لێوەشاوەو سەرکەوتوو ئەوکەسەیە کە ژەنەڕالێ ژەنەڕاڵ و ئەفسەر و فەرماندەران بێت. لە حاڵێکی ئاوادا دەبێتە فەرماندەی سەربازەکانیش. گرنگ ئەوەیە لە نێو لوتکاندا لوتکەبین. لە بیابانان لوتکەبوون گرنگ نیە. لە سەحرای عەرەبستانێ گردۆڵکەش دەبێتە لوتکە. ئەوەش پێویستی بە گرتنەپێشی هەندێک ستڕاتیژی تایبەت هەیە وەک دابەش کردنی دەستەڵات، دانی سەڵاحیەت و بەرپرسایەتی بە کادر و بەرپرسانی مەیدانی و ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی دیکە. دابەشکردنی ئەرکە حیزبی و تەشکیلاتیەکان، دانی سەڵاحیەت و بەرپرسایەتی پێکەوە. نابێ کەسێک سەڵاحیەتی هەبێ و مەسئولیەتیشی بەرامبەر حیزب و تەشکیلات نەبێت. یان کەسێک بەرپرسایەتی هەبێت و سەڵاحیەتیشی نە بێت. لایەنێکی دیکەی ئەو مەسەلە ئەوەیە کە تێکۆشین کادرەکانمان و ڕێبەرانی مەیدانی و ئۆرگانەکانی خوارەوە تا ڕادەیەکی زۆر لە چوار چێوەی ئەسڵە تەشکیلاتی و ئەساسنامەییەکاندا خودموختاربن و لە ڕاپەڕاندنی کار و ئەرکەکانیاندا سەڵاحیەتداربن. ئەوە دەبێتە هۆی مۆبیلیزە و بەسیج بوونی هێزو تواناکانی نێو تەشکیلات و خەمڵینی لێوەشاوەییەکانی ئەندامانی حیزب. هەروەها دەبێتە هۆی درووستبوونی کولتووری هەست بە بەرپرسایەتی کردن و شانوەبەردان و ئاڕاستەبوونی تواناکان بە جهەتی خێری گشتی و قازانج و بەرژەوەنیەکانی حیزب و گەلدا.

شتێکی تر کە پێویستە باسی بکەین ئەوەیە کە دەبێ بزانین کە تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە سەریەتی ئاگاداری ئەو ئۆکۆسیستەمە و ئەو ژینگەیەبێت کە حیزبەکەی خەباتی تێدا دەکا. باشتر وایە مێژووی نەتەوەکەمان، جوگرافیای کوردستان،فەرهەنگ و کولتووری کورد و گەلانی ناوچە و دراوسێ بناسین. ئاگاداری وەزعی سیاسی ئێران و ناوچەبین. ئەمە لە کار و خەباتدا کار ئاسانیمان بۆ دەکا و پێرسپێکتیڤێکی ڕووناکترمان لەلا درووست دەکا و بەقەولی دۆستی بەڕێز و هاوکلاسی دەورانی مەدرەسەم، ژەنەڕالی پایز، کاک محمەد عومەر عوسمان، دنیای ڕوانین و بینین و تێگەیشتنمان بەرینتر دەکاتەوە. ڕوانگەو پێرسپێکتیڤی ڕوون و گەورە وامان لێدەکا هەم درەختەکان ببینین و هەم جەنگەڵەکەش. توانای ئەوەمان دەداتێ لە زاویەو شوێن گەلی جۆراوجۆرەوە تەماشای مەسەلەو کێشەکان کەین. کەسێک کە لە دوورڕا تەماشای قەندیل بکا هەر کێوێکی گەورە دەبینێ. بەڵام ئەوانەی چوونەتە قەندیل و بە دەوریدا سوڕاونەتەوە، دەزانن قەندیل سەدان لووتکەو دۆڵ و چۆم و رووبار و مێرگ و دەشت و هەوار و کانی و کوێستان و هەوراز و سەر بەرەوژێری تێدایە. ئەوە پێوەندی بەوەوە هەیە لە کام لاوە و لەکام شوێنەوە تەماشای دەکەی. بەڵام بۆ کەسێک کە لە دامێنەکانی ڕا سەیری دەکا، قەندیل تەنیا کێوێکی بەرزە و هیچیتر. هەموو بەیانان من نیوسەعات بە ماشێن دەڕۆم تا دەگەمە سەرکار. لەڕێگا وردورد تەماشای دەوروبەر دەکەم و لەزەت لە جوانی و سەرسەوزی دەشت و دەر و جەنگەڵەکانی سەر ڕێگا دەبینم. کە لەوسەر دەگەرێمەوە جوانی تازە و شتی تازەتر لەو مەنزەڕانەی سەر رێگادا دەدۆزمەوە. ئەوە لەبەر ئەوەیە کە لە گۆشەیەکی دیکەڕا دەڕوانمە وێنەکە. جاریواشە کە گوێ دەدەمە ماملێ و دەگەڵی دەڵیمەوە ، دەگەمەوە ماڵێش هیچ نابینم. یانی ئەو حاڵەتە ڕووحیە کە مرۆڤی تێدایە، ئەویش لە سەر دیتن و دەرک کردن تەئسیری هەیە. کەواتە ڕوانگەی بەرین و چاوی تیژبین و دووربین هانمان دەدا مەوقعیەتی خۆمان و حیزبی خۆمان باشتر بناسین و شناختی درووست پەیداکەین و ئەو هێزو ئیرادەیەی بۆ کار و خەبات لە حیزب و میللەتەکەماندا هەیە، بیخەنە خزمەت ئەو شناختە درووستە.

بۆیە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانمان، هەروەک لە ئەساسنامەشدا هاتوە، بریتیە لە وە کە هەوڵ دەین فێربین و بخوێنینەوە و سەمبول و کولتوور و کودەکانی کاری سیاسی و حیز بی فێربین. تا ئێمە زۆرتر فێربین و باشتر ڕۆڵی مێژوویی حیزب دەرککەین، باشتر دەتوانین خزمەتبکەین و لەئاکامدا حیزبەکەمان باشتر چۆتە پێش. ئاخر ئەگەر شناختی درووست و ئێرادەی کار و خەبات کەوتنە خزمەتی یەکتر و هاوتەریب کەوتن، پێشکەوتن وپەرەسەندن پێک دێ.

ئێمە حیزبێکی بڵندپەروازین و ئەوبڵند پەروازیەشمان لێدێ. بەلام بڵند پەروازی باڵی بەهێز و ئازاد و گەورەشی دەوێ. بۆیە دەبێت باڵی فڕینی خۆمان ئازادکەین . هەموو ئەو شتانەی ڕێگایان لە باڵ لێ دانی ئێمە گرتوە ، دەبێ لە خۆمانانیان دوورخەینەوە. حیزبی دێموکڕات دەبێ لە بڵندان بفڕێ و بۆ ئەوەش باڵی گەورەو قەوی گەرەکە. بۆ فڕین لە بڵندان دەبێت سووکباڵ و تیژباڵ بین .

ڕێبواری ئیدامەدەری ڕێگای دەیان هەزار شەهیدی سەربەرزی ئەومیللەتە ئەگەر مەغروور نە بێ ، شایانی ئەو ناوە پڕ لە شانازیە نیە. ئەو غروورە سوننەتێکە لە پێشەوای سەربەرزەوە بۆمان بە جێماوەو شەهیدانی دیکەی ئەو میللەتەش پڕ ڕەنگتریان کردوە. لە خۆڕانیە گوڵی گێلاس لە کولتوری حیزبی مەدا مانایەکی سەمبوولیکی بەرزی هەیە. ئاخر گوڵی گێلاس سیسنابێ پێش هەڵوەرین و هەر بە گەشی و غرورەوە بەردەبێتەوە و دەکەوێتە سەر ئەرز. شەهیدانی حیزبی ئێمە بەوپەڕی ‌ غرورەوە سەریان ناوەتەوە.کەواتە با تێکۆشین ڕێبواری شایستەی ئەو رێگایە بین. بەڵام ئەو غرورە دەبێ خەنجەرێک بێ تەنیا بە ڕووی دوژمنانی گەلەکەماندا لە کالانی بێنینەدەر. دەبێ قەڵغانێک بێ بەرانبەر تیری چڵکنان و شمشێری ئەو کەس و شتانە ڕای گرین کە دەمانخەنە وەسوەسەی لادان لە بەها بەرزە ئینسانی و ئەخلاقی و نیشتیمانی و دێموکراتیکەکان. لە بەرانبەر خۆمان و گەل و هاوڕێ و ڕۆڵەکانی میللەتەکەماندا دەبێ سنگفراوان و بە تەوازووع بین. دەبێ گەورەیی خۆمان لە یەکتر وەرگرین و یەکتر گەورە کەین. کاتێک لێکۆڵینەوە لە سەر بەڵگەنامەکانی کۆماری کوردستان دەکەین ، بۆمان دەردەکەوێ کە پێشەوا لە دادگادا و لە سەر سێدارەدا ، کێوێکە لە غروور. بەڵام لە دەفتەری کار و ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزب و لە نێو خەڵکی خۆیدا، یەکپارچە تەوازوعە. هەموو ڕێبەران و سەرکردە بەوەجەکانی حیزبی ئێمە هەروابوون. ئەوە نەریتی حیزبی دێموکڕاتە.

هەر لەو پێوەندیەدا دەبێ بڵێین کە هەموو ئەندامان و تێکۆشەران و کادرەکانی حیزب دەبێت بە گیان و پێستەوە هەست بکەن کە ئەو حیزبە هی ئەوانە. پێویستە هەموو ئەوانەی خۆیان لە هالەی ئەو حیزبەدا دەبیننەوە، لە ژیانی حیزبی و تەشکیلاتیدا بەشداربن و هیچ کەس لە هەر پلەو پایەیەکی حیزبی دابێ حەقی نیە حیزب لەسەر خۆی تاپۆبکا و تێکۆشەرانی دیکەی حیزب بێ بڕیاری حیزبی و تەشکیلاتی پشتاو بکا. یا بە پێوانە لەباوکەوتوەکانی پێش مۆدێڕنیتە، حیزب لە کەسانی بەواتەی خۆی غەیرە خودی، پاکسازی بکا. لەو پێوەندیەدا زۆر پێویستە ئیعتباری کۆنگرە و کۆنفڕاسەکانی حیزبی و ئیعتیباری هەڵبژاردن و هەڵبژێران و ڕەقابەتی عادڵانە و سالم و دێموکڕاتیک و شەڕافەتمەندانە لە حیزبدا بپارێزین. ئەگەر ئەوە نەما ڕووحیەی کار و خەبات لە کادرەکانی حیزبدا دەمرێ و تەشریفات و فۆڕمالیزم وەک خۆرە بەردەبنە گیانی حیزب و بەدەردی ئەو حیزبانە دەچین کە تووشی ئەو نەخۆشیانە بوونەو دیتوومانە چیان بەسەر هاتووە و سەرەنجام بوونەتە حیزبی کارتۆنی.

وەحدەتی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ ئێمە زۆر گرنگە و بە پێی پێڕەوی نێوخۆش ئەندامانی حیزب لە سەریانە وەحدەتی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب وەک گلێنەی چاو بپارێزن. بەڵام دەبێت بزانین وەحدەتێکی لەو چەشنە ئەگەر لە تەنەوعی فکری و ڕوانگە و بۆ چوونی جۆراوجۆری سیاسیەوە نەیە، بەتەعبیری کاک سەعید لە ڕاپۆرتی کۆنگرەی نۆهەمدا، وەک خامۆشی قەبرەستانێ خۆفناک و جێی مەترسیە. وەحدەتێکی لەو چەشنە نا پایەدارە و تەنانەت خەتەرناکە. ئەوجۆرە وەحدەتە لە گەڵ حیزبی ئێمە نایەتەوە و بۆ ئێمەش دڵخوازنیە. هەر بەو پێ یە ئەگەر تەنەوعی فکری و سیاسیش نەبێتە وەحدەتی سیاسی و تەشکیلاتی لە حیزبدا، ئەنارشیزم و فڕاکسیۆنبازی لێدەکەوێتەوە و حیزب فەلەج دەکا و توانای کار و مانۆڕدانی لێ دەستێنێتەوە. بۆیە زۆرگرنگە تەنەوعی فکری و سیاسی نێو تەشکیلات بە نیشانەی دەوڵەمەندی حیزب بزانین و بە پۆزەتیڤی وەرگرین. بەڵام ئەو تەنەووعە سەرەنجام پێویستە بمان گەیەنێتە وەحدەتی حیزبی و تەوافوق و هاوڕایی سیاسی، بۆئەوەی توانای کردەوەی سیاسی و توانای خەبات و تێکۆشان و هەڵسوڕانمان هەبێت. نابێ بە ناوی دیفاع لە وەحدەت و یەکپارچەیی حیزب، تەشکیلاتی حیزب سانتڕالیزە بکەین . نابێ بە ناوی دیفاع لە دێموکڕاسیش، رێگا بدەین دەستەگەری و ئەنارشیزم و فڕاکسیۆنبازی و تاقمتاقمێنە حیزبەکەمان لە کارایی بخەن. ڕێگای دێموکڕات وەک پردی سیڕاتێ وایە ، لە مووی باریکتر و لە ئەڵماسیش تیژترە. دەبێ وریابین و لێی نەترازێین.

حیزبی مە هێندە گەورە و بەهێزو جەماوەریە، تازە نابێت لەوە بترسین کە کەسێک یان رەوتێک پەیدادەبێ و ئەو حیزبە لە نێودەبا یا بەڵاڕێێ دا دەبا. حیزبی ئێمە لە خەباتدا واکسینە بوە و ئەگەر میکرۆبێکیش بێتە ناو لەشی، یا دەیکوژێ و بێ ئاسەری دەکا یان بە شێوەیەکی سرووشتی لە لەشی خۆی وەدەری دەنێ. بەڵام دەبێ ڕێگابدەین سیستەمی بەدەنیی حیزب و سیستەمی دیفاعیەکەی کار بکا. ئیمیون سیستەمی حیزبی ئێمە میکانیزمە حیزبی و تەشکیلاتیە دێموکراتیکەکانمانن.   ئەگەر ئیمیون سیستەممان لە حیزبدا لە کار کەوت و لە نێوچوو، هیج حەب و دەرزی و دەرمانێک تازە بە هانامان ناگا.   بۆیە زۆر گرنگە ڕەقابەتی سالم و دێموکراتیک و شەڕافەتمەندانەی دەروون حیزبی وەک شتێکی زەرووری و سرووشتی بۆ حیزبەکەمان بزانین. وەک یەکێک لە باڵەکانی فڕین و چوونە پێشی فڕۆکەی حیزب بە ئاسمانی ژیان و خەبات دا سەیری بکەین.

حیزبی مە نە فیرقەیەکی مەزهەبی و نە سێکتێکی سیاسیە. ئێمە حیزبێکی جەماوەری و گەورەین و دەبێ هەرواش بمێنینەوە. ئەوەش بەوە دەکرێ کە هەروا دێموکرات و خەڵکی و کراوە و گەلی بین. لە سینەمۆکە،بنارەکانی قەندیل، یەکێک لە بنکەکانی حیزبی تێلدڕووی بەدەورەدا کێشرابوو. کاک دوکتۆر قاسملوو میوانمان بوو و داوای کرد لای بەین. لە بیرمە وتی ئەوە لە گەڵ حیزبێکی خەڵکی و جەماوەری وەک حیزبی ئێمە نایەتەوە تێلدڕوو واتە سیمی خاردار لە دەوری بنکەکانی خۆی بدا. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئێمە بەو خەڵکی بوون و جەماوەی بوونەوە ماوینەوە. ئەگەر پشتمان بە قەڵای میللەتەوە نەبا، قەت لە ژێر ئەو هەموو زەبرانەدا پشتمان ڕاست نەدەکردوە. دەبێ ئەو خسڵەتە بپارێزین.   دیارە خەڵکی بوون و جەماوەری بوون و دێموکرات بوون ماڵیاتیشی هەیە و مەجبوورین ئەو ماڵیاتەش بدەین.

پێشتریش وتمان کە حیزبی دێموکڕات حیزبێکی میللی و دێمۆکڕاتی و کوردستانیە. کەواتە سەرتاسەری قەوارەی حیزب و تەشکیلات و ڕێبەرایەتیەکەی دەبێت ئاوێنەیەک بێت ئەو واقعیەتە نیشانبدا. نەقسێکی گەورەیە بۆ ئێمە و تەشکیلاتی ئێمە کە وەک پێویست نەمانتوانیوە لە ناوچەکانی ئیلام و کرماشان و ناوچە شیمالیەکانی کوردستانی ئێراندا ڕەگ باژۆین و خەڵکی ئەو ناوچانە لە دەوری سیاسەت و ستڕاتیژی حیزبەکەمان کۆکەینەوە. حیزبی ئێمە حیزبی کوردە شیعەکانیشە، حیزبی یارسانیەکانیشە، حیزبی کەلیمی و ئاسۆریەکانی کوردستانیشە، حیزبی کوردەکانی تاران و خوڕاسانیشە، حیزبی ئازەریەکانی نیشتەجێێ کوردستانیشە، حیزبی هەموو چین و تووێژە جۆراوجۆرەکان و خەڵكی کوردستانە. کەواتە دەبێت حیزب و تەشکیلاتەکەی ئەو ڕاستیە نیشان بدا و لە سەرمانە تێکۆشین پایەی جەماوەریی حیزب ئیلامیزە، کرماشانیزە و کرمانجیزەتر بکەین. ئەوە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ئێستا و سبەینێی تێکۆشانی تەشکیلاتی و حیزبی و جەماوەری ئێمەیە. هەر بەو جۆرەش لەسەرمانە دەرگای تەشکیلات بە ڕووی لاوان دا بۆ کار و تێکۆشان و مەسئولیەت وەگرتن لە هەموو ئاستەکاندا بخەینە سەرپشت. ئەوە خوێنی تازە بە حیزبەکەمان دەدا و هێز و گووڕی وەبەردەنێ و تایبەتمەندیی شۆڕشگێرانە ی بیمە دەکا. ئەگەر ئەوە نەکەین حیزبمان پیر و بێ ئایندە کردوە و توانای بەڕۆژبوونەوەیمان لێ ئەستاندۆتەوە. دڵ و چا وو گوێ و و دەست و ئەژنۆکانی حیزب باشترە و تاڕادەیەکی زۆر پێویستە لاو بن . بەڵام سەری بیر و بڕیاردان و سیاسەتگوزاری ئێمە دەبێت پوختە و پڕ   سامان بێ و وەک هەمیشە لە سنوورەکانی واقیعەتی سیاسیدا مانۆڕبدا . ئەوەی لە ئەدەبیاتی حیزبی خۆماندا پێی دەڵێین سیاسەتی مەسئولانەو ئوسووڵی. سەری پر شوری بەتەنیا چاو و گوێی زهن و بیرمان بە ڕووی واقعیەتەکان دا دەبەستێ و تووشی موسیبەت دەبین و ئەسپی ئیحساسات هەڵماندەگرێ و تووشی ئاوانتۆریزمی ڕووتمان دەکا. ڕاستە ئێمە لە قۆناخی خەباتی ڕزگاریبەخشی نیشتیمانی داین و پێویستیمان بە دڵی پڕشورو ڕۆمانتیزمی خەباتگێڕانە هەیە. بەڵام دەبێت لە بیرمان نە چێت کە ڕۆمانتیزمی خەباتگێڕانە پێویستە لە خزمەت واقع بینی سیاسی و خۆشبینی شناخت و گەشبینی عیلمی و فەلسەفی دابێت. دڵی پڕشوورمان دەبێ لە ژێر رکێفی سەری پرسامانمان دابێ. خۆ لە خۆڕانیە دووکتۆر قاسملوو دەڵێ ئێمە حیزبێکی مەسئوولین و دەبێت لە بەرانبەر قسە و سیاسەت و کردەوەکانماندا وەڵامدەری خەڵکی کوردستان و تەنانەت گەلانی دیکەی ئێرانیش بین. ئێمە پێویستیمان بەو پێرستپێکیڤە ستڕاتیژیکە هەیە کە دووکتۆر قاسملوو هەی بوو. ئەو دووربینی و قووڵبینی و ریئالیزمەی قاسملوو بۆ ئێمە تا سەر وەک خسڵەتێکی دیار و گرینگی هەویەتی سیاسیمان دەمێنێتەوە. لە هەمان کاتدا دەبێ ئەو چاپووکی و تەڕدەستی و ئازایەتیە تاکتیکیەشمان هەبێت کە لە دووکتۆر سەعید دا هەبوو، کە بێ لادان لە ئوسووڵ حیزبی وەک قۆچەقانی لە مەیدانی خەباتدا هەڵدەسووڕاند. هوونەری ئێمە ئەو نەسلە لە تێکۆشەرانی حیزب ئەوەیە کە بتوانین لەو قۆناخە دا حەکیمانە ئەو دووانە ئاوێتەی یەکتر کەین . ئەگەر لەو ئەرکەدا سەرکەوتووبین، ئەوە هێز و تواناکانی نێو جەماوەری حیزب و تەشکیلاتمان وەک بایەکی بەهێز لەو دەریا مەندەدا، خستۆتە پشتی سەری کەشتی چارۆکەداری حیزب.

لە پێوەندی لە گەڵ ڕووناکبیراندا،دەبێ بڵیین کە ڕووناکبیرانی خەباتگێر هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگیان لە حیزبی مەدا هەبووە. لەو قۆناخە و لە داهاتوودا پێویستە نەخش و ڕۆڵی زۆرتر و گەورەتریش بگێڕن و لە ڕیزەکانی حیزبدا چالاکتر و هەڵسوورتربن. بەڵام نا بێ لەبیرمان بچێ کە حیزبی دێموکڕات کلوبی ڕۆشنفکران نیە و نابێ بشبێتە کلوبێکی تایبەت بە ڕۆشنفکران. حیزبی ئێمە حیزبی خەڵکی ئاسایی شاروگوندەکانی کوردستانە. حیزبی هەموو ڕۆڵەکانی میللەتی کوردستانە. ئەگەر تەشکیلات و پایەگای کۆمەڵایەتی حیزبی ئێمە لەو خەڵکە دابڕێ، لە واقعیەتەکانی میللەتی خۆمان دووردەکەوینەوە و دەبینە دەستەیەکی دابڕاو لە خەڵک و تووشی زهنیگەری دەبین و نەخشێکی ئەوتۆمان نابێ. ڕووناکبیران لە حیزبی مەدا جێگاو وەزنی تایبەت بەخۆیان هەیە. بەڵام تەنیا ئەودەمە ئەو وەزن و ڕۆڵە پەیدادەکەن کە تواناو لێوەشاوەییەکانیان بخەن خزمەت حیزب و بزووتنەوە و لە جەرگەی خەبات و مەیدانی تێکۆشان دابن.

بۆ نوێ بوونەوەی حیزب خوێنی تازەی لاوان و ڕووناکبیران و نەسلی تازەی کوردستان و کەڵک وەرگرتن لە تکنۆلۆژی سەردەم و ئامڕازەکانی کۆمیونیکاشیۆنی هاوچەرخ پێویستە. بە تەعبیرێک ئێمە بۆ نوێ بوونەوەی حیزب پێویستیمان بە بارانە نەک سێڵاو. سێڵاو هەموو چوارچێوەکان تێک دەشکێنێ و بناخەو کۆڵەکەکانیش دەڕووخێنی و تەفرووتوونایان دەکاو هیچ شتێک بەسەر هیچەوە ناهێڵێ. بەڵام باران وەک کورد دەڵێ خێر و بەرەکەتە و تەزووی ژیان بە زەوی و خاکێ حیزب دەبەخشێ و سەوز و نوێی دەکاتەوە. نابێ بە ناوی نوێکردنەوە کارێک بەسەر حیزب بێنین کە خاوەنەکەشی کە خەڵکی کوردستانن نەیناسنەوە. یا ئەو خاوەنەکەی نە ناسێتەوە. نابێ بە ناوی دیفاع لە داب و نەریت و سونەتەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و پاراستنی فەرهەنگی حیزبی دێموکڕات، بکەوینە دژایەتی مۆدێرنیتە . هەر بەو جۆرە ناشبێ بە ناوی دیفاع لە مۆدێرنیتە و مۆدێرنیزەکردنی حیزب بکەوینە دژایەتی فەرهەنگ و داب و نەریت و سونەتەکانی کوردەواری و ئەو تایبەتنەندیانەی کە حیزبی ئێمەی لە کوردستان و ناوچەدا پێ دەناسرێتەوە.

ئێستا ئێمە خەریکی نووسینی قۆناخێکی سەخت و دژوارین لە مێژووی حیزبەکەمان. لە بیرمە پاش شەهیدبوونی کاک دووکتۆر قاسملوو، کاتێک دووکتۆر سەعید لە یەکێک لە پلینۆمەکانی کۆمیتەی ناوەندیدا وەک سکرتێر هەڵبژێردا، وتی سوپاسی کۆمیتەی ناوەندی دەکەم کە ئەو متمانە گەورەی پێ بەخشیم. بۆمن شانازیەکی گەورەیە لە جێیی پێشەوا و دووکتۆر قاسملوو دانیشم. بەڵام ئێرە کۆمیتەی ناوەندیە و دەبێ بزانین کە من لە دەورانێکدا ئەو ئەرکەم دەکەوێتە سەرشان کە بە هۆی گۆڕانی فاکتۆرە سیاسیەکانی هاوکێشە ناوچەییەکان،سەیری تێکۆشانی حیزب ڕوو لە نزوولە. ئەوە رەنگە بۆمن گران تەواوبێ. بەڵام چوونکە مێژوو ئەو ئەرکەی خستۆتە سەرشانی من ، بەشانازیەوە قبووڵی دەکەم و بە هاوکاری ئێوە و بەدەنەی حیزب و پشتیوانی خەڵکی کوردستان شان دە خەمە ژێر باری ئەو مەسئولیەتە قورسە. ئەوەم بۆیە لێرەدا باسکرد بۆ ئەوەی بڵێم کە ئەگەر ئەوە بۆ کاک سەعید ڕاست بوو، بۆ رێبەری ئێستای حیزب بە چەند قات ڕاسترە. بەڵام هەموو نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو توونێڵە درێژ و تاریکە خەریکە تەواو دەبێت. هەموو ئەوانەی شەممی سیاسیان هەیە ترووسکایی و ڕووناکایی ئەوسەری تونێلەکە دەبینن. وەزعی ناوچە و دوونیا بە ئاقارێکدا دەڕواتە پێش کە بە قازانجی کورد و بزووتنەوەی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلانی ئێرانە. زۆر ناکێشێ بەسەر مەیدانێکی گەورە لە کار و خەباتدا دەکەوین. ڕاستە بەو وەزعە دژوارەشەوە کە تێیداین، کەس لە ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئەو داهاتوە ئامادەتر و سازماندراوترنیە. بەڵام ئەوە نابێت وامان لێبکا لە خۆمان ڕازیبین. ئاخر ئێمە حیزبێکی مەسئوولین. دەبێت لە قۆناخی داهاتوودا ئەو ڕۆڵە گرینگ و گەورەیە ببینین کە لێمان چاوەڕوان دەکرێ. بۆ ئەوەی ئەو ڕۆڵە گرینگ و گەورەیە ببینین، دەبێت لە ئاستی کوردستان و ئێران دا بە هێزبین. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ لە باری سیاسی و تەشکیلاتیەوە لە نێو خۆماندا پتە و ساغ و سالم و یەگرتووبین. کەواتە دەبێ تێکۆشین بە سەر گیروگرفت و نالێکی و ناکۆکیەکانی نێو خۆمان و بزووتنەوەدا زاڵبین. حیزب بەگشتی و بەدەنەو ڕێبەری ئێمە نیشانی داوە کە بەرانبەر دووژمنانی گەل و نەتەوەکەمان چەندە ئازا و بەجەگ و جەسوور و نەترسە. لەوەش زیاتر من دلنیام ئێمە دلێری ئەوەشمان تێدایە کە بتوانین بەرخورد بە خۆمان بکەین. بەدەنە و ڕێبەری ئێمە هەمیشە پاکباختەبووە. ئێمە جگە لە خێری عموومی و بەرژەوەندیە بەرزەکانی میللەتی کورد شتێکی دیکەمان نەویستوە و ناوێ. دڵنیام ڕێبەری ئێمە هەر بە حوکمی ئەو مەسئولیەتە گەورە کە لەسەر شانیەتی، بە حوکمی ئەوە کە بۆ خۆی لە جەرگەی ڕووداوەکان دایە، بە حوکمی ئەو پێوەندیە بەرینەی کە لە گەڵ خەڵک و دۆستان و دڵسۆزانی حیزب هەیەتی لە هەموو کەس باشتر ئەو زەروورەتە هەستپێدەکا.   حیزب و رێبەری ئێمە هەمیشە ئەو دلێرییە مەعنەوی و ئەو ئازایەتیە ئەخلاقیەی تێدا بووە کە بۆ ڕووبە رووبوونەوە لە گەڵ چاڵێنجە گەورەکان پێویستە. هەر شتێک بە قازانجی میللەت و بزووتنەوە بێت بە قازانجی ئێمەشە. هەر ئەوە گرنگنیە کە بە دووژمن بوێرین. ئەوەش گرنگە بە ئەهریمەنی نێو نەفسی خۆشمان بوێرین. لە تیۆلۆگی یا ئیلاهیات دا باسی جیهادی ئەکبەر دەکەن. جیهادی هەرە گەورە ئەوەیە لە گەڵ ئەژدیهای حەوت سەری نەفسی خۆت شەڕبکەی. ئێمەش دەبێت ئەوە بکەین. نابێ هەر لە دووژمن بترسین. دەبێت لە هەندێک ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خۆشمان بترسین و لە گەڵیان دەستەویەخەبین. ئێمە دەست بەو مەوجانەوە دە گرین کە بەرەو ئایندەمان دەبەن. کەسێک بیەوێ لە ئۆسلۆوە بچێتە ستۆکهۆڵم ، دەبێ قەتار یا فرۆکە یا ئوتوبووسی ستۆکهۆڵم بگرێ. ئێمە مەحکوم بەوەنین لەو وەزعەدا بمێنینەوە. مانەوە لەو وەزعەدا چارەنووسی ئێمە نیە. چارەنووسی ئێمە و سبەینێی ئێمە ژیان و خەباتە لە نێو میللەتی خۆمان لە کوردستانی ئێراندا. چارەنووسی ئێمە ئازادی و دیموکراسیە. کەواتە دەبێ هەر لە ئێستاوە خۆمان بۆ ژیان لە ئازادی و دێموکراسیدا ئامادەکەین . ئاخر ئێمە پێشمەرگەی رێگای ئازادی و دێموکڕاسین. کەواتە دەبێ دەستی برایەتی و هاوخەباتی بۆ یەکتر درێژکەین و بە دڵێکی پر لە هیواو بڕواوە بڕۆین بەرەو ئاسۆ، بەرەو ئاسۆی ڕوون. لەبیرمان بێت کە ڕاستە ئەو تونێڵە خەریکە دەگاتە کۆتایی، بەڵام دەبێ بزانیین ڕاست کار و هەڵسووڕانی جدی و ئەساسی ئێمە ئەو دەم دەست پێدەکا کە دەگەینە کۆتایی ئەو تونێلەی کە کاک سەعیدی نەمر پێشبینی کردبوو. کلیلی سەرکەوتنەکانمان لەو سندوقە سیحراویانەدایە کە خۆیان لەنێودڵی ئەو دەرفەتانەدا حەشارداوە کە لە مانگ و وەرز و ساڵەکانی داهاتوودا دێنە پێشمان. ئەگەر ئەو دەرفەتانە ڕاونەکەین و نەتوانین وەک قارەمانی نێو ئەفسانەکان کەڵک لەو ئیمکاناتانە وەرگرین کە بۆمان هەڵدەکەون و ئامادەییمان بۆ قۆزتنەوەیان نەبێت، ئەو سندوقانەمان بۆ ناگیرێن و لە ئاکامدا دەستیشمان بەو کلیلانە ڕاناگا کە دەرگای قەسری سەرکەوتنەکانمان بۆ دەخەنە سەرپشت.

ڕاست بۆ وەڵام دانەوە بەو وەزعەیە کە بەڕێز و تێکۆشەر کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزب، ڕادەگەیەنێ کە بۆ ئامادەکردنی حیزب بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ئەو قۆناخانەی کە لە پێشمانن، ئامادەیە ، بۆ تەختکردنی کۆسپەکانی سەر رێی خەبات و   دەستەبەرکردنی یەکڕیزیی هەموو تێکۆشوەرانی دێموکڕات ، بێ قەید و شەرت، هەموو هەنگاوێکی پێویست هەڵگرێ. ئەو لەو رێگایەوە دەیەوێ ئێسکە ماسی ئینشعاب لە گەرووی تەشکیلاتی حیزب بێنێتەدەر. ئەو دەیەوێ لەو رێگایەوە ، دڕکی نالێکی لە پێی تەشکیلاتی حیزب دەرێنی تا بتوانێ باشتر بە ڕێێ خەبا تدا بڕواتە پێش و چاکتر هەڵسوڕێ. دەیەوێ ئێش و ئازارەکانی ئەو دڕکە لە کۆڵ لەشی حیزب و تەنانەت بزووتنەوەش بکاتەوە تا چاکتر ئەرکەکانی راپەڕێنێ . لەوەش زیاتر دەیەوێ کاڵەی ئاسن لە پێێ حیزب بکا تا جارێکی تر قەت دڕووی دیکەی لەو چەشنە نە چەقێتە پێی و هەنگاوی چوونە پێشی پێ شل نەکا. بە جۆریک کە سڵەمینەوە لە کۆلکەی کێشە نێوخۆییەکان و بێلوتفی و تەنانەت ناحەقیەکانیش، بەسەر بەرازی ئینشیعابماندا نەخا. بەڕێز کاک مستەفای هیجری وەک سکرتێری حیزب هەر ئەو هەڵوێستەی لێ چاوەڕوان دەکرا، یانی ئەوە کە هەموو توانای خۆی بخاتە خزمەت بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی حیزب و مۆبیلیزەکردنی هەموو تواناکانی حیزب بە کاناڵێکی درووستدا. کاک مستەفا هاواردەکا کە با هەموومان بێین لە حیزبی خۆماندا پێکەوەبین و بە کۆنسێنسوس و کۆمپڕۆمیس بگەین Consensus and compromise هەموو پڕۆفیسۆرەکانی زانستی سیاسەت و ئیدارەی کێشەکان کۆکەیەوە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیەی بەرۆکی ئێمەی گرتوە، ڕێگای لەوە ماقوڵتر و درووستریان پێ نیە. وەرن بۆ بڵند کردن و سەرخستنی باری ئەو پڕۆژەیەی بەڕێزیان، لە جیاتی ئەوە کە تیر و توانجی ژاراوی تێگرین، با دەستباری دەگەڵ بگرین. نیڵسۆن ماندێلاش لە وەزعێکی زۆر دژواردا، بە ئاگاهی لە هەموو ئەو مەترسیانەی لە سەر ڕێی بوون، هەموو دەستمایەو ئیعتبار و پرستیژی سیاسی خۆی کردە ئامڕاز و ئیرادەی بردنە پێشی پرۆسەی فۆرسونینگ و موساڵەحەی میللی. لەو پێناوەدا ناچاربوو کە عەداڵەتیش بکاتە قوربانیی موساڵەحە، یانی ڕیکۆنسولیەیشن Reconciliation.   ماندێلا لە پڕۆسەیەکی سەخت و دژواردا لەو کارە گەورەدا سەرکەوت و مەوقعیەتی خۆی وەک ڕێبەرێکی گەورەی مێژوویی و جێگای حیزبەکەشی واتە کۆنگرەی میللیی ئەفریقای لە نێو میللەتی خۆیدا بۆ هەتاهەتایە تەسبیت کرد. ئەو لەو رێگایەوە   ئەفریقای جنوبیشی خستە سەر ڕێگای دێموکراسیەکی ڕوو لە گەشە و هەڵدان . لەوەش زیاتر مۆدێلێکی سەرکەوتوشی لە وەسەریەکخستنەوەی میللەتێک کە دەیان ساڵ ناکۆکی و تەبعیز و لێکهەڵاواردن هەڵبڕهەڵبڕی کردبوو، بە دونیا نیشاندا. مۆدێلێک کە ئەمـڕۆ بۆتە سەرمەشق و میللەتانی دیکە بۆ مەڵهەم کردنی برینەکانی جەستەی خۆیان وەک دەرمان بەکاری دێنن.   دیارە ڕێگای موساڵەحە لە لای ئێمە بەو ئەندازەیەی لە پێش ماندێلادا بوو، سەخت نیە. لای ئێمە تەنیا پێویستی بە وەیە کە هەموو مان خۆمان بدەینە بەر نەشتەرگەری ڕەخنە و بە خۆدا چوونەوە و خۆ هەڵسەنگدانەوە، دوکتۆر قاسملوو جارێک وتی عەمەلی جەراحی ئازاری هەیە بەڵام پێویستە بۆ مانەوەو درێژەکێشانی ژیان . بۆیە خۆدانە بەر نەشتەرگەریی بەخۆداچونەوە، بۆ خەباتگێڕان هەر هەمیشە شتێکی پێویستبووە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەک ئازاریشی پێوەبێت. ئەسڵەن دەبێ ئەوە بکەینە وەرزشێکی حیزبی و تەشکیلاتی و بچێتە نێو بەرنامەی کار و ژیانی خەباتگێرانەمان و لەسەر خۆمانی پیادەبکەین تا ساخ و سڵامەت و موقاوم و بە ڕووحیە و شاد و سەری حاڵ بمێنینەوە. ئەو دیواری بە ناو بەرلینە بە یەک تەکانی لوتی بێڵی بۆڵدزێری ئیرادەی خەباتگێرانەمان دەڕووخێ. سەرتاسەری تەجروبەی سیاسەت و گەشەکردنی زانستی سیاسەت لە ماوەی چەند سەدەدا لە ئورووپا کە پێشرەوی فکری بەشەریەتە، لە دوو زاراوەی سیاسیدا پوختە دەبێتەوە. ئەو دوو مەقولە سیاسیەش بریتین لە کۆمپرۆمیس و کۆنسێنسوس، یانی سازش و هاوڕاهی. ئەسڵەن دێموکڕاسی چوارچێوەیەکە بۆ پیادەکردنی ئەو دوو مەفهومە. هیچ ڕێی دیکە نیە. لە هەرجێ یەک ئەمن هەموو خواستەکانم جێبەجێ بوون، ئەوە بەو مانایە یە کە دێموکڕاسی لێ نیە. ئەوە بۆ ئێمەش لەو وەزعەدا هەر ڕاستە. لە لایەکی دیکەشەوە وەک بەڕێز و تێکۆشەر ، کاک حەسەنی شەڕەفی وتی خەڵکی کوردستان و هەموو جەماوەری حیزب ، خوازیاری ئەوەن حیزبی دێموکرات گەورە و بەرین و یەکریزبێ . بەڕێزیان ڕاست دەفەرموێ ، خەڵک دوو حیزبی دێموکراتیان بە دوو ناوی نەک هەر وەک یەک یا نزیک لەیەک بەڵکوو بە دوو ناوی جیاوازەوەش ناوێن. ئەوان خوازیاری ئەوەن تێکۆشەرانی ئەو حیزبە پێکەوە، وەک هەمیشە لە ژێر ناو و دیسپلینی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا کار و خەبات بکەن. بانگەوازی رێبەری حیزبیش ڕاست بەو جهەتەدایە. بە بروای من ئەو بۆ چوونەی دەڵێ باموافەقەت لەسەر ئەوەبکەین کە ناتوانین بە تەوافوق بگەین، کە ئەوەش جۆرێک تەوافوقە، هیچ لە دەردەکە چارەسەر ناکا. چوونکە ئێسکە ماسیەکە لە گەرووی تەشکیلات و بزووتنەوە دەرناهێنێ ، چقڵەکە لە پێی حیزب دەرناهێنێ. ئەو ڕێگایە لەو زستانی ساردوسڕی ئینشیعابەدا، لە باشترین حاڵەتدا، تەنیا دەمانباتە بەربەڕۆچکەی دیواری ئارەزووی یەک گرتنەوە. لەوێش دەبێ دڵمان بەوە خۆشکەین چیلکان دە عەرزی وەژەنین، باسی جیاوازیەکانمان بکەین   و ماددان بۆ یەکتر ڕیزکەین و پاکانە بۆ بەدەستی خۆ خۆڵ بەسەریخۆداکردنی دەستەجەمعیماندا بکەین. ئاخر ڕوونە کە هەورە تریشقە لە ئاسمانی ساودا ڕوونادا. هەر بۆیە بانگەوازی بەڕێز و تێکۆشەر سکرتێری حیزب تاقە ئەڵتڕناتیوە کە بە قازانجی حیزب و بزووتنەوە تەواوبێ. واتە کارکردن بۆ دابینکردنی یەکریزیی تێکۆشەرانی دێموکڕات لە کوردستانی ئێران، لە چوارچێوەی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا. کەواتە   باس کردن و دانیشتن بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کە ناتونین پێکەوە ڕێککەوین هیچ هونەر نیە. هونەر ئەوەیە قبووڵ بکەین کە دەبێت لە ڕیزی حیزبی خۆماندا پێکەوە بین ، جا دوایە هەموو قسە پێویستەکان و تەنانەت قسە ڕەقەکەکانیش بکەین. تەنیا لە وەزعێکی ئاوادایە کە ترس و نیگەرانیەکانی خۆمان و خەڵکی کوردستان دەبنە قاقای پێکەنین. مەگەر ئەوەنیە میللەت دەیەوێ هەموو ئەوانەی خۆیان بە تێکۆشەری دێموکڕات دەزانن وەک هەمیشە لە ڕیزی حیزبی خۆیاندا پێکەوە کار بکەن و لە یەک سەنگەر دابن. گەلۆ با هەوڵدەین لە حیزبی خۆماند   بگەینە کۆمپڕۆمیس و کۆنسێنسوس. ئەوە ڕێگا درووستەکەیە. ئەو ڕێگایە ئەگەر زەحمەت و پڕ هەوراز و نشێویش بێ، چونکە دەمانباتە مەقسەد، نابێ سێودووی لێبکەین. تەنیا شۆفیرێک کە تابڵۆ نەناسێ یا چاوی نەبینێ، ڕوو دە جادەیەک دەکا کە تابلۆی بنبەستی بۆ دانرابێ.

با ئەوەش بڵێین کە ڕاستە نابێ لە خۆمان ڕازیبین و نابێ بەو وەزعە ڕازیبین کە تێیداین. چونکە ئەگەر لە خۆمان ڕازیبین ئیدی توانای چوونە پێشمان نامێنی. بێ ئەوەی بمەوێ پاکانە بۆخۆمان بکەم ، دەبێ بڵێم دەستیشمان هێندە خاڵی نیە. ڕاستە حزووری چەکداریمان لە کێوەکانی کوردستانی ئێراندا نیە. بەڵام حزووری سیاسی ، کۆمەڵایەتی و مەعنەوی حیزبی ئێمە لە نێو کۆمەڵانی خەلكی کوردستاندا و لە تێکۆشان وخەبات و ژیانی ڕۆژانەیاندا واقعیەتێکی بەڵگەنەویستە. جگە لەوە ئێستا سەرتاسەری دونیامان کردۆتە مەیدانی خەبات و تێکۆشان. هیچ میتۆد و شێوەیەک لە خەبات شکنابەین کە ئیمکانی هەبێ و ئێمە بەڕێوەی نەبەین . کێ لە ئێمە باشتری خەباتکردوە یا پتر خەبات دەکا و ئامادەیی زۆرتری بۆ قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و چونەسەر پشتی شەپۆلە گەورەکان هەیە. ئەوە هەلپەرستی نیە. ڕاست دەبێ هەروابکەین. حازر و ئامادە و تەییار بین و یەکچاو بکەینە هەزار چاو تا ئەگەر شەپۆلەکان هاتن سواریان بین و بە قازانجی میللەت و سیاسەتەکانمان کەڵکیان لێوەرگرین. ئەسڵەن مەبەست لە کاری حیزبی و تەشکیلاتی ڕاست ئەوەیە. لە سیاسەتدا هەموو شتێک هەر ئەوە نیە کە تۆ چۆن حەڕەکەت دەکەی. بەشێکی زۆریش پێوەندی بەوە هەیە کە دوژمن چۆن حەڕەکەت دەکا. خۆ ئەو وەزعە کە لە کوردستانی عێڕاق هەیە هەمووی هەر ئاکامی چۆنیەتی حەرەکەتی هێزە خەباتگێرەکانی کورد لەو بە شەی کوردستاندا نیە. بەشێکی زۆری ئاکامی چۆنیەتی سیاسەتەکانی حکومەتی پێشووی عێڕاقە. بەڵام ئەگەر ئەوان لە مەیدان دانەبوایەن و ئامادەگی و لێوەشاوەیی و پوختەگی ئەوەیان نەبوایە تا سواری شەپۆلە گەورەکان بن، ئەو دەسکەوتانەی ئەمڕۆ هاتوونەدی ، بە خەونیش نەماندەدیتن. مەبەستم ئەوەیە کە دیفیتیزم و ئاشبەتاڵ لە قامووسی حیزبی ئێمە دانیە و بە ئایندەی خەباتی خۆمان و میللەتی خۆمان ئومێدەوار و دڵگەرمین و دڵنیایین ئەو هەموو خوێن و فرمێسکە بە فیڕۆناچێ. بەڵام دەبێت تێکۆشین میراتگرێکی لێوەشاوە و مەسئول و و شایستەی ئەو سەرمایە مەعنەویە گەورەبین کە نەسلەکانی پێشووی حیزب بۆمانیان بە جێ هێشتوە.

ئێمە شکەستمان نەخواردوە. شکەست و پاشەکشە دووجۆرە،سیاسی و تاریخی. شکەستی تاریخی ئەوەیە کە مەوزوعیەتت نەمێنێ و سیاسەت و بەرنامەو پەیامەکەت بێ ڕەبت بێ. پاشەکشەی سیاسیش ئەوەیە لە بارودۆخێکی سیاسیی تایبەتیدا، بە هۆی ئەوزاع و ئەحواڵی زاڵ، وەک پێویست مەیدانی هەڵسووڕانت نە بێت. کەس نیە نەزانێ کە حیزبی ئێمەو سیاسەتەکانی ئەمڕۆ لە هەموو کاتێکی تر پتر مەوزووعیەت و ڕەەبتیان بە کوردستانی ئێران و ئێرانەوە هەیە. ئەمڕۆ پایەگای سیاسی و جەماوەری و کۆمەڵایەتی حیزبی ئێمە لە نێو میللەتی خۆماندا لە هەمیشە بە هێزترە. ئەوەیتر کە ئەوزاع و ئەحواڵی سیاسیە کاتیە و ئاڵوگۆڕی بەسەردادێ. ناکرێ حیزب و ڕێبەری حیزب لە بابەت ئەوەوە سەرزەنشت بکەین کە وەزعی ناوچەیی و نێونەتەوەیی لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئەواندایە. زەمان و ڕەوتی مێژوو بە قازانجی ئێمەو بزووتنەوەکەمان دەڕواتەپێش. لەو شەڕوبەربەرەکانی و ململانێ یەدا سەرەنجام ئێمەین دەیبەینەوە. هیتلەر لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا لە هەموو جەبهەکادا لە پێشڕەوی دابوو. بەڵام سەرەنجامی شەڕەکەی دۆڕاند. با ئێمەش لە هەندێک سەنگەردا ناچار بە پاشەكشە ببین، وەک رۆژێم لێ ڕوونە، سەرەنجامی ئەو شەرە بە قازانجی ئێمە تەواو دەبێ. بەڵام دەبێ نەبەزین و لە مەیدان دابین و شایستەگی ئەوەشمان هەبێت دەسکەوتە سیاسەکانی کۆتایی ئەو شەڕە بقۆزینەوە و بیانکەینە سەکۆی هەڵدانی موشەکی حیزب و بزووتنەوە بۆ ئەو شوێنەی کە دەمانەوێ میللەتەکامانی بەرینێ، یانی ئیرانێکی دێموکڕاتی و فیدڕال.

ئێمە حیزبێکی ئێرانی و کوردستانیشین. هەم ئێران و هەم کوردستانیش دوو مەسەلەی ئاکتوێلێ دونیاو ناوچەن. ئێمە لە هەردوو مەیداندا دەتوانین ئەسپی خۆمان لینگدەین. کەواتە مەیدانی کار و مانۆڕدانی حیزبی ئێمە بەرینە و دەبێ خۆمان بۆ مەلە لەو دەریا گەورەدا ئامادەکەین. بەڵام دەبێ مەلەوانێکی لێوەشاوەبین. لێرەدا شتێک گرینگە کە قەت نابێ لەبیری بکەین. ئەویش ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی کەدەبێ هەم لە ئاستی کێشەی کورد دا بەگشتی و هەم لە پێوەندیی لە گەڵ وەزعی سەرانسەریی ئێراندا لە سەر هەستبین و هەڵسووڕ و فاکتۆربین. بۆ؟ بۆ برنەپێشی مەسەلەی کورد لە کوردستانی ئێران. قەت نابێ ڕازیبین بەوە کە خۆمان و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بکەینە تەدارووکاتچی بزووتنەوەی سەرانسەریی ئێران یا بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان. ڕیسالەت و ئەرکی ئێمە بریتیە لە بردنەپێشی کەیسی کورد لە کوردستانی ئێران. هاتنەدەرمان لە شوڕای میللی مقاوەمەت و کار و تێکۆشانی دوکتۆر قاسملوو بۆ هێنانەدەری حیزب لە ژێر هێژمۆنی حیزبی توودەو هەیمەنەی جەریاناتی دیکەی کوردستانی و هەوڵەکانی حیزب لە کۆنگرەی سێدا لەو بارەوە، هەموو بۆ ئەومەبەستە بوون و ئەوەیە هەویەت و هەیبەتی داوە بە حیزبی ئێمە.

بناخە تیئوریەکان و ڕوانگە و بیروبۆچوونە سیاسیەکانی حیزبی ئێمە هاوچەرخ و ئەمڕۆیین. ئەوە هەوێنی قوەتی ئێمەن وەک هێزێکی سیاسی و جەماوەری. بەڵام نابێ هەربەوە ڕازیبین. دەبێ ڕەفتاری سیاسیشمان هاوچەرخ و ئەمڕۆیی بێ. دەبێت لەو بارەوە ئینزیباتێکی تووند لە سەرخۆمان بەڕێوەبەرین وەرزشێکی بەردەوام بکەین. دەبێ چ لە پەلامار و چ لە دیفاع دا بە شێوەیەکی هەڵسەنگێنراو عەمەل بکەین و مەعقول و ئوسوڵی بجوڵێینەوە بە جۆرێک کە شیاوی حیزبی ئێمە بێ. نابێ رێگا بە خۆمان بدەین لە کورە دەرچین. نابێ دەریچە یانی زمانەی دڵنیایی مەنجەڵی سۆز و ئیحساساتمان داخەین و دەبێ وشیاربین کە پێویستە هەمیشە کراوەبێت تا هەڵنەچێ. بە کوردی و بە کورتی دەبێ کار و خەبات و تیکۆشانی سیاسیمان موتەمەدنانەتر بکەین. چاوەندازی حیزبەکەمان بەرین و بەرینتر کەینەوە. ئەوە ئێمە لە زیادەڕۆیی دەگێرێتەوە. ناشهێڵی بکەوینە ئەو چاڵانەی دوژمنان و ناحەزان بۆمان هەڵدەکەنن. لە پێداگۆگیدا دەوترێت کە ئەوە بیرەکانن لە مێشک و سەرماندا درووست دەبن و دواتر بە شكڵی قسە و ڕەفتار و کردەوە خۆیان نیشان دەدەن. کەواتە پێویستە ڕەفتار و قسە و کردارمان ئاوێنەی بیروباوەڕی سیاسیمان بێت. دیسکۆرسی ئێمە ئازادی و دێموکڕاسی و عەداڵەت و مافەکانی مرۆڤن، بەرخوردی سیاسیشمان دەبێ ڕەنگ دانەوەی ئەوە بێ.

نابێ قەت ئەوەمان لە بیرچێتەوە کە هەموو هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی ئێمە رووی لە نێوخۆی کوردستانی ئیرانە. لە هەرکوێی ئەو دونیا پان و بەرینەدا کارێک دەکەین دەبێ بۆ خزمەت بە چوونەپێشی خەبات لە کوردستانی ئێران بێت . وجودمان، ڕابردوومان و ئێستاو ئایندەمان ئەوێ یە و ڕەگ و ڕیشەی ئێمە لەوێ یە. ئەو پرینسیپە لەو جەنگەڵی دەورانی ناشادیەماندا، دەبێ قیبلەنووما مان بێت. ئەو پرینسیپەمان خستە ژێرپێ، سەربەخۆی سیاسی و تەشکیلاتی خۆمان لە دەست داوە و دەبینە کلکەی کەسان و لایەنەکانی دیکە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نامێنین. ئەودەمیش هەربەڕاستی نامێنین. ئەوە بۆ ئێمە خەتی سوورە و دەبێ هەرخەتی سورێش بمێنێتەوە. لەو هەموو ساڵە سەخت و دژوارانەدا کە بەسەر حیزب دا تێپەریون، ئەوەی حیزبی ئێمەی هێشتۆتەوە و نەی هێشتوە بێ ڕەبت بێ، ئەو سەربەخۆیی سیاسیی و تەشکیلاتیەیە. وەک دەزانین کەم واهەبووە هەل و مەرجی ئاسایی بۆ تێکۆشانی حیزبی ئێمە ئامادەبێت، بەڵام ئەو حیزبە هەروا ماوەتەوە. وەکدەڵێن دارێکەو بە جێی سەختەوە ڕواوە Resistance ئەوە لەبەر ئەوەیە ئیلهامی ژیان و خەباتی خۆی لە ژیان و خەباتی میللەتی خۆی لە کوردستانی ئێران وەرگرتوە. هەندێک منداڵ هیچ هەلومەرجێک بۆ ژیان و هەڵدانیان ئامادە نیە ، زۆر چاکیش دەردەچن و لە كڵ دێنە دەر. ئەوە کە نۆرویژیەکان دەلێن لۆڤەتان باڕن.

سەرەنجام لەکاری حیزبی و تەشکیلاتیدا مەسەلەیەکی دیکەش زۆر گرنگە. ئەویش مەسەلەی کۆمیونیکاشیۆنە. چۆنیەتی دوان و قسەکردن و ڕاوێژکردن. بۆ ئەو مەبەستەش کراوەیی و مەسئولیەت دوو کۆڵەکەی مەسەلەکەن. ئەسڵەن فەرهەنگی حیزبی و کولتوری حیزبی بەو کۆمیونیکاشیۆنە دە ناسرێتەوە کەهەمانە. ئەوە بەس نیە. بۆ ئەوەی کۆمیونیکاشێۆنێکی بە هێز و کاریگەر و سەرکەوتومان هەبێت، دەبێت لێوەشاوەیی زمانەوانی و ڕەوانبێژی و ئەدەبیمان هەبێت. ئەوەش پێویستی بەوەیە بە شێوەیەکی گشتی زمانی خۆمان چاک بزانین و بەگفت و لفت بین و لە هەمان کاتدا ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندی حیزبیشمان هەبێت. لەو بارەوە دەبێ بڵێم کە ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبی ئێمە بە هێزەو بەڵام پێویستی بەوە هەیە دەوڵەمەندتر و هاوچارختر بکرێ. خزمەتی ئەدەبیاتی حیزب و دەوڵەمەندکردنی دەبێت وەک یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ئێستاو داهاتوومان سەیربکەین. بەڵام لێوەشاوەیی لە کۆمیونیکاشیۆندا هەر بەوەندە تەواو نابێ. چەندە گرینگە کە چ دەڵێین و چۆنی دەڵێین، ئەوەندەش گرنگە کە چۆن گوێدەگرین و چەندە توانای گوێگرتن بۆ قسە و باسی دونیای دەوروبەر و کەسان و لایەنەکانی دیکە لە خۆمان نیشان دەدەین. باسم کرد کە حیزبی ئێمە لە حاڵی ئینتێرئەكشن دایە لەگەڵ دەوروبەری خۆی و کۆمەڵگای کوردستان و ئاکتۆرە سیاسیەکانی مەیدانەکە. چۆن دەبێ ڕیتۆریکی ئێمە ڕوو لە دەورووبەرمان بە هێزبێ، هەر بەو جۆرە ئانتێنی بیستن و وەرگرتن و خوێندنەوەی سیگناڵەکانی ئاسمانی سەرسەرمان و دنیای دەورووبەرمان دەبێ بە هیز و گەورەبێ. هەر ئەوە گرنگنیە گوێ بگرین، دەبێ توانای خوێندنەوە و وەرگێڕان و دەرک کردنی ئەو زانیارانەشمان هەبێت کە ئەنتێنەکانمان وەریان دەگرن. خوێندنەوەی تکنیکی خوێندنەوە نیە. من قوتابی ئەفغانی و فەلەستینیم هەن کوردی دەخوێننەوە بەڵام حاڵی نابن. خوێندنەوە بێ حاڵی بوون خوێندنەوە نیە. سێ جۆر خوێندنەوە هەیە. خوێندنەوەی دێڕەکان. خوێندنەوەی دێڕەکان و بۆشایی نێوانیان. هەروەها خوێندنەوەی دێڕەکان و بۆشاییەکانی نێوانیان و دیوی پشتەوەی دێڕەکانیش لە یەک کاتدا. خوێندنەوەی ئێمە دەبێ لەجۆری سێهەم بێت. لەوەش زیاتر ئێمە دەبێ توانای ئەوەمان هەبێت لە سەرەوەڕا بۆ خوارێ و لە خوارەوەش ڕا بۆ سەرێ مەتن بخوێنینەوە. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە حیزبیکی میللی و بەرپرسین.

گوێ گرتن جۆرێک ئێمپاتیە و فێرمان دەکا بە عەینەکی کەسانی دیکەش جار جار تەماشای دونیا بکەین. دەبێ توانای ئەوەمان هەبێت کەوشی کەسانی دیکەش دەپێکەین. بۆئەوەی لە حاڵوئەحواڵی ئەوان تێبگەین. بەڵام دەبێ زوو کەوشەکانی خۆمان دەپێکەینەوە. مەبەستمان لە لە پێکردنی کەوشی کەسانی تر دەبێ تەنیا ئەوەبێ کە لە قسە و باسەکانیان و حاڵی ئەوان بگەین. بەوجۆرە توانای کۆمیونیکاشیۆنیكی باشمان تێدا پێک دێ. لە حالێکی ئاوادا کۆمیونیکاشیۆن دەبێتە مایەی سازندەگی و بنیاتنانی زۆرتر.

گوێگرتن و بیستن ، پەنجەرە بە ڕووی نەسیمی بەهاری بیری تازە و شەماڵی ئیدەی نوێ بە سەر دونیای بیر و ئەندێشەماندا دەکەنەوە و مانامان لە لا درووست دەکەن. ئەوەش دەبێتە سیگناڵیک کە کەسانی دیکە حاڵی دەکات ئامادەیی گۆڕانمان تێدایە . بەوجۆرە دەچینە پێش. بۆیە ئێمە دەبێت توانای خۆمان بۆ کۆمیونیکاشیۆن بەرینەسەر و لێوەشاوەییەکانمان لەوبارەوە بخەینە ژێر پۆتێنس یانی توانی دە. بەو جۆرە دەتوانین لە عۆدەی ئەرکەکانمان بێینەدەر. ئێمە ئیفتیخاراتمان زۆرن. بەڵام ئایا ئیفتیخاراتی دیکەمان ناوێن؟ ئایا نابێ خشتی دیکە بخەینە سەر قەڵای شانازیەکانی حیزبەکەمان؟ كێ دەبێ ئەوکارەبکا؟ کێ لە ئێمە خۆمان تێکۆشەرانی حیزب دەبێ لەو بارەوە پتر هەست بە مەسئولیەت بکا؟

ئایندەی حیزبی ئێمەو خەباتی میللەتی ئیمە زۆر ڕوونە. ئەو کەسانە دەتوانن لەو خەباتەدا و لە بنیاتنانی کۆشکی ئەو داهاتوەدا نەخشی زۆرتریان هەبێت کە ڕابردوو بەرچاویان نەگرێ وهەنگاویان پێ سست نەکا. ئەوانەی ڕابردوویان وەک بەرداش لە ملی خۆیان کردوە، بەزەحمەت دەتوانن لە گەڵ کاروانەکە بڕۆنە پێش و تەنیا تۆزوغوباری کاروانەکە ئەویش دووراو دوور دەبینن. ئاخر ئەو کاروانە دەڕواتە پێش. ڕابردوو ناوی خۆی لە سەرە و ڕابردوە و نە ئێستایە و نە سبەینێ یە و تەنیا بە کەڵکی دەرس لێوەرگرتن و لێ فێربوون دێت. ئەوە بەو مانایەش نیە کە ڕابردوو گرنگ نیە، ڕابردوو گرنگە بەڵام لە هەرحاڵدا دەبێ لێی تێپەرین. نابێ لە ڕابردوودا وەمێنین. یانی ڕابردوو دەبێت ببێتە چرای رێ نیشاندەری ڕێگای ڕۆیشتن بەرەو داهاتوو.

لەو پرۆسەیەدا تەشکیلاتی دەرەوەش بە گشتی و تێکۆشەرانی حیزب لە دەرەوەش دەتوانن نەخشێکی کاریگەریان هەبێت. ڕاستە ئێمە لە ئەسڵی مەیدانەکە دوورین، بەڵام ئەگەر چاک بە قازانجی حیزب و میللەتەکامان کاربکەین، دەتوانین ڕۆڵی خۆمان بگێڕین. لە شەڕی کلاسیکدا تۆپخانە نەخشێکی چارەنووس سازی هەیە. بەڵام هەمیشەش لە پشتی جەبهەیە. لە شەڕێ پارتیزانیدا کە بۆخۆمان ئەزموونمان تێیدا هەیە، بیکەیسی چ لە هێرش و چ لە دیفاع و چ لە سەرکوێرکردنی هێزی دووژمندا ڕۆڵێکی بنەرەتی هەبوو. کەچی هەمیشەش لە پشتی جەبهەوە کاری دەکرد. لەبیرمە پێشمەرگەکان ئەو پێشمەرگەیەیان زۆر خۆشدەویست کە بیکەیسی پێ بوو. ئاخر دەیان زانی لە کار و خەباتی ئەواندا چ دەورێکی گرنگ دەگێڕی. مەیدانی کاروو تێکۆشانی ئێمەش لە دەرەوە گەورەیە، دەتوانین بیرووڕای گشتی لەوەزعی میللەتەکەمان ئاگادارکەین، پێوەندی لە گەڵ ناوەندە سیاسی و دیپڵۆماسیەکان بگرین، دۆست بۆ خەباتەکەمان پەیداکەین، بنووسین، وەرگێڕین، پووڵ کۆکەینەوە، موئەسەساتی جۆراوجۆر بۆ بزووتنەوە درووستکەین، کاری تیئوریک لەسەر بزووتنەوە و داخوازەکانی کورد بکەین. خۆمان بەرینە پێش، شێوە و میتۆدی نوێ و هاوچەرخ بۆ کار و خەبات بێنینە نێو حیزب و بزووتنەوەی کورد. كاک دوکتۆر سەعید وتارێکی هەیە بە ناوی چ زۆرە بۆ خەبات رێگا. ئەوە بۆ ئێمە تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبیش هەر ڕاستە.

کورت و موختەسەر پێویستە هەموو ئۆرگانەکانی حیزب و هەموو تێکۆشەرانی حیزب ، هەرکەس لە جێگای خۆیانەوە ببنە ماتۆڕێکی پێشکەوتنی حیزب. ئەگەر هەموو ماتۆرەکان چاک کاربکەن و هەڵسوڕێن، کۆمەگی زۆرمان بە ماتۆڕی ڕێبەریش کردوە و ئەویش باشتر هەڵدەسوڕێ. هەڵوسوڕانی ئەو هەموو ماتۆڕانەش پێکەوە و لە خزمەتی یەکتری دا ، حیزب دەباتە پێش. با تێکۆشین هەموو ماتۆڕەکانی حیزب هەڵکەین، وەگەڕیانخەین، سێرڤیسیان دەینێ و بیانخەینە خزمەتی یەکتر. ئەودەم حیزبەکەشمان باشتر دەتوانێ ئەو ئەرکانە ڕاپەرێنێ کە مێژوو خستوونیتە سەر شانی دەبێتە لۆکۆمۆتیڤی بزووتنەوەی میللی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران. لۆکۆمۆتیڤ دووتایبەتنەندی هەن. یەکەم ئەوەکە هەمیشە لە پێشەوەیەو دووهەمیش ئەوە کە هەمیشە بە قودڕەتێکی زۆرەوە دەڕواتەپێش و ڤاگۆنەکانی دیکە بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێ. حیزبی ئێمە بۆیە درووستبوە لۆکۆمۆتیڤی بزوتنەوەی میللی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بێت.   لەوتڕافیکە سەنگین و ئاڵۆزەی وەزعی سیاسی ناوچەدا نەخشەی ڕێگای ئێمە بۆ چوونەپێش وەک ڕابردوو دەبێ هەر ئەوەبێ و هەموو کار و کردەوەیەکمان لەو جیهەتەدابێ. تا ئەو لۆکۆمۆتیڤە، یانی حیزبەکەمان، خۆی و بەدەنەو ڕێبەری و بەرنامەو سیاسەت و تاکتیک و ستڕاتیژیەکانی، ڕەبتیان بە کوردستانی ئێران و ویست و داخوازەکانی میللەتی کورد لە کوردستانی ئیرانەوە هەبیت، ئینێرژی پێویستی بۆ دابین دەبێ و ماتۆرەکەی توشی ڕاوەستان نابێت. ئاخر کۆمەڵگای کوردی لە کوردستانی ئێران لێواولێوە لە ئینێرژی بۆ خەبات و بەرخۆدان.

سوپاسی حەوسەلەتان دەکەم . ئەو باسە نە تەواوە و نە تەواویش دەبێ. وەک ویکیپیدیا وایە هەموو ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزب و دڵسۆزانی بزووتنەوە دەتوانن لێی لابەن و پێیەوە زیادکەن و کەمووکوڕیەکانی بەر تەڕەفکەن و قەراغانی تێکەنەوە و دەوڵەمەندی بکەن. منیش ئەگەر خەمی نان و کرێ خانوو وەختی بۆ هێشتمەوە، جارێکی دیکەش دەگەڕێمەوە سەر ئەو باسە. ئاخر reflection لە پڕاکسیسی خۆ دوان و باس لە کار و تێکۆشانی خۆ کردن ، هەمیشە هەوڵدانێکە بۆ فێربوون و چوونە پێش . ئەو جۆرە کۆڕو کۆبوونەوانە ، بۆ باس و هەڵسەنگاندنی پڕاکسیسی خۆمان زۆر پێویستن. چونکە دەرفەتی ئەوەمان دەدەنێ تۆزێک لەخۆمان وەدوورکەوین و لە دوورڕا تەماشای خۆمان بکەین. مرۆڤ ئەگەر لەخۆی کەمێک دوورکەوتەوە و لە دوورەوەڕا تەماشای قەدوباڵای خۆی کرد، باشتر خۆی دەبینێ. باشتر عەیب و کەمووکوڕی و قووەت و سەرکەوتنەکانی خۆی دەبینێ. لە حالێكی ئاوادا ناچار بە میتاڕیفلێکشن دەبێ. یانی ناچار دەبێ لە گەڵ خۆی بکەوێتە دیالۆگ . کاک سەعیدی نەمر دەیگووت کۆمەڵە بۆمە خێروبەرەکەتە، ئەو باشتر کەمووکوڕیەکانمان دەبینێ و باسیان دەکاو ئێمەش هاندەدا چارەسەریانکەین. ئێمە لە مەدرەسە فێربووین کە لە هەڵەکانمان فێربین. لە پڕاکسیسی کاری حیزبی و تێکۆشانی سیاسیشماندا هەر دەبێ فێربین. بەڵام فێربین بۆ چوونەپێشی زۆرتر. مەبەستمان لە خۆ هەڵسەنگاندن ئەوەیە کە بتوانین بڕۆینە پێشتر. نەک خۆ شکاندن و یەکتر فڕێدان و یەکتر شکاندن. لەوەش زیاتر ئەگەر زۆر باسی شانازی و سەرکەوتنەکانیشمان بکەین، ڕووحیەی ئەوەمان تێدا پێکدێ کە ئەو شانازی و سەرکەوتنانە دووبارەکەینەوە و لە حاڵێکی ئاوادا ئیحتیمالی تیکراربوونەوەی ئەوان زۆر زۆرتر دەبێ.

لە داهاتوویەکی نزیکدا حیزبەکەمان دەکەوێتە دەریایەکی گەورە و پڕ لە گێژاو و مەوجی بڵند، کە هەم مەترسی تێدان و هەم هەل و دەرفەتی مەزن، جێگایەک کە تا ئێستا   پێیدا تێنەپەڕیوە. با دەسبکەین بەتەمرین و خۆ ڕاهێنان و خۆ ئامادەکردن بۆ ئەوەی حیزبەکەمان لەو دەریایەدا بتوانێ وەک کەشتیەوانێکی لێهاتوو، کەشتی بزووتنەوەی کوردستان بگەیەنێتە کەناری دووڕگەی سەرکەوتن . ئاخر ئارەق و ماندووبوونی مەیدانی مەشق و تەدریب و تەمرین، لە خوین و فرمێسک و تەلەفاتی مەیدانێ شەڕێ کەمدەکاتەوە و شانسی سەرکەوتنیش زۆر دەباتە سەر. ئێمە بڕیارمانداوە لە و ململانێ یەدا سەرکەوین. ئەوجاریش دەیڵێمەوە من لە خۆمان نائومێدنیم.

هەر سەرکەوتوبن لە خزمەت بە گەل و حیزبە کەماندا

ئیبراهیم لاجانی

١٢.١١.٢٠١١

………

سه‌رچاوه‌: پێشمه‌رگه‌کان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی