"an independent online kurdish website

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارین ئەم رۆژە لە لایەن رێکخراوی نیونەتەوەیی مافی مرۆڤەوە وەک رۆژی خەبات بۆ نەهێشتنی توندووتیژی دژی ژنان ناودێر کراوە.tuba_alisi

هۆکاری دیاری کردنی رۆژێکی ئاوا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوان بڕوایان وایە کە ژنان لە هەموو کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا بە ڕادەی کەم تا زۆر و بەڵکو بە شێوازی جیاوازیش دەکەونە بەر توندووتیژی کۆمەڵگا و پیاوانەوە.

ئەم توندووتیژیانەش پێک هاتوون لە توندووتیژی جەستەیی و هەروەها توندووتیژی دەروونی. لە توندوتیژی جەستەییدا ژنان توشی لێدان و هەتا کوشتن دەبنەوە بە هۆی لە بەرچاو نەگرتنی داواو ویستەکانی پیاوانەوە، یان بە هۆی ڕەچاو نەکردنی یاسای دژە ژنانی کۆمەڵگاو حوکومەتە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرەکانەوە. بۆ نمونە لە کۆمەڵگای ئێراندا ژنان سەرەڕای ئەوەی کە لە بنەماڵەدا ئەبێت گوێڕایەڵی ویست و فەرمانەکانی پیاوانی ماڵ بن و سەرپێچی کردنیان لە بەرانبەر پیاوانی ماڵدا ئەتوانێت تووشی هەم توندووتیژی جەستەییان بکات هەمیش دەروونی.

دیسانیش ئەبێت یاسای دژە مرۆڤانەی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە مەڕ ژنان و لە بەرچاو گرتنی پۆشینی ئیسلامیش بۆژنان ئەبێت بپارێزن و شکاندنی ئەو یاسایانە سزای توندی بە دواوە دەبێت بۆ ژنان. کەواتە ئەتوانین بڵێین بە پێی ئاماری دیاریکراو ڕۆژانە بە هەزاران ژن لە دونیادا تەنیا بە هۆی ژن بونیانەوە تووشی توندووتیژی جەستەیی دەبنەوە لە لایەن پیاوانەوە. ئەمە بەو واتایە نییە کە ئێمە بڵێن لە هیچ جێگایەک پیاوان تووشی توندووتیژی نابنەوە لە لایەن ژنانەوە، چوون ئەوەش ئینکار ناکرێت، بەڵام ڕادەکەی زۆرکەمە بە هەڵسەنگاندن لە گەڵ ڕادەی توندووتیژی بەرانبەر بە ژنان.

 توندوتیژی جەستەی ئەتونێت لە هەمانکاتیشدا کاریگەری مەنفی دەروونی بییەملاولای هەبێت لە سەر ژنان بەشێوەیەک کە تووشی خەمۆکیان بکات و بڕوا بەخۆ بوونیان تێدا لاواز بکات و دیسانیش بڕوا بەخۆ نەبوون هۆکاری هەرە سەرەکی دەبێت بۆ پێ نەگەیشتن و خۆ پێنەگەیاندن و لە ئاکامدا ژنان دەبن بە مرۆڤێکی لاواز و بێتوانا  لە بەرانبەر پیاوان و هەروەها سەختیەکانی ژیاندا. هەروەها لەوانەیە بەشێک لە پیاوان توندوتیژی جەستەیی ئەنجام نەدەن لە بەرانبەر ژناندا، بەڵام بەڕۆژانە بە دەیان جار لە باری دەروونییەوە، هاوسەریان، کچیان یان ژنانی دیکە ئازار بدەن بە وتنی قسەی ناشیرین و ڕواندنی تۆویی بێ بڕوایی و بێهیوایی لە دەروونیاندا.

هەموومان دەبیسین و دەبینین کە ژنان بەڕۆژانە لێان دەکوژرێ لە لایەن پیاوانەوە، نموونەی هەرە بەرچاومان فادیمەو دوعاو دوعا رەنگەکانی دیکە و ئەو ژنە کوردانەیە کە لەو ئاخرانەدا هەتا لە دونیای پێشکەوتنی وەک ئوروپادا بە دەست پیاوانەوە کوژران. هەروەها ئێستاش بە پێی زانیاری باوەڕ پێکراو بە دەیان ژن لە ژێر مەترسی هەڕەشەی کوشتن و مردندان و لە ژێر پارێزگاری بنکە پارێزەرەکاندا ژیان بە سەر دەبەن دوور لە بنەماڵەکانیان. جا ئەمە لێرە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بەشێک لە ژنان بپارێزرێن، باشە لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا ژنان جی بکەن و جٶن لە مەترسی مەرگ و توندووتیژی بپارێزرێن؟

هەربۆیە من پێم وایە تەنیا هەبوونی ڕۆژێک لە ژێر ئەو ناوە ناتوانێت دەرمانێک لە سەر برینی ژنانێک دابنێ کە ڕۆژانە بە دەروون و جەستە ئەزموونی ئەو توندووتیژیانە دەکەن. بۆ ئەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هیچ نەبێت ڕادەی ئەو توندووتیژیانە بگەیەنێت بە لانی کەمی ڕادە، پێویستیمان هەم بە ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی هەیە، هەمیش بە هەبوونی سیستمێکی دیموکرات و یاسایەکی یەکسان کە بتوانێ بە ڕاشکاوی داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکات. لە هەمانکاتیشدا یاسا ئەبێت زەمانەتی ئیجرایی هەبێت و بتوانێت سزای ئەو کەسانە بدات کە سەرپێچی لە یاسا دەکەن، یاسایەک کە لە سەر بنەماکانی یاسای بنەڕەتی جاڕنامەی مافی مرۆڤ دامەزرا بێت.

بۆ گەیشتنیش بەو کۆمەڵگا و یاسایە ئەرک و مەودای زۆرمان لە پێشە و ژنان ئەبێت زۆر بە ڕاشکاوانە بێنە مەیدانەوەو بە دژ یاسای، کۆنەپەرەست و پیاوسالاریدا بچنەوەو، ئەگینا ئەگەر خەباتەکە لێگەڕێن بۆ پیاوان بە تەنیا و بۆ خۆیان زیاتر خۆیان، بە کاری ماڵ و بەخێو کردنی مندالەوە سەرقاڵ بکەن، ئەرکێک کە ئەرکی سەرشانی پیاویشە، ئیتر ئەوان کاتیان بۆ نامێنێتەوە بۆ خۆ پێگەیاندن و هەروەها بەشداری کردن لە خەباتی سیاسیدا. کاتێکیش خۆیان لە مەیدان نەبن خاترجەمبن پیاوان ئەگەر بە تەنیا بن یاسایەک دائەنێن کە زیاتر ویست و داواکانی خۆیانی تێدا ببیننەوە، هەروەک چۆن یاسای ئیسلام پیاو دایناوەو بە قازانجی خۆیەتی و ژن لە زۆر بواردا کۆیلەی پیاوەو موڵکی خۆشگوزەرانی ئەوە.{jcomments off}

لێرەدا هەرچەند دەزانم هیوا بە تەنیا هیچ ناکات، بەڵام من لەم بۆنەیەدا هیوا دەخوازم کە زۆر نەخایەنێ شاهیدی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دیموکرات بین کە مافەکانی ژنان بێ جیاوازی لە گەڵ پیاوان لەوێدا گونجاو بێت. بە پێی تواناش هەوڵ ئەدەم وەک ڕێبوارێکی ڕێبازی یەکسانیخوازی نێوان ژن و پیاو بێدەنگ نەبم لە بەرانبەر توندووتیژی دژی ژنان.

تووبا ئەلیاسی نۆرویژ ٢٢.١١.٢٠٠١٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی