"an independent online kurdish website

کورد وەک نەتەوەیەکی ستەم لێکراو هەمیشە ژیانی بە چەرمە سەری تێپەڕاندووە و ناخۆشی و تاڵیەکانی ژیانی بەستووەتەوە بە هیواو ئاواتەکانی داهاتووی. هەر چەند ئەم گەلە ورە بەرز و خەباتگێڕ و خۆڕاگر بێت،aritma_muhammadi

بەڵام لە بەرامبەر دەسیسە و نیەتە شاراوەکانی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان هیچی پێنەکراوە و بە چۆکدا هاتووە. هەمیشە ئەو هیوایەش هەبووە کە بە تێپەڕ بوونی زەمەن و پێکهاتنی دەرفەتی نوێ هەلومەرجەکەش بگۆڕێ، هەنوکە هەلومەرجی باشور جیاوازیەکی زۆری لە گەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستاندا هەیە، بەشێک لە هێزە نێونەتەوەییەکان پشتیوانی لەم دەسکەوتەی ئێرە دەکەن و پێچەوانەی بۆچونیان سەبارەت بە پارچەکانی دیکە بیر دەکەنەوە. 

تاکوو پێش ڕۆخانی دەسەڵاتی بەعس لە عێراق، کورد لە باشوور دەسەڵاتێکی سەربەخۆیان هەبوو کە لە جەشنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەچوو و زۆر هەوراز و نشیوی ئابووری و شەری ناخۆیان بڕی، لە دەیەکانی نەوەد هەلومەرجی کورد زۆر خراب بوو و هیچ وڵاتێکیش نەبوو یارمەتیان بدات و لە ژێر ئابڵۆقەی ئابووری ئێران، تورکیە و ناوەندی عێراق ڕزگاریان بکات. 

بەڵام کورد باش توانی لە گەڵ ئەو هەلومەرجەدا بەرەبەرێکانێ بکات و خۆی لەو وەزئە ناهەموارە ڕزگار بکات، کە چی لە پاش ڕۆخانی دەسەڵاتی بەعسی عێراق هەلومەرجەکە گۆڕاو دەرفەتی باشی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم پێکهات و ئاڵوگۆڕ لە سیستمی سیاسی عێراق دا کراو کورد خۆی لە لوتکەی دەسەڵات دەبینییەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم لە جێی ئەوەدا کە دەبوو دەرفەتە زێڕینەکان بە قازانجی نەتەوەکەیان بشکێننەوە و هەوڵ بۆ کیانێکی سەربەخۆ بدەن، خۆیان سەرقاڵی بەهێزکردنی دەسەڵاتی حیزبی و دەوڵەمەند کردنی خزم و کەسوکارەکانیان کرد، هێدی هێدی  گۆڕەپانەکە چۆڵ بوو و زەمینە فەراهەم کرا بۆ هندێک لایەنی بەعسی و هندێک گرووپ کە لە بیرکردنەوەدا لە بەعس دەچون و لە مۆڵیش دا لە دۆستە هەر باشەکان بوون.

 هەنوکە سونە سڕ کراوە و شیعەش لە خەو ڕاپەڕیوە و خەون بەو دەسەڵاتەوە دەبینێت کە سەردەمانێک بەعس مانوڕی پێوە دەدا، لێرە دا تەنیا کوردە کە دەبێت لە بەرامبەر دەسەڵاتی شیعە ڕاوەستێت، چونکو نایهەوێت ئەوەی کە بە دەستی هێناوە لە کیسی بچێت، سیاسەتی شیعەش وەک یەک بان و دوو هەوا وایە، هەمویان یەک بیر کردنەوەیان هەیە لە هەمبەر بزاڤی کوردی و مافی نەتەوایەتی کورد، بەڵام یەک بە یەک دێنە پێش و تاکتیک و سیاسەتی خۆیان تاقی دەکەنەوە، بێ دەنگی شیعەکان لە مەڕ ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی عێراق نمونەی ئەو تاکتیک و سیاسەتانەیە کە شیعەکان بە یارمەتی ئێران لە پێشیان گرتووە، دەتوانم بڵێم کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیش لە بەرامبەر حکومەتی هەرێمیش هەر هەمان سیاسەتە، لە لایک پێشوازی لە سەرۆک وەزیر و پارتەکانی ئەم بەشەی کوردستان دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە دژ بە ئەم دەسەڵاتە ڕادەوەستێت و لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانیشەوە هێرشیان دەکاتە سەر.

هەنوکە بڕیارە کە جەعفەری سەرۆک وەزیری پێشوتری عێراق بێتە کوردستان و ناوبژیوانی نێوان مالکی، بەرزانی و تاڵەبانی بکات، ئایا پێتان وایە کە ئەم ناوبژیوانی کردنە خۆی لە خۆیدا تاکتیک نەبێت، ئەگەر لە بیرمان بێت ئەوە هەمان جەعفەری بوو کە بە توندی دژی مادەی سەدوچل وەستایەوە و ڕێگای تێپەڕاندن و ئاسایی کردنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکانی بە کوێری هێشتەوە، پێم وانییە کە جەعفەری بیر و بۆچونی سەبارەت بە مافی کورد گۆڕا بێت و بیهەوێت ئەو ڕۆژانە لە ڕابردووی سیاسی خۆی پاک بکاتەوە. کورد دەبێت بیر لە ڕێگا چارەیەکی دیکە بکاتەوە کە ڕێگای پەڕینەوە و خۆ دەرباز کردن بێت.

 لەم هەلومەرجە دژوارە، ئەگەر حکومەتی عێراق دڵنیا بێت لە سەرکەوتنی بەر سەر هێزی پێشمەرگە، ئەوا یەک و دووی لێ ناکات و هێرش دەباتە سەر پێشمەرگە، ئەمریکاش عێراقێکی بەهێز و سەقامگیی دەوێت کە لە توانای هێزە سەربازییەکانی عێراق دا بێت، ئەمریکا هیچ لارییەکی لە پڕ چەک کردنی سپای عێراق دا نییە و تا پێش ئەوەی کە هێزی پێشمەرگە بگاتە ناوچە دابڕێنراوەکان و ڕاوەستێت لە بەرامبەر سپای عێراق، بێ دەگی هەڵبژارد. ئیمە ناتوانین بە بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە دڵ خۆش بکەین، بەڵێ ڕاستە ئەمریکا تاکوو ئیستا پشتیوانی کورد بووە، بەڵام نابێت مێژویش لە بیر کەین، ئەمریکا لە ڕابردوش یارمەتی بزوتنەوەی کوردی داوە، بەڵام پشتیشی بەرداوین، کەواتا هەموو شتێک ئیمکانی ڕوودانی هەیە، بە تاییبەت لەم کاتە دا کە ئابووری ئەمریکا تێکشکاوە و خرابترین دۆخی خۆی تێدەپەڕێنێ و قەرزداری چەندین وڵاتی گرنگی جیهانە.

 پێش ڕۆخانی بەعس کورد تەنیا لە گەڵ یەک بەعس و یەک سەدام لە بەربەرێکانێدا بوو، بەڵام ئیستا چەندین سەدام و چەند نیزامی بەعسی، ئێرانی و تورکی لە دژی کورد لە عێراق بەربەرێکانێ دەکەن و دەیانهەوێت کورد لاواز بێت، ئەگەر کوردیش لەو هێزەی کە ئەمڕۆ هەیەتی لە کات و استی خۆیدا کەڵک وەر نەگرێت لە ئاکام دا نشست دێنێت و لاواز دەبێت.

ئەو وڵات و لایەنانەش کە تاکوو ئیستا پشتیوانی لە کورد دەکەن، لە بەر بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری خۆیان بووە، نەک لە بەر شتی دیکە، کەواتا ئەگەر کورد دەوری خۆی وەک هێزێکی کاریگەر لە دەست بدات، پێگەشی لاواز دەبێت و دۆستە بەرژەوەندیخوازەکانیشی لە دەست دەدات.

بە بۆچونی من دەسەڵات دارانی هەرێم نابێت گۆڕەپانەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی شیعە بیانباتە ژێر ڕکێڤی خۆیانەوە، چۆنکو ئەو ڕکێڤە لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی ئێرانە. 

وا باشترە کە دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی لەمە زێتر کات بە فیڕۆ نەدەن و هێزی پێشمەرگە یەک بخەن، دەسەڵاتی حیزبی و حکومی لە یەک جیا بکەنەوە، شەفافییەت لە خەرجکردنی بوجەدا بهێنە کایەوە، دژی گەندەڵی لە دامودەزگا حکومیەکان بووەستنەوە، پەرە بە دیموکراتییەت بدەن و هەوڵ بۆ جێگیر کردنی کەلتووری فرە گەری و فرە چەشنی بدەن، پشتیوانی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بکەن و نەیانخەنە ژێر کاریگەری عەقڵییەتی خۆیان و دەستە مۆیان نەکەن.

عێراق ژئۆپولیتیکێکی ناهەمواری هەیە و هیچ هێزێک بۆ هەمیشە ناتوانێت دەسەڵات بە سەر عێراق دا بگرێت، ئەگەر لە دەسەڵاتێکی توتالیتەری و دیکتاتۆری بەدەر بێت، هەر بۆیە هێزەکان هەیمشە لە هەڵسانەوە و دژ کردەوەدان، ناسنامەی هندێک لە هێزەکان نەتەوەیین و هندێکی تریشیان لە گەڕان بە دوای ناسنامەیەکی نوێ دان. ئەو مافە و ئازادیانەی کورد ئەمرۆ شانازی پێوە دەکات بە ڕەزامەندی لایەنە عێراقیەکان یان بە سیستمی دیموکراتی و لە چوارچێوەی کۆمەڵگای مەدەنی دا بە دەست نەهاتوون، بەڵکو بەرهەمی ئەو هێز و توانای کورد بووە، بۆیە بۆ لایەنە عێراقییەکان هەزم ناکرێت و هەر کاتیش ئەو هێزە لاواز بێت، ئەو ماف و ئازادیانەی کە هەیە دەکەونە مەترسیەوە یان لانیکەم هەوڵ بۆ سنوردار کردنیان دەدرێت. ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیبینین سەرەتایەکە بۆ سنوردار کردنی ئەو دەسەڵاتە.

هەر وەک ئاماژەم پێدا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێ لەم کاتە کەڵک وەر بگرن و بکەونە گفتۆگۆیەکی چڕ و پڕ لە گەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیون و بەتاییبەت گۆڕان بۆ کۆکردنەوەی هێز و هاو هەڵوێست بوون لە مەڕ پرسەکانی پێوەندیدار بە کوردستان. ئەم دوو پارتە دەبێت لەو هەڵسوکەوتە سونەتیانە دەست بکێشن و ئیتر وەک دوو میری سەردەمی عوسمانییەکان لە بەرگێکی مودێڕندا خۆ نەشارنەوە. بە ڕونی دەبینرێ کە حکومەتی عێراق توانیوێتی لە درزی نێوان لایەنە کوردستانیەکان کەڵک وەر بگرێت و بۆ قازانج و بەرژەوەندی خۆی بکاری بهێنێت.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی